Print
 جگه‌ له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و 4 ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم (11) ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه‌
Saturday, February 14, 2009

 

راپۆرت: (رۆژنامه‌) سیروان ره‌شید

دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ پۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ 2ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2006، له‌ پێشهاتێكی‌ تردا كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ عه‌لی‌، جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌و (4) ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حیزبه‌ ده‌ستله‌كار ده‌كێشنه‌وه‌و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش زۆره‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتودا (11) ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌مان حیزب وازبهێنن.

چۆنیه‌تی‌ روداوه‌كه‌
به‌پێی‌ بڕیاری‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، بڕیار بو 15-2-2009 له‌ شاری‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ته‌رخان بكرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر راپۆرتی‌ ئه‌و (7) لیژنه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگ‌و نیوی‌ رابردودا بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ چاكسازی‌ دروستكرابو، به‌ڵام له‌ گۆڕانكارییه‌كدا به‌پێی‌ زانیاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌  نزیك له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتی‌، پێشتر مه‌لا به‌ختیار، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ به‌، ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ وتوه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی‌، به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌وشیروان لیست بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتو ئاماده‌ ده‌كات.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌، رۆژی‌ پێشتر چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كه‌ به‌ باڵی‌ ریفۆرم ناوده‌برێن (عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌، عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود، مسته‌فای‌ سه‌ید قادر، جه‌لال جه‌وهه‌ر)، كۆسره‌ت ره‌سوڵی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌شداریی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ناكه‌ن‌و رازیی‌ نابن مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بڕیاری‌ ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بدات‌و ده‌ستله‌كار ده‌كێشنه‌وه‌.

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌
دوابه‌دوای‌ ئاشكراكردنی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و چوار ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ عه‌لیش وه‌ك ناڕازیبونی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان له‌ یه‌كێتیدا، بڕیار ده‌دات به‌شداریی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نه‌كات، كه‌ له‌دواتردا ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی سكرتێری گشتیی یه‌كێتی كرد‌ووه‌و پێیانوتوه‌ «ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتیی ده‌ربكرێت، ده‌ستله‌كار ده‌كێشینه‌وه‌».

چونی‌ عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود بۆ به‌غدا
هه‌ر به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی‌ رۆژنامه‌، سه‌عات (10:30)ی‌ شه‌وی‌ رابردو عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ چوه‌ته‌ به‌غداو سه‌ر له‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ته‌سلیمی‌ تاڵه‌بانی‌ كردوه‌.

(5) كه‌سه‌كه‌ سورن له‌سه‌ر وازهێنانه‌كه‌
له‌سه‌روبه‌ندی‌ ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی‌ كه‌ له‌ رۆژی‌ هه‌ینیه‌وه‌ دروستبوه‌، تاڵه‌بانی‌ بڕیاربو دوێنێ‌ بگه‌إێته‌وه‌و كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن ببات، به‌ڵام به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕێی‌ میوانێكی‌ بیانی‌ ده‌كات، نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، بۆیه‌ دره‌نگانێكی‌ شه‌وی‌ رابردو عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود به‌ناوی‌ ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ سه‌ردانی‌ تاڵه‌بانی‌ كردوه‌و دوابڕیاری‌ خۆیانی‌ پێڕاده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ڵام هێشتا رون نییه‌ تاڵه‌بانی‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پێشهاته‌ تازه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كات‌و كێشه‌كان چۆن یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌ی‌ وازیانهێناوه‌.

شكستی‌ پرۆژه‌ ناوخۆییه‌كان 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، نیشانه‌ی‌ شكستی‌ پرۆژه‌كانی‌ چاكسازی‌ یه‌كێتییه‌ له‌نێو سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌دا، چونكه‌ به‌ جیاجیا كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌‌و هه‌رچوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و سكرتێری‌ گشتی‌ پرۆژه‌یان بۆ چاكسازی‌ پێشكه‌شكردوه‌‌و دواتریش حه‌وت لیژنه‌ پێكهێنرا بۆ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرت له‌بواره‌ جیاجیاكانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌‌و چاكسازیكردن له‌ حیزبدا، به‌ڵام پێش دانیشتن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر راپۆرته‌كانی‌ ئه‌و چه‌ند لیژنه‌یه‌، ئه‌و چه‌ند ئه‌ندامه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆیان راگه‌یاندو ئه‌وه‌ش به‌ رونی‌ ده‌ریده‌خات، له‌ توانادا نییه‌ له‌ ئێستادا به‌مشێوازه‌ كاركردنه‌ی‌ نێو سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ پیاده‌بكه‌ن.

وازهێنانی‌ (11) ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌
دوابه‌دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ باڵایه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێت له‌دوای‌ ئه‌وانیش ته‌واوی‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ دیكه‌ی‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌ سه‌ر به‌ باڵی‌ ریفۆرم‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵن، ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان (11) كه‌سه‌، به‌ ناوه‌كانی‌ (ئاسۆ عه‌لی‌، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستن، شه‌ماڵ‌ عه‌بدولوه‌فا، لێپرسراوی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، مامۆستا جه‌مالی‌ حاجی‌ محه‌مه‌د، لێپرسراوی‌ رێكخستنه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌فین مه‌لاقه‌ره‌، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستن، كوردۆ قاسم، لێپرسراوی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان، عوسمان بانی‌ مارانی‌، ئاسۆ ئه‌ڵمانی‌، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كه‌ركوك، بورهان سه‌عید سۆفی‌، وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌‌و دو ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌) كه‌ به‌پێویست نه‌زانرا له‌م راپۆرته‌دا ناوه‌كانیان بهێنرێت.

چاره‌نوسی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كان
دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌‌و چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرمی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و ئه‌گه‌ری‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌و (11) ئه‌ندامه‌ی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌، هێشتا رون نییه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ به‌رنامه‌ی‌ ئاینده‌یان چی ده‌بێت، به‌ڵام گفتوگۆی‌ گه‌رم له‌نێوان ئه‌وان‌و كه‌سایه‌تی‌ تردا هه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین سیناریۆی‌ جیاواز.

ئایا تاڵه‌بانی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كان قبوڵده‌كات؟
تا ئێستا نازانرێت  تاڵهبانی، سكرتێری گشتی یهكێتی نیشتمانی كوردستان، دهستلهكاركێشانهوهی‌ ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ باڵایه‌ی‌ یه‌كێتی‌ قبوڵده‌كات یان دانوستان ده‌كات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ داواكانیان، كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ له‌ نامه‌كه‌یاندا چه‌ند مه‌رجێكیان بۆ تاڵه‌بانی‌ داناوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ رۆژنامه‌ نه‌یویست ئاماژه‌ بۆ ئه‌و مه‌رجانه‌ بكات.

ئاڵۆزبونی‌ ره‌وشی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌
له‌ پێرێ‌ شه‌وه‌وه‌ كه‌ هه‌واڵی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌، جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌‌و چوار ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ناو ئۆرگانه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بڵاوبوه‌ته‌وه‌، بارودۆخێكی‌ نائاسایی‌ له‌ناو ئۆرگانه‌كان‌و رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و زۆربهی مه‌كته‌ب‌و مهڵبهند‌و كۆمیتهكانی یهكێتیی، چ ئه‌وانه‌ی‌ لایه‌نگیرییان بۆ كوتله‌كانی‌ باڵی‌ ریفۆرم‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ هه‌یه‌‌و چ ئه‌وانه‌شی‌ سه‌ر به‌ كوتله‌ی‌ سكرتێری‌ گشتین، كه‌وتونه‌ته‌ بارودۆخێكی‌ نائاساییه‌وه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌درێژایی‌ دوێنێ‌ شه‌و پێرێ‌ شه‌وی‌ رابردو له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ رێوشوێنێكی‌ ئه‌منی‌ نائاسایی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایش‌و فه‌وجه‌كانی‌ سه‌ر به‌ به‌رپرسه‌كانی‌ یه‌كێتییه‌وه‌‌و جوڵه‌یه‌كی‌ زۆر به‌دی ده‌كرا.

رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ پێنج ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌وه‌
له‌سه‌روبه‌ندی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌و لێدوانی‌ جیاجیای‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌، سه‌عات (11)ی‌ شه‌وی‌ رابردو له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ بۆ رۆژنامه‌ نێردرا، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌و پێنج ئه‌ندامه‌ رایگه‌یاند: هه‌ندێك لێدوان دراوه‌و ده‌درێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیو ئامانج سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و پێنج هه‌ڤاڵه‌، به‌شێك له‌و لێدوانانه‌ بۆ شێواندنو بچوككردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌یه‌، بۆیه‌ به‌پێویستمان زانی ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بده‌ین.
«پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و پێنج هه‌ڤاڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كێشه‌ زۆرو كه‌ڵه‌كه‌بوانه‌ی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ له‌ ساڵانی رابردودا له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسیدا هه‌وڵی زۆر دراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌ڵام چاره‌سه‌رنه‌كران، بۆیه‌ ئه‌و پێنج هه‌ڤاڵه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان به‌ به‌ڕێز سكرتێری گشتی و مه‌كته‌بی سیاسی راگه‌یاندوه‌و ده‌قی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانیشیان به‌ نوسراو ره‌وانه‌كردوه‌ بۆ سكرتێری گشتیو ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی جدیی بۆ ئه‌و كێشانه‌ نه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌و پێنج هه‌ڤاڵه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ئیستقاله‌كه‌یانو ئیستقاله‌ی هه‌ڤاڵانی تریش به‌دوایدا دێت».

چاره‌نوسی‌ یه‌كێتی‌ چی‌ لێدێت؟
كۆبونه‌وه‌ی‌ دوێنێ‌ شه‌و ئه‌مڕۆی‌ عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود‌و ئه‌گه‌ری‌ سه‌ردانی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش بۆ لای‌ تاڵه‌بانی‌، پێده‌چێت كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌، جا یان كێشه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ به‌ره‌و قوڵبونه‌وه‌ ببات‌و یه‌كێتی‌ به‌ره‌و خراپبون بڕوات، یان به‌ره‌و باشبونێكی‌ نه‌وعی‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتو چاره‌نوسی‌ یه‌كێتی‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.









Sbeiy.com © 2007