Print
 كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ دیاله‌ ده‌سڵه‌مێته‌وه‌
Thursday, January 22, 2009


راپۆرت: هه‌ستیار قادر - سه‌رتیپ وه‌لی‌
 له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا به‌هۆی‌ به‌هێزبونی‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌، كورد پۆسته‌كانی‌ ئێستای‌ له‌ده‌ست ده‌دات، قاعیده‌و سوپاش هه‌إه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ده‌نگی‌ كورد له‌ سنوری‌ ئه‌و پارێزگایه‌دا، هاوكات زیاد له‌ (15) هه‌زار ده‌نگده‌ری‌ كورد له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا مافی‌ ده‌نگدانیان ده‌فه‌وتێت.

دیاله‌‌و كورد.. رێژه‌‌و بێبه‌شبون
 رێژه‌ی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ زیاد له‌ (1) ملیۆن‌و (800) هه‌زار كه‌سه‌، كه‌ (800) هه‌زاریان مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌‌و له‌ كۆی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ش (196) هه‌زار ده‌نگده‌ری‌ كورد هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ (35) هه‌زار خێزانی‌ كوردیش بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌، (15) هه‌زار ده‌نگده‌ر به‌هۆی‌ نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كۆبۆنی‌ خۆراكیان مافی‌ ده‌نگدانیان نییه‌، ناوچه‌ كوردییه‌كانیش كه‌ له‌ (خانه‌قین‌و جه‌له‌ولاو قه‌زاییه‌و مه‌نده‌لی‌‌و قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌باره‌ سه‌عدیه‌) پێكهاتون، ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی‌ ماده‌ی‌ (140)ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراقه‌وه‌‌و له‌ مێژوی‌ دروستبونی‌ عێراقه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ دیاله‌ بون.

به‌پێی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ی‌ كه‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ كۆبۆنی‌ خۆراك‌و رێژه‌ی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ دایناوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا ده‌نگ ده‌درێت بۆ دیاریكردنی‌ (29) ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌م كورسیانه‌ش (37) لیست‌و هاوپه‌یمانی‌‌و (2) كه‌سایه‌تی‌ ركه‌به‌ری‌ ده‌كه‌ن‌و به‌هێزترینیان لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسای‌ (نوری‌ مالیكی‌)‌و لیستی‌ عێراقییه‌، ره‌وتی‌ چاكسازیی‌ نیشتمانی‌ (ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌)‌و جیزبی‌ فه‌زیله‌‌و لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كودستانی‌ دیاله‌یه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پاڵێوراوی‌ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و یه‌كگرتو ‌و حیزبی‌ شیوعی‌‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ عه‌ره‌بی‌ تێدایه‌.

 قاعیده‌و سوپا ده‌نگی‌ كورد كپ ده‌كه‌ن
هاتنی‌ سوپای‌ عێراقی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ (مژده‌كانی‌ خێر)دا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوه‌ جێگای‌ گومانی‌ كوردو كێشه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌و سوپایه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌له‌ولا به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و گومانه‌ن كه‌ درێژبوه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌ترسیی‌ كاریگه‌ربونی‌ ئه‌و سوپایه‌ له‌سه‌ر ره‌وتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ زیانی‌ كورد بشكێته‌وه‌ له‌پاڵ‌ سوپادا، بونی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌و گروپه‌ نه‌یاره‌كانی‌ تر به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كاندا، هه‌مان مه‌ترسی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگی‌ كورد له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌ له‌ جه‌له‌ولا‌و مه‌نده‌لی‌‌و قه‌زانییه‌‌و قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌باره‌ (87) هه‌زار ‌و (700) ده‌نگده‌ری‌ كورد هه‌یه‌، ئیبراهیم باجه‌ڵان سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌، وێڕای‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌، بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ سنوری‌ ئه‌و پارێزگایه‌دا جگه‌ له‌ خانه‌قین، قاعیده‌ له‌ ده‌وروبه‌رو سوپا له‌ناو ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌ستیان هه‌یه‌و كۆنترۆڵی‌ ناوچه‌كه‌یان كردوه‌، زۆبه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش له‌ژێر فه‌رمانی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌دان، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ كورده‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ چوراچێوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا.

  چاڵه‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ گه‌رمیان‌و ستراتیژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كورد
گرنگترین پێگه‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا بۆ كورد، قه‌زای‌ خانه‌قین‌و ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌رێتی‌، به‌وپێیه‌ی‌ سنوری‌ باشوری‌ ئیداره‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌‌و له‌ رێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ مونزریه‌شه‌وه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران، له‌ باشوریشییه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌عقوبه‌وه‌ به‌ به‌غداوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بونی‌ نه‌وت له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ له‌ڕوی‌ ئابورییه‌وه‌ بوه‌ته‌ جێگای‌ گرنگیی‌ كوردو لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ دیاله‌و عێراقیش، ئه‌مه‌ش پێویست به‌ ستراتیژیه‌تێكی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ورده‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ش كه‌وتون، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌و سنوره‌ ته‌وجیهی‌ لایه‌نگرانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌ كه‌ زیاتر ده‌نگ به‌ لیسته‌كه‌ بده‌ن نه‌ك به‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ ناو ئه‌و لیسته‌ وه‌ك له‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كێكیان رێگه‌ پێدراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ده‌رخستی‌ هێز‌و توانای‌ لیسته‌كه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌و له‌و ناچه‌یه‌.

پشتیوان ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری‌ خانه‌قین له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، وێڕای‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: باشتروایه‌ كورد له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌نگ به‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ بده‌ن، ئه‌وه‌ش رۆڵی‌ ده‌بێت له‌ ده‌ركه‌وتنی‌ سه‌نگی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌‌و رێخۆشكه‌ریش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌ كوردیانه‌ی‌ تا ئێستا له‌سه‌ر پارێزگای‌ دیاله‌ن، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.

پشتیوان ئه‌حمه‌د ئاشكرایكرد له‌میانه‌ی‌ هڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا له‌ سنوری‌ دیاله‌، پێده‌چێت ململانێی‌ توند له‌نێوان كوردو شیعه‌دا سه‌رهه‌ڵبدات، به‌تایبه‌ت له‌ سنوری‌ خانه‌قیندا بۆ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ی‌ خۆیان، به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو ئێران ده‌یه‌وێت شیعه‌كان له‌ خانه‌قین به‌هێز بكات‌و ئه‌مریكاش خوازیاره‌ به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵه‌ی‌ ئێران، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ خانه‌قین به‌هێزبێت.

ترسی‌ كورد له‌ هێزی‌ شیعه‌
 مه‌ترسییه‌كانی‌ كورد له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌، ته‌نها به‌ گوشاری‌ سوپای‌ عێراق‌و تۆقاندنی‌  ده‌نگده‌رانی‌ كورد له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو درێژبونه‌وه‌ی‌ هێزی‌ شیعه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا مه‌ترسییه‌كی‌ نوێیه‌، به‌وپێیه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ كورده‌كانی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین شیعه‌ مه‌زهه‌بن‌و كورد له‌وه‌ ده‌ترسێت لایه‌نه‌ شیعه‌كان ئینتیمای‌ مه‌زهه‌بی‌ كورده‌كان بقۆزنه‌وه‌‌و ئینتیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كیان بتوێننه‌وه‌، به‌پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسێكی‌ ناوچه‌كه‌ش، رێوڕه‌سمی‌ عاشورای‌ ئه‌مساڵ‌ له‌ خانه‌قین كه‌ یه‌كه‌مجار بوه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵگه‌ی‌ بونی‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌یه‌ بۆ سه‌ر كورد.

 ئیبراهیم باجه‌ڵان كه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ پۆستی‌ ئێستای‌  سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دایه‌، پێشبینی‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا كورد ده‌نگی‌ كه‌متر له‌ ئێستای‌ به‌ده‌ست بهێنێت، پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌  بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا، له‌ كۆی‌ (41) كورسییه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، (7) كورسی‌ به‌ر كورد كه‌وت‌و سوننه‌ش (7) كورسی‌‌و ئه‌وی‌ تری‌ به‌ر شیعه‌ كه‌وت، كۆی‌ رێژه‌ی‌ كورد له‌چاو شیعه‌ی‌ سوننه‌ی‌ دیاله‌دا كه‌متره‌و به‌ ته‌نها به‌ 20% مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت به‌رامبه‌ر به‌ 35% بۆ شیعه‌م‌و 45% بۆ سوننه‌، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ باجه‌ڵان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردن كورد داوای‌ ته‌وافوق بكات، وه‌ك چۆن لایه‌نه‌كانی‌ له‌ كه‌ركوك داوای‌ ده‌كه‌ن بۆ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كان‌و پۆستی‌ داهاتوی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بۆ سوننه‌و شیعه‌ بێت، ئه‌وكات كورد هه‌وڵده‌دات كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كێك له‌ دو پۆستی‌ جێگری‌  پارێزگار بدات.

 به‌شداریكردنی‌ سوننه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌و قورسایی‌ شیعه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ كورد له‌و ناوچه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئاینده‌یی‌ دروستده‌كات بۆ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ كورد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ ئه‌و سنوره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌وپێیه‌ی‌ كورد هێزی‌ پێشوی‌ ئیداریی‌‌و سیاسیی‌ خۆی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌دات.

 

Sbeiy.com © 2007