Print
 عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌كرێت به‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش نه‌كرێ‌، ئه‌وا ده‌بێت به‌ چه‌ند پارچه‌وه‌
Wednesday, March 11, 2009

سازدانی‌: هاوڵاتی‌
ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، پێشتر له‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر داوای‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خوێنه‌ران و گرنگی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ دیمانه‌كه‌ و دوای‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌ت له‌ هاوڵاتی‌، جارێكی‌ تر سایتی‌ سبه‌ی‌ بڵاوی‌ ده‌كاته‌وه‌.
 
* ماوه‌یه‌كه‌ ئێوه‌ وه‌ك باڵێكی‌ ریفۆرمی‌ ناو حیزب ده‌ركه‌وتون و داوای‌ چاكسازی‌ و گۆڕانكاری‌ ده‌كه‌ن، ئایا داواكانی‌ ئێوه‌ له‌وه‌دا تایبه‌ت ده‌بێته‌وه‌ كه‌چه‌ند كه‌سێكی‌ به‌رپرس بگۆڕن و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ دانێن، یاخود له‌راستیدا كێشه‌تان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆی‌ سیسته‌مه‌كه‌ كه‌ سیسته‌می‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستانه‌؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سیسته‌مه‌ و به‌دامه‌زراوه‌كردنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌، سیسته‌می (ی.ن.ك) سیسته‌مێكی رون نییه‌، ئایا ئێمه‌ حیزبێكی دیموكراتین یان حیزبێكی شمولین، به‌هۆی ئه‌و ناڕونییه‌وه‌ مه‌بده‌ئی دامه‌زراوه‌مان له‌ده‌ستداوه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌یری‌ هه‌یكه‌لی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بكات، ره‌نگه‌ پێمان بڵێت ئه‌وه‌نییه‌ له‌ناو حیزبدا مه‌كته‌به‌كان و مه‌ڵبه‌نده‌كان و ده‌زگای‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه‌ به‌فعلی‌ موئه‌سه‌ساتی‌ نین، راسته‌ په‌یكه‌رێكه‌ و هه‌یكه‌لێكه‌ و بونیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ده‌سه‌ڵات و ئیشوكاریان به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌و ئۆرگانه‌كانیان شكڵییه‌، موماره‌سه‌كردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌م ئۆرگانانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ستونی ره‌ها داڕێژراوه‌ كه‌گوێ‌ له‌ڕای‌ به‌رامبه‌ر ناگرێ‌، زۆرێك له‌و مه‌كته‌بانه‌، یان به‌رپرسه‌كانیان بێده‌سه‌ڵاتن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ خۆی‌ ئیمپراتۆرێكه‌ چی‌ بوێت ئه‌وه‌ ئه‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و حیزبه‌ بكرێت به‌موئه‌سه‌سات هه‌مو داموده‌زگاو ئۆرگانه‌كان ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان بۆ دیاریبكرێت، واته‌ له‌ڕوی‌ رێكخراوه‌یی و دارایی و كارگێڕی و له‌ڕوه‌كانی تریشه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ به‌ره‌و رو ئه‌بێته‌وه‌ و به‌رپرسیارێتی‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، دیاره‌ دروست وایه‌ هه‌مو ئه‌و مه‌كته‌بانه‌ په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی‌ ئاشكرای‌ خۆیان هه‌بێت، واته‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ دیاریكراو به‌پێی‌ په‌یڕه‌وێك له‌سه‌ری‌ ده‌ڕوات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌كه‌شی‌ ده‌بێت كه‌ره‌سته‌ی‌ پێویست بخرێته‌ به‌رده‌میان، كه‌ به‌شێكی‌ گرنگ له‌كه‌ره‌سته‌كانی كادیره‌و پێویستی مادی و ئامرازه‌ هونه‌رییه‌كانن، هه‌روه‌ها شێوازی كاركردنی دامه‌زراوه‌یی‌ خه‌ڵكی‌ به‌كه‌فائه‌ت و به‌توانای‌ ده‌وێت له‌شوێنه‌ گرنگه‌كاندا، ئه‌و كه‌سانه‌ داده‌نێت كه‌ لێیان رازییه‌ و ده‌توانن خزمه‌ت به‌ به‌رنامه‌ دیاریكراوه‌كان بكه‌ن، نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تاچه‌نده‌ ملكه‌چه‌ بۆ به‌رپرسه‌كانی سه‌رو خۆی و ده‌سته‌گه‌ری له‌پێناوی ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازاتدا، خه‌ڵكی‌ بێكه‌فائه‌و بێتوانا لائه‌بات خه‌ڵكی‌ پاك و ئیشكه‌ر داده‌نێت و ئه‌وانه‌ ئه‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌‌و خه‌ڵكی‌ كار نه‌كه‌رو وگه‌نده‌ڵ وبێكه‌ڵك لائه‌بات. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ ره‌خنه‌و بۆچونی‌ ئێمه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌پرسێكیش پێویست بكات كه‌بگۆڕدرێت ئێمه‌ له‌و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ سه‌یری‌ گۆرانكارییه‌كان ده‌كه‌ین، نه‌ك به‌ته‌نها جێگۆركێكردن به‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ دیاریكراو له‌بازنه‌یه‌كی‌ داخراودا. سروشتییه‌ ئه‌م كاره‌ له‌حیزب بكریت له‌پێشدا دوایی له‌حكومه‌تدا یان شانبه‌شانی‌ یه‌ك، دیاره‌ شێوازی‌ هه‌ردو بواره‌كه‌ جیاوازی هه‌یه‌.

* ئێوه‌ قه‌ناعه‌تان وایه‌ بۆ گۆڕانكاری‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ناو حیزبیشدا ده‌ستنه‌كه‌وت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزب بهێنرێت و به‌رپرسیارێتییان پێبدرێت؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: بۆ حكومه‌ت ده‌كرێ‌ خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ بێنین كه‌سانی ته‌كنۆكرات، ئه‌كادیمی، مه‌كته‌بی، به‌ڵام بۆ حیزب مه‌گه‌ر له‌ئیداره‌كاندا دایان نێن، له‌كاری‌ حیزبیدا ناتوانرێ‌ خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزب بێنیت و پله‌یه‌كی‌ بده‌یتێ‌، ئه‌وه‌ ناكرێ‌. ئه‌شێ‌ بۆ كاری‌ ئیداری‌، ئه‌گونجێت و ئه‌بێت ، چونكه‌ ئێمه‌ زۆر له‌ئیداره‌كانمان پێویستمان به‌خه‌ڵكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزبیشه‌و ئه‌توانین ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ پێویستمانه‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ر بیانهێنین و سود له‌كه‌فائه‌تیان وه‌رگرین، ئه‌مه‌ش خاڵێكی‌ تر له‌سوده‌كانی‌ به‌دامه‌زراوه‌كردنی‌ ئۆرگانه‌كانی‌ حیزبه‌، كه‌ ئێستا به‌م شێوازه‌ ده‌توانین ته‌نها له‌كادره‌ حیزبییه‌كان كه‌ڵك وه‌ربگرین.

* پێتوایه‌ حیزب له‌ ئه‌مرۆدا پێویستی‌ به‌هه‌مو ئه‌و ده‌زگاو بنكه‌و باره‌گایانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌تی‌ و مه‌سروفاتیان ده‌كێشێت؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر، حیزبه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ یه‌كێك له‌كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌یشێ‌ له‌كادیری‌ بۆ په‌یدا بوه‌وه‌، له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، خاوه‌نی‌ كۆمه‌ڵێك ئۆرگان و باره‌گای‌ زۆره‌ و به‌مه‌ش توشی‌ گرفتێك بوه‌ پێویستی به‌بودجه‌یه‌كی زۆره‌، بۆ خه‌رجیی ئه‌و ئۆرگانانه‌و باره‌گاكانیان. ئه‌م مه‌سره‌فه‌ به‌ڕاستی‌ ئابوری‌ هیچ حیزبێك ده‌ره‌قه‌تی‌ نایه‌ت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ تریشی گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ له‌هاوشێوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ باوه‌ڕناكه‌م له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا حیزب هه‌بێت له‌ڕوی‌ هه‌ڵاوسانی‌ ئۆرگان و كادیره‌وه‌، ئێستا به‌جۆرێك ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ فراوان بوه‌ته‌وه‌، كادیره‌ باشه‌كانیش ئه‌وانه‌ی‌ به‌توانان و كاری‌ باشیان له‌ده‌ستدێت ونبون له‌ناو ئه‌م هۆسه‌یه‌دا، زۆرێك له‌ كادیره‌كان، خۆشیان نیگه‌رانن به‌م حاڵه‌ته‌، گله‌یی‌ ئه‌كرێت له‌وه‌ی‌ كه‌كادیری‌ وا هه‌یه‌ ئه‌نواع وئه‌شكال موچه‌ی‌ و ئیمتیازات و شتی‌ تر وه‌رئه‌گرێ، به‌ڵام هیچیش پێشكه‌ش به‌حیزب و كۆمه‌ڵ‌ ناكات، كادیره‌ باشه‌كانیش كه‌لێهاتون و كادیری‌ نه‌وعین له‌ناوئه‌وانه‌دا ونبون و موچه‌و ئیمتیازاتیان كه‌متره‌، چونكه‌ خاوه‌ن بیرو باوه‌ڕو دیدوبۆچونن بۆ هه‌مو پرسه‌كانی‌ حیزب و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگا، نه‌ك ملكه‌چی و پیاهه‌ڵدان بۆ به‌رپرسان له‌پیێناوی پله‌و پایه‌و ده‌سكه‌وتی شه‌خسی.

* باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیدا باست له‌وه‌كردوه‌، كه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌رفده‌كرێت بۆ كاری‌ حیزبی‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش مانگانه‌ ده‌كاته‌ 30 تا 35 ملێون دۆلاره‌ مانگانه‌؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئه‌وه‌ راسته‌، من لای به‌رپرسه‌ باڵاكانیش باسمكردوه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ له‌بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ریده‌گرین، ئێستا ئه‌و بودجانه‌ له‌ حیزبه‌كان ببڕن، به‌دو مانگ هه‌مو لایه‌كمان وه‌زعی‌ ئابوریمان تێكده‌چێت، چونكه‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئۆرگانه‌ حیزبییه‌كاندا به‌كاردێت، به‌ موچه‌و مه‌سروفاتی‌ ئۆرگانه‌كان هه‌موی له‌و بودجه‌یه‌ خه‌رج ده‌كرێت كه‌ له‌حكومه‌تی‌ فیدراڵی وه‌رده‌گیرێت كه‌ بودجه‌ی گشتیی خه‌ڵكه‌.

* دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆتان پێشكه‌ش كرد تاكو ئێستا مام جه‌لال دانیشتنی‌ له‌گه‌ڵتاندا ساز نه‌كردوه‌، پێتانوایه‌ ئه‌مه‌ خه‌مساردی مام جه‌لاله‌؟ ئایا په‌یوه‌سته‌ به‌سه‌رقاڵی‌ ئه‌وه‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك لایان وایه‌، خه‌مساردی‌ ئه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌كانی‌ ناوخۆ؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: به‌إاستی‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌بێ له‌ به‌ڕێز مام جه‌لال بكرێ‌، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ دیاره‌ ئێمه‌ له‌ 2005 ه‌وه‌ یاداشتمان داوه‌ به‌ به‌رێز مام جه‌لال، راسته‌ له‌م دواییه‌داو له‌ئاكامی‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌ندێ‌ راپۆرت و پێشنیار نوسراوه‌ و كۆمیته‌ دانراوه‌ بۆ به‌دواداچون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌م دواییانه‌دا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كان له‌ رۆژنامه‌كان‌و هه‌ندێك له‌قسه‌ی به‌رپرسه‌كان، كه‌ مه‌به‌ستیان ده‌رپه‌ڕاندنی‌ یه‌كجاره‌كی هه‌ندێك له‌هه‌ڤاڵان و ناچاركردنیان به‌هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌و ئاراسته‌یه‌، هه‌مو شته‌كانی‌ قڵپكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌بوایه‌ 5 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر به‌رهه‌می‌ شتێك دیار بوایه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌2004 یاداشتمان داوه‌ و هاوارمانه‌ و داوای‌ چاكسازی‌ ده‌كه‌ین، خۆتان له‌هاوڵاتی ئه‌ڵێن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردو زیاد له‌ په‌نجا جار باسی چاكسازی كراوه‌ له‌كوردستانی نوێ‌ دا.

* قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كرێت مام جه‌لال بۆ ئه‌وه‌ هاتنه‌وه‌كه‌ی‌ دواده‌خست تا یه‌كڕیزی‌ ئه‌و چوار كه‌سه‌ شه‌قبكات، ئێوه‌ خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌وه‌ چییه‌؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئێمه‌ رایه‌كی‌ تایبه‌تی‌ خۆمانمان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ به‌بێ‌ موساڵه‌حه‌ی‌ گشتی‌ ناو یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، به‌كاك نه‌وشیروان و براده‌رانی‌ ره‌گ و هه‌رچی‌ هه‌یه‌ له‌دورخراوه‌و ده‌رپه‌ڕێنراوه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێت، زه‌مانه‌تی‌ ئه‌م كاره‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌م حیزبه‌ بكرێته‌ موئه‌سه‌سات، به‌بێ‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ نه‌ ئاشتبونه‌وه‌ی‌ گشتی‌ ده‌كرێ‌ نه‌ده‌توانین وه‌زعی‌ خۆمان چاك بكه‌ین، دیاره‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ڕاستی‌ رۆیشت، باوی‌ ئه‌و شێوازه‌ نه‌ماوه‌، كۆمه‌كی‌ لایه‌ك بكه‌یت و ئه‌وانی‌ دیكه‌ پشت گوێ‌ بخه‌ی‌، پێویسته‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال هه‌موی‌ به‌هه‌ڤاڵی‌ خۆی‌ بزانێ‌، به‌كادیری‌ خۆی‌ بزانێ‌، به‌یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌مویان بكات، به‌پێی‌ تواناو كه‌فائه‌ته‌كانیانن به‌كاریان بهێنێت و به‌رپرسیارێتییان بداتی‌، هه‌ركه‌س له‌بواری‌ حیزبی یا حكومی یا پێشمه‌رگایه‌تی شاره‌زایێت، به‌ڵام ناكرێت هه‌ندێ‌ له‌براده‌ران هه‌یه‌ چه‌ند وه‌زیفه‌ی ده‌ده‌نێ‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی تریش له‌كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌ستبه‌تاڵ دانیشین، مرۆڤ چه‌ند به‌ توانابێت ئه‌و هه‌مو وه‌زیفه‌یه‌ی‌ بۆ به‌ڕێوه‌ ناچێت، ئه‌مه‌ دیاره‌ كه‌نا عه‌داله‌تییه‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌، پرسیاریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌چییه‌وه‌ هاتوه‌و سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌؟ ماوه‌یه‌كی كه‌میش نییه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌.

* ئایا ئێوه‌ داوای‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌كه‌ن ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی‌ كادره‌كانی‌ حیزب، یان ده‌تانه‌وێت ریفۆرم بكه‌ن له‌سه‌ر ئاستی‌ كۆمه‌ڵ و حكومه‌تیش؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: حیزب ئامرازێكه‌ بۆ خزمه‌تی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك، دیاره‌ ئێمه‌ له‌ناوه‌وه‌ی‌ حیزبدا داوای‌ ئیسڵاحات ئه‌كه‌ین و له‌ناو حكومه‌تیشدا. حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی جێ‌به‌جێكردنه‌، ئه‌بێ حكومه‌تی‌ خه‌ڵك بێت. كه‌ده‌بێت خزمه‌تگوزاری‌ پێشكه‌ش به‌و خه‌ڵكه‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئیسڵاحات له‌ناو حكومه‌تدا نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ نه‌كه‌ین له‌وه‌ی‌ كه‌ چیمان كردوه‌ و چۆن كاره‌كان ئه‌ڕوات، ناتوانین به‌خه‌ڵكی‌ نیشان بده‌ین كه‌ به‌راستی‌ ئێمه‌ خوازیاری‌ ریفۆرمین، ئامانجمان چییه‌ له‌ باسكردنی‌ ریفۆرم؟ ئامانجمان خزمه‌تكردنه‌و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ به‌خه‌ڵك، واته‌ ئازادی و به‌ختیاری و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك ئامانجمانه‌و حیزب ئامرازێكه‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ بۆ جێ‌به‌جێكردنی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ئه‌مرۆ به‌شێكی‌ گرنگی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، به‌جۆرێكی‌ تر حیزب وه‌سیله‌یه‌ به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ كۆمه‌ڵ بۆ هێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ باش و كارا كه‌ سیاسه‌تێكی‌ په‌روه‌رده‌یی‌، ته‌ندروستی‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری‌، دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار بۆ خه‌ڵك، چاككردنی‌ وه‌زعی‌ بازاڕ و دابینكردنی پێداویسته‌كانی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵك له‌ سوته‌مه‌نی‌، ئاو، كاره‌با ، نیشته‌جێ‌. حكومه‌ت ده‌بێت به‌ئاگابێت و پێداچونه‌وه‌ له‌تواناو وه‌زع و بژێوی خه‌ڵكدا بكات، به‌تایبه‌ت چین و توێژه‌كانی خواره‌وه‌ له‌كرێكارو كاسبكارو فه‌رمانبه‌ری‌ بچوك و بێكاردا، ئاگای‌ له‌وه‌زعی‌ جوتیاران وگونده‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان بێت، هه‌مو ئه‌مانه‌ كه‌ داواكاری‌ خه‌ڵكن له‌ رێگه‌ی‌ كێوه‌ ئه‌كرێت؟ له‌ رێگه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌، حكومه‌تیش له‌رێگه‌ی‌ چییه‌وه‌ ئه‌و پێویستییانه‌ دابین ئه‌كات؟ بێگومان له‌ڕێگه‌ی‌ بودجه‌وه‌ ئه‌كرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵك بزانێ‌ بودجه‌ چۆن خه‌رجده‌كرێت، حكومه‌ت چی‌ له‌و پاره‌یه‌ و له‌داهاتی‌ تر ده‌كات و چه‌نده‌و چۆنه‌؟ ئه‌وانه‌ به‌شه‌فافی‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا باسبكرێت و راگه‌یه‌نرێت، دواتر هه‌مو ئه‌و وه‌زیرانه‌ به‌رپرسن له‌وه‌ی‌ كه‌به‌رنامه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چییه‌؟ به‌رنامه‌ی‌ گشتی‌ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ چییه‌؟ له‌ڕوی سیاسی‌ و ئابوری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و كشتوكاڵ‌ و... تادوایی، له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌هه‌مو چین‌و توێژه‌كانییه‌وه‌.
نایشارینه‌وه‌ له‌ چه‌ندین شوێن و چه‌ندین جاریش وتومانه‌ له‌ڕوخانی‌ رژێمی فاشییه‌وه‌ تائێستا، زیاتر له‌ 25 ملیار دۆلار بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بوه‌، له‌وه‌ نزیكه‌ی 12 ملیار دۆلاری هاتۆته‌ ئه‌م ناوچانه‌، راسته‌ ئێمه‌ ناڵێین هه‌ر هیچ نه‌كراوه‌ شتكراوه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و شتانه‌ی‌ كراوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و 12 ملیار دۆلاره‌یه‌؟ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌یه‌، با ده‌سه‌ڵات سه‌رپشك بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌.

* به‌جۆریك له‌جۆره‌كان ئێوه‌ به‌وه‌ تۆمه‌ت بارده‌كرێن كه‌ سلێمانی‌ چییه‌تی‌ ئه‌كه‌ن و زیاتر له‌گۆشه‌نیگای‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانیه‌وه‌ سه‌یری‌ روداوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟
 عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئاشكرایه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان قاعیده‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ پارێزگای سلێمانیه‌، هه‌مو كه‌س ئه‌وه‌ ئه‌زانێ‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سلێمانی‌ چییه‌تی‌ ئه‌كه‌ین، ئه‌ی‌ بۆچی‌ هه‌رچی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كان و شوێنه‌كانی‌ دیكه‌یه‌ له‌كوردستانی‌ عێراق له‌م شاره‌دا زه‌وی‌ وه‌ر ده‌گرێت خانو ده‌كات پۆستی‌ ئیداری‌ ‌و حیزبی‌ وه‌ر ده‌گرێت، كه‌س پێیوتوه‌ به‌ری‌ چاوتان كلی‌ پێوه‌یه‌؟ باشه‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی چه‌ند كه‌سی له‌كه‌ركوك و هه‌ولێرو دهۆك زه‌وییان وه‌رگرتوه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ با ناوی‌ په‌نجا كه‌سمان بده‌نێ‌، كه‌ به‌ هه‌زاران له‌ خه‌ڵكی ئه‌و شارانه‌ لێره‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌، ره‌نگه‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانیش گله‌یی‌ له‌ ئێمه‌ بكات بڵێ‌ ئێوه‌ قاعیده‌ی‌ حیزبه‌كه‌تان لێره‌یه‌ بۆ خزمه‌تمان ناكه‌ن؟ خۆ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ حه‌قی‌ خۆمانه‌ ناچن له‌شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ بۆمان بێنن، له‌بودجه‌ی‌ خۆمان مافی خۆمان بده‌نێ‌. ئه‌مه‌ داوایه‌كی‌ دروسته‌و كه‌ی‌ هه‌قی‌ به‌سه‌ر سلێمانی‌ چێتییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌و داوایه‌وه‌ داوایه‌كی‌ ره‌وایه‌، من گه‌ر خه‌ڵكی‌ شاری سلێمانی‌ داوام لێبكه‌ن كاری‌ خزمه‌تگوزاری‌ بكرێ‌، ئه‌بێ‌ ئیتهامی‌ كه‌م به‌ سلێمانچێتی‌ و شارگه‌راییه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ پاداشتی خه‌ڵكی شاری‌ سلێمانییه‌؟ باشه‌ نابێت وه‌ڵامێكم هه‌بێت، ئه‌مه‌ چ په‌یوه‌ندی‌ به‌سلێمانی‌ چییه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌؟ باشه‌ چه‌ند خه‌ڵكی سلێمانی له‌خانه‌قین و كۆیه‌ زه‌وی یان پۆستی‌ ئیداری و حیزبی وه‌رگرتوه‌؟ له‌شۆإشی نوێی‌ گه‌له‌كه‌ماندا له‌پارێزگای سلێمانی جگه‌ له‌ده‌ربه‌ندیخان و كه‌لار نزیكه‌ی (10000)ده‌ هه‌زار شه‌هید هه‌یه‌ له‌كۆی گشتیی (17709) شه‌هیدی‌ گه‌له‌كه‌مان، پارێزگای سلێمانی ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی زیاتره‌ له‌ژماره‌ی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی پارێزگاكانی تری هه‌رێَم، گه‌وره‌ترین و فراوانترین وێرانكردن و ده‌ستوه‌شاندنی‌ رژێمی‌ دیكتاتۆری‌ به‌عس و پیاده‌كردنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ جینۆساید، جگه‌ له‌گه‌رمیان كه‌ئه‌ویش بنكه‌ی بنچینه‌یی (ی.ن.ك)ه‌، به‌زۆری‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا رویداوه‌، ئه‌ی‌ بۆ له‌وه‌دا پێمان ناڵێن سلێمانچێتی‌ ئه‌كه‌ن؟ ئاوا سه‌یری خه‌بات و تێكۆشانی‌ شاری‌ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی‌ ئه‌كه‌ن؟ ناو و ناتۆره‌ له‌مێژوی ئه‌ده‌ن؟ بڕۆن ئه‌وه‌ ده‌زگای‌ شه‌هیدانه‌ خۆتان سه‌یركه‌ن بزانن ژماره‌كان چیمان پێده‌ڵێت.
 ئێمه‌ هه‌رگیز خۆمان له‌قاڵبی ته‌سكی شارگه‌ری‌ و ناوچه‌گه‌رایی‌ نه‌داوه‌و به‌چاوی‌ رێزه‌وه‌ سه‌یری خه‌بات و تێكۆشانی هه‌مو چین و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان كردوه‌، له‌هه‌مو شارو شارۆچكه‌و گوندو ناوچه‌كانداو خۆمان به‌خزمه‌تكاری‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌زانین، هه‌رده‌م و هه‌میشه‌ داوای‌ به‌پلانكردنی‌ وردو زانیستی كاره‌كانی‌ حكومه‌تمان كردوه‌ بۆ هه‌مو هه‌رێمه‌كه‌ له‌هه‌مو روه‌كانه‌وه‌ به‌بێ‌ جیاوازی بۆ خزمه‌تی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك.

* له‌م ئاڵوگۆرانه‌دا سه‌ره‌تا كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ باڵی‌ ریفۆرمدا بو، به‌ڵام دواتر هه‌ندێك گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌ودا هات، به‌ڕای‌ ئێوه‌ هۆكاری‌ هاوبه‌شی كردن‌و گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی‌ چیبون؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئه‌وه‌ به‌رێز كاك كۆسره‌ت خۆی‌ به‌رپرسه‌ له‌و مه‌سه‌لانه‌، ئه‌كرێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆی‌ بكه‌ن.

* باڵی‌ ریفۆرم زیاتر نزیكایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ نه‌شیروان مسته‌فا هه‌یه‌، ئه‌و نزیكایه‌تییه‌ بۆچی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: ئێمه‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كێشه‌كانی‌ خۆمان چۆن ئه‌بینین و خوێندنه‌وه‌مان بۆی‌ چییه‌، ئێمه‌ ئه‌زانین كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌نگی خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ خه‌بات و تێكۆشانی‌ سیاسی ئه‌و مێژوه‌ی‌ بۆ دروستبوه‌ له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ سیاسییه‌كان، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و ئێمه‌ بۆمان دروست نه‌كردوه‌، خۆی‌ و تێكۆشانی و رێخراوه‌كه‌ی‌ بۆیان دروستكردوه‌، ئه‌مه‌ پیاهه‌ڵدانیش نییه‌، ئه‌و بنكه‌یه‌كی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌ناو رێكخستنه‌كانی‌ (ی.ن.ك) و له‌ناو ریزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ناو جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتیدا، له‌ناو حكومه‌تیشدا، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا، له‌به‌رئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان كه‌سایه‌تییه‌كه‌ له‌ وڵاتانی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ ناسراوه‌، لای‌ ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو ئه‌وروپا ناسراوه‌، لای‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ عه‌ره‌بییش ناسراوه‌ و حسابی‌ بۆ ده‌كرێ‌، كاك نه‌وشیروان ره‌قه‌مێكه‌و پاڵپێوه‌نانی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌زه‌ره‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌گه‌إێته‌وه‌. ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان زه‌ره‌ر نه‌كات، به‌ڵام هه‌ندێك براده‌ر هه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ ته‌سریحات ده‌ده‌ن، له‌لایه‌ك ده‌ڵێن كه‌سمان لێ زیاد نییه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌ڵێن نازی‌ كه‌س هه‌ڵناگرین و له‌سه‌ر كه‌س په‌كمان نه‌كه‌وتوه‌، یان ئه‌ڵێن كێ‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، كێش نامێنێته‌وه‌ كه‌یفی‌ خۆیه‌تی‌ وسه‌ربه‌سته‌، ئه‌م جۆره‌ ئسلوبه‌و بێمنه‌تییه‌ له‌ئیشكردن ئه‌وه‌نیشان ده‌دات كه‌سانێك به‌نییه‌تی‌ پاوه‌نكردنی‌ ده‌سه‌ڵات وكه‌رتكردنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كارده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان خه‌تی‌ سوره‌، كه‌س بۆی نییه‌ بیبه‌زێنێ‌، ئه‌ی‌ كه‌ خه‌تی‌ سوره‌ ئێوه‌ خۆتان پاڵی‌ پێوه‌ ده‌نێن خۆتان ئه‌و زه‌مینه‌یه‌تان ره‌خساندوه‌و خۆشكردوه‌ تا خه‌ته‌سوره‌كه‌ ببه‌زێنرێت، مه‌سه‌له‌ هه‌ر شه‌خسی كاك نه‌وشیروان نییه‌ كه‌بڕوات، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری و حیزبییه‌كه‌شی‌ ئه‌ڕوات، خۆتان دیموكراتییانه‌ مامه‌ڵه‌ ناكه‌ن، خۆتان ئازادی‌ به‌به‌رامبه‌ره‌كه‌تان ناده‌ن، خۆتان شه‌فافییه‌تتان نییه‌ له‌ئیشكردنداو ئاماده‌نین عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ پیاده‌بكرێت، ئاماده‌نین بریاڕی‌ جه‌ماعی‌ په‌یره‌وبكرێ‌، ئیتر چۆن ده‌توانن بڕوا و متمانه‌ بۆ ئه‌وانی‌ تر بگێڕنه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌م قسانه‌م به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌كاك نه‌وشیروانیش كه‌م وكوڕی‌ نییه‌، ده‌كرێت ره‌خنه‌ له‌ویش بگیرێ‌.

* له‌ كه‌سێكی‌ نزیكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ هه‌واڵێكمان بیستوه‌، گوایه‌ یه‌كێتی‌ به‌ته‌مان لیژنه‌ی‌ ته‌حقیقی‌ دروستبكه‌ن له‌سه‌ر ئێوه‌ واته‌ هه‌ر چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: تا ئێستا هیچی‌ وام نه‌بیستوه‌، ئه‌گه‌ر بیشیكه‌ن پیرۆزه‌، ئێمه‌ خۆمان داوای‌ ئه‌وه‌مانكردوه‌، كه‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دروستبكرێت، به‌یاداشت داومانه‌، به‌پرۆژه‌ش داوامانكردوه‌، خۆمان داوای‌ ئه‌وه‌مانكردوه‌ قابیله‌ ئه‌گه‌ر له‌خۆشمان داوابكه‌ن بڵیین نابێت؟ كه‌ ئێمه‌ داوا له‌وان ئه‌كه‌ین ئه‌بێت بۆ خۆشمان بكرێ‌، ئێمه‌ داواده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌سه‌روه‌ت و سامانی‌ هه‌مو (ی.ن.ك) بكات، وه‌ك له‌یاداشته‌كه‌مان داوامانكردوه‌، هه‌مومان بگڕێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌، وه‌كێ‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ لایه‌ باهه‌موی‌ بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ش ته‌مه‌ننایان بۆ ئه‌كه‌ین به‌سه‌ر سه‌رو به‌سه‌رچاو ئاماده‌ین بۆهه‌ركارێكی‌ له‌و جۆره‌.

* ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ئه‌كرێت كاك نه‌وشیروان لیستی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌بێت بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ئێوه‌ تاچه‌نده‌ لاتان وایه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌توانێت گۆڕان بهێنێته‌ ئاراوه‌؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: پێویسته‌ ئه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتییه‌وه‌، ئایا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ گه‌له‌كه‌مان و ئه‌زمونه‌كه‌یدا، (ی.ن.ك) وه‌ك ئامرازێكی‌ سیاسی‌ گه‌له‌كه‌مان لاوازبێت، چاكه‌ یان به‌هێز؟ ئایا (ی.ن.ك) دوكه‌رت و سێ كه‌رتبێت باشه‌ یان یه‌كگرتو؟ ئه‌گه‌ر (ی.ن.ك) كه‌رت و په‌رتبو، ئه‌ڵته‌رناتیڤ كێیه‌و كێ‌ سود له‌مه‌ ئه‌بینێت؟ بۆ (ی.ن.ك) ئینجا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، كێیه‌ یه‌كێتی كه‌رت و په‌رت ئه‌كات؟ چ جۆره‌ شێوازێكی‌ كاركردنه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ی‌ هێناوه‌ته‌ گۆر؟ ئایا (ی.ن.ك) به‌شێوازی‌ ئێستای‌ كاری‌ بۆ ئه‌كرێت؟
له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌بینم یه‌كه‌م: ئاشتبونه‌وه‌ی ناو (ی.ن.ك) بكرێت به‌كاك نه‌وشیروان و ره‌گ و هه‌مویه‌وه‌. دوه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌كێتییه‌ نه‌كرێت به‌دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش نه‌كرێ‌، شه‌فافییه‌ت له‌هه‌مو شته‌كان نه‌بێ‌ و دیموكراتیه‌ت نه‌بێ‌ و ئازادی‌ راو دیدو بۆچونی جیاواز نه‌بێ، بڕیاره‌كان به‌ كۆمه‌ڵ‌ نه‌بێ‌، ئه‌م حیزبه‌ نه‌كرێ‌ به‌حیزبی موئه‌سه‌سات، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مانه‌وه‌ خۆمان ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی نه‌كه‌ین، خۆمان پاڵ‌ به‌كاك نه‌وشیروان و ره‌گ و كادیره‌كانی‌ تره‌وه‌ بنێین، خۆمان زه‌مینه‌ بۆ كه‌رت و په‌رتكردن دروستبكه‌ین له‌پێناوی‌ پاوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵات خۆمان خه‌تی سور ببه‌زێنین، ئه‌وا یه‌كێتی‌ ئه‌بێت به‌چه‌ند پارچه‌وه‌ له‌ روی بابه‌تی و خۆییه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ لیستی‌ جیاوازیش دروست ئه‌بێت و ئیتر موبه‌ریر نامێنێت، چونكه‌ به‌زۆر و شێوازی ناڕه‌وا زه‌مینه‌مان بۆ دروستكرد، لیستی‌ جیاوازیش مانای كه‌رتبونی بنكه‌ی حیزبی و جه‌ماوه‌ریی (ی.ن.ك)ه‌، جا چه‌ند گه‌وره‌ یان بچوك بێت له‌ئاست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ تردا، من ره‌ئیشم وایه‌ ناكرێت هه‌مو ناكۆكییه‌كان و كێشه‌و گرفته‌كان ببه‌ستنه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌گوایه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان رێكناكه‌ون مه‌حاڵه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ باهه‌ردوكیان پرۆژه‌ی‌ خۆیان، هه‌ریه‌ك به‌جیا بخه‌نه‌ به‌رده‌ستی‌ حیزب، بڵێن ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ حیزب بكه‌ین، كێشه‌كان وایه‌و خیلافه‌كانمان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وكاته‌ش له‌به‌رده‌می‌ هه‌مو حیزب وخه‌ڵكیشدا پرۆژه‌ی‌ به‌ڕێز مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان به‌دیاربخرێت و دادوه‌ری‌ له‌سه‌ر بكرێت، یان خاڵی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌ له‌هه‌ردو پرۆژه‌كه‌دا، نه‌ك له‌ژوره‌ داخراوه‌كاندا وتوێژ بكرێت و به‌ئه‌نجام نه‌گات.

* پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌رنه‌كرێت یه‌كێتی‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌دایه‌ یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر پێتوایه‌ وایه‌ یه‌كێتی‌ ئینشقاقی‌ تێده‌كه‌وێت و ده‌بێت به‌چه‌ند كه‌رتێكه‌وه‌؟
 عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: دیاره‌ یه‌كێتی‌ ئامرازێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورده‌ له‌پاڵ ئامرازه‌كانی‌ دیكه‌دا، یه‌كێتی‌ به‌ قۆناغه‌كانی‌ مێژودا هاتوه‌، له‌ هه‌مو قۆناغه‌كاندا ده‌وری‌ كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بوه‌و تێگه‌شتن و خوێندنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بوه‌، كه‌ جێی رێزی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بوه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئێستا ئه‌م گیروگرفت وكۆسپ و ته‌گه‌ره‌و كێشه‌و ململانێیه‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ چاره‌سه‌ری‌ بۆ نه‌كات، حه‌تمه‌ن توشی‌ پارچه‌پارچه‌ بون ئه‌بێت، ئه‌م گرفته‌ لای‌ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌كه‌م سه‌یر ده‌كرێ‌، ره‌نگه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت یه‌كێتی‌ چی‌ به‌سه‌ر دێت و هاوكێشه‌كان چۆن ده‌گۆڕێن، وابزانێ‌ ئه‌مانه‌ ته‌نها كێشه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسییه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و ناچێته‌ ناو بنكه‌ی‌ حیزبی و ناپه‌ڕێته‌وه‌ ناو خه‌ڵك، ئێمه‌ له‌نزیكه‌وه‌ هه‌ست به‌و واقیعه‌ ئه‌كه‌ین، كه‌كێشه‌ی‌ حیزبه‌كه‌مان و كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك زۆر فراوانتر بونه‌ته‌وه‌و بونه‌ته‌ كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌مڕۆی حیزبه‌كه‌مان، به‌ڵام هه‌ندێ‌ كه‌س نایه‌وێ‌ ئه‌و كێشانه‌ وه‌ك خۆی‌ ببینێت، یان هه‌ندێ‌ جار تكتی خۆی له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ تاكتیكی‌  رۆژانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌و ئه‌بڕێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی سه‌یری دورایی و قوڵایی مه‌سه‌له‌كان بكات، بۆیه‌ ئێمه‌ لامانوایه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ نه‌كه‌ین ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێتی‌ توشی‌ كێشه‌ و له‌تبون ده‌بێت و دواییش سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ په‌نجه‌ی‌ په‌شیمانی‌ ئه‌گه‌زێت.

Sbeiy.com © 2007