Print
 بێكاریی‌، ده‌رده‌ كوشنده‌كه‌
Tuesday, August 18, 2009

راپۆرت: بارزان حه‌سه‌ن

 دوای‌ راگه‌یاندنی‌ راپۆرتێكی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان،  كه‌ ساڵی‌ پار بڵاوی‌ كرده‌وه‌  رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ له‌ عێراق ده‌گاته‌ له‌ (18%)، له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كوردستان  رای‌ ده‌گه‌یه‌نێت؛ تاكو ئێستا ئامارێكی‌ ره‌سمیان له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌، تاكو بزانن رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ بزانن، به‌ڵام زانیارییان هه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراق كه‌متره‌، هاوكات به‌پێی‌ ئامارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ كوردستان رێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ (4.7%). 

چاودێرانی‌ ئابوری‌ پێیانوایه‌ هه‌رچه‌نده‌ رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ له‌ كوردستان كه‌متره‌ له‌ به‌رامبه‌ر عێراق، به‌ڵام وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م رێژه‌یه‌ش له‌ كوردستان به‌رزبونه‌وه‌ به‌خۆوه‌ ببینێت‌و ئه‌وه‌ش بۆ نه‌بونی‌ پلانێكی‌ تۆكمه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌.

موزه‌فه‌ر هه‌مزه‌  ئابوریناس هۆكاری‌ ئه‌م  زیادبونی‌ بێكارییه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ قۆرخكردنی‌ كۆمپانیاكان له‌لایه‌ن هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، به‌ بڕوای‌ ئه‌و وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ چۆنیه‌تی‌ به‌كارخستنی‌ هێزی‌ كار له‌ كوردستاندا، وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ هه‌ستێت.
ئه‌و ئابوریناسه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ قوتابیانی‌ زانكۆو په‌یمانگه‌كان ته‌خه‌روج ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی‌ كه‌م شاره‌زاییان له‌و بواره‌ تایبه‌تییه‌ی‌ خۆیان، وایكردوه‌ كه‌ نه‌توانن له‌ ده‌زگا حكومی‌و تایبه‌ته‌كاندا كار بكه‌ن.

بێكاریی‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ ئابورییه‌كان، كه‌ زۆر جار وه‌ك قه‌یرانێكی‌ مه‌ترسیدار له‌ هه‌ندێك جێگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش به‌ تایبه‌ت كاتێك كه‌ ژماره‌و رێژه‌كه‌ی‌ له‌ هه‌ڵكشاندا بێت.
 له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا به‌ هۆی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كه‌رتی‌ گشتیی‌ "حكومیی‌"‌و چالاكنه‌بونی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ هاوڵاتیان بێكارن، ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای‌ شاره‌زایانی‌ ئه‌و بواره‌ زیانێكی‌ زۆر به‌ پێكهاته‌ی‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت‌و پێیانوایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كاتێكی‌ نزیكدا به‌ره‌نگاریی‌ نه‌كرێت، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

محه‌مه‌د حسێن  ته‌مه‌ن (50) ساڵ‌ كه‌ پێشتر ئیشی‌ ئاسنگه‌ریی ده‌كرد، ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌  به‌ بێكاریی‌ ماوه‌ته‌وه‌‌و ئیشی‌ ده‌ست ناكه‌وێت،  ئه‌و له‌ چایخانه‌یه‌ك دانیشتبو، باسی‌ له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ به‌ هۆی‌ هێنانی‌  رێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كرێكارانی‌ بیانییه‌وه‌  بۆ ناو هه‌رێمی‌ كوردستان كارپێكردنیان به‌ نرخێكی‌ گران‌و ئیشكردن به‌ كرێكاری‌ خۆماڵی‌  به‌ نرخێكی‌ هه‌رزان، هۆكاری‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ بێكارییه‌.

محه‌مه‌د، باسیشی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكاندا كاری كردوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان پرۆژه‌كانیان  به‌ نیوه‌ ناچڵ‌ به‌جێده‌هێڵن‌و ته‌واوی‌ ناكه‌ن، پاره‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی‌ جێده‌هێڵن، به‌ وته‌ی‌ خۆی‌؛ "توێژه‌كه‌ی‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن‌و بنتوێژ بۆ ئێمه‌ به‌جێ ده‌مێنێت"، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌، كه‌ ئیشكردن شتێكی‌ ئه‌سته‌م بێت.
 

Sbeiy.com © 2007