Print
 كێشه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌ گۆڕینی‌ چه‌ند كه‌سێك چاره‌سه‌ر ناكرێن
Saturday, February 28, 2009

ئاماده‌كردنی‌: دیه‌ فازڵ‌
ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌و بڕوایه‌دان كه‌ كێشه‌كانی‌ نێو یه‌كێتی‌ پێویستی‌ به‌ گۆڕینی‌ سیستم‌و ئیداره‌دانی‌ ئۆرگانه‌كان هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا گۆڕینی‌ چه‌ند «ده‌موچاوێك»، چونكه‌ وه‌ك فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و سه‌رۆكی‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ كوردستان، ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر گۆڕانه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ بن، ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ ململانێكانی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن هێنده‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ناكه‌ن».

به‌وته‌ی‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: له‌م كاته‌دا كه‌ بڕیاروایه‌ (19/5) هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت بكرێت، پێویست نه‌بو گۆڕانكاری‌ بكرێت، چونكه‌ پێیڕاناگه‌ن به‌ دو مانگ كاره‌كان رێكبكه‌نه‌وه‌.
   
شاڵاو عه‌لی‌ عه‌سكه‌ری‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌، گه‌شبینه‌ به‌رامبه‌ر به‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ نێو یه‌كێتی‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری‌ له‌و بۆچونانه‌ كرد، كه‌ له‌م  3 مانگه‌ی‌ ماوه‌، ناتوانرێت حكومه‌ت بگۆڕدرێت‌و چاكسازی‌ تێدا بكرێت، به‌ڵام پێیوابو «ئیراده‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ گۆڕان‌و هه‌وڵێكیش هه‌یه‌ بۆ  ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و گۆڕانه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ گۆڕان هه‌رده‌كرێت، ره‌نگه‌ دوابكه‌وێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌كرێت».

ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیش، كه‌ له‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیانه‌دا پۆستی‌ پێدراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌، كه‌ گۆڕانكاری‌ هه‌رچۆنێك ده‌ستی‌ پێبكرێت، هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌، به‌ڵام ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌، كه‌ «ته‌نیا گۆڕینی‌ ده‌موچاوه‌كان، چاره‌سه‌ر نییه‌»، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌  یه‌كێتی‌‌و پێشنیازكراو بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، بۆ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ «گۆڕانكاری‌ له‌ هه‌ر كات‌و شوێنێكدا بێت، هه‌ر گرنگه‌، به‌لاَم ته‌نیا گۆڕینی‌ كه‌سه‌كان‌و ده‌موچاو نه‌بێت، به‌ڵكو گۆڕینی‌ سیستمه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بێت، بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت ئامانجی‌ گۆڕانه‌كه‌و چاكسازیكردن  بهێنێته‌ دی‌».

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و  گۆڕانكارییانه‌ی‌ پێشنیازكراون له‌نێو ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتیدا بكرێت له‌ پۆسته‌ حكومیه‌كاندا، زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ خودی‌ ئه‌و حیزبه‌ به‌ گۆڕانێكی‌ روكه‌ش‌و ئاڵوگۆڕی‌ ده‌موچاوه‌كان ناوده‌برێت، وه‌ك عوسمان بانیمارانی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ وتی‌: «ته‌نگژه‌كانی‌ نێو یه‌كێتی‌ له‌وه‌ گه‌وره‌ترن به‌ گۆڕینی‌ هه‌ندێك ده‌موچاو چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ك ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ نه‌ك ته‌نیا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ناكات، به‌ڵكو قوڵتریان ده‌كاته‌وه‌».

به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا گومانیش ده‌كرێت كه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌نێو خودی‌ یه‌كێتیدا روبده‌ن، ته‌نیا گۆڕینی‌ كه‌سه‌كان بێت، نه‌ك سیستمی‌ كاركردن، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، ئه‌و ده‌ستپێكی‌ گۆڕانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ حكومه‌تدا ده‌ستی‌ پێكردوه‌، ناكرێت به‌هه‌مان شێواز له‌ حیزبدا بكرێت، چونكه‌ حكومه‌ت وه‌ك حیزب نییه‌، له‌ حیزبدا پێویسته‌ سیستمی‌ كاركردن‌و شێوه‌ی‌ ئیداره‌دان بگۆڕدرێت، نه‌ك ته‌نیا كه‌سه‌كان، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ ئیجابی‌ ده‌زانێت، به‌ڵام گومانی‌ له‌وه‌ش هه‌بو كه‌ بتوانرێت له‌ نێو حیزبی‌ یه‌كێتیدا گۆڕانكاری‌ بكرێت. 

پێشتر به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئۆرگانه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك نه‌بوه‌، ململانێكان قوڵتربو‌ونه‌ته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌وته‌ی‌ سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، چاره‌سه‌ری‌ هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ ته‌نیا به‌ گۆڕانی‌ بنچینه‌یی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و ململانێ‌و ئاڵۆزیانه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، پێویسته‌ گۆڕانی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ناو ته‌واوی‌ ئۆرگانه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بكرێت، واته‌ شێوه‌ی‌ ئیداره‌دانی‌ ئۆرگانه‌كان‌و یه‌كه‌كانی‌ حیزبی‌‌و شێوه‌ی‌ كاركردنی‌ ده‌زگاكان، چونكه‌ ئه‌وه‌ زانراوه‌، كه‌ پێشتر به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئۆرگانه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك نه‌بوه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ئه‌و واقیعه‌ی‌ ئێستای‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌و ململانێكان قوڵتربو‌ونه‌ته‌وه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ نێو یه‌كێتی‌ به‌ سه‌ره‌تایه‌ك دانا بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ یه‌كێتی‌،  وتیشی‌: «ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ له‌ حكومه‌تدا یه‌كێتی‌ پێشنیازی‌ كردون، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بێت، كه‌ ته‌نیا كه‌سه‌كان بگۆڕێن، ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ ململانێكانی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كات، هێنده‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان نییه‌».

Sbeiy.com © 2007