Print
 هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كان نیگه‌رانن
Sunday, March 15, 2009

راپۆرت: ئارام نه‌جیم
نه‌بونی خزمه‌تگوزاری پێویست له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ی نیگه‌ران كردوه‌و داواكارن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان ئاورێكی جدی بده‌نه‌وه‌ كه‌ به‌قه‌ده‌ر قوربانیه‌كانی ئه‌م شاره‌ بێت و به‌رپرسانیش له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ داواكانی هاوڵاتیاندا هاوڕان له‌ كه‌می خزمه‌ت گوزاری له‌ ساڵانی رابردودا، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵانی رابردو له‌ بۆنه‌و یاده‌ جیاجیاكاندا به‌رپرسانی حزبی و حكومی به‌ڵێنی خزمه‌تی زیاتر بۆ ئه‌م شاره‌ راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام هێشتا سیمای شاره‌كه‌ وێرانه‌یه‌و خزمه‌ت گوزاریه‌كی ئه‌وتۆی پێوه‌دیار نییه‌ هاوڵاتیان زۆرێك له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدانی نیگه‌ران كردوه‌.


هاوڵاتیان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان پرۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاریان ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام بێ‌ پیلانیه‌كی زۆر یاخود په‌له‌كردنێكی پێوه‌ دیاره‌ بۆیه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م یان هه‌ڵ‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ یان بۆ چاك كردنی پرۆژه‌یه‌كی تر تێك ده‌درێته‌وه‌.


م/ رێباز ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 27 ساڵ‌ دانیشتوی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌م تا زۆرێك پرۆژه‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی پێویستی هه‌ڵه‌بجه‌ نییه‌، پرۆژه‌كان كه‌مته‌رخه‌میان پێوه‌دیاره‌، زۆركات دواده‌كه‌ون یاخود په‌له‌ ده‌كرێت له‌ ته‌واوكردنی هه‌ندێك پرۆژه‌، پاركێك كراوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ ئاسن و چیمه‌نتۆ یه‌ك سه‌وزای و نه‌مامی تیانییه‌.


شۆسته‌ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی خراپی جۆره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵ‌ ده‌وه‌شێنرێته‌وه‌و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، هه‌ر له‌ قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرد كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا هۆلێكی گه‌وره‌ی تێدانییه‌ بۆ بۆنه‌و یاده‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك 16/3/ یاده‌كانی تر.



به‌پێی ئامارێك كه‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌ له‌ بواری ئاودا 4.24% خزمه‌تی بواری ئاو كراوه‌ به‌ حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی یۆنانیه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا كۆی گشتی پرۆژه‌ ئه‌نجام دراوه‌كانی كه‌ له‌ بواری ئاودا ئه‌نجام زیاتر له‌ 17 پرۆژه‌ی جۆراوجۆره‌ كه‌ به‌ كولفه‌ی 7875000000 ملیار دیناری چاپی نوێ‌ ئه‌نجام دراوه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئیمداد عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی رێكخراوێكی خوێندكاری ناو هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد له‌كاتێكدا چه‌ندین كه‌م و كوڕی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ ده‌خرێته‌ رو، به‌ڵام جێگای داخه‌ كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، چه‌ندین جار داوای چاك كردنی رێگای هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ید صادق كراوه‌ كه‌م و كوریه‌كانی كاره‌با به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌روه‌ك خۆی وایه‌ ئاماژه‌شی بۆ كه‌می و نه‌مانی سه‌وزای له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كردو وتی هه‌رچه‌ند پاركێك و چه‌ند باخچه‌یه‌ك له‌م سنوره‌دا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بێ‌ پیلانیه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا سه‌وز نه‌كراوه‌و بێ‌ سه‌وزای ماوه‌ته‌وه‌.

كوێستان ئه‌كره‌م، جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی و سه‌رپه‌رشتیاری پارك و باخچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ وتی: ئێمه‌ له‌ پرۆژه‌كاندا له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستمان پێ‌ كردوه‌و تاكۆتایی ساڵی 2008 پرۆژه‌ی زۆرباشمان ئه‌نجام داوه‌ له‌ بواره‌ خزمه‌ت گوزاریه‌كاندا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هاورابو له‌وه‌ی كه‌ ده‌رخسته‌كان كه‌م و كوڕی تێدابوه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاركێكی 24 دۆنمی دروست كراوه‌و له‌به‌ر كه‌م و كوڕیه‌كانی ماوه‌ی یه‌ك ساڵه‌ تاوه‌كو ئێستا سه‌وز نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌رنامه‌مان بۆ داناوه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌هۆی گه‌وره‌ی و زۆری پاركه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌وزكردن و خزمه‌ت كردنی ده‌درێته‌ كه‌رتی تایبه‌تی.

خدر كه‌ریم، سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌شبینی خۆی بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ ئه‌نجام دا كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام دراوه‌و وتی "تا راده‌یه‌كی زۆرباش گه‌شبینم به‌و كارانه‌ی كه‌ ئه‌نجام دراوه‌" وتیشی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستین بڵێین هه‌مو شتێكمان ته‌واو كردوه‌و كوچه‌و كۆڵان نییه‌ له‌ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا ئیشی تیانه‌بێت، به‌ڵام كه‌م و كوڕی هه‌ر ئه‌بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كه‌م و كوڕیانه‌ له‌ ئاستی چاره‌سه‌ردا بێت نه‌ك له‌ ئاستی فه‌شه‌لدا بێت، هه‌ر له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ ئێستادا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 50%ی ئاوه‌دان بوه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو پێنج ساڵی تر ئینجا هه‌ست ده‌كرێت‌و ئاوه‌دانبونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بینرێت.

حه‌سه‌ن شێخ عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌كانی پارێزگار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانی پارێزگا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ دابین كردنی پاره‌ بۆ پرۆژه‌كان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كاندا وه‌ك یه‌ك وایه‌و وتی: دابینكردنی پاره‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌یه‌و له‌ چه‌ندساڵی رابردودا زیاتر له‌ بیست وحه‌وت ملیارو پێنج سه‌دو هه‌شتاو چوار ملیۆن تا كۆتایی ساڵی 2008 سه‌رف كراوه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگاو بۆ ئه‌مساڵیش پێنج ملیار دینار بۆ زیاتر له‌ 6 پرۆژه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌رف ده‌كرێت.

به‌پێی ئامارێكی تایبه‌ت كه‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌ 4.23% خزمه‌تگوزاری بواری ئاو كراوه‌ كه‌ بإی حه‌وت ملیارو هه‌شت سه‌دو حه‌فتاو پێنج ملیۆن دینارو حه‌وت سه‌دو په‌نجا هه‌زار له‌م بواره‌دا تا كۆتایی ساڵی 2008 سه‌رف كراوه‌و بواری ئاوه‌ڕۆ 7.51% له‌م بواره‌دا خزمه‌ت كراوه‌ كه‌ بودجه‌كه‌ی به‌ دینار سیانزه‌ ملیارو چوار ملیۆن دیناری چاپی نوێیه‌و دو ملیۆن و دوسه‌دو هه‌شتاو چوار هه‌زار دۆلار سه‌رف كراوه‌.

كه‌مترین بوار له‌ ناوچه‌كه‌دا خزمه‌ت كرابێت بواری سه‌وزاییه‌ كه‌ 1.63% خزمه‌ت كراوه‌و بڕی سێ‌ ملیارو شه‌ست سه‌دو شه‌ست و شه‌ش ملیۆن دینارو هه‌شت سه‌دو په‌نجاو هه‌شت هه‌زار دۆلار بۆ ئه‌م بواره‌ سه‌رف كراوه‌و كه‌م و كوڕییه‌كی زۆر به‌م بواره‌ به‌ ناوچه‌كه‌وه‌ دیاره‌.

به‌پێی ئامارێك كه‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كۆی گشتی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا ئه‌نجام دراوه‌ به‌ دیناری چاپی نوێ‌ سه‌دو چل و حه‌وت ملیارو سه‌دو حه‌فتاو نۆ ملیۆنه‌و به‌ دۆلار په‌نجاو دو ملیۆن و چوارسه‌دو بیست و یه‌ك هه‌زار دۆلار ئه‌نجام دراوه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ تێبینی بێت به‌ حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی یۆنانی و رێكخراوه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ سه‌رف كراوه‌. 

فۆتۆ: ره‌مه‌زان ئۆز تورك


فۆتۆ: ره‌مه‌زان ئۆز تورك


فۆتۆ: ره‌مه‌زان ئۆز تورك


فۆتۆ: ره‌مه‌زان ئۆز تورك


فۆتۆ: ره‌مه‌زان ئۆز تورك

Sbeiy.com © 2007