Print
 كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌خموردا ده‌یدۆڕێنێت
Wednesday, January 28, 2009

 

راپۆرت: رێبین فه‌تاح

به‌رپرسانی‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمور رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ هه‌زاران خێزانی‌ كورد مافی‌ ده‌نگدانیان له‌ شارۆچكه‌كه‌دا نییه‌. به‌پێی‌ ئاماری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، عه‌ره‌به‌كانی‌ مه‌خمور به‌ هه‌شت هه‌زار ده‌نگ له‌پێش كورده‌وه‌ن.

رۆژی‌ (30/1/2009) هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق له‌عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ كورد گرنگییه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌و له‌زۆر ناوچه‌شدا مه‌ترسیی‌ ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بیدۆڕێنێت.

شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمورو ناحیه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ روخاندنی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ڕوی‌ ئیدارییه‌وه‌ خراونه‌ته‌ سه‌ر پارێزگای‌ موسڵ‌، یه‌كێكه‌ له‌و ناوچه‌ دابڕاوانه‌ی‌ به‌هۆی‌ زۆریی‌ ژماره‌ی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ مه‌ترسیی‌ له‌ده‌ستدانی‌ لێده‌كرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتو هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌حمه‌د كانی‌، به‌رپرسی‌ لقی‌ 23ی‌ پارتی‌ له‌ مه‌خمور، باسی‌ ده‌كات (15) هه‌زار خێزانی‌ كورد كه‌ به‌ بنه‌ڕه‌ت خه‌ڵكی‌ مه‌خمورن‌و له‌ سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ شارۆچكه‌كه‌ دورخراونه‌ته‌وه‌، مافی‌ ده‌نگدانیان نابێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ زۆری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌ده‌ستی‌ ده‌هێنێت.

  بێبه‌شبونی‌ ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی‌ كوردی‌ مه‌خمور له‌ ده‌نگدان، وای‌ له‌  لیستی‌ كودی‌ كردوه‌ په‌نا بۆ عه‌ره‌به‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌رێت. به‌كر ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ قه‌ره‌چوخ له‌ مه‌خمور، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌هۆی‌ باشكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ‌ عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، پشتئه‌ستورن به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌نگ به‌ لیستی‌ برایه‌تی‌ ده‌ده‌ن.

بنكه‌و ناوی‌ ده‌نگده‌ران ئاشكرا ناكرێت
تا ئێستا له‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمور ناو بنكه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا نه‌كراوه‌‌و نیگه‌رانیی‌ لای‌ خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ دروستكردوه‌، له‌كاتێكدا كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ماوه‌ بۆ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ی‌ خه‌ڵك‌و به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌، زیانی‌ زۆر به‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێت، به‌وپێیه‌ی‌ نازانرێت ناوه‌كان به‌ته‌واوه‌تی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ یان نا بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

ئه‌حمه‌د كانی‌، به‌رپرسی‌ لقی‌ 23ی‌ پارتی‌ له‌ مه‌خمور، وێڕای‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زانیاری‌‌و مه‌ترسییه‌ی‌ كورد، ئاشكرایكرد رانه‌گه‌یاندنی‌ ناوی‌ بنكه‌كانی‌ ده‌نگدان‌و ناوی‌ ده‌نگده‌ران، گرفتی‌ زۆر بۆ ده‌نگده‌ر دروستده‌كات، به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو هیچ ده‌نگده‌رێك زانیاریی‌ نییه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌  ناوه‌كه‌ی‌ یان ئه‌و بنكه‌یه‌ی‌ ده‌نگی‌ لێده‌دات.
وتیشی‌: "ئاشكرانه‌كردنی‌ بنكه‌و ناوی‌ ده‌نگده‌ران پلانێكی‌ شۆڤینییه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا شكست بهێنێت‌و ئێمه‌ له‌ رێگای‌ نوێنه‌رانی‌ خۆمان له‌ كۆمسیۆن هه‌وڵمانداوه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام كه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌قڵیه‌تی‌ شۆڤینیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، كاره‌كه‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت". 

هه‌زاران كورد مافی‌ ده‌نگدانیان نابێت
خه‌تاب بایز كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌خموره‌و له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان دورخراوه‌ته‌وه‌و ئێستا له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌رچی‌ فۆرمی‌ ماده‌ی‌ (140)یان پڕكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر فۆرمه‌كه‌یان نیشان نه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ مافی‌ ده‌نگدانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نه‌بێت.
به‌ وته‌ی‌ ناوبراو ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌میی‌ به‌رپرسانی‌ كوردو پلانی‌ "عه‌ره‌به‌ شۆڤینییه‌كان" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

 به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتون، له‌ كۆی‌ (30) هه‌زار خێزانی‌ سنوری‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمور كه‌ فۆرمی‌ ماده‌ی‌ (140)یان پڕكردوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، ته‌نها (14400) خێزانیان ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر پیشاندراوه‌‌و زیاد له‌ (15) هه‌زار ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر فۆرمه‌كانیان پیشان نه‌دراوه‌، به‌مه‌ش ده‌نگده‌رانی‌ ئه‌و خێزانانه‌ مافی‌ ده‌نگدانیان ده‌فه‌وتێ‌.

به‌رپرسی‌ لقی‌ 23ی‌ پارتی‌ ئاشكرایكرد كه‌ ئه‌وه‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆره‌و كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ستیڤان دیمستۆرای‌ نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ پێشویدا پشتی‌ به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2005 به‌ستوه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پێشنیازه‌كانی‌، له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كات بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پێشنیازه‌كانی‌ داهاتوی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، به‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ پارتی‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتو نه‌بێت، پێشنیازه‌كانی‌ دیمستۆراش به‌دڵی‌ كورد نابێت.
  
 به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ قه‌ره‌چوخی‌ یه‌كێتیش له‌ مه‌خمور باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌رپرسی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ كردوه‌، ئه‌ویش پێی‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ كاتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت‌و به‌بێ‌ یه‌كلاییبونه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌. 

كورد بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ نه‌كرد؟
به‌شێك له‌و خێزانانه‌ی‌ فۆرمی‌ ماده‌ی‌ (140)یان پڕكردوه‌ته‌وه‌و ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر ناوه‌كانیان نیشان نه‌دراوه‌و ناتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌شداریی‌ بكه‌ن، چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ گرفته‌كه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌میی‌ به‌رپرسانی‌ كورد له‌ به‌غداو ناوچه‌كه‌دا ده‌گێڕنه‌وه‌، ده‌روێش مه‌حمود كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ مه‌خموری‌ ئاواره‌یه‌و له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ فۆرمیان پڕكردوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌رپرسانی‌ كورد كه‌مته‌رخه‌م بون له‌ به‌دواداچون له‌سه‌ر ناوه‌كانیان‌و به‌ سستی‌ كاریان له‌سه‌ر كردوه‌، له‌كاتێكدا دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ عه‌ره‌ب به‌ پلان كێشه‌كه‌ دواده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌توانێت به‌شداریی‌ ده‌نگدان بكات.
 له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی‌ كورد له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌كر ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ قه‌ره‌چوخ له‌ مه‌خمور، بۆچونی‌ وایه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ كورد له‌ به‌غداو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ته‌واوی‌ توانای‌ خۆیان به‌كارهێناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان‌و كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كردوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ كێشه‌كان یه‌كلایی‌ بكرێنه‌وه‌.
وتیشی‌: "ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا ته‌نها نوێنه‌رانی‌ كوردی‌ تێدانییه‌، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌شی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی‌ نادیموكراتی‌‌و شۆڤینی‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌و به‌رده‌وام كێشه‌ له‌به‌رده‌م كورددا داده‌نێن". 

غه‌فور مه‌خموری‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و یه‌كێك له‌و مه‌خمورییانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆكرد له‌ ریزی‌ ئه‌و ئاوارانه‌یه‌ فۆرمی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ پڕكردوه‌ته‌وه‌و تا ئێستاش ناوی‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ لایه‌نی‌ كوردستانی‌ به‌رنامه‌ڕێژی‌‌و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوانیاندا هه‌بێت‌و به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "تێبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كورد به‌رده‌وام به‌دره‌نگ كاره‌كانی‌ ده‌كات، پێویستبو زوتر فۆرم دابه‌ش بكرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ئه‌و كێشه‌ دروست نه‌بوایه‌".

ده‌نگده‌رانی‌ عه‌ره‌ب له‌ كورد زیاترن
به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌ران له‌ سنوری‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمورو ناحیه‌و گونده‌كانی‌ سنوره‌كه‌ (37) هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌بێت، كه‌ (22) هه‌زاریان ده‌نگده‌ری‌ عه‌ره‌بن‌و ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ كورد له‌ مه‌خمور زیاتر له‌ (14) هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌راوردێكیش له‌نێوان ئه‌و دو رێژه‌یه‌دا بكرێت، كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌نگی‌ كه‌متر له‌ عه‌ره‌ب به‌ده‌ست ده‌هێنێـت،  سه‌ره‌ڕای‌ جیاوازیی‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش به‌رپرسانی‌ كورد پێیانوایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كورد سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

غه‌فور مه‌خموری‌ په‌رله‌مانتار ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد به‌شێكی‌ زۆری‌ كوردی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌نگ به‌ لیستی‌ برایه‌تی‌ ده‌ده‌ن‌و به‌شێك له‌ عه‌ره‌به‌كانیش  پشتگیریی‌ ئه‌و لیسته‌ كوردییه‌ ده‌كه‌ن، گه‌شبینی‌ خۆشی‌ نیشاندا  به‌رامبه‌ر به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمور كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كورد بێت.
ناوبراو باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ خه‌ڵكی‌ مه‌خمور ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ بێبه‌شن له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و كێشه‌ی‌ مه‌خموریش له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌نێوان ئیداره‌ی‌ موسڵ‌‌و هه‌ولێردایه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كانی‌ مه‌خمور خه‌ڵكی‌ شارۆچكه‌كه‌ نین‌و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بونایه‌، زیاتر به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه‌ ده‌بن خزمه‌تگوزاریی‌ پێشكه‌ش به‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن.

Sbeiy.com © 2007