Print
 په‌رله‌مان به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ ناكات‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش نایه‌ته‌ په‌رله‌مان
Sunday, May 17, 2009

راپۆرت: سامان به‌شاره‌تی‌ - سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی‌
چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌كاتی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان رێگای‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان نه‌دا پرسیار له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵێنی‌ پێماندا كه‌  سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت هه‌فته‌ی‌ داهاتو بێته‌وه‌ په‌رله‌مان بۆ ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانمان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، پێشیانوایه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌مته‌رخه‌م بوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لێپرسنه‌وه‌و بانگكردنی‌  سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و ‌وه‌زیره‌كان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان.

له‌ رۆژی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌‌و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ ئاماده‌بونی‌ (نێچیرڤان بارزانی‌) سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ راگه‌یه‌ندرا، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ‌وتارێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ كارو چالاكییه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌به‌رده‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان خوێنده‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیش چه‌ندین پرسیاریان له‌لا دروستبو، پێیان باشبو ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان رێگای‌ نه‌دا هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك پرسیاربكات له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، به‌ڵێنی‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كاندا له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتو سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت دوباره‌ بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه‌‌و بۆ جوابدانه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانیان، زیاتر له‌ مانگێك به‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌دا تێپه‌ڕیوه‌‌و تائێستا نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌، نه‌هاته‌وه‌ په‌رله‌مان بۆ ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان؟
محه‌مه‌د ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد له‌ ده‌می‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ به‌ڵێنمان پێدرا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت هه‌فته‌ی‌ داهاتو بێته‌وه‌ په‌رله‌مان بۆ ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانمان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ سه‌ر به‌ فراكسیۆنی‌  سه‌وزه‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت له‌ به‌رامبه‌ر لێپرسنه‌وه‌و بانگكردنی‌  سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و ‌وه‌زیره‌كان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان، ته‌نیا ‌وه‌زیره‌كان له‌كاتێكدا بانگكران كه‌ ئه‌ویش كاتی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا بو كه‌ په‌یوه‌ست بو به‌ ‌وه‌زیری‌ شاره‌وانی‌‌و ته‌ندروستی‌‌و بازرگانی‌  بانگ كران بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان، جارێكیش هه‌ریه‌ك له‌ ‌وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا بانگهێشت كران.

ئه‌و پێیوایه‌ تائێستا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و جێگره‌كانی‌ له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان نه‌هاتونه‌ته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، هه‌ر كاتێكیش هاتبێتن به‌ مناسه‌باتی‌ په‌رله‌مان هاتون نه‌ك له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار به‌بێ‌ ئاماژه‌كردن به‌و هۆكارانه‌.

هیوا میرزا سابیر، ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و هاتنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان ‌وتی‌: "من له‌ڕاستیدا هیچ دڵم به‌و به‌ ڵێنانه‌ خۆش نییه‌‌و چاوه‌ڕوانی‌ گۆڕانی‌ لێ ناكه‌م، چونكه‌ به‌   تێپه‌ڕبونی‌ چوار ساڵی‌ رابردو هیچ له‌ ئاماده‌بون‌و كۆبونه‌وه‌كان ده‌رئه‌نجامێكی‌ ئیجابی‌ وه‌های‌ لێ نه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌ كه‌ گرفت‌و كێشه‌كان ‌وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ربكات، بۆیه‌  به‌و ‌واقیعه‌و سیاسه‌ت‌و نه‌هجه‌ی‌ ئێستاوه‌ هه‌موی‌ بێ‌ ده‌رئه‌نجام ده‌بێت‌و بریتییه‌ له‌ به‌نجكردن‌و هیچی‌ دیكه‌"، وتیشی‌: "هاتنی‌ ‌وه‌زیره‌كانیش بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان ته‌نیا ده‌عوه‌تكردن بوه‌و جۆرێك له‌ شه‌رمنیشی‌ پێوه‌ دیاربوه‌"، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ جه‌مال قاسم، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌ر فراكسۆنی‌ زه‌رد، پێیوایه‌ نه‌هانتی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان له‌به‌ر هۆكاری‌ سه‌رقاڵی‌ كاروباری‌ حكومه‌ت بوه‌، بۆیه‌ هاتنه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت دواكه‌وتوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر  سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بانگهێشت بكرێت هه‌ر دێت. 

زانا رۆستایی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، بۆچونی‌ ‌وایه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بانگ ناكرێت بۆ په‌رله‌مان هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌ڵێنی‌ داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بكرێت كه‌ بۆچی‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كرد؟.

راوێژكاری‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هۆكاری‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و نه‌هاتنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ  په‌رله‌مان، بۆ ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ بوه‌ له‌سه‌ر كاروباری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ‌وتی‌:  "هۆكاری‌ نه‌هاتنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌ڵبژاردن هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ ‌وایكردوه‌ ئه‌جێندای‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مان بگۆڕێت، چونكه‌ له‌ ئێستا خه‌ریكی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ یاسایی‌ خولی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵی‌ سه‌رخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مان ده‌بین.

ئایا په‌رله‌مان توانیویه‌تی‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ جێبه‌جێ‌ بكات‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ‌وه‌زیره‌كاندا بكات؟
له‌م باره‌یه‌وه‌ هیوا میرزا سابیر پێیوایه‌، هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مان ته‌مه‌نی‌ به‌ره‌و كۆتایی‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام له‌ دو بوار نه‌یتوانی ئه‌ركی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات له‌ بواری‌ چاودێریكردنی‌ حكومه‌ت‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ‌وه‌زیره‌كان‌و به‌دواداچون‌و به‌رجه‌سته‌كردنی‌ شه‌فافیه‌ت  له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمدا، بۆیه‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات، میرزا وتیشی‌: "كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌مان دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ په‌رله‌مان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ هه‌بو، رێگربو له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ په‌رله‌مان"، ناوبراو جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ "په‌رله‌مانی‌ داهاتو له‌ خولی‌ سێیه‌مدا  ئه‌و دو ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌ جێبه‌جێبكات، چونكه‌ نه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت كاره‌كانی‌ راپه‌ڕێنێت‌و نه‌ شه‌فافیه‌ت به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت‌و نه‌ رێگاش له‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت".

هیوا میرزا، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆچونی‌ ‌وایه‌  بڕیار ده‌ركردن له‌ په‌رله‌مان، ده‌بێت له‌ رێگای‌ ئه‌ندام  په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ بێت، نابێت هیچ  ئیراده‌یه‌ك له‌پشتی‌ ئیراده‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت‌و دوربێت له‌ هه‌مو قه‌ناعه‌تێكی‌ حیزبی‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی‌ قسه‌كانی‌ ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه‌ جه‌مال قاسم، ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ زه‌رد، پێیوایه‌ له‌به‌ر دو ئیداره‌یی‌‌و مه‌شغوڵبون به‌ یاساكانی‌ په‌رله‌مان، نه‌مانتوانیوه‌ لێپرسینه‌وه‌كان به‌شێوه‌ی‌ پێویست بكه‌ین.

زانا رۆستایی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، پێیوایه‌ په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردو ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ یاسای‌ هه‌مواری‌ ده‌ركردوه‌، به‌ڵام  كه‌مته‌رخه‌م بوه‌ له‌ چاودێریكردنی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ته‌نانه‌ت له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ی‌ كاریدا نه‌یتوانیوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك ‌وه‌زیریش بكات، به‌شێوه‌ قانونییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، بانگهێشتكردنی‌  هه‌ندێك ‌وه‌زیر بوه‌ بۆ گفتوگۆو ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ بوه‌ نه‌ك لێپێچینه‌وه‌، بۆیه‌ لێپرسینه‌وه‌‌و چاودێری‌ حكومه‌ت ‌وه‌ك پێویست جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌ركێكی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌رله‌مان بوه‌.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ زانا رۆستایی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ كوردستان تاریق سارمه‌می‌، راوێژكاری‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پێیوایه‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردو په‌رله‌مان توانیویه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و چه‌ند ‌وه‌زیرێك بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان بكات، ته‌نیا حاڵه‌تێك كه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌ویش لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌یه‌ له‌ ‌وه‌زیره‌كان، ئه‌وه‌ش به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان حاڵه‌تێكی‌ جه‌وهه‌رییه‌، له‌كاتێكدا  په‌رله‌مان ده‌توانێت موماره‌سه‌ی‌ ئه‌و سه‌ڵاحیه‌ته‌شی‌ بكات، به‌ڵام له‌ چوار ساڵی‌ رابردو هیچ به‌ڵگه‌و دۆكۆمێنتێك نه‌بوه‌ تا سیقه‌و متمانه‌ له‌ وه‌زیرێك ‌وه‌ربگیرێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007