|
له‌شكركێشی توركیا، هه‌وڵ و ته‌قه‌لای لایه‌نه‌كان |
Saturday, October 27, 2007 |
راپۆرتی: فرمان عه‌بدولره‌حمان
له كاتێكدا هه‌وڵی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ عه‌لی باباجانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گه‌شبینانه ته‌ماشاكرا بۆ گه‌یشتن به جۆرێك له رێككه‌وتن و ئاگربه‌ستی رانه‌گه‌یه‌نراو له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌دا بۆ رازیكردنی توركیا له هێرشنه‌كردن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ لێدانی باره‌گاكانی په‌كه‌كه، به‌ڵام چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه حكومه‌تی توركیا سووره له‌سه‌ر له‌شكركێشیی و سنووربه‌زاندنی خاكی هه‌رێم بۆ راوه‌دوونانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له كۆنگره‌ی وه‌به‌رهێنه‌كاندا له له‌نده‌ن رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی به نیازه ئابڵووقه‌ی ئابووریی بخاته سه‌ر عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه. سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی توركیا بڵاویانكرده‌وه حكومه‌تی توركیا به نیازه لێكۆڵینه‌وه بكات له باره‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووری دژی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رۆژنامه‌ی سه‌باحی توركی بڵاویكرده‌وه توركیا ده‌یه‌وێت سزای ئابووریی به‌سه‌ر خودی بارزانیدا بسه‌پێنێت، راپۆرته‌كه‌ی سه‌باح ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه نزیكه‌ی 118 كۆمپانیا، كه پێیوابوو سه‌ر به بارزانی و هاوكاره‌كانیه‌تی له توركیا ده‌خرێنه ژێر چاودێرییه‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه رایگه‌یاند كه بارزانی "بایه‌خ به‌و هه‌ڕه‌شانه نادات".
هه‌ر له هه‌مان چوارچێوه‌دا رۆژنامه‌ی تایمی به‌ریتانیی له‌سه‌ر زاری ئه‌ردۆگان بڵاویكرده‌وه كه سوپای توركیا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر هێز كۆكردنه‌وه له‌سه‌ر سنووره‌كانی نێوان عێراق و توركیا، ئه‌ردۆگان جه‌ختیشیكرده‌وه كه حكومه‌ته‌كه‌ی ناتوانێت هه‌تا ناكۆتا چاوه‌ڕوانبێت و وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر بڕوانێته هێرشه‌كانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی سوپاكه‌ی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد توركیا ئارامی گرتووه و هێرش ناكات له‌به‌ر به‌هه‌ند گرتنی رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها وتیشی: "14 مانگه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمه نێوده‌وڵه‌تییه به‌ربگرێت، به‌ڵام ناتوانین بۆ هه‌میشه هه‌ر چاوه‌ڕێ بكه‌ین".
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئه‌ردۆگان دوای ئه‌وه دێت كه هه‌ریه‌كه له جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و تاریق هاشمیی جێگری سه‌رۆك كۆمار و هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، جه‌ختیانكرده‌وه بۆ عه‌لی باباجانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، كه حكومه‌تی عێراقیی كارده‌كات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا بۆ نه‌هێشتنی تیرۆر، هه‌ر له‌و باره‌یه‌شه‌وه نوری مالیكی رایگه‌یاند: "عێراق نووسینگه‌كانی په‌كه‌كه داده‌خات و كارده‌كات بۆ سنوورداركردنی ئه‌و چالاكییه تیرۆریستییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له عێراق و توركیا ده‌كه‌ن".
سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه دوێنێ بڵاوكرایه‌وه و كۆپییه‌كی ده‌ست رۆژنامه كه‌وتووه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه دوێنێ مالیكی له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا كردووه و ئاماده‌یی حكومه‌تی عێراقی نیشانداوه بۆ بنبڕكردنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له عێراقدا. هه‌ر دوێنێ نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌ی (خانه‌ی قه‌یران)ی كرد، كه بریتییه له لیژنه‌یه‌كی حكومیی بۆ به‌دواداچوونی كێشه هه‌نووكه‌ییه‌كانی عێراق، كه له وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگریی و ئاسایشی نیشتمانیی پێكهاتووه، تیایدا حه‌وت بڕیاری گرنگ ده‌ركرا، گرنگترینیان ناردنی وه‌فدێكی سیاسیی‌و ئه‌منی باڵایه بۆ ئه‌نكه‌ره بۆ چاره‌سه‌ركردنی گۆڕانكارییه ئه‌منییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رسنووری نێوان توركیا وعێراق و ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی كاری لیژنه سێ قۆڵییه‌كه‌ی (عێراق – ئه‌مه‌ریكا - توركیا).
نوری مالیكی راشیگه‌یاند ئه‌ردۆگان ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر هاوكاریكردنی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه، وتیشی: "حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره پێشوازیكردووه له هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ كۆتایی هێنانی قه‌یرانی نێوان هه‌ردوو وڵات"، به‌ڵام ئه‌ندامێكی ئه‌و وه‌فده سێ قۆڵییه‌ی (توركیا و عێراق و ئه‌مه‌ریكا)، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به رۆژنامه‌ی حه‌یاتی راگه‌یاند گفتوگۆكان له‌ناو لیژنه‌كه‌دا گه‌یشتووه‌ته قۆناغێكی قورس، پاش ئه‌وه‌ی لایه‌نی توركی داوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی عێراق و په‌كه‌كه‌ی كرد كه له عێراق نیشته‌جێن، له‌نێویاندا كوڕه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی و پارله‌مانتارێكی لیستی هاوپه‌یمانی تێدایه".
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی (وه‌ته‌ن)ی سعودیی كه دوێنێ بڵاویكرده‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق وه‌فدێكی سه‌ربازیی باڵای توركیاش هاوڕێیه‌تی كردووه و دوێنێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگریی عێراق كۆبووه‌ته‌وه بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی چۆنییه‌تیی ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكراوه عێراقییانه‌ی توركیا به پاڵپشتیكردنی په‌كه‌كه تۆمه‌تباریان ده‌كات‌و له ناویاندا د. مه‌حمود عوسمان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ده‌زگای پاراستنی ئاسایشی كوردستانی تێدایه.
عه‌لی باباجان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه دوێنێ له شاری به‌غدا چاوی كه‌وت به هه‌ریه‌كه له جه‌لال تاڵه‌بانی و تاریق هاشمیی جێگری و نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هۆشیار زێباری، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری رایگه‌یاند "به‌ڵێنی له حكومه‌تی عێراقیی وه‌رگرتووه بۆ پشتیوانیی كردنی توركیا له دژایه‌تیكردنی تیرۆردا". له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له هه‌مان كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسیدا ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه كوردانه‌ی كه حكومه‌تی توركیا داوایكردووه، وتی: "ئێمه هیچ لیستێكمان پێنه‌گه‌یشتووه كه ناوی به‌رپرسانی عێراق و كوردی تێدا بێت، به‌ڵكو ئه‌و لیسته‌ی حكومه‌تی توركیا پێی‌داوین ته‌نها ناوی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ی تێدایه".
هه‌ر له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، تاریق هاشمیی جه‌ختیكرده‌وه كه كه‌ش و هه‌وایه‌كی نوێ دروستبووه و پێویسته بیقۆزینه‌وه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێت چانسی زیاتر بدرێت به عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت وتیشی: "هه‌موو ئه‌و ئامانجانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆی هاتبوو هاتووه‌ته‌دی".
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه گه‌شبینانه‌ی به‌رپرسه باڵاكانی حكومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به ته‌ئكیدكردنه‌وه له هێرش نه‌كردنی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ رۆژنامه‌ی (یه‌نی شه‌فه‌ق)ی توركی بڵاویكرده‌وه، كه چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سوپای توركیا به مه‌به‌ستی راوه‌دوونان و ده‌ستگیركردنی هێزێكی په‌كه‌كه، سنووری خاكی عێراقیان به‌زاندووه. ئه‌و رۆژنامه‌یه بڵاویشیكرده‌وه ئه‌و چه‌ند یه‌كه‌یه‌ی سوپای توركیا به پاڵپشتیی كۆپته‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان ده‌ستپێكردووه و مه‌به‌ستیان لێدانی چه‌ند ئامانجێكی سه‌ربازیی ئینتیقائی بووه.
هه‌ر له هه‌مان چوارچێوه‌شدا رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئه‌و هێرشه‌ی سوپای توركیا به قووڵی 40كم هاتووه‌ته خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن سه‌رچاوه ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تی توركیاوه ئه‌و هه‌واڵه پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و سنووربه‌زاندنه دیاریكراوه‌ی سوپای توركیا له كاتێكدایه كه رۆژی دووشه‌مه‌ی رابردوو یه‌كلایه‌نه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه ئاگربڕ راگه‌یه‌ندرا.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووساندا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا سوپای توركیا ئاگربه‌سته یه‌كلایه‌نه‌كه‌ی په‌كه‌كه قبووڵده‌كات، عه‌لی باباجان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتی: "مه‌سه‌له‌ی ئاگربه‌ست له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت و دوو سوپادا ده‌به‌سترێت، مه‌سه‌له‌كه لێره‌دا تیرۆره، ئێمه له‌به‌رامبه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستیداین".
هه‌رچه‌نده ئه‌و له‌شكركێشییه‌ی سوپای توركیا له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی خاكی كوردستاندا بووه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بووه‌ته هۆی وه‌ستانی جموجۆڵی بازرگانیی له خاڵی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل. ئه‌نه‌س سه‌ندوری به‌رپرسی ئه‌منیی له ئیبراهیم خه‌لیل وتی: "بارودۆخی ئێستای ئه‌و خاڵه سنوورییه زۆر ئاساییه و جموجۆڵی بازرگانی به‌رده‌وامه و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر هاتوچۆی خاڵی ئیبراهیم خه‌لیل دروست نه‌كردووه".
به‌ڵام به پێی وتارێكی ره‌مه‌زان یافوز، رۆژنامه‌نووس له ئاژانسی ده‌نگوباسی DHAی توركی پێیوابوو كه له‌وانه‌یه ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی توركیا كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای ناوچه‌ی زاخۆ كه كاره‌با له توركیاوه وه‌رده‌گرن.
له كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له سه‌فاره‌تی توركیا له به‌غدا چاوی كه‌وت به پارله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌دارانی توركمانی، كه پێكهاتبوون له فریاد تۆزلو و عه‌باس ئه‌لبه‌یاتی و محه‌مه‌د مه‌هدی و فه‌وزی ئه‌كره‌م ته‌رزی و فاروق عه‌بدوڵا و سیدین ئایدن ئه‌قسو، تیایدا عه‌لی باباجان جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و پشتیوانیی حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌شی بۆ توركمانه‌كانی عێراق دووپاتكرده‌وه.
ئه‌وه‌ش به‌ڕای چاودێرانی سیاسی هه‌وڵێكی تری توركیایه له ده‌ره‌وه‌ی دانیشتنه ره‌سمییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه و ئامانجه سه‌ربازییه‌كانی تری حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره.
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه حكومه‌تی توركیا پێناچێت هیچ دڵێكی به به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی عێراقیی خۆش بێت بۆ كۆتایی هێنان به بوونی په‌كه‌كه له عێراقدا.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عه‌لی باباجان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی، گومانی خۆی نه‌شارده‌وه له بێتوانایی حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رگرتن به هێرشه‌كانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر سوپای توركیا.
وه‌زیری به‌رگریی عێراقی عه‌بدولقادر عوبه‌یدی داوای كردبوو هێزی پێشمه‌رگه بخرێته ژێر فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه‌وه، چونكه به وته‌ی وه‌زیری به‌رگریی "هاتوچۆ پێكردنی یه‌كه‌كانی سوپای عێراقی له به‌غدا و شاره‌كانی تری عێراقه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان كارێكی قورس و ئه‌سته‌مه".
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه به توندیی ئه‌و داوایه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقی ره‌تكرده‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه ره‌نگه توركیا بێئومێدانه بڕوانێته ئه‌م هه‌وڵه دیبلۆماسییانه‌ی نێوان ئه‌نكه‌ره و به‌غدا و چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و بوش بكات له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو بۆ وه‌رگرتنی تیشكی سه‌وز بۆ هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه له‌شكركێشییه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌ممه، كه به قووڵایی 40 كیلۆمه‌تر هاته ناو خاكی هه‌رێمه‌وه، تێستێكی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه‌یه بۆ ئاماده‌سازیی له‌شكركێشییه‌كی به‌رفراوان.
|
|
|