Print
 جــــــــــــیهـــــــــــــان چـــــــــــــی‌ ‌وت؟
Monday, August 10, 2009

ئاماده‌كردنی‌: هێمن لهۆنی‌
به‌شی‌ یه‌كه‌م:
هه‌رچۆن هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا جیاوازبو، ده‌نگدانه‌وه‌كه‌شی‌ له‌ میدیای‌ جیهانی‌ ناوازه‌بو، زۆربه‌ی‌ رۆژنامه‌‌و سایت‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ جیهانییه‌كان روماڵی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان كرد‌و ئه‌وه‌شی‌ هه‌مویانی‌ كۆكرده‌وه‌ بریتیبوه‌ له‌و رسته‌ هاوبه‌شانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ راپۆرته‌كانیان كه‌ بریتیبو له‌ "ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جیاوازه‌و ئه‌و دو پارته‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ دو ده‌یه‌یه‌ حوكمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن روبه‌ڕوی‌ ته‌حدییه‌كی‌ گه‌وره‌بوه‌نه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌و هه‌ژمونیان به‌ره‌و كۆتای‌ ده‌چێت"

میدیای‌ ئه‌مریكی‌
میدیای‌ ئه‌مریكی‌ هه‌ر وه‌ك ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكی‌ ئه‌مجاره‌ نزیكتر ده‌یڕوانیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌رپرسه‌كانی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌ ‌وردی‌ چاودێری‌ بارودۆخه‌كه‌یان ده‌كرد‌و له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا خۆشحاڵی‌ خۆیان بۆ بونی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌بڕی‌، رۆژنامه‌كانی‌ ‌واشنتۆن پۆست‌و نیۆرك تایمز‌و كریستیان ساینس مۆنیته‌ر له‌ڕێی‌ نێردراوه‌كانیانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ روماڵی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كرد. له‌ هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌دا هه‌ردو سیناتۆر جۆن مه‌كێن‌و جۆزێف لیبه‌رمان نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كردو تێیدا داوایانكرد هه‌ڵبژاردنێكی‌ پاك به‌ڕێوه‌بچێت.

رۆژنامه‌ی‌ به‌ناوبانگی‌ ‌واشنتۆن پۆست هه‌ر له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ گرنگی‌ داوه‌ به‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ رۆژی‌ (18) نیسانی‌ (2009) وتارێكی‌ سكۆت كار پێنته‌رو مایكڵ‌ رۆبنی‌ بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناوی‌ "دیموكراسییه‌ كێشاوییه‌كه‌ی‌ كوردستان "ئه‌و دو توێژه‌ره‌ ئه‌مریكیه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ ‌واشنتۆن‌و په‌یمانگای‌ ئینته‌ر پرایز داواین له‌ باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ هه‌وڵبدات له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌هێلێت كوردستان پاشكشه‌بكات له‌ روی‌ دیموكراسییه‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و دو نوسه‌ره‌ كوردستان به‌هۆی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ دێت، چونكه‌ "كۆنتڕۆڵی‌ هه‌مو شتێكیانكردوه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كان جیاواز له‌ به‌شه‌كانی‌ عێراق به‌ لیستی‌ داخراو به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن".

رۆبن‌و كارپێنته‌ر پێشتر راوێژكاربون له‌ سه‌رده‌می‌ پۆڵ‌ برێمه‌ر حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ پێشوی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراقدا.

له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ‌واشنتۆن پۆست نێرده‌ری‌ خۆی‌ ئه‌نتۆنی‌ شادید‌و نه‌دا به‌كری‌ نارد بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و چوار راپۆرتیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاوكرده‌وه‌. له‌ (19)ی‌ ته‌موز نه‌دا به‌كری‌ راپۆرتێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی‌ "ته‌حدییه‌كان روبه‌ڕوی‌ جه‌نگێكی‌ قورسده‌بنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستانی‌ عێراق".

راپۆرته‌كه‌ باسی‌ كاندیی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ڵۆ ئبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌ستپێده‌كات‌و تێیدا هه‌ڵۆ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی‌ من ده‌یكه‌م بۆ پاره‌ نییه‌" هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ باس له‌ بودجه‌ی‌ كوردستان ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "هه‌رێمی‌ كوردستان (%17)ی‌ بودجه‌ی‌ عێراقه‌، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكی‌ سكاڵاده‌كه‌ن كه‌ هێشتا جیاوازی‌ نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند‌و هه‌ژار فراوانه‌".

له‌دوای‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ‌وته‌یه‌كی‌ د.به‌رهه‌م ساڵحی‌ داناوه‌ كه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "خه‌ڵكی‌ خۆشحاڵنین به‌ بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ده‌بێت بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت".

هاوڵاتیه‌كیش به‌ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئۆپۆزسیۆن ده‌یگۆڕێت".

نه‌دا به‌كری‌ به‌ ‌وته‌یه‌كی‌ هه‌ڵۆی‌ ئیراهیم ئه‌حمه‌د كۆتای‌ به‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ ده‌هێنێت‌و ده‌ڵێت: "من ئه‌وه‌م پیشانی‌ خه‌ڵكی‌ دا كه‌ ده‌توانن خۆیان كاندید بكه‌ن‌و كه‌سیش نه‌یانكوژێت".

له‌(25) تا (27) ته‌موز ئه‌نتۆنی‌ شادید راپۆرتی‌ ‌واشنتۆن پۆست له‌ سلێمانیه‌وه‌ سێ‌ راپۆرتی‌ بڵاوكرده‌وه‌، راپۆتی‌ یه‌كه‌م به‌ ناونیشانی‌ "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان پارته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدار روبه‌ڕوی‌ ته‌حدیی‌ ده‌بنه‌وه‌".

راپۆته‌كه‌ باس له‌ گه‌رم‌و گوڕی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات‌و باس له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ لیستی‌ كوردستان ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "د.به‌رهه‌م كاندیای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ماچكردنی‌ مناڵان ده‌یوت ئه‌وه‌ی‌ په‌یمانتان پێده‌ده‌ین جێبه‌جێیده‌كه‌ین" هه‌روه‌ها ساڵح ده‌ڵێت: "سیاسه‌تی‌ كوردی‌ گه‌شه‌ی‌ كردوه‌ "رۆژنامه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌چێته‌ ناوه‌رۆكی‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌‌و ده‌ڵێت پێده‌چێت گه‌شكردنه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت كه‌ د.به‌رهه‌م هیوای‌ بۆ ده‌خوازێت". راپۆرته‌كه‌ی‌ ‌واشنتۆن پۆست له‌ په‌ره‌گرافی‌ دوای ده‌چێته‌ لای‌ محه‌مه‌د تۆفیق له‌ لیستی‌ گۆڕان‌و ‌وته‌یه‌كی‌ ئه‌و ده‌هێنێت كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خاڵی‌ ‌وه‌رچه‌رخانه‌و هه‌مو كه‌س گۆڕانی‌ ده‌وێت‌و پێویستی‌ به‌ گۆڕانه‌ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا سیستمی‌ سیاسی‌ كوردستان توشی‌ روخان ده‌بێت. "راپۆرته‌كه‌ پاشان له‌ زاری‌ راڤه‌كارانی‌ كوردییه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ بردنه‌وه‌ی‌ پانزه‌ كورسی‌ له‌لایه‌ن لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ بردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن، رۆژی‌ (26)ی‌ (7) دوای‌ هه‌ڵبژاردن ‌واشنتۆن پۆست له‌لایه‌ن نێردراوه‌كه‌یه‌وه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان بڵاوده‌كاته‌و ده‌ڵێت: "ئۆپۆزسیۆن توانی‌ ئه‌نجامێكی‌ به‌هێز پیشانبدات‌و هه‌یبه‌تی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ پارته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدار لاوازبكات". راپۆرته‌كه‌ به‌ ناونیشانی‌: "ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌و گۆڕینی‌ ئاراسته‌ی‌ هێز ده‌ڕوات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستاندا". "له‌م راپۆرته‌دا په‌یامنێره‌كه‌ی‌ ‌واشنتۆن پۆست له‌ زاری‌ به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌یگوازێته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ككان توشی‌ سه‌رسوڕمانی‌ كردون له‌ هه‌ندێك شوێن ئه‌نجامی‌ خراپیان به‌ده‌ستهێناوه‌". كۆتێكی‌ نه‌وشیوان موسته‌فاش به‌شێكه‌ له‌ راپرته‌كه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ سیستمی‌ سیاسی‌ ده‌گرین نه‌ك ده‌موچاوه‌كان". "هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌یان به‌ڕێوه‌ بردوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ناكۆكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان گه‌شتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت شه‌فافبن له‌ به‌ڕێوبردندا".

له‌ راپۆرتی‌ سێیه‌م‌و كۆتای‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان ‌واشنتۆن پۆست له‌ (27) ته‌موز راپۆرتی‌" ئۆزسیۆنی‌ ده‌ستكه‌وت ده‌هێنێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان" بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌و راپۆرته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌إای‌ بردنه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كان له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌یكێتی‌، به‌ڵام گۆڕان توانی‌ ئه‌دایه‌كی‌ به‌هێز پیشانبدات له‌ ئه‌نجامه‌كاندا‌و زۆرێك توشی‌ سه‌رسوڕمان بكات. رۆژنامه‌كه‌ بردنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ سلێمانی‌ به‌ دۆڕانی‌ گه‌وره‌ بۆ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و گۆڕینی‌ هاوسه‌نگی‌ هێز ده‌بینێت، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ هێشتا یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ رێكنه‌كه‌تون له‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. موحه‌مه‌د ئیحسان ‌وه‌زیری‌ پارتی‌ له‌ حكومه‌ت به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندوه‌ هێشتا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌. له‌دویان راپۆرتی‌ ‌واشنتۆن پۆستیش له‌ سلیمانیه‌وه‌ ئه‌نتۆنی‌ شادیدی‌ په‌یامنێر چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ تاڵه‌بانی‌ سازكردوه‌ له‌ باره‌ی‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان. رۆژنامه‌كه‌ ده‌نوسێت: "تاڵه‌بانی‌ خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ نوێبونه‌وه‌و چاكردنی‌ پارته‌كه‌ی‌ ده‌كات ئه‌مه‌ش پاش ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ به‌هێزه‌ی‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌‌و هه‌ندێك باوڕه‌یان ‌وایه‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌تای‌ كۆتایهێنانه‌ به‌ یه‌كێتی‌". هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "تاڵه‌بانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ته‌مه‌ن‌و ته‌ندروستیی‌ خراپی‌ خۆی‌ ده‌ڵێت گۆڕینی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و به‌رنامه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاری‌ ئه‌ودایه‌". تاڵه‌بانی‌ له‌ چاوپێكه‌تنه‌كه‌دا خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ هاوڕێی‌ په‌نجا ساڵییه‌كانی‌ یه‌كێتیان به‌جێهیچشتوه‌، چونكه‌ ‌وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ "كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌‌و سه‌ر ئێشه‌بون بۆی‌"، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا راپۆرته‌كه‌ كۆتێكی‌ نه‌وشیروان موسته‌فای‌ تێدایه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "له‌ناو یه‌كێتیدا كه‌سی‌ یه‌كه‌م‌و دوه‌م‌و سێیه‌م نییه‌". له‌ كۆتایدا تاڵه‌بانی‌ له‌ ‌واشنتۆن پۆست رایده‌گه‌نێت كه‌ ئاماده‌یه‌ پیرۆزبای‌ له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و كورسیانه‌ی‌ په‌رله‌مان.

رۆژنامه‌ی‌ ركابه‌ری‌ ‌واشنتۆن پۆست، نیۆرك تایمزیش له‌ڕێی‌ په‌یامنێره‌كه‌ی‌ سام داغر له‌ سلێمانیه‌وه‌ سێ‌ راپۆتی‌ بڵاوكرده‌وه‌، یه‌كه‌م راپۆرت له‌ (24) (7) رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، راپۆته‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات: "ئه‌م ساڵ‌ له‌م هه‌رێمه‌ شانۆگه‌ریه‌ك نمایشكرا ‌وه‌ك شۆڕشێك له‌دژی‌ سستمی‌ ته‌ماعچیه‌تی‌ كوردی‌ ‌وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ركرده‌ كورده‌كان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كورده‌كان رۆژی‌ شه‌ممه‌ به‌ره‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ده‌ڕۆن، كوردستانی‌ عێراق له‌چاو به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق شوێنێكی‌ سه‌قامگیره‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن سیستمێكی‌ ئۆتۆكراسیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت" شانۆكه‌ مه‌به‌ستی‌ شانۆیه‌كی‌ ئه‌رسه‌لان ده‌روێشه‌ كه‌ باس له‌‌وه‌ده‌كات چۆن پێشمه‌رگه‌كانی‌ دوێنی‌ بونه‌ته‌ سته‌مكاری‌ ئه‌مڕۆ.

دواتر راپۆرته‌كه‌ باس له‌ ده‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌كات‌و باوه‌ڕی‌ ‌وایه‌ ده‌توانێت هه‌یمه‌نه‌تی‌ پارته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات كه‌مبكاته‌وه‌، له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌ بڕینی‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ گۆڕان ده‌كات له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و چۆن له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ كۆنتڕۆڵی‌ هه‌مو شتێكیان كردوه‌ له‌ ژیانی‌ خه‌ڵكی‌، هه‌روه‌ها سام باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێشتا ترس له‌ مه‌ترسی‌ ده‌ره‌كی‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن ئێران‌و توركیاوه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێك پێانوایه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كان له‌وه‌ گه‌وره‌ترن خۆیان بخه‌نه‌ مه‌ترسی‌ گۆڕانه‌وه‌، راپۆرته‌ك به‌ قسه‌یه‌كی‌ فازڵ‌ میرانی‌، سكرتێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، كۆتای‌ دێت كه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ هێشتا قوربانی‌ جوگرافیای‌ سیاسین".

له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن نیویۆرك تایمز به‌ ناونیشانی‌: "به‌شدارییه‌كی‌ فراوان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانی‌ عێراق" راپۆرتێكی‌ دیكه‌ی‌ سام له‌ سلێمانیه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌ ده‌ستپێكی‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌: "هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ هه‌رێمی‌ ئۆتۆنۆمی‌ كوردستاندا ده‌ستیپێكرد‌و حه‌زه‌كانی‌ مانه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ له‌ پێكدادانی‌ تامه‌زرۆی‌ ریفۆرمی‌ سیاسیدایه‌". راپۆته‌كه‌ باس له‌ به‌شداربونێكی‌ زۆر ده‌كات له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتداران به‌ په‌نابردن بۆ ته‌زویر له‌ هه‌ولێر‌و دهۆك تۆمه‌تبارده‌كات‌و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ بێبنه‌ما ناوده‌بات. نه‌وشیروان موسته‌فا له‌و راپۆرته‌دا ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژی‌ ‌وه‌رچه‌رخانی‌ سیاسی‌ له‌ مێژوی‌ كوریدا ‌وه‌سفده‌كات، ئه‌و به‌ رۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵات لێره‌ بوه‌ته‌ ئۆتۆكرات‌و گه‌نده‌ڵ‌‌و خزم خزمێنه‌". له‌ كۆتایدا ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌وه‌ده‌كات یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌پێناو ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كانیان گشت جیاوازی‌‌و دوبه‌ره‌كی‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی‌ تاڵی‌ ناوخۆی‌ نێوانیان دروستبوبو خستوه‌ته‌ لاوه‌. رۆژێك دوای‌ هه‌ڵبژاردن سام داغر له‌ هه‌مان رۆژنامه‌و ئه‌مجاره‌ش له‌ سلێمانی‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌نوسێت: "ئۆپۆزسیۆن هاڕه‌ی‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستاندا هێنا". سام ده‌نوسێت: "ده‌سه‌ڵاتی‌ چه‌سپیوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد توشی‌ شۆكبو پاش ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌هێزه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا".

راپۆته‌كه‌ باس له‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌كات كه‌ روبه‌ڕوی‌ هاوپه‌یمانیه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌ڕێوبردنی‌ ‌وڵات به‌هۆی‌ ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌، له‌ په‌ره‌گرافێكی دیكه‌دا نیویۆرك تایمز باوه‌ڕه‌ی‌ ‌وایه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌و ناكۆیانه‌ی‌ نێوان كورد‌و به‌غدا، رۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌ كه‌ ده‌نوسێت: پاش ده‌ركه‌وتنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، سه‌ری‌ ده‌سوڕمێت داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارته‌كه‌ی‌ ده‌كات كه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌ په‌له‌ له‌ ماڵی‌ خۆیدا له‌ سلێمانی‌ سازیبكه‌ن" رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ كوڕی‌ جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه‌ ده‌نوسێت كه‌ باوكی‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بزانێت چی‌ رویداوه‌. راپۆرته‌كه‌ی‌ نیویۆرك تایمز باس له‌ پێكهاته‌ی‌ گۆڕان ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت له‌ ئه‌ندامان‌و پێشمه‌رگه‌ كۆنه‌كان‌و چه‌په‌كان‌و روناكبیران‌و خه‌ڵكی‌ ناڕه‌زا پێكدێت، رۆژنامه‌كه‌ ده‌نوسێت هێشتا رون نییه‌ كه‌ ئایا لیستی‌ گۆڕان ده‌توانێت ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییانه‌ بگۆڕێت به‌ موعاره‌زه‌یه‌كی‌ چالاك، پاشان رۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌نوسێت زۆرێك له‌ كورده‌كان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ گه‌نده‌ڵ‌‌و خزم خزمێنه‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن‌و ئه‌م هه‌سته‌ش به‌پێی‌ ته‌مه‌ن‌و باری‌ ژیان ‌وه‌ك یه‌كه‌. نیۆرك تایمز له‌ كانی‌ سپیكه‌ی‌ هه‌ژارنشین كۆتێكی‌ له‌ هاوكاری‌ ته‌مه‌ن (24) ساڵ‌ ‌وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌نگی‌ به‌ گۆڕان داوه‌و ده‌ڵێت: "عه‌داله‌ت نییه‌." له‌ولاشه‌وه‌ كۆتێكی‌ له‌ ئالان له‌ گه‌ڕه‌كی‌ توی‌ مه‌لیك ‌وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "كه‌ ناتوانیت "بێ‌ پاڵپشتی‌ یه‌كێتی‌ ببیته‌ دكتۆری‌ ئێسقان" به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و خێزانه‌ هه‌مویان پزیشكبون‌و ده‌نگیشان به‌ گۆڕان دابو. رسته‌یه‌كی‌ دایكی‌ ئالانیش كه‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت بۆ هه‌مو خه‌ڵك باشتره‌" كۆتای‌ به‌ راپۆرته‌كه‌ دێت، تاڵه‌بانی‌ بۆ ‌واشنتۆن پۆست دوا بۆیه‌ نیویۆرك تایمز خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌ولێر‌و چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌كات. چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ جیاوازه‌ له‌ تاڵه‌بانی‌، چونكه‌ ئه‌م له‌ پێگه‌یه‌كی‌ به‌هێزه‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ جارێكی‌ دیكه‌ به‌ نزیكه‌ی‌ له‌ (%70)ی‌ ده‌نگه‌كان بوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم باس له‌ ئه‌جێندای‌ خۆی‌ ده‌كات‌و هه‌روه‌ها به‌ زمانێكی‌ هه‌إه‌شه‌ ده‌دوێت، بارزانی‌ له‌و چاوپێكه‌تنه‌دا ده‌ڵێت: "كه‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتو ناتوانێت ده‌ستوری‌ كوردستان بگۆڕێت" له‌ به‌رامبه‌ردا لیستی‌ گۆڕان به‌ رۆژنامه‌كه‌یان راگه‌یاندوه‌ ئه‌وان دژی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ن، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ زۆری‌ داوه‌ به‌ بارزانی‌. بارزانی‌ له‌ نیویۆرك تایمزدا خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت به‌ بونی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و لیستی‌ گۆڕان، به‌ڵام له‌ڕێی‌ نیویۆرك تایمزه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "ناهێڵین كه‌س رێگه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی‌ هیچ كه‌س خۆشبكات یان ماڵی‌ كوردی‌ تێكبدات". هه‌روه‌ها بارزانی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ نه‌مابێت.

رۆژنامه‌ی‌ كریستیان ساینس مۆنیته‌ر ‌وێڕای‌ تێوه‌گلانی‌ به‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی‌ كه‌ جیهانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا ته‌نیا به‌شێوه‌ی‌ ئه‌لكترۆنی‌ هه‌یه‌و چیتر له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌رناچێت، به‌ڵام هێشتا له‌ روماڵكردنی‌ عێراق چالاكه‌‌و توانی‌ له‌ڕێی‌ په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌لیس فۆردهام راپۆرت له‌ سلێمانیه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات. له‌ راپۆته‌كه‌ی‌ فۆردهام كه‌ به‌ناونیشانی‌: "گۆڕان توانی‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م دوحیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان دروستبكات" هاتوه‌ كه‌ لیستی‌ گۆڕان توانی‌ بۆ یه‌كه‌مینجار ببێته‌ به‌ربه‌ستێكی‌ جدی‌ له‌به‌رده‌م پاوانخوازی‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئۆتۆكراسی‌ ناسراون. له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌ندامانی‌ لیستی‌ گۆڕان، به‌ڵكو زۆرێك له‌ خه‌ڵكی‌ له‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ناڕازین له‌وانه‌ش زۆرێك له‌ بازرگانان كه‌ به‌هۆی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ پێدانی‌ ره‌شوه‌ كاریان پێنه‌دراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، هه‌روه‌ها كریستیان ساینس مۆنیته‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ ئه‌جێندای‌ ده‌نگده‌ران بریتیبو له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ نه‌ك ته‌نگه‌ژه‌كان له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا ‌وه‌ك زۆرێك له‌ بیانیه‌كان چاوه‌ڕیان ده‌كرد. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ پێوایه‌ كه‌ به‌ هاتنی‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سیاسه‌تی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا گۆڕانێكی‌ به‌سه‌ردا دێت، چونكه‌ گۆڕان خاوه‌نی‌ بیرو بۆچونی‌ خۆیه‌تی‌ له‌ باره‌ی‌ كه‌ركوك‌و نه‌وت جیاواز له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ركابه‌ری‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ جیاواز له‌ هه‌موی‌ له‌ژێر راپۆرته‌كه‌دا نوكته‌یه‌ك له‌ باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ كوردستاندا ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "رۆژێك سیاسییه‌كی‌ كورد ده‌چێت بۆ لای‌ هاوڕییه‌كی‌ له‌ ‌وڵاتێكی‌ دیكه‌‌و سیاسییه‌ كورده‌كه‌ پرسیار له‌ ڤێلای‌ هاوڕێكه‌ی‌ ده‌كات"‌و ده‌ڵێت: "ئه‌م ڤێلایه‌ چه‌ندی‌ تێچوه‌؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت ئه‌و پرده‌ ده‌بینیت؟ ئه‌وه‌ ده‌بوایه‌ (200) $ ملیۆنی‌ تێبچێت، به‌ڵام من به‌ (100) $ ملیۆن كردم‌و ئه‌ویترشی‌ بۆ خۆمم هه‌ڵگرت، دوای‌ ماوه‌یه‌ك هاوڕێی‌ سیاسییه‌ كورده‌كه‌ دێته‌ كوردستان سه‌ردانی‌ ده‌كات ده‌بینێت سیاسییه‌ كورده‌كه‌ له‌ ڤێلایه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌و خۆشدایه‌ هاوڕێكه‌ی‌ پرسیار له‌ سیاسییه‌ كورده‌كه‌ ده‌كات كه‌ ئایا ڤێلاكه‌ی‌ چه‌ندی‌ تێچوه‌؟ ئه‌ویش له‌ ‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "ئه‌و پرده‌ (200) $ ملیۆنه‌ ده‌بینیت؟ هاوڕێكه‌شی‌ ده‌ڵێت نه‌وه‌ڵا كامه‌!!"

رۆژنامه‌ی‌ لۆسئه‌نجلوس تایمزیش له‌ڕێگه‌ی‌ په‌یامنێره‌كه‌ی‌ له‌ عێراق لیز سلی‌ راپۆتی‌ خۆی‌ هه‌بو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ خولی‌ سێیه‌م‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. سیلی‌ له‌ رۆژی‌ (23)ی‌ ته‌موزی‌ (2009) له‌ سلێمانیه‌وه‌ راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر گه‌رم‌و گوڕییه‌كانی‌ كامپه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردن بڵاوكرده‌وه‌‌و تێیدا باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ زۆرێك له‌ گه‌نجان كۆده‌بنه‌وه‌و پێكه‌وه‌ هاوارده‌كه‌ن "گۆڕان، گۆڕان". ده‌نوسێت: "له‌ زۆربه‌ی‌ رێگه‌كانه‌وه‌ گۆڕان به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ی‌ عێراق هاتوه‌، ئێستا بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ میللی‌ ده‌یه‌وێت ریفۆرم له‌ سیستمی‌ سیاسی‌‌و سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكات".

لۆسئه‌نجلوس تایمز هه‌روه‌ها باس له‌ شه‌وانی‌ سلێمانی‌ ده‌كات به‌تایبه‌تی‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌كانی‌ گه‌نجان بۆ شه‌قامه‌كان به‌ ئاڵای‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌. رۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ پاشان باس له‌ دروشمه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌كان ده‌ڵێت كاریگه‌ری‌ ئۆبامای‌ پێوه‌دیاره‌‌و ده‌نوسێت: "هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركرده‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ هاوبۆچونێك له‌نێوان كامپه‌ینی‌ ئۆباما‌و ئه‌واندا هه‌بێت، به‌ڵام "به‌ڵێ‌ ده‌توانین بیگۆڕین "كه‌ ئۆباما به‌كاریده‌هێنا له‌ دروشمه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕاندا ده‌بینرێت. "لۆسئه‌نجلوس ‌وه‌ك ده‌سته‌خوشكه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌كانی‌ بێبه‌ش نین له‌و په‌ره‌گرافه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێت پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كۆنتڕڵی‌ زۆربه‌ی‌ شته‌كانیان له‌ كوردستاندا كردوه‌و خاوه‌نی‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ بیانین".

له‌ راپۆرتێكی‌ دیكه‌شدا سیلی‌ بۆ هه‌مان رۆژنامه‌ له‌ رۆژی‌ (26)ی‌ ته‌موز باس له‌ رۆشتنی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌كات بۆ ده‌نگدان‌و كاریگه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر داهاتوی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان كوردستان‌و به‌غدا ده‌كات، له‌و راپۆرته‌دا محه‌مه‌د تۆفیق كه‌سایه‌تی‌ لیستی‌ گۆڕان ناشاره‌زای‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت له‌ ئه‌دای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد له‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ داربڕاوه‌كان. قوباد تاڵه‌بانیش، نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ‌واشنتۆن، به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندوه‌: "ئه‌گه‌ر له‌ ناوخۆشیدا هاوده‌نگ نه‌بین، ئه‌وا له‌ كێشه‌ نه‌ته‌وییه‌كاندا له‌گه‌ڵ‌ موعاره‌زه‌ یه‌كده‌نگین". پاشان رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "گۆڕان زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كان ده‌باته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ پاكی‌ به‌ڕێوه‌بچێت".

گۆڤاره‌كانی‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌مریكا تایم‌و نویزیك كه‌ هه‌فتانه‌ ده‌رده‌چن راپۆرتی‌ خۆیان هه‌بو، گۆڤاری‌ نیوزیك كه‌ فه‌رید زه‌كه‌ریا سه‌رنوسه‌رییه‌تی‌ راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ‌وێبسایته‌كه‌ی‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ له‌ رۆژی‌ (24) ته‌موز (2009) له‌ ئاماده‌كردنی‌ لینۆكس سامیۆل‌و له‌ژێر ناونیشانی‌ "له‌ كوردستاندا هه‌مو كه‌س خۆی‌ به‌ ریفۆرمیست له‌ قه‌ڵه‌مده‌دات" باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ كوردستاندا گشت لیسته‌كان پێیانوایه‌ ئه‌وان چاكسازییان پێده‌كرێت‌و ریفۆرمیستی‌ راسته‌قینه‌ن. له‌ راپۆرته‌كه‌دا ‌وته‌بَیژانی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و كوردستانی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ردوكیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان ریفۆرمه‌. هه‌روه‌ها له‌و راپۆرته‌ی‌ نویزویكدا باس له‌ راپرسی‌ په‌یمانگای‌ پۆینت ده‌كات كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات زۆرینه‌ی‌ به‌ژداربوانی‌ ئه‌و راپرسیه‌ پێیانوایه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ساخته‌كاری‌‌و ته‌زویر‌و هه‌روه‌ها له‌ (%51)ی‌ ئه‌و راپرسییه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ لیستی‌ گۆڕان ته‌حه‌دییه‌كه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رده‌م لیستی‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌.

 گۆڤاری‌ تایمیش دو راپۆتی‌ بڵاوكرده‌وه‌ یه‌كه‌م راپۆرت له‌ ئاماده‌كردنی‌ بێن لاندۆ به‌ ناونیشانی‌: "كورده‌كانی‌ عێراق: كاتیه‌تی‌ بۆ سه‌لماندنی‌ دیموكراسییه‌كه‌یان" له‌ رۆژی‌ (24)ی‌ ته‌موز. له‌و راپۆرته‌دا هاتوه‌ كه‌ كه‌ كوردستان له‌ روی‌ ئاوه‌دانی‌‌و خزمه‌تگوزاری‌‌و ئارمییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عَیراق باشتره‌، به‌ڵام له‌یه‌ك خاڵدا له‌ به‌غدای‌ نه‌بردوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش: دیموكراسییه‌.

تایم له‌ زاری‌ كویڵ‌ لۆرێنس شاره‌زا له‌ كاروباری‌ كورد ده‌ڵێت: "بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان دیموكراسی‌ هه‌ولیر‌و به‌غدا، په‌له‌مانی‌ كوردستان تائێستا ئاكتیڤ نه‌بوه‌و له‌لایه‌ن دو حیزبه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كه‌وه‌". گۆڤاری‌ تایم پاشان باس له‌و نامه‌یی‌ هه‌ردو سیناتۆر جۆن ماكێن‌و جۆزێف لیبه‌رمان ده‌كات كه‌ داوای‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كورد كردبو هه‌ڵبژاردنێكی‌ نمونه‌یی‌ سازبكه‌ن‌و ببنه‌ نمونه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، پاشان گۆڤاره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا كوردستان له‌لایه‌ن دو بنه‌ماڵه‌وه‌ به‌ڕێوه‌براوه‌ ئه‌وانیش تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌‌و بۆ چه‌ندین ساڵ‌ شه‌ڕی‌ خوێناوی‌ دژی‌ یه‌كیان هه‌ڵگیرساند، به‌ڵام له‌دوای‌ (2003)ه‌وه‌ هه‌ردوكیان هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كیان مۆركردو سیستمی‌ سیاسیان كۆنتڕۆڵكرد‌و پێگه‌ گه‌روه‌كانیشان له‌نێوان هه‌ردو بنه‌ماڵه‌دا دابه‌شكرد. دواتر تایم په‌یمانامه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ هاوپه‌یمانی‌ بارزانی‌ - تاڵه‌بانی‌ ناوده‌بات‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت له‌ نێوان خۆیاندا به‌شیده‌كه‌ن". گۆڤاری‌ تایم هه‌روه‌ها باس له‌ كامپه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات‌و ده‌نوسێت: "ده‌سه‌ڵات بێشه‌رمانه‌ پۆسته‌ری‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌دڕێنن‌و پاره‌یه‌كی‌ بێ‌ شومار‌و بێ‌ حیسابیان خستوه‌ته‌ به‌رده‌م میدیاكانیان له‌دژی‌ گروپه‌كانی‌ موعاره‌زه‌". راپۆرته‌كه‌ی‌ تایم به‌وه‌ كۆتای دێت كه‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردن زیاتر ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ئایا تا چه‌ند كورد ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌وه‌ی‌ ببێته‌ نمونه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌إاستدا، ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌سۆشیه‌تد پرێسیی‌ ئه‌مریكیش رۆژانه‌ راپۆرت‌و هه‌واڵی‌ هه‌بو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و بوبوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ میدیاكانی‌ ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان‌و ئه‌و میدیایانه‌ی‌ كه‌ په‌یامنێران نه‌ناردبویه‌ كوردستان.

Sbeiy.com © 2007