Print
 نیشتمانێك بۆ هه‌ڕاج
Monday, June 29, 2009

راپۆرت: شارا عه‌بدولڕه‌حمان

هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردودا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستیان به‌و پاره‌یه‌وه‌ گرتوه‌ كه‌ شه‌قام‌و كۆڵانه‌كان خزمه‌تگوزارییان به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌دیبو، ئه‌وه‌نده‌ باسیان له‌وه‌كردوه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری‌ بۆ خه‌ڵك ئه‌نجامده‌ده‌ن‌و نه‌یانكردوه‌ جه‌ماوه‌ر بڕوای‌ نه‌ماوه‌.
به‌پێی‌ به‌دواداچونێكی‌ رۆژنامه‌ له‌ ماوه‌ی‌ دو مانگدا حكومه‌ت‌و حیزب بایی‌ زیاتر له‌ پێنج تریلیۆن دینار به‌ڵێنیان به‌ خه‌ڵكداوه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و پرۆژه‌یان بۆ جێبه‌جێبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ كه‌ی‌ جێ‌به‌جێده‌كرێت‌و چۆن ده‌كرێت؟ كێ‌ به‌دوایدا ده‌چێت‌و چاودێری‌ ده‌كات؟
ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ ناو حكومه‌ت‌و دو حیزبه‌كه‌ به‌ هه‌ر لایه‌كدا ده‌ڕۆن چ به‌ڵێنێك خه‌ڵك پێی‌ خۆشبێت ده‌یده‌ن، به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ده‌یبه‌خشنه‌وه‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ چه‌ندین شوێن پاره‌ی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا به‌خشیوه‌ته‌وه‌‌و له‌ راگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه‌ باسكراوه‌، ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند ئه‌و بڕه‌ "به‌خشیشه‌"ی‌ كه‌ پێیان ده‌درێت وه‌ك مه‌كره‌مه‌ی‌ كاتی‌ حكومه‌تی‌ به‌عس وه‌سفی‌ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: "به‌ هه‌مو هونه‌رمه‌ندان، هێنده‌ی‌ سه‌رۆك خێڵێك به‌خشیشیان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌مه‌یه‌ رێزگرتن له‌ هونه‌رمه‌ندان".
جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ له‌كاتی‌ داواكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ خزمه‌ت له‌لایه‌ن دانیشتوانی‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: "باخچه‌یه‌كتان بۆده‌كه‌ین‌و هۆڵێكیش كوڕه‌ با هۆڵێكی‌ دیكه‌یشی‌ له‌سه‌ر بێت".
رۆژانه‌‌و به‌پێی‌ شوێنه‌كان‌و كه‌سه‌كان زه‌وی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵك‌و خانو به‌سه‌ر كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان‌و به‌ڵێنی‌ دامه‌زراندن‌و چه‌ندین به‌ڵێنی‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ حكومه‌ت‌و حیزب ده‌درێن.

بۆ به‌رچاو رونی‌
بڕیاره‌ رێگای‌ تاسڵوجه‌-سلێمانی‌ (15/7) بكرێته‌وه‌، ئه‌و رێگایه‌ی‌ كه‌ له‌رۆژی‌ (3/8/2008)ه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌كاره‌كانی‌ كردوه‌و تائێستا ته‌واونه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌سه‌رو به‌ندی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و وه‌ك بانگه‌شه‌، بڕی‌ (10) ملیار دیناری‌ دیكه‌ی‌ بۆ ته‌رخانكراو بڕیاره‌ له‌ رۆژی‌ (15/7)دا ته‌واوبكرێت.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ بڕیاریدا به‌ دامه‌زراندنی‌ (3) هه‌زار ده‌رچوی‌ په‌یمانگاكانی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ مامۆستایان كه‌ ده‌رچوی‌ ساڵی‌ خوێندنی‌ (2006-2007)ن ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ چه‌ندین جار مانگرتن‌و خۆپیشاندنیان ئه‌نجامداوه‌و داوای‌ دامه‌زراندنیان كردوه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامنه‌ده‌درانه‌وه‌، به‌ڵكو گوێشیان لێنه‌ده‌گیرا، به‌ڵام خوێندكاران (به‌هیوان ئه‌م بڕیاری‌ دامه‌زراندنیان ته‌نیا بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت).
ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران (7) هه‌زار پارچه‌ زه‌وی‌ بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان ته‌رخان ده‌كات، ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان‌و قوربانیان داوای‌ پێدانی‌ پارچه‌زه‌وی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ به‌م دێڕه‌ وه‌ڵامیان ده‌درایه‌وه‌ (دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ راوه‌ستاوه‌و ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ له‌پێشاندا دابه‌شكراوه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بوه‌و به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕیوه‌)، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان له‌پێدانی‌ زه‌وی‌ بێئومێدبون، به‌ڵام به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا ئه‌و هیوایه‌یان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌و كه‌سوكاری‌ (7) هه‌زار شه‌هیدی‌ دیكه‌ زه‌وییان پێده‌درێت.
رۆژی‌ (28/6)، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌كۆبونه‌وه‌یدا (به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ بۆ لیستی‌ كوردستانی‌) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی‌ رۆژ‌و نابینایاندا كۆبۆوه‌، ئه‌م به‌ڵێنانه‌ی‌ پێدان:
1-120 كه‌س له‌نابینایان دابمه‌زرێنرێن.
2-موچه‌ی‌ 300 نابینا له‌(50) هه‌زاره‌وه‌ بكرێته‌ (200) هه‌زار.
3-ئه‌و نابینایانه‌ی‌ خێزاندارن‌و موچه‌یان نییه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم مانگانه‌ موچه‌یان بۆ ببڕێته‌وه‌.
4-به‌ڵێنی‌ دا به‌دابینكردنی‌ ئۆتۆمبیل بۆ نابینایان.
5-به‌ڵێنی‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ رۆژ دا كه‌ سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكات.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریدا به‌ دابه‌شكردنی‌ (600) هه‌زار لیتر ئاو بۆ ته‌نیا گه‌ڕه‌كێكی‌ ناحیه‌ی‌ شۆڕش، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌چه‌ندین ساڵه‌ دانیشتوانی‌ ناحیه‌ی‌ شۆڕش به‌ده‌ست بێئاویه‌وه‌ له‌و ژیانه‌ بێزارن كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆی‌ ره‌خساندون، له‌ئێستاشدا له‌سایه‌ی‌ سه‌ری‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئاویان بۆ دابینده‌كرێت، پێده‌چێت تارۆژی‌ (25/7) كه‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ له‌ده‌ست بێئاوی‌ رزگاریان بوبێت.
حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی‌ چڕوپڕكردنه‌وه‌ی‌ بانگه‌شه‌كانیدا بۆ لیستی‌ كوردستانی‌ بڕیاریدا به‌ ئه‌نجامدانی‌ (5)پرۆژه‌ به‌ بڕی‌ (17) ملیار دینار بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید‌و ئه‌نجامدانی‌ (9) پرۆژه‌ بۆ ناحیه‌ی‌ سه‌رقه‌ڵا به‌بڕی‌ (3) ملیار دینار.

حكومه‌ت پرۆژه‌كانی‌ پێشو به‌خه‌ڵك ده‌فرۆشێته‌وه‌
له‌سه‌رو به‌ندی‌ ماوه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا حكومه‌تی‌ هه‌رێم (دو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم)،  جگه‌ له‌ به‌ڵێندان به‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌و دامه‌زراندن‌و زیادكردنی‌ موچه‌و دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ ده‌ستیان كردوه‌، به‌ بیرهێنانه‌وه‌و پێفرۆشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ش كه‌ له‌ پێشودا ئه‌نجامیانداوه‌، بۆ نمونه‌: (43) ملیار دینار بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ پیرمام خه‌رجكراوه‌، هاوكات، خه‌رجكردنی‌ (153) ملیار دینار بۆ (110) خوێندنگا ئه‌مانه‌ش له‌ ساڵی‌ (2008)دا جێبه‌جێكراون.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و بیرهێنانه‌وانه‌دا، میدیای‌ حیزب به‌خه‌ڵكی‌ ته‌یناڵ‌ راده‌گه‌یه‌نێت كه‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا (2ملیار‌و 500) هه‌زار دیناری‌ بۆ پڕۆژه‌كانی‌ ئاو ئاوه‌ڕۆو قیرو شۆسته‌ بۆ خه‌رجكردون.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ حكومه‌ت دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ دهۆك بیردێنێته‌وه‌ كه‌ (1179) كه‌س سولفه‌ی‌ عه‌قاریان پێدراوه‌، هاوكات هاوڵاتییانیش ئاگادارده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ بڕی‌ (250) ملیۆن دیناری‌ بۆ پێچه‌كانی‌ رواندز خه‌رجكردوه‌.
حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌میدا كه‌ (یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ باڵا ده‌ست بون) به‌ بڕی‌ (400) ملیار دینار قه‌زای‌ سۆرانی بوژاندوه‌ته‌وه‌ 75%ی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیشی‌ بۆ جێبه‌جێكردون، هاوكات میدیای‌ حیزبی‌ ئه‌وه‌ به‌بیر دانیشتوانی‌ رانیه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ (9) ساڵی‌ رابردودا (10) گه‌ڕه‌كی‌ رانیه‌و (13)هه‌زار له‌ حاجیاواو چوارقوڕنه‌و سه‌ر‌و چاوه‌ تاپۆكراون.
سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكران ته‌نیا له‌ دو ژماره‌ی‌ كوردستانی‌ نوێدا كه‌ زمانحاڵی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ میدیای‌ حیزبی‌ كاری‌ بوه‌ته‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ پێكیانهێناوه‌ نه‌بونایه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ نه‌ده‌كران، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ رێگای‌ باسكردنی‌ ئه‌و پرۆژانه‌وه‌ حكومه‌ت به‌خه‌ڵك ده‌ڵێت، (ده‌نگ به‌لیستی‌ كوردستانی‌ بده‌ن‌و له‌بیرتان بێت كه‌ له‌رابردو ئێستاشدا چیتان بۆ ده‌كه‌م).
له‌سه‌روبه‌ندی‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، له‌ میدیا حیزبیه‌كاندا رۆژانه‌ باس له‌ ئه‌نجامدانی‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ده‌كرێت، پروپاگه‌نده‌ی‌ پێوه‌ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌چه‌ندین ساڵی‌ رابردودا به‌شێوه‌ی‌ ئه‌م دو مانگه‌ی‌ رابردو به‌ڵێنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌ به‌خه‌ڵكی‌ نه‌دراوه‌.
به‌ڵێنه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵانی‌ رابردو به‌بیانوی‌ كه‌می‌ بودجه‌وه‌ كه‌مترین پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئه‌نجامدراوه‌، هاوكات بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌ نزیكه‌ی‌ (1) ترلیۆن دیناری‌ له‌ بودجه‌ی‌ پار كه‌متره‌‌و ئه‌و كه‌مكردنه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌و هه‌مو به‌ڵێنه‌ به‌خه‌ڵك ده‌درێت، ئه‌مه‌ش بێمتمانه‌یی‌ لای‌ خه‌ڵك دروستكردوه‌ كه‌ حكومه‌ت بتوانێت هه‌مو ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێبكات كه‌ به‌خه‌ڵكی‌ داوه‌، به‌ڵام  داخوازیه‌كانی‌ خه‌ڵك هه‌ر له‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریدا چڕنه‌بوه‌ته‌وه‌، داخوازی‌ خه‌ڵك زۆر له‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت گه‌وره‌تره‌.
ده‌بێت لێره‌دا بپرسین وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان چ رۆڵێكی‌ له‌ نه‌خشه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌یه‌، پلانه‌كانی‌ بۆ كێ‌ داده‌نێت، ئه‌م به‌ڵێنانه‌ چۆن ده‌درێن‌و چۆن جێبه‌جێده‌كرێن؟
ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ئێستادا بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ خه‌رجده‌كرێت له‌پێشتردا له‌كوێبون‌و ئێستا چۆن په‌یدا ده‌بن؟
ئایا كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ خۆی‌ بپرسێت كه‌ ئایا خه‌ڵك گومانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لادروست نابێت كه‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆچی‌ پێشتر باسی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ ده‌كرد؟، ئایا به‌رپرسانی‌ حكومی‌ بۆ له‌ئێستا بیری‌ سه‌ردانكردنی‌ خه‌ڵك‌و به‌ڵێن پێدانیان كه‌وتوه‌ته‌وه‌؟

 

Sbeiy.com © 2007