راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
نێچیرڤان بارزانی: زۆرینه‌ی راگه‌یاندنی كوردی، وێنه‌یه‌ك ده‌خولقێنن له‌چوارچێوه‌ی جه‌نگێكی موخابهراتییدایه
" ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حیزبه‌كان جه‌یشی وڵاتانی دراوسێی هێناوه‌ته هه‌رێمه‌وه، نه‌ك رۆژنامه‌كان"
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیای كوردی بهجێبهجێكاری پلانی موخابه‌رات تۆمهتباردهكاتو پێیوایه نابه‌رپرسانه كاره‌كانی رایدهكاتو جۆرێكه لهفهوزاو به‌ره‌ڵایی، له‌به‌رامبه‌ریشدا رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم دهكهنو، پێیانوایه ئه‌وه‌ی جه‌یشی وڵاتانی دراوسێی هێناوه‌ته هه‌رێمه‌وه‌و مه‌ترسی دروستكردوه، ئه‌وه "ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه" نه‌ك "رۆژنامه‌كان".
له‌دوایین چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رق لئه‌وسه‌ت، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه به‌وه ده‌كات زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیای كوردی له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه وێنه‌یه‌ك ده‌خولقێنن له‌چوارچێوه‌ی جه‌نگێكی موخهباراتییه به‌پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ له‌دژی حكومهتو له‌ڕێگه‌ی راگهیاندنهكانمانهوه جێبه‌جێده‌كرێت. پێشیوایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی رۆژنامه‌نوسان پیشه‌یی نین لهڕایكردنی كاره‌كانیان، دۆخه‌كه جۆرێكه لهنابهرپرسیارێتیو فه‌وزا.
له‌به‌رامبه‌ردا رۆژنامه‌نوسانی میدیای ئه‌هلی ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت دهكهنو، پێیانوایه ئه‌وجۆره لێدوانانه جگه‌له‌وه‌ی زیان به‌كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ كه‌سایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تیش له‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه بێ به‌ڵگه ئه‌و قسانه‌ی كردوه، ئه‌گه‌ریش به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی میدیا هه‌یه پێویسته ئاشكرای بكات.
ئه‌حمه‌د میره، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین به‌ڕۆژنامه‌ی راگه‌یاند: ئه‌و لێدوانانه‌ی نێچیرڤان بارزانی پێش ئه‌وه‌ی بۆ سومعه‌ی میدیا‌و كه‌لتورو رۆشنبیری كۆمه‌ڵگای كوردی زیانمه‌ند بێت، بۆ به‌هاو كه‌سایه‌تی خۆی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه ناكرێت یه‌كێك له‌پۆستی سه‌رۆكی حكومهتدابێت بێ به‌ڵگه قسهبكاتو تۆمه‌تی ئیشكردنی موخهبهراتی له‌میدیا بدات. وتیشی: " چه‌ندین جار وتومانه یهكێتیو پارتی‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌زگای سیخوڕی گه‌وره‌یان له‌بنده‌سته، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌ڵگه، یان دیكۆمێنتێكیان له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ی میدیای كوردی هه‌یه، حه‌قه ئاشكرای بكه‌ن".
هاوڕا له‌گه‌ڵ بۆچونی سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، كه‌مال ره‌ئوف سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ده‌ڵێت: "حكومه‌ت ئیشی چییه، ئه‌گه‌ر ده‌زانێت له‌ناو میدیادا خه‌ڵكی نابهرپرسو سیخوڕ هه‌یه، بۆچی نایه‌ت ده‌ستبخاته سه‌ر ئه‌و خهڵكانهو بیانداته دادگا، خۆ ئه‌گه‌رنا ئه‌وان داوا له‌ڕۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن به‌به‌ڵگه‌وه قسه‌بكه‌ن، كه‌واته ناكرێت سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌و مافه به‌خۆی بدات، بێ به‌ڵگه قسه‌بكات". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌وه‌ی تائێستا حكومهتهكانو جه‌یشی وڵاتانی دراوسێی هێناوه‌ته كوردستان، ئه‌وه رۆژنامه‌كان نین، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حیزبه‌كان بون.
به‌شێكی دیكه له‌ڕۆژنامه‌نوسان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن چه‌ندین جار سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا، دانی به‌وه‌داناوه له‌كوردستان گه‌نده‌ڵی ئیداری هه‌یه، به‌ڵام ئێستا له‌وچوارچێوه‌دا ئه‌و راگه‌یاندنه به "شه‌ڕێكی موخابه‌راتی" له‌باسكردنی گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار ده‌كات.
ئاسۆس هه‌ردی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئاوێنه بۆ رۆژنامه‌ی رونكرده‌وه رۆژانه له‌ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا "بهحیزبییهكانیشهوه" چه‌ندین به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و گهندهڵیو پێشێلكارییانه بڵاوده‌كرێنه‌وه، كه له‌م هه‌رێمه‌دا ههنو كه‌س ناتوانێت نهبیانشارێتهوه، نهنكۆڵییان لێبكات. هیچ شتێكیش له "نه‌بو" دروست ناكرێت، كه‌واته كه گه‌نده‌ڵی به‌وشێوه‌یه له‌كوردستاندا هه‌یه، ئه‌ركی سه‌رشانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه به‌دویدا بچن‌و ئاشكرای بكه‌ن. وتیشی: "ئه‌گه‌ریش فه‌وزا له‌به‌دواداچونی گه‌نده‌ڵیدا هه‌بێت، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌ت كه شه‌فافییه‌تی مالی‌و ئیداریی تێدانییه، نه‌ك رۆژنامه‌نوسان. دیسان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت بهڕاستییهتیو به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی هه‌یه، پێموایه ده‌بێ لێی بپرسینه‌وه، كه چۆن "ئه‌و تاوانبارانه" ناگرێ‌و نایانداته دادگا!؟ چونكه ئه‌وه‌ی كاری موخابه‌راتی بۆ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ بكات "ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كورد ده‌چه‌وسێننه‌وه"، به‌كوردییه‌كه‌ی مانای جاسوسه. بێدهنگبونیش له‌سه‌ر جاسوسی، لانیكه‌م مانای چاوپۆشی كردن له‌خیانه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت".
به‌بڕوای ئه‌حمه‌د میره سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، پێویسته خه‌ڵكی كوردستان‌و رایگشتی داوای لێپَیچینهوه له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت بكه‌ن، هه‌روه‌ك رۆژنامهنوسانو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانیش داوای یاسایی تۆماربكه‌ن، به‌وهۆیه‌ی به‌بێ به‌ڵگه تۆمه‌تی له‌میدیای كوردی داوه.
مامۆستایه‌كی رۆژنامه‌گه‌ریش له‌زانكۆی سلێمانی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌گه‌ری تێوه‌گلانی به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی، به‌كاری موخابهراتیو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان پێویستی بهلێكۆڵێنهوهو به‌داواداچون هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه سه‌لمێندران، پێویسته حكومه‌ت ئیجرائاتی خۆی بكات.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر مامۆستای رۆژنامه‌گه‌ری له‌زانكۆی سلێمانی، پێیوایه تاوانباركردنی به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌وه‌ی تێوه‌گلابێت به‌كاری موخابه‌راتی پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچون هه‌یه، هه‌روه‌ك ناكرێت حكومه‌ت رێگه‌بدات رۆژنامه‌یه‌ك به‌ده‌ستی خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه ده‌ربچێت، واته ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به‌به‌ڵگه ده‌سه‌لمێندرێن، پێویسته شكاتیان لێبكرێت‌و داوایان له‌سه‌ر تۆماربكرێت‌و بدرێنه دادگا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ تۆمه‌تباركردن‌و ناشیرینكردنی میدیا بێت ئه‌ویش پێویستی به‌سه‌لماندن هه‌یه. وتیشی: "بڕواناكه‌م ئه‌وانه‌ی له‌كوردستان رۆژنامه ده‌رده‌كه‌ن كه‌متر له‌سه‌رۆكی حكومهتو خه‌ڵكانی دیكه، كوردستانیان خۆش بوێت، كه‌واته نایانه‌وێت هه‌رێم ببێته جێ ته‌راتێنی هێزی داگیركه‌ر، ئه‌مه له‌كاتێكدا هێزه سیاسییه‌كان پێشتر به‌ئاشكرا ده‌ستی ئه‌و دوژمنانه‌یان بۆ كوردستان راكێشاوه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی میدیای كوردی كه‌وتوه‌ته جۆرێك له‌دۆخی نابه‌رپرسانه‌و فه‌وزا، ئاسۆس هه‌ردی نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس پێچه‌وانه‌كه‌ی دهبینێتو ده‌ڵێت: "خزمه‌تكردن بهوڵات، له‌ڕێگه‌ی تۆمه‌تباركردن‌و شاردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كانه‌وه ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێ جورئه‌ت بكه‌ین ناشرینییه‌كانی خۆمان ببینین‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكه‌ین، لێره‌وه ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی كوردی ده‌یكات، كارێكی به‌رپرسیارانه‌یه له‌پێناوی بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی‌و كراوه‌دایه، كه هاوڵاتی ئه‌م هه‌رێمه له‌سایه‌یدا خاوه‌نی ماف‌و ئازادی‌و رێزه". وتیشی: "بێگومان ده‌شێت لێره‌و له‌وێ كهموكوڕیو هه‌ڵه له‌كاری رۆژنامه‌وانیشدا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌هیچ جۆرێك نابێته بیانوی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی راگه‌یاندنی كوردی بهنابهرپرسیار تۆمه‌تبار بكرێت، چونكه وه‌كو ده‌ڵێن: ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه ههڵهناكهن، كه هیچ كارێك ناكه‌ن".
پێشتریش‌و له‌سه‌روبه‌ندی په‌یدابونی لیسته جیاوازه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان رۆژنامه‌گه‌ری كوردی دیارده‌یه‌كی نوێی به‌خۆوه بینی، كه خۆی له‌شه‌ڕی راگه‌یاندنی حیزبی‌و كه‌ناڵه ئه‌هلییه‌كانه‌وه بینیوه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش دوای ئه‌و هه‌وڵه رێكخراوه هات، كه له‌ڕاگه‌یاندنی حیزبییه‌وه دژی كه‌ناڵه ئه‌هلییه‌كان ئاراستهدهكرا، كه به‌بڕوای سه‌رنوسه‌ری هاوڵاتی ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه ده‌ستی حكومه‌ت له‌پشت ئه‌و شهإهوهبوه كه له‌ڕاگه‌یاندنی حیزبیه‌وه به‌رامبه‌ر میدیای ئه‌هلی ده‌كرا.
كه‌مال ره‌ئوف پێیوایه ئه‌و لێدوانانه‌ی نێچیرڤان بارزانی به‌رامبه‌ر میدیای كوردی كردویه‌تی، راكردن‌و خۆدزینه‌وه‌یه له‌واقیع، هه‌روه‌ك ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه، له‌میدیاكانی حیزبییه‌وه ئه‌و هێرشانه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ریخست ده‌ستی خۆیان‌و حكومه‌ت له‌پشت میدیای حیزبیهوهیهوه بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه سهربهخۆكانو وتی: "ئه‌و هه‌وڵانه بۆ تیرۆركردنی میدیای ئازاده".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی، ئایا ده‌كرێت ئه‌و په‌یامه‌ی نێچیرڤان بارزانی به‌شێكی ئاراسته‌ی راگه‌یاندنی حیزبیش كرابێت، ئه‌حمه‌د میره ده‌ڵێت: "ئه‌و په‌یامه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌هلییانه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئیش دهكهنو راگه‌یاندنی حیزبی ناگرێته‌وه، چونكه راگه‌یاندنی حیزبی خۆی چه‌كێكه له‌پشت نێچیرڤان بارزانی‌و حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌ستاوه‌و به‌رگری لهناشیرنییهكانی ده‌كات".
ناپیشهیبونی رۆژنامه‌نوسان له‌ناو رۆژنامه‌گه‌ری كوردییدا، یه‌كێكه له‌و ره‌خنانه‌ی به‌شێوه‌ی به‌ربڵاو ئاراسته‌ی راگهیاندنكارهكانی ناو ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به‌تایبه‌ت ئه‌هلییه‌كان ده‌كرێت، هه‌روه‌ك له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بۆچونه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م دیارده‌یه زۆرجار وای له‌ڕۆژنامه‌نوسان كردوه "بابه‌تیانه‌و زانستیانه" روماڵی ماده‌كانی به‌رده‌ستیان نه‌كه‌ن.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پێیوایه، پیشهیبونی رۆژنامه‌نوسان له‌ئاستێكی زۆر لاوازدایه، به‌شێكی زۆریان ئاشنانین به‌یاساكان، به‌ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌به‌رئه‌وه زۆرجار روماڵی بابهتهكان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی نییه‌و به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتی له‌پشته‌وه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:
"تائێستا پهرلهمانو حكومه‌تی هه‌رێم یاسایه‌كیان نییه بۆ گه‌یشتن به‌زانیاری، زۆربه‌ی بابه‌ته گرنگ‌و هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان زانیاری له‌سه‌ریان به‌ئاسانی ده‌ست ناكه‌وێت، حكومه‌تیش ئه‌و هه‌وڵه‌ی وه‌ك سانسۆرێك داناوه بۆئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسان به‌ئاسانی زانیاری‌یان ده‌ست نه‌كه‌وێت، تانانه‌ت ئه‌وانه‌ی پیشهیشن". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد رۆژنامه حیزبیه‌كانیش ناتوانن ئه‌و زانیاری‌و داتایانه وه‌ربگرن، كه‌واته ئه‌وان ئاماده‌نین ئه‌و زانیاریانه بده‌نه كه‌ناڵه‌كانی خۆشیان، چ جای بیگه‌یه‌ننه كه‌ناڵه ئه‌هلییه‌كان.