له‌ڕوی ئیعلامییه‌وه شتێكی زۆر خۆشه كه كوردستان نه‌وتی خۆی بنێرێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام له‌ڕوی سیاسییه‌وه وا ده‌زانم كێشه‌مان بۆ دروستده‌كات
سازدانی: فازڵ نه‌جیب - محه‌مه شێخ فاتح
پرۆفیسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی له دیدارێكی تایبه‌ت به رۆژنامه‌دا، ئاماژه به سیستمی ئابوریی ئیسلامیی دهكاتو پێیوایه ئێستا ئابوریی ئیسلامیی یه‌كێكه له‌و كایه به‌رفراوانانه‌ی كه وڵاتانی جیهان چاویان تێبڕیوه‌و وه‌ك یه‌كێك له فریادڕه‌سه‌كان بۆچاره‌سه‌ری قه‌یرانی دارایی‌و ئابوریی ته‌ماشای ده‌كه‌ن.
به‌بڕوای قه‌ره‌داغی، ئابوریی ئیسلامیی مێژویه‌كی كۆنی هه‌یه‌و پێش سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توانیویه‌تی تێز‌و پێشنیازه‌كانی ته‌رح بكات‌و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی پێبكات‌و له‌و بواره‌شدا سه‌ركه‌وتو بوه.
رۆژنامه: شتێك هه‌یه له ئێستادا به‌ناوی ئابوریی ئیسلامییه‌وه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئابوریی پێكهاتوه له سێ به‌ش، به‌شێكی ئایدۆلۆژی كه پێیده‌وترێت سیستمی ئابوریی، به‌شێكی زانستی كه پێیده‌وترێت زانستی ئابوریی، به‌شی سێهه‌م كه بریتییه له تیۆره‌و چاره‌سه‌رو گریمانه.
به نیسبه‌ت به‌شی یه‌كه‌م كه زانستی ئابورییه، وه‌ك ئاده‌م سمیسو ئه‌وانی دیكه‌ش باسیانكردوه، ده‌ڵێن زانستی ئابوریی باسله‌وه ده‌كات كه چۆن ئیداره‌ی سه‌روه‌تی ئه‌و خه‌ڵك ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر له‌مبواره‌وه بڵێین ئوممه‌ی ئیسلامی‌یش ئوممهیهك بوه، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی (1430)ساڵه، حوكمی دنیاشی كردوه، وه‌ك خه‌لافه‌تی راشیدینو ئهمهویو عهبباسیو دواتر عوسمانییه‌كان، دیاره له ناویشیاندا ئه‌یوبییه‌كان هه‌یه، ئه‌وانه‌ش نزیكه‌ی (1200_ 1300)ساڵ حوكمی ئه‌م دنیایه‌یان كردوه، هیچ مه‌عقول نییه له روی زانستییه‌وه چۆن ئه‌م ئوممه‌ته‌ی خۆی ئیداره بكات. له‌واقیعیشدا توانیویه‌تی ئیداره‌ی بكات، ته‌نانه‌ت له روی جێبه‌جێكردنه‌وه له‌سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیزدا توانیویه‌تی سیاسه‌تێك دابنێت له‌ماوه‌ی دوساڵو شه‌ش مانگ‌و حه‌ڤده رۆژدا هه‌ژار نههێڵێتو چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكات، ئه‌ویش له رێگه‌ی چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی رێكوپێكه‌وه، وه‌ك زه‌كات‌و بهیتولمالو ئه‌و سه‌روه‌تانه‌ی له‌و كاته‌دا ده‌ستیانكه‌وتوه، له روی فیكریشه‌وه ده‌توانین بڵێین، زۆرێك له ئیمامه‌كان به تایبه‌ت ئیمامی شافیعی باسی ئهوهیانكردوه، پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌رنامه‌یه‌ك دابنێت بۆ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت به‌سه‌ر ئوممه‌تدا كه له‌سه‌ر سێبه‌ش وه‌ستاوه، به‌شێكیان بۆ زۆر هه‌ژاره‌كان كه پێیوتوه(حد الكفاف)، ئاستی پێویست، قۆناغی دوهه‌م پێویسته خاوه‌ندارێتیی كه‌ره‌سته‌كانی وه‌به‌رهێنان بكات بۆ به‌شی دوهه‌م كه بیانگه‌یه‌نێته (حد الكفایه)ئاستی تێریی بۆ ساڵێك یان بۆ هه‌مو ته‌مه‌ن، ئیمامی شافیعی كه له (204)دا وه‌فاتی كردوه، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌م دو به‌رنامه‌یدا دروست نییه ئوممه‌ت بیر نه‌كاته‌وه كه قۆناغێكی هه‌بێت پێیده‌وترێت(تمام الكفایه) واته حاڵه‌تی خۆشگوزه‌رانیی.
له واقیعیشدا ته‌ماشا ده‌كه‌ین كه قورئانی پیرۆز زیاتر له (300)ئایه‌ت كه چه‌مكی ئابوریی زۆر باشی تیا باسكراوه، جگه له‌وه‌ی كه زیاتر له (600)ئایه‌تی مامه‌ڵه‌و ئیشی دارایی تێدایه.
یه‌كێك له‌وانه مامۆستا د.محێدین عه‌تییه، ئه‌وه‌ی له كتێبێكدا كۆكردوه‌ته‌وه به‌ناوی (المصطلحات الاقتصادية فى القرا‌ن)، سوننه‌ی پێغه‌مبه‌ریش (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ورده‌كاریی زۆری له‌وباره‌یه‌وه داوه.
ئه‌گه‌ر بێیته سه‌ر بوارێكی دیكه‌ش زانستی ئابوریی هه‌میشه پێنج شت رێكده‌خات، یه‌كێكیان چالاكی وه‌به‌رهێنان ریكدهخات كه زهویو ئیش‌و سه‌رمایه‌یه، دوهه‌م به‌كاربردن چۆن ئه‌و شته خه‌رجده‌كرێت، سێهه‌م بریتییه له كاڵا‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان، چواره‌م دابه‌شكردن، پێنجه‌میش دوباره‌ی دابه‌شكردنه‌وه، به‌جۆرێك كه حكومه‌ت چۆن چه‌ند ماڵێك وه‌ربگرێت له‌ده‌وڵه‌مه‌ندو كۆمپانیاكان‌و جارێكی دیكه بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆسه‌ر چینی هه‌ژار، بۆ ئه‌وه‌ی جۆره هاوسه‌نگییه‌ك دروستبكات، یان ئه‌و سامانانه خه‌رجبكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی، قورئانی پیرۆز به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسی له‌م پێنج چالاكییه كردوه، هه‌روه‌ها سوننه‌ش ئاماژه‌ی پێكردوه.
رۆژنامه: زانایانی ئیسلام چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و باسه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: هه‌ندێكیان به‌كتێبی گشتی، به‌شێكیشیان به‌كتێبی تایبه‌ت باسیان لێوه‌كردوه، ئه‌وانه‌ی كتێبی تایبه‌ت بێت زیاتر له سێسه‌د كتێب گه‌یشتوه‌ته ئێمه، وه‌ك كتێبی خهراجو ئه‌موال.
رۆژنامه: له روی ئایدیۆلۆژییه‌وه ئیسلام چ پانتاییه‌كی له‌و بواره‌دا داگیركردوه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: به نیسبه‌ت سیستم‌و ئایدیۆلۆژیاوه، ئیسلام خۆی عه‌قیده‌یه‌و ئایدیۆلۆژییهتێكی جیاوازه، ئه‌مه زۆرزۆر شتێكی سروشتییه كه تێڕوانینی بۆ ژیان جیاوازبێت له‌گه‌ڵ تێورییهكی ئیشتیراكی یان سه‌رمایه‌داریی، له واقیعیشدا زۆر جیاوازه، بۆنمونه گرنگترین بنه‌ما له‌و بوره‌دا خاوه‌ندارێتییه، هه‌میشه ئایدۆلۆژییه‌ت ئابوریی ده‌گۆڕێت به‌هۆی ته‌ماشاكردنی بۆ خاوه‌ندارێتی، سهرمایهداراێتی وا ته‌ماشای خاوه‌ندارێتی ده‌كات كه ده‌بێت ئازاد بێت‌و كه‌س ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تیش ده‌ستوه‌رنه‌داته ناوی، مه‌گه‌ر رێنماییه‌كی كه‌می هه‌بێت، ئیشتیراكیش وا ته‌ماش ده‌كات كه ره‌گه‌زه‌كانی وه‌به‌رهێنان موڵكی ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام ئیسلام سود له هه‌ردوكیان وه‌رده‌گرێت. چه‌ند كۆت‌و به‌ندێكی داناوه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی، به‌جۆرێك كه هه‌ر پێنج بواره‌كه‌ی گرتوته‌وه كه له‌وانی دیكه‌دا نییه، له سه‌رمایه‌داریدا خاوه‌ندارێتیی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵام له ئیسلامدا سێ جۆر خاوه‌ندارێتی هه‌یه، یه‌كێكیان خاوه‌ندارێتیی تاكه، به‌ڵام چه‌ند كۆتێكی ده‌خرێته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی ببینێت بۆ وه‌زیفه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، دوه‌م خاوه‌ندارێتیی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بتوانێت ئاڕاسته‌ی ئابوریی وڵات بكات به‌و جۆره‌ی كه خۆی ده‌یه‌وێت، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ماڵ‌و حاڵی نه‌بو ئه‌وا ناتوانێت ئاڕاسته بكات.
بۆ نمونه هارونه ره‌شید، كاری وا بوه له هاویندا هه‌رچی به‌رهه‌می جوتیار هه‌بو به پاره‌یه‌كی زۆر باش ده‌یكڕی، چه‌نده‌ها ئه‌مباری دروستده‌كرد كه زستان ده‌هات له عێراق‌و غه‌یری عێراق ئه‌وه‌ی كه ئه‌مباری كردوه ده‌یفرۆشته‌وه، ئه‌وه سیاسه‌تی هاوسهنگیگردنه له‌نێوان خواست‌و خستنهڕودا، ئه‌وه‌ش پێیده‌وترێت ته‌حه‌كوم.
جگه له‌وه‌ش ده‌وڵه‌ت خاوهندارێتییهكی سێهه‌می هه‌یه كه پێیده‌وترێت خاوه‌ندارێتیی گشتی، كه چاودێرییه له‌سه‌ر پإۆژهی گه‌وره، وه‌ك نهوتو ئاو‌و شاخه‌كان كه ئه‌مانه موڵكی خۆی نییه‌و موڵكی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام كێ نوێنه‌ری خه‌ڵكه؟ دیاره حكومه‌ت.
كه‌وابو وه‌ك فه‌لسه‌فه‌و سیستم زۆر زۆر به‌جوانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بوارانه‌دا دهكاتو روئیایه‌كی خۆی هه‌یه.
به نیسبه‌ت تیۆره‌ی ئابوریی ئیسلامییه‌وه، ده‌توانین بڵێین وه‌ك ئابوریی وه‌زعی كه ئێستا زۆر پێشكه‌وتوه ره‌نگه تیۆره‌ی زۆری تێدا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بنه‌ماو بناغه ئه‌وا ته‌ماشا ده‌كه‌ین ئاینی ئیسلام بوارمان ده‌دات كه ئینتیڵاق بكه‌ین له‌و بنه‌مایانه بۆ چه‌ندین گریمانه‌ی زانستیی ئابوریی.
زانایانی پێشوی خۆمان وه‌ك ئه‌بو حه‌نیفه، بیرۆكه‌یه‌كیان داناوه كه بریتییه له گریمانه‌و سیناریۆكان، كه‌وابو زانایانی ئیسلام به حوكمی ئه‌وه‌ی ئیجتیهاد شتێكی پێویسته ئیسلام زۆر هانی ئه‌و بواره ده‌دات، بۆیه زانایان له ئێستادا چه‌ندین تێۆره‌ی باشیان دروستكردوه‌و توانیویانه چاره‌سه‌ری بكه‌ن. من وا ده‌زانم ئه‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌و جیهان هه‌موی به‌گشتی ده‌یه‌وێت كه‌ڵك له ئابوریی ئیسلامیی وه‌ربگرێت، به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر به‌هێزه له‌وه‌ی ئاینی ئیسلام ئابورییه‌كی هه‌یه كه ده‌توانێت پێشكه‌شی جیهانی بكات.
دواترین شت ئه‌وه‌یه كه گۆڤاری وته‌بێژی فه‌رمیی حكومه‌تی ڤاتیكتان ده‌ڵێت، هیچ بوارێك نییه بۆ ده‌بازبون له‌م قه‌یرانه داراییه، به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌خلاقیاتی ئابوریی ئیسلامیی‌و بانكی ئیسلامیی، چونكه ئه‌م قه‌یرانه له واقیعدا قه‌یرانێكی ئه‌خلاقییه، به ئابورییه‌كی ئه‌خلاقی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت كه ئه‌ویش ئابوریی ئیسلامییه.
رۆژنامه: بۆچی قه‌یرانی ئابوریی وڵاتانی ئیسلامیی ده‌گرێته‌وه، له كاتێكدا زۆرێك له‌شاره‌زایانی ئابوریی ئیسلامیی پێیانوایه كه (سود)و ریبا هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و قه‌یرانه‌ن كه ئابوریی خۆرئاوا گیرۆده‌ی بوه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: دیاره سیستمی ئابوریی جیهانی (سه‌رمایه‌داریی) له هه‌مو وڵاتێكدا جێبه‌جێده‌كرێت، ته‌نانه‌ت سعودیه زۆربه‌ی بانكه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای سهرمایهداریو ریبه‌وی دامه‌زراوه، جا له‌به‌رئه‌وه شتێكی زۆر سروشتییه كه ئه‌و وڵاتانه‌ش بگرێته‌وه، جگه له‌و بانكه ئیسلامییانه نه‌بێت كه‌وا دروستكراون‌و تائێستاش دورن له قه‌یرانه داراییه‌كه، به‌ڵام دور نین له قه‌یرانه ئابورییه‌كه، ئێستا جیهان له سێ قه‌یراندایه، قه‌یرانێكی دارایی هه‌بو كه له بانك‌و بۆرسهكانهوه دهستیپێكردو چه‌ندین بانك به‌هۆیه‌وه مایه‌پوچبونی خۆیان راگه‌یاند كه له ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌دا كاریكرده سه‌ر سیوله له بۆرسه‌و پێیده‌وترێت قه‌یرانی دارایی.
ده‌ره‌نجامی ئه‌وه گۆڕا بۆ قه‌یرانێكی ئابوریی، وه‌ك متبون(ركود) به جۆرێك كه بێكارییه‌كی زۆر بڵاوبوه‌وه، به جۆرێك كه دو تا سێ ملیۆن كه‌س به بێكاریی ماونه‌ته‌وه، ئێستا له جیهاندا بیست ملیۆن كه‌س بێكاره، كه‌واته قه‌یرانی ئابوریی بریتییه له متبونو بێكاریی‌و هه‌ڵاوسان، له‌م قه‌یرانه ئابورییه‌وه قه‌یرانی بازرگانیی دروستده‌بێت، واته به‌كاربردن كه‌مده‌بێته‌وه، چونكه توانای كڕین كه‌مده‌بێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وڵاته گه‌وره‌كان پێویستیان به بازاڕه، به‌ڵام كاتێك به‌كاربه‌ر پاره‌ی كه‌مده‌بێته‌وه ئه‌وا توانای كڕینی نامێنێت.
گۆردن براون، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، وتی "ئێمه له لوتكه‌ی بیستی یهكهمو دوه‌مدا، هه‌وڵماندا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سه‌رمایه‌داریی خۆمان بكه‌ین، ئێستا ده‌زانین قه‌یرانه‌كه قوڵتربوهتهوه، چونكه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری به‌رهه‌مهێنان بكه‌ین، ئه‌ی چۆن چاره‌سه‌ری به‌كاربردن بكه‌ین".
بۆیه خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێت"والآرض وضعها للانام"، ئه‌م زه‌وییه‌مان دروستكردوه بۆ هه‌مو به‌شه‌ر نه‌ك ته‌نیا بۆ سهرمایهدارو ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌گه‌ر به‌شێك به‌باشی كاری تێدا نه‌كرد دوایی زیانه‌كه بۆخۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێستا سه‌رمایه‌داریی له لوتكه‌ی بیستی یهكهمو دوهه‌مدا سه‌ده‌ها ملیاریان دانا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، تاڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتن، به‌ڵام دواتر قه‌یرانه‌كه زیاتر په‌ره‌یسه‌ندو بڵاوه‌یكرد.
ئێستا جیهان كه نزیكه‌ی شه‌ش ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن كه‌سه، ئه‌وروپای خۆرئاوا له‌گه‌ڵ یابان‌و چین (چینیش هه‌موی نا) ده‌چێته یه‌ك ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌واته نزیكه‌ی پێنج ملیار كه‌س هه‌موی كه موحتاجهو به‌كاربه‌ره، جا ئه‌گه‌ر توانای كڕینی نه‌بێت چۆن ده‌بێت؟
بۆیه ئه‌و قه‌یرانه قه‌یرانێكی جیهانییه، چونكه قه‌یرانێكی سه‌رمایه‌دارییه، سهرمایهدارێتیش له هه‌مو جیهاندا جێبه‌جێده‌كرێت، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه هه‌ن له جیهانی خۆماندا، زۆرینه‌ی ئه‌و بانكانه‌ی له جیهانی عهرهبیو ئیسلامی‌و ئه‌فریقیدا ئیشده‌كه‌ن، هه‌موی ته‌قریبه‌ن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیستمی سوددا ده‌كه‌ن، زۆربه‌یان مامه‌ڵه‌یان كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نه‌داتانه‌ی كه‌وا ئه‌مریكا ده‌ریكرد به‌هۆی قه‌رزی خانوبه‌ره‌وه كه نزیكه‌ی (19)تریلیۆن دۆلار بو كه خرابوهڕو بۆ هه‌مو جیهان، جیهانیش هه‌موی پیشوازی له‌و سه‌نه‌داتانه كرد، چونكه یه‌ك بانك‌و سێ كۆمپانیای گه‌وره، به‌دوای ئه‌و سهنهداتانهوه بون، له روكه‌شدا گه‌وره‌ترین پشت‌و په‌نا هه‌بو بۆ ئه‌و سه‌نه‌داتانه، چونكه بانكی لیمان برازهرزی چواره‌م گه‌وره‌ترین بانكی جیهانی دروستیكردبو كه ته‌مه‌نی زیاتر له (150)ساڵه، له‌دوای ئه‌وه‌شه‌وه ئه‌و بانكه سێ كۆمپانیای دیكه‌ی كرد به گره‌نتی بۆ خۆی، گه‌وره‌ترین كۆمپانیایان كه (1938)دروستبو كه یه‌كێك بو له گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی خانوبه‌ره، دوای ئه‌وه (فریدیماك)، دواتر یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی بیمه (ئه‌ی ئای جی)، ئه‌مانه هه‌مویان گره‌نتی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كاتێك پێشبینییانكردو پێشنیازیانكرد بۆ ئێمه‌و بۆ بانكی ئسلامیی، ئێمه وتمان مه‌جالی تێدا نییه‌و ئه‌وه له‌سه‌ر سود بنیاد نراوه، به‌و گره‌نتییه گه‌وره‌وه ئه‌و كێشه‌یه رویدا، بۆ نمونه وڵاتانی كه‌نداو زیانێكی زۆریان لێكه‌وتوه. له راستیدا ئابوریی وه‌ك زنجیرێك وایه كه حه‌لقه‌یه‌كی پچڕا ئیتر ئه‌وانی دیكه‌ش به‌دوایدا دێن، بۆیه ئه‌و بانك‌و كۆمپانیایانه به‌دوای یه‌كدا روخان‌و ههرهسیانهێنا.
رۆژنامه: ئێوه، وه‌ك زانایه‌كی ئابوریی ئیسلامیی، هیچ پێشنیازێك خراوه‌ته به‌رده‌متان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه تا قسه‌تان هه‌بێت له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه له‌م ماوه‌یه‌دا له‌چه‌ندین شوێنه‌وه داوامانلێكراوه، له به‌ریتانیاوه كه ده‌یه‌وێت له‌نده‌ن بكاته سه‌نته‌ری ئابوریی ئیسلامیی، ئێستا قه‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی ئیسلامیی به‌هۆی ئه‌و بانكانه‌ی كه له‌به‌ریتانیادا كارده‌كه‌ن ده‌چێته (25)ملیار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له بانكه گه‌وره‌كان كه(ئێچ ئێس بی سی)یه، لقی زۆری بانكی ئیسلامیی هه‌یه‌و بانكێكی ئیسلامیی به‌ناوی(الامانه)ه‌وه كردوه‌ته‌وه، ئه‌و بانكه شانازی ده‌كات به‌وه‌ی كه ئه‌و لقانه‌ی هه‌یه، چونكه توانوییه‌تی له‌م قه‌یرانه رزگاریببێت.
دوهه‌م شوێن كه زۆر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، سود ببینبێت له ئابوریی ئیسلامیی فه‌ڕه‌نسایه به تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ئابوریی، وه‌زیری ئابوریی ئه‌و وڵاته وتویه‌تی، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئابورییه‌ك دروست بكه‌ین بۆ فه‌ڕه‌نساو سود له ئابوریی ئێوه وه‌ربگرین كه ئابورییه‌كی ئیسلامییه، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئابورییه‌ك كه نه قومارو نه ئه‌گه‌ریشی تێدا بێت، ئه‌وه‌ش شتێكی زۆر واقیعییه‌و پێده‌وترێت ئابوریی حه‌قیقی.
له ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌دا كۆنگره‌یه‌كمان به‌ست له فه‌ڕه‌نساو دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره دروستكرا كه من یه‌كێكم له دامه‌زرێنه‌ره‌كان به ناوی(دامه‌زراوی دارایی فه‌ره‌نسی)، ئێستا یه‌ك دو بانكێك دروستبوه، به‌ڵام هیوا وایه كه پاریس ببێته یه‌كێك له پایته‌خته‌كانی سه‌یره‌فه‌ی ئیسلامیی، هه‌روه‌ها كۆنگره‌یه‌كمان له ئیتاڵیا به‌ست ئه‌وانیش به نیازن، هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیاش به‌هه‌مانشێوه.
رۆژنامه: به‌م دۆخه‌وه، ئایا پێتانوایه سه‌رمایه‌داریی روخاوه، یان نا؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه ده‌ڵێین بنه‌مای سه‌رمایه‌داریی وه‌ك فیكر‌و زانست روخاوه، به‌ڵام مانای وانییه سیستمی دراوی جیهانی روخاوه، هه‌مو فیكرێك كۆمه‌ڵێك بنه‌مای هه‌یه، بۆیه بنه‌مای فیكری سیستمی سه‌رمایه‌داریی به‌ته‌واوی روخاوه، چونكه بنه‌مای ئه‌و فیكره ئازادی خاوه‌ندارێتیی تاكه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت ناتوانێت ده‌ستوه‌ربداته كاروباره‌كانه‌وه، ئه‌مڕۆ له‌و بواره‌دا وڵاتانی ئه‌وروپی نه‌ك ده‌ستوه‌رده‌داته كاروباره‌كانه‌وه، به‌ڵكو بیمه‌شیان ده‌كات، به دانپێدانانی هه‌رچی جیهان هه‌یه بیمه سه‌دو هه‌شتا نمره دژی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه، بیمه‌و دڵنیایی شیوعیه‌ته، بیمه ئیسلامه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا.
رۆژنامه: ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه پێشتر بارودۆخه‌كه به‌و جۆره نه‌بو؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: به‌پێی یاسا نه‌خێر نه‌یانده‌توانی، به‌ڵام كه قه‌یرانه‌كه رویدا خه‌رقی هه‌مو یاسایه‌كیان كرد، ئه‌وه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دو یاسا هه‌یه له سیستمی سه‌رمایه‌دارییدا كه یه‌كێكیان یاسای خواست‌و خستنه‌ڕوه بۆ كاڵا‌و خزمه‌تگوزاریی، ئه‌و یاسایه ده‌توانێت ته‌حه‌كوم بكات، به‌ڵام له‌م قه‌یرانه‌دا نه‌یتوانی، یاسای دوهه‌میان بۆ مه‌سه‌له‌ی سود كه سه‌نگی تهحهكومه بۆ ئاڕاسته‌كردنی دراو، دیسانه‌وه ئه‌ویش نه‌یتوانی، به‌ڵكو رێژه‌ی سود هاته سه‌ر سفر.
شتێك هه‌یه له سه‌رمایه‌دارییدا پێیده‌وترێت (ده‌ستی شاراوه)، گوایا وازی لێبهێنه ئه‌و ده‌سته مه‌سه‌له‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وه سیستمی بازاڕه به‌جۆرێك كه خۆی حوكم ده‌كات، قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی رۆژانه پێش قه‌یرانه‌كه گه‌یشته (655)تریلیۆن دۆلار بۆ هه‌مو رۆژێك، به‌ڵام قه‌باره‌ی حه‌قیقی خۆی (5%)بو، ئێستا جیهان ئاگاداره له‌وه‌ی كه ده‌بێت بازاڕه‌كان رێكبخرێن‌و دیسپلین بكرێن، بۆیه نابێت ئه‌و بواره بدرێت، چونكه ده‌ستی شاراوه تێكیداوه.
رۆژنامه: رای سه‌ركردایه‌تیی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق چییه، ئایا مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا لای ئه‌وان باشتره یان باڵاده‌ستبونی شیعه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: خۆزگه هه‌مو قیاده‌ی عه‌ره‌ب یه‌ك بۆچونیان هه‌بوایه، هه‌ركامێكیان بوایه قه‌ی نه‌ده‌كرد. هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بیرده‌كاته‌وه‌و سیاسه‌تێكی ئاشكرا‌و مولته‌زیمیان نییه به‌رامبه‌ر به عێراق، بۆنمونه كوه‌یت به‌جۆرێك بیرده‌كاته‌وه‌و سعودیه‌و ئیمارات‌و قه‌ته‌ریش هه‌ر یه‌ك به‌جۆرێكی دیكه بیرده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی وایكردوه كه تائێستا عه‌ره‌ب هیچ به‌رنامه‌و هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شیان نه‌بێت به‌رامبه‌ر به (داگیركردنی عێراق) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كانیش وایانپێدهڵێن، ئه‌وه‌یه كه مامه‌ڵه‌كردنێكی فهردییان هه‌یه له چوارچێوه‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كی لاوهكیدا.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر هه‌بوایه، ئایا بونی سیاسه‌تێكی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به ئهمریكاو عێراق له‌م قۆناغه‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بو یان زیانی به كورد ده‌گه‌یاند؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: من واده‌زانم كه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی رون‌و هاوبه‌شیان هه‌بوایه، ئێمه ده‌مانتوانی سودی لێببینین، چونكه ئه‌وكات عه‌ره‌ب ناچار ده‌بون له‌گه‌ڵ هه‌مو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق قسه بكهنو له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و گفتوگۆیه‌دا سیاسهتو ستراتیژی خۆیان دابنێن، ئه‌وكاتیش جیهانی عه‌ره‌بی زیاتر تهفاعولو ته‌عامولی له‌گه‌ڵ كورد ده‌بو، كوردیش به‌هه‌مانشێوه، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وته ئه‌ستۆی سه‌ركردایه‌تیی كورد كه چه‌ند ده‌یتوانی له‌و بواره‌دا ئیش بكات‌و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات.
رۆژنامه: ئێوه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی كاریگهرو ناوداری جیهانی عه‌ره‌بی، چیتانكردوه بۆ دروستبونی په‌یوه‌ندییه‌كی له‌وجۆره؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: پێش ئه‌وه‌ی رژێمی سه‌دام حسه‌ین بڕوخێت، پڕۆژه‌یه‌كم ئاماده‌كردو گه‌یشته ده‌ستی زۆربه‌ی ئه‌میرو گه‌وره‌كانی عه‌ره‌ب، داوامكردبو دانیشتن بكرێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق دیاریبكرێت.
ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌عیه‌تمان عێراقی نه‌بوایه، ده‌مانتوانی لایه‌نی سێیه‌م بهێنینه ناو ململانێ‌و ناكۆكییهكانو ئه‌وكات چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئاسانتر ده‌بو. بۆ نمونه، ئه‌گه‌ر لایه‌نی سێیه‌م هه‌بوایه بۆ چاودێریكردنی ماده‌ی (140) ئه‌و كات شكاتی خۆمان له‌وێ دهكردو ئه‌وه‌ش باشتر بو به‌و مه‌رجه‌ی كه بمانویستایه سودی لێببینینو بشمانزانیایه چۆن سودی لێببینین.
رۆژنامه: هۆكاری ئه‌وه چی بو كه سه‌ركرده‌و میره‌كانی عه‌ره‌ب به‌ده‌م ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌وه نه‌چون، له‌كاتێكدا خۆرئاوا چه‌ند ساڵێك پێش روخانی رژێمی به‌عس خۆی بۆ ئه‌و واقیعه ئاماده‌كردبو؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆره جیهانی عه‌ره‌بی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی به‌و جۆره‌ی نییه كه هه‌مویان له‌سه‌ر رێكبكهونو بۆچونێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت له‌سه‌ری. ئێستا زۆربه‌یان ته‌نیا سه‌یری به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان دهكهنو متمانه‌یان به یه‌كتری نییه، جگه له‌وه‌ش ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بوه‌و ئیشیان به باشی رۆیشتوه به‌ڕێوه، وا ده‌زانن كه ئه‌وه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام وا نییه. خودا ده‌فه‌رموێت "والآرض وضعها للانام". ئه‌م زه‌وییه بۆ هه‌مو مرۆڤایه‌تییه‌و ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵك له ئیسراحه‌تدا بون‌و ئه‌وانی دیكه له كێشه‌دا بون، وا مه‌زانه ئه‌و ئیسراحه‌ته هه‌میشه‌ییه‌و كێشه‌كان روی تێناكه‌ن. ئه‌مڕۆ بێت، سبه‌ی یان دو سبه‌ی، ئه‌و كێشانه بڵاوهدهكاتو یه‌خه‌ی خه‌ڵكه ئیسراحهتهكهش ده‌گرێت.
رۆژنامه: ئێران ئه‌و كێشانه بڵاوده‌كاته‌وه تا یه‌خه‌ی عه‌ره‌به ئیسراحهتهكان بگرێت، یان ئه‌مریكا؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: هه‌ریه‌ك له ئێران‌و ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌یه، من هیچ كات ره‌خنه له ئهمریكاو ئێران ناگرم كه چی دهكهنو چی ناكه‌ن، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی كورد چی ده‌كه‌ین، عێراق چی ده‌كات، عه‌ره‌ب چی ده‌كات.. مه‌فهومێكی قورئانی هه‌یه كه ده‌فه‌رموێت، تاوانی خۆتان مه‌خه‌نه گه‌ردنی به‌رامبه‌ره‌كانتان، نمونه‌ش به شه‌ڕی ئحود ده‌هێنێته‌وه.
زۆرجار سه‌ركرده‌كانی ئێمه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مریكا نه‌یهێشت، عێراق وایكرد، حكومه‌ته‌كانی ده‌رودراوسێ وا مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت بپرسین ئه‌ی خۆمان چیمانكرد؟
رۆژنامه: لایه‌نی سێیه‌م كه به‌فیعلی لایه‌نی سێیه‌م بێت‌و كێشه‌كانی ببرێته به‌رده‌م، له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌بدا له عێراقدا نییه، نه ئه‌میرو سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یان كرد، نه له ئێستادا ئه‌مریكاییه‌كانیش ئه‌وه ده‌كه‌ن، له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر هه‌بوایه، سلبیاتو ئیجابیاتی لایه‌نی سێیه‌م چی بو؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئه‌گه‌ر هه‌بێت، هه‌ندێكجار سلبیهو هه‌ندێكجاریش ئیجابیه، به‌ڵام سلبیبونو ئیجابیبونی لایه‌نی سێیه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانا‌و شاره‌زایی ئێمه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا. بۆ ئێمه‌ی كورد كه له ململانێداین، سیاسه‌ت بریتییه له ئیداره‌كردنی ملاملانێكهو سود وه‌رگرتن له بۆشاییه‌ك له‌ملاو بۆشاییه‌ك له‌ولاو له‌ده‌ستنه‌دانی فرسه‌ت، چونكه ئه‌گه‌ر فرسه‌ت له‌ده‌ست بده‌یت، جارێكی دیكه بۆت ناگهإێتهوه. له‌حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر لایه‌نی سێیه‌م هه‌بوایه، ده‌بو ئه‌وه‌مان بپرسیایه كه ئایا توانیومانه حه‌قیقه‌تی كێشه‌ی خۆمان بگه‌یه‌نین به میلله‌ته‌كانی چوارده‌ورمان كه بمانهوێتو نه‌مانه‌وێت، هه‌مو موسڵمانن، ئایا چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردون، چونكه كاری سه‌ره‌تاو سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئه‌مانه قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ین، جگه له‌وه‌ش ده‌بێت ئێمه ئیستسماری قوه‌تی خۆمان بكه‌ین‌و ئیستغلالو ئیستسماری ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه لایه‌نی دوه‌م زه‌عیفه.
رۆژنامه: بۆچونت له‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ی ئێستا چییه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه تا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا پته‌وتربێت باشتره، چونكه به‌پێی ده‌ستور ئێمه به‌شێكین له عێراق، جگه له‌وه‌ش له مێژوی عێراقدا یه‌كه‌مجاره كه رێكده‌كه‌وێت سه‌رۆك كۆمار‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كورد بن. واته ناوه‌وده‌ره‌وه هه‌ردو به ده‌ستی كورده‌وه‌ن…
رۆژنامه: ئه‌و كێشانه‌ی رۆژانه له میدیاكاندا باس ده‌كرێن له‌نێوان عێراق‌و كوردستاندا، ئایا كێشه‌ی سه‌ركرده‌كانه یان نێوان نه‌ته‌وه‌كانه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: ناتوانم بڵێم كێشه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌كانه، به‌ڵام ئه‌وانیش كاریگه‌رییان هه‌یه، چونكه تا ئێستاش زۆربه‌ی گه‌لی عه‌ره‌ب رازی نین به مافه‌كانی گه‌لی كورد‌و ئێمه‌ش نه‌مانتوانیوه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان پێ بكه‌ین. جاری وا هه‌بوه كۆمه‌ڵێك شتمان ئیسارهكردوه كه ئه‌وله‌ویاتی ئیشه‌كان نه‌بوه. بۆ نمونه، ئایا ئێمه شه‌ڕ له سه‌ر شوێنی نه‌وته‌كه بكه‌ین كه كه‌ركوكه، یان شه‌ڕ بكه‌ین له سه‌ر یاسای نه‌وت؟ ئایا ئه‌وه سودی هه‌یه، ئیساره‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ده‌بینه دهوڵهتو ئه‌مه‌و ئه‌وه ده‌كه‌ین، یان حه‌قیقه‌ته‌كه بڵێین كه ئێستا به‌شێكین له عێراق.. زمانی ئیسارهكردن بۆ لاواز باشه.
لای من زمانی عهمهلێكی سیاسیی موتتقهن له‌گه‌ڵ خۆ به‌لاواز پیشاندان بۆ كورد باشه. بۆنمونه، جوله‌كه (300)بۆمبی ئه‌تۆمی هه‌یه، كه‌چی هه‌ر خۆیان به مهزڵومو لاواز پیشانده‌ده‌ن. به‌رده‌وام باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ند ملیۆنێكنو له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی عهرهبدانو ئه‌منییه‌تیان له مه‌ترسیدایه. له دوای هۆڵۆكۆسته‌وه له ساڵی (1936)ه‌وه تا ئێستا جوله‌كه هه‌ر خه‌ریكی شیوه‌نه بۆ مه‌زڵومیه‌تی خۆی‌و وازیش له‌و سیاسه‌ته ناهێنێت، به‌ڵام ئایا ئێمه چیمانكرد بۆ هۆڵۆكۆستی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، ئایا بۆی ده‌گرین یان خه‌ریكی ههڵپهڕكێو سه‌ماین؟ به رای من گه‌لی كورد پێویستی به رۆشنبیرییه‌كی قوڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چۆن ده‌گاته مافه‌كانی خۆی.
رۆژنامه: له‌م كاته‌دا، جهدوا ئابوری‌و سیاسییه‌كه‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه چییه؟
عه‌لی قه‌ره‌داغی: له‌ڕوی ئیعلامییه‌وه ئه‌وه شتێكی زۆر خۆشه كه كوردستان نه‌وتی خۆی بنیرێتهوه ده‌ره‌وه، به‌ڵام له‌ڕوی سیاسییه‌وه وا ده‌زانم كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كات، چونكه ئه‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر سیاسه‌تی (ئیستیزعافی زاهیری له‌گه‌ڵ قوه‌تی داخلی، یان سیاسه‌تی ئیستیقوای زاهیری له‌گه‌ڵ زوعفی داخلی)، ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌م كاته‌دا هه‌ر له‌و جوزئهیه. وا نازانم ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت جهدوا ئابورییه‌كه‌ی به‌وجۆره بێت، تا ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، چونكه پاره‌كه ده‌چێته‌وه بانكی مه‌ركه‌زی له به‌غدا. رای من ئه‌وه‌یه كه ده‌بو له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆمان بكه‌ین، بێئه‌وه‌ی ئیساره‌ی كه‌سی دیكه بكه‌ین.. دو بیری نهوتو ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی، به‌راورد به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك‌و هه‌مو كێشه‌كانی دیكه، ئه‌و ئههمییهتهی نییه. تۆ كاتێك ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به‌راورد ده‌كه‌یت به‌وه‌ی ئیساره‌ی هه‌مو رای جیهانی ده‌كه‌یت به‌وه‌ی كوردستان ده‌یه‌وێت ببێته ده‌وڵه‌ت، ئه‌و كاتیش ئه‌وان ناهێڵن كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كوردستان كه هه‌موی نه‌وته، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینه حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به سیاسه‌تی زوعفی زاهیریو قوه‌ی داخلی ئیش بكه‌ین، ئه‌وه لهبهرژهوهندیماندایه.