Print
 د.هێنری‌ باركی‌: دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆن زله‌ی‌ میهره‌بانییه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم
Wednesday, August 5, 2009

دیمانه‌: شاڵاو فه‌تاح

د.هێنری‌ باركی‌، كه‌ خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرایه‌ له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی‌ په‌نسلڤانیا، شاره‌زایه‌ له‌ بواره‌كانی‌ توركیاو سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا، خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ئابوری‌ سیاسی‌‌و وزه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ پێشتر ئه‌ندامی‌ ستافی‌ پلاندانانی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بوه‌.
باركی‌ نوسه‌رو یارمه‌تیده‌ری‌ چه‌ندین كتێبه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ كوردو تورك، گۆشه‌نوسی‌ چه‌ندین رۆژنامه‌ی‌ به‌ناوبانگی‌ جیهانی‌ وه‌ك (نیوزویك، واشنتۆن پۆست، ۆڵ‌ ستریت جۆرناڵ‌، ده‌یلی‌ ستارو لۆس ئه‌نجلس تایمزو...چه‌ندانی‌ دیكه‌) له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ بڕیاربو له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ كورد ئه‌نجامبدرێت‌و دواتریش چه‌ند پرسیارێكی‌ زۆر ناوخۆییشمان ئاراسته‌كرد.
د.باركی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و كێشه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ توركیاو به‌غدا ده‌دوێت، له‌باره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ باركی‌ پێیوایه‌ ئۆپۆزسیۆن گرنگییه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ئێستادا، چونكه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7) بو كه‌ سه‌لماندی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ له‌ كوردستان هه‌نگاوێك له‌پێش به‌غداوه‌یه‌. بۆ كێشه‌كانی‌ نێوان توركیاو حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش پێشبینی‌ ئیجابی‌ هه‌یه‌و پێیوایه‌ كێشه‌ی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا زۆر له‌ كێشه‌ی‌ هه‌رێم‌و توركیا گه‌وره‌تره‌.

*له‌باره‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورده‌وه‌، هه‌ندێك راپۆرت پێشنیازی‌ رۆڵێكی‌ زۆر زه‌به‌لاح بۆ دراوسێكانی‌ عێراق به‌تایبه‌ت ئێران‌و توركیا ده‌كه‌ن، ئایا تۆ ئه‌و رۆڵه‌ به‌ ئیجابی‌ ده‌بینیت؟
د.هێنری‌ باركی‌: بۆ ئێران پێمباش نییه‌ رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ حه‌لكردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌دا هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رۆڵی‌ هه‌بێت ئه‌وا نێگه‌تیڤ ده‌بێت‌و به‌ سودی‌ كێشه‌كه‌ ناشكێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ توركیا پێویسته‌ رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌دا، چونكه‌ توركیا ئێستا هه‌وڵده‌دات كێشه‌ی‌ كورد (له‌ناوخۆی‌ توركیادا) چاره‌سه‌ر بكات، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر ده‌خوازێت له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا وه‌ك هاوبه‌شێك كاربكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان.

*وه‌ك ده‌بینین نێوانی‌ هه‌رێم‌و توركیا خۆش نییه‌و زۆرجاریش په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و گوتاری‌ زۆر توندوتیژ‌و هه‌ڵچون چوه‌؟
د.هێنری‌ باركی‌: ئه‌وه‌ش گۆڕاوه‌، چونكه‌ توركه‌كان پێویستیان به‌یارمه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و كێشه‌ی‌ كورد له‌ ناوخۆی‌ توركیادا، هه‌تا حكومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر له‌و كێشانه‌دا یارمه‌تی‌ توركیا بدات، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌نقه‌ره‌و هه‌ولێر ئاساییتر ده‌بنه‌وه‌، له‌ راستیدا پێموایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیاو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك باشترن له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا.

*كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ناوه‌ند تاچه‌ند ئه‌گه‌ری‌ چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین هیچ لایه‌نێكیان ئاماده‌ی‌ سازشی‌ گه‌وره‌ نین له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ وه‌ك ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان؟
د.هێنری‌ باركی‌: شه‌ش مانگی‌ داهاتو زۆر قورس ده‌بێت بۆ عێراقییه‌كان، هۆكارو پاڵنه‌ر هه‌یه‌ بۆ هه‌ردولا بۆئه‌وه‌ی‌ زیاتر هێرش بكه‌نه‌ سه‌ریه‌ك‌و سازش نه‌كه‌ن، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ ساڵی‌ داهاتوه‌، چاوه‌ڕێی‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی‌ نزیك ناكه‌م به‌هۆی‌ ئه‌و روداوه‌وه‌.

*كه‌واته‌ پێتوایه‌ دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن‌و به‌ره‌و ململانێ‌ ملده‌نێن؟
د.هێنری‌ باركی‌: هونه‌ره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ سیاسه‌تێكی‌ وا په‌یڕه‌وبكه‌ن كه‌ وا له‌ ئه‌مریكییه‌كان بكات بتانپارێزێت هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ عێراقیشدا نه‌بن، كورده‌كان پێویسته‌ متمانه‌ی‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌ویش به‌هۆی‌ راستگۆبون‌و كراوه‌بونیانه‌وه‌، پێده‌چێت كێشه‌كان به‌ره‌و ململانێ‌ هه‌نگاو بنێن، به‌ڵام پێموایه‌ ململانێكان له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌دا زوتر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن وه‌ك له‌نێوان كوردو لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌دا.

*ده‌رباره‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌، هه‌ڵچون‌و داچونێكی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌كردنی‌ دیموكراسی‌ له‌نێوان به‌غداو هه‌رێمدا، تۆ كامیان به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ راسته‌قینه‌ ده‌زانیت؟
د.هێنری‌ باركی‌: پێموایه‌ دیموكراسی‌ هه‌ردو لایه‌نه‌كه‌ راسته‌قینه‌یه‌، به‌ڵام كورده‌كان پاش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌لماندیان كه‌ ئه‌وان هه‌نگاوێك له‌پێش دیموكراسی‌ به‌غداوه‌ن، كێشه‌ی‌ به‌غدا بونی‌ ململانێی‌ تائیفی‌‌و دابه‌شبونه‌، كه‌ رۆڵێكی‌ ئێجگار گه‌وره‌ ده‌بینن له‌ ده‌رچونی‌ هه‌ر بڕیارێكی‌ رۆژانه‌دا.

*تاچه‌ند ئۆپۆزسیۆن له‌م كاته‌دا گرنگه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان؟
د.هێنری‌ باركی‌: موتڵه‌قه‌ن گرنگه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ مێژه‌ پێویستی‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ جدیی‌ هه‌یه‌، دو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ بێ‌ خه‌م له‌سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات دانیشتبون، ئه‌مه‌ زله‌ی‌ میهره‌بانییه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و ریفۆرمستێكی‌ راسته‌قینه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنێكی‌ به‌هێزی‌ هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زۆرینه‌ی‌ ئیمتیازاته‌كانی‌ له‌ناوچه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ یه‌كێتیدایه‌.

*پێتوایه‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردی‌ ته‌نیا له‌ ناوخۆی‌ كوردستانداو به‌رامبه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت یان له‌ عێراقیشدا هه‌مان ئه‌ركی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ هه‌بێت؟
د.هێنری‌ باركی‌: پرسیارێكی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌، پێموایه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێكی‌ به‌رپرسیار بێت، له‌مه‌شدا مه‌به‌ستم ئۆپۆزسیۆنێكه‌ كه‌ به‌ پێوه‌ره‌كانی‌ ره‌ش‌و سپی‌‌و چاك‌و خراپ مامه‌ڵه‌ نه‌كات، چونكه‌ ئه‌مه‌ رێك پێچه‌وانه‌ی‌ رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌، ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت بنیادنه‌ر بێت، كاتێك حكومه‌ت كارێكی‌ باش ده‌كات پێویسته‌ پشتگیریی‌ بكات، به‌ڵام ده‌بێت ره‌خنه‌ی‌ لێبگرێت كاتێك كاره‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ ئه‌نجام نادات یاخود هه‌تا ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی‌ باشتر ئه‌نجامده‌درێت، له‌ هه‌موشی‌ گرنگتر ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ئاماده‌ی‌ ئایدیای‌ بنیادنه‌رانه‌ی‌ نوێ‌ بێت‌و پشتگیریی‌ بكات، نابێت وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیا وابێت كه‌ زیانێكی‌ زۆری‌ به‌ وڵاته‌كه‌ گه‌یاندوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ره‌نگارییه‌كی‌ دڕندانه‌ی‌ كاری‌ زۆر ئاسایی‌ ده‌كرێت، له‌م نێوانه‌شدا هیچ كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیا كه‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆمارییه‌ به‌جدیی‌ وه‌رنه‌گرتوه‌.

Sbeiy.com © 2007