Print
 مایكڵ رۆبن: هه‌ڵبژاردن سه‌لماندی‌ كوردستان پاشایه‌تی‌ قبوڵ ناكات
Monday, August 10, 2009

سازدانی‌: هێمن لهۆنی‌
توێژه‌رێكی‌ ئه‌مریكی‌ هه‌روه‌ك خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ جیاوازده‌بینێت‌و باوه‌ڕیوایه‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ په‌یامی‌ گرنگی‌ نارد: له‌وانه‌ كه‌ كوردستان پادشایه‌تی‌ قبوڵناكات‌و یه‌كێتی‌ پارتێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ نییه‌. مایكڵ‌ رۆبن، توێژه‌ر له‌ په‌یمانگای‌ ئه‌نته‌رپرایزی‌ ئه‌مریكی‌، كه‌ ‌وه‌ك چاودێری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌ندێك ‌وڵاتدا به‌شداریكردوه‌ له‌وانه‌ به‌نگلادش له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌دا باس له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كوردستان‌و كاریگه‌ری‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ده‌كات هه‌روه‌ها رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن دوربوه‌ له‌ ستاندارده‌ جیهانییه‌كان، رۆبن داوا له‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كات كه‌ لاسایی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ نه‌كه‌نه‌وه‌و  پێویسته‌ ده‌ستبكه‌ن به‌ ریفۆرمێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ په‌رله‌مان.

* هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ زۆربه‌ی‌ كه‌س جیاوازبو، ئایا جیاوازییه‌كه‌ی‌ بۆ تۆ چیبو؟
مایكڵ رۆبن: هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگبو جیاوازبو، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان روبه‌ڕوی‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ ئێستا پارتێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ نییه‌، تاڵه‌بانی‌‌و دۆسته‌كانی‌ باشتر ‌وابو رۆژنامه‌ ئازادیه‌كانیان بخوێندایه‌ته‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ ریفۆرمیان له‌ حیزبه‌كه‌یاندا بكردایه‌ نه‌ك خه‌ریكی‌ هه‌راسانكردنی‌ خه‌ڵكی‌‌و رۆژنامه‌نوس بونایه‌. هه‌ركاتێكیش سه‌ركرده‌ی‌ سیاسی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ لێكرا له‌لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه‌، ئه‌وا حكومه‌تێكی‌ باش دروستده‌بێت، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌پێی‌ ستانداردی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌بو. چاودێرێكی‌ كه‌می‌ پرۆفیشناڵ‌ له‌وێ‌ بون، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ دڵی‌ خۆیان چه‌ند كه‌سێكیان بانگهێشتكرد كه‌ چاودێری‌ راسته‌قینه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بون، چاودێری‌ راسته‌قینه‌ هیچ كاتێك رازینابێت به‌وه‌ی‌ پارتی‌ سیاسی‌ كۆنتڕۆڵی‌ هه‌مو شتێك بكات، من خۆم له‌ به‌نگلادش چاودێری‌ هه‌ڵبژاردن بوم ده‌زانم كه‌ چاودێری‌ راسته‌قینه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش هه‌ڵبژاردن بچنه‌ شوێنه‌كه‌ نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن ته‌ماشابكه‌ن بزانن په‌یڕه‌وی‌ یاساكان ده‌كرێت، ده‌بێت چاودێری‌ راسته‌قینه‌ پێشتر له‌و شوێنه‌ بێت بزانێت كه‌ ئایا بینا حكومییه‌كان بۆ لایه‌نێكی‌ تایبه‌ت به‌كارناهێنرێت؟ ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا پۆسته‌ره‌كانی‌ لایه‌نێك به‌ شوێنی‌ حوكمییه‌وه‌ هه‌ڵنه‌واسراون؟ هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی‌ دیكه‌ی‌ چاودێری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانێت كه‌ ئایا ده‌زگاكانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش بێلایه‌نبون؟ ئایا كاندیده‌كان‌و رۆژنامه‌نوسان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌راسان نه‌كراون؟ له‌به‌رئه‌وه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌‌و به‌پێی‌ راپۆرته‌كان ستانداردی‌ جیهانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستاندا په‌یڕه‌ونه‌كراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ هه‌ولێر‌و دهۆك.

* وه‌ك ‌وتت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ستانداردی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ په‌یڕه‌ونه‌كرا، به‌ڕای‌ تۆ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ چۆن ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌؟
مایكڵ رۆبن: هه‌روه‌كو ‌وتم پرۆسه‌كه‌ ته‌زویر‌و ساخته‌ی‌ تێداكرا، به‌تایبه‌تی‌ له‌ هه‌ولێر‌و دهۆك، كۆمسیۆنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌یتوانی‌ بێلایه‌نی‌ خۆی‌ بپارێزێت‌و سومعه‌ی‌ خۆی‌ روشاند. ئه‌مه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ده‌ڵێت كه‌ كورده‌كان شایه‌نی‌ ستانداردی‌ باڵا نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی‌ له‌ خۆیدا ره‌گه‌ز په‌ره‌ستییه‌، چونكه‌ كورد شایه‌نی‌ هه‌مو شتێكه‌‌و ده‌بێت به‌پێی‌ ستاندارده‌ باڵاكان حوكمیان بدرێت.

* به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ كۆتای‌ هه‌ڵبژاردن ئۆپۆزسیۆن ده‌نگێكی‌ زۆری‌ هێناوه‌، تۆ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ چۆن ده‌ڕوانیته‌ داهاتوی‌ سیاسی‌ كوردستان یان پێتوایه‌ باره‌كه‌ له‌ باره‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ ته‌ندروست؟
مایكڵ رۆبن: ئۆپۆزسیۆنی‌ ته‌ندروست گرنگه‌ بۆ دیموكراسی‌. به‌ڕای‌ من هێشتا زۆر زوه‌ بڵێن بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌ ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ دیموكراسی‌ قبوڵبكه‌ن، هێشتا دژایه‌تی‌ میدیای‌ سه‌ربه‌خۆده‌كه‌ن هیشتا ناهێلن میدیای‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداری‌ پرێس كۆنفراسه‌كانیان بكه‌ن هه‌روه‌ك بینیمان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ مالیكی‌‌و بارزانی‌‌و تاڵه‌بانیدا، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنیش خۆی‌ به‌هێزبكات‌و هێزی‌ خۆیان به‌كاربهێنن له‌ روی‌ بانگهێشتكردنی‌ لێپرسراوانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ بۆ ناو په‌رله‌مان بۆ لێپرسینه‌وه‌‌و نه‌هێڵن چیتر په‌رله‌مانی‌ كوردستان گوێڕایه‌ڵی‌  پارته‌ سیاسییه‌كان بێت، هیوادارم ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان به‌رگری‌ له‌ میدیای‌ ئازاد‌و رۆژنامه‌گه‌ری‌‌و رۆژنامه‌نوسان بكات، به‌لای‌ منه‌وه‌ كارێكی‌ گرنگی‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌دوای‌ كه‌یسی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ كوژراوه‌كان بكه‌وێت.

* ئه‌نجامه‌كان بۆ هه‌ندێك جیگه‌ی‌ سه‌رسوڕمان بو به‌تایبه‌تی‌ له‌ سلێمانی‌، به‌ڕای‌ تۆ په‌یامی‌ ئه‌نجامه‌كان چیبون؟
مایكڵ رۆبن: سه‌ره‌تا باوه‌ڕم ‌وایه‌ مه‌لا موسته‌فا پیاوێكی‌ گه‌وره‌بو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ گه‌وره‌بونی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ خه‌ڵكی‌ دوركه‌وته‌وه‌. مه‌سعود بارزانی‌ له‌ جیهانێكدا ده‌ژی‌ كه‌ خۆی‌ ‌وه‌ك پادشا ده‌بینێت كه‌ ده‌وره‌ دراوه‌ به‌ چه‌ندین كه‌سی‌ گوێرایه‌ڵ‌، من ئه‌نجامه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌مشێوه‌یه‌ لێكده‌ده‌مه‌وه‌: یه‌كه‌م، كوردستان پادشای‌ نییه‌، كه‌س ناتوانێت هه‌مو شتێك بكات كه‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت، هه‌روه‌ها كوردستان بانكێكی‌ شه‌خسی‌ كه‌س نییه‌. دوه‌م: هه‌روه‌ها ده‌بێت چیتر خه‌ڵكی‌ كاری‌ ناحه‌قی‌ له‌ كه‌س قبوڵنه‌كات به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ناوی‌ سه‌رۆكه‌كانه‌وه‌ ده‌یانكرد.

* ئێستا له‌ كوردستاندا "رێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ نێوان تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ بوه‌ته‌ جێگه‌ی‌ مشتومڕێكی‌ گه‌رم كه‌ ئایا له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان چی‌ لێدێت"، تۆ داهاتوی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
مایكڵ رۆبن: خۆی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ بۆ ئه‌وه‌ دروستبوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چاكبكاته‌وه‌. یه‌كێتی‌ پێشتر خاوه‌نی‌ ئایدۆلۆژیای‌ خۆی‌ بو نه‌ك حیزبی‌ بنه‌ماڵه‌، ئێستا یه‌كێتی‌ بوه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ بزنس، ئه‌گه‌ر تۆ نزیك نه‌بیت له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌، ئه‌وا گرنگیت پێنادرێت، بۆیه‌ یه‌كێتی‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ تاڵه‌بانی‌ زیاتر نابێت، هه‌روه‌ها ئێستا به‌پێی‌ ئه‌و رێكه‌تنه‌ ده‌بێت سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بدرێته‌ یه‌كێتی‌، به‌ڵام پارتیش ده‌توانێت بڵێت نا تۆ ده‌نگت بۆم نه‌هێناوه‌ له‌ سلێمانی‌، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌گه‌ر پارتی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ جێبه‌جێنه‌كرد، ئه‌وا په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌توانن پاڵبه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆن.

* هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكا له‌پێش هه‌ڵبژاردن‌و دوای‌ هه‌ڵبژاردن جیاوازبو، پێشتر زۆر توندبو له‌وه‌ی‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ پاك بێت، به‌ڵام دوای‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پیرۆزبای‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ كرد بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ خروقاته‌كان بكات؟
مایكڵ رۆبن: ئه‌مریكا ‌وه‌ك حكومه‌ت هه‌ڵوێستی‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ كورده‌، ئێستا ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕێده‌كرێت بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد رازیبێت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌‌و پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بداته‌ د.به‌رهه‌م. د.به‌رهه‌م ته‌نیا لێپرسراوی‌ كوردییه‌ كه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ‌ ‌واشنتۆن هه‌ماهه‌نگی‌ بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا. پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانی‌ حه‌زنه‌كات ئه‌و پۆسته‌ چه‌وره‌ چۆڵبكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ‌وازنه‌هێنێت مێژو ره‌حمی‌ پێناكات.

* به‌ڵام پرسیاره‌كه‌م له‌ باره‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكاوه‌بو، ئه‌مریكا پێش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌ ره‌سمییه‌كان رابگه‌نرێت پیرۆزبایكرد بێگوێدانه‌ خروقاته‌كان؟
مایكڵ رۆبن: باشه‌ منیش ده‌پرسم بۆ كورده‌كانی‌ عێراق بێده‌نگبون له‌ ته‌زویر‌و خروقاته‌كان‌و نه‌یانتوانی‌ ‌وه‌ك ئێرانییه‌كان دژی‌ ته‌زویر بوه‌ستنه‌وه‌؟
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ من په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فونی‌ كاربه‌ده‌ستێكی‌ ئه‌مریكی‌ یان نامه‌یه‌كی‌ پیرۆزبای‌ به‌ جدی‌ ‌وه‌رناگرم، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ خروقاته‌كان بارزانی‌ بوه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئێستا پرسیار له‌سه‌ر داهاتوی‌ په‌رله‌مانه‌.

* باوه‌ڕتوایه‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتو ببێته‌ ركابه‌ری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ ئه‌كتیڤبوندا؟
مایكڵ رۆبن: وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ به‌نده‌ به‌ رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆن. خه‌ڵكی‌ چاوه‌ڕێی‌ ریفۆرمی‌ راسته‌قینه‌ی‌  سیاسییه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ستبكات به‌ بازرگانی‌ ‌وه‌ك یه‌كێتی‌‌و پارتی‌.

 

Sbeiy.com © 2007