12 ملیار دۆلاره‌كه له چیدا خه‌رجده‌كه‌ن؟
راپۆرت: فازڵ نه‌جیب - محه‌مه‌د شێخ فاتح
هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی (47)ملیار مه‌تر سێجا ئاو و نزیكه‌ی (18)ملیۆن دۆنم زه‌وییه، به‌ڵام نه‌بونی پلان‌و پشتگوێخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ، هۆكاری چۆڵبونی هه‌زاران گوندی كوردستان بوه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا، هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردوه به‌رهه‌مه ده‌ره‌كییه‌كان بازاڕه‌كانی كوردستان بتهننهوهو ئاسایشی ئابوری‌و خۆراكی كوردستان بكه‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌كی چاوهڕوانكراوهوه.
گوند نشینه‌كان هه‌ڵدێن
له‌دوای ساڵی(2003)وه كه‌رتی كشتوكاڵی رۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌ودواوه دهچێتو هیچ چاكسازییه‌ك له‌وبواره‌دا نه‌كراوه جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردن بێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه تا بێت ژماره‌یه‌كی زۆرتری جوتیاران گونده‌كانیان بهجێدههێڵنو به‌ره‌و شار‌و شارۆچكه‌كان ده‌ڕۆن، بۆیه رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان عێراقی خستوه‌ته لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له ساڵی (2009)دا پێویستییان به هاوكاریی ده‌ره‌كی ده‌بێت له بواری خۆراكدا، دیاره هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه له عێراق.
گونده‌كان كه سه‌به‌ته‌ی خۆراكن، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام ره‌وشی دێهاته‌كان روه‌و خراپبون دهچێتو ئاماره‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه (74%)ی لادێكانی كوردستان چۆڵنو دانیشتوانه‌كه‌یان رویان له شاره‌كان كردوه، دواتر ئه‌وانه ده‌بنه هۆی دروستبونی لاسه‌نگی له نێوان گوند‌و شاره‌كاندا، به‌مه‌ش ئاسایشی خۆراك كه گونده‌كان دهستهبهرو زامنكهرێتی، ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. به‌تایبه‌ت كاتێك كه له‌ساڵی (1957)دا(64.7%)ی دانیشتوان له بواری كشتوكاڵدا كاریانكردوه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه دابه‌زیوه بۆ خوار(15%).
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه له ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی پلانداناندا بڵاوكراونه‌ته‌وه (34.5%)ی زه‌ویی كوردستان گونجاوه بۆ چاندنی به‌روبوم، (15.5%)ی دارستانه‌و(20%)ی له‌وه‌ڕگای سروشتییه، هه‌روه‌ها (2.3%)ی بێستانه،(26.4%)یشی به كه‌ڵكی كشتوكاڵ نایهتو(1.3%)یشی داگیركراوه بۆ بیناو شوێنی نیشته‌جێبون.
به‌ڵام هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه له‌ساڵی (2005_2006) (23) جۆر خۆراك هه‌ر له گه‌نمه‌وه بۆ برنج‌و سهوزهواتو پاقله‌مه‌نییه‌كان تا توتن چێنراوه كه ته‌نیا(3)ملیۆن‌و (532)هه‌زار دۆنم زه‌وی بۆ به‌كارهێنراوه‌و بڕی كه‌متر له یه‌ك ملیۆن‌و(256)هه‌زار ته‌ن بوه.
له ساڵی(1990-1991) كه بارودۆخی ئاسایشی كوردستان له ترۆپكی شڵه‌ژاندا بو (3)ملیۆن‌و (900)هه‌زارو (945)دۆنم زه‌وی چێنرابو بهبهروبومه كشتوكاڵییه‌كان، به‌ڵام له ساڵی (2005-2006)و دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم شانزه ساڵ حوكم ده‌كات ته‌نیا (3)ملیۆن‌و (233)هه‌زارو (518)دۆنم زه‌وی به‌كارهێنراوه، واته له بری ئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌كارهێنانه‌كه به چه‌ندین ئاست له سایه‌ی حكومه‌تی خۆماڵییه‌وه زیادی بكردایه، به‌ڵام بڕی به‌كارهێنانی زه‌وی (667)هه‌زارو (427)دۆنم زه‌وی كه‌میكردوه، ئه‌وه‌ش له ساده‌ترین شیكاریدا ئاماژه‌یه بۆ پشتگوێخستنی ئه‌و كه‌رته‌و گوێنه‌دان به ئاسایشی ئابوری‌و خۆراكی ههرێَمی كوردستان.
به‌رپرسان، ساڵانێكه ئه‌وه‌یان به بیرچوه‌ته‌وه كه ژیاندنه‌وه‌ی دێهاتو ئاواکردنه‌وه‌ی گوندهکانو کاراکردنی که‌رتی کشتوکاڵ جگه له مه‌به‌ستی سیاسی، گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه له ئابوریی نیشتمانی‌و له بیناکردنه‌وه‌ی په‌یکه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵی کوردی‌و له بیناکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی مرۆڤی کوردا.
به‌پێی ئامارێكی ساڵی (2005)، (90%)ی گوندنشینه‌كانی ناوچه‌ی گه‌رمیان بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر ئاژهڵدارییهو ئه‌و كشتوكاڵهشی كه ده‌یكه‌ن بۆ خزمه‌تی ئاژه‌ڵه‌كانیانه، هاوكات ئاماری ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كانی سنوره‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نن كه زیاتر له (80%)ی گونده‌كان چۆڵبون.
به‌پێی زنجیره پلانه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌ت هه‌رێم ده‌بێت له‌ساڵی(2013)دا ساڵانه (500) هه‌زار ته‌ن گهنمو جۆو نیسك‌و نۆك له خاكی هه‌رێمی كوردستان بهرههمبهێنرێتو له‌گه‌ڵیدا ئاسایشی خۆراك بۆ هه‌رێم دابینبكرێت، به‌ڵام تائێستاش ئه‌و قسه‌و باسانه هه‌ر دروشمنو شتێكی جدی له‌و باره‌یه‌وه نه‌بینراوه.
هه‌رچه‌نده پاش چه‌ندین ساڵ له پشتگوێخستنی گونده‌كان به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم، جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا ئه‌وله‌ویاتی سه‌ره‌كی به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌ده‌ن، به‌ڵام جگه له دابه‌شكردنی ژماره‌یه‌كی كه‌م له خانوی پلاستیكی‌و چه‌ند ورده چالاكییه‌ك هیچی تر نابینرێت.
ئه‌گه‌رچی له پلانی(پێنج) ساڵه‌ی به‌ره‌و پێشبردنی كه‌رتی كشتوكاڵدا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ستیكردوه به‌تاپۆكردنی زه‌ویی جوتیاران، به‌ڵام چاودێرانی ئه‌و بواره پێیانوایه كه به (10) ساڵی تریش كێشه‌ی تهسویهو تاپۆكردنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان ته‌واو نابێت.
كه‌واته هاوڵاتییانی به‌ڕێز: حكومه‌تی هه‌رێم كه‌زیاتر له (18)ساڵه دێهاته‌كانی كوردستانی پشتگوێخستوه، ده‌توانێت له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا بیانژێنێته‌وه؟
له لایهكیترهوه، له كۆی (6250) كۆمپانیا له كوردستاندا ته‌نیا (44) كۆمپانیا تایبه‌تن به بواری كشتوكاڵ، بۆیه حكومه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی نه‌یتوانیوه كه‌رته‌كه پێشبخات نه‌شیتوانیوه به یاسایه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌به‌رهێنانه‌وه هانی وهبهرهێنو كۆمپانیای بیانی بدات تا له كه‌رتی كشتوكاڵدا كاربكه‌ن.
سامانی په‌له‌وه‌رو ئاژه‌ڵیی
ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رایده‌گه‌یه‌نن كه پێدوایستیی كوردستان به گۆشتی مریشك (70) هه‌زار ته‌نه، كه ئه‌گه‌ر كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بخرێنه كار ئه‌وا ساڵانه ده‌توانن نزیكه‌ی (55) هه‌زار ته‌ن گۆشتی په‌له‌وه‌ر به‌رهه‌مبهێنن، به‌و پێیه‌ش ته‌نیا (15)هه‌زار ته‌ن له ده‌ره‌وه هاورده‌ده‌كرێت، به‌ڵام سه‌رباری بونی (788) پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌ری گۆشت له كوردستاندا، (80%)ی ئه‌و پرۆژانه داخراون، بۆیه نزیكه‌ی(95%)ی پێداویستیی مریشك له ناوخۆدا پشت به به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ده‌به‌ستێت.
له ساڵی(2003- 2004) بإی به‌رهه‌می مریشكی ناوخۆیی (66%)بوه له پارێزگای سلێمانی‌و (87%)بوه له پارێزگای هه‌ولێرو له دهۆكیش(33%) بوه، به‌ڵام له ساڵی (2007)دا ئه‌و رێژه‌یه دابه‌زیوه بۆ (22%) له پارێزگای سلێمانی‌و(23%) له هه‌ولێرو له پارێزگای دهۆكیش دابه‌زیوه بۆ(14%).
تائێستا له هه‌رێمی كوردستاندا ساڵانه ته‌نیا (2500) ته‌ن ماسی به‌رهه‌مده‌هێنرێت، له كاتێكدا پێویستیی هه‌رێمه‌كه بۆ ماسی (20) هه‌زار ته‌نه له‌ساڵێكدا، واته ته‌نیا (12.5%)ی پێویستیی ماسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مده‌هێنرێت، كه‌میی به‌رهه‌می ماسی له كاتێكدایه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی (100) هه‌زار هێكتار ئاوه كه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كاربهێنرێت ئه‌وا داهاتێكی زۆر باشی ده‌بێت.
له لایهكیترهوه روبه‌ری له‌وه‌ڕگای سروشتیی له كوردستاندا نزیكه‌ی (4)ملیۆن‌و(250)هه‌زار دۆنمه كه ده‌كاته (20%)ی سه‌رجه‌م روبه‌ری زه‌ویی كوردستان، كه ته‌نیا نزیكه‌ی (512)هه‌زار رهشهوڵاخو (5)ملیۆن‌و (868)هه‌زار مه‌ڕو بزنی تێدایه.
به‌ڵام به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێشبینیده‌كه‌ن ئه‌و بڕه دابه‌زیبێت بۆ سێ ملیۆن‌و دوسه‌د هه‌زار مه‌ڕو بزن‌و دوسه‌دو په‌نجا هه‌زار ره‌شه‌وڵاخ، ئه‌وه‌ش له‌سه‌روبه‌ندی پلانه پێنج ساڵه‌ییه (10)ملیار دۆلارییه‌كه‌ی وه‌زاره‌ته‌دایه.
له لایهكیترهوه سه‌ره‌ڕای بونی ئه‌و هه‌مو روبه‌ره له ئاو، به‌ڵام وشكه ساڵیی ته‌نگ به جوتیاران هه‌ڵده‌چنێت، به‌جۆرێك كه ته‌نیا له ساڵی رابردودا زیاتر له (400) هه‌زار سه‌ر مه‌ڕوماڵات به قاچاخ ره‌وانه‌ی ئێران كراون.
كه‌واته هاوڵاتییانی به‌ڕێز، بۆ ئێوه بودجه‌یه‌ك یه‌ك دۆلار یان سه‌دان ملیۆن دۆلار بێت چ بایه‌خێكی هه‌یه، له‌كتێكدا ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه نه‌توانێت ژیانی ئێوه مسۆگه‌ر بكات.
برسێتییه‌ك به‌ڕێوه‌یه
كشتوكاڵ كه له ساڵانی شهستو حه‌فتاكاندا، راگری په‌یكه‌ری ئابوریی كوردستان بو، ئێستا له پاشه‌كشه‌دایه‌و گونده‌كانیش كه نیشانده‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌رته‌ن، به‌ره‌و چۆڵبوندهچن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كه به دو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و به ملیاران دۆلاره‌وه نه‌توانرا رێگه له هێنانی به‌رهه‌مه ده‌ره‌كییه‌كان بگیرێت‌و ره‌واج به‌به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان بدرێت.
هه‌رچه‌نده ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان‌و له ناویشیاندا شاری سلێمانی یه‌كێكه له پارێزگا تێروپڕهكانی عێراق، به‌ڵام رێكخراوی خۆراكی جیهانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌گرتوه‌كان له رۆژی(26/5/2009) له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: كه سلێمانی له‌ڕیزی پارێزگاكانی (واست، نه‌ینه‌وا، دیاله)دایه كه ئاستی گوزه‌رانیان له‌ژێر هێڵی ههژاریدایهو رۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ی برسییه‌كان له‌وشارانه‌دا روله زیادبونن.
هه‌رێمی كوردستان ساڵانه پێویستی به (500)هه‌زار ته‌ن گه‌نم هه‌یه، به جۆرێك كه به‌شی پارێزگای سلێمانی له مانگێكدا نزیكه‌ی (19) هه‌زار تهنو هه‌ولێر (16) هه‌زارو دهۆكیش زیاتر له (13) هه‌زار ته‌نه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه به‌رهه‌می ساڵانه‌ی پارێزگای سلێمانی (30) هه‌زار ته‌ن تێپه‌ڕناكات كه ته‌نیا به‌شی (45)رۆژی پارێزگاكه ده‌كات، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی تریش پشت به وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌به‌سترێت.
هه‌مو به‌رهه‌می ساڵانه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌گه‌نم به‌شی ته‌نیا (45) رۆژی پێداویستیی دانیشتوانی شاره‌كه ده‌كات، بۆیه نه‌بونی سایلۆیه‌كی باش بۆ ئه‌مباركردنی گه‌نم، كوردستان ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌و چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌وه.
به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستاش خۆیان له‌و رسته‌یه نه‌گه‌یاندوه كه هیچ وڵاتێك به پرۆژه‌ی ئیستهلاكیو خزمهتگوزارییو پشتبه‌ستن به بێگانه‌و لاساییكرنه‌وه‌ی به رواڵه‌ت، بنه‌مای ژێرخانی ئابوریی خۆی قایم‌و مسۆگه‌ر ناكات.
په‌یوه‌ندیی ئابوریی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری توركیا‌و ئێران‌دا، یه‌ك له‌و نمونه خراپانه‌یه كه ئه‌مڕۆو دواڕۆژی هه‌رێمی كوردستانی پێوه گرێدراوه، به‌و هه‌مو ئیمكانییه‌تانه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه له‌به‌رده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه، ده‌بینین هه‌ر له پارچه نان‌و ته‌ڕه‌و میوههاتێك تاكو ده‌گاته سوتهمهنیو هه‌ندێك له بواره‌كانی خزمه‌تگوزاریی چۆن به‌ستراوه‌و قوفڵكراوه به بازاڕه‌كانی توركیا‌و ئێرانه‌وه؟
به‌رپرسانی حكومه‌ت:
له خۆتان پرسیوه بۆچی به (17) ملیۆن دۆنم زهویو (47)ملیار مه‌تر سێجا له ئاوی سازگاره‌وه كه‌چی
(70%)ی خۆراك له ده‌ره‌وه ده‌هێننه كوردستانه‌وه‌و له‌هه‌ندێك وه‌رزیشدا ئه‌و رێژه‌یه زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و سامانه سروشتییه‌ی خوا به‌م وڵاته‌ی داوه له‌لایه‌ن كه‌سانێكی هه‌ست به بهرپرسیارێتیكهرو لێزانه‌وه بخرێته‌گه‌ڕ ئه‌وا به‌شی زیاتر له (40)ملیۆن كه‌س ده‌كات.
به‌رپرسانی به‌رێز: رۆژانه ته‌ماشای سفره‌ی نانخواردنی خۆتان بكهنو بزانن:
نان‌و چاو په‌نیرو ماست‌و كه‌ره‌و سهوزواتو میوه‌و برنج‌و رۆن‌و ساوه‌رو نیسك به ئاوی خواردنه‌وه‌شه‌وه به‌رهه‌می كوردستانه یان ده‌ره‌وه‌ی كوردستان...؟
ئایا سه‌رچاوه‌ی ئه‌و كاڵایانه له‌كوێوه داخڵی كوردستان ده‌بن؟ مه‌گه‌ر له سنوری ئه‌و وڵاتانه‌وه داخڵ نابن كه به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ری كوردستانیان پێدهترسێننو گوایا ئه‌و وڵاتانه مه‌ترسیی ده‌ره‌كین؟
باشه ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه كه ئه‌و كاڵایانه‌ی پێ دابیندهكهنو هێزی كڕین ئه‌دات به هاوڵاتییانی ئه‌م هه‌رێمه له كوێوه دێت‌و به ده‌ستی كێیه..؟
بێگومان، له به‌غداوه دێت‌و به ده‌ستی زۆرینه‌ی (عه‌ره‌ب)ه!
كه‌واته ئێوه چیتانكردوه، بیانوتان ئه‌وه‌یه كه زه‌ویی بهپیتو ئاوی سازگارو پاره‌تان نییه، یان خه‌ڵكێك نییه له‌م وڵاته‌دا ئیش بكات؟
بۆیه ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك نه‌توانێت ئاسایشی خۆراكی هاوڵاتییانی مسۆگه‌ر بكات، حه‌ق نییه لاف‌و گه‌زافی مسۆگه‌ركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی لێبدات.
هه‌ر بۆیه له‌سایه‌ی نه‌بونی پلانێكی ستراتیژیی تۆكمه‌و گرنگی نه‌دان به كه‌رتی كشتوكاڵیی له‌ناوخۆدا، كوردستان كراوه به گه‌وره‌ترین سۆپه‌ر ماركێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می وڵاتانی ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها بوه به فراوانترین ده‌روازه بۆ هه‌ڵاتنی سه‌رمایه‌و دراوی نیشتمانی.
رێكخراوه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك )رێكخراوی ئاشتی) و (رێكخراوی شه‌فافییه‌ت)، له راپۆرته‌كانیاندا (عێراق)یان له ریزبه‌ندی وڵاتانی گه‌نده‌ڵكارو فاشیل داناوه، ئێوه‌ش ده‌زانن كه (هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی به‌شێكه له ( عێراق)و به‌رپرسانی هه‌رێمیش نكوڵی له یه‌كپارچه‌یی عێراق ناكه‌ن.
ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كانی گهندهڵییو هۆكاره‌كانی ده‌وڵه‌تی فاشیل له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر‌و گرژیی باری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر نه‌بێت، ئه‌وه كه‌متر نییه، له‌نێوان هه‌مو لایه‌نه‌كانی گه‌نده‌ڵیی ئه‌م ههرَیمه، گه‌نده‌ڵیی ئابوری له لوتكه‌یه، هه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییه وایكردوه كه ئه‌وه بۆ (16) ساڵ ده‌چێت هه‌رێمی كوردستان بازاڕێكی مشه‌خۆرو پاشكۆو كراوه بێت.
هاوڵاتییانی به‌ڕێز: پرسیاری تۆ له ئێستادا ئه‌وه‌یه له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا، سه‌نته‌ری بزافی ئابوری‌و بازاڕ‌و بواره بازرگانییه‌كان، به ده‌ست كێوهنو كێن ئه‌وانه‌ی ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه؟
وڵاتێكی تین‌و
به‌پێی پلانه پێنج ساڵهییهكهی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بڕیاروایه كه (10 ـ 12) ملیار دۆلار بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵیی تهرخانبكرێتو(67%)ی ئه‌و بودجه‌یه‌ش بۆ كۆكردنه‌وه‌و دابینكردنی ئاو‌و دروستكردنی سایلۆی تازه‌و كارگه‌ی بچوك ته‌رخانبكرێت.
پلانه‌كه‌ی وه‌زارتی كشتوكاڵ له كاتێكدایه كه حكومه‌ت تائێستاش وه‌ڵامی پرۆژه‌ی دروستكردنی (100) به‌نداوی بچوكی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو نه‌داوه‌ته‌وه كه وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم خستویه‌تییه‌ڕو.
هاوكات پسپۆڕانی كشتوكاڵی دڵنیان له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و (100) به‌نداوه دروست بكرێن ئه‌وا توانای به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی هه‌رێم ده‌چێته ئاستێك كه هه‌رێم ده‌توانێت پێویستییه ناوخۆییه‌كانی له خۆراكی روهكی ده‌سته‌به‌ر بكات‌و بوار نه‌هێڵیته‌وه بۆ پێویستی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ‌و ئاودێریی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به بودجه‌ی ساڵی (2008)تایبه‌ت به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، كه ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه، ئاماژه به‌وه‌كراوه بۆ ساڵی (2008)وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ داوای هه‌شت ملیار‌و (608) ملیۆن دیناری بۆ كه‌ره‌سته‌كانی پاراستن‌و قه‌ڵاچۆكردنی نهخوشییهكان كردوه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نیا بڕی دو ملیار‌و (800) ملیۆن دیناری په‌سه‌ندكردوه، كه جیاوازییه‌كه‌ی ده‌كاته پێنج ملیار‌و (808) ملیۆن دینار.
كه‌واته حكومه‌تی هه‌رێم: ئێوه به‌نیازن ئه‌و (10)ملیار دۆلاره له چیدا خه‌رجبكه‌ن؟ كه‌ی خهرجیدهكهن؟
توانای به‌نداوه‌كانی كوردستان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو
به‌نداوی دوكان (6.6)ملیار مه‌تر سێجا ئاو ده‌گرێت.
به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان (3.2) ملیار مه‌تر سێجا ئاو ده‌گرێت.
به نداوی دهۆك (55)ملیۆن مه‌ترسێجا ئاو ده‌گرێت.
شاره‌زایانی كشتوكاڵی پێیانوایه حكومه‌ت ده‌یتوانی له ماوه‌ی ده ساڵدا سه‌رجه‌م زه‌وییه دێمهكانی هه‌رێم بكات به به‌راو، به‌ڵام نه‌یكردوه، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌مو ساڵێك (100- 250)كیلۆمه‌تر زه‌ویی دێم بكرێت به به‌راو، له‌گه‌ڵیدا به‌نداو كه‌ناڵی ئاودێرییان بۆ دروست بكرێت، ئه‌وه له‌ماوه‌ی (10 ـ 12) ساڵدا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مئاویی كشتوكاڵیی ده‌كرا، هه‌روه‌ك پێیانوایه به هه‌مان ماوه، واته له‌ماوه‌ی ده ساڵدا ده‌توانرا كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ر وشكهساڵییهك كه‌مبكه‌نه‌وه كه رو بكاته هه‌رێمی كوردستان.
كه‌واته له سایه‌ی ملیاره‌ها دۆلاردا، كوا ئه‌و هه‌مو بانكه كشتوكاڵییه‌ی كه به‌شێوه‌ی درێژخایه‌ن قه‌رزی ده‌دا به هاوڵاتییان، كوان ئه‌و سه‌دان پرۆژه ئاودێرییه ده‌ستكردانه‌ی كه دروستكران، كوان ئه‌و چه‌ندین به‌نداوه بچوكانه‌ی كه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بڕیار بو دروستبكرێن، كوا سه‌دان پرۆژه‌ی به‌خێوكردنی ماسی‌و، كوا پرۆژه گه‌وره‌كانی به‌خێوكردنی مانگای شیر‌و گۆشت، كوا پرۆژه پێشكهتوهكانی به‌خێوكردنی هه‌نگ؟ كوا ئه‌و هه‌مو ئامێره پێشكه‌وتوه كشتوكاڵییه‌ی كه به قه‌رزی درێژخایهنو به نرخێكی كه‌م به‌سه‌ر جوتیاراندا دابهشتانكرد؟ كوا ئاوه‌دانكردنه‌ی دێهاته‌كانی كوردستان؟