Print
 قادر عه‌زیز: تا حیزب چه‌كداری‌ هه‌بێت، ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات ئاسان نییه‌
Monday, May 11, 2009

سازدانی‌: فازڵ‌ نه‌جیب
قادر عه‌زیز، سكرتێری حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌م دیمانه‌یه‌دا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ زۆر هه‌وڵدرا په‌كی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ (4) حیزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ بخه‌ن، به‌لاَم سه‌ره‌نجام پێكه‌وه‌ مانه‌وه‌و وتی:"كاتێك ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ حیزب بن، ئاسان نییه‌ له‌ دروستبوونی‌ كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیشدا بێلایه‌ن بن، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت به‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبده‌ین كه‌ كێشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا دروست نه‌بێت".

* ئه‌و واقیعه‌ی ئێستای كوردستان كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی سه‌ره‌كی به‌نیازن كێبڕكێی توند له‌سه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ن، چه‌ند حاڵه‌تێكی نوێییه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا، ئێوه‌ چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن؟
قادر عه‌زیز: بێگومان حاڵه‌تێكی‌ نوێیه‌، چونكه‌ دوای‌ راپه‌ڕین ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا ئه‌و مونافه‌سه‌و كێبڕكێیه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌نێوان چه‌ند لیستێكی‌ به‌هێزدا دروستده‌بێت، یا لیستی‌ وا به‌هێز له‌ به‌رامبه‌ر لیستی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیدا بچێته‌ مونافه‌سه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ نیشانه‌ی‌ پێگه‌یشتنی‌ هۆشیاریی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و پێویستیی‌ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕان‌و چاكسازییه‌ له‌ بارودۆخی‌ كوردستاندا، كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ داخوازیی‌ ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌.

* ئایا هیچ مناوه‌ره‌ی سیاسی كرا بۆئه‌وه‌ی چوار حیزبه‌كه‌ له‌یه‌كتری جیابكرێنه‌وه‌و ته‌فره‌قه‌ بخرێته‌ نێوانیان بۆئه‌وه‌ی به‌ لیستێك به‌شداریی هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن؟
قادر عه‌زیز: زۆر هه‌وڵدرا كه‌ په‌كی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ (4) حیزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ بخه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌رامبه‌ر حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانیشدا كرا پێش هه‌ڵبژاردن، به‌شێكی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ وه‌ك ئاگادارن له‌ (2) رۆژی‌ رابردوودا لیستی‌ هاوبه‌شی‌ (4) حیزبه‌كه‌ راگه‌یه‌نرا، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌بوو هه‌م بۆ ئه‌و (4) حیزبه‌و هه‌م بۆ ئه‌و خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌و لیسته‌ هاوبه‌شه‌ كه‌ بتوانێت له‌ هه‌ڵبژاردندا گۆڕانێك له‌ پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌دا بكرێت، كه‌ به‌ قازانجی‌ دیموكراسی‌و چاكسازیی‌ بێت له‌ بارودۆخی‌ ئه‌مڕۆی كوردستاندا.

* پێشبینی ئێوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ی بادینان چۆنه‌، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خوێناویی رووده‌دات ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت، نه‌توانێت به‌ده‌ستی بهێنێت؟
قادر عه‌زیز: به‌ده‌ستهێنانی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردندا بۆ بڕیاری‌ هیچ لایه‌نێك ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ویست‌و ده‌نگی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌گه‌إێته‌وه‌ كه‌ ئازادانه‌ به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، ئومێدیش ده‌كه‌م وه‌ك جه‌نابی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌ په‌رله‌ماندا رایگه‌یاند كه‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ شارستانی‌‌و دیموكراسیانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت‌و هیچ جۆره‌ توندوتیژییه‌كی‌ تێنه‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چاوێكی‌ زۆری‌ دونیاو ده‌وروبه‌رو ته‌نانه‌ت به‌غداشی‌ له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ك ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌زموون‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ كوردستان‌و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی‌، كه‌ چه‌ند ده‌توانرێت پرۆسه‌كه‌ سه‌ربخرێت‌و كورد روویه‌كی‌ گه‌ش‌و شارستانی‌ نیشانی‌ ده‌ره‌وه‌ بدات، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رخستنی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت له‌سه‌رووی‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت.

* ئایا له‌ سلێمانی پێشبینی ده‌كه‌ن توندوتیژی رووبدات، له‌كاتێكدا به‌ڕێزتان ده‌زانن كه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردن بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی كورسیی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ یه‌كێتی‌و پارتی؟
قادر عه‌زیز: ناكرێت پرۆسه‌كه‌ به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ كورسیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ لێكبدرێته‌وه‌ یا پێناسه‌ بكرێت، چونكه‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسیی‌ لایه‌نێك ئه‌گه‌ر له‌ واقیعدا له‌سه‌ر حسابی‌ لایه‌نێكی‌ دیكه‌ش بێت، به‌مانای‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ نایه‌ت، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك له‌ رێگای‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ متمانه‌ له‌ لایه‌نێك وه‌رده‌گرنه‌وه‌ به‌ لایه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ش له‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك بۆ خودی سیاسه‌تی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت ده‌بێت بزانێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ كاركردندا یا خراپ كاركردندا، بیه‌وێت یا نه‌یه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شێك له‌ متمانه‌و ده‌نگی‌ خه‌ڵك له‌ده‌ست ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌شیان مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ئاساییه‌و له‌ هه‌موو دونیاو له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكیشدا ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌بووه‌و هه‌ر ده‌شبێت، بۆیه‌ ئومێد ده‌كه‌م هه‌موو لایه‌ك پروسه‌كه‌ وه‌كو خۆی سه‌یربكه‌ن‌و نه‌ له‌ سلێمانی‌‌و نه‌ له‌ دهۆك‌و نه‌ له‌ هیچ شوێنێكی‌ دیكه‌، گرژی‌‌و توندوتیژی‌ دروست نه‌بێت.

* بۆچی هه‌میشه‌ كه‌ باسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت له‌ یه‌كێتی‌و پارتی، باسی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی دێته‌ ئاراوه‌؟
قادر عه‌زیز: ئه‌و ترسه‌ یا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ تائێستا له‌ كوردستاندا پره‌نسیپی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌نجام نه‌دراوه‌، دیاره‌ تا حیزبیش چه‌كداری‌ خۆی‌ هه‌بێت، ئاسان نییه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت.

* رۆڵی ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌و پارتین، چۆن ده‌بینیت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا؟
قادر عه‌زیز: كاتێك ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ حیزب بن، ئاسان نییه‌ له‌ دروستبوونی‌ كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیشدا بێلایه‌ن بن، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت به‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبده‌ین كه‌ كێشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا دروست نه‌بێت، ئه‌گه‌ر دروستیش بوو، هه‌وڵبدرێت ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسادا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن‌و بێلایه‌نیی‌ خۆیان بپارێزن.

* هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی چه‌نده‌ به‌ته‌نگ پێكه‌وه‌ ئیشكردنی دوورمه‌ودان له‌گه‌ڵ‌ ئێوه‌و سۆسیالیست؟
قادر عه‌زیز: ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان (4) حیزبه‌كه‌دا هه‌یه‌و ئه‌و (4) حیزبه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، نه‌ به‌ره‌و نه‌ هاوكارییه‌كی‌ ستراتیژیی‌ درێژخایه‌ن‌و دوورمه‌ودایه‌، به‌ڵكو كارێكی‌ هاوبه‌شی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ له‌پێناو فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕان‌و چاكسازیی‌ له‌ بارودۆخی‌ كوردستاندا، ته‌نانه‌ت لیستی‌ هاوبه‌شیش هه‌ر ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌‌و ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و گۆڕانه‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌ی‌ كوردستاندا به‌ قازانجی‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ په‌رله‌مانێكی‌ ئه‌كتیڤ‌و به‌ده‌سه‌ڵات‌و چاودێر له‌ كوردستاندا، كه‌ ئه‌ركی‌ ته‌نیا یاساده‌ركردن نه‌بێت، به‌ڵكو چاودێریكردن‌و سه‌پاندنی‌ ئه‌و یاسایه‌ش بێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا، به‌تایبه‌تیش به‌سه‌ر حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن‌و حیزبدا.

* بۆچوونی ئێوه‌ چییه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌و پارتیداو سلبیات‌و ئیجابیاتی ئه‌و به‌ره‌یه‌ چییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن؟
قادر عه‌زیز: دیاره‌ له‌پێشدا ده‌بێت بڵێم كه‌ دروستبوونی‌ ئۆپۆزسیۆن یا به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆن، نه‌ك هه‌ر سلبیاتی‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌بێ‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ر وڵاتێكدا ناكرێت قسه‌ له‌ سیاسه‌تێكی‌ دیموكراسی‌و شه‌فاف‌و به‌رپرسیار بكه‌یت، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌میشه‌ ته‌واوكه‌رو یارمه‌تیده‌ری‌ ده‌سه‌ڵاته‌‌و هه‌میشه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ كه‌موكوڕی‌‌و سلبیاته‌كان ده‌پارێزێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین چونكه‌ له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌دا هێشتا سیستمێكی‌ دیموكراسی‌و سه‌روه‌ری یاسا‌و دامه‌زراوه‌ نییه‌، بۆیه‌ دروستبوونی‌ ئۆپۆزسیۆنیش كارێكی‌ ئاسان نییه‌‌و به‌ ئاسانیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ هه‌نگاوی‌ ئیجابی وه‌رناگیرێت، هه‌تا بۆ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنیش بێت.

* ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ پێش هه‌ڵبژاردن دروست نه‌كرا، ئایا له‌ په‌رله‌مان دروستی ده‌كه‌ن؟
قادر عه‌زیز: ئاسانتره‌ سه‌ره‌تا دروستبوونی‌ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات، ئه‌وسا هه‌نگاوی‌ دیكه‌ی‌ به‌دوادابێت، ئه‌وه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر رێژه‌ی‌ ئه‌و كورسییه‌ی كه‌ لیسته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی‌ ده‌هێنن‌و ئاماده‌یی‌ ئه‌و لیستانه‌ش بۆ پاراستن‌و پێشخستنی‌ ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ كوردستان.

* ئه‌مریكییه‌كان بۆچوونیان چییه‌ له‌سه‌ر گۆڕان له‌ پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێوه‌ بیزانن؟
قادر عه‌زیز: ئه‌مریكییه‌كان وه‌ك ئامانج‌و پره‌نسیپه‌كانی‌ خۆیان حه‌زده‌كه‌ن له‌ كوردستاندا دیموكراسی‌و شه‌فافیه‌ت‌و یاسا سه‌روه‌ربێت‌و گه‌نده‌ڵی‌ نه‌بێت، هه‌ر گۆڕانێكیش به‌و ئاراسته‌یه‌دا به‌ باش ده‌زانن، به‌ڵام بڕواناكه‌م ده‌ستێوه‌ردان له‌ بارودۆخه‌كه‌دا بكه‌ن یا پشتگیریی‌ راسته‌وخۆی‌ لایه‌نێك یا چه‌ند لایه‌نێك بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و گۆڕانه‌، به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر هێزێك له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وا ئه‌وان مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

* رۆڵی ئێران چی ده‌بێت له‌ ململانێ‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان، ئایا لایه‌نگری یه‌كێتی‌و پارتی ده‌كات یان به‌رهه‌ڵستكاره‌كان؟
قادر عه‌زیز: ئێران یا هه‌ر وڵاتێكی‌ دیكه‌ به‌پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی‌‌و نزیك‌و دووریی‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كاندا مامه‌ڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستی‌ ئێرانیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا دۆستانه‌و له‌پێش هه‌ڵوێستی‌ هه‌موو وڵاتانی‌ دیكه‌ بووه‌ له‌ هاوكاریی‌‌و داننان به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كردنه‌وه‌ی‌ كونسولگه‌رییه‌كاندا.

* هه‌مان پرسیاریش بۆ رۆڵی توركیا به‌ ئیزافه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا بوونی (ئاك پارتی) له‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ دۆستی یه‌كگرتووی ئیسلامین، چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت؟
قادر عه‌زیز: رۆڵی‌ توركیا تا ئه‌و دواییانه‌ باش نه‌بوو، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ گۆڕانێكی‌ باش به‌سه‌ر هه‌ڵوێستیاندا هاتووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی‌‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

* بۆچوونی تۆ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر نیسبه‌تی زۆرینه‌تان به‌ده‌ست نه‌هێنا له‌گه‌ڵ‌ لیسته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كاندا، ئایا به‌شداریی حكومه‌ت بكه‌ن وه‌ك ئێستا یان له‌ په‌رله‌مان به‌رهه‌ڵستكاربن، هۆكاری هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ روونبكه‌نه‌وه‌؟
قادر عه‌زیز: ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌و رێژه‌یه‌ی‌ كه‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ده‌ستی‌ ده‌هێنێت‌و له‌به‌رچاوگرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ باڵای‌ گه‌له‌كه‌مان‌و پاراستن‌و پێشخستنی‌ ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌، ئه‌وكاته‌ چۆن پێویست بكات، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی‌ باسكرا، ده‌كرێت بڕیار بدرێت به‌شداریی‌ له‌ حكومه‌تدا بكرێت یا له‌ چوارچێوه‌ی‌ په‌رله‌ماندا وه‌ك ئۆپۆزسیۆن بمێنینه‌وه‌.

* چه‌ندینجار به‌رپرسانی یه‌كێتی‌و پارتی باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌خوێن هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و به‌ خوێنیش جێیده‌هێڵن، لێكدانه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ ئه‌و مه‌فهومه‌ له‌ حكومداریی چییه‌و ده‌بێت كێ‌ خوێن بڕێژێت‌و كێ‌ خوێنی لێ بڕژێت بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا؟
قادر عه‌زیز: ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات پره‌نسیپێكی‌ دیموكراسییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر راست بێت بوترێت كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنانی‌ گه‌له‌كه‌ماندا به‌ خوێن به‌ده‌ستهاتووه‌، به‌ڵام راست نییه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ویست‌و ئیراده‌ی‌ گه‌لی‌ خۆمان بكه‌ین بۆ گۆڕان‌و چاكسازیی‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانه‌ دوور له‌ توندوتیژی‌ بێت‌و زیاتر به‌ رێگای‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

* پێشبینی ئێوه‌ چییه‌ بۆ نه‌زیهی هه‌ڵبژاردنه‌كان؟
قادر عه‌زیز: پێشبینی‌ ده‌كه‌م به‌ لانیكه‌م وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوو نابێت، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ ئومێدی‌ بۆ ده‌خوازین، زیاتر به‌ خاوێنی‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا دیاره‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك.

* ئایا كۆمسیۆن‌و ده‌زگاكانی چاودێریی ده‌توانن بێلایه‌نیی خۆیان بپارێزن، له‌كاتێكدا به‌رپرسانی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانی یه‌كێتی‌و پارتین؟
قادر عه‌زیز: كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رچه‌نده‌ یاسایه‌كی‌ باش‌و پێشكه‌وتوو ‌و سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌سه‌كانی‌ هه‌موویان سه‌ربه‌خۆنین، چونكه‌ زۆربه‌یان له‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ حیزبه‌كان پێكهاتوون، له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ئێمه‌شدا به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ یا زۆرێك له‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌، سه‌ربه‌خۆنین، چونكه‌ سه‌ره‌تا مساده‌قه‌ی‌ قه‌واره‌كه‌ بۆ ئێمه‌ هاته‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌ رێگای‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبییه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌، كه‌ له‌م سه‌رپێچییه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی‌ كۆمسیۆن رازی نه‌بوون‌و ناڕازیبوونی‌ خۆیان نه‌ك ته‌نیا به‌ ئێمه‌ راگه‌یاند، به‌ڵكو ئاماده‌یی خۆشیان پیشاندا كه‌ له‌ هه‌ر لێپێچینه‌وه‌یه‌كدا ئاماده‌ن شایه‌تی‌ دژ به‌و سه‌رپێچییه‌ نایاساییه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی‌ كۆمسیۆن بده‌ن، بۆیه‌ ناكرێت بوترێت كه‌ ئه‌و كومسیۆنه‌ ده‌توانێت بێلایه‌نیی‌ خۆیان له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بپارێزن‌و ناكرێـ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌شیان لێبكه‌ین.

* سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ دروشمیش بووبێت زۆر نه‌ته‌وه‌یی بوون، ئێستا كه‌ كێشه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌ عێراقدا چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌، ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و دروشمه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و ستراتیژه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ به‌ته‌واوی كاڵبووه‌ته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ته‌وازنی هێزو بودجه‌و وه‌زیرێكی زیاتر یان پۆستێكی باڵا له‌ عێراقدا، هۆكارو مه‌ترسیی ئه‌و حاڵه‌ته‌ چییه‌؟
قادر عه‌زیز: نه‌ته‌وه‌ییبوون به‌ دروشمدان نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ پراكتیكدا كاری‌ بۆ بكرێت‌و بسه‌لمێنرێت، به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ده‌بینین سه‌رباری‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ش كه‌ ساڵانێكه‌ بۆ كورد هاتووه‌ته‌ پێش، كه‌چی‌ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پاشه‌كشێی‌ زۆری‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیی‌ لای خه‌ڵكه‌كه‌ كاڵكردووه‌ته‌وه‌.

* كورد له‌دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقدا چی به‌سه‌ردێت له‌ڕووی ته‌وازنی هێزو پۆست‌و مافه‌كانی له‌ ده‌ستوودا؟
قادر عه‌زیز: ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق كه‌ كورد پاشه‌كشه‌یه‌كی‌ زۆری‌ كرد، ئاماژه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی عێراقیشدا كورد ئه‌و رێژه‌یه‌ی‌ ئێستا به‌ده‌ست ناهێنێته‌وه‌‌و هاوكێشه‌كان زیاتر به‌ زه‌ره‌ری‌ ده‌گۆڕێت، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ پێگه‌و پۆسته‌كانی‌ كوردیشدا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007