Print
 كه‌ركوك گۆڕانی‌ ده‌وێت
Thursday, August 13, 2009

راپۆرت: ئارام جه‌مال
گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هاتنه‌ مه‌یدانی‌ لیستی‌ گۆڕان وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی‌ كاراو خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی‌ به‌رفراوان، سه‌رنجی‌ دنیای‌ به‌لای‌ خۆیدا راكێشاوه‌و شاری‌ كه‌ركوكیش وه‌ك به‌شێكی‌ خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌سنوری‌ ئیداره‌كه‌یدا نییه‌، به‌ڵام هه‌رگۆڕانكارییه‌ك كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روبدات جێگای‌ گرنگی خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكه‌و كاریگه‌ریی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی‌ سه‌ره‌ڕای گۆڕینی‌ دیمۆگرافیاو پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ له‌ساڵانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ روخاودا، زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ كوردن.

له‌ ئێستادا هاوڵاتییانی‌ كه‌ركوك ده‌ركه‌وتنی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا به‌ دڵخۆشكه‌ر وه‌سفده‌كه‌ن‌و گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بۆ شاره‌كه‌یان به‌ پێویست ده‌زانن.

هه‌ڵۆ به‌كر، ته‌مه‌ن 24ساڵ‌ خوێنكاری‌ زانكۆ به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "دو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان له‌رابردودا زۆرشتیان به‌ده‌ست بوه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بون له‌به‌رامبه‌ر خواست‌و داوای‌ هاوڵاتییاندا، بۆیه‌ هاتنی‌ هێزی دیكه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌دا پێویسته‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش به‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌". سه‌باره‌ت به‌لیستی‌ گۆڕانیش هه‌ڵۆ، ده‌ڵێت "لیستی‌ گۆڕان وه‌ك چۆن له‌لایه‌ن به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ پێشوازیكرا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئاوهاش جێگای‌ دڵخۆشیی‌ ئێمه‌یه‌و به‌گه‌رمی‌ پێشوازی‌ له‌و لیسته‌و له‌ گۆڕانكاری‌ ده‌كه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك‌و په‌رله‌مانی‌ عێراقدا".

نازم محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن 34ساڵ‌ دانیشتوی‌ گه‌ڕه‌كی‌ ره‌حیماوا ده‌ڵێت: "لیستی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ئه‌ركی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر شانه‌، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ ئێستا كوردستان به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، هه‌روه‌ها نه‌هێشتنی‌ مه‌حسوبیه‌ت‌و خزمخزمێنه‌". 

سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوكیش نازم وتی‌"زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك گۆڕانیان ده‌وێت‌و پێویستیان به‌ لایه‌نێكه‌ پێشه‌واییان بكات، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌لیستی‌ گۆڕاندا ده‌بینم، جگه‌له‌وه‌ش كێشه‌ی‌ كه‌ركوك هێشتا یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ش رۆژبه‌ڕۆژ دوچاری‌ مه‌ینه‌تی‌ زیاتر ده‌بن، بۆیه‌ گۆڕانكاری‌ له‌كه‌ركوك له‌هه‌مو شوێن به‌پێویستتر ده‌زانم‌و ئومێدمان به‌گۆڕانه‌".

فازڵ‌ ئیبراهیم، ته‌مه‌ن 29ساڵ‌ دانیشتوی‌ گه‌ڕه‌كی‌ مامۆستایان به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "لیستی‌ جیاوازو ده‌نگی‌ جیاواز له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دیارده‌یه‌كی‌ جوانی‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوه‌و بونی‌ لیستی‌ گۆڕانیش له‌هه‌ڵبژادنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، سه‌ره‌ڕای پێشێلكاری‌‌و كه‌موكوڕییه‌كان جوانی‌ به‌ پرۆسه‌كه‌ به‌خشی‌‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندایه‌". وتیشی‌ "كه‌ركوك پێویستی‌ به‌گۆڕان هه‌یه‌و لیستی‌ گۆڕانیش ته‌نیا هیوای‌ گۆڕانخوازانی‌ ئه‌م شاره‌یه‌ كه‌ كار بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ مافی‌ خه‌ڵك‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ شاره‌كه‌و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و باشتركردنی‌ بارودۆخی‌ ئاسایشی‌ شاره‌كه‌ كه‌ ئێستا گرفتی‌ سه‌ره‌كیمانه‌".

شێركۆ شه‌ریف، ته‌مه‌ن 38ساڵ‌ (كاسب) به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ بونی‌ لیستی‌ جیاوازه‌وه‌ بوه‌ مایه‌ی‌ دڵخۆشیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، چونكه‌ ئه‌و لیسته‌ جیاوازانه‌ به‌تایبه‌ت لیستی‌ گۆڕان بوه‌ ركابه‌ری‌ لیستی‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژوی‌ كوردستاندا ئۆپۆزسیۆنی‌ به‌هێزو كاریگه‌ر بچێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته‌ ره‌قیب به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ جاران ده‌سه‌ڵات به‌ئاره‌زوی‌ خۆی‌ ده‌یكرد ئێستا ناتوانێت بیكات، بێگومان ئێستا ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌". سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و زه‌روره‌تی‌ گۆرانكاریی‌ له‌كه‌ركوك، شێركۆ ده‌ڵێت "بێگومان لیستی‌ گۆڕان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان كاریگه‌ریی‌ به‌سه‌ر كه‌ركویشه‌وه‌ ده‌بێت‌و پێویستیشه‌ ئه‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی‌ ئێستای‌ كه‌ركوك بگۆڕین، چونكه‌ ناكرێت هه‌تا هه‌تایه‌ چاوه‌ڕوانی‌ قه‌ده‌ر بین، بۆیه‌ گۆڕانكاری‌ له‌م ده‌سه‌ڵات‌و سیستمه‌ی‌ ئێستای‌ كه‌ركوكدا گرنگترین پێویستی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكه‌و ته‌نیا به‌گۆڕانكاری‌ ده‌توانین كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر كوردستان".

مه‌ریوان محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن 30ساڵ‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رفه‌تێكی‌ باش بون تا خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ ئازادی‌ رای‌ خۆیان ده‌ربإن‌و نوێنه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵبژێرن، بێگومان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌هۆی‌ لیستی‌ جیاوازو ركابه‌ره‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ گه‌رمترو جوانتربو". مه‌ریوان، هه‌روه‌ها وتی‌ "ئێستا پێویسته‌ لیسته‌كان متمانه‌ بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌رابردودا پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنی‌ زۆر به‌خه‌ڵكی‌ دراون‌و جێبه‌جێ‌ نه‌كراون، ئێستا ئه‌ركی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و لیسته‌كانی‌ دیكه‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌".

محه‌مه‌د كاكه‌ڕه‌ش، ته‌مه‌ن 24ساڵ‌ خوێندكاری‌ ئاماده‌یی به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "لیستی‌ گۆڕان لیستی‌ گه‌نجانه‌و له‌ناو دڵماندایه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و پێشێلكاری‌‌و ساخته‌كارییه‌ی‌ به‌رامبه‌ری‌ كرا، به‌ڵام ده‌نگه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ دڵخۆشیی‌ ئێمه‌ن، ئێمه‌ش وه‌ك گه‌نجانی‌ كه‌ركوك چاوه‌ڕوانی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتو، چونكه‌ پێمانوایه‌ ته‌نیا لیستی‌ گۆڕان ده‌توانێت ئه‌م دۆخه‌ بگۆڕێت". محه‌مه‌د وتیشی‌ "شه‌ش ساڵه‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ ئه‌نجامدراوه‌و كه‌ركوك ئازاده‌، به‌ڵام رۆژبه‌ڕۆژ دۆخی‌ ئه‌م شاره‌ له‌پاشه‌كشه‌دایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م دۆخه‌ بگۆڕین‌و تاكه‌ هیواش لیستی‌ گۆڕانه‌".

عادل خالید، ته‌مه‌ن 40ساڵ‌ دانیشتوی‌ ناحیه‌ی‌ شوان به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ لیستی‌ جیاوازه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بون، پێویسته‌ له‌ كه‌ركوكیش هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست ده‌یان گرفتی‌ (ئه‌منی‌‌و خزمه‌تگوزاری‌‌و بێكاری‌ و...هتد)ه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و پێویسته‌ هێزێك هه‌بێت كاریگه‌ری‌‌و گۆڕان له‌م دۆخه‌دا دروستبكات، بێگومان زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌بێت". عادل زیاتر ده‌ڵێت "ناحیه‌و گونده‌كان په‌راوێزخراون‌و خه‌ڵكه‌كه‌یان دوچاری‌ بێكاری‌‌و نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ بون‌و به‌ناچاری‌ رو ده‌كه‌نه‌ شاری‌ كه‌ركوك بۆ نیشته‌جێبون‌و ته‌نانه‌ت بۆ كاریش، زۆرجار كاریشمان ده‌ست ناكه‌وێت‌و زۆرینه‌مان له‌بارو گوزه‌رانێكی‌ خراپدا ده‌ژین، ته‌نیا به‌ گۆڕان ده‌توانیین خۆمان رزگار بكه‌ین له‌م دۆخه‌".

ئه‌مه‌ ده‌ربڕینی‌ ناخی چه‌ند كه‌سێكی‌ گۆڕانخوازی‌ كه‌ركوك بو كه‌ خوازیارن خۆیان‌و شاره‌كه‌یان له‌ودۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی‌ ئێستا رزگاریان بێت، له‌كاتێكیشدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ خه‌ریكی‌ وه‌رگرتنی‌ رای‌ هاوڵاتییانی‌ كه‌ركوك بوم سه‌باره‌ت به‌ پێویستی‌ گۆڕانكاری‌ له‌كه‌ركوك، چونكه‌ زۆر له‌ هاوڵاتییان له‌ناخه‌وه‌ خوازیاری‌ گۆڕانكاری‌ بون، به‌ڵام به‌هۆی‌ مه‌ترسی‌ نانبڕین‌و ده‌ركردنیان له‌ كاره‌كانیان نه‌یانده‌توانی‌ قسه‌مان بۆ بكه‌ن، تا ناخیان بگوازینه‌وه‌ سه‌ر روپه‌ڕی‌ رۆژنامه‌.

Sbeiy.com © 2007