سازدانی: سیروان محه‌مه‌د - محه‌مه‌د شێخ فاتح
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی له‌و دیداره‌ی كه رۆژنامه له‌گه‌ڵیدا سازیكردوه، باس له‌وه‌ده‌كات، كه نه‌بونی ده‌ستور له هه‌رێمی كوردستاندا نیگه‌رانی لای هه‌مو كه‌سێك دروستكردوه، چونكه له نه‌بونی ده‌ستوردا نازانرێت یاساكان چۆن چۆنینو به‌ره‌و كوێ ده‌مانبه‌ن، بۆیه نه‌بونی ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ زیان له كایه ئابورییه‌كان ده‌دات.
به وته‌ی كانێسكانی، یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا ئه‌وه‌یه كه یاسایه‌كمان نییه بۆ پاراستنی به‌كاربه‌ر، بۆیه یه‌كه‌م پرسیارێك كه وه‌به‌رهێنی بیانی لێمان ده‌كات ئه‌وه‌یه، ئایا یاسای كێبڕكێ‌و پاراستنی بهكاربهرتان هه‌یه؟
* بۆ دۆخی ئابوری كوردستان تا چه‌ند گونجاوه كه‌رتی تایبه‌ت بێته ناوه‌وه‌و حكومه‌ت پاشه‌كشه بكات؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: له‌ڕاستیدا عێراق گرفتێكی هه‌یه كه وڵاتێكه له‌سه‌ر پاره‌ی نه‌وت ده‌ژی، له‌وه‌شدا دو راستی هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، چونكه نه‌وت هی ده‌وڵه‌ته‌و هی كه‌رتی تایبه‌ت نییه، دوه‌میش ئه‌وه‌یه له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه تا نه‌وه‌د كار به سیستمی ئیشتیراكی ده‌كرا، بۆیه هه‌رچه‌نده كه‌رتی تایبه‌ت شتێكتی كردوه، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بوه، پاشان له ساڵی 2003ه‌وه مه‌فاهیمی سه‌رمایه‌داری هاتوه‌ته ناوه‌وه، ساڵانێك خه‌ڵك په‌روه‌رده كران له‌سه‌ر خراپیی سیستمی سهرمایهداریو باشی ئیشتیراكی، ئێستا به هه‌مو چاكی‌و خراپییهكهوه سیستمی سه‌رمایه‌داریمان وه‌رگرتوه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت سیستمێكی بازاڕی ئازاد دابنێت به‌وجۆره‌ی كه ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ كوردستاندا، چونكه مه‌رج نییه ئابوری كوردسانی عێراق به‌هه‌مانشێوه‌ی ئابوری عێراق بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌نگبێت ئایدۆلۆژیاشمان به‌ره‌و جیاوازبون بڕوات، ئه‌و حیزبانه‌ی له به‌غدا حكوم ده‌كه‌ن ئلیدیۆلۆیایهكی ئیسلامی‌یان هه‌یه، له مه‌سه‌له‌ی سوددا جیاواز بیرده‌كه‌نه‌وه، له‌بیری ئه‌و حیزبانه‌دا زه‌وی دان به بیانی نادرێت، چونكه له ئیسلامدا زه‌وی مسوڵمان نادرێت به كافر، بۆیه هیچ بیانییه‌ك نابێت خاوه‌ندارێتی زه‌وی بكات، ئه‌وه له‌كاتێكدایه وه‌به‌رهێنێك كه دێت پێویستی به جێگیرییه، ناكرێت كارگه‌یه‌ك كه دایده‌نێت هه‌ر رۆژه‌و له شوێنێك بێت، به‌ڵام له ئێستادا عه‌ره‌به‌كان هه‌ندێك له‌و حاڵه‌ته گه‌یشتون كه تا په‌نجا ساڵ ئه‌وه وه‌به‌رهێنه بیانییه‌ی كه دێته عێراقه‌وه ده‌توانێت ببێته خاوه‌نی زه‌وییه‌كه.
له مه‌سه‌له‌ی باجیشدا مه‌رج نییه له كوردستاندا باج به‌هه‌مانشێوه‌ی به‌غدا بێت، بۆ نمونه له ئێستادا هه‌رچه‌نێك باج له خه‌ڵك وه‌ربگیرێت ده‌چێته‌وه سندوقی به‌غدا، بۆیه وای به‌باش ده‌زانم كه باجی كه‌متر له خه‌ڵك وه‌ربگیرێت، له‌و باوه‌ڕه‌شدام ده‌ستور رێگامان پێبدات كه خاوه‌نی سیستمێكی ئابوری سه‌ربه‌خۆ بین.
* نه‌بونی ده‌ستور له كوردستاندا، نیگه‌رانی دروستاناكات بۆ وه‌به‌رهێنی بیانی؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: نه‌بونی ده‌ستور نیگه‌رانی لای هه‌مو كه‌سێك دروستده‌كات، ده‌وڵه‌ت به یاسا ده‌ڕوات به‌ڕێوه، یاساش وه‌ك هه‌ره‌مێك وایه كه ده‌بێت له‌سه‌روی ههرهمهكهوه سه‌قفێك هه‌بێت شته‌كان دیاریبكات، شته جێگیره‌كان ده‌ستور دیاریده‌كات، پاشان به‌پێی یاكان دێته خواره‌وه‌و به‌ره‌و ورده‌كارییه‌كان ده‌ڕوات، له نه‌بونی ده‌ستوردا نازانرێت یاساكان چۆن چۆنین، به‌ره‌و كوێ دهمانبهنو چه‌ند سه‌ره‌ن، بۆیه نه‌بونی ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ زیان له كایه ئابورییه‌كان ده‌دات.
كوردستان ناوچه‌یه‌كی فیدراڵییه، ده‌بێت روكارهكانی ده‌ربكه‌ون كه چین، بۆ نمونه عێراق وڵاتێكه ئه‌زمونی خۆماڵیكردنی هه‌یه، وه‌ك (نه‌وت، كه‌رتی بانكی) بۆ نمونه عه‌بدولكه‌ریم قاسم له ساڵه‌كانی 1964ه‌وه دهستیپێكردو هه‌مو بواره‌كانی گرته‌وه، بۆیه وه‌به‌رهێنی بیانی یه‌كه‌م شت‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ترسی له خۆماڵیكردنی پرۆژهكهیهتی، بۆیه له ده‌ستوردا ده‌بێت رونبكرێته‌وه كه ده‌وڵه‌ت ئه‌و پرۆژانه خۆماڵی ناكات، ئه‌گه‌ر كردیشی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه قه‌ره‌بو ده‌كرێته‌وه، كه ده‌بێت به‌هیچ جۆرێك خۆماڵی نه‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌گه‌ر له ده‌ستوردا هه‌بو، ئه‌وا گره‌نتییه‌كی باش ده‌دات به وهبهرهێنو دڵنیای ده‌كاته‌وه.
* كه‌واته یاساكه گره‌نتییه‌كی باش نادات به وه‌به‌رهێن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه ده‌ستوره‌كه گرنگه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ده‌ستوره‌كه دو شت رونده‌كاته‌وه، یه‌كه‌میان ئه‌و ده‌ستوره جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی ههرێمو ناوه‌ند رونده‌كاته‌وه، بۆ نمونه ئێمه ده‌ڵێین بیانی ده‌توانێت بێته هه‌رێم به‌بێ ڤیزا، به‌غدا ده‌ڵێت نه‌خێر ده‌بێت ڤیزای هه‌بێت، دوه‌میش ئه‌وه‌یه كه ده‌ستور گرنگییه‌كان زیاتر ده‌كات.
* نه‌بونی ده‌ستور ئه‌و یاسایانه ناخاته به‌ر مه‌ترسیی مه‌زاجی به‌رپرسانه‌وه، به‌جۆرێك كه هه‌ركاتێك به‌دڵیان نه‌بو بیگۆڕن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ده‌ستور نوسراوێكی جێگیره، بۆیه ناگۆڕێت، به‌ڵام یاساكان هیچ رێگرێك نییه بۆئه‌وه‌ی كه جاروبار بگۆڕدرێن، به‌ڵام له بواری وه‌به‌رهێناندا، كه‌س حه‌ز ناكات زو زو یاساكن بگۆڕێت.
ئێستا چه‌ند یاسایه‌ك هه‌یه له عێراقدا كه لای وه‌به‌رهێنی بیانی رون نین، یان جێگای مه‌ترسین، بۆ نمونه (یاسای بریكارنامه‌ی بازرگانی) له دۆخێكی ته‌مومژاویدایه، پێشتر كار به یاسای ساڵی 1983 ده‌كرا دواتر بو به 1994پاشان بو به 2000، دواتر ره‌تكرایه‌وه، پاشان هێنرایه‌وه.
یاساكه بۆ وه‌به‌رهێن زۆر گرنگه، یاساكه‌ی ساڵی 2000 بریمه‌ر هه‌ڵیپه‌سارد، به‌ڵام هیچ شتێك نه‌هاته جێگای، یاساكه شتێكی زۆر بێ‌مانا بو، هه‌ندێك ماده‌ی تیا بو كه وه‌به‌رهێن (ئه‌و كاره) بكات ئه‌وا زیندانی هه‌تا هه‌تایی ده‌كرێت، له یاسا كۆنه‌كه‌دا له‌سێداره‌دانیشی تیا بو، بۆیه ئه‌وه وه‌به‌رهێن دورده‌خاته‌وه، بریمه‌ر یاساكه‌ی هه‌ڵپه‌سارد كه له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه جیاوازه، بۆیه به‌نیسبه‌ت كوردستانه‌وه دیار نه‌بو كه دوای ئه‌و هه‌ڵپه‌ساردنه چ شتێك جێی گرته‌وه، بۆیه ئێستا گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ یاساكه‌ی ساڵی 2000.
* هه‌ندێك پێیانوایه ئه‌و دۆخه شڵه‌ژاوه‌ی بازاڕه‌كانی تێكه‌وتوه، سهرمایهدارو بازرگانه‌كان به ویستی خۆیان یاری به بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن، له سه‌رده‌می رژێمی پێشوشدا هه‌بو، چونكه حكومه‌ت به هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه ده‌وه‌ستایه‌وه، پێتانوایه ئه‌وه‌ی پێش‌و خراپه‌و ئه‌مه‌ی ئێستا باشه، یان ئه‌وه‌شی له ئێستادا هه‌یه گرفتی تیایه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: له‌ڕاستیدا دۆخه‌كه ئه‌وه‌ی باشه له‌نێوان ههردوكیاندایه، بازاڕی ئازاد سه‌لمێنرا كه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدایه، چونكه وه‌ك بنه‌ما، ئازادیی باشتره له كۆت‌و به‌ند، پاشان هه‌میشه كۆته‌كان بۆ هه‌مو كه‌س نین، چونك ده‌وڵه‌ت ناتوانێت كۆنترۆڵی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه بكات كه سه‌رپێچی یاسا ده‌كه‌ن، هه‌ندێك ده‌كات به نمونه‌و له‌سێداره‌یان ده‌دات.
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێك له بۆشاییه گه‌وره‌كان كه هه‌مانه نه‌بونی یاسایه‌كه بۆ پاراستنی به‌كاربه‌ر، له‌و وڵاتانه‌ی كه باس له دیموكراتی‌و ئازادی ده‌كه‌ن، چه‌ندین كۆمه‌ڵه هه‌یه كه پارێزگاریی له به‌كاربه‌ران ده‌كه‌ن، بۆیه وه‌به‌رهێن یه‌كه‌م پرسیار ده‌یكات ئه‌وه‌یه، كه یاسای كێبإكێو بهكاربهرتان هه‌یه؟.
* ئێمه یاسایه‌كی وه‌به‌رهێنانمان هه‌یه كه گره‌وی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ر كردوه كه وه‌به‌رهێنی بیانی پێڕابكێشینه كوردستان، به‌ڕای ئێوه پرسیاره‌كانی وه‌به‌رهێنی بیانی چییه له‌دوای ده‌رچونی ئه‌و یاسایه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: بۆ بیانییه‌ك رون نییه چی له عێراقدا هه‌یه‌و چی له هه‌رێمی كوردستاندا رویداوه، وه‌به‌رهێنی بیانی پرسیاری بارودۆخی ئارامیی ده‌كات، به‌ڵام كاتێك كه ده‌بینێت توركیا دێته كوردستانه‌وه، ئێران تۆپباران ده‌كات، ئه‌وا ده‌ترسێت، ئیتر چی وا له‌و وه‌به‌رهێنه ده‌كات نه‌چێت بۆ بولگاریاو بێته كوردستان.
* ئه‌ی ئه‌وانه كامانه‌ن كه هاتون؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه سودیان له بارودۆخی عێراق بینیوه به پله‌ی یه‌كه‌م وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆمانه، وه‌ك (توركیا‌و ئوردون‌و ئێران)، ئه‌مه پێیان ناوترێت وه‌به‌رهێنان، چونكه ئه‌و جوڵه سروشتییه له بازرگانیدا هه‌ر ده‌بێت، پێشی ناوترێت بیانی، وه‌ك ئێوه پێیده‌ڵێن، چونكه له‌وه‌و پێشتریش وه‌به‌رهێنانی عه‌ره‌بی هه‌ر هه‌بو له عێراقداو هانی وه‌به‌رهێنی عه‌ره‌بی هه‌ر دراوه بۆ كاركردن.
* به‌ڵام كۆمپانیای بیانی هه‌ر هاتوه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌و كۆمپانیایانه كه هاتون بچوكن‌و كۆمپانیای سنوردارن، بۆیه ئه‌وانه پێیان ناوترێت كۆمپانیا، كۆمپانیایه‌ك به‌رپرسیارێتی (500) ملیۆن دۆلار وه‌ربگرێت، جیاوازه له‌و كۆمپانیایه‌ی به‌رپرسیارێتی (1) ملیۆن دۆلار هه‌ڵده‌گرێت.
* پێتانوایه كۆمپانیایه‌ك نه‌هاتوه‌ته كوردستانه‌وه كه به‌رپرسیارێتی (500) ملیۆن دۆلار هه‌ڵبگرێت؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: دو جۆر وه‌به‌رهێن هه‌یه، هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا ئیش ده‌كات، هه‌شه له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تدا ئیشده‌كات، به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر كۆمپانیای گه‌وره هاتبێت، ئه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا كارده‌كه‌ن، بۆیه كۆمپانیایه‌ك كه بیه‌وێت بێته عێراقه‌وه به سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو دێت‌و كۆمپانیایه‌كی عێراقی به سه‌رمایه‌ی (1) ملیۆن دیناری چاپی نوێ كۆمپانیایه‌ك دروستده‌كات، واته كه‌سێكی بیانی كۆمپانیایه‌كی عێراقی دروستده‌كات، یان به‌ر له‌وه‌ی بێته عێراقه‌وه، شه‌ریكێكی له ئوردون یان له ئیمارات دۆزیوه‌ته‌وه‌و دو شه‌ریكن (جۆین ڤێنچه‌ر)ێكیان دروستكردوه، بۆیه زۆربه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نایه‌ن، به‌ڵكو كۆمپانیایه‌كی نوێ دروستده‌كه‌ن.
* گرفتی ئه‌و كۆمپانیا گه‌ورانه چییه كه نایه‌نه كوردستانه‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: نه‌بونی ئارامیی، ژێرخانی ئابوری بۆ وه‌به‌رهێنان، چ له بانك یان گواستنه‌وه، یان رێگره یاساییهكانو جۆری یاساكان، چونكه ئه‌و یاسایانه كه هه‌یه زۆرێكیان پینه‌و په‌ڕۆی یاسا كۆنه‌كانن.
* پێداویستییه ته‌كنیكییه‌كانی وه‌به‌رهێنان چین له كوردستاندا، كاتێك وه‌به‌رهێنێك یاساكه‌ی به دڵه كه دێته كوردستان، ده‌بێت چۆن ئیش بكات؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی:ئه‌وه رۆلیكی زۆر گرنگی هه‌یه، چونكه یاسای وه‌به‌رهێنان به‌شێكه له خودی وه‌به‌رهێنان، واته ئه‌و شتانه‌ی كه له ده‌وروبه‌ری یاساكه‌یه زۆر گرنگتره، بۆ نمونه بیانییه‌ك كه دێته كوردستانه‌وه، نایه‌وێت شه‌ریكێكی ئوردونی یان ئیماراتی هه‌بێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت شهریكهكهی عێراقی بێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت (سی ڤی) ئه‌و كۆمپانیایه بزانێت كه ده‌بێت به شه‌ریكی، به قسه نایه‌وێت، به‌ڵكو به به‌ڵگه ده‌یه‌وێت، لێره هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی كارگێڕی‌و دارایی بۆ ئه‌و شتانه نییه، چۆن شه‌راكه‌ت له‌نێوان دو كه‌سدا دروستده‌بێت كه یه‌كێكیان هه‌رچی زانیاریی هه‌یه ده‌یدات به ئه‌ویتریان، به‌ڵام زانیاریی له‌باره‌ی كۆمپانیا عێراقییه‌كه‌وه نییه.
* كۆمپانیا بیانییه‌كه شه‌ریكی بۆ چییه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردوه، كۆمپانیا بیانییه‌كه بۆ ئه‌وه شهریكایهتی ناكات كه پاره‌ی نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌و كۆمپانیایانه تێگه‌یشتون كه له عێراقدا كاروباره ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كانیان ئاڵۆزن، بۆیه به‌ته‌نیا ئیشوكاره‌كانیان پێ به‌ڕێوه‌ناچێت، حه‌زده‌كات شه‌ریكێكی هه‌بێت كه له‌و بوارانه‌دا به ئه‌زمون بێت، هاوكات ده‌یه‌وێت كۆمپانیا ناوخۆییهكه سهرمایهیهكیش دابنێت بۆئه‌وه‌ی ته‌حه‌مولی شته‌كان بكات، واته وه‌ك رێبه‌رێك ده‌یه‌وێت كاری له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام رێبه‌رێكی به‌رپرس.
* تائێستاش یاسای پارێزگاریی كۆمپانیاكانمان نییه، ئێستا زیاتر له 75%ی كۆمپانیاكان داخراون، چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر ئابوریی كوردستان؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر روخانی سه‌دامدا رۆیشتوه، به‌ڵام تائێستاش ئابورییهكهمان ناڕهسییه، واته شته‌كان هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی ئسوڵی‌و یاسایی ده‌ستی پێنه‌كردوه، بۆ نمونه له یاسای وه‌به‌رهێناندا ده‌بێت له‌و شتانه‌دا گرنگیی به وه‌به‌رهێنی بیانی بدرێت كه خۆت بۆت ناكرێت، به‌ڵام له هه‌مو شتێك‌دا گرنگیی زیاتر به وه‌به‌رهێنی بیانی ده‌درێت، مانای وایه ئابورییه‌كه‌ی خۆت وێران ده‌كه‌یت، بیانی باج نادات، به‌ڵام باج له وه‌به‌رهێنی ناوخۆیی‌و خۆماڵی ده‌سه‌نێت، ئه‌وه واده‌كات به‌رده‌وام وه‌به‌رهێنه بیانییه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند دهكهیتو وه‌به‌رهێنی ناوخۆییش كاول ده‌بێت، پاشان ده‌بێت سیاسه‌تی باج رونبكرێتهوهو له‌گه‌ڵ رۆحانییهی بارودۆخه‌كه‌دا بگونجێت، ئێمه میلله‌ته‌كه‌مان هه‌ژاره، بۆ ده‌بێت باج له هه‌ژاره‌كه‌ی خۆت وه‌ربگریت، به‌ڵام له بیانییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌رناگریت، بۆچی؟ ئه‌وه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زۆ سه‌یره، بیانییه‌ك به مه‌لایین دۆلاره‌وه دێت باجی لێناسهنیت، به‌ڵام هه‌ژارێك خانوه‌كه‌ی ده‌فرۆشێت، داوای هه‌زار دۆلاری لێده‌كه‌یت، ئه‌وه مانای چییه؟
كه ده‌ڵێین ئابوریی ئێمه ناڕه‌سمییه، مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه كه ئابورییهكهمان تائێستاش هه‌ر له‌سه‌ر پاره‌ی كاشه.
* ئه‌وه چ زیانێكی داوه، له‌سه‌ر كاش بێت یان چێك؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: زیانی زۆره، بۆ نمونه وه‌به‌رهێنی بیانی كه دێت مانای وایه جوڵه به پاره‌كه‌ی ده‌كات، بۆیه ده‌بێت سیستمێكی بانكیی چالاكت هه‌بێت له‌وڕوه‌وه، له‌لایه‌كه‌وه باس له‌وه‌ده‌كرێت كه هانی وه‌به‌رهێن ده‌درێت، به‌ڵام له حه‌واڵه‌ی دراودا بانكێكی ئه‌هلی بڵێت بۆ بڕێكی كه‌م له‌پاره ئه‌وه‌نده نیسبهتت لێدهسهنم، ئه‌وه مانای چی، یانی حكومه‌ت له باجی خۆی خۆشبوه، به‌ڵام بانكێكی ئه‌هلی ده‌ڵێت نه‌خێر. بانكه ئه‌هلییه‌كانی ئێره كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه زۆر بچوكن، بانكمان زۆره، به‌ڵام بچوكن.
لای ئێمه ده‌بێت وه‌به‌رهێنێك كه پرۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێده‌كات، 100%ی پاره‌كه‌ی هی خۆی بێت، به‌ڵام هیچ وه‌به‌رهێنێك ئه‌وه ناكات، وه‌به‌رهێن 30%ی پاره‌كه‌ی خۆی به‌كارده‌هێنێت، ئه‌وی دیكه‌ی له بانكه‌كان قه‌رزی ده‌كات، ده‌بێت بگه‌ڕێت به‌دوای ئه‌و لایه‌نانه‌دا كه ته‌مویلی پاره ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا ئه‌و بانكانه‌ی ئێمه ده‌توانن ته‌مویلی پرۆژه‌ی گه‌وره بكه‌ن، نه‌خێر، بۆچی؟ چونكه خۆیان بچوكن.
* نه‌بونی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاریی چ زیانێك ده‌دات له كه‌رتی وه‌به‌رهێنان؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئابوریی ئازاد له‌سه‌ر چی به‌نده، ئێمه وتمان ده‌وڵه‌ت كه‌مترین رۆڵی هه‌یه، ئه‌ی چی رێكیده‌خات؟ بێگومان (كێبڕكێ)، كه نه‌بو ئه‌وه پێی ده‌وترێت قۆرخكاریی.
* دروستبونی گروپی كۆمپانیاكان جۆرێك نییه له قۆرخكاریی؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: نه‌خێر، چونكه چالاكییه‌كانیان جیاوازن.
* ئایا ئه‌وه فێڵێكی یاسایی نییه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی:ئه‌گه‌ر رێكبكه‌ون له‌سه‌ر دانانی نرخ بۆ شته‌كان، ئه‌وه قۆرخكارییه. جا بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه رونه‌دات، ده‌بێت یاسایه‌ك دابنرێت كه تا چ راده‌یه‌ك ئه‌و كۆمپانیایانه بۆیان هه‌یه ئیش بكه‌ن له‌یه‌ك گروپدا.
* كه سه‌یری ئابوریی كوردستان ده‌كه‌یت له چی ده‌چێت، یانی ئابوریی كوردستان چۆن پێناسه ده‌كرێت؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: له‌وه‌ده‌چێت زۆر سه‌رسام بین به توركیا، یانی هه‌مو شتێكمان خستبێتهگهإ بۆ ئه‌وه‌ی له توركیا بچین، چ له ئابورییهكهماندا چ له باڵهخانهكانیشماندا، وا هه‌ستده‌كه‌م ئێره توركیای كردبێت به مۆدێلێك بۆخۆی.
* ئه‌گه‌ر بیكات چ عه‌یبه‌یه‌كی تێدایه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌گه‌ر بیكات زۆر زۆر عه‌یبی هه‌یه، چونكه توركیا وڵاتێكی مۆدێل نییه له ئابوری‌دا، باری ئابوریی توركیا زۆر خراپه‌و هه‌ڵاوسان ماڵی وێرانكردوه، ده‌توانم بڵێم (40-50%)ی ئابوری توركیا ناإهسمییه، مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه (ئابوریی سه‌رجاده)یه.
* راپۆرتێكی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه كه باس له‌وه‌ده‌كات عێراق سێیه‌م وڵاته له ریزبه‌ندیی وڵاته گه‌نده‌ڵه‌كاندا، ئه‌وه چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر ره‌وشی وه‌به‌رهێنان، كه ئێمه‌ش به‌شێكین له عێراق؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌گه‌ر هه‌مو قسه‌كانمان كورتبكه‌ینه‌وه له دو وشه‌دا، بۆچی بیانی نایه‌ت بۆ عێراق، یه‌كه‌میان ئاسایش، دوه‌میان گه‌نده‌ڵی، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه له عێراقدا هه‌یه چه‌ندین رێكخراو ئاگادارن لێی.
* به‌ڵام كۆمپانیای گه‌وره‌ی وه‌ك داماك كه به سه‌رمایه‌ی زیاتر له شه‌ش ملیار دۆلاره‌وه دێته كوردستانه‌وه، ئه‌ی ئه‌و بۆ دێت؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: كه باسی كۆمپانیای گه‌وره ده‌كه‌ین، ده‌بێت به‌راوردی بكه‌ین به شتێكی دیكه.
* هاتنی كۆمپانیایه‌ك به شه‌ش ملیار دۆلاره‌وه مانای وانییه كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌یه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: به‌ڕای من كۆمپانیایه‌ك كه سه‌رمایه‌كه‌ی (100) ملیۆن یان (500) ملیۆن بێت، به كۆمپانیای گه‌وره ده‌ژمێردرێت.
گه‌وره‌ترین كۆمپانیای به‌ڵێنده‌رایه‌تی له فه‌ره‌نسا، كۆمپانیای (بیوك)ه، كه نه‌هاتوه‌ته عێراقه‌وه، كۆمپانیای لافارد زۆر بهناوبانگنو هاتون، به‌ڵام ئه‌وان چۆن دێن، ئه‌وان له رێگای لقه‌كانیانه‌وه دێن، بۆ نمونه لقی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان دێته عێراقه‌وه، ئه‌وانیش به ترسه‌وه دێنه عێراقه‌وه.
* راتان چۆنه سه‌باره‌ت به‌و قسه‌یه‌ی كه ئه‌مریكا بۆ نه‌وت هاتوه‌ته عێراقه‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی: ئه‌مریكا بۆ نه‌وت نه‌هاتوه، قه‌باره‌ی هه‌مو ئابوریی عێراق له (51- 81) ملیار دۆلاردایه، ئابوریی فه‌ره‌نسا دو هه‌زار ملیاره، یابان چوار هه‌زار ملیاره، ئه‌مریكا چواردهههزارو پێنجسه‌د ملیاره، وڵاتێك ئابورییه‌كی به‌و قه‌باره گه‌وره‌یه بێت، ته‌ماح ده‌كاته وڵاتێك كه ئابورییه‌كی ئه‌وه‌نده بچوكی هه‌بێت. پاشان له هه‌مو شوێنێكدا نرخی نه‌وت رونه، ئه‌مریكا (15-20%)ی نه‌وته‌كه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كڕێت، چونكه تێچونی زۆره، ئابوریی عێراق‌و ئه‌مریكا وه‌ك جیاوازیی نێوان فیلێكو مێشێك وایه.
نه‌مانبیستوه له هه‌مو جیهاندا، ئه‌مریكا نه‌وتی هیچ وڵاتێكی به‌خۆڕایی بردبێت، خۆ پێش خۆماڵیكردنی نه‌وتیش به‌ریتانیا پاره‌یه‌كی هه‌ر ده‌دا به حكومه‌تی عێراق، بۆیه ئه‌و قسانه هیچ بنه‌مایه‌كی نه‌بو.
كه باسی كۆمپانیای گه‌وره ده‌كه‌یت، یانی چی، عێراق كه نه‌وت ده‌فرۆشێت، ئابورییه‌كه‌ی له‌نێوان (51- 81) ملیاردایه، دو كوڕی گه‌نجی زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی بێ ئیش‌و بێكار ته‌مه‌نیان بیستوشه‌ش ساڵه، شوێنیان نه‌بو، چون گهوڕێكی ئاژه‌ڵیان پاككرده‌وه‌و چه‌ند كۆمپیوته‌رێكیان پێبو، پێگه‌ی گۆگڵیان دروستكرد، نرخی گۆگڵ ئێستا (180) ملیار دۆلاره كه له هیچ دروستكراوه. ئابوریی ئێمه له چییه‌وه ده‌ستمانكه‌وتوه، 85%ی له نه‌وته‌وه‌یه، 6%ی باجه.
ئابورییه‌كی وه‌ك یابان، فه‌ره‌نسا، یان ئه‌مریكا، 77%ی له خزمهتگوزارییهكانهوهیه، واته زیرهكیو لێهاتویی خه‌ڵك (سامانی مرۆیی)، (10- 15%)ی پیشه‌سازییه، له رۆشنبیری ئێمه‌دا چه‌سپیوه كه ئابوریی به‌ریتانیا له‌سه‌ر پیشه‌سازیی به‌نده، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی پیشه‌سازیی نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی (5- 10%)ی ئابورییه‌كه‌ی پشت به پیشه‌سازیی ده‌به‌ستێت. هیندستان یان چین وڵاتێكی پیشه‌سازین.
له عێراقدا كه 85%ی ئابورییه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌وت به‌نده، به‌رمیلێك نه‌وتی له (145) دۆلاره‌وه دابه‌زی بۆ خوار په‌نجا دۆلار، به‌لامانه‌وه ئاساییه، به‌ڵام له‌و وڵاتانه‌دا 1%ی بودجه‌كه‌یان كه‌مبكه‌یته‌وه دونیا كاول ده‌بێت، چونكه یه‌ك دۆلاری به زیاد دانه‌نراوه.
پڕۆفایل:
سه‌لام عه‌بدوڵڵا كانێسكانی، ساڵی 1967 له شاری سلێمانی له‌دایكبوه، ساڵی 1990 به‌كالۆریۆسی له یاسا به‌ده‌ستهێناوه له زانكۆی به‌غدا، له ساڵی 1992_1993 یاسای فه‌ڕه‌نسی خوێندوه له زانكۆی روان، ساڵی1993_ 1994 ماسته‌ری خوێندوه له دیبلۆماسیهتو به‌ڕێوه‌بردنی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
1994_ 1995 چوه‌ته په‌یمانگای پاریس بۆ پارێزه‌ران، له ساڵی 1996دا بوه به پارێزه‌ر، له ساڵی 2000_ 2006 دكتۆرای خوێندوه له یاسای نێوده‌وڵه‌تی له زانكۆی پاریس، له ساڵی 2002ه‌وه وه‌ك راوێژكاری یاسایی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌وره كارده‌كات.