Print
 "وه‌ختێك كه‌ له‌ قه‌فه‌زی‌ ده‌سه‌ڵات دێیته‌ ده‌ره‌وه‌، ره‌نگه‌ ئازادیی قسه‌كردنت زۆرتربێت"
Friday, November 16, 2007

 

سازدانی‌: نه‌ژاد جه‌لال

دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ یاداشته‌كانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ مه‌جلیسی‌ حوكم له‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ و سایتی‌ سبه‌یدا، كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر له‌ ڕێگای سایتی سبه‌یه‌وه‌ به‌كۆمێنت هه‌ندێك پرسیاریان ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێزی‌ كردبوو له‌سه‌ر ئه‌و یاداشتانه‌، رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ و سایتی‌ سبه‌ی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ خوێنه‌ران و هه‌ندێك پرسیاری‌ گرنگی‌ تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كانی‌ ناو ئه‌و یاداشتانه‌ ئه‌م دیمانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیدا سازكردووه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م دیمانه‌یه‌دا وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ خوێنه‌رانی‌"یاداشته‌كانم له‌ مه‌جلیسی‌ حوكم دا" ده‌داته‌وه‌.

*زۆرێك له‌ خوێنه‌رانی‌ یاداشته‌كانت پرسیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن بۆ له‌ كاتی‌ گه‌رمه‌ی‌ رووداوه‌كان و پێشتر بڵاوت نه‌كردۆته‌وه‌، ئایا هیچ هۆكارێك هه‌بووه‌ بۆ بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌و یاداشتانه‌ی‌ بڵاومكردۆته‌وه‌ چ نهێنییه‌كی‌ گرنگی‌ تێدایه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و كاته‌ بڵاومبكردایه‌وه‌ و ئێستا بڵاویده‌كه‌مه‌وه‌؟ چ نیهێنییه‌كی‌ تێدایه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ وه‌ختی‌ خۆیدا بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رای‌ گشتیی‌ كورد و خوێنده‌وارانی‌ كورد بزانن بڵاومان نه‌كردۆته‌وه‌ و ئێستا بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌، پێموایه‌ یاداشته‌كانم شتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ تێدا نییه‌ كه‌ شاراوه‌ بێت.

*خه‌ڵك بۆیه‌ داوای‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا بڵاوبكرایه‌وه‌، چونكه‌ شه‌قامی‌ كورد له‌و ساڵانه‌دا پێی‌ وابوو كه‌ كورد هێزێكی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌ یاداشته‌كانی‌ تۆدا وا ده‌رناكه‌وێت، ئێستا شه‌قامی‌ كوردیش ئه‌و رایه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ كورد له‌ به‌غدا لاوازه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كورد ئه‌و زه‌مانه‌ له‌ چاو هێزه‌كانی‌ تردا له‌ هه‌موویان رێكوپێكتر و رێكخراوتر بووه‌، ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، حكومه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بوو، پارله‌مانی‌ خۆی‌ هه‌بوو، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كورد تاكه‌ هێز نه‌بووه‌ له‌ عیراقدا، عیراق هێزی‌ تری‌ تێدایه‌، شیعه‌ی‌ تێدایه‌ و سوننه‌ی‌ تێدایه‌، زۆرینه‌ی‌ عیراق عه‌ره‌به‌، وه‌ك له‌ یاداشته‌كانمدا ئاماژه‌م پێكردووه‌، 1/5 كورسییه‌كانی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم درا به‌ كورد، به‌ڵام له‌و كاته‌دا كورد له‌ هه‌موویان به‌هێزتر بوو، چونكه‌ له‌ هه‌موویان زیاتر خۆی‌ رێكخستبوو.

*پێت وانه‌بوو ئه‌گه‌ر له‌ گه‌رمه‌ی‌ رووداوه‌كان یان ساڵێك دوای‌ رووداو و گفتوگۆكان، ئه‌م یاداشتانه‌ بڵاوبكرایه‌وه‌ باشتر ئه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك راستییه‌كانی‌ ناو مه‌جلیسی‌ حوكمی‌ ببینیایه‌، نه‌ك ته‌نیا لایه‌نی‌ ئیجابیی‌ ئه‌و مه‌جلیسه‌ی‌  له‌ كه‌ناڵه‌ عیراقی‌ و كوردییه‌كانه‌وه‌ ده‌بیسترا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌منه‌وه‌ بێت من له‌ كاتی‌ خۆیدا وتاریشم نووسیوه‌، له‌ دوایشدا له‌ سایتی‌ ریفۆرم بۆ كۆمه‌ڵێك لێدوانم له‌ سه‌ر قانوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق و پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عیراق نووسیوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌منه‌وه‌ بێت من شته‌كانم باسكردووه‌.

*كه‌واته‌ ئێستاش كاته‌كه‌ت به‌لاوه‌ گونجاوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رووداوانه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێستاش به‌لامه‌وه‌ گونجاوه‌، هه‌ر وه‌ختێك رووداوی‌ مێژوویی‌ بگێڕیته‌وه‌ گونجاوه‌.

*هه‌ندێك له‌ خوێنه‌ران پێیانوایه‌ دوای‌ دابڕانت له‌ حزب هه‌ندێك راستی ده‌ڵێیت، به‌ڵام كه‌ له‌ناو حزبدایت ئه‌و شتانه‌ ناڵێیت، بۆنموونه‌ دوای‌ ساڵی‌ 1994 كه‌ چوویته‌ هه‌نده‌ران هه‌ندێك رووداوی‌ مێژوویی‌ كوردت نووسی‌ و بڵاوتكرده‌وه‌، ئه‌م یاداشتانه‌شت دوای‌ وازهێنانت له‌ یه‌كێتی‌ بووه‌، هه‌ندێك خه‌ڵك ده‌ڵێن كاك نه‌وشیروان دوای‌ عاجز بوون راستییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بۆ ناوی‌ ده‌نێن عاجزبوون.

*خه‌ڵك واده‌ڵێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: عاجز بوون نییه‌، جۆرێك له‌ جیاوازی‌ بیروبۆچوون هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌دا كه‌ من پێی‌ رازی‌ نه‌بووم، له‌و بیروبۆچوونانه‌ ته‌كیومه‌ته‌وه‌ و لێی‌ دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌، من له‌ هه‌موو كاتێكدا قسه‌م كردووه‌، به‌ڵام بێگومان ئینسان كه‌ له‌ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حزبدا بێت له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حزبێكدا بێت، كۆمه‌ڵێك ئیلتزاماتی‌ ئه‌خلاقیی‌ و ئه‌ده‌بی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پێڕه‌وی‌ بكات، یان نابێت له‌و شوێنه‌دا بێت یان له‌و شوێنه‌دا بوویت ده‌بێت پێڕه‌وی‌ ئه‌و ئیلتیزاماته‌ بكه‌یت كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و حزبه‌ هه‌ته‌، وه‌ختێك كه‌ له‌و قه‌فه‌زه‌ دێیته‌ ده‌ره‌وه‌ ره‌نگه‌ ئازادییت زۆر تر بێت قسه‌كانت بكه‌یت.

*كه‌واته‌ كه‌ له‌ قیاده‌ی‌ حزبێكدا بوویت سنوورێك هه‌یه‌ كه‌ ناتوانیت بیبه‌زێنیت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان ئێستاش ئه‌ندامه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كان سنوورێكیان هه‌یه‌ ده‌توانن بیبه‌زێنن، به‌ڵام له‌ڕووی‌ ئه‌خلاقییه‌وه‌ نابێت بیبه‌زێنن.

*پرسیارێكی‌ تر هه‌یه‌ ده‌ڵێن كاك نه‌وشیروان ئه‌و یاداشتانه‌ی‌ كه‌ نووسیویه‌تی‌ هه‌موو راستییه‌كان نین، له‌وانه‌یه‌ وه‌زعێكی‌ خراپتر هه‌بووبێت له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمدا له‌ گفتوگۆ و ئارا گۆڕینه‌وه‌ی‌ كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان به‌ جۆرێكی‌ تر بووبێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وه‌زعه‌ خراپه‌كه‌ چییه‌ كه‌ روویدابێت؟

*خه‌ڵك واده‌ڵێن ئه‌گه‌ر كورد تۆكمه‌ و كامل بوایه‌ به‌ به‌هێزیی‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكم و دواتریش كاریبكردایه‌، بارودۆخه‌كه‌ ئاوا ئاڵۆز نه‌ده‌بوو، كێشه‌ی‌ كورد به‌م شێوه‌ی‌ ئێستای‌ لێ نه‌ده‌هات و مادده‌ی‌ 140 به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا نه‌ده‌بوو كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیدا خاوه‌خاو و پاشه‌كشێی‌ لێده‌كرێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: خۆی‌ راسته‌ كورد كاتێك رۆیشتووه‌ بۆ مه‌جلیسی‌ حوكم، به‌رنامه‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ نه‌بووه‌، پلانێكی‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئیشی‌ له‌ سه‌ر بكات، ئه‌وانه‌ی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم هه‌موومان كه‌ چووین له‌وێ‌ به‌شداریمان كردووه‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ چی‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌، پێشتر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ بڵێین پرۆژه‌یه‌كی‌ كوردی‌ هه‌بووه‌ بۆ كاروباری‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عیراق و كاروباری‌ جۆری‌ ئیشكردن له‌ ناو مه‌جلیسی‌ حوكمدا، هه‌موومان وه‌ك به‌شێك له‌و پرۆژه‌ ئیش بكه‌ین، هه‌ر كه‌سێك كه‌ رۆیشتووه‌ ئیعتیمادی‌ كردۆته‌ سه‌ر ئیجتهادی‌ شه‌خسیی‌ خۆی‌.

*كه‌واته‌ كاره‌كانتان ئیجتهادی‌ شه‌خسی‌ بووه‌، شتێك نه‌بووه‌ پێشتر له‌ سه‌ری‌ كۆك بن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ كۆك بین كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ بووه‌، وه‌ك فیدراڵیزم و ناساندنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمیی‌ و كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی‌ تر، ئه‌وه‌ی‌ تر هه‌مووی‌ ئیجتهادی‌ شه‌خسی بووه‌.

*پرسیارێَكی‌ تر كه‌ خوێنه‌ری‌ یاداشته‌كانت ده‌یكات ئه‌وه‌یه‌ ئایا كاك نه‌وشیروان شتی‌ تر ماوه‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكم بیخاته‌ڕوو یان هه‌ندێك شتی‌ نهێنی‌ له‌ یاداشته‌كانتدا شاردۆته‌وه‌ و باست نه‌كردووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌نده‌ی‌ كه‌ له‌ بیرم بێت هیچ شتێكی‌ نهێنی‌ نه‌بووه‌ باسم نه‌كردبێت، هه‌موو شته‌كانی‌ ئاگادار بووم باسم كردووه‌.

*كه‌واته‌ هه‌موو خاڵه‌ گرنگه‌كانی‌ رووداوه‌كه‌ت باسكردووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا تۆمارم كردووه‌ هه‌موویم باس كردووه‌ و نووسیومه‌.

*هه‌ندێك له‌ خوێنه‌ری‌ یاداشته‌كان ده‌ڵێن كاك نه‌وشیروان خۆی‌ له‌ به‌غدا بووه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ بڕیاردان بووه‌، ئاگاداری‌ هه‌موو شته‌كان بووه‌، كاك نه‌وشیروان خۆی‌ ده‌ستی‌ له‌ هه‌ندێك له‌ شته‌كاندا هه‌یه‌ و هه‌رچی‌ بووبێت و هه‌رچی‌ به‌سه‌ر كوردا تێپه‌ر بووبێت كاك نه‌وشیروانیش ده‌ستی‌ تێیدا بووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: نازانم چی‌ به‌سه‌ر كوردا هاتووه‌، له‌ دوای‌ مه‌جلیسی‌ حوكمه‌وه‌ وه‌زعی‌ كورد له‌ڕووی‌ قانوونییه‌وه‌ سه‌لمێندراوه‌، له‌ بودجه‌ی‌ عیراقی بۆ كوردستان له‌ 13% بووه‌ به‌ 17%، كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی‌ سیاسی‌ قانوونی‌ و ئابووری‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ست هاتووه‌، ئیتر نازانم كورد چی‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌، خۆ كاره‌ساتی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، كه‌ ئێمه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین، هه‌ندێك كه‌موكوڕیی‌ هه‌بووه‌ له‌ رووی‌ مفاوه‌زه‌ كردن و هونه‌ری‌ دانوستاندا، له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا ره‌نگه‌ هه‌ندێك بابه‌ت هه‌بێت كه‌ ده‌توانرا به‌جۆرێك بكرایه‌، ئه‌گینا له‌ چیدا كه‌مته‌رخه‌می‌ كراوه‌، من له‌ نووسینه‌كه‌مدا باسی‌ كه‌مته‌رخه‌میی‌ گروپی‌ كوردیم نه‌كردووه‌.

*هه‌ندێك خوێنه‌ر ده‌ڵێن كاك نه‌وشیروان له‌ یاداشته‌كانیدا باسی‌ هیچ رۆڵێكی‌ خراپی‌ خۆی‌ نه‌كردووه‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمدا، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ش پاكانه‌یه‌ك بێت بۆ خۆی‌.؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من رۆڵی‌ خراپی‌ كه‌سم باس نه‌كردووه‌، هیچ كه‌س له‌ وانه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌غدا بوون رۆڵی‌ خراپی‌ نه‌بووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌غدا بوون كه‌ رۆڵیان هه‌بووه‌ رۆڵی‌ ئیجابیان هه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌سی‌ وا بووه‌ رۆڵی‌ زیاتر بووه‌، هه‌شبووه‌ رۆڵی‌ كه‌متر بووه‌، به‌ڵام رۆڵبینینه‌كه‌ ئیجابیی‌ بووه‌.

*تۆ له‌ نووسینه‌كه‌تدا باسی‌ یه‌ك كه‌س ده‌كه‌یت، له‌وانه‌یه‌ كه‌سی‌ تریش هه‌بێت كه‌ باست نه‌كردبێت له‌پۆستدا بوون، به‌ڵام كاره‌كه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ئێوه‌ ویستووتانه‌، وه‌ك دكتۆر فوئاد مه‌عسوم كه‌ تۆ ده‌ڵێیت مام جه‌لالیش نامه‌یه‌كی‌ بۆ نووسیوه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌نامه‌كه‌ كار ناكات، به‌ڵكو به‌شێوازێكی‌ تر كاره‌كه‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عیراقدا، ئه‌گه‌ر كه‌سێك كه‌مته‌رخه‌می‌ كردبێت له‌ به‌غدا ئێوه‌ لێپرسینه‌وه‌تان له‌ گه‌ڵدا كردووه‌ و سه‌رنجی‌ خۆتان پێدابێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وه‌ك پێشتریش باسم كرد كاره‌كان جۆرێك بوون له‌ ئیجتیهادی‌ شه‌خسی‌، ئه‌ویش ئیجتهادی‌ شه‌خسی‌ خۆی‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ راست بووه‌ له‌وانه‌یه‌ شته‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ پێ‌ راست نه‌بووبێت، ئه‌و له‌گه‌ڵ بیست و پێنج كه‌سی‌ تردا پێكه‌وه‌ لیژنه‌ی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگای‌ نووسینی‌ ده‌ستور بوون ئه‌و ئالیه‌ته‌ی‌ پێ باش بووه‌ و كاری‌ پێكردووه‌.

*پێت وایه‌ ئه‌و ئالیه‌ته‌ی‌ ئه‌و په‌سه‌ندیكردووه‌ یان ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ بۆتان ته‌رح كرد بوو سه‌ركه‌وتوو تر ده‌بوو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: تازه‌ ئه‌و تێپه‌ڕی‌ كردووه‌، رۆیشتووه‌ و بڕاوه‌ته‌وه‌.

*مه‌به‌ستم نه‌تیجه‌كانییه‌تی‌، كامیان به‌رهه‌می‌ باشتر ده‌بوو بۆ كورد؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: مێژوو له‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر نانووسرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌ڕاستیدا روویداوه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌، تائیستاش نه‌تیجه‌ی‌ هیچ رێگایه‌كیان روون نییه‌.

*كاك نه‌وشیروان تۆ له‌ یاداشته‌كانتدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ یه‌كه‌م كابینه‌ی‌ وزاری‌ دامه‌زرا له‌ به‌غدا، دانانی‌ وه‌زیره‌كان له‌ سه‌ر ئه‌ساسی‌ خزمایه‌تی‌ مه‌حسوبیه‌ت بووه‌، خۆت ده‌ڵێیت كه‌ مام جه‌لال رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات نامه‌یه‌كی‌ بۆ جێهێشتم، ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ تیا بوو بۆ وه‌زاره‌ته‌كان، له‌وانه‌ش دكتۆر له‌تیف ره‌شید و محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیمی‌ تێدایه‌، ئایا تۆ چ رۆڵێكت بینی‌ له‌ دانانی‌ وه‌زیره‌كاندا، كه‌ كاك محه‌مه‌دیش خزمی‌ تۆیه‌ و دكتۆر له‌تیفیش خزمی‌ مام جه‌لاله‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ من نه‌موتووه‌، ئه‌وه‌ قسه‌ی‌ میدیای‌ ئه‌مه‌ریكایی‌ و ئینگلیزییه‌، ئێستاش ده‌توانن له‌ ئه‌رشیفی‌ رۆژنامه‌ ئینگلیزی‌ و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ ئه‌رشیفی‌ بی‌ بی‌ سی بگه‌ڕێن، ئه‌و تۆمه‌ته‌ خراوه‌ته‌ پاڵ مه‌جلیسی‌ حوكم، نه‌ك هه‌ر له‌ناو كورده‌كاندا، به‌ڵكو به‌شێك له‌ وه‌زیره‌ عه‌ره‌به‌كانیش له‌ سه‌ر ئه‌ساسی‌ خزمایه‌تی‌ و مه‌حسوبییه‌ت دانرا بوون، به‌ڵێ‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ هه‌ردووكیان خزمی‌ ئێمه‌ن، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندی‌ نه‌بووه‌، دكتۆر له‌تیف خۆی‌ كابرایه‌كه‌ دكتۆرای‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌نده‌سه‌ی‌ كاره‌بادا، كابرایه‌كی‌ شاره‌زایه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئاودا، له‌ چه‌ند جێگای‌ دونیادا وه‌ك سۆماڵ و یه‌مه‌ن و سعودییه‌ سه‌رپه‌رشتیی‌ سه‌دی‌ گه‌وره‌ گه‌وره‌ی‌ ئاوی‌ كردووه‌، محه‌مه‌د تۆفیقیش خۆی‌ موهه‌ندیسی‌ میكانیكه‌ و له‌ به‌ریتانیا ته‌خه‌روجی‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێین دوو كه‌سی‌ نه‌خوێنده‌وارمان بردبێت و كردبێتمان به‌ وه‌زیر، هه‌ردووكیان دوو كه‌سی‌ ته‌كنۆكرات و شایسته‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌ خۆیان بوون.

*به‌نیسبه‌ت پارتییه‌وه‌ كه‌ وه‌زیره‌كانی‌ ئه‌وانیش نه‌سرین به‌رواری‌ و وشیار زێبارین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وانیش دوو كه‌سن هه‌ردووكیان به‌توانان.

*كه‌واته‌ وه‌زیره‌ كورده‌كان له‌و ئاسته‌دا بوون كه‌ ئه‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌ له‌و ئاسته‌دا بوون كه‌ بكیرێنه‌ وه‌زیر.

*په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تی‌ هیچ رۆڵێكی‌ بینیوه‌ له‌ دانانی‌ وه‌زیره‌ كورده‌كان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تی‌ ده‌وری‌ هه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خزمی‌ ئێمه‌ش نه‌بوونایه‌ شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ بوون له‌و شوێنه‌دا بن.

*كه‌سی‌ شیاوتر له‌مانه‌ نه‌بوو بكرێنه‌ وه‌زیر؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ره‌نگه‌ كه‌سی‌ شیاوتریش له‌مانه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌و پۆستانه‌.

*ئه‌گه‌ر كه‌سی‌ شیاوتر هه‌بووبێت بۆ ئه‌و پۆستانه‌ نه‌دراوه‌ به‌وان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كابینه‌ی‌ یه‌كه‌م له‌ به‌غدا كابینه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ بووه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ دابنرێن كه‌ ته‌مسیلی‌ باری‌ سه‌رنجی‌ سیاسیی‌ كورد ده‌كه‌ن له‌ ناو كابینه‌كه‌دا، چه‌ند گرنگ بوو كه‌ له‌ كاروباره‌كه‌ی‌ خۆیدا شاره‌زا بێت، ئه‌وه‌نده‌ش گرنگ بوو كه‌ له‌ كاروباری‌ سیاسی‌ شاره‌زا بێت، تێگه‌یشتنی‌ هه‌بووبێت بۆ سیاسه‌تی‌ كورد.

* ئه‌و قۆناغه‌ سیاسییانه‌ی‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تائێستاش كه‌ له‌ به‌غداد روویداوه‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ كوردیش تیایدا به‌شدار بووه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ خۆیان به‌نوێنه‌رانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان زانیوه‌، هه‌میشه‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ له‌ ئاهه‌نگ و چه‌پڵه‌ رێزاندا بوو بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ له‌ به‌غدا، چونكه‌ له‌و كاته‌دا هیچ ده‌نگێكی‌ نه‌رێ‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد نه‌ده‌بیسترا و خه‌ڵكیش له‌ راستیی‌ رووداوه‌كان ئاگادارنه‌بوون، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك وشیار بكرایه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ راستی‌ رووداوه‌كانی‌ بۆ ئاشكرابكرایا، فشار دروست نه‌ده‌بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ كورد؟ یان تائێستاش شه‌قامی‌ كوردی‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هێزی‌ فشار؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه‌ ئێستاش ئه‌و فشاره‌ دروست نه‌بووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمدا بۆ كورد به‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌م نه‌بووه‌، ره‌نگه‌ 100% داواكارییه‌كانی‌ كورد نه‌بووبێت، به‌ڵام به‌شێكی‌ باشی‌ خواسته‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێكردووه‌.

*یه‌كێتی‌ و پارتی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ به‌غدا، هیچ خاڵێكی‌ هاوبه‌ش و به‌رنامه‌یه‌ك و پره‌نسیپێك هه‌بوو له‌ سه‌ری‌ رێككه‌وتبوون، بڕیاری‌ كاركردنیان دابێت له‌سه‌ر خاڵێك بۆ  ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدا بۆچوونیان جیاواز نه‌بێت و تووشی‌ به‌ریه‌كه‌وتن نه‌بن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ به‌غدا ته‌با و رێكبوون، نه‌ك هه‌ر یه‌كێتی‌ و پارتی‌
به‌ڵكو هه‌موو گروپی‌ كوردیی‌ له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمدا پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌ له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان پێكه‌وه‌ ته‌بابوون، پێش ئه‌وه‌ش یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كه‌ وه‌كو دوو لایه‌ن له‌ گروپی‌ پێنج كۆمه‌ڵێك بڕیار هه‌بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین و له‌نده‌ندا ده‌رباره‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ته‌عریب و ته‌هجیر و شته‌ گرنگه‌كانی‌ تر ئه‌وانه‌ ئیشی‌ له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵێ‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ یه‌ك ده‌نگبوون له‌ به‌غدا.

*پێشتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرابوو كه‌ یه‌ك ده‌نگبن یان له‌ به‌غدا ده‌نگیان یه‌كی‌ گرته‌وه‌ و بوونه‌ یه‌ك ده‌نگ و كار له‌سه‌ر یه‌ك سیاسه‌ت بكه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان كۆبوونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌ش هه‌بووه‌ له‌ نێوان مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی‌ حزبه‌كه‌دا كه‌ شتێك هه‌بێت پێكه‌وه‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ین.

*خوێنه‌ری‌ یاداشته‌كانت و شه‌قامی‌ كوردیش بۆچوونێكیان هه‌یه‌، پێیانوایه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و بنیادنانه‌وه‌ی‌ عیراق، واته‌ له‌ دروستبوونی‌ (هه‌یئه‌تی‌ ریئاسه‌) تائێستاشی‌ له‌سه‌ر بێت، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ی‌ كاریان بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق كردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریان نه‌كردووه‌ بۆ مافی‌ كورد و چه‌سپاندنی‌ داواكانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، واته‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ست بوون به‌عیراقه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نه‌بوون به‌مه‌سه‌له‌ی‌ كورده‌وه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه‌ ئه‌وه‌ بێویژدانی‌ زۆر تێدایه‌، ئه‌گینا ئه‌و مافانه‌ی‌ بۆ كورد له‌ قانوونی‌ ئیداره‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق و له‌ ده‌ستوری‌ عیراقیدا سه‌لمێنراوه‌، راسته‌ ده‌وری‌ میله‌ته‌كه‌مان زۆر بووه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌و پرۆسه‌ سیاسییانه‌دا به‌شدارییانكردووه‌ ده‌ورێكی‌ گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ چه‌سپاندنی‌ ئه‌و مافانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ستوری‌ عیراقی‌ ئێستا بۆ كوردیان سه‌لماندووه‌.

*كه‌واته‌ تۆ پێتوایه‌ به‌جددییه‌وه‌ كار بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد كراوه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من پێموایه‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر دراوه‌.

*له‌ نووسینه‌كانتدا باسی‌ جۆرێك له‌ ته‌وافوق و راگۆڕینه‌وه‌ی‌ گروپی‌ كوردی‌ ده‌كه‌یت له‌ به‌غدا له‌نێوان خۆتاندا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ته‌وافقی‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌ وه‌ك دوو ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ هه‌رێمدا له‌ ئاستی‌ پێویستدا نه‌بوو، ده‌كرێت بڵێین هه‌ر باش نه‌بوو كه‌ وه‌ك دوو حكومه‌ت و دوو هێزی‌ جیاواز مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد له‌ ناوخۆدا، یه‌كێتی‌ و  پارتی‌ له‌و كاته‌ هه‌ستیارانه‌دا ئه‌گه‌ر له‌ناو هه‌رێمدا یه‌كگرتووبوونایه‌ ئه‌وا له‌ به‌غدا به‌هێزتر نه‌ده‌بوون؟ ره‌نگه‌ هه‌ندێك شتان رووبه‌ڕوو بووبێته‌وه‌ كه‌ بۆ كورد باش نه‌بووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێیان وتوون كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر كام هه‌رێمه‌یان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: راسته‌ ئه‌و پرسیاره‌مان لێكراو كه‌ كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر كام هه‌رێمه‌یان، به‌ڵام مونافه‌سه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتیدا شتێكی‌ ئاساییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا یه‌ك ده‌نگیی‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسازه‌كانی‌ میله‌تی‌ كورد ئه‌ویش دیسانه‌وه‌ ئاساییه‌، ئه‌گه‌ر منافه‌سه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌ نوسازه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ چاره‌نووسی‌ گه‌لی‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ عیراقدا یان په‌یوه‌ندی‌ به‌ چاره‌نووسی‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌لامه‌وه‌ شتێكی‌ ئاسایی نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی‌ ناو كوردستان ناكۆك بوون و مونافه‌سه‌ی‌ یه‌كتر بكه‌ن، من به‌لامه‌وه‌ شتێكی‌ ئاساییه‌.

*پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و كاته‌ یه‌ك حكومه‌تی‌ دیموكراتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هه‌بووایه‌ نموونه‌یه‌كی‌ جوانتری‌ پێشكه‌ش نه‌ده‌كرا له‌ به‌غدا و به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیش له‌هه‌مان كاتدا كورد به‌هێزتریش نه‌ده‌بوو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌ندێك شتی‌ رابردوو له‌سه‌ر ئیفترازی‌ ناكرێت، واقیع ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ له‌ كوردستان دوو ئیداره‌ هه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك شت موته‌فیق بوون له‌سه‌ر هه‌ندێكی‌ شتی‌ تر موته‌فیق نه‌بوون، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ موته‌فیق بوون كه‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسیان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ عیراق و به‌رامبه‌ر به‌هێزه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌ناو عیراقدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ته‌با بوون و رێكبوون، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ چۆن ئیداره‌ی‌ كوردستان بكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ته‌با نه‌بوون، ئه‌وه‌ شتێكی‌ ته‌بیعیشه‌، چونكه‌ دوو حزبی‌ جیاوازن.

*پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك ئیداره‌ بوایه‌ كورد هێزێكی‌ باشتر و كاریگه‌ر ده‌بوو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان هه‌موو زه‌مانێك ئه‌گه‌ر یه‌ك ئیداره‌ بێت هێزێكی‌ كاریگه‌ر و باشتره‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته‌، به‌ڵكو ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت.

*هه‌ندێك له‌ خوێنه‌ران ده‌ڵێن به‌پێی‌ ئه‌م یاداشتانه‌ بێت دیبلۆماسیه‌تی‌ كورد به‌پێی‌ پیویست نه‌بووه‌ له‌و كاته‌دا له‌ به‌غدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر دیبلۆماسیه‌تی‌ كورد مه‌به‌ست گفتوگۆكردن و رێكه‌وتنی‌ ته‌ره‌فی‌ كوردی‌ و ته‌ره‌فه‌كانی‌ تر بێت، به‌راستی‌ من پێم وایه‌ كورد له‌و رۆژگاره‌دا ده‌یتوانی‌ شتی‌ زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت، من له‌ یاداشته‌كانمدا ئیشاره‌تم به‌وه‌ كردووه‌ شاره‌زایه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكایی‌ پلانێكی‌ دانابوو بۆ جۆری‌ مفاوه‌زات له‌ نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و مه‌جلیسی‌ حوكمیشدا بۆ نووسینی‌ ده‌ستور، به‌ڵام پێموایه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد كه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو، ئه‌مه‌ی‌ ئێستای‌ به‌لاوه‌ په‌سه‌ند بووه‌، یه‌كێك له‌و شتانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ كورد زۆر به‌لایه‌وه‌ گرنگ بووبێت مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پشتیوانیكردنی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ قه‌زییه‌ی‌ كورد بمێنێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ندێك ته‌نازولی‌ كردووه‌.

*تۆ باسی‌ ته‌وافوقێك ده‌كه‌یت له‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتیدا هه‌بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ مام جه‌لال سه‌رۆكی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم بوو، كاك مه‌سعود ته‌واجدی‌ له‌ به‌غدا زۆر كه‌مبوو یان ده‌توانین بڵێین هه‌ر له‌ به‌غدا نه‌بوو، ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچی‌؟ ئه‌مه‌ ته‌وافوق بوو یان هه‌ڵوێستێكی‌ یه‌ك لایه‌نه‌ بوو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌رچه‌نده‌ پێویستی‌ كردبێت مام جه‌لال و كاك مه‌سعود له‌ به‌غدا بوون ئه‌گه‌ر پێویستیشی‌ نه‌كردبێت نوێنه‌ره‌كیان له‌و بوون، هه‌ردووكیان نوێنه‌ریان له‌ به‌غدا هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ كات كاك مه‌سعود له‌ به‌غدا نه‌بووه‌، نوێنه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌وێ‌، ، پێموانییه‌ كاك مه‌سعود پێویست بووبێت كه‌ له‌ به‌غدا بووبێت، چونكه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وی‌ هه‌بووه‌.


*نائارامی‌ ئاسایشی‌ عیراق به‌تایبه‌تی‌ به‌غدا چ هۆكارێكه‌ پێكه‌وه‌ نه‌گونجانی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌؟ یان هۆكارێكی‌ تر بووه‌ كه‌ ئاسایشی‌ عیراق نه‌چه‌سپێت، ئایا بۆ كورد یارمه‌تیده‌ر نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێم پیاده‌ ده‌كرێت له‌ به‌غداشدا كاری‌ پێ نه‌كرێت؟ كورد ته‌رحی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان كردووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌گوێره‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ رێكخروای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئاسایش له‌ عیراقدا عائیدی‌ هێزی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ بووه‌، عائیدی‌ ئه‌مه‌ریكا بووه‌، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌م بوون له‌ عیراقدا، نه‌كورد و نه‌ غه‌یری‌ كورد و نه‌ مه‌جلیسی‌ حوكمیش نه‌یانده‌توانی‌ فائیلی‌ ئاسایش بگرنه‌ ده‌ست، فائیلی‌ ئاسایش به‌ده‌ست هێزی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ بوو، ئێستاش به‌شێكی‌ فایلی‌ ئاسایش به‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌یه‌.

*كه‌ فائیلی‌ ئاسایش به‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بووبێت به‌و ئیمكانیه‌ته‌ و خیبره‌یه‌ی‌ ئه‌وان هه‌یانه‌ بۆ نه‌یانتوانیوه‌ سه‌قامگیری‌ باری‌ ئاسایش له‌ عێراقدا بچه‌سپێنن، ئایا هیچ شتێك له‌ پشت ئه‌مه‌وه‌ نییه‌ یان ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان ئه‌م بارودۆخه‌یان ده‌وێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌ ده‌بێت له‌ خۆیان بكرێت، چونكه‌ من هیچ ده‌لیلێكم به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌وه‌، هه‌رچی‌ بڵێم بۆچوونه‌.

*نه‌ریتی‌ یه‌كتر قبوڵنه‌كردن له‌لایه‌ن هێزه‌ عه‌ره‌بی‌ و كوردی‌ و هه‌موو هێزه‌كانی‌ تریش له‌ عیراق ئێستا هه‌یه‌، پێتوایه‌ ئه‌م هێزانه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ عیراق كه‌ ناتونن یه‌كتر قبوڵبكه‌ن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن، عیراقی‌ داهاتوو بكه‌نه‌ عیراقێكی‌ دیموكراتی‌ و ئازادی‌ فیدراڵ؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا ئه‌وه‌ نابینم كه‌ عیراق دابه‌ش بكرێت جا هێزه‌ عیراقییه‌كان پێیان خۆشبێت یان پێیان ناخۆشبێت هه‌لومه‌رجی‌ ئیقلیمی‌ و هه‌لومه‌رجی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ كارێكی‌ وایكردووه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌م چه‌تره‌ی‌ ناوی‌ عیراقه‌ له‌م قۆناغه‌دا بمێنێته‌وه‌، شیعه‌ و سوننه‌ و كورد حه‌زیان له‌ چاره‌ی‌ یه‌كتر بێت یان حه‌زیان لێی‌ نه‌بێت، مه‌جبورن له‌ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا بمێننه‌وه‌.

*هه‌رچه‌نده‌ هه‌لومه‌رجی‌ ئیقلیمی‌ ده‌ولی‌ كاریگه‌ری‌ زۆره‌ له‌سه‌ر عیراق، به‌ڵام به‌م شێوازی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ئێستا بێت، ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌بێت له‌ بیروبۆچون و یه‌كتر قبوڵنه‌كردن، ئه‌مه‌ واده‌كات عیراق به‌ره‌و مه‌رگ ببات و هیچ پێشكوتنێك  له‌ عیراقدا به‌دیناكرێت، یان هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌پێی‌ زه‌مه‌ن خۆیان ده‌گۆڕن یان گه‌لی‌ عیراقی‌ ده‌بێت گۆڕانكاری‌ بكات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من ئه‌و هه‌قه‌ به‌خۆم ناده‌م پێشبینی‌ رووداوه‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق بكه‌م، چونكه‌ پێش رووخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن هه‌موومان چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌مان ده‌كرد فه‌تره‌یه‌ك پشێوی‌ و ئاژاوه‌ دروست بێت، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م نه‌ له‌ عیراق و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق هیچ كه‌سێك توانیبێتی‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ وه‌زعی‌ عیراق و شاری‌ به‌غدا به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ لێبێت.

*له‌ یاداشته‌كانتدا باسی‌ سه‌فه‌رێكی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌جلیسی‌ حوكمت كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌بنه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم، ئایا پێشتر ئۆپۆزسیۆنی‌ عیراقی‌ ئه‌وه‌نده‌ عیلاقاتیان نه‌بووه‌ كه‌ ناسراوبن یان ئه‌م پۆستانه‌یان ئیستیغلال كردووه‌، بۆ ناساندنی‌ خۆیان به‌ده‌ره‌وه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: شتێك له‌ دنیای‌ تازه‌دا هه‌یه‌ پێی‌ ده‌وترێت عیلاقاتی‌ عامه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئینسان پرۆپاگه‌نده‌ بۆخۆی‌ ده‌كات، ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی‌ ئه‌مان ده‌یان كرد به‌شێك بوو له‌ عیلاقاتی‌ عامه‌، چونكه‌ ئه‌وان به‌ته‌مای‌ پۆستی‌ گه‌وره‌تر بوون له‌ عێراقی‌ داهاتوودا.

*كه‌واته‌ سه‌فه‌ر و سه‌ردانه‌كانی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم بۆ كاری‌ داهاتوو بووه‌، هه‌وڵیان داوه‌ عیلاقات دروست بكه‌ن و شتیوانی‌ بۆ خۆیان په‌یدابكه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست له‌ عیراقی‌ داهاتوودا نه‌ك كاروباری‌ ئه‌و مانگه‌ی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌ وایه‌، مانگێك كه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم بیت كه‌واته‌ مانگێك سه‌رۆكی‌ عیراق بوون، ده‌توانیت ئه‌و مانگه‌ به‌كاریبهێنیت بۆ خۆناساندن به‌كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك و وڵاتانی‌ دنیا، ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان كردووه‌. 

*وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و دراوسێكانی‌ عێراق كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عیراقدا. سه‌فه‌ره‌كانی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌جلیسی‌ حوكمیش بۆ په‌یداكردنی‌ پشتیوانی‌ نه‌بووه‌ بۆ خۆیان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌مه‌ریكا ده‌وری‌ هه‌بووه‌ له‌ پشتیوانیكردنی‌ هه‌ندێك كه‌سدا.

*ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی‌ كێی‌ كردووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: گرنگ نییه‌ هه‌ر كه‌سێك بووبێت، ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی‌ هه‌ر كه‌سێكی‌ كردبێت رووبه‌ڕووه‌ و پشتیوانی‌ ده‌كات.

*ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ كرد به‌ ته‌واوه‌تی‌، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن رێگای‌ نه‌دا ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ عیراق؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌یاد عه‌لاوی‌ قاعیده‌یه‌كی‌ زۆری‌ نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ریكا هێنای‌ كردی‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام خۆیی‌ و حزبه‌كه‌ی‌ نه‌یانتوانی‌ سه‌ركه‌تووبن و پێگه‌ی‌ خۆیان قایم نه‌كرد له‌ناو كۆمه‌ڵی‌ عیراقیدا، ئه‌مه‌ریكا قسوری‌ نه‌كردووه‌ له‌ پشتیوانیی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ و حزبه‌كه‌ی‌.

*خوێنه‌رێكی‌ زۆر پرسیاری‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی‌ (به‌سه‌زمان) تۆ روونكردنه‌وه‌یه‌كت دا بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌، هه‌ندێك كه‌س پێیوایه‌ ئه‌وه‌ كافی‌ نییه‌، هیچ روونكردنه‌وه‌یكی‌ ترت هه‌یه‌ بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ده‌سته‌واژه‌ی‌ به‌نده‌ی‌ به‌سه‌زمان و به‌نده‌ی‌ هه‌ژار و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی‌ كه‌ له‌و بابه‌تانه‌یه‌، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ ده‌ربڕین و نواندنی‌ (ته‌وازوع) له‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی‌ خوا و له‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی‌ خه‌ڵكدا، ئینسان چه‌ند گه‌وره‌ بێت چه‌ند ئازاد بێت هێشتا به‌نده‌ی‌ كۆمه‌ڵێك به‌ها و رێگا و شوێنی‌ ناو كۆمه‌ڵه‌، چه‌ند خۆت به‌ئازاد بزانیت كۆمه‌ڵێَك كۆت و پێوه‌ند هه‌یه‌ كه‌ ده‌تبه‌ستێته‌وه‌ به‌نه‌ریتی‌ خێزان، نه‌یرتی‌ بنه‌ماڵه‌، نه‌ریتی‌ شار، نه‌ریتی‌ عه‌شیره‌ت، نه‌ریتی‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانه‌ش تێكه‌ڵاون له‌ شتی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووری‌ و هه‌ندێك شتی‌ تر، كه‌واته‌ چه‌ند ئازاد بیت هێشتا ئازاد نیت، هێشتا به‌نده‌ی‌ هه‌ندێك شتیت، چه‌ند به‌ده‌سه‌ڵات بیت هێشتا تۆ ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ نیت كه‌ بتوانیت هه‌موو شتێك بیت، ئه‌وه‌ ته‌عبیرێكی‌ سۆفیانه‌یه‌ كه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ به‌شه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی‌ خوا و دنیا و خه‌ڵك، ئه‌وه‌ باوبووه‌ له‌ناو نووسینی‌ عه‌ره‌بی‌ و نووسینی‌ فارسیشدا تائێستاش باوه‌، مام جه‌لالیش ده‌ڵێت به‌نده‌ی‌ موخلیستان، جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆ نییه‌ له‌نێوان به‌نده‌ی‌ موخلیس و به‌نده‌ی‌ به‌سه‌زمان.

*تۆ له‌ (ته‌وازوع)ه‌وه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ت به‌كارهێناوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌یه‌ پێی‌ ناخۆشه‌ تۆ وات وتووه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ من بێده‌سه‌ڵات بووبم، من قه‌ت بێده‌سه‌ڵات نه‌بووم، من به‌شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێم هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریش نه‌بووبم خۆم به‌شێك بووم له‌ ده‌سه‌ڵات.

*ده‌ستگیركردنی‌ سه‌دام حسێن، هه‌ندێك خوێنه‌ر هه‌یه‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستی‌ كورد هه‌بووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنیدا، ئایا ئه‌مه‌ تا چه‌نده‌ راسته‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ من ئه‌وه‌ شتێكی‌ دروستكراوه‌، كورد هیچ ده‌ستێكی‌ نه‌بووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی‌ سه‌دامدا.

*هه‌ندێك له‌ خوێنه‌ران داوای‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن یاداشته‌كانم له‌ مه‌جلیسی‌ حوكمدا بكرێته‌ كتێب، چونكه‌ بابه‌تێكی‌ مێژووییه‌ و ده‌بێته‌ مێژوو، با به‌تنیا له‌سه‌ر په‌ره‌ی‌ رۆژنامه‌دا نه‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ به‌جێم هێشتووه‌ بۆ خۆتان، بۆ ده‌سته‌ی‌ نووسه‌رانی‌ رۆژنامه‌ و ئه‌گه‌ر به‌چاكیان زانی‌ بیكه‌نه‌ كتێبێك و ئه‌گه‌ر به‌باشیان نه‌زای‌ با فه‌رامۆشی‌ بكه‌ن.

Sbeiy.com © 2007