|
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ده‌سه‌ڵات نــــــازانێت حكومه‌تی سـێبهر چییـه |
Thursday, August 27, 2009 |
سازدانی: هیوا جه‌مال
رۆژنامه: بۆچونێك هه‌یه ده‌ڵێت به كشانه‌وه‌ی ئه‌و سێ كه‌سه (نه‌وشیروان مسته‌فا، محه‌مه‌د تۆفیق، عوسمان بانیمارانی) له لیسته‌كه‌دا، فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌ماندا به‌شێك له كاندیده به‌هێزه‌كانی له‌ده‌ستده‌دات، به‌ومانایه‌ی له‌ناو فراكسیۆنه‌كه‌دا به‌شدارنابن، تاچه‌ند متمانه‌تان به‌و كه‌سانه هه‌یه، كه ناردوتاننهته په‌رله‌مان؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: من پێموایه ده‌توانن جێ‌مان بگرنه‌وه، چونكه ئه‌م فراكسیۆنه به به‌رده‌وامیی هه‌مومان پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین‌و ئاڵوگۆرڕی بیروڕا ده‌كه‌ین، به‌رنامه‌ی سیاسی‌و به‌رنامه‌ی كاركردن پێكه‌وه داده‌نێین، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وانه‌ی ئێمه ده‌توانن جێی ئێمه بگرنه‌وه، بۆیه ئێمه كشاینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند شتێكی دیكه له‌به‌رده‌مماندایه، یه‌كێك له‌وانه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه، كه‌ده‌بێت كاری جدیی بۆبكهینو بڕیارمانداوه به لیستێكی جیاواز، به‌شداریی بكه‌ین له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا، بۆیه پێویستی به‌وه هه‌یه كه زۆربه‌ی كاته‌كانی خۆمانی بۆ ته‌رخان بكه‌ین. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویستی به‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تا له‌سه‌ر پێی خۆی به‌باشی ده‌وه‌ستێت ئیداره بكرێت.
رۆژنامه: هه‌رچه‌نده یه‌كه‌م دانیشتن پێوه‌ر نییه بۆ ئهكتیڤبون یان نه‌بونی فراكسیۆنی گۆڕان، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بۆچون له‌سه‌ر ئه‌و دانیشتنه هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه مه‌سه‌له‌ی نه‌ڕۆیشتنی ئێوه، به‌تایبه‌ت نه‌وشیروان مسته‌فایه، كه بۆچونه‌كه وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌وێ بوایه ئه‌وه‌ی رویدا نه‌ده‌بو؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: پێموایه ئه‌وه شتێكی شكڵییه، مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه ده‌كات یان كه‌م ته‌مه‌نترین هاوكاریی بكه‌ن، شكڵییه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌نگ نه‌درا له‌سه‌ر كاندیده‌كان راسته، ده‌بوایه، نه‌ك هه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان، به‌ڵكو چوار حیزبه‌كه‌و ئه‌وانی دیكه‌ش كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه بكردایه، كه یاسا جێبه‌جێبكرایه، په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان جێبهجێبكرایهو هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی به ده‌نگدان بوایه.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌ی بكردایه، هه‌مان سیناریۆ دوباره ده‌بوه‌وه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: له‌وانه‌یه دوباره نه‌بوایه‌ته‌وه، له‌وانه‌شه دوباره بوایه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌و لیستانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات، ده‌بوایه له‌سه‌ر ئه‌وه سوربونایه كه ده‌بێت بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
رۆژنامه: ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه چه‌تری فراكسیۆنهكهنو ده‌كرێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، چونكه كار بۆ به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی ئێوه ده‌كه‌ن، ئێوه هیچ لێپرسینه‌وه‌تان له فراكسیۆنی گۆڕان كردوه له‌سه‌ر ئه‌و رۆژه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا نه‌كردون، نامانه‌وێت وه‌ك حیزبه‌كانی دیكه، له‌ده‌ره‌وه وه‌ك چۆن مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌ندامه‌كانی ئاراسته دهكاتو له‌هه‌مو شتێكی كاروبارهكانیانیدا ته‌ده‌خول ده‌كات، ئێمه‌ش ئاراسته‌یان بكه‌ین. له‌به‌رئه‌وه لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا نه‌كردون، به‌ڵام هه‌روه‌ك وتم، ئێمه له‌نزیكه‌وه هاوكارییان ده‌كه‌ین، رێنماییان ده‌كه‌ین، یارمه‌تیان ده‌ده‌ین، بۆئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه له‌سه‌ر شانیانه جێبه‌جێی بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ین.
رۆژنامه: پێشتر به لیستی گۆڕان ده‌وترا لیستی فه‌وزه‌وییه‌كان، له په‌رله‌مانیشدا یه‌كێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان به زیاده‌وه سوێندی خوارد، ئه‌مه ئه‌و قسه‌یه‌ی پێشتر جێبه‌جێ نابێت له‌سه‌رتان؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: نا، ئه‌وه له كهمئهزمونیی ئه‌و برادهرهوهیه ئه‌و قسه زیادانه‌ی لهسوێندهكهیدا كردوه، ده‌بوایه پابه‌ند بوایه به ده‌قی سوێنده‌كه‌وه.
رۆژنامه: چه‌ندجارێك باسی ئه‌وه‌تان كردوه كه په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ ده‌كه‌ن، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان نه‌یتوانیوه (50+1)ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بباته‌وه، چۆن په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر لیستی ده‌سه‌ڵات حسابی بۆ نه‌كردن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:ده‌بێت له‌ئه‌ركی په‌رله‌مان تێبگه‌ین، كاتێك ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌بێت شه‌فافییه‌ت زیادده‌بێت، كه شه‌فافییه‌ت زیادبو په‌رله‌مان بیروبۆچونی چاكی هه‌بو، ره‌تكرایه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، یان له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه، ئه‌وكاته زۆرینه ئیحراج ده‌بێت له‌به‌رده‌م رای گشتیی، وه‌ك ده‌وترێت په‌رله‌مان نابێته په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنی تێدا نه‌بێت، مه‌به‌ستیان له‌وه‌یه كه له هه‌ر وڵاتێكدا گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی تێدانه‌بو شه‌فافییه‌تی تێدا نابێت، چونكه قسه‌كان له‌نێوان خۆیاندا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتو ئۆپۆزسیۆنی تێدابو، كه ته‌نیا لیستی گۆڕان نییه، لیستی چوار حیزبهكهشه، ره‌نگ هه‌یه ته‌نانه‌ت له‌ناو لیستی ده‌سه‌ڵاتیشدا كه‌سانێك هه‌بن كه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و پرۆژانه‌ی كه ئێمه پێشكه‌شی ده‌كه‌ین، یان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین یان داوای جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ین پاڵپشتیمان بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه كه وروژان له‌ناو په‌رله‌ماندا، كه هه‌مو له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی بو، بۆنمونه بودجه، كێشه‌ی ئابوری، نه‌بونی خانوبه‌ره بۆگه‌نجان .. تۆ كه ئه‌م مه‌سه‌لانه ده‌وروژێنیت ده‌گاته‌وه به‌خه‌ڵك، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت یان لیستی ده‌سه‌ڵاتدار بۆچونێكی سلبیی هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه، خۆی زیانی لێده‌كات. له‌به‌رئه‌وه زۆرجار ئه‌و پرۆژانه‌ی ئۆپۆزسیۆن پشتگیریی لێده‌كه‌ن یان له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا دیعایه‌ی بۆده‌كات‌و خه‌ڵك به‌لایه‌وه په‌سه‌نده، ده‌توانێت له‌ناو په‌رله‌ماندا به به‌رده‌وامیی بیوروژێنێت، ئه‌وه‌ش جۆرێك ده‌بێت له ئیحراجكردنی حكومه‌ت، بۆئه‌وه‌ی كه به‌شێك له‌و پرۆژانه به هه‌ند وه‌ربگرێت، چونكه خه‌ڵك ده‌یبیستێته‌وه كه ئه‌و پرۆژانه داواكراوه‌و پێشكه‌شكراوه، كه شه‌فافییه‌ت ئه‌م رۆڵه ده‌بینێت، پیشانی ده‌دات ئۆپۆزسیۆن داواكانی چییه؟ ئه‌گه‌ر به‌پیری ئه‌و داوایهنهوه نهچێتو جێبه‌جێیان نه‌كات، ئیحراجیی بۆ دهسهڵاتو حكومه‌ت دروستده‌كات.
رۆژنامه: پێتوایه ده‌سه‌ڵاتی كوردیی گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێت ئه‌م جۆره هه‌لانه بقۆزێته‌وه، ئه‌گه‌رچی به وته سه‌رۆكی نوێی پهرلهمانو سه‌رۆكی هه‌رێمیش ئه‌وه‌یان دوپاتكرده‌وه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:له خولی پێشوی ئه‌م په‌رله‌مانه‌دا، لیستی ده‌سه‌ڵات ژماره‌ی كورسییه‌كانی زۆرتربو، له‌به‌ر كهمتهرخهمیو كه‌موكوڕییه‌كانی حكومه‌ت، بوه هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كورسی بدۆڕێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان پاكترو رێكوپێكتر بوایه، ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتریش ده‌بو، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌رس له‌وه وهرنهگرێتو ئه‌وه ره‌چاو نه‌كات، چوار ساڵی دیكه هه‌ڵبژاردنێكی دیكه له‌به‌رده‌مدایه شه‌ش مانگی دیكه هه‌ڵبژاردنێكی دیكه له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌وه ده‌بێه هۆی زیاتر لاوازبونی لیستی دهسهڵاتو حكومه‌ت، بۆیه حكومه‌ت ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌و بیروبۆچونانه بكات، یان ئه‌و پرۆژانه بكات، كه له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه پێشكهشدهكرێن، چونكه خه‌ڵكی دهیبیستێتهوهو مه‌وزوعی به‌رژوه‌ندیی خه‌ڵكه، به‌ڵام حكومه‌ت گوێی پێنه‌داوه ئه‌وه به زیانی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت.
رۆژنامه: له‌وبڕوایه‌دایت ده‌سه‌ڵاتی كوردیی گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا قبوڵ بكات‌و په‌راوێزی نه‌خات؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:چۆن ده‌توانێت په‌راوێزی بخات، ئه‌وه نزیكه‌ی 38-40 ئه‌ندام په‌رله‌مان له ئۆپۆزسیۆنه هه‌ڵوێستیان جیاوازه له هه‌ڵوێستی حكومه‌ت، ئه‌مانه نوێنه‌رایه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ده‌كه‌ن، بێگومان ده‌بێت حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و لیسته‌دا بكات، خۆ كۆمه‌ڵێكی بچوك نین كه كه‌وتبنه ئه‌و شوێنهوهو كه‌س گوێیان لێنهگرێتو كه‌س به‌چالاكییه‌كانیان نه‌زانێت، ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی حكومهتو لیسته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه كه ئه‌وه ره‌چاو بكه‌ن. ئه‌وانه له‌وێن نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی زۆر له‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن، داواكانیان داواكاریی گشتییه به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی تێدانییه، بۆنمونه كه داوای شه‌فافییه‌ت ده‌كه‌ن داوای شه‌فافییه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ده‌كه‌ن، كه داوای نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی ده‌كه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه.
رۆژنامه: له‌ماوه‌ی دوهه‌فته‌ی رابردودا زۆر باسی حكومه‌تی سێبه‌ر كرا، ده‌سه‌ڵاتیش به‌شێوه‌یه‌كی دیكه تێی گه‌یشت...؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: زۆر به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵات نازانێت حكومه‌تی سێبه‌ر چییه. له‌به‌ریتانیا به ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن حكومه‌تی سێبه‌ر، له وڵاتێكی دیكه ناوی دیكه‌ی هه‌یه، حكومه‌تی سێبه‌ر، یانی ئۆپۆزسیۆن، بۆنمونه گریمان ئه‌م حكومه‌ته‌ی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی پێده‌درێت (20) وه‌زاره‌تی ده‌بێت، پێویسته لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌یه‌كه‌وه یان هه‌ریه‌كه به‌جیا خۆیان ئه‌و وه‌زاره‌تانه دابه‌ش بكه‌ن به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی خۆیاندا، جا به‌ته‌نیا ده‌یكه‌ن یان چه‌ند كه‌سێكن، یان چه‌ند كه‌سێك وه‌ك راوێژكار ده‌گرێت له‌سه‌ر مه‌ساریفی خۆی، به‌دواداچونی كاری ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌كات، بۆ نمونه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بزانێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه ده‌یدات چییه، پێویسته یه‌كێك وه‌زیری سێبه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌ته بێت، بزانێت ئه‌و وه‌زاره‌ته كاره‌كانی كه به‌ڵێنی داوه‌و ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه بۆی ته‌رخانكراوه وه‌ك خۆی جێبه‌جێی ده‌كات یان كه‌موكوڕیی تێدایه، ئه‌مه‌یه حكومه‌تی سێبه‌ر، خۆ حكومه‌تی سێبه‌ر ئه‌وه نییه حكومه‌تێك هه‌بێت ئه‌ویش بڕیار ده‌دات، به‌ڵام به‌داخه‌وه لێی تێناگه‌ن، كه‌وتونه‌ته خوێندن له حكومه‌تی سێبه‌ر، له هه‌ر وڵاتێك به ناوێك ناوی ده‌به‌ن، بۆ نمونه له په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا حكومه‌تی فه‌ره‌نسی هه‌یه، له په‌رله‌ماندا ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆنن له‌نێوان خۆیاندا دابهشیانكردوه، هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌ت به بوارێكو وه‌زاره‌تێك، ئه‌مه شتێكی زۆر سه‌رده‌میانه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌مویان له‌هه‌مو شتێك‌دا قسه بكه‌ن، كه‌سێك دێت به‌وردیی به‌دواداچون ده‌كات، بزانێت كاره‌كانی وه‌ك خۆی راده‌په‌ڕێنێت به‌ڵێنه‌كانی ده‌باته سه‌ر، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له‌سه‌ری هه‌ڵبژێردراوه جێبه‌جێی ده‌كات یان نا، ئه‌وه‌یه حكومه‌تی سێبه‌ر، جا چی ناوده‌نێن ناوی بنێن.
رۆژنامه: وه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان، به‌نیازی شتێكی له‌و جۆره‌ن، جا ناوی حكومه‌ت سێبه‌ر یان هه‌ر ناوێكی دیكه بێت؟
* ئێمه ناوی نانێین، به‌ڵام خۆ پێویسته له‌و (25) كه‌سه، ئه‌گه‌ر (20) وه‌زاره‌تیش هه‌بێت هه‌ریه‌كه‌یان ئیشه‌كانی وه‌زاره‌تێك بگرنه ئه‌ستۆ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچونی بۆبكات، بزانێت ئه‌و وه‌زاره‌ته سه‌ركه‌وتوه یان نا، ئیشه‌كانی رێك‌وپێك ده‌ڕوات یان نا، بودجه‌كه‌ی باش سه‌رف ده‌كات یان نا، خروقات ده‌كات یان نا، گه‌نده‌ڵیی تێدایه، ئه‌مه شتێك نییه، ئه‌مانه له‌خۆیانه‌وه كه‌وتونه‌ته هه‌را، نابێت لێی بترسن ئه‌وه ئاساییه.
رۆژنامه: ئه‌و چاودێری‌و به‌دواداچونه، په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌یكه‌ن، یان خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه راده‌سپێرن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:پێویسته ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌و كارانه بكه‌ن، به‌ڵام داوای یارمه‌تی له‌هه‌ركه‌س بكه‌ن ئاساییه، ده‌كرێت به ناڕه‌سمیی ته‌كلیف له خه‌ڵك بكه‌ن هاوكارییان بكه‌ن، رێنماییان بكه‌ن، یارمه‌تییان بده‌ن، كه‌موكوڕییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن، ئه‌وكه‌سه‌ش كه ئه‌و شتانه ده‌ڵێت بۆئه‌وه‌یه كه ئه‌و وه‌زاره‌ته ئیشه‌كانی به‌ره‌وپێش بڕوات. ئه‌و وه‌زاره‌ته بزانێت یه‌كێك هه‌یه چاوی لهسهریهتیو چاودێریی ده‌كات، ره‌نگه له‌م وڵاته‌ی ئێمه شتێكی نوێ بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مه ئیشی په‌رله‌مان بێت، بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئیشه‌كانی باش بڕوات پێیوسته ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌وێن هه‌ریه‌كه‌یان پسپۆڕیی له‌بوارێكدا په‌یدا بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن پرسیاری جدیی بكه‌ن، نه‌ك هه‌ركه‌سێك هه‌ستێت له‌م سه‌ری دنیاوه بۆئه‌وه سه‌ری دنیا قسه بكات بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن فڵانكه‌س قسه‌ی كرد، ئه‌مه له‌هه‌مو په‌رله‌مانێكی راسته‌قینه‌و حه‌قیقیدا هه‌یه.
رۆژنامه: پێشتر ره‌خنه‌ی ئه‌وه لهپهرلهمانتارهكان ده‌گیرا، كه بۆ دڵنهواییو پۆست وه‌رگرتن چون، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئێوه ناردوتانن، تایبه‌تمه‌ندیان تێدایه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:نه‌ك هه‌ر له لیسته‌كه‌ی ئێمه له لیسته‌كانی دیكه‌ش خه‌ڵك له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندێتیی دانه‌نراوه، به‌ڵام خۆیان ده‌بێت راوێژكار بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیشه‌كان له‌نێوان ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌دا دابه‌شكران هه‌ركه‌سیان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌ركه‌وت، ئه‌وكاته ده‌توانێت داوای یارمه‌تی له‌كه‌سی دیكه بكات، بۆئه‌وه‌ی رێنمایی بكهنو لێكۆڵینه‌وه‌و پێشنیازی بۆبكه‌ن، ئه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه چه‌ند چالاكه. سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بوارێكی دیاریكراو هه‌ڵبژێرێت ئه‌وكاته گفتوگۆكانی ناو په‌رله‌مان گه‌رموگوڕتر ده‌بێت، وه‌زیره‌كه‌ش ناچار ده‌كه‌یت كه خۆی ئاماده بكات، كه تائێستا ئه‌مانه نه‌كراوه.
رۆژنامه: ئێوه پهرلهماناتارهكانی خۆتان له‌سه‌ر ئه‌مانه پۆلێنكردوه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌شێكی زۆریان تایبه‌تمه‌ندێتیی باشی هه‌یه، هه‌روه‌ك وتیشم مه‌رج نییه تایبهتمهندێتییهكهی ده‌قیق ئه‌وه بێت، به‌ڵام كه كه‌وته خوێندنه‌وه‌و چاودێریكردن، له‌وبڕوایه‌دام ده‌توانێت به ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی هه‌ستێت.
رۆژنامه: فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ره‌تادا چ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه كاری بۆ بكات، یان له‌كوێی ئه‌و به‌ڵێنانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌خه‌ڵكی داوه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه داویه‌تی، كه ئه‌و به‌ڵێنانه بو ئه‌گه‌ر بهاتایه لیستی گۆڕان زۆرینه‌ی به‌ده‌ستبهێنایه، به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كه له ئۆپۆزسیۆندایه ده‌بێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی خۆی له‌په‌رله‌ماندا بوروژێنێت‌و بیخاته گفتوگۆوه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، تا ده‌توانێت ده‌بێت قه‌ناعه‌ت به‌ده‌سه‌ڵات بكات كه ده‌بێت ئه‌مانه جێبه‌جێبكات، ئه‌وه‌ش جێبه‌جێكردنی ته‌نیا له قازانجی گۆڕان نییه، به‌ڵكو له قازانجی دهسهڵاتو ناوچه‌كه‌یه‌و له قازانجی میللهتو هه‌رێمه‌كه‌یه. مادام شه‌فافییه‌ت ده‌بێت، ئه‌م گفتوگۆیانه هه‌ركه‌سێك بیوروژێنێت به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كۆتاییدێت، چونكه زه‌حمه‌ت ده‌بێت ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێی نه‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه دو جۆره، جۆرێكیان ئه‌گه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت چۆن جێبه‌جێی ده‌كه‌یت، ئێستا كه له‌ده‌سه‌ڵاتدا نیت چۆنی ده‌كه‌یت؟ ده‌توانیت ئه‌و بابه‌تانه بوروژێنیتو رای گشتیی به‌لای خۆتدا رابكێشیت.
رۆژنامه: یه‌كێك له‌وانه‌ی كه زۆر باسی ده‌كرێت، مه‌سه‌له‌ی نانبإینه كه چاوه‌ڕێی ده‌كرێت فراكسیۆنی گۆڕان یه‌كه‌م كاری بێت ئه‌وه بوروژێنێت، تاچه‌ند ئه‌وه له‌به‌رنامه‌دایه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: یه‌كێك له وشتانه‌ی كه به‌رده‌وام لیستی گۆڕان باسی لێوه كردوه، جیاكردنه‌وه‌ی حكومه‌ته له حیزب، كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌ده‌خولی حیزبه له‌ناو حكومه‌تدا، ئه‌م مه‌سه‌له‌ی نانبڕینه بۆیه روده‌دات له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌ده‌خولی راسته‌وخۆی حیزب له حكومه‌تدا هه‌یه، ئهگهربێتو حیزب له حكومه‌ت جیابكرێته‌وه، ئه‌و كاته ئه‌م نانبڕینهش رونادات، چونكه حیزب ناتوانێت له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رێك ده‌نگی پێنه‌داوه له‌كاره‌كه‌ی ده‌ریبكات، به‌تایبه‌ت حكومه‌ت ئهوفهرمانبهرانه به‌پاره‌ی گشتیی ده‌ژێنێت. پاره‌ی تایبه‌تی حیزب نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه وه‌زیفه‌ی حكومییان هه‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت له‌سه‌ر بیروڕای جیاوا ده‌ركرێن، بۆنمونه له‌هیچ وڵاتێكی دیموكراتیدا جیهازی ئیداریی بۆی نییه ته‌ده‌خولی حیزبی تێدابێت، بۆنمونه له وڵاته دیموكراتییه‌كانی دنیا نییه، هه‌ندێكجار ده‌وترێت زوه ئێمه خۆمان به وڵاتانی دیكه به‌راورد بكه‌ین، به‌ڵام یان دیموكراتین یان دیموكراتی نین. ئه‌گه‌ر دیموكراتی بین ده‌بێت جیهازی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ بێت، نابێت ده‌سه‌ڵاتی حیزبی تێدا بێت. چه‌ند وه‌زیفه‌یه‌ك هه‌یه، وه‌زیفه‌ی سیاسییه، له‌وانه‌یه به په‌نجه‌كانی ده‌ست بژمێردرێن، ئه‌گه‌ر حیزبێك هاته سه‌ر حوكم ئه‌وه وه‌زیفه‌ی سیاسیه ده‌كرێت خه‌ڵكه‌كانی دیكه لابهرێتو خه‌ڵكی خۆی دابنێت، به‌ڵام له‌خوار ئه‌وانه‌وه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری پێویسته جیهازێكی بێلایه‌ن بێت، خه‌ڵك ئازاد بێت ده‌نگ ده‌دات یان نا، ده‌بێت حیزبایه‌تی تێدا قه‌ده‌غه بێت.
رۆژنامه: ئێوه پرۆژه یاسایهكتان گه‌ڵاڵه كردوه بۆ په‌رله‌مان بۆ چۆنیه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ده‌بێت باسی ئه‌وه بكه‌ین كه قه‌ده‌غه‌یه خه‌ڵك حیزبایه‌تی له‌ناو فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا بكات، نابێت كابرایه‌ك بزانێت كه پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه پله‌یه‌كی حیزبیشی هه‌یه، قهیناكا وه‌زیرو جێگر‌و راوێژكاری وه‌زیر، ئه‌مانه پله‌ی سیاسیین، له‌خوار ئه‌وانه‌وه پێویسته كه‌س نه‌زانێت ئینتیمایان بۆ چ حیزبێكه ده‌بێت كاری حیزبی‌و ده‌ستێوه‌ردانی قهدهغهكبرێت له‌ناو فهرمانگهكانو پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش‌دا. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه ببنه ده‌زگای نیشتمانیی نه‌ك ده‌زگای حیزبیی.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ته‌وه‌رێكی دیكه بدوێین، له لێدوانه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادا وتی، یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌كانی داهاتو رێكخستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، چۆن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: سه‌رگه‌رمی رێكخستنهوهین، به‌بیروبۆچونی من ده‌بێت گۆڕان وا خۆی رێكبخات كه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی نه‌بێت وه‌ك جاران، یانی ئه‌وجۆره حیزبایه‌تییه‌ی باوه له‌ناو ئه‌م وڵاتانه‌دا ده‌بێت له‌وه دوربكه‌وینه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بێت جه‌ماوه‌رو سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه زۆر لێكه‌وه نزیك بن، یانی (50) پله نه‌بێت، كه زۆر لێكه‌وه نزیك بون، ئه‌وه شه‌فافییه‌ت دروستده‌كات، له‌په‌ره‌سه‌ندنی بڕیاری سیاسی‌دا له‌سه‌ر هه‌مو بڕیاره چاره‌نوسسازه‌كانی كه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌یدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌نێوان سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده پلیكانه هه‌بێت، ئه‌وه زۆر له‌یه‌كتر دورده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌وه جۆرێك له ناوه‌ندێتی توند دروستده‌كات كه‌وای لێده‌كات ژیانی دیموكراسی ناو بزوتنه‌وه‌یه كه‌مده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ك دو قۆناغ له‌نێوان خواره‌وه‌و سه‌ره‌وه‌دا هه‌بێت ئه‌وه دیموكراسی‌و كراوه‌یی‌و رۆشنایی زیاد ده‌كات، سهركردایهتیو خه‌ڵكه‌كه‌ش لێك نزیك ده‌كاته‌وه. ده‌بێت شتێكی زۆر سه‌رده‌میانه بێت، دوربێت له عه‌قڵییه‌تی ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن، ماركسیزم، ستالینیزم، لینینیزم، ئه‌و شێوازه حیزبانه نابێت جارێكی دیكه دروستبكرێنه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ناگونجێن.
رۆژنامه: پێده‌چێت ئه‌مه به‌قسه‌كردن ئاسان بێت، به‌ڵام ئایا له‌روی پراكتیكییه‌وه ده‌توانن ئه‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: زۆر ئاسانتره، له‌ڕوی پراكتیكییه‌وه ئاسانتره، وه‌ك له‌ڕوی قسه‌وه.
رۆژنامه: له‌ڕوی ئیشكردنه‌وه چاو له هیچ حیزبێكی دنیا ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به پراكتیكیی ئه‌و كاره بكه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌ڵێ.
رۆژنامه: رۆشنبیره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی ئێستا گۆڕان بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات، ته‌نیا توێكڵه‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی دیار نییه، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردن‌و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌یه یان به‌قوڵیی له‌ڕوی فیكره‌وه كار له‌سه‌ر گۆڕانی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: له دنیای دیموكراسیدا ئیشی حیزب یان بزوتنه‌وه‌و گروپێك ته‌نیا خۆئاماده‌كردنه بۆ هه‌ڵبژاردن، خۆ هیچ ئیشێكی دیكه‌ی نییه. كاری حیزبی له وڵاتانی دیموكراسی راسته‌قینه‌دا، ئه‌وه نییه بێت فه‌رمانبه‌ر دامهزرێنێتو ده‌ری بكات، كاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن ده‌كات خۆی ئاماده ده‌كات یان ده‌بێت به حاكم یان ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن.
رۆژنامه: ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت ئێستا ئێوه به راشكاویی ناڵێن، یه‌كێتی نین، ده‌كرێت دڵتان بۆ یه‌كێتی لێبدات‌و لاشه‌تان بۆ گۆڕان ئیش بكات، به‌تایبه‌ت له چاوپێكه‌وتنێكی ناوه‌ڕاستی مانگی یانزه‌ی (2008)دا وتوته یه‌كێتیم؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئه‌وكات وابو، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی نیم، ناكرێت له‌شوێنی دیكه ئیشبكهیتو حیزبێكی دیكه بیت.
رۆژنامه: هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی پێشودا وتوته تائێستا كه‌س له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز له یه‌كێتیدا ده‌رنه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه رویدا ئه‌وه كۆتایی یه‌كێتییه، پێتوایه كۆتایی یه‌كێتی هاتوه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: نابێت هیچ حیزبێك ئه‌ندامانی له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز ده‌ربكات، جا هه‌رحیزبێك بێت زه‌ره‌ر دهكاتو به‌ره‌ونه‌مان ده‌ڕوات.
رۆژنامه: ئێوه باس له شه‌فافییه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆبونهوهیهكتان له‌گه‌ڵ جۆن مه‌ككه‌ین كرد، ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌تان بۆ رای گشتیی باسنه‌كرد، ئه‌وه‌نده شتی نهێنی تێدابو كه نابێت باسبكرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌ڵێ، ناتوانین هه‌مو شته‌كانی باسبكه‌ین.
رۆژنامه: له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا هیچ پشتگیرییه‌كی ئهمریكاتان وه‌رگرتوه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئه‌مریكا پشتگیریی له دیموكراسی ده‌كات له كوردستاندا، هه‌رچۆن له عێراقیشدا، پشتگیریی هیچ حیزب‌و لایه‌نێك ناكات هه‌رچییه‌ك له میدیاوه ده‌بیستیت، ده‌رباره‌ی پشتگیریی لایه‌نه‌كان، وانییه ئه‌و كۆنگرێسمانانه كه له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشتون، خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له كوردستاندا بۆ یه‌كه‌مجاره گروپێكی ئۆپۆزسیۆن دروستده‌بێت، چونكه پێیانوایه ئه‌وه خزمه‌ت به دیموكراسی ده‌گه‌یه‌نێت له هه‌رێمی كوردستان، پێیانوایه ئه‌وه په‌رله‌مانه‌كه ده‌كات به په‌رله‌مانێكی حه‌قیقی. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌گشتیی پشتگیریی له پرۆسه‌ی دیموكراسی ده‌كات له‌هه‌مو شوێنێكدا، پێخۆشحاڵبون له‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنێك دروستبوه له په‌رله‌ماندا.
رۆژنامه: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه كۆمپانیای وشه داوای له نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردبێت هاوكاریی مادیی بكات، داوای واكراوه؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: هه‌رگیز، به‌هیچ جۆرێك نه‌كراوه. نه له مالیكی نه له‌هیچ كه‌سێكی دیكه.
رۆژنامه: له‌ڕوی شه‌فافییه‌تی مادییه‌وه، ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گیرێت كه بۆچی كۆمپانیای وشه ورده‌كاریی بودجه‌ی له وه‌رگرتنیه‌وه تا خه‌رجكردنی راناگه‌یه‌نێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: تۆئه‌گه‌ر پاره له بودجه‌ی گشتیی وه‌رگریت، ئیشی پێوه بكه‌یت ده‌بێت ورده‌كاریی رابگه‌یه‌نیت، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر خه‌ڵك یارمه‌تیت بدات، بازرگان هه‌یه یارمه‌تی ده‌دات به‌ومه‌رجه‌ی ناوی نه‌به‌یت، خه‌ڵك له‌سه‌ر ده‌نگدان نان‌بڕاو ده‌كرێت، جا بزانرێت بازرگانێك یارمه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌دات، ده‌بێت بارودۆخی چۆن بێت، له‌سه‌ر داوای ئه‌وانه ئێمه ناتوانین ناویان ئاشكرا بكه‌ین، ئه‌وكه‌سانه خۆیان بۆیان هه‌یه، هه‌شیانه داویكردوه وتویه‌تی بزانم ئه‌و بڕه پاره‌یه‌تان چۆن سه‌رفكردوه.
رۆژنامه: له‌كاتێكدا ئێوه ئازادیی سیاسی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ئه‌و شه‌فافییه‌ته ده‌نوێنن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌ڵێ ده‌توانین، به‌ڵام ئێستا ناتوانین توشی گێرمه‌وكێشه‌ی بكه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و كه‌سه به‌ومه‌رجه یارمه‌تی ده‌دات كه ناوی نه‌به‌یت. |
|
|