Print
 لیوا سه‌روه‌ر قادر: ده‌بێت ئه‌و شێوازه‌ پارتیزانییه‌ی‌ ئێستا بگۆڕین بۆ نیزامی‌
Wednesday, June 17, 2009

سازدانی: پشتیوان سه‌عدوڵڵا
لیوا سه‌روه‌ر قادر به‌رزنجی‌، پسپۆڕی‌ بواری‌ سه‌ربازی‌و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌، ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم ده‌گرێت به‌وه‌ی‌ كه‌ تائێستا هێزێكی‌ سه‌ربازیی‌ نیزامیان پێك نه‌هێناوه‌، هه‌روه‌ها چه‌كداربوونی‌ حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ژیانی‌ سیاسیی له‌ كوردستان داده‌نێت، له‌ هه‌مانكاتدا ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ببینه‌ خاوه‌ن هێزێكی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌، ده‌بێت هێزی‌ ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌و چه‌كداری‌ حیزبه‌كان بخرێته‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌".

رۆژنامه‌: له‌ڕووی‌ یاسایی‌‌و ده‌ستوورییه‌وه‌ چه‌كداربوونی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان چۆن لێكده‌درێته‌وه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: كورد رۆڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌بووه‌ له‌ ره‌شنووسی‌ ده‌ستووری‌ عێراقدا‌و له‌و ده‌ستووره‌دا داننراوه‌ به‌ هێزی‌ سه‌ربازیی‌ كوردستاندا، به‌گوێره‌ی‌ بڕگه‌ی‌ پێنجه‌می‌ ماده‌ی‌ (121)ی‌ ده‌ستووری‌ عێراق، تایبه‌تمه‌ندیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێم له‌ دامه‌زراندن‌و رێكخستنی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگای‌ پێدراوه‌ پۆلیس‌و ئاسایش‌و پاسه‌وانی‌ هه‌رێم هه‌بێت، بۆ چه‌سپاندنی‌ ئاسایش‌و ئه‌منی‌ ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان یه‌كبخرێنه‌وه‌و ببنه‌ هێزێكی‌ نیزامیی‌ حكومی‌، هه‌روه‌ها له‌ بڕگه‌ی‌ دووه‌می‌ ماده‌ی‌ (9)ی‌ ده‌ستووری‌ عێراقدا هاتووه‌ "قه‌ده‌غه‌یه‌ میلیشیای‌ سه‌ربازیی‌ دروستبكرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا"، بۆیه‌ ده‌بێت هێزی‌ چه‌كداریی‌ حیزبه‌كان وه‌كو جاران نه‌مێنێت، چه‌كداربوونی‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان نه‌ خزمه‌تی‌ عێراق ده‌كات، نه‌ خزمه‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ پێویستمان به‌ پۆلیس‌و هێزی‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێم‌و ئاسایشی‌ ده‌ستووریی‌ هه‌یه‌، هه‌تا ئێستاش شه‌إی‌ ناوخۆ ئاسه‌واری‌ له‌ كوردستاندا ماوه‌، تائێستاش شه‌ڕی‌ سارد له‌نێوان حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و حیزبه‌ عیلمانی‌‌و ئیسلامییه‌كان‌و هه‌ردوو حیزبی‌ سه‌ره‌كیدا بوونی‌ هه‌یه‌، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ مێژوویه‌كی‌ سه‌ختی‌ پڕ له‌ شۆڕش‌و پڕ له‌ خه‌باته‌، به‌هۆی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌مڕۆ، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی‌ نێوده‌وڵه‌تی هاوكاریی‌ زۆری‌ كردین‌و یارمه‌تیده‌ربوون بۆ رووخاندنی‌ دیكتاتۆری‌ عێراق، دوایی‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 1992دا بڕیاری‌ فیدراڵیكردنی‌ سیستمی‌ حوكمی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دا، بۆ ماوه‌ی‌ (14) ساڵه‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ توانیمان حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ببه‌ین‌و به‌رگریی‌ له‌ خاكه‌كه‌مان بكه‌ین، ده‌بێت راستییه‌ك بزانین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوێنێ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مڕۆ جیاوازه‌ له‌ چۆنێتی‌ دامه‌زراندن‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ هێزی‌ چه‌كداریی‌ كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ یه‌كخراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ پراكتیكی‌ یه‌كنه‌خراونه‌ته‌وه‌و هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌یه‌ك دڵ‌‌و یه‌ك راو یه‌ك بۆچوون بۆ خزمه‌تی‌ كێشه‌ی‌ كورد ئاراسته‌ ناكرێن.

رۆژنامه‌: تائێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌ حكومییه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدان‌و جۆره‌ تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌یه‌، وه‌كو پسپۆڕێكی‌ سه‌ربازیی‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆ ئه‌و تێكه‌ڵاوییه‌ هه‌یه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: ده‌زگا ئه‌منییه‌ حكومییه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدان‌و ئێمه‌ خاوه‌نی‌ حكومه‌ت‌و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگای‌ ئه‌منین، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان یه‌كبخه‌نه‌وه‌، نابێت دوو ئاسایش له‌ كوردستاندا هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌زگایه‌كی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانیی‌ مۆدێرن هه‌بێت.

رۆژنامه‌: تێكه‌ڵاوبوونی‌ ده‌زگای‌ ئه‌منیی‌ حكومی‌‌و حیزبی‌ بۆچی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: تائێستا له‌ كوردستاندا حیزب خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات بووه‌و حوكمی‌ كردووه‌، تائێستا ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب زاڵه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداریدا، تائێستا به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی‌ حكومه‌ت پاڵاوته‌ی‌ حیزبن، زۆر باسی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا به‌ پراكتیكی‌ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تمان له‌سه‌ر رێبازی‌ دیموكراسی‌‌و موئه‌سه‌ساتی‌ بێت، ده‌بێت حیزب جیابكرێته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و جێبه‌جێكردن.

رۆژنامه‌: بوونی‌ ژماره‌یه‌ك دوو ده‌زگایی‌ له‌ كوردستاندا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ بڵێین تائێستاش دوو حكومه‌ت هه‌یه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: هه‌تا ئێستا حكومه‌تێكی‌ یه‌كگرتوومان نییه‌، به‌شێكی‌ حكومه‌ت له‌ هه‌ولێره‌و به‌شێكی‌ حكومه‌ت له‌ سلێمانییه‌، ئه‌مه‌ش لاوازیی‌ كورد ده‌رده‌خات به‌رامبه‌ر به‌ خۆمان‌و میلله‌ته‌كه‌مان‌و نه‌یاره‌كانمان له‌ عێراق‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، به‌وه‌ش له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراقدا هه‌ڵناكه‌ین‌و ناتوانین مافه‌كانمان بسێنین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ببینه‌ خاوه‌ن هێزێكی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌، ده‌بێت هێزی‌ ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌و چه‌كداری‌ حیزبه‌كان بێنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ده‌ستوه‌ردانی‌ حیزب له‌ كاروباری‌ حكومه‌ت، تا چه‌ند په‌یوه‌ندی‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی نه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ عێراق ژماره‌یه‌ك هه‌نگاوی ناوه‌ بۆ چه‌سپاندنی‌ دیموكراسیه‌ت‌و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی‌ ده‌زگاكانی‌ عێراق، كه‌چی‌ له‌ كوردستاندا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاریگه‌ر نه‌نراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی‌ حكومه‌تی‌ عێراق وه‌ربگرین بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانین داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ بكه‌ین.

رۆژنامه‌: یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ كوردستان چ زیانێك به‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، زیانی‌ زۆر ده‌گه‌یه‌نێت به‌ هه‌رێم، بۆ نموونه‌ پته‌ونه‌بوونی‌ حكومه‌ت راده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها دوودڵی‌ له‌لای‌ تاكی‌ كورد دروستده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش باوه‌ڕنه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و ده‌وڵه‌تانی‌ دراوسێ‌ دروستده‌كات، چونكه‌ نازانن له‌گه‌ڵ‌ كام ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ مامه‌ڵه‌بكه‌ن، نابێت به‌رپرسان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزی‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ بكه‌ن.

رۆژنامه‌: ده‌توانین چه‌كداربوونی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وه‌كو هه‌إه‌شه‌یه‌ك بۆ تێكدانی‌ ئاسایش ته‌ماشابكه‌ین؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێوازێكی‌ ئه‌خلاقی‌‌و دیموكراسی‌ دروستبووه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیانگۆڕێت بۆ شێوازێكی‌ ناله‌بارو له‌ خزمه‌تی‌ میلله‌تدا نه‌بێت، ئه‌وكاته‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌كی‌ كورد مافی‌ خۆیه‌تی‌ له‌و هێزانه‌ بترسێت‌و به‌توندی‌ ره‌خنه‌ له‌ چه‌كداربوونی‌ حیزبه‌كان بگرێت، چه‌كداربوونی‌ حیزب دژی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسییه‌و دژی‌ ئاسوده‌یی‌ گه‌لی‌ كورد‌و ته‌نانه‌ت دژی‌ خودی‌ پارته‌ سیاسییه‌كانه‌، حیزبی‌ خاوه‌ن چه‌ك له‌ دنیای‌ ئه‌مڕۆدا جێی‌ نابێته‌وه‌. 

رۆژنامه‌: به‌وپێیه‌ی‌ تائێستا حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ چه‌كن، ده‌توانین بڵێین تائێستا ده‌سه‌ڵات‌و حیزبی‌ كوردی‌ خاوه‌نی‌ عه‌قڵیه‌تی‌ شۆڕشگێڕانه‌یه‌، نه‌ك عه‌قڵیه‌تی‌ مه‌ده‌نیانه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ مێژووی‌ شۆڕشه‌كانی‌ كورد له‌ عێراقدا بكه‌ین، ده‌بینین به‌درێژایی‌ مێژوو شۆڕشه‌كانی‌ كورد له‌شێوه‌ی‌ پارتیزانیدا بووه‌و ئه‌و هێزه‌ پارتیزانییه‌ چه‌كدارییه‌ توانیویه‌تی‌ په‌ره‌ به‌ شۆڕشه‌كان بدات‌و خۆڕاگربێت به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ته‌كان، بۆیه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ چه‌ك بۆ حیزبه‌كان پێویستبوو، هه‌قه‌ شانازیی‌ به‌ مێژووه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵام نابێت ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ مێژوودا بژین‌و ئه‌وه‌ی‌ بۆ دوێنێ‌ ده‌گونجا، بۆ ئه‌مڕۆ ناگونجێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و شێوازه‌ پارتیزانییه‌ی‌ كه‌ تائێستاش له‌ كوردستان بوونی‌ ماوه‌، بگۆڕین بۆ شێوازی‌ نیزامی‌، هه‌تا ئێستا عه‌قڵی‌ شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كوردستاندا ماوه‌.

رۆژنامه‌: ئایا ئێستا زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ ئاڵوگۆڕی‌ ئاشتیانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستاندا هه‌بێت، ده‌بێت هه‌ر ده‌نگێكی‌ ناڕه‌زایی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان قبوڵبكرێت، ئه‌ویش له‌پێناو خزمه‌تكردنی‌ كوردستان‌و میلله‌ته‌كه‌ماندا، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ توندوتیژی‌ بكه‌ینه‌وه‌و رێگانه‌ده‌ین ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵانه‌ی‌ كه‌ له‌ رابردوودا به‌سه‌رماندا هاتووه‌، دووباره‌ببنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دیموكراسیه‌ت قبوڵبكه‌ین، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌‌و دوور له‌ كوده‌تا ئاڵوگۆڕ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت حساب بۆ ترس بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا باوه‌ڕناكه‌م له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هیچ شتێك رووبدات، چونكه‌ چاودێران‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و لایه‌نی‌ دیكه‌ چاودێریی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌: له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا یه‌كێتی‌ به‌ بیانووی‌ لایه‌نگریی‌ بۆ لیستی‌ گۆڕان، ده‌یان سه‌رباز‌و پۆلیس‌و ئه‌فسه‌ری‌ نێو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی لابردووه‌، ئه‌مه‌ چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: هه‌موو كه‌سێك ئازاده‌ ده‌نگ به‌ كێ‌ ده‌دات‌و هیچ لایه‌نێك بۆی نییه‌ له‌سه‌ر ده‌نگدان سه‌رباز‌و پۆلیس‌و ئه‌فسه‌ر ده‌ربكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌بێت، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ باری‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ حكومه‌ت‌و حیزب لێك جیانه‌كراونه‌ته‌وه‌، تائێستاش ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌رێم حیزبین، نه‌ك حكومی‌‌و حیزب، هه‌ر ئیجرائاتێكیش به‌پێی‌ یاسا مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت‌و یاسا سزای‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌دات.

رۆژنامه‌: مانه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدادا بۆ كه‌مته‌رخه‌میی‌ به‌رپرسانی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
لیوا سه‌روه‌ر قادر: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ تا ساڵی‌ 2003 له‌ ململانێی‌ چه‌كداریدا بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراق، ئه‌مڕۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پێشمه‌رگه‌دا، كارێكی‌ قورسه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا نابێت هه‌موو گوناهه‌كان بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، تائێستا ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ماڵی‌ خۆی‌ یه‌كنه‌خستووه‌و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كنه‌خستووه‌ته‌وه‌‌و نه‌بووه‌ته‌ هێزێكی‌ نیزامی‌، له‌كاتێكدا ده‌بێت ئێمه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌ینه‌وه‌‌و بیگۆڕین بۆ هێزێكی‌ بچكۆله‌ی‌ زیره‌ك، كه‌ خاوه‌نی‌ عه‌قڵیه‌تێكی‌ زانستی‌ پێشكه‌وتووبێت، نه‌ك به‌و ژماره‌ زۆرو بۆره‌ی‌ ئێستا، ئه‌وكاته‌ داوای‌ مافی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ حكومه‌تی‌ عێراق بكه‌ین.

Sbeiy.com © 2007