|
ئه‌گه‌ره‌كانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی له‌شكركێشییه‌كه‌ی ساڵی 1995ی توركیا |
Thursday, October 11, 2007 |
فرمان عه‌بدولڕه‌حمان - دیه فازڵ
له رووداوێكدا كه به خوێناوی‌ترین هێرش ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆسه‌ر سوپای توركیا له ساڵی 1995ه‌وه، له چه‌ند رۆژی رابردوودا له ئه‌نجامی دوو په‌لاماری گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له پارێزگای شرنا‌خ، نزیكه‌ی 28 سه‌رباز و هاووڵاتی توركیی كوژران، ئه‌و رووداوه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی دروستكرد، له كاردانه‌وه‌یه‌كی حكومی راسته‌وخۆدا سه‌رۆكایه‌تیی و رێكخراوی باڵای دژه تیرۆری ئه‌و وڵاته‌ی ناچاركرد رۆژی سێشه‌ممه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نا ئاسایی ببهستنو تیایدا داوا له سوپای توركیا كرا كه ئاماده‌سازیی بكات بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ربازیی بۆ راوه‌دوونانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، هه‌ر كاتێك پێویستیكرد، به‌ڵام به‌پێی ده‌ستووری توركیا ئه‌نجامدانی هه‌ر هێرشێكی سه‌ربازیی له ده‌ره‌وه‌ی خاكی توركیا پێویستیی به ره‌زامه‌ندیی پارله‌مانی ئه‌و وڵاته هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامانجی سه‌ربازیی ئه‌و هێرشه چاوه‌ڕوانكراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ وڵاتێكی وه‌كو عێراقه حاڵه‌تێكی نا ئاسایی و ئاڵۆزی دروستكردووه به نیسبه‌ت حكومه‌تی توركیاوه.
ژه‌نه‌ڕاڵ یه‌شار بیوك ئانێت سه‌رۆكی گشتیی ئه‌ركانی سوپای توركیا له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "له‌ڕووی لۆژیستییهوه سوپای توركیا ئاماده‌یه بۆ هێرشكردن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه پێویستیی به بڕیاری سیاسیی هه‌یه".
بڕیاری سیاسیش بۆ توركیا بریتییه له پێدانی تیشكی سه‌وز له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكاش له كاردانه‌وه‌یه‌كدا به توندیی ئه‌و هێرشه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی ئیدانه كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆن ماكورماك وته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هۆشداریدا به حكومه‌تی توركیا له هه‌ر بڕیارێكی سنووربه‌زاندن بۆ عێراق، ماكورماك وتی: "هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌كان ئاڵۆزترده‌كات، ئه‌وه‌نده مایه‌ی چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه مه‌سه‌له‌كه پێویستیی به گفتوگۆ‌و كاری هاوبه‌شی هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و توركییه".
په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا كه به‌هێزترین هاوپه‌یمانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانه له‌دوای ئیسرائیله‌وه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه جۆرێك له گرژیی و ئاڵۆزیی تێكه‌وت ئه‌ویش دوای رێگا نه‌دانی توركیا به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به كردنه‌وه به‌ره‌ی باكوور بۆ چوونه ناو عێراقه‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌دا پشتی به خاكی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه به‌ست و توانیی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و ئێستاش له عێراقدا به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا كورده.
ئۆرهان محه‌مه‌د پسپۆڕ له كاروباری سیاسیی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند "كورده‌كان ئێستا به‌ری ئه‌و هاوكارییه ده‌خۆن و ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت تاكه هه‌رێمی ئارامی عێراق و هاوپه‌یمانه دڵسۆز و بێ مه‌رجه‌كه‌ی له ده‌ست بدات"، به‌ڵام پێده‌چێت گه‌وره‌یی هێرشه‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه، حكومه‌تی توركیا ناچاربكات گوێ به هه‌ندێ ئیعتیباراتی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین ساڵی 1995 كاتێك سوپای توركیا به 35 هه‌زار سه‌ربازه‌وه سنووری كوردستانی به‌زاند به قووڵایی 20 كم بۆ راوه‌دوونانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، له ئه‌نجامی هێرشێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌دا بوو كه ته‌نها 11 سه‌ربازی توركیای تێدا كوژران، به‌ڵام ئه‌مجاره سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ژماره‌ی قوربانییه‌كان زۆرترن له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆرتری هه‌یه، هه‌ر بۆیه دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی توركیا فشارێكی زۆریان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان دروستكردووه بۆ به‌زاندنی سنووری كوردستان و هێرشكردن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه مادده‌ی 51 له رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1953ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رێگای به وڵاتان داوه كه هه‌ندێ پرۆسه‌ی سه‌ربازیی دیاریكراو له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ره‌سمیی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامبدات ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی كرایه‌سه‌ر سه‌روه‌رییه‌كه‌ی.
جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم سه‌باره‌ت به هه‌ر سنووربهزاندنێكی چاوه‌ڕوانكراوی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند "ئه‌و هێرشانه‌ی په‌كه‌كه بۆسه‌ر سوپای توركیا نابێته بیانوو بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی و سنووربه‌زاندنی هه‌رێمی كوردستان، چونكه په‌كه‌كه هیچ كه‌سێك جێگایان نازانێت و په‌كه‌كه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسیی و ئۆرگانیی و سه‌ربازییان به هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه نییه"، جه‌بار یاوه‌ر وتیشی: "ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی سوپای توركیا سنووری هه‌رێمی كوردستان ببه‌زێنێت، كه بڕواش ناكه‌م توركیا خۆی بكاته گێژاوێكی واوه، ئه‌وا ئه‌ركی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزه ده‌كه‌وێته سه‌ر سوپای عێراقی فیدڕاڵ، چونكه ئێمه به‌شێكین له عێراق، هه‌روه‌ها هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش پاڵپشتی ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و ئاسایشه‌ی كه چه‌ندین ساڵه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ده‌ن".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و راستییانه‌شدا رۆژی دووشه‌ممه ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی توركیا، كه پسپۆڕانی سیاسیی به "ئه‌نجومه‌نی جه‌نگ" ناوی ده‌به‌ن كۆبووه‌وه، كه هه‌ریه‌كه له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و عه‌بدوڵا گویل سه‌رۆك كۆمار و ژه‌نه‌ڕاڵ یه‌شار بیوك ئانێت سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا و محه‌مه‌د عه‌لی شاعین وه‌زیری داد و به‌شیر ئاتاڵا وه‌زیری ناوخۆ‌و ژه‌نه‌ڕاڵ ئیشك كۆشانێر فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی ژه‌ندرمه و چه‌ندان كه‌سایه‌تیی سیاسیی و حكومیی باڵای توركیا ئاماده‌یبوون، مۆڵه‌تی هه‌موو جۆره سنووربهزاندنێكی عێراق له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه ده‌ركرا، به مه‌به‌ستی دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی توركیا.
ئه‌م گۆڕانكارییانه له كاتێكدایه كه له كۆتایی مانگی رابردوودا رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ئه‌منیی به‌بێ ئاماده‌بوونی لایه‌نی كوردیی له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و توركیادا ئیمزاكرا، ئه‌گه‌رچی تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌كه نییه، به‌ڵام بڕیاروابوو جه‌واد بوڵانی وه‌زیری ناوخۆی عێراق سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی بكات بۆ روونكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه، به‌ڵام تائێستا واده و كاتی ئه‌و سه‌ردانه روون نییه.
له یه‌كێك له بڕگه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا، ئاماژه به ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه ئه‌منییه‌كانی پێشووی نێوان عێراق و توركیا كراوه‌ته‌وه، به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1989ی نێوان توركیا و عێراق رێگا به سوپای هه‌ردوو وڵات دراوه چه‌ند كیلۆمه‌ترێك سنووری یه‌كتر ببه‌زێنن بۆ راوه‌دوونانی چه‌كداره نه‌یاره‌كانی وڵاته‌كانیان.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عه‌لی ده‌باغ وته‌بێژی ره‌سمیی حكومه‌تی عێراق له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان ئاشكرایكرد "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی په‌كه‌كه پابه‌ندبوونی توركیا و عێراقه به رێككه‌وتننامه ئه‌منییه‌كه‌ی مانگی سێپته‌مبه‌ره‌وه"، هه‌روه‌ها پشتگیریی حكومه‌تی عێراقیشی دووپاتكرده‌وه بۆ هاوكاریكردنی توركیا له پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی بۆ له‌ناوبردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه.
ئه‌و لێدوانانه بوونه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانیی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم، له كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێشمه‌رگه‌ش به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق پشتگیریی له حكومه‌تی توركیا بكات بۆ به‌زاندنی سنووری هه‌رێم ئه‌وا مانای وایه ناتوانن سه‌روه‌ریی عێراق بپارێزن، چونكه به‌زاندنی سنووری هه‌رێم به‌زاندنی سنووری عێراق و سه‌روه‌ریی عێراقه"، به‌ڵام توركیا پێناچێت هیچ هیوایه‌كی به حكومه‌تی عێراقیی بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ نفوزێكی سه‌ربازیی له هه‌رێمی كوردستاندا نییه، هه‌ر بۆیه حكومه‌تی توركیا له‌ئێستادا له ئاماده سازیدایه بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی، له‌و باره‌یه‌وه سوپای توركیا له پارێزگاكانی شرنا‌خ و دیاربه‌كر 27 ناوچه‌ی ئه‌منیی دروستكردووه و ئه‌ردۆگانیش له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌مه هه‌موو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ئاماده‌باشیی بكه‌ن بۆ هه‌ر هێرشكردنێكی پێشوه‌خت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا هه‌ندێ له به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم له گرنگیی ئه‌و لێدوان و گۆڕانكارییانه كه‌مده‌كه‌نه‌وه و پێیانوایه كه ئه‌ردۆگان بۆ مجامهلهكردنی سوپای وڵاته‌كه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی داوه.
نوری سنجاری سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه وتی: "هه‌میشه سوپای توركیا گله‌یی له ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن كه نه‌رمی به‌رامبه‌ر به په‌كه‌كه ده‌نوێنێت، بۆیه ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌ردۆگان شێوه‌یه‌ك له مجامهلهكردنی پێوه دیاره بۆ سوپای وڵاته‌كه‌ی".
به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مجاره حكومه‌تی توركیا به جددیی هه‌نگاوی سنووربه‌زاندن جێبه‌جێبكات، له‌و باره‌یه‌وه ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێن تورك بڵاویكرده‌وه حكومه‌تی توركیا بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی پرۆژه بڕیارێكی بۆ پارله‌مان به‌رزكردووه‌ته‌وه، كه رێگا به حكومه‌ت بدات هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه بنێت، سی ئێن ئێن تورك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه پرۆژه بڕیاره‌كه له قۆناغی ئاماده‌كردندایه، به‌ڵام محه‌مه‌دی مه‌لا قادر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی (پ.د.ك) له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه پێیوابوو هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ته‌نها شه‌ڕی راگه‌یاندنه، محه‌مه‌د مه‌لا قادر وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ئه‌وا بێگومان كورد ده‌بێت هه‌ڵوێستی نهێنیی و ئاشكرا و توندی هه‌بێت و رێگا نه‌درێت سه‌روه‌ریی هه‌رێم پێشێلبكرێت".
هه‌ندێ له چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه كه توركیا بواری ئه‌وه‌ی نییه هێرشێكی به‌رفراوانی وه‌كو ساڵی 1995 بكاته سه‌ر كوردستان، به‌ڵام ده‌توانێت به‌پێی رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه‌ی مانگی سێپته‌مبه‌ری نێوان عێراق و توركیا پرۆسه‌ی"راوه‌دوونانی گه‌رماوگه‌رم" ئه‌نجامبدات، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی ده‌ستووری توركیاوه پێویستیی به ره‌زامه‌ندیی پارله‌مانی ئه‌و وڵاته نییه.
جه‌نگیز چاندار رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی توركیا له‌بابه‌تێكدا كه له رۆژنامه‌ی ریفرانسدا بڵاویكردووه‌ته‌وه ره‌خنه له‌و لایه‌نانه‌ی ناو توركیا ده‌گرێت، كه خوازیاری له‌شكركێشیی كردنن بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، له‌و باره‌یه‌وه به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیار ده‌كات "توركیا هێشتا نه‌یتوانیوه به‌سه‌ر چیای گاباردا زاڵ‌بێت چۆن توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له هه‌رێمی كوردستاندا جێگیر بكات؟".
ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای توركیای نییه، به‌رپرسانی سه‌ربازیی حكومه‌تی هه‌رێمیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستییه ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام وه‌كو پسپۆڕانی سیاسیی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن پێده‌چێت ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین بهربهستبێت له‌به‌رده‌م هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه نایانه‌وێت به‌ره‌یه‌كی تری شه‌ڕ له تاكه هه‌رێمه ئارامه‌كه‌ی باكووری عێراق بكرێته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی تر قه‌یرانی عێراق ئاڵۆزتر بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ری سنووربه‌زاندن به‌نیسبه‌ت حكومه‌تی توركیاوه به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و فشارانه‌ی كه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی ده‌یكاته‌سه‌ر ئه‌ردۆگان بۆ هێرشكردن وه‌كو رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی باسی لێوه‌كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆمیش بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی كه‌ركوك، كه سه‌ركردایه‌تیی كورد پێداده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی له واده‌ی خۆیدا، حكومه‌تی توركیا ناچاربكات به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیی گرفت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌نگاوه دروستبكات، چونكه به‌نسیبه‌ت توركیاوه لكاندنی كه‌ركوك به هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێدانی هێزێكی ئابووریی و سیاسییه بۆ جیابوونه‌وه و دروستكردنی مه‌ترسیی بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا.
هه‌ر بۆیه هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی سیاسیی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه بۆسه‌ر سه‌ربازانی توركیا سیناریۆیه‌كی توركیا بێت بۆ دروستكردنی بیانوو بۆ سنووربه‌زاندنی كوردستانی عێراق و ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی له وڵاتی قوبرس‌دا روویدا له هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان جگه له‌وه‌ی چه‌ندین جار به‌ڕه‌سمیی داوای دواخستنی ریفراندۆمی كردووه، نیگه‌رانیی حكومه‌ته‌كه‌شی نه‌شاردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی كه هیچ رۆڵێكی كاریگه‌ری نییه له ئایندهی سیاسیی عێراقدا.
هه‌رچۆنێك بێت دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێنه‌وه ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی توركیا به جددیترین و رهسمیترین هه‌ڕه‌شه داده‌نرێت بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌خاته به‌رده‌م لێپرسراوێتییه‌كی مێژووییه‌وه و ناچاری ده‌كات بیر له چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی و ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیاسیی تر بكاته‌وه.
|
|
|