Print
 حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوان، یان زۆرینه‌؟
Thursday, September 3, 2009

راپۆرت: پشتیوان سه‌عدوڵڵا - دلێر عه‌بدولخالق

كابینه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ بڕیاره‌ (لیستی‌ كوردستانی‌) پێكیبهێنێت، ده‌رگاكانی‌ ئاوه‌ڵا ده‌كات بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌‌و به‌شداریكردنی‌ لیسته‌ براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌زمونی‌ رابردوی‌ پێنج كابینه‌كه‌ی‌ حكومه‌ت‌و هه‌ژمونی‌ دو حیزبه‌كه‌ به‌سه‌ریدا، رێگربێت له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕبونی‌ هێزه‌ كاریگه‌ره‌كان به‌ ده‌رگا واڵاكانی‌ كابینه‌كه‌‌و دانیشتن له‌ناو هۆڵی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمدا.

كابینه‌ی‌ پێنجه‌م چۆن پێكهات
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ دوه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا كه‌ (31/1/2005) به‌ڕێوه‌چو، (13) لیست‌و قه‌واره‌ به‌شدارییانكرد كه‌ ته‌نیا سێ‌ لیستیان توانییان بگه‌نه‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌وانیش بریتیبون له‌ (لیستی‌ نیشتمانیی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) پێكهاتبو له‌ (یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌، پارتی‌ دیموكرات، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌، یه‌كێتیی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، سۆسیالیست، شیوعی‌، توركمان‌و ئاشوری‌) كه‌ (104) كورسیی‌ په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا، لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ (6) كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ بو به‌ دوه‌م لیستی‌ براوه‌، هه‌رچی‌ لیستی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانیش بو (1) كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا. دوای‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ خولی‌ دوه‌م‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ له‌ (21/1/2006)، كابینه‌ی‌ پێنجه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكرا‌و له‌ (5/7/2006) باوه‌ڕی‌ پێبه‌خشرا، پێكهاته‌ی‌ كابینه‌ (42) وه‌زیرییه‌كه‌ش له‌ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌، زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان، سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان، پارتی‌ برایه‌تیی‌ توركمان) پێكهێنرا كه‌ له‌ناو كابینه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی‌ بێلایه‌ن له‌ كلدانی‌‌و ئاشوری‌‌و یه‌زدی‌‌و فه‌یلی‌‌و توركمان هه‌بون.

جیاوازیی‌ كابینه‌ی‌ پێنج‌و شه‌ش
ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ له‌(25)ی‌ ته‌موزی‌ (2009) به‌ڕێوه‌چو، لیستی‌ كوردستانی‌ كه‌ هی‌ (یه‌كێتی‌‌و پارتی)یه‌ به‌ (59) كورسیی‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بو به‌ یه‌كه‌م لیستی‌ براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌و به‌پێی‌ پێوه‌ره‌ دیموكراسییه‌كان مافی‌ خۆیانه‌ به‌ ته‌نیا حكومه‌تی‌ نوێ‌ پێكبهێنن. لیستی‌ گۆڕانیش كه‌ به‌چه‌ند مانگێك به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ركه‌وت، بۆیه‌كه‌مجار وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك هێزێكی‌ ره‌خنه‌گر‌و ئۆپۆزسیۆن هاته‌مه‌یدان ئاماده‌باشیی‌ خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كرد‌و به‌ (25) كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ بو به‌ دوه‌م لیستی‌ براوه‌. لیستی‌ چوارحیزبه‌كه‌ش كه‌ به‌ (خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازیی) ناسراوه‌ به‌ (13) كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ بونه‌ سێیه‌م لیستی‌ براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، چه‌ند لیستێكی‌ تری‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌‌و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌‌و كلد‌وئاشور‌و توركمانه‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا.

هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ (25/8)دا، به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ده‌یانه‌وێت كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م حكومه‌تێكی‌ بنكه‌فراوان بێت‌و ده‌رگاش واڵاده‌كه‌ن بۆ گشت لایه‌ن‌و پێكهاته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام جیاوازیی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوتری‌ هه‌رێم له‌وه‌دایه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ لیسته‌ براوه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ (لیستی‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌) ده‌یانه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌مدا بمێننه‌وه‌‌و موماره‌سه‌ی‌ كاری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌شێك له‌و هێزانه‌ پێیانوایه‌ ئه‌زمونی‌ رابردویان له‌ناو ئیداره‌ی‌ كوردییدا سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌، به‌شداریكردنیان ته‌نیا ره‌مزیی‌ بوه‌.

به‌شداریكردن، یان ده‌مكوتكردن
دارا محه‌مه‌دئه‌مین، وه‌زیری‌ ژینگه‌ كه‌ تاكه‌ وه‌زیری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییه‌ له‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی‌ بۆ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان كابینه‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌شداریی‌ تێدابكه‌ن، به‌ڵام ناكرێت وه‌ك ئه‌زمونی‌ پێشو وه‌زاره‌تی‌ پله‌ دو‌و پله‌ سێ‌ بۆ حیزبه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات دابنرێت‌و به‌شداریكردنه‌كه‌ راسته‌قینه‌ نه‌بێت. وتیشی‌: "ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌ بۆ واقیعی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شداربن‌و هاوكاربن، به‌ڵام به‌شداربون له‌حكومه‌تێكدا كه‌ ته‌مسیلی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبی‌ بكات‌و پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ پله‌ دو‌و په‌له‌ سێ‌ بۆ حیزبه‌كانی‌ تر دابنێت، بێگومان قبوڵناكرێت‌و سه‌ركه‌وتوش نابێت".

ئه‌ندامێكی‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌و چاكسازیی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌شداریكردنی‌ حیزبه‌كه‌نیان له‌كابینه‌كانی‌ پێشوی‌ هه‌رێم ته‌نیا روكه‌شانه‌ بوه‌‌و بۆ بێده‌نگكردنیان بوه‌ له‌ ئاست كه‌موكورتییه‌كان. فازڵ‌ حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازیی‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "كابینه‌كانی‌ پێشو به‌ناوی‌ بنكه‌فراوانییه‌وه‌، ئه‌دایه‌كی‌ خراپیان نیشاندا‌و به‌شداریكردنی‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ته‌نیا شكڵی‌ بوه‌‌و بۆ ده‌مكوتكردنیان بوه‌، هاوكات، نه‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆنیش له‌ناو په‌رله‌ماندا بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ چاودێرییه‌ك له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ حكومه‌ت نه‌بێت‌و ره‌خنه‌‌و گله‌یی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ هاته‌سه‌ر". فازڵ‌ بڕوایوایه‌، لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازیی‌ ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن‌و لیستی‌ براوه‌ش به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ ته‌نیا بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ لیستی‌ براوه‌‌و وتی‌: "له‌ كابینه‌كانی‌ پێشودا وه‌زیره‌كانی‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان نه‌بوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌زمونی‌ رابردو دوباره‌بكه‌ینه‌وه‌‌و له‌به‌رامبه‌ر به‌شدارییه‌كی‌ روكه‌شدا ده‌مبه‌ست بكرێین‌و قسه‌ نه‌كه‌ین".

لیستی‌ گۆڕان، له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان تاكه‌ لیست بو كه‌ خۆی‌ له‌به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆندا یه‌كلاكرده‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی‌ لیسته‌كه‌ ئاماژه‌یان پێدا، ئه‌گه‌ر نه‌توانن ده‌نگی‌ ته‌واو بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وا به‌شداری‌ له‌و كابینه‌ حكومییه‌دا ناكه‌ن‌و وه‌ك چاودێر به‌سه‌ر كاره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، بڕیارده‌ری‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، یه‌كێتی‌‌و پارتی ئه‌زمونێكی‌ تاڵ‌‌و خراپیان هه‌یه‌ له‌ئیداره‌‌و كاری‌ سیاسیدا، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه‌‌و ناتوانین متمانه‌ به‌حكومه‌تێك بكه‌ین كه‌ دو هێزه‌كه‌ی‌ له‌ژێر پرسیاری‌ قورسی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ئیداریی‌‌و سیاسی‌‌و داراییدان، مانه‌وه‌شمان وه‌ك چاودێر بۆ داكۆكیكردنه‌ له‌مافی‌ هه‌مو خه‌ڵكی‌ كوردستان، هه‌روه‌ك "چاودێرێكی‌ راستگۆ‌و به‌ویژدان"یش ده‌بین.

بڕیارده‌ری‌ لیستی‌ گۆڕان پێیوایه‌، به‌بێ‌ بونی‌ هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن دیموكراسییه‌تی‌ هه‌رێم له‌ژێر پرسیاردایه‌‌و ده‌ڵێت: "ئۆپۆزسیۆن بۆ نوێكردنه‌وه‌‌و ئه‌كتیڤكردنی‌ ژیانی‌ دیموكراسی‌، چالاككردنی‌ كایه‌ی‌ سیاسیی‌ زۆر گرنگه‌‌و ده‌مانه‌وێت خوێنێكی‌ نوێ‌ به‌ به‌ر ژیانی‌ دیموكراسیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا بكه‌ین".

حكومه‌ته‌ سێبه‌ره‌كه‌!
لیستی‌ گۆڕان زاراوه‌یه‌كی‌ نوێی هێنایه‌ ناو ژیانی‌ سیاسیی‌‌و ئیداری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ "حكومه‌تی‌ سێبه‌ر"دا ده‌بینێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م زاراوه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی‌ درێژ بوه‌ جێگای‌ گفتوگۆ‌و مقۆمقۆی‌ ناوه‌نده‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك په‌یامه‌كانیان ئاڕاسته‌ده‌كرد كه‌ حیزبی‌ باڵاده‌ست به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابێت حكومه‌تی‌ سێبه‌ر به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یدا دروستبكرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌ بڕیارده‌ری‌ لیستی‌ گۆڕان وتی‌: "حكومه‌تی‌ سێبه‌ر له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دیموكراسیدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ی‌ ژماره‌ی‌ كورسیی‌ ته‌واوی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، حكومه‌تی‌ سێبه‌ر به‌سه‌ر حكومه‌ته‌ راسته‌قینه‌كه‌وه‌ دروستده‌كات، ته‌نها ئه‌ركیشی‌ چاودێریكردنی‌ یه‌ك به‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌بێت به‌ دانانی‌ نوێنه‌ری‌ خۆی‌ له‌و وه‌زاره‌تانه‌".

پێكهاته‌كان، مه‌رجیان هه‌یه‌
زۆرینه‌ی‌ لیسته‌ براوه‌كانی‌ كلد‌و ئاشوری‌‌و توركمان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌دان كابینه‌ی‌ داهاتو بنكه‌ فراوان بێت‌و هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌شداریی‌ تێدابكه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌و به‌شداریكردنه‌ش مه‌رجیان هه‌یه‌.

رۆمیۆ هه‌كاری‌، له‌ لیستی‌ (ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لی‌ كلدانی‌، سریانی‌، ئاشوری‌) كه‌ خاوه‌نی‌ (3) كورسیی‌ په‌رله‌مانه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "واقیعی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ (18) ساڵی‌ رابردودا، ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندوه‌ كه‌ كابینه‌یه‌كی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌گه‌ر بنكه‌فراوان نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركه‌وتو نابێت، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانباشه‌ له‌م كابینه‌یه‌شدا زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان به‌شداریی‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌جیاجیاكان، وه‌كو ئاشوری‌‌و توركمان‌و ئه‌رمه‌نی‌، ده‌بێت هه‌مویان رۆڵیان هه‌بێت‌و كاریگه‌ربن له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێك كه‌ له‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكدا بێت".

هه‌كاری‌، مه‌رجی‌ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تدا ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت: "ئاشورییه‌كان هه‌ر له‌یه‌كه‌م كابینه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ به‌شدارییانكردوه‌‌و ئه‌مجاره‌ش هه‌مومان كۆكین له‌سه‌ر به‌شداریكردنی‌ نوێنه‌رانی‌ گه‌لی‌ كلدانی‌، سریانی‌، ئاشوری‌، له‌ حكومه‌تدا، به‌ڵام بۆ به‌شداریكردنمان مه‌رجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تێكی‌ ئه‌ساسی‌ وه‌ربگرین".

شێردڵ‌ ته‌حسین، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ توركمانی‌ هه‌ولێر كه‌خاوه‌نی‌ (1) كورسیی‌ په‌رله‌مانن، جه‌خت له‌به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌رجێك دو وه‌زیر‌و جێگری‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر‌و سه‌رۆكی‌ شاره‌وانییه‌كیان پێبدرێت‌و وتی‌: "له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پێمانباشه‌ زۆربه‌ی‌ هێز‌و لایه‌نه‌كان به‌شداری له‌م كابینه‌یه‌ی‌ داهاتودا بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شداین هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت". شێردڵ‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای‌ مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌و داواكارییه‌یان پێگه‌یاندوه‌‌و بڕیاریشه‌ له‌م رۆژانه‌دا بۆ هه‌مانمه‌به‌ست له‌گه‌ڵ‌ به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ كۆببنه‌وه‌.

له‌دوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌، حیزبی‌ دایك به‌ سوڕی‌ سستبونی‌ خۆیدا تێپه‌ڕی‌‌و روبه‌ڕوی‌ چه‌ندین گرفت بوه‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌شداریكردنیان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ رابردوی‌ هه‌رێمدا به‌رگێكی‌ تریان به‌ به‌ر ژیانی‌ سیاسیی‌ خۆیاندا كرده‌وه‌و به‌ (2) كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ بونه‌ چواره‌م لیستی‌ براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی‌، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ رایگه‌یاند: "بزوتنه‌وه‌ تائێستا پرسی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌حكومه‌تدا یه‌كلایی‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێمانباشه‌ كابینه‌ی‌ داهاتو بنكه‌فراوان بێت‌و له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیشدا ئه‌وه‌مان باسكردوه‌".

سه‌رۆكی‌ لیستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ هۆكاری‌ ناشیرنبونی‌ ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌‌و ئه‌و حیزبه‌ بچوكانه‌ی‌ به‌شدارییان له‌كابینه‌كانی‌ پێشودا كردوه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ رابردودا حكومه‌ت نه‌یتوانی‌ ئه‌دای‌ كاری‌ خۆی‌ بكات، كۆمه‌ڵێك خاڵی‌ ناشیرین له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌یه‌‌و زیاتر زه‌ق بوه‌ته‌وه‌ن وه‌كو گه‌نده‌ڵیی‌، به‌ڵێنی‌ زۆر‌و جێبه‌جێ‌ نه‌كردنی‌، ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزب له‌حكومه‌ت، به‌شداریی‌ پێكردنی‌ ره‌مزی‌ حیزبه‌ بچوكه‌كان له‌حكومه‌ت‌و دورخستنه‌وه‌یان له‌بڕیاری‌ سیسایی‌.

"كوردستانی‌" له‌گه‌ڵ‌ بنكه‌فراواندایه‌
یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێكده‌هێنن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان‌و فره‌ڕه‌نگدان، هاوكاتیش بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌كانیان له‌ئیداره‌دا سود له‌به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كانی‌ تریش ده‌بینین.

سالار مه‌حمود، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ لیستی‌ كوردستانی‌ رونیكرده‌وه‌، لیستی‌ كوردستانی‌ له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نییه‌‌و ده‌توانێت به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام به‌ باشتری‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌رگای‌ خۆی‌ واڵابكات بۆئه‌و لیستانه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م بكه‌ن‌و وتی‌: "ئێمه‌ وای ده‌بینین كه‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌ فراوان یارمه‌تیده‌رێكی‌ باشتر ده‌بێت بۆ هاوكارییكردن له‌ راپه‌ڕاندنی‌ كاروباره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكی‌ فره‌ڕه‌نگ بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوان لیسته‌كان بێت، چونكه‌ ئه‌و لیستانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت بێنه‌ حكومه‌ته‌وه‌ پێویسته‌ پابه‌ندی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ سود وه‌رنه‌گرین له‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كانی‌ دیكه‌".

به‌شداریی پێكردن.. كۆنتڕۆڵكردن
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لیست‌و لایه‌نانه‌دا كه‌ ئاماژه‌ به‌ گرنگی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان ده‌كه‌ن‌و ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌، د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، بڕیارده‌ری‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌ڵێت: "له‌ دنیادا هێزی‌ براوه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنێت، پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فروانیش ترسه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یانه‌وێت وه‌كچۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگاكانی‌ خۆیاندا ده‌كه‌ن، سه‌ركوتیان ده‌كه‌ن، هه‌مو سیمایه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌‌و شاره‌ستانیان لێ‌ زه‌وتكردون، به‌هه‌مانشێوه‌ش هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌ پاساوی‌ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تدا، بكه‌نه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵ‌‌و چاودێریی‌ خۆیاندان".

سه‌عد خالید، یه‌كێك له‌پاڵێوراوانی‌ لیستی‌ ئازادی‌‌و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ كه‌ به‌ (چه‌په‌كان) ناسراون‌و خاوه‌نی‌ (1) كورسیی‌ په‌رله‌مانین به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "رای‌ سه‌ره‌تاییمان ئه‌وه‌یه‌ لیستی‌ كوردستانی‌ كه‌ زۆرینه‌یه‌، حكومه‌ت به‌ ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێت‌و لیسته‌كانی‌ دیكه‌ وه‌كو ئۆپۆزسیۆن بمێننه‌وه‌، چونكه‌ پێمانوایه‌، ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ئۆپۆزسیۆن به‌ باشی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ جێبه‌جێبكات، ده‌توانێت له‌ ته‌ك حكومه‌تدا خزمه‌تێكی‌ باش بكات، چونكه‌ نه‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆن یه‌كێك بوه‌ له‌و كه‌موكوڕییانه‌ی‌ پێشتر له‌هه‌رێمدا هه‌بوه‌". سه‌عد كه‌ وه‌زیری‌ هه‌رێم‌و نوێنه‌ری‌ لیستی‌ زه‌حمه‌تكێشانه‌ له‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌می‌ حكومه‌تدا، ئه‌ویش وه‌كو زۆربه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ئاماژه‌یانپێكرد پێیوایه‌، به‌شداریكردنی‌ هێزه‌سیاسییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ كابینه‌كانی‌ پێشودا به‌شدارییه‌كی‌ كاریگه‌رنه‌بوه‌‌و به‌شدارییه‌كی‌ فه‌وقی‌ بوه‌، واته‌ شۆڕنه‌بوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌مو داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت‌و زیانی‌ له‌وحیزبانه‌ داوه‌.

 

Sbeiy.com © 2007