Print
 نه‌وشیروان مسته‌فا: بە تەمای پرۆسەیەكی زۆر هێمن و دیموكراتین
Monday, November 10, 2008

 

دیمانه‌: گۆڤاری‌ گوڵان
نه‌وشیروان مستەفا كەسایەتییەكی ناسراوی ناو بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام رەنگە لە هەموو سەركردەیەكی سیاسی كوردستانی زیاتر بۆچوونی جودا جودای لەسەر بونیاد بنرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە ئاڵۆزو تێكچڕژاوەی كە بزووتنەوەی كوردی پێیدا تێپەڕ دەبوو، نه‌وشیروانیش لە نێو ئەم بزووتنەوەیەدا هەمیشە ناوێك، هێزێك، بیروباوەڕێك بووە، بۆیە لە هەموو كاتەكانی شەڕو ئاشتیدا، تۆپەكە لە لای نه‌وشیروان دوور نەكەوتۆتەوە،ئەم دوورنەكەوتنەوەیەی تۆپەكە بەشێك بووە لە ستراتیژییەتی نه‌وشیروان، باشترین نموونەش دابڕانی ئێستای نه‌وشیروانە لە یەكێتی نیشتمانی، بەڵام دابڕانێك دوور لەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەی تری ناو حزبە كوردستانییەكانە كە لە حزب دووردەكەونەوە، بۆ خۆیان خەریكی ژیانی تایبەتی خۆیان دەبن، نه‌وشیروان دەیەوێ بڵێت راستە من لە سیاسەتی ئێستای یەكێتی دووركەوتوومەتەوە، بەڵام نە لە سیاسەت دابڕاوم، نە پیاوێكی دەستكورت و هەژاریشم لە سیاسەت تا بۆخۆم رێگای ژیانی تایبەتی بۆخۆم هەڵبژێرم،دەیەوێ بڵێت من هەمیشە لە ناو خەڵكم، بۆیە تا ئێستاش كەس نازانێ ئایندەی نه‌وشیروان چۆن دەبێت، چونكە نایەوێ تۆپەكە لەو دووركەوێتەوە،بەمەش كۆمەڵێك پرسیاری ئاڵۆز لای هەر خوێنەر و سیاسییەكی ئەم وڵاتە دروستدەبێت، ئەوەیە لوغزەكە، نه‌وشیروان لە ساڵانی خەباتی حەفتاكان و بەتایبەت هەشتاكانیشیدا، جار جار دەیەویست موفاجەئە دروست بكات، هەر چەندە موفاجەئەی ئەمجارەی ئەگەر بتوانێ دوا مەفاجەئەو سەركەوتووترینیان دەبێت، كە دەتوانێت تا رادەیەك ئەو لاپەڕە خوێناوییانەشی پێ رەشبكاتەوە، كە زۆرجار لێرەو لەوێ باسیدەكەن، بە تایبەت سەردەمە دژوارەكانی شەڕی ناوخۆ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا نه‌وشیروان بەم تەمەنەی ئێستای دەتوانێ ئەم موفاجەئەیە بكات، بەر لەوەی گوێبیستی خۆی بین بە بەڵێ یا نەخێر، لە ئایندەدا مێژوو وەڵاممان دەداتەوە، تەنها كەمێك چاوەڕوانی دەوێت.

من بەش بەحاڵی خۆم ئەوە یەكەمجارە بە راشكاوی و رووبەڕوو لەگەڵ كاك نه‌وشیروان گفتوگۆ بكەم، پێشتر زۆر تێبینی و رەخنەم لەسەری هەبوو، چونكە رابردوویەك كە بۆتە بەشێك لە ژیانی ئێمەو بەشێك لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیشە، زۆر شتمان پێدەڵێت، كە وەك كاك نه‌وشیروان وتی با گۆڕ هەڵنەدەینەوە، چونكە بۆگەن و ئێسك و پرووسك دێنە دەر.

 یەك لەو خاڵەگرنگانەی كە ئەمڕۆ بۆ خەڵك گرنگە ئەوەیە نه‌وشیروان مستەفا ژیانێكی زۆر سادەی هەیە، وەك دەڵێن لە ساڵانی هەشتاكانیش وابووە،هیچ كاتێك نەیویستووە ژیانی خۆی لە خەڵكی ئاسایی جیا بكاتەوە، وەك كەسێكی خانەدان خۆی دەرگا لە میوان دەكاتەوەو هەر خۆیشی تا بەردەرگای ماڵەكەی بۆ بەڕێكردن لەگەڵی دەچێت و زۆر بەخێرهاتنیشی دەكات، لە خانوویەكی زۆر ئاسایی دەژێت،كە دەچیتە ژوورەوە هەست ناكەی ماڵە بەرپرسەكانی ئەو سەردەمەیە، پێشتر وێنەی كاك نه‌وشیروان لە زهنی مندا، ئەوەبوو راستییەكان تەنها لەلای خۆیەتی و ئەوەندە بڕوای بە دیالۆگ نییە، پێم وابوو دەمارگرژەو رەفزەوییە، واقیع ناخوێنێتەوەو شت بەسەر خەڵكیدا فەڕز دەكات، پێم وابوو زوو لەو قسانە توڕە دەبێت كە بە دڵی ئەو نین و هەڵدەچێ، پێم وابوو بۆ كەمكردنەوە یا نەهێشتنی جیاوازییەكان گەر بتوانی تەسفیەی جەسەدیت دەكات،پێم وابوو نه‌وشیروان.....، بەڵام لەگەڵ یەكەم دواندنیدا، هەستم كرد نه‌وشیروان ئێستا زۆر جەخت لەسەر دیالۆگ و گۆڕینەوەی راو رای بەرامبەر دەكاتەوە، حەز دەكات كێشەكان دوور لە توندوتیژی بەرەو چارەسەركردن بچن،نایەوێ بە هیچ جۆرێك جارێكی تر كورد لەنێو خۆیدا خوێن بڕێژێ، نایەوێ ئەو ئەزموونەی بە خوێن هاتۆتە دی بە هۆی گەندەڵییەوە لە دەستی بدەین، نایەوێ تایبەتمەندی هەر شارێكی كوردستان لەبەرچاو نەگیرێت و لە ناو حوكمڕانی گشتیدا بتوێتەوە، نایەوێ خەڵك بە دروشمی بریقەدار فریو بدرێ، نایەوێ...

بەڵام نه‌وشیروان چەند دەتوانێ ئەو بۆچوونانەی خۆی بهێنێتە دی، ئەمەیان با خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی ئەم دیمانەیەی رای خۆی لەسەر بدات.

 گوڵان:بابه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ جێگه‌ی‌ پرسیاره‌، له‌ ساڵی‌ 1972 كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستان دامه‌زرا، ئه‌و كاته‌ پارتی‌ له‌ هه‌ڕه‌تی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندن دا بوو. رۆڵی‌ كاك نه‌وشیروان له‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ دیار نییه‌، به‌ تایبه‌تی‌ كە ئەوكات پێی دەوترا‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ماركسی لینینی، رۆڵی تۆ چی بوو لەو دامەزراندنەدا، بە تایبەت كە ئەوكاتانە تۆ لە ڤیەنا بوویت؟
 نه‌وشیروان : كۆمەڵە ساڵی‌ 1970 دامه‌زراوه‌. رۆڵی‌ من له‌ پێشترا ئه‌وه‌بوو كه‌ خاوه‌نی‌ ئیمتیازی‌ گۆڤاری‌ رزگاری‌ بووم. گۆڤاری‌ رزگاری‌ زه‌مینه‌ی‌ فكریی‌ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆشكرد. ئه‌و زه‌مانه‌ پارتی‌ دوو كه‌رت بوو، كه‌رتێكیان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ی‌ تریش خوالێخۆشبوو برایم ئه‌حمه‌د سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرد. حزبی‌ شیوعیش ببوون به‌ دوو كه‌رته‌وه‌، كه‌رتێكیان لایه‌نگیری‌ له‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ی‌ تریش لایه‌نگری‌ له‌ چین ده‌كرد. له‌ ناو كورددا به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌و چوار باڵه‌ یان چوار حیزبه‌ هه‌بوون. ئه‌و كاته‌ ناكۆكییه‌كی‌ زۆر قووڵی‌ فكری‌ له‌ نێوان خه‌تی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت و خه‌تی‌ چین هه‌بوو. چین یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ بیری‌ جۆرێك له‌ ماركسیزم - لینینیزم و بیروباوەڕی‌ ماوتسیتۆنگ ی بڵاو ده‌كرده‌وه‌، بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌خشه‌ی‌ رێگای‌ رزگاربوونی‌ گه‌لانی‌ به‌و جۆره‌ دانابوو كه‌ پێویسته‌ میللەتێك كاتێك خه‌بات ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ رزگاری‌ به‌ده‌ست بهێنێت دەبێت حزبێكی پێشڕەوی هەبێت بە شێوەیەكی نوێ، دەبێت به‌ره‌یه‌كی‌ یه‌كگرتووی‌ گه‌لیی‌ هەبێت، دەبێت لەشكرێكی رزگاری گەلیی هەبێت، ئێمە پێمان وابوو هیچ له‌و (3) سێ مەرجانە له‌ هیچ كام له‌و حیزبانه‌ نه‌بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمە‌ هه‌وڵماندا له‌سه‌ر ئه‌و مۆدیلە نوێیە رێكخستنێك دروست بكه‌ین. به‌یاننامەی‌ (11)ی ئادار په‌له‌ی‌ كرد له‌ پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌. چونكه‌ به‌یاننامەی‌ (11)ی ئادار بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ دوو باڵه‌كه‌ی‌ پارتی‌ سه‌رله‌نوێ یه‌كبگرنه‌وه‌ و ئه‌میان له‌ناو ئه‌وی‌ تردا توایه‌وه‌. ئەمە بووه‌ سه‌به‌بی‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و باڵه‌ی‌ شیوعی‌ كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت بوو ورده‌ ورده‌ زاڵ بێت و له‌ حكومه‌ت نزیك بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ته‌سفیه‌ بكات. له‌و كاته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ فكری‌ و سیاسیه‌ی‌ هه‌بوو كۆمه‌ڵه‌ توانی‌ پڕی بكاته‌وه‌. من ئه‌و كاته‌ له‌ ساڵی‌ 1970 حوكمی‌ ئیعدام درابووم له‌ لایه‌ن مه‌حكه‌مه‌ی‌ سه‌وره‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ به ‌راستی‌ ده‌ستی‌ منی‌ تێدا نه‌بوو، به‌ڵام وه‌كو تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ ئه‌و سزایه‌ له‌سه‌ر من داندرابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌مده‌توانی‌ به‌ ئازادی‌ هاتووچۆ بكه‌م و بێم و بچم و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دانیشم و سیمینار و كۆبوونه‌وه‌ بكه‌م. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ختێك كه‌ برایم ئه‌حمه‌د و گروپه‌كه‌ی‌ هاتن بۆ قه‌سرو ماكۆسان، من له‌گه‌ڵیان هاتم و ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیشیان مامه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو رێگایەكم دۆزیه‌وه‌ كه‌ له ‌رێیە‌وه‌ سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ بكه‌م. دوای‌ ئه‌وه‌ ساڵی‌ 1971 سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌م كرد. براكانی‌ تر درێژه‌یان به‌ ئیشه‌كه‌ دا و من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوكاریم كردووه‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ ولە پێكهێنانی گروپه‌كانی‌ سه‌ره‌تاكه‌. به‌ڵام ئه‌و ماوەیە به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من دوور كه‌وتمه‌وه‌ و چووم بۆ‌ ڤیه‌ننا، به‌ڵام ئاگاشم لێهەبووە كه‌ براده‌رانی‌ تر ئیش و كاریان كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ بەهۆی سەفەركردنەكەم من وه‌ك خۆم نه‌مده‌توانی‌ به‌ چالاكی‌ به‌شداری تێدا بكەم، ئه‌و كاته‌ش كورد له‌ناو ئه‌وروپا ئەوەندە‌ زۆر نه‌بوو تا بڵێین له‌ ناو كورده‌كانی‌ ئه‌وروپا ئیشم كردووه‌.

گوڵان:دەكرێ لە رێگای تۆوە بزانین بیرۆكه‌ی‌ دامه‌زراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار هی‌ كێ بوو؟
نه‌وشیروان : بیرۆكه‌كه‌ له‌ راستیدا وه‌ك گوتم ده‌گەڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و جیاوازیی چینی‌ سۆڤیه‌تی‌. ئه‌و زه‌مانه‌ گروپێك هاتبوون بۆ سلێمانی كه‌ جیاببوونه‌وه‌ له‌ حیزبی‌ توده‌ی‌ ئێرانی‌، ئه‌و گروپه‌ به‌ ناوی‌ سازمانی‌ ئینقیلابی‌ ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد. ئه‌وانه‌ كاریگەری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ كادیره‌ گه‌نجه‌كانی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ كە له‌ باڵی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كاریان ده‌كرد.

گوڵان: واتا تۆ له‌و كه‌سانه‌ نه‌بووی‌ كه‌ تەئسیرت لێ كرابێ؟
 نه‌وشیروان : نەخێر من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه‌.

گوڵان: له‌ ساڵی‌ 1975 كاتێك ئه‌و نسكۆیه‌ بەسەر كورد دا هات، تۆ ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندی‌ سیاسیت له‌گه‌ڵ پارتی‌ بوو یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌؟ یان له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان بووی‌؟ چۆن؟
 نه‌وشیروان : من دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ پارتی‌، نه‌بوومه‌وه‌ ئه‌ندام له‌ پارتی‌، هه‌ر وه‌ك دۆستی‌ پارتی‌ مامه‌وه‌. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ من سه‌فه‌ری‌ ڤیه‌ننام ده‌كرد هاتم سه‌ردانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتیم كرد، ئه‌و كاته‌ دكتۆر مه‌حمود له‌وێبوو و زۆریان پێ خۆشبوو كه‌ من وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو باڵه‌كه‌ له‌وێ ببم به‌ ئه‌ندامی‌ لقی‌ ئه‌وروپا. وابزانم كاغه‌زیشیان نووسی‌، به‌ڵام من له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ رێكخستن بووم. به‌ڵام له‌گه‌ڵ براده‌رانی‌ كۆمه‌ڵه‌ ئاگاییمان له‌یه‌كتر هه‌بوو.

گوڵان: كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستان دوای‌ ساڵی‌ 1975 توانی‌ به‌ هێزو تین و گوڕێكی ترەوە بكەوێتە شاخ و هه‌روه‌ها له كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانیش تا ناوەڕاستی هەشتاكان توانی لە شاریش هاوسه‌نگیه‌كی‌ گه‌وره‌ لە بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ نیشتمانی‌ كوردی دروورست بكات. چ پێویستی به‌وه‌ بوو بچێتە ناو یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان؟ له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵه‌ خۆی‌ حزبێكی زۆر فراوان و گه‌وره‌ بوو به‌ تایبه‌تی‌ لەریزی‌ گه‌نجه‌كان؟.
نه‌وشیروان: پێش دەستپێكردنەوەی شۆڕش له‌ ساڵی‌ 1975-76 كۆمه‌ڵه‌ رێكخراوێكی وه‌ها گه‌وره‌ نه‌بووه، هه‌رچه‌نده‌ پته‌وترین رێكخراو بوو له‌چاو هه‌موو رێكخراوه‌كانی‌ تر و لەرووی‌ رێكخستنه‌وه‌ له‌ هه‌موویان كارامه‌تر بوو، كادیری‌ باشی‌ هه‌بوو بەڵام به‌ ژماره‌ كه‌م بوون. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م. دووه‌م، بۆ زانیاریت ئه‌و كاته‌ مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ تا ئه‌و فه‌تره‌یه‌ش.

گوڵان: واته‌ یه‌كه‌م سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ مام جه‌لال بوو؟
 نه‌وشیروان : بەڵێ . درووستكردنی‌ یەكێتی لەراستیدا جۆرێك بوو له‌ جێبەجێكردنی‌ ئه‌و بیره‌ی‌ كه‌ هه‌م پارتی‌ پێشڕەو هەبێت هه‌م به‌ره‌ی‌ یه‌كگرتوویی‌ گه‌ل هەبێت و له‌شكری‌ رزگاریی‌ دروست بكات. ئێمە‌ هه‌وڵماندا ئه‌و مۆدیلە له‌ كوردستان دروست بكه‌ین. واته‌ به‌شداریكردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ ئێمە‌ ئه‌و زه‌مانه‌ وامان حیساب ده‌كرد وه‌ك چۆن تۆ به‌ردێك ده‌خه‌یته‌ ناو ئاوه‌وه‌ چه‌ند هه‌ڵقه‌یه‌ك دروست ده‌كات، هه‌ڵقه‌ی‌ یه‌كه‌م زۆر رۆشن و دیاره‌، هه‌ڵقه‌ی‌ دووه‌م كه‌متر رۆشنه‌، هه‌ڵقه‌ی‌ سێیە‌م له‌و كه‌متر، وامان دانابوو كۆمه‌ڵه‌ ببێت به‌ نه‌وات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵقه‌ جیاجیایانه‌ی‌ توێژە كۆمه‌ڵاتیه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌.

گوڵان: مام جه‌لال چۆن وازی‌ له‌ سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ هێنا، با بزانین كاك نه‌وشیروانیش چه‌نده‌مین سكرتێرە‌؟
 نه‌وشیروان : له‌راستیدا ره‌نگه‌ بە فەرمی من دووه‌م سكرتێری كۆمەڵە بووبم، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ مام جه‌لال له‌ ساڵی‌ 1972 چووه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ عه‌مه‌لی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ رێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ كردووه‌ شه‌هابی‌ شێخ نوری‌ بووه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كاك شه‌هاب گیرا و رێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ تووشی‌ گرتن و راوەدوونان بوون كۆمیته‌ی‌ هه‌رێمه‌كان دروست بوون. كاك ئارام مه‌سئولی‌ كۆمیته‌ی‌ هه‌رێمه‌كان بووه‌ به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش هه‌ر مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ بووه‌. پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یەكێتی نیشتمانی‌ دامه‌زرا و بێجگە له‌ كۆمه‌ڵه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆشیالیستی‌ هاته‌ ناو یه‌كێتییەوه‌ و خه‌تی‌ گشتی‌ دروست بوو، ئیتر ئه‌وساكه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال كرد كه‌ ئایا وه‌كو سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌مینێتەوه‌ یانیش دەبێت به‌ قاسمی‌ مشته‌ره‌كی‌ ئه‌و (3) سێ باڵه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتیان دروست كردووه‌. ئه‌و (مام جەلال) قاسمه‌ مشته‌ره‌كه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژارد و ئێمەش‌ هه‌موومان قه‌بوڵمان بوو كه‌ ببێ به‌ قاسمی‌ موشته‌ره‌كی‌ هه‌ر سێ باڵه‌كه‌ی‌ ناو یه‌كێتی، بەڵام تا ئارام مابوو هەر مام جەلال بە فەرمی سكرتێری كۆمەڵە بوو، كاك ئارامیش كارەكانی بەڕێوەدەبرد، واتا بەرپرسی كۆمەڵە بوو بەڵام سكرتێر نەبوو، بەڵكو هەر مام جەلال سكرتێر بوو.

 گوڵان : بەڕێزت لە رێگای كۆنگره‌ و كۆنفرانس یا پلینیۆمەوە بووی‌ به‌ سكرتێر یان مام جەلال دەستنیشانی كردی بۆ سكرتێری؟
نه‌وشیروان : نەخێر من دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كاك ئارام شه‌هید بوو له‌ به‌ری‌ قه‌ره‌داغ، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ كادیره‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌مان لە شێنێ كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا من هه‌ڵبژێردرام كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كاروباره‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ بكه‌م. دوای‌ ئه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ ترمان به‌ست، پاشان كۆنفرانسی‌ یه‌كه‌ممان به‌ست و له‌م كۆنفرانسه‌دا من به‌ سكرتێرری‌ كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵبژێردرام. ئێمە‌ له‌ سه‌رده‌می‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا (3) سێ جار كۆنفرانسی‌ كۆمه‌ڵه‌مان به‌ستووه‌.

گوڵان: به‌ڵام له‌ هه‌شتاكان دوایی‌ نه‌به‌سترا؟
 نه‌وشیروان: له‌ هه‌شتاكانیش به‌ستمان به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 1986 شه‌ڕی‌ سه‌خت له‌نێوان كورد و حزبی‌ به‌عس درووست بوو، له‌راستیدا له‌ ترسی‌ بۆردوومانكردن و بەكارهێنانی چه‌كی‌ كیمیایی‌ نه‌مانتوانی‌ كۆنگرەیەكی وه‌ها ببه‌ستین، ئه‌ترساین كه‌ زۆربه‌ی‌ كادیره‌كانمان بكوژرێن.

گوڵان: رەنگە ئه‌و كاته‌ حه‌ماسێكیش نه‌بووبێت بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌؟
 نه‌وشیروان: شەڕەكه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت بوو، بوو بووه‌ ئه‌وله‌ویات. ئه‌وه‌ی‌ من باسی‌ ده‌كه‌م دوای‌ 1986 ه‌.هۆكارەكەشی ئەو شەڕە سەختە بوو كە ئه‌و كاته‌ جێگایەك نه‌بوو تۆ بتوانی‌ به‌ دڵنیایی كۆنفرانسی‌ تێدا ببه‌ستی‌.

گوڵان: له‌ 21-11-1976 كه‌ شەهابی شێخ نوری‌ و جەعفەر عەبدولواحید لە سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌نوه‌ر زۆراب له‌ رێكخستنی به‌غداد له‌ سێدارە‌ دران. ئایا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ له‌ سێداره‌ دران یان به‌هۆی‌ بیری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و كوردایه‌تی‌ بوو؟
نه‌وشیروان: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ ئێمە گرنگیمان پێ ده‌دا ئه‌وه‌ بوو كه‌ كۆمه‌ڵه‌ خۆی‌ بپارێزێ لە لێدان . ساڵی‌ 1970 تا 1975 ئێمە‌ هینی‌ ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بگیرایه‌ ره‌نگ بوو پارتی‌ بیگرێ به‌ تۆمەتی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جاسوسی‌ به‌عسیه‌، حكومه‌ت بیگرێ به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جاسوسی‌ ده‌زگای‌ پاراستنه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆمان كرا هه‌وڵماندا هه‌ڵقه‌ی رێكخستنە‌كانی‌ نا كۆمه‌ڵه‌ زۆر زۆر ته‌سك بێت و ئێمە كادیری رێكخستن دروست بكه‌ین نه‌ك رێكخستنی جه‌ماوه‌ری‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ده‌بیاتیشمان نه‌بوو، یه‌ك دوو بڵاوكراوه‌ وه‌ختی‌ خۆی‌ به‌ هەڵە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دوایی‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌. كۆمه‌ڵه‌ تا ساڵی‌ 1976 هیچ شتێكی به‌ رە‌سمی‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك. به‌ شێوەیەكی زۆر نهێنی كاری‌ ده‌كرد له‌ ناو نوخبه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژێردراودا، بۆ نموونه‌ له‌ ناو زانكۆی سلێمانیدا وەختێ كە رێكخستن دروست ده‌كه‌یت ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ت رێكدەخست كه‌ له‌كاتی‌ قەیران و تەنگژەكاندا دەتوانێ سەركردایەتی رای گشتیبكات، ئەتوانێت لە ناو خوێندكاراندا رۆڵێكی كاریگەری هەبێت له‌ناو كرێكاراندا ئەو كەسانە رێكبخەیت كه‌ له‌ كاتی‌ ئه‌زه‌ماتدا ئەتوانێت له‌ ناو چینی‌ كرێكاراندا كار بكات، له‌ناو رۆشنبیراندا هه‌ر به‌م شێوەیه‌. واته‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌مانه‌ هه‌وڵده‌درا كۆبكرێته‌وه‌ و به‌ چه‌ندین قۆناغدا تێده‌په‌رین و به‌ هه‌ڵقه‌ی‌ رۆشنبیری‌ و ئه‌مانه‌ تا ئه‌بن به‌ ئه‌ندام. ساڵی‌ 1975 كاتێ كۆمه‌ڵه‌ هاته‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌ ئیتر ئه‌و قۆناغه‌ ده‌ستی‌ پێكرد. كاك شه‌هاب و ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ كه‌ حوكمی‌ ئیعدام دران به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌مانه‌ ته‌یارێكی‌ ماركسیان درووست كردووه‌ و سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌یان كردووه‌ و په‌یوه‌ندیان كردووه‌ به‌ جیهاتی‌ بێگانە‌وه‌، چونكه‌ كاك شه‌هاب چه‌ند جارێك چووبوو بۆ به‌یروت فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی‌ بینیبوو. واتا بەشێكی ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ ئیعدام كران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئیعدام كران.

گوڵان: ئێستا یان جارانیش باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ جیاوازیه‌ك هه‌بووه‌ له‌نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هاب. هەریه‌كه و سه‌ر به‌ باڵێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بوون و كۆمه‌ڵێك گرووپی‌ دیكه‌یان له‌ خوار خۆیان هه‌بوو. یه‌عنی‌ كۆمه‌ڵێك په‌یره‌وی‌ شه‌هید شه‌هابی‌ كردووه‌ و كۆمه‌ڵێكیش په‌یڕه‌وی‌ شه‌هید ئارامی‌ كردووه‌. ئایا كاك نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یڕه‌وی‌ كام باڵی‌ ده‌كرد تا ئه‌و دوانه‌ مابوون؟
 نه‌وشیروان : ئه‌وه‌ راست نییه‌، ئەوە راست نییە،یه‌ك كەڕه‌ت ناكۆكی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ دروست بوو، ئه‌ویش ناكۆكیه‌كی‌ فكری‌ بووه‌، دوایی‌ حه‌سم بوو. ناكۆكیه‌كه‌ دوای‌ ساڵی‌ 1975 و تێكشكانی شۆرشی‌ كوردبوو، له‌ ناو سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌ جۆرێك له‌ بۆچوون دروست بوو بوو كه‌ ئایا ناكۆكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ به‌عسه‌ یان له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی‌ ئه‌مریكایه‌. به‌ڵام له‌ دوای‌ فه‌تره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م ئه‌و موشكیله‌یەش‌ حه‌ل كرا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێشبینی شۆرشی‌ كرد و كاك شه‌هابیش پێشبینی شۆرشی‌ كرد.

گوڵان: ئه‌ی‌ بۆ له‌ سەركردایەتی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ ئێستاش هه‌ندێ جاران ئه‌و شتانه‌ باس ده‌كرێن. له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ پێشان له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌ بوونه‌ باسی‌ ئه‌و جیاوازیه‌ ده‌كه‌ن له‌ نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هابدا؟
 نه‌وشیروان: من پێموایە ئەوە راست نییه‌. رەنگه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ له‌ بێئاگاییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن. تا ئه‌و زه‌مانه‌ی‌ كه‌ كاك شه‌هاب و هاوڕێكانی‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌ بوون كاك ئارام كادیرێكی‌ ئاسایی بووه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌، له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ نه‌بووه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كاك شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌وتنه‌ به‌ر گرتن و راونان و كۆمیته‌ی‌ هه‌رێمه‌كان دروست بوو، له‌وه‌یا كاك ئارام هاته‌ پێشه‌وه‌ و بووه‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ ناو كۆمه‌ڵه‌.

 گوڵان: باشه‌ كاك نه‌وشیروان كه‌ باسی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ هه‌شتاكان ده‌كرێت، له‌به‌رچی‌ هه‌موو حزبه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ جود ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ئێستاش ماون و جگه‌ له‌مانه‌ش زۆر خه‌ڵكی‌ ته‌نانه‌ت ناو یەكێتیش ئێستا نه‌وشیروان به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كاریگەری ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ ناوخۆیە دادەنێن. وه‌ك رۆژانه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیش ئه‌وه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان خه‌ڵكی‌ به‌ كوشتن داوه‌. باشه‌ بۆ هه‌ر كاك نه‌وشیروان سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كرد،یان فیعلەن تۆ رۆڵێكی زۆرت هەبوو، بەكورتی بۆچی‌ ناوی‌ تۆ زیاتر له‌ هه‌ر ناوێكی دیكه‌ زه‌ق ده‌كرێته‌وه‌؟یان مەبەستێكی تر هەیە كە ئێمە نایزانین؟
 نه‌وشیروان: ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ دوو فاكته‌ری‌ هه‌بێت. یه‌كێكیان فاكته‌ری‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بەشێكە لەو ململانێیە ناوخۆییه‌ی‌ له‌ نێوان باڵه‌ جیاجیاكانی‌ ناو یەكێتیدا هه‌یه‌. به‌شێكی تریشیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و توانا میدیاییه‌ی‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ حزبی‌ شیوعی‌ عێراق هه‌یبوو، له‌ راستیدا حزبی شیوعی‌ رۆڵی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌وه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ من به‌ شه‌ڕی‌ ناخۆوە بنووسێنن به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ شەڕی (پشتئاشان) و ئه‌وانه‌. خۆت ئه‌زانی‌ كادری‌ راگه‌یاندن له‌ حزبی‌ شیوعیدا زیاتر بوو، ئه‌و زه‌مانه‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت مابوو، حزبی‌ شیوعی‌ له‌گه‌ڵ حزبی‌ شیوعی‌ تری‌ دونیا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو ئیتر هەڵمەتێكی جیهانییان دژ بە من دەست پێكرد.

 گوڵان: باشه‌ له‌به‌رچی‌ ناوی‌ تۆیان دیار خست؟ئایا لەبەرئەوە نەبوو فیعلەن رۆڵێكی باشت نەبینی؟
 نه‌وشیروان :له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ من سه‌ركردایه‌تی‌ هەندێك له‌ شەڕەكانم كردووه‌.

گوڵان: واتا حەقیقەتێكی تێدا هەبووە بەرامبەر بە تۆ؟
نه‌وشیروان : من حه‌ز ناكه‌م بگەڕێینەوە بۆ رابردوو گۆڕ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ چونكه‌ كەگۆڕ هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌ عاده‌ته‌ن بۆگه‌ن و ئێسك و پرووسك دێتە ده‌ره‌وه‌. شەڕی یەكێتی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ ترا، له‌راستیدا به‌ پلەی یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتیدا بوو، چونكه‌ پارتی‌ وه‌كو تاكه‌ حزب مه‌بده‌ئی‌ ته‌عه‌دودیه‌تی‌ قه‌بوڵ نه‌ده‌كرد. ئه‌و شەڕانه‌ به‌شێك بوو له‌ چه‌سپاندنی‌ فكره‌ی‌ ته‌عه‌دودیه‌ت كه‌ بۆ جاری‌ یه‌كه‌م بوو یەكێتی هێنایە كوردستانه‌وه‌. فره‌یی‌ حزبی‌، فره‌یی‌ سیاسی‌ و فره‌یی‌ رۆژنامه‌وانی‌ تا ئه‌و زه‌مانه‌ پارتی‌ خۆی‌ به‌ تاكه‌ حزب ده‌زانی‌ كه‌ شیعاری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بووپێشڕەوی كورد پارتیه‌ و هیچ حزبێكی‌ تر نییه‌. ئه‌مه‌ وەختێك یەكێتی دروست بوو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ بوو له‌و سه‌ره‌تایه‌.

گوڵان: به‌س هه‌ست ناكه‌ی‌ له‌ واقیعی‌ عه‌مه‌لیدا یه‌كێتی‌ نه‌یتوانی‌ ئیستیعابی‌ ئه‌و هه‌موو حزبه‌ كوردستانیانه‌ بكات، كە خەباتی رزگاری نیشتمانیان دەستپێكردبوو؟چونكه‌ یه‌كێتی‌ به‌ته‌نیا له‌به‌ره‌یه‌ك بوو و حزبه‌كانی‌ تریش هەموویان له‌ به‌ره‌یه‌كی‌ تر. خۆی‌ ته‌عه‌دودیه‌ت ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌كانی‌ تر قه‌بوڵ بكه‌ی‌ له‌ كاتێكدا پارتی‌ له‌ناو زۆرترین حزبه‌كانی كوردستانیدا بوو، بەرەی جودیان پێكهێنابوو، به‌ڵام یه‌كێتی به‌ ته‌نیا بوو و شەڕی دەكرد بۆ ئەوەی هەموو حزبه‌كانی‌ تری‌ وه‌كو سۆشیالیست وشیوعی و پاسۆك و ....هتد پاكتاو بكات؟
 نه‌وشیروان : من وه‌ك گوتم نامه‌وێ باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین. بە جێیدەهێلین بۆ مێژوونووسان، با ئه‌وان هه‌ڵیسه‌نگێنن.

گوڵان: با بێینە سەر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌... خه‌ڵكێكی زۆر چ ئه‌وانه‌ی‌ ئێستاش هه‌ر خۆیان به‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌زانن یان له‌ رێگای‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ توانیان ببن به‌ كادیرێكی‌ كوردستانی‌ و نیشتمانی‌،قسە ئەوەیە خه‌ڵكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ش دەڵێن گورزێكی گورچك بڕ بوو كە درا له‌ كۆمه‌ڵه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ بزاڤی‌ نیشتمانیش، باشە كاك نه‌وشیروان چۆن توانی‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدات كه‌ كۆمه‌ڵه‌ له‌ ساڵی‌ 1988 هەڵبوەشێنێتەوە؟
 نه‌وشیروان: من به‌ ته‌نیا ئه‌و بریاره‌م نه‌دا، ئه‌وه‌ ژماره‌یەكی‌ زۆر پێش من له‌ كادیره‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ست پێكردبوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ شۆرشگێڕاندا، له‌ قاسمه‌ ره‌شه‌وه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ستپێكردبوو. كه‌ بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌شمان دا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ زۆر فراواندا چه‌ند سه‌د كەسێك تێیدا به‌شدار بوون كه‌ ئه‌و بڕیاره‌مان دا. بەڵام لە بیرت نەچێت وه‌ختێك كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ ته‌سلیمی‌ ده‌ست سه‌ركردایه‌تیه‌كم كرد كه‌ جگه‌ له‌ دوو كه‌سیان ئه‌وانی‌ تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه‌ بوون.

گوڵان: واتا خۆت قه‌ناعه‌تت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ هه‌بوو؟
نه‌وشیروان : به‌ڵێ ئه‌و زه‌مانه‌ قه‌ناعه‌تم پێ هه‌بوو. به‌ڵام ئەزموون ده‌ری‌ خست كه‌ شتێكی‌ هه‌ڵه‌مان كردووه‌.

گوڵان:هه‌ستت كرد كه‌ غه‌درێكت كردووه‌؟
نه‌وشیروان : ئێستا واتا ئەو دوو سێ ساڵه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ كارێكی هه‌ڵه‌مان كردووه‌. لەوەوپێش پێم وابوو وه‌ك بۆم باس كردی‌ كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ته‌سلیمی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیمان كرد، ئه‌و كاته‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیدا ته‌نها د.فواد مه‌عسوم و د.كه‌مال فواد كۆمه‌ڵه‌ نه‌بوون ئه‌وانی‌ تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه‌ بوون و ده‌یانتوانی‌ هموو یه‌كێتی بكه‌ن به‌ كۆمه‌ڵه‌.

گوڵان : بەڵام نەیانكرد؟
نه‌وشیروان : بەڵێ نەیانكرد..

گوڵان: دەكرێت بزانین كاك نه‌وشیروان له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆر جاران هه‌ست دەكرێت لە حزب دادەبڕێت واتا تووڕە دەبێت، وەك ماوه‌یه‌ك له‌ زەڵێ دانیشتبووی‌ خه‌ریكی‌ نووسینی‌ یاداشتەكانت بووی‌ و هه‌ندێ جاریش سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ت كردووه‌، هه‌ندێ جاری‌ دیكه‌ش هه‌ست ده‌كه‌یت كاك نه‌وشیروان عادزه‌، دڵگیره‌، تووڕە‌یه‌. ده‌كرێ بزانین ئه‌و هه‌موو جارانه‌ كاك نه‌وشیروان ئیستیقاله‌ی‌ ده‌دا یان هه‌ر بۆ خۆی‌ تووڕە ده‌بوو و خۆی‌ دوور ده‌خسته‌وه و دەچووە كەنار و لە ناوەند دووردەكەوتەوە‌؟
 نه‌وشیروان: پێموایە ئێوەو مانان حه‌قه‌ به‌ ته‌قدیره‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ من بكه‌ن. چونكە ئه‌و كاتانه‌ی‌ من دوور ده‌كه‌وتمه‌وه‌ له‌ راستیدا له‌كاتی شه‌ڕی‌ ناخۆدا بووەو من بۆم به‌جێهێشتوون. بۆ نموونه‌ بۆت باس بكه‌م له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ من له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی‌ خۆمانا ناكۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا كادیره‌كانی‌ یەكێتی بێنین كاروباری‌ حكومه‌تی‌ پێ بسپێرین یاخود كادیره‌كانی‌ یەكێتی چاودێر(مراقب) بن به‌سه‌ر حكومه‌ت و، ته‌كنۆكرات بهێنین. ئه‌وە یەكێك لەو خاڵانە بووە بووه‌ كه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ من لایه‌نگری‌ ئه‌وه‌ بووم خەڵكی تەكنۆكرات بهێنین با ئەوەشت پێ بڵێم منیان ته‌رشیح كرد بۆ یەكەم سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام نه‌مكرد چونكه‌ باوەڕم پێ نەبوو. براده‌رانی‌ تر پێیان وابوو ئه‌گه‌ر له‌ دەسەڵات‌دا نه‌بین خه‌ڵكمان له‌گه‌ڵ نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ دەیانوت ئێمه‌ خۆمان له‌ شۆرشدا ماندوو بووین بۆچی‌ ته‌سلیمی‌ خه‌ڵكی‌ تری‌ بكه‌ین. له‌ مه‌وزوعی‌ یه‌كێتی و پارتیشدا من رەئیم وابوو، بێگومان پێش هه‌ڵبژاردن من له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود قسه‌م كرد له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ ئه‌وه‌ی‌ لیستێكی‌ هاوبەش دروست بكه‌ین. من باوه‌رم وابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ قۆناغێكی‌ زۆر سه‌ختدا تێپەڕیوه‌ و تووشی‌ كاره‌ساتی‌ سیاسی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئابووری‌ و رۆشنبیری‌ بووه‌. ئه‌م قۆناخە‌ میله‌ته‌كه‌مان پێویستی‌ به‌ ئیستیقرار هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش چاكترین شت ئه‌وه‌یه‌ دوو حزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ لیستی‌ سه‌ره‌كیان هه‌بێت. ئه‌و زه‌مانه‌ (1992 ) په‌رله‌مان سه‌د ئه‌ندامی‌ هه‌بوو، وتم با پارتی‌ 35 كورسی‌ هەبێت و یەكێتی 35 كورسی‌ هه‌بێت. 30 یه‌كه‌ی‌ تر بۆ خه‌ڵكی‌ سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات و حزبه‌كانی‌ تر دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر له‌ نێوان یەكێتی و پارتیدا جۆرێك له‌ ناكۆكی‌ دروستبوو، ئەو كاتە ئه‌و سی‌ كه‌سه‌ بتوانێت باڵانسه‌كه‌ راست بكاته‌وه‌. به‌ڵام فكره‌كه‌ی‌ من قه‌بوڵ نه‌كرا. من پێشنیارم كرد بۆ براده‌ره‌كانی‌ خۆمان كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌ك حكومه‌ت وه‌ربگرن و لاكه‌ی‌ تر ببن به‌ ئۆپۆزیسیۆن‌. له‌گه‌ڵ پارتی‌ قسه‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان حكومه‌ت وه‌رگرن ئێمه‌ ده‌بین به‌ ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌گه‌ر ئێمەش حكومه‌تمان وه‌رگرت با ئه‌وان ببن به‌ ئۆپۆزیسیۆن‌. ئه‌و فكره‌یه‌ش له‌ لای‌ براده‌ره‌كانی‌ ئێمە‌ قه‌بوڵ نه‌بوو و پێیان وابوو پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافی‌ دروست بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ من عه‌قڵم نه‌یبڕی‌ و وازم لێ هێنا. وه‌ ئه‌گه‌ر وازم لێ نەهێنابایه‌ ئیحتیمالی‌ هه‌بوو ئه‌و ناكۆكیانه‌، ئه‌و زه‌مانه‌ موماره‌سه‌ی‌ كاری‌ دیموكراسی‌ زۆر كه‌م بوو، ره‌نگ بوو ببێته‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شەڕ له‌نێوان ئه‌و باڵانه‌ی‌ ناو یه‌كێتیدا. پێموابوو ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی‌ بمێنێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ من بۆم به‌جێهێشتن. هه‌موو جاره‌كانیش وابووه‌ كه‌ ناكۆك بوو بووم له‌گه‌ڵ رەفیقه‌كانم له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكه‌م بۆم جێهێشتوون.

 گوڵان: هه‌ست ناكه‌ی‌ له‌ سیاسه‌تدا ئه‌وه‌ مه‌رفوزه‌؟ ئه‌و وازهێنان و خۆ دوورخستنه‌وه‌یه‌. سیاسه‌ت وایه‌ تۆ دەبێت ململانێش بكه‌یت و هه‌وڵیش بده‌یت كه‌مینه‌ی‌ خۆت بكه‌یت به‌ زۆرینه‌.
نه‌وشیروان: ئه‌وه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ حزبه‌كان چه‌كدار نه‌بن راسته‌، به‌ڵام له‌ وڵاتێكدا كه‌ حزبه‌كان چه‌كدار بن و سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ ئاماده‌ بن به‌ چه‌ك دیفاع له‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌و پۆست و پایانه‌دا بكات پێم وایه‌ ئینسان بكشێته‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكات. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تۆ باسی‌ ده‌كه‌یت ره‌نگه‌ له‌ وڵاتێكدا بێت كه‌ ته‌قالیدی‌ دیموكراسی‌ رەگداكوتاوی‌ تێدابێت. له‌ ئه‌وروپارەنگە وابێت بەڵام لە كوردستانێكدا كه‌ هه‌موو چه‌كدارن پێم وایه‌ ئه‌وه‌ سه‌ر ناگرێ .

گوڵان: لینین كه‌ شۆرشی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ داگیرساند سه‌ره‌تا كەمینە بوو دوایی‌ به‌ گفتوگۆی چڕو بەردەوام بوو به‌ زۆرینه‌. عه‌زیز محه‌مه‌دیش جەبهەی وەتەنی‌ له‌گه‌ڵ به‌عس كرد خۆ لە سەرەتا كەمینە بوو، بەڵام بە كۆبوونەوەی بەردەوامی ناو كۆمیتەی ناوەندی بوو به‌ زۆرینه‌. واتا له‌ سیاسه‌تدا وایه‌ ململانێكە رەنگە هەندێك جار درێژخایەن دەبێت، ناشبێ سارد ببیتەوە. به‌ڵام كه‌ دوور كه‌وتیه‌وه‌ رە‌نگه‌ ئه‌وانی‌ تر ئیستیغلالی‌ بكه‌ن و زیاتر ئه‌و نه‌هجه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت جێگیری ده‌كه‌ن. فكره‌كه‌ی‌ تۆش لەو كاتە زیاتر بچووك ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ تۆ مه‌یدانه‌كه‌ت بۆ جێهێشتوون. پێم وایە‌ ئه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تدا زیاتر زیانت پێدەگەیەنێت، بۆیە ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت باشتره‌ و هه‌وڵیش بده‌یت نه‌گاته‌ پێكدادانی‌ چه‌كداری‌. چونكه‌ هه‌ندێك جاران ده‌بێتە كۆڵدان، رەنگە تۆ به‌ نیشتمانپه‌روه‌ری‌ بزانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئەو كێشەیەی هەیە با كەسی تێدا نەسووتێ بەجێیدەهێلی؟
 نه‌وشیروان :من نموونه‌یه‌كت بۆ باسكه‌م. كاتێك كە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكرد من زیاتر له‌ ساڵێك بوو له‌ له‌نده‌ن دانیشتبووم. هیچ ده‌ستێكم له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شەڕی یەكێتی و پارتی‌ و، یه‌كێتی‌ و بزوتنه‌وه‌دا نه‌بوو، من به‌سه‌ر شه‌ڕە‌كه‌دا هاتمه‌وه‌. كه‌ هاتیشمه‌وه‌ لایه‌نی‌ گفتوگۆكه‌ من ده‌مكرد. له‌ گفتوگۆكه‌شدا یه‌ك خاڵی بنەڕەتی هه‌بوو به‌ نسبه‌ت منه‌وه‌ كه‌ ئه‌مویست جێبەجێی بكه‌م ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌ی‌ برایم خه‌لیل و داهاتی‌ برایم خه‌لیل بوو. یه‌عنی‌ هه‌موو ململانێكه‌ی‌ من كه‌ پێیان ده‌وتم مه‌وقیفی‌ موته‌شه‌دیده‌ له‌به‌ر ئه‌و هۆكارە‌ بووه‌. وه‌ختێك كه‌ بینیم هیچ رێگه‌ له‌ ئاسۆی‌ نزیكدا و هیچ هیوایەكی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ نێوانی یەكێتی و پارتی‌ دا رێككەوتن ببێت، ئاخر مه‌رحه‌له‌ من خۆم به‌ شه‌خسی‌ كاغه‌زم بۆ كاك مه‌سعود بارزانی نووسی و كاك مه‌سعود یش جوابی‌ بۆ نووسیمه‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ داڕشتنێك (سیغه‌یه‌ك)كه‌ بگه‌ینه‌ رێككە‌وتن، بەڵام كە سه‌یرم كرد له‌ ناو پارتی‌ و یه‌كێتیشدا چه‌ندین گرووپ هه‌ن‌ دژی‌ ئه‌و رێككەوتنەن و نایانەوێت سەربگرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ جارێكی دیكەش بەجێمهێشت.

گوڵان: قسه‌یه‌كی‌ بەربڵاو هه‌یه‌ دەڵێت كاك نه‌وشیروان ته‌نها سلێمانی‌ پێ شاره‌. واته‌ بیرێكی‌ ناوچه‌گه‌ری‌ به‌سه‌ریدا زاڵه‌. ده‌كرێ ئه‌مه‌ له‌سه‌ر زاری‌ خۆته‌وه‌ راستی ئەمە بزانین؟
 نه‌وشیروان :ئه‌سڵه‌ن من خۆم به‌ كوردستانی‌ ده‌زانم نه‌ك خۆم به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ عێراق بزانم. یه‌ك نیشانه‌م پێ بڵێ دەلیلی ئەوە بێت كە من ناوچەگەرێتی دەكەم.

گوڵان: دەڵێن گوتووتە هەولێر كوێی پیرۆزە تا شەڕی تیا نەكرێ كاتێ ساڵی‌ 1994، 1995 و 96 و واته‌ ئه‌و ساڵانه‌ی‌ كه‌ شه‌ری‌ ناوخۆ هه‌بوو. ئایا فیعله‌ن تۆ وات گوتووه‌؟
نه‌وشیروان :وه‌كو مه‌بده‌‌و من هه‌موو كوردستانم پێ پیرۆزه‌ نه‌ك هه‌ر شاری‌ هه‌ولێر. له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین به‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیشه‌وه‌ به‌ شتێكی‌ پیرۆزی ده‌زانم، وه‌ختی‌ خۆیشی‌ كه‌ ئێمه‌ خه‌باتمان كردووه‌ له‌ پێناوی‌ نیشتمانه‌كه‌مان خه‌باتمان كردووه‌. نیشتمانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ش به‌ته‌نیا بریتی‌ نییه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌. ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی‌ ناراسته‌ و من وام نەوتووە، بەڵام ئه‌وەش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قسه‌وقسه‌ڵۆكانه‌ی‌ كه‌ باڵه‌ ناكۆكه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ بۆ یه‌كتری‌ دروستی ده‌كه‌ن. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من پێم دەڵێن موهه‌ندسی‌ شه‌ڕی براكوژی‌ بووه‌، من هه‌موو شەڕەكانی پێش راپەڕینیش هەر له‌سه‌ر هه‌ولێر كردوومه‌.

گوڵان: كاك نه‌وشیروان هەندێك جار هەڵوێستی زۆر جدیت هه‌یه‌ وتێبینی و ره‌ئی‌ خۆت هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ تۆ به‌ نانیشتمانی‌ ده‌زانی‌ و یان ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ تۆپێت وایه‌ زیانی‌ هه‌یه‌ بۆ ئایینده‌ی‌ كوردستان. دوای‌ رووخانی‌ به‌عس كه‌ رژێمی به‌عس نه‌ما له‌سه‌ر حوكم، كۆمه‌ڵێك فایل هاته‌ گۆڕێ گوایه‌ له‌ سەركردایەتی یەكێتی و حزبه‌كانی‌ تریشدا فایلدار هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حەقیقەتێكی تێدایە بۆچی‌ ئه‌و كاته‌ مه‌وقیفت وه‌رنه‌گرت؟خۆ ئه‌وه‌ش بابه‌تێكی‌ زۆر جددی‌ بوو؟
 نه‌وشیروان:مه‌به‌ستت له‌ فایلدار چییە‌؟

گوڵان: ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر بوونه‌ له‌گه‌ڵ به‌عس جا بە هەر شێوەیەك بێت، سیخور بووبن یان هه‌ر شتێكی‌ تر، گرنگ ئەوەیە هاوكاری بەعس بووبن؟.
نه‌وشیروان: من زۆربه‌ی‌ فایله‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیم بینیوه‌، لە راستیدا به‌ مه‌عنای‌ سیخور كه‌سیان سیخور نه‌بوونه‌ تاوه‌كو ئینسان ناونووسی‌ بكات.

گوڵان: كاك نه‌وشیروان دوای رووخانی بەعس به‌شداری‌ له‌ بنیادنانه‌وه‌ی‌ عێراقی نوێ كرد. ئایا فیعله‌ن كاك نه‌وشیروان بڕوای‌ به‌ عێراقی نوێ هه‌بوو كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كرد و به‌شداری‌ ئەنجوومەنی حوكمی‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ عێراقێكی نوێ دروست بكات؟بۆچی‌ خه‌ریكی‌ كوردستان نه‌بوو و دوای‌ رووخانی‌ سه‌دام كوردستان بكاته‌ كوردستانێكی نوێ؟
 نه‌وشیروان :پێموایه‌ بۆ هه‌ردووكیان كارمان كردووه‌. به‌ نسبه‌ت كوردستانه‌وه‌ پێم وایه‌ ئێمه‌ ئیشێكی‌ زۆر گه‌وره‌مان كردووه‌ ئێستا له‌ كوردستان ده‌توانیت بڵێیت به‌ مه‌عنای‌ وشە‌ بناغه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ هه‌یه‌. هیچ لایەنێكی عێراقی و ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تیش بەگونجاوی نازانن‌ كه‌ كورد ده‌وڵه‌ت دروست بكات. بۆ تۆ باشترین رێگا ئه‌وەیه‌ له‌ عێراقێكی‌ تازه‌ له‌ ده‌زگای‌ بڕیاردانی‌ سیاسیا تۆ بتوانیت ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت. تا ئه‌و كاتەی كە ناتوانیت جیابیته‌وه‌ خۆت حه‌ز بكه‌یت و حه‌ز نه‌كه‌یت بەشێكی له‌ عێراق. مادام بەشێكیشی لە عێراق، له‌ عێراقدا دەوڵەتێكت هەبێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت له‌ ده‌زگای‌ بڕیاردانی‌ سیاسیدا. دەوڵەتێك بێت دیموكراسی بێت، دەوڵەتێك بێت له‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكه‌كه‌دا بێت و دەوڵەتێكی تازە بێت ئه‌مه‌ له‌ قازانجی‌ كورده‌. ئه‌وه‌ی‌ تریش من پێم وایه‌ ئێمه‌ بناغه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیمان دامه‌زراندووه‌.

 گوڵان: چوار ساڵی‌ رێك به‌ر له‌ ئەمڕۆ بەڕێزت لەگەڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یەكێتی یاداشتنامه‌یه‌كیان به‌رز كرده‌وه‌ كه‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌سه‌ر چه‌ند شتێك تێدا بوو، یه‌ك له‌و پرسانه‌ ته‌مه‌نی‌ مام جه‌لال بوو. ئایا مه‌به‌ست له‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و ته‌مه‌نی‌ گه‌وره‌یه‌ و جه‌نابت ببی‌ به‌ سكرتێر؟ واتا تۆ واجیهه‌یه‌كی‌ تر بووی‌ له‌ ناو یه‌كێتی‌ دوای‌ مام جه‌لال یان مەبەستێكی ترت هه‌بوو؟بۆچی‌ ته‌مه‌نتان خسته‌ ناو ئه‌و پرسەوە‌؟تۆ باسی‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسیت ده‌كرد تەمەن رەنگە هەندێك جار رۆڵی نەبێت؟
 نه‌وشیروان: راسته‌ ته‌مه‌ن ره‌نگه‌ هەندێك جار رۆڵی نەبێت، به‌ڵام له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یەكێتیدا نوێبوونەوە و تازه‌گه‌ری‌ شتێكیی‌ زۆر له‌سه‌رەخۆییه‌. به‌شێكیی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ته‌مه‌نێكدان كه‌ ئه‌بێت جێگه‌ بۆ گه‌نج چۆڵ بكرێت. دوای‌ ئه‌مه‌، هه‌موو كه‌سێك كه‌ گه‌یشته‌ تەمەنێك ئەبێت بیر له‌وه‌ی‌ دوای‌ خۆی‌ بكاته‌وه‌. من له‌ تۆ ده‌پرسم ئایا ده‌زانیت دوای‌ مام جه‌لال چی‌ به‌سه‌ر یەكێتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دوای‌ مام جه‌لال چی‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان یەكێتی و پارتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دوای‌ مام جه‌لال چی‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان كوردی عێراق و حكومەتی عێراق دێت؟پێویستە‌ هه‌موو كەسێك پێشبینی ئه‌وه‌ بكات كه‌ دوای‌ خۆی‌ ئه‌گه‌ر به‌ مردنیش نه‌بێت، به‌ وازهێنان، نه‌خشه‌ بۆ ئه‌وه‌ دابنێت كه‌ دوای‌ خۆی‌ كه‌سانێك هه‌بن درێژه‌ به‌ ئیشەكە بده‌ن.

گوڵان: باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شته‌كه‌ شه‌رعیه‌تێكی‌ جوانتری‌ وه‌ربگرتایه‌ باشتر نه‌بوو داوای‌ بەستنی كۆنگره‌تان بكردایه‌؟چونكه‌ له‌ كۆنگره‌ بڕیاری‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌درێت. نه‌وشیروان : ئه‌وه‌ راسته‌، به‌ڵام تۆ ئه‌زانی‌ كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی كه‌ی‌ ئه‌به‌سترێ؟ گوڵان:من نەوەڵلا، خۆ من لە سەركردایەتی یەكێتی نیم ..
نه‌وشیروان: منیش هەرنازانم، منیش ئێستاو ئه‌و كاتیش نه‌مده‌زانی‌، چونكه‌ سكرتێری‌ گشتی‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات كه‌ی‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێ و نه‌به‌سترێ. عاده‌تەن‌ حزبه‌ باشه‌كانی‌ دونیا پێش كۆنگره‌ ناكۆكیه‌كانی‌ ناو خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. گه‌ڵاڵه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ تازه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ئیش ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ داهاتوو كێ بێت و كێ نەبێت كاتێكیش ده‌چنه‌ ناو كۆنگره‌وه‌ ناكۆكیه‌كانی‌ ناو خۆیانیان چاره‌سه‌ر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕیزێكی‌ یه‌كگرتووه‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌ و بەڕیزێكی‌ یه‌كگرتووه‌وه‌ش بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. نه‌ك بچن له‌ناو كۆنگره‌كه‌ شه‌ڕه‌كان هه‌ڵبگیرسێنن.

گوڵان: با ببێینە‌ سه‌ر كاك نه‌وشیروان خۆی‌. ئایا كاك نه‌وشیروان ته‌نها له‌ پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی خۆی كێشاوەتەوە، یان لە سەركردایەتی و یه‌كێتیش؟
نه‌وشیروان: ئه‌توانی‌ وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌ خۆت بیده‌یته‌وه‌. من ئه‌گه‌ر بڵێم یەكێتی نیم بڕوام پێ ده‌كه‌یت؟

 گوڵان:نه‌وه‌ڵا
نه‌وشیروان : دوای ئەوەش، كاكە ئینسان كە تەمەنێكی دوور و درێژی لەناو حزبێكدا بەسەر دەبات، هەموو تەمەنی گەنجێتی خۆی بەسەردەبات و ئەوەی كە پێیدەڵێن(حەنین) نوستاڵجیا تۆ ناتوانیت ئینسان ڕووت بكەیتەوە لە هەموو نوستاڵجیای خۆی مەبەستم ئەوەیە من بەدرێژایی سی ساڵ لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك پێكەوە چەندین قۆناغی خۆش و ناخۆشمان بڕیوە چەندین یادگاریمان هەیە ناتوانیت تۆ خۆت یەكجار ڕووت كەیتەوە لەم هەموو شتانە.

 گوڵان: بەڵام ئێستا هەست ناكەیت لە دووڕیانێكدای؟ نازانیت لە لای یەكێتی بمێنیتەوە یان ئەوەتا ئەو بیر و تەوەجوهاتەی خۆت وردە وردە چڕ دەكەیتەوەو یەكێتیت لەسەر ئاگرێكی نەرم داناوە وەك چۆن بڵێی چایەكەت دێم بدات، تا ئەو كاتەی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەئكید هەر دەبێت بگۆڕێت جا بە هەر شێوەیەك بێت ئیمساڵ نا ساڵێك دوانی تر بەتایبەت بەهۆی تەمەنەكەیەوە، ئەو كاتە تۆ بێیت و بڵێیت بەڵێ من ئێستا سكرتێری یەكێتیم. ئەمە لە كاتێكدا ماوەی ئەم یەك دووساڵەی رابردوو و ئێستاو داهاتووش زەمینەیەكی لەبارتری بۆ دەڕەخسێنی؟
نه‌وشیروان: حەز دەكەم ئەوە بزانیت كە من لەسەر تەمەن كێشە بنیادنانێم چونكە لەوانەیە من خۆم پێش هەندێك كەس بمرم، یەعنی كەس نازانێ كەی دەمریت و هەموومان لە تەمەنێكداین كە موعەرەزین بۆ ئەوەی بمرین. ئەوە یەكێكیان. دووەمیان من لە وتارێكدا كە بڵاوم كردۆتەوە بە ناونیشانی «دوای ئەو هەموو ڕەخنەیە ئینجا چی» لەوێدا چەندین سیناریۆم هێناوەتە پێشەوە. گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو حزب، گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو دەسەڵاتدا و گۆڕین لەدەرەوەی دەسەڵات و لە دەرەوەی حزب. من خۆم لە راستیدا هیچ وەڵامێكی دیاریكراوم لەسەر ئەوە نەداوەتەوە، جێمهێشتووە بۆ موناقەشەكردنێكی گشتی. دوای ئەوە كە تێركرا بە نووسینی گفتوگۆ، بە نووسینی وتار و بە گفتوگۆ ئەو كاتە خۆی ساغ دەكاتەوە لەسەر چی دەبێت.

گوڵان: كاك نه‌وشیروان لە ساڵانی 1980 تا 1985 و 86 تەقریبەن كاریگەرترین كاراكتەر بووی لە ناو هەناوی یەكێتی. ئایا پێیت وایە دەتوانی بەو تەوەجوهاتەی ئێستا هەتە هەمان ئەو كاراكتەرە ببینیتەوە كە لەو ساڵانەدا دەتبینی؟
 نه‌وشیروان : ئێستا دوو قۆناغی جیاوازە، ئەو زەمانەی تۆ باسی دەكەی قۆناغی شەڕی پێشمەرگایەتی بووە ئێستا قۆناغی هەڵبژاردن و دروستكردنی دامەزراوەیی دەوڵەت و ئەوانەیە. من تەمەنا دەكەم كە پارتیش و حزبەكانی تریش هەموو لەگەڵ رۆحی سەردەمدا بگونجێن و خۆیان تازە بكەنەوە. تۆ وەختێك كە باسی فرەیی(تعددیە) دەكەیت بەبێ ئەو حزبە مێژووییانە ناتوانیت پلورالیزم لەم وڵاتەدا دامەزرێنیت. لەبەر ئەوە ئەوەی كە من بۆ یەكێتی تەمەنا دەكەم چاكبوونەوە و ئیسلاحاتە كە بۆ پارتیش تەمەننای دەكەم.

گوڵان: بۆچوونێك هەیە دەڵێت كاك نەوشیروان مستەفا رێك واتا مام جەلال تاڵەبانی. بە مانایەكی تر كاك نەوشیروان ئێستا لە هەموو كاتێكی تر زیاتر خزمەت بە یەكێتی دەكات بەو تەوەجوهاتانەی كە ئێستا هەیەتی و لە بنەڕەتدا لەگەڵ مام جەلال هیچ جیاوازییەكی نییە،بەڵام بۆ ئەوەیەتی ئەوانەی كە لە یەكێتی دادەبڕێن كاك نه‌وشیروان كۆیان بكاتەوە؟
 نه‌وشیروان : ئەوە بیروڕای خۆیانە. بەڵام لە ژیاندا من هەمیشە عەبدی بیروباوەڕی خۆم بووم.عەبدی هیچ كەسێك نەبوویمە.

گوڵان: یەكێتی بەوە بەناوبانگە لەكاتی هەڵمەت و شەڕدا جیاوازیەكانی بچووك دەبێتەوە، بەڵام ئەو كاتانەی شەڕ نییە و دۆخەكە ئارام دەبێت ئیتر جیاوازیەكانیش زەق دەبنەوە. بۆ نموونە ئێستا كە ئاشتیەوسەقامگیری هەیە، كەچی خەریكە كۆنە برینەكان هەڵدەدرێنەوە. ئایا ئەمە تا چەند ڕاستە؟ چونكە تۆ ئەزموونێكی درێژت لەناو یەكێتی هەیە ئایا بەراستی وایە؟
 نه‌وشیروان : پێم وایە لە ئاشتیدا جیاوازیەكانی یەكێتی باشتر دەردەكەوێت لەگەڵ حزبەكانی تردا. بەڵام كام یەكێتی؟ئەم یەكێتیەی ئێستا پێم وایە زۆر جیاوازی نەماوە لەگەڵ پارتی.

گوڵان: ئیمڕۆ كاك نه‌وشیروان بەهێزترین ئۆپۆزیسیۆنە كە بە بارودۆخەكە ڕازی نییە، حزبی تریش هەن كە لەناو حكومەتیش بەشداریانكردووە یان نەیانكردووە، بەڵام ئەوان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لە گۆڕەپانەكە نییە. بەڵكو كاك نەوشیروان كاریگەرترین ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە كە ئەمڕۆ خەڵك چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكات كاریگەرتریش بێت لە ئێستا. ئایا مانای ئەوە نییە كە ئەو خەڵكەی تووڕە بووە لە ناو یەكێتی كە بە هەمان شێوەی ئێوە بیر دەكەنەوە و ناڕازین بە بارودۆخەكە و هەروەها ئەوانەیش كە سەربەخۆن یا لە نێوحزبەكانی تردان، كە ناڕازین، نه‌وشیروان بتوانیت سەركردایەتیان بكات و وەكو ئۆپۆزیسیۆنێكی پلە یەك و سنوورێك بۆ حكومەت و ئەو دەسەڵاتە دابنێیت كە هەیە، یان هەر مەبەستت ئەوەیە یەكێتی ئیسلاح بكەیت؟
 نه‌وشیروان : من ناتوانم بە خۆم بڵێم ئۆپۆزیسیۆن. من لەگەڵ هاوڕێكانمان كە جۆرێك لە تەیاری سیاسین كۆمەڵێك چەمكی سیاسیمان خستۆتە روو، ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ كەسێك نییە. ناحەزیمان لەگەڵ هیچ كەسێك نییە.

گوڵان: مەبەستم شتی شەخسی نییە، بەڵكو لە جیاوازی بیروڕا؟
 نه‌وشیروان : جیاوازی بیروڕای ئێمە لەسەر جۆری بەڕێوەبردنی دەوڵەتەكەیە. كە ئێمە پێمان وایە ئەم ئیدارەی كە ئێستا لە سلێمانی هەیە و ئەو ئیدارەی لە هەولێر و دهۆك هەیە لاساییكردنەوەی ئەوروپای شەرقیە كە پاشەڕۆژی نییە . بۆیە ئێمە كۆمەڵێك چەمكی سیاسیمان هێناوەتە ناو گۆڕەپانەكەوە و خستمانەتە روو . بۆ نموونە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت، كە وەختێك ئێمە باسی جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت دەكەین مەبەستمان ئەوە نییە كە حزب لە حكومەتدا نەبێت یان لە پەرلەمان نەبێت، بێگومان كە هەڵبژاردن دەكرێت حزبەكان بەشداری تێدا دەكەن و ئەوان نوێنەر دەنێرنە ناو پەرلەمان و كابینە و وەزارەت پێكدەهێنن . بە مانای ئەوەی وەختێك كە دەڵێی حزب و حكومەت لەیەك جیابكرێتەوە پاش هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینە ئیتر رۆڵی مەڵبەند و لق و ناوچە و كۆمیتە و مەكتەبی سیاسی لە دەستتێوەردان(تدخل) لە كاروباری ڕۆژانەی حكومەتدا نەمێنێت. وەختێك تۆ نوێنەرەكانی خۆت ئەنێریتە ناو وەزارەت ئەبێت لەڕێگەی ئەوانەوە كارەكانت بكەیت. وەختێك تۆ فراكسیۆنێكت هەیە لە ناو پەرلەماندا ئەتوانیت لەڕێگەی فراكسیۆنەكەی خۆتەوە كار بكەیت، نەك ئەوەی بەرپرسی مەڵبەند و بەرپرسی لق و ئەمانە ڕۆژانە تەداخول بكەن لە كاروباری حكومەتدا. بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی ئەوان دای بنێن، سەرۆكی شارەوانی ئەوان دایبنێن، بەرپرسی ئاسیش ئەوان دایبنێن، ئەمە یەكێكە لە خاڵەكان. خاڵێكی دیكە كە ئەوەی ئێمە زۆر بەلامانەوە گرنگە مەسەلەی شەفافیەتە، شەفافیەت لە كاروباری دارایی، لە كاروباری سیاسی، شەفافیەت لە هەموو لایەنەكانی ژیاندا چونكە تۆ ئیتر لە قۆناخی مەترسی و ساوایی دەرچوویتە دەرەوە. ئەزموونی ئێمە ئیتر ئەزموونێكی ساوا نییە. چ ڕێگرێك هەیە لەبەردەم ئەوەی كە هەردوو وەزارەتی مالیە بودجەی حكومەتی هەرێم بەرێتە بەردەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەیەوە بكرێت، چ ڕێگرێك هەیە لەبەردەمی ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت وەزیر بانگ بكات و محاكەمەی بكات و ئەگەر زانی كە وەزیرێكی لێوەشاوە نییە متمانەی لێ بسەنێتەوە و بیگۆڕێت. ئەو مەسەلەی عەداڵەتی كۆمەڵایەتییە كە لە زەمانی یۆنان و ڕۆمانەوە شەڕی لەسەر دەكرێ، ئێمە ئەو مەسەلانەمان تەرح كردووە نەهاتووین باسی ئەوە بكەین فڵان حزب خراپە و ئەمەیان وایە و ئەمەیان وایە. ئێمە پێمان وایە كە گۆڕین لە چەمكە سیاسیەكاندا بكرێت. ئێستا ئیدارەی سلێمانی ئیدارەی تاك حزبیە ئیدارەی فرەیی نیە كە باوەڕمان بە فرەیی هەیە.

گوڵان: پێت وانیە ئەو قۆناغەی ئێستا قۆناغێكی ئینتیقالیە هەموو قۆناغێكی ئینتیقالیش كاتی پێویستە، بە بڕیارێك هەموو شنێك ناكرێ،لە ڕوسیاش هەر وابوو بە ئاسانی یەكسەر نەكەوتە سەر ئەو سكەیەی كە جەنابت باسی دەكەیت، ماوەیەكی دەوێت جا لەوانەیە ماوەكە كورت بێت هەندێ جاریش ماوەكە درێژ دەبێت. ئەگەر پۆتین نەبوایە ڕەنگە ئەو قۆناغە دووبارە لە ڕوسیا درێژ دەبۆوە. مەبەست قۆناغە ئینتیقالیەكە. بەڵام پۆتین هات توانی ئەو قۆناغە زوو ببڕی، بەڵام لە كوردستان بەپێی ئەزموونمان و ئەوەی كە قەد دەوڵەت نەبووینە ڕەنگە ئەو قۆناغە درێژتر بێتەوە.
 نه‌وشیروان : ئەوە ڕەنگە، بۆچوونێك وایە. بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر ئیرادەی سیاسی لەلای سەركردەی هەردوو حزبەكە بێت، كوردستان هێشتا نەبووە بە دەوڵەتی موئەسەسات لەبەرئەوە بڕیاری سیاسی سەركردایەتی حزبەكان زۆر گرنگە لە گۆڕینی ڕەوتی ئەو گۆڕانە.

گوڵان: ئەو سەركردایەتیەش هێندە ئەزموونی نەبووە، ئەوە ئەو چەند ساڵەیە سەیری دنیا دەكات. پێشتر ئێمە هەموومان لە شاخ بووین و كەی بیرمان لەوە دەكردەوە دەبین بە دەوڵەت و بزانین حوكمڕانی چۆن دەبێت. بۆیە ناكرێ ئێستا خۆمان لەگەڵ وڵاتێكی ئەوڕووپی بەراورد بكەین، چونكە هەر ئاستی وشیاری كۆمەڵایەتیشمان لەچاو ئەوان زۆری ماوە، وانییە؟
 نەوشیروان : ئەتوانیت ئیستیفادە لە تەجروبەی خەڵك بكەیت. واتا تۆ بۆ ئەوەی كۆمپیوتەر دروست بكەیت ئەچیت لە بازاڕ كۆمپیوتەری حازر دەكڕیت یان خۆشت بە هەمان قۆناغدا ئەڕۆیت كە كۆمپیوتەریان درووست كردووە. بێ گومان ئەچیت كۆمپیوتەری حازر دەكرێت.

 گوڵان: كاك نەوشیروان تۆ ئێستا لە ناو یەكێتی تۆزێك بە بەرهەڵستكار یان بەهەر شێوەو ناوێك ناودەبرێیت. ئایا ئەوە لادانێك نییە لە پەیڕەوی ناخۆی یەكێتی؟ تۆ قاڵبووی ناو ئەو دۆخەی، بۆیە لە خۆت دەپرسم ئەوەی تۆ ئێستا دەیكەیت لادانە لە پەیڕەوی ناوخۆ، یان جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە؟
نه‌وشیروان : ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی یەكێتی خۆی، ئەوان خۆیان ئەتوانن بڕیاری لێبدەن.

گوڵان : بۆچوونێك هەیە دەڵێت لەوەتەی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چۆتە بەغدا و بووەتە سەرۆك كۆمار، بەهۆی سەرقاڵی لە بەغدا ئەوەندە ناپەڕژێتە سەر یەكێتی وەكو جاران، چونكە سەرقاڵی كیشەی سوننە و شیعە و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ...هتد، بۆیە هەندێ جاران كۆنتڕۆڵەكەی لەدەست دەردەچێت. ئایا فیعلەن ئەوە كاریگەری هەبووە كە ئەو ناكۆكیانەی خەریكە وردە وردە پەرەدەسەنن لە ناو یەكێتی بەهۆی دووری مام جەلالەوە بێت؟
 نه‌وشیروان :ڕەنگە ئەوە تەئسیرێكی گەورەی هەبێت، چونكە دوو ئەركی زۆر گەورەیە، لەلایەك تۆ سەركۆماری دەوڵەتێكی پڕ لە كێشەی وەك عێراق بیت و لە لایەكی ترەوە تۆ سكرتێری حزبێك بیت كە لە هەلو مەرجێكی وا ئاڵۆزاوی وەك كوردستانی عێڕاق دا بیت. بێگومان ڕێكخستن لە نێوان ئەو دوو ئەركە كارێكی وا ئاسان نییە.

گوڵان: كاك نەوشیروان زۆر باسی ئەوە دەكات كە گۆڕانێك بكرێت، گۆڕانێك وەك ئەوەی لە نسوسی خالسدا هاتووە. باشە عەلی وەردی كە ئەو كۆمەڵناسە بەناوبانگەیە دەڵێت هەموو ئەو گۆڕانانەی كە لە ڕۆژهەڵاتدا دەكرێن و ئەوانەی كە ئیدیعای گۆڕانكاری دەكەن، جگە لە دووبارە كردنەوەی مێژوو شتێكی نوێ نادەن بە دەستەوە. ڕات لەسەر ئەمە چیە؟ئایا فیعلەن ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەكرێن دوایی ئەنجامەكەی هەر ئەوەیە كە لە پێشتردا هەبووە یان فیعلەن گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتیشدا دەكرێ و زۆر جددیشە و جیاوازیشە لەوانی ڕابردوو؟
 نه‌وشیروان :بۆچی بچینە سەر ئەو نموونانەی كە عەلی وەردی هێناویەتەوە، من ئێستا حاڵی حازر لە كوردستانی عێڕاقدا لەو قۆناغەدا دەژیم. پرسیار لە خۆت دەكەم ئایا ئیمكانی چاكسازی لەم وڵاتەدا هەیە یان نییە؟ئیمكانی ئەوە هەیە كە عەدالەتێكی كۆمەڵایەتی جێبەجێ بكرێت یان نا؟ ئیمكانی ئەوە هەیە كە ئازادی ڕا دەربڕین و كاری سیاسی زۆرتر بێت یان نا؟ هەموو ئیمكانەكانی هەیە، من بۆچی خۆم ببەستمەوە بە قسەیەكی عەلی وەردی دەربارەی كۆمەڵگایەكی پێش چل ساڵ لەمەوبەر.

گوڵان:بەڵام خۆ عەلی وەردیش هەر وا ئەو قسەیەی نەكردووە، هەموو شۆرششەكانی هێناوەتە پێش چاوی خۆی ئینجا وای گوتووە، چونكە عەلی وەردی ڕەنگە جەنابت باش شارەزای بیت كە لە ناو واقیعی كۆمەڵایەتی بە تایبەتی عەرەب زۆر قاڵ بۆتەوە.
 نه‌وشیروان : بەڵێ وایە.

گوڵان:بەر لەوەی بێینە سەر باڵی ریفۆرم كە جەنابت سەركردایەتی دەكەیت. ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك كاك بەرهەم ساڵحیش، وای گوت دەبێت بزانین ئایا حزبی ڕابردووە یان ئایندەیە بە ڕای جەنابت؟ ئێمە ئەوە دەزانین لە ڕابردوودا شەرعیەتێكی شۆڕشگێرانەی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئایا دەبێت هەر لەسەر ئەو شەرعیەتە شۆڕشگێرانەیە بڕوات بەڕێوە، یان ئێستا تەماشا دەكەین یەكێتی حزبی ئایندەشە؟
نه‌وشیروان: من ناتوانم ئەو بڕیارە بدەم، وەك بڕیاری مەحكەمە وایە و من ئەو بڕیاری مەحكەمەیە نادەم، بەڵام ئەتوانم نموونەت لەسەر ئەوە بۆ بهێنمەوە. ئەگەر یەكێك سەروەت و سامانێكی زۆری بۆ بەجێ بمێنێت، كۆمەڵێك منداڵ لەو خێزانەدا هەبن و هەموو ڕۆژێك لە سەروەت و سامانە كۆنەكە بخۆن بەبێ ئەوەی شتێكی تازەی بخەنە سەر، ڕۆژێك دێت تەواو ببێت. سەروەریەكانی یەكێتیش بەس نین بۆ ئەوەی كە تۆ گەنج و نەوەی تازە پێگەیشتووی كوردی پێ قانع بكەیت. من هەتا ئێوارە بۆ یەكێكی باس بكەم چەند مانگ و چەند ڕۆژ لە ئەشكەوتێكدا ژیاوم، چەند مانگ و چەند ڕۆژ چووین كەمینمان داناوە و چەند مانگ و چەند ڕۆژ لە شاخ و داخ نووستووین و وامان كردووە، ئەوە هیچ فێری گەنجی ئەوسەردەمە ناكات. ئێمە ئێستا لە شۆڕشدا نەماوین ئێستا لە دەورانی حوكمڕانیاین. لە حوكمڕانیدا خەڵك چاوەڕێ دەكات ژیانی خۆشتر بێت، پاشەڕۆژی مسۆگەر بێت، زانكۆكانی باشتر بێت، ئەدائی حكومەتەكەی باشتر بێت، ئەمن و ئاسایش بەرقەراتر بێت، بازاڕ ببووژێتەوە، كوشتوكاڵ و پیشەسازی ببووژێتەوە. ئەوان ئەوەیان لە ئێمە ئەوێت. حیكایەتی ڕابردوو بە كەڵكی ئەو زەمانە نایێت.

 گوڵان: وەك خۆت باست كرد چەند جارێكیش لە یەكێتی ناڕازی بووی لە ساڵانی ڕابردوو و سەرەتای نەوەدەكانەوە تا ئێستا چەند جارێك ئاوا بوویت، بەڵام ئایا هەست ناكەیت ئەو جارە لە هەموو جارەكانی تر ناڕازیبوونەكەت بە دەنگێكی بەرزترە؟ دەتەوێ فیعلەن یەكێتی وەك ئەوەی جەنابت پێت وایە لە خەت لای داوە تۆ بیهێنیتەوە سەر خەت و وەكو جارانی لێكەیتەوە و كونجی گۆشەگیری نەگری؟چونكە ئەو جارە خەڵكێكی زۆر پشتگیریت دەكات و دەڵێن ئێمەش هەمان بۆچوونمان یان هەر بە سەراحەت دەنووسن ئێمە لەگەڵ خەتی كاك نەوشیروان داین.
نه‌وشیروان : ئێستا لەگەڵ جاران فەرقەكەی ئەوەیە كە جاران ئێمە لە خەتەر دابووین. پێش ڕووخانی سەدام حسێن مەترسی دەرەكی هەڕەشەی لێ دەكردین. ترسی ئەوەمان هەبوو ئیسلامی سیاسی كە لە هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەدا بوون و لە دواییدا بوون بە نەواتی درووست بوونی ئەلقاعیدە لە هەموو عێڕاقدا. هەردەم مەترسی ئەوە هەبوو كە بێن شاری سلێمانی و كوردستان داگیر بكەن. خەتەری بەعسیمان لەسەر بوو، خەتەری دەرەوەمان لەسەر بوو، ئێستا ئەو خەتەرەمان لەسەر نەماوە. بە ڕای من ئێستا خەتەر لەناو خۆمانەوەیە. ئێمە لەماوەی ئەو شازدە ساڵەی ڕابردوودا توانیومانە وەكو پێشتر باسم كرد بناغەی دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنین. كۆشكێكی گەورەمان درووست كردووە كە پێی دەڵێن حكومەتی كوردی. لەناو ئەم كۆشكە گەورەیە خەڵكی وای تێدایە كە شایستەی ئەو شوێنە نییە. ئیشی ئێمە ئەوە نییە ئەم تەلارە بڕووخێنین یا ئەم كۆشكە بڕووخێنین. ئیشی ئێمە بریتیە لە گۆڕینی سیستەمەكە و لە جۆری بەڕێوەبردنی ناو ماڵەكە. ئێستا قەوارە دەستووریەكەی كوردستانی عێڕاق چەسپاوە، خەتەری غەزوی خاریجیمان لەسەر نەماوە. ئەوپەڕی ئێران یا توركیا دێت سنوورەكانمان بۆردومان دەكات. دانیشتوانی هەموو سنوورەكان بەقەدەر دانیشتوانی گەڕەكێكی شاری هەولێر نابێت. لەبەرئەوە خەتەرەكە كە دێت لە جۆری بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی خۆمانەوەیە. ئەو زەمانە من نەمئەویست قسە بكەم لەبەرئەوەی لە لایەكەوە ترسمان هەبوو ئیسلامی سیاسی بێت مەنتیقەكەمان لەدەست دەربێنێت، لە لایەكەوە ئێمە سەد كیلۆمەتر لە مەقەڕی فەیلەقەوە دوور بووین لە كەركوك بە یەك شەو ئەیانتوانی بێنە كوردستانەوە شوێنەكانمان هەموو لێ تێكبدەن و بگەڕێنەوە. لە لایەكەوە خەتەری توركی هەبوو، لە لایەكی ترەوە خەتەری پارتی هەبوو لە زەمانی ناكۆكی بەینی یەكێتی و پارتیدا. تۆ مەجبووربوویت و ئەولەویەت بۆ ئەوەیە كە ئەگەر دام و دەزگایەك بە دڵیشیت نەبێت هەر ئەوەت پێ باشترە لەوەی دام و دەزگایەكی غەریب بێت سەیتەرە بكات بەسەرتەوە. ئێستا ئەوە نەماوە یەكێتی و پارتی ئیتیفاقی ستراتیژیان هەیە، خەتەری ئێرانمان بەسەر نەماوە، خەتەری توركیامان بەسەر نەماوە و خەتەری بەغداشمان بەسەر نەماوە. وەختی ئەوەیە ناو ماڵەكەی خۆمان ڕێكبخەین.

 گوڵان: باشە كاك نەوشیروان ئەو ڕاستە كە دەڵێیت نامانەوێت ئەو كۆشكە بڕووخێت، بەڵام هەست ناكەیت لە ڕۆژنامەی ڕۆژنامە كە جەنابت كۆمپانیای وشە بەڕێوە دەبەیت. بۆ نموونە چاوپێكەوتن لەگەڵ جاشێك دەكرێت كە تا سەر ئێسقانی خیانەتی لێ دەباری، تا بن هەنگڵی بە خوێنی ئەو خەڵكە داماوە سوور بووە كەچی ئەوان دێن و قسە بە حكومەتی هەرێم دەڵێن و قسە بە دەسەڵات دەڵێن. ئایا ئەوە برینی خەڵك چارەسەر دەكات یان زیاتر دەیكولێنێتەوە؟
 نه‌وشیروان: تۆ خۆت سەرنووسەری گۆڤارێكی ئەبێت باوەڕت بە ئازادی ڕادەربڕین هەبێت.

گوڵان: ئازادی لەگەڵ خەڵكی نیشتمانپەروەر.
نه‌وشیروان : نەخێر لەگەڵ هەموو كەسێكدا. تۆ دەبێت هەمیشە پەراوێزێك بهێڵیتەوە بۆ ڕای بەرامبەر، بۆ ڕای ناحەز، بۆ ڕای دوژمن. تۆ وەختێك كە ڕای كابرایەك بڵاودەكەیتەوە مانای ئەوە نییە تۆ پشتیوانی لێ ئەكەیت.

گوڵان:بەڵام خۆ دەزانین پێش وەخت قسەی خێر لە زمانی ئەو كابرایە نایەتە دەر كە تا سەر ئێسقانی خیانەتە.
نه‌وشیروان: بەڵێ ڕاست دەكەیت، بەڵام ئەوە بەشێك بووە لە كۆمەڵگای كوردی. كۆمەڵگای كوردی جاشیشی تێدا بووە، لەشفرۆشی تێدا بووە، سیخوڕی تێدا بووە، بەڵام بەگشتی هەمووی كۆمەڵگای كوردیە تۆ مەسئولیەتێكت هەیە بەرامبەری، ناتوانیت و زەمانی ئەوە نەماوە خەڵك تەسفیە بكەیت و توێژێكی كۆمەڵگا پاكتاو (تەسفیە)ە بكەیت. ئێمە دوای ڕاپەڕین كارێكی زۆر باشمان كرد كە جۆرێك لە ئاشتبوونەوەی نیشتمانیمان لەگەڵ هەموو ئەوانەی كە لەگەڵ حكومەت هاوكاربوون كرد. بوو بە سەبەبی ئەوەی كە ئارامی و ئاسایش تا رادەیەك لە كوردستاندا هەبێت.

گوڵان: زۆر جار باسی ئەوە دەكرێت كاك نەوشیروان خۆی پێشنیاری ئەوەی كرد كە ئامادەسازی بكرێت بۆ كۆنگرە و هەڵبژاردن لە كۆمیتە و مەڵبەندەكان و هەر جەنابیشت سەرپەرشتیاری ئەو هەڵبژاردنانە بووی. هیچ كێشەیەك نەبوو تەنانەت دوو سێ ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەكان كە هەندێك پێكدادان و تووڕەیی دروست بوو لە كوردستانی نوێ، لە شوێنێكیش دیمانەیەكت لەگەڵ كرابوو گوتبووت ئەوە شتێكی ئەوتۆ نییە كە شایەنی باس بێت، كەچی دەڵێن دوایی ئێوە دەنگتان كەم هێنا بۆیە هەڵوێستت وەرگرت. ئایا دەكرێت ئەمە زیاتر ڕوون بكەیتەوە؟
نه‌وشیروان :ڕاستە وایە ئێمە دەنگمان نەهێنا بۆیە هەڵوێستمان وەرگرت و هاتمە دەرەوە. هیچ عەیبی تێدا نییە.

گوڵان: واتا بڕوات بەوە نەبوو كە تۆ كەمینەی خۆت بكەیت بە زۆرینە؟
 نه‌وشیروان: خۆم چۆن بكەم بە زۆرینە. وەختێك تۆ ئەكەویتە ناكۆكیەوە لەگەڵ باڵێك..

گوڵان: لە پرۆسەی دیموكراسیدا خۆی هەر وایە.
 نه‌وشیروان: نەخێر لە پرۆسەی دیموكراسیدا ئاسایش بێ لایەنە، هێزی چەكدار بێ لایەنە، دەزگای ڕاگەیاندن بێ لایەنە و پارەوپوول بێ لایەنە. لەم هەڵبژاردنەی ئێمە ئەوانە بێ لایەن نەبوون.

گوڵان: یەكێتی هەمیشە و هەر لەگەڵ درووست بوونیەوە باڵی جیاوازی هەبووە. وەك باسمان كرد كۆمەڵەی ڕنجدەران و شۆرشگێران و هێڵی پان . بەڵام هەست ناكەیت ئەو یەك دوو ساڵەی ئێستا جیاوازیەكان وردە وردە بەرتەسكدەبنەوە، بە مانایەكی تر ئەو فەزایە كەم بۆتەوە كە بتوانی لەناو یەكێتیدا جیاوازی نیشان بدرێت؟بە تایبەتی ئەو تەنگپێهەڵچنینەی باڵی ریفۆرم كە ئێستا هەر ڕۆژەی چاوەڕوانی بڕیارێك دەكەن كە چیان بەسەر دێت. مەبەستم ئەوەیە پێكەوەژیانی جیاوازی ئاوا ناكرێت، جیاوازی ئەوەیە كابرا دەنگی خۆی بە ئازادانە هەڵبڕێ. ئێستا هەست دەكەیت ئەو جیاوازیە بەرفراوان نییە؟.
نه‌وشیروان: وایە ئێستا سوڵتە و دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە.

گوڵان: بەشێك لەو باڵەی ریفۆرم ئێستا پێیان وایە دەبێت سكرتێر و بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی دەست لەكار بكێشێتەوە. ئایا هەست ناكەیت ئەوە بڕیارێكی زۆر قورسە؟
 نه‌وشیروان: مەسەلەی دەست لەكاركێشانەوە، ئەوە ڕەنگە بەس لە كۆمەڵگای رۆژهەڵاتیدا ئەو داوایە بە كفر حیساب بێت، ئەگینا لە هەموو جێگایەك دەبێت بڵێیی بڕۆوە و دەست لەكار هەڵگرە.

گوڵان:ئاخر ئێمەش لە كۆمەڵگایەكی رۆژهەڵاتی كە ئەو قسەیە بكەین هەست ناكەیت قورسە؟
 نه‌وشیروان :بەڵێ قورسە وایە. خۆ باڵی ریفۆرم ئەو داوایەیان نەكردووە ڕەگ ئەو داوایەی كردووە. بەڵام خۆ كفریان نەكردووە. یەكێكیان نموونەیەكی باشی هێناوە كە وتی ئەگەر راهێنەر (مدرب )ی تیپێكی فوتبۆڵ سێ جار تیپەكەی دۆڕاندی ئەبێت خۆی بڕوات و وازبێنێت. خۆت شارەزای یەكێك لە ناكۆكیە سەرەكیەكانی نێوان لینین و هەموو حزبە سۆشیال دیموكراتەكانی دونیای وەختی خۆی لەسەر ئەوەبووە كە لینین باوەڕی بەوە بووە شۆڕشی پڕۆلیتاری بكات، دكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بكات، لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت. لینین پێی وابووە ململانێی چینایەتی بزوێنەری مێژووە. سۆشیال دیموكراتەكان لایەنگری ئەوەبوون كە ئەبێت سلمی چینایەتی بڵاوبكرێتەوە، جیاوازی چینایەتی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا كەم بكرێتەوە و لەڕێگەی ئاشتییەوە كارەكانیان بكەن. ئێستا یەكێك لەو شتانەی كە پێموایە ئەو برادەرانەی لەناو یەكێتی و لەناو كورددا شت دەنووسن لەسەر سۆشیال دیموكرات، باوەڕم وایە لە جەوهەری سۆشیال دیموكرات تێنەگەیشتوون. چونكە بەو كارەی ئێستا كە ئەوان دەیكەن جیاوازە و دەلاقەكەی چینایەتی گەورەتر دەكەن لەجیاتی ئەوەی چینەكان لەیەكتری نزیك ببنەوە.جەوهەری فكری سۆشیال دیموكرات ئەوەیە كە تۆ هەوڵبدەیت لەرێگەی دیموكراتی و لەڕێگەی هێمنی و پەرلەمان و ئەمانە جیاوازی نێوان چینەكان كەم بكەیتەوە. چینە هەژارەكە ئاستی ژیانیان بەرزبێتەوە و چینە دەوڵەمەندەكەش لەڕێگەی باج و ئەو شتانەوە سامانەكانیان بێتە خوارەوە و بیكەن بە موڵكی دەوڵەت. ئێمە لەو قۆناغەداین. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی كە باسی سۆشیال دیموكرات دەكەن وەك شتێك تێیدەگەن، تەنانەت فەهد لە زەمانی خۆیدا كە حزبی شیوعی دروستكردووە وتویەتی باوەڕی بە سۆشیال دیموكرات نییە.

گوڵان: فەهد ستالینی بوو. هەر لە سەردەمی ستالینیشدا دروست بوو..
نه‌وشیروان :بەڵێ ستالینی بوو. ئەوەی ئێمەش ئێستا تەقریبەن هەر ستالینیەتە.

گوڵان:ڕاستە كە دەڵێن باڵی ریفۆرم لەبەرئەوەی لە ئیمتیازەكان دوور خرابوونەوە بۆیە ئەو دەنگەیان هەڵبڕی و باڵێكیان دروست كرد بە ناوی ریفۆرم بۆ ئەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بێتەوە دەست خۆیان؟ ئەگینا هیچ مەسەلەیەكی فكری بەو مانای سیاسی نییە كە یەكێتی بەرەو لێكهەڵوەشانەوە یان دابڕین لە میللەت ببات؟ بەڵام ئیمتیازەكانیان لەبەردەست نییە بۆیە وا دەكەن؟
 نه‌وشیروان :هەموو شتێكیان لەبەر دەست بووە تا ئێستاش لەبەر دەستیاندایە.

گوڵان:ئەی ئێستا ئەو چوار ئەندامی مەكتەب سیاسیە باسی ئەوە دەكەن كە ئەو پارە و پوولە سەرف دەكرێت كەس نازانێت چۆن سەرف دەكرێت؟.
نه‌وشیروان: ئەمە مافی سروشتی هەر ئەندام مەكتەبێكی سیاسیە، پەیوەندی بەوە نییە، پەیوەندی بەوەوە هەیە دەبێت بزانیت ئەو حزبەی لەناویدا كاری تێدا دەكەی سەرمایەكەی لە كوێیە بە دەستی كێیە و چی لێ دەكرێت و چەندیشە؟.

 گوڵان:واتا ئەو پارەو پوولە بەدەست باڵی ریفۆرمەوە نییە؟
نه‌وشیروان :بەدەست كەسەوە نییە، كەس نازانێت بەدەست كێیەوەیە. ئەگینا ئەوانە هیچ كەسێكیان ئیمتیازاتیان لێ نەسەنراوەتەوە. هەندێكیان وەزیرن و هەندێكیان پلەی زۆر بەرزیان هەیە.

گوڵان: ئەوەی وەزیریش بوو ئەو ڕۆژە وتیان تا ئێستا وەزیرە و لاشمان نەداوە، واتا ئەگەر بیرۆكەی لادانی گەڵاڵە كرابێت؟
 نه‌وشیروان :دوور نییە، بەڵام من مەبەستم وەڵامی پرسیارەكەی تۆیە، واتا هیچ كەسێك لەو كەسانەی كە ئەو بیرۆكانەیان هێناوەتە پێش لە ئەنجامی ئەوەوە نەبووە كە ئیمتیازاتیان لێ سەنراوەتەوە، نەخێر وا نییە.

گوڵان: ئەو هەڵوێستانەی كاك نەوشیروان لە لایەك و هەڵوێستی هەندێك لە سەركردایەتی یەكێتی لە لایەكی تر كە خەریكە پێكهەڵدەشاخێن، ئەمە وا دەكات بواری ئەوە زۆر كەم بێتەوە كە كاك نەوشیروان بەردەوام بێت لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا؟ ئەگەر وای لێبێت تۆ ئەڵتەرناتیڤت هەیە؟ چونكە بە تەئكید تۆ ناتوانیت وەك هاووڵاتیەكی ئاسایی بژیت، قسەی تۆ جۆرێكە هەموو كوردستان دەبێ موتابەعەی بكات و بزانێت بەرەو كام ئاقار هەنگاو هەڵدەگری، لەبەرئەوە ئەگەر وای لێهات تۆ لەناو یەكێتی نیشتمانی نەتوانیت بەردەوام بیت و درێژە بەو هەڵوێستانەی خۆت بدەیت؟ ئەڵتەرناتیڤت چییە؟
نه‌وشیروان :هەروەكو ئێستا چی ئەكەم هەر وەها ئەكەم. گوڵان:بەڵام ئێستا لەناو یەكێتیت. نه‌وشیروان : ئێستا لەناو یەكێتی نیم. لە درەوەی یەكێتی قسە ئەكەم، من نە لە مەكتەبی سیاسیم نە لە سەركردایەتیم نە لە مەڵبەندم. دوایی ئەوەی كە تۆ باست كرد، ڕەنگە تۆ پرسیارەكەت زۆر بە دیبلۆماسیانە كرد. من خۆم نە حزبم هەیە، نە دەزگای دیكەم هەیە و نە ڕێكخراوی سیاسیم هەیە. واتا ئەگەر شەڕیش ببێ من لایەنگری شەڕ نیم، ئێمە تازە خەریكین بیر هەڵدەكەنین و خانوو دروست دەكەین، ئێمە بە تەمای پرۆسەیەكی زۆر هێمن و دیموكراتین.

گوڵان:هەندێك لەوانەی كە ئێستا لە سەركردایەتی یەكێتین دەڵێن كاك نەوشیروان هەڕەشەیە بۆ سەر یەكێتی؟ واتە تۆ دەتەوێ یەكێتی لەبەریەك هەڵوەشێنیتەوە و فەوزایەك لە ناو یەكێتی دروست بێ و ئەو ئارامی و هێمنییەی لە ناو یەكێتی هەیە نەمینێت. ئەمە تا چەند راستە یان بە پێچەوانەوە تۆ هێزی مانەوەی یەكێتی. كامەیانی؟
 نه‌وشیروان : ئەوە ئەتوانیت لە خۆیان بپرسیت.

گوڵان: كاك نەوشیروان دوای چل ساڵ خەبات كە لەگەڵ ئەودۆخە تاڵ و شیرینەی یەكێتی دەڕۆیت و قوربانیت داوە و ماندوو بوویت و هەموو ڕێگایەكی سەختت گرتۆتە بەر بۆ سەركەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. ئێستا ڕێگا دەدەیت یەكێتی نیشتمانی تووشی كەرت بوون بێت؟
 نه‌وشیروان: من لەوەتی خۆم هاتوومەتە دەرەوە بە یەك كەسم نەوتووە وازبێنێت، هەرچیش پرسی بە من كردبێت وتوومە ئەوە ئارەزووی خۆتە.

گوڵان: بەڵام تۆ كاریگەری زۆرت هەیە چونكە تۆ سی چل ساڵ خەباتت لەم حزبە هەیە...
نه‌وشیروان: تۆ بیستووتە كەسێك لەناو یەكێتی بووبێت و من پێم وتبێت لەناو یەكێتی وەرە دەرەوە و ئیستیقالە بكە؟

گوڵان: نەمبیستووە بەڵام كە تۆ دابڕای خەڵكێك بە تۆ موتەئەسیرە، خەڵكێكی زۆریش.
نه‌وشیروان :ئینجا ئەوە دەكەوێتە سەر خۆیان، من كەسم هان نەداوە واز لە یەكێتی بێنێت. بە پێچەوانەوە هەر كەسێك لە منی پرسیبێ وتوومە لە شوێنی خۆتدا بمێنەرەوە و ئیشی باش بكە. ئێمە بەدیلێكی ترمان نییە تا ئێستا پێی بڵێم لەوە واز بێنە و وەرە خەریكی ئەمە بە.

گوڵان:كاك نەشیروان وابزانم لەو دواییە مام جەلال بڕیارێكی دا كە تەوافوقێك دروست بێت لەنێوان ئەوانەی كە لە كۆنفرانسدا بۆهەڵبژاردنەكان دەرنەچوون، ئەوانیش بێن بۆ كۆنگرە. ئایا ئەو كێشەیە بەوە چارەسەر دەبێت؟ئەگەر ئەوانەی كە دەریشنەچوون بە دەنگدان كە حەقی خۆیان بوو دەنگ بهێنن بەهەر هۆكارێك بووبێت دەنگیان نەهێنا، ئەگەر ئەوانە بێنە كۆنگرە دڵی كاك نەوشیروان چاك دەكاتەوە؟
نه‌وشیروان: ئێمە موشكیلەكەمان ئەشخاس نییە، واتا ئەوە نییە چەند كەسێك لاببرێت و چەند كەسێك بچێتە شوێنی. ئێمە موشكیلەكەمان ئەوەیە گۆڕین چۆن لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئیشەكاندا ئەكرێت، گۆڕین چۆن لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەكرێت، گۆڕین چۆن لە بەرنامەی حزبەكەدا ئەكرێت ئەگینا ئەگەر هەموو سەركردایەتی بگۆڕدرێت ئەگەر بە هەمان ئەو سیستەمەی ئێستا ئیش بكەن هەمان بابەت و گرفتە. سیستەمی ئیشی یەكێتی سیستەمێكی سەرۆكایەتییە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەبەردەمی شەخسی سكرتێری گشتیدا بەرپرسن، واتا لەبەردەمی یەكتریدا بەرپرس نین، مەبەستم ئەوەیە دانانیشن لە كۆبوونەوەكاندا پرس و ڕا بە یەكتری بكەن. مەسەلەی تەوافوقیش تۆ بێیت پێنچ كەس لەبەر خاتری من و پێنچ كەس لەبەر خاتری سەركردایەتی و لەبەر خاتری مەكتەبی سیاسی بهێنی بۆ كۆنگرە، پێم وایە ئەوە چارەسەری گرفت و كێشەكان ناكات. چونكە موشكیلەكانی یەكێتی لەوە قووڵترن.

گوڵان:ئەوە تەوافوقێكە وەك ئەوەی لە بەغدا دەكرێت. ئەوەش ڕەنگە چارەسەرێكی كاتی بێت بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن بە یەكەوە هەڵبكەن.
نه‌وشیروان :وەك ئێستا عەرزم كردی گرفتی ئەشخاس نییە، گرفت ئەوەیە دەلاقەیەكی گەورە لە نێوان یەكێتی و خەڵكدا درووست بووە. دەلاقە دروستبووە لەنێوان قاعیدەی یەكێتی و سەركردایەتیەكەی.

گوڵان:ئەگەر تۆ ببیتە جێگری سكرتێری گشتی كە پێشتریش جێگر بووی، ئەو هەموو كادیر و تەنانەت هەندێك لە ئەوانەیش كە لە مەكتەبی سیاسین و پەیڕەوی تۆ دەكەن، ئایا بەم هێزەوە ناتوانیت ئەو دەلاقەیە بچووك بكەیتەوە و ئەو فەزا گەورەیەی لە نێوان خەڵك و یەكێتی نیشتمانی هەیە بە لای كەمی سەدا پەنجای كەم بكەیەوە؟
 نه‌وشیروان :بۆم نەكرا بۆیە هاتمە دەرەوە، نەمتوانی.

گوڵان:باشە ئەی ئەگەر بڕیاریان دا بۆ نموونە بۆ ئەوەی لەبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان تووشی وەزعێكی خراپ نەبێت سەرلەنوێ كۆنفرانسەكان دەست پێبكەنەوە، واتە ئەوەی كە كرا قبوڵ نەبێت دووبارە وەك پێشتر سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانیش هەر خۆت بیكەیت. ئایا ئامادەی ئەوە بكەیت؟
 نه‌وشیروان: ئەوە گریمانەیەكە لە وەختی خۆیدا باسی دەكەین.

 گوڵان:كاك نەوشیروان تۆ جگە لەوەی وەك سیاسیش وەك نووسەرێك و وەك ڕۆشنبیرێكیش تا ڕادەیەك جێ دەستت لە بواری رۆشنبیری و نووسینیشدا بەرچاوە. خەڵك چاوەڕوانی دەكرد كە كۆمپانیای وشە دادەمەزرێت بەڕاستی چاوەڕوانی شتی گەورەی دەكرد، بەڵام ئێستا هەست دەكەیت كۆمپانیای وشەش ئەوە نەبوو كە كاك نەوشیروان بەڕێوەی دەبات .چونكە تەسەور دەكرا كاك نەوشیروان دوای ئەو شارەزاییەی لە بواری سیاسەت و نووسین دا هەیەتی رەنگە شتێك بكات كە زۆر جیاواز بێت لەو دۆخەی كە رۆژنامەگەری كوردی هەیەتی، ناڵێم هیچ جیاوازی نییە، تا رادەیەك هەیە بەو ئاراستەیەی كە ئێوە خۆتان دەتانەوێ.بەڵام ئەوەش نییە كە خەڵك پێی وابوو كۆمپانیای وشە شتێكی نەوعی دەبێت، بەتایبەت ئەگەر دروستكردنی هەواڵی لێ دەركەی، كە من ئەمەیانم پێ باشە، ئەوانی تری تۆزێك لە رۆژنامە ئەهلییەكانی تر باشترە، پرسیار ئەوەیە ئێستا خۆت لەبەڕێوەبردنی ئەو كۆمپانیایە بەو وەزعەی ئێستای ڕازیت؟
نه‌وشیروان : بەو توانا كەمەوە كە هەمانە بەڵێ ڕازیم.

 گوڵان: بەڵام، رەنگە ئەوە پاساو نەبێت.
نه‌وشیروان :نا ئەوە پاساو نییە، ئێمە داماننابوو ناوەند (مركز )ێك دروست بكەین بۆ لێكۆڵینەوەی ئابووری، سیاسی، عەسكەری و بواری جیاجیا بە شارەزاییەوە. كە وەختێك حیسابمان كرد بۆ سێ مانگ پارەو پوولێكی زۆری تێدەچێت. داماننابوو بۆ نموونە بڵێین تەلەڤزیۆنەكەمان زووتر بخەینە ئیش، خۆت دەزانیت بودجەی تەلەڤزیۆن چەندی ئەوێت، ڕۆژنامەی ڕۆژانە بودجەی چەندی ئەوێت، كە وەختێك تۆ ڕاپرسیەك ئەكەیت خۆت ئەزانیت بودجەی چەندی ئەوێت. ئێمە تا ئێستا بێجگە لەو پارەیەی كە ئەوەڵجار لە مام جەلال مان وەرگرتووە هیچ پارەیەكمان لە هیچ لایەن و جیهەتێكەوە وەرنەگرتووە، بەو ئیمكانیەتەی كە ئێستا ئێمە هەمانە ئەوەندەمان پێ ئەكرێت. ئومێدم وایە لە پاشەڕۆژدا بتوانین زیاتر بكەین. دوای ئەوەش، خەڵك هەمیشە چاوەڕوانیەكانی زۆرە، واتا چاوەڕوانییەكانی زۆرترە لەوەی كە تۆ بتوانیت پێشكەشی بكەیت. خەڵك پێی وابووە كە ئەگەر حكومەتی كوردی هەبێت خەڵك هەمووی لە بەهەشتدا ئەژیت.

گوڵان:كاك نەوشیروان ئەگەر تووشی قەیرانێكی دارایی هاتی، ئەوەش واریدە، لەگەڵ یەكێتیش وەزعت بەو شێوەیە بێت كە ئەوان هاوكاریت نەكەن. هەست ناكەی تووشی قەیرانێك دەبیت و ڕەنگە بە زەحمەت بتوانیت لێی دەرچیت؟
 نه‌وشیروان : لەوانەیە

گوڵان: واتا بەرچاوڕوونیەكت بۆ كۆمپانیای وشە لەبەر چاو نییە؟
نه‌وشیروان : بەڵێ لەبەر چاومە، ڕەنگە ماوەیەكی تر پڕۆژەیەك بە پەرلەمان بدەین بۆ جۆری یارمەتیدانی میدیای ئەهلی میدیای كەرتی تایبەتی.

گوڵان:ئەگەر پەرلەمان پەسندی نەكرد، چونكە ڕەنگە ئەوەش زەحمەت بێت؟ لەبەرئەوەی رەنگە تا رادەیەك فەوزایەك لە نێو بواری راگەیاندن بەتایبەت ئەوەی پێی دەڵێن میدیای ئەهلی هەبێت و، ڕەنگە حكومەت و پەرلەمانیش تا ڕادەیەك دڵیان پێی خۆش نەبێت.
نه‌وشیروان :وایە، بەڵام ئەوە ئەركی حكومەتە، وەك چۆن لە سلێمانی ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندنە هەیە بە پارەی گشتی ئیش دەكەن، لە هەولێریش ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندنە هەیە بە پارەی گشتی ئیش دەكەن، مافێكی سروشتی دەزگا ئەهلیەكانیشە كە شەریك بن. یان هی ئەوان ببڕن، یا ئەوانیش بژیێنن. گوڵان:بەڵام ئەگەر نەیانكرد تۆ چی دەكەیت؟ هەر زۆر زۆر ناچار دەبیت جار جار شتێك بنووسیت، لەوە زیاتر چیت پێدەكرێت؟ نه‌وشیروان:با لە ئێستاوە بڕیار نەدەین، با چاوەڕێ بكەین باشترە.

گوڵان :كاك نەوشیروان زۆر خۆی لە دیمانە دەپارێزێت، ئایا بەڕاستی گوشاری لەسەرە یان ترسی ئەوەی هەیە بە شێوەیەك لە شێوەكان خەڵكێك تووڕە بكات یان خۆی بە مەرجەعیەتێك دەزانێ بۆ نموونە وەك سیستانی، موقتەدا،...هتد حەقیقەتی خۆیان نیشان نادەن و بڕیاریش هەموو لە ژوورەكەی ئەوەوە دەڕوات؟
 نه‌وشیروان :نەخێر، ڕەنگە هۆی سەرەكی ئەوەی كە خۆم لە دیمانە دەپارێزم بەڕاستی وەك خۆت دەزانی ڕۆژنامەنووس عادەتەن فزوڵین ڕاتدەكێشن بۆ قسە كردن، حەز ناكەم ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو قسانەی كە ئەیكەم، خۆت ئەزانی من بە سەراحەت و راشكاوی قسە ئەكەم و خۆم لا نادەم، واتا نامەوێ قسەكانم لە توێكڵێكدا بپێچمەوە. جاری وا هەبووە كە من قسەیەكم كردووە حزبێك، سەركردەیەك، گرووپێك یا لایەنێك بە شێوەیەكی تر سەیریان كردووە و بە خراپ لێكیان داوەتەوە. هۆكارەكە ئەوەیە ئەگینا نە خۆم بە مەرجەع ئەزانم و نە ئەو شتانە. هەرچیشی وتوومە من بە وتار نووسیومە.

گوڵان: خۆ خەڵكی تریش هەیە ڕۆژانە دیمانە دەكات و بە خراپیش لێك دەدرێتەوە و گوێشی پێنادات.
نه‌وشیروان: من گوێی پێ ئەدەم، به‌لامەوە گرنگە كە بە خۆڕایی هیچ لایەك زویر نەكەم.

گوڵان: كاك نەوشیروان دوای ئەوەی ئەو وەزعە گەرم بوو عومەر شێخ مووس گوتی من بۆ ئەوە هاتوومەتەوە بۆ ئەوەی وەزعەكە هێور بكەمەوە. كاك كۆسرەتیش ڕەنگە ڕۆڵێك ببینێت. ئایا پێت وایە بە ناوبژیوان ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەكرێت؟ واتا كێشەی ئێوە كێشەی ئەوەیە خەڵك ببێتە ناوبژیوان و ئێوە تۆزێك سارد بكەنەوە و ئەولاش سارد بكەنەوە بۆ ماوەیەكی كاتی؟ یان كێشەی ئێوە كێشەیەكی سیاسیە و دەبێت گۆڕانكاری سیاسی لە ئیدارە و لە سیستەمەكە بكرێت؟
 نه‌وشیروان: وایە، گۆڕانی سیاسیش بەشێكە لە گفتوگۆ، واتا گۆڕانی سیاسی بە گفتوگۆ ئەكرێت. ناوبژیوانی و قسەكانی ئەوانیش بەشێكە لەو گفتوگۆیانە و شتێكی باشە كە بكرێت. باشترین ڕێگاش ڕێگای گفتوگۆیە و من خۆم بڕوام بە دانوستان هەیە.

گوڵان:واتا گەشبینی بەوەی كە ئەگەر ئەوان هاتنە ناو ئەو كێشەوە وەزعەكە تۆزێك باشتر بكەن؟
نه‌وشیروان :پێم وانییە بگەنە ئەنجامێكی گەورە، بەڵام هەر لە هیچ باشترە. هەمیشە كردن باشترە لە نەكردن.

گوڵان:ڕاستە باڵی ریفۆرم دەنگێكی جیاوازە لەناو یەكێتی چ بۆ حكومەت چ لەناو حزبەكانی تریش. بەڵام هەست ناكەیت ئێوە تا ئێستا پڕۆژەیەكی جددیتان نییە بۆ بەڕێوەبردنی حوكم،بۆ سیاسەتی حوكم، بۆ رۆشنبیری حوكم،..هتد، ڕاستە لە وتارەكانت شتێك دەڵێیت، بەڵام وتارەكانت لەسەر بابەتێكە، بۆ نموونە ئەوەی ڕابردوو لەسەر ئەوە بوو كە مامەڵەمان لەگەڵ توركمانەكانی كەركوك چۆن بێت. ئەوانە پڕۆژە نین بەو مانایەی پڕۆژە بن بۆ هەموو كاروبارەكانی جكومەت. هەست ناكەیت كەموكورتیتان هەیە بەوەی تەرحەكانتان هێشتا بە پێی پێویست پێنەگەیشتووە؟
 نه‌وشیروان :من قسەكەر نیم بە ناوی ریفۆرمەوە. ریفۆرمیش بە مانای باڵ وەك زەمانی كۆن نییە سەركردایەتیەكی هەبێت و دانیشێت و كۆبوونەوە بكات و بەرنامە دابنێت، ریفۆرم تا ئێستا ئیتیجاهێكی سیاسیە،تەوەجوهە، تا ئێستا تەیارێكە. یەعنی ئەوە نییە تۆ بڵێیت كۆمەڵێك خەڵكن پێكەوە گروپێكیان درووست كردووە و ئەو گروپە لەڕووی فكریەوە لەسەر هەموو شتێك مولتەزیمن و دانیشتوون بەرنامەیەك دائەنێن وەك بەدیل. لەبەرئەوە من قسەكەر نیم بەناوی ئەوانەوە ئەو شتانەی كە بڵاوی دەكەمەوە زیاتر هی خۆمن.

گوڵان:بە رای تۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەو وەزعەوە بۆ كوێ دەڕوات؟ واتا بەرەو بەهێزبوون یان لێكهەڵوەشانەوە كە هەندێ جار لەناو سەركردایەتی یەكێتیش قسەی وا دەكرێت كە ئەگەر یەكێتی بەم وەزعە هەر بەردەوام بێت ڕەنگە دەیانەوێت واتە ئێوە دەتانەوێت یەكێتی بچووك بێتەوە و ببێتە حزبێكی ژمارە پێنچ یان ژمارە چوار.
نه‌وشیروان:من خۆم باوەڕم بەوە نییە كە یەكێتی هەڵدەوەشێتەوە یان لەناو دەچێت. ڕەنگە لاواز ببێتەوە بەڵام نە هەڵدەوەشێتەوە نە لەناودەچێت.

گوڵان:دوای ئەو هەموو مشت و مڕەی كە كرا و دوای ئەو هەمووە ڕەخنە و ڕەخنەكاریەی كە كاك نەوشیروان بەسەریدا هات و ئیتر چەند جارێك مام جەلالی بینیوە لە سەردانەكانی ئێرە (سلێمانی)، ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ مام جەلال چۆنە؟ بەڕاستی درزێكی زۆر بچووكیش بێت لێی نەكەوتووە دوای ئەوەی كە تۆ ڕای جیاوازت زەق كردۆتەوە؟ یان هەر ئەو مام جەلال و كاك نەوشیروانەن كە جاران پێكەوە لە شاخ بوون و یەك دڵ و یەك گیان بوون؟
 نه‌وشیروان:لەسەر ئاستی شەخسی پەیوەندیم لەگەڵ هەموویان باشە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی ئێمە ناكۆكین.

گوڵان:ئەو ئاستە سیاسیە كە بۆچوونەكانی خۆتی تێدا دەخەیتە روو بۆچوونی مام جەلال لێت نزیك نابێتەوە؟
 نه‌وشیروان: خۆم وا هەستم نەكردووە.

گوڵان:بەپێی ئەو دیمانەیەی ئێستا لەگەڵ جەنابتم كرد هەست ناكەم تۆ وەكو ئەردۆگان كە لە حزبی رەفاه هاتە دەرەوە و حزبی داد وگەشەپێدانی دروست كرد و لە هەڵبژاردنەكانیشا سەركەوت،یان وەكو شارۆن كە لە حزبی لیكۆد هاتە دەرەوەو حزبی كادیمای دروست كرد و ئەویش لە هەڵبژاردنەكانا سەركەوت، نموونەی تریش زۆرن، پرسیار ئەوەیە من لەم دیمانەیەدا هەستم نەكرد تۆ چاوەڕوانی ئەوە بكەیت بەیانی چ یەكێتی بگریتە دەست خۆت بە شێوەیەكی بەرفراوانتر لە ئێستا، یان حزبێكی نوێ دروست بكەیت كە بنكەیەكی جەماوەری لە ئێستای یەكێتی زیاتری هەبێت. وا هەست دەكەم تەنها هەندێك بۆچوون هەیە دەیخەیتە ڕوو كەلە بۆچوونەكانی یەكێتی جیاوازە و ئیتر لەوە زیاتر شتێكی تر نییە.وایە؟؟
 نه‌وشیروان :وایە،ئەو زەمینە دیموكراسیەی كە لە توركیا هەیە بۆ دروستكردنی حزب، كوا لە كوردستان هەیە...

گوڵان:ئەو زەمینە سیاسیە هەبوایە ئێستا هەنگاوی ترت دەنا؟
 نه‌وشیروان :ئەوە ڕەنگەیە، لەبەرئەوە ئینسان ناتونێت لەسەر ڕەنگە شت ئیمزا بكات.

گوڵان:دوا پرسیار، جیاوازیەكانی كاك نەوشیروان ئایا بەشێكە لە سیاسەتی گشتی یەكێتی یان ئێستا كاك نەوشیروان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دابڕاوە؟ جاران زۆر سرووشتی بوو كە ڕای جیاوازیشت هەبوو هەر سەركردەی یەكێتی نیشتمانیش بووی. ئایا ئێستا لە یەكێتی دابڕاوی چونكە ئەو ڕەئی جیاوازیە قوبوڵ ناكرێت، یان هەر لەناو یەكێتی؟
 نه‌وشیروان :مەبەستت لەناو یەكێتی چییە؟من ڕۆژانە بە دەیان كادیری یەكێتی دەبینم، سەركردەی یەكێتی ئەبینم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەبینم، خەڵك ئەبینم. بۆ دابڕان من بە هیچ جۆرێك دانەبڕاوم، بەڵام ئێستا من بەشێك نیم لە سیاسەتی یەكێتی.

گوڵان:باشە تۆ ئەو گلەییانە دەكەی لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، پێت وایە ئەگەر تۆ سەرۆكی وەفدی كوردی و نوێنەری كورد بوایت لەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ بەغدا دەكرێن گۆڕانكاریەك دروست دەبوو؟واتا وەزعی كورد باشتر دەبوو یان ئەگەر جەنابیشت بوایت هەر ئەوە دەبوو كە ئێستا هەیە؟
 نه‌وشیروان:ئەو زەمانەی كە هێشتا ئەنجوومەنی حوكم مابوو وتارێكم نووسی باسی ئەوەم كرد زەمانی گوڵبارانكردنی ئەمریكیەكان تێپەڕیوە و دۆستی هەمیشەیی و دوژمنی هەیشەیی نییە، هاوپەیمانێتی لە حاڵەتی گۆڕاندایە و پێویستە ئێمە دانیشین و گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ ئەمریكیەكان بكەین لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی خۆمان. ئەوە لە زەمانێكدا بووە كە هێشتا لە ئەنجوومەنی حوكم بووین، ئەوە پێش ئەو زەمانە وابوو كە هێشتا ئەنجوومەنی حوكم مابوو سەبارەت بە رۆڵی من، بڕیار وابوو بەڵام كە بە قسەیان نەكردم خۆ ناچم شەڕ بكەم.

گوڵان: جارێك نووسیبووت كەركوكمان نەدۆڕاندووە.
نه‌وشیروان :ئێستاش باوەڕم وایە نەماندۆڕاندووە.

گوڵان: بەڵام كەركوكیش نایەتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
نه‌وشیروان : بۆ نایەتەوە؟

 گوڵان: لەبەرئەوەی نە كورد ئەو توانایەی هەیە و ئێمەش لە ناو چەند وڵاتێكداین كە خنكێنراوین هەر ئەوەندەیە هەناسە دەدەین. ئەو وڵاتانەش تەحەكوم بەسەر هەموو حوكمڕانیەكانی عێراق دەكەن.
نه‌وشیروان :من بۆچوونم وا نییە، ئەگەر كورد بیەوێت نەخشەیەكی هەمەلایەنەی هەبێت، پشوو درێژبێت من باوەڕم وایە دەتوانین كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی تر بهێنینەوە سەر هەرێمی كوردستان. مەرجیش نییە ئەم ساڵ.

تێبینی‌:
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژماره‌ (707)ی‌ گۆڤاری‌ گوڵاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر گرنگی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ و داوای‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خوێنه‌رانی‌ سبه‌ی‌، دوای‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌ت له‌ گۆڤاری‌ گوڵان سبه‌ی‌ بڵاویكرده‌وه‌...

 

Sbeiy.com © 2007