Print
 دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: بڕیارمانداوه‌ له‌ خه‌نده‌قی‌ ئۆپۆزسیۆندا بین
Monday, September 21, 2009

سازدانی‌: هه‌ستیار قادر
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ سه‌ركایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بڕیاری‌ داوه‌  كه‌ بۆ قۆناغی‌ داهاتو له‌ خه‌نه‌قی‌ ئۆپۆزسیۆندا بێت و دانیش به‌وه‌دا ده‌نێت، كه‌ دودڵی‌ به‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تیانه‌وه‌ دیاره‌.
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌ له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌دا ئاشكرایده‌كات كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد به‌ رۆڵی‌ پێویستی‌ خۆی‌ هه‌ڵنه‌ستاوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ (140) ده‌شڵێت: "یه‌كێتی‌ وپارتی سه‌رجه‌م ئیمتیازاته‌كانی‌ به‌غدایان بۆ خۆیان كۆنترۆڵ كردوه‌".
 
رۆژنامه‌: پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ پارتی‌ ده‌سه‌ڵات‌و پێكهێنه‌ری‌ حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆن دابه‌شده‌بن، ئێوه‌ وه‌ك یه‌كگرتو كام له‌م دو ئه‌گه‌ره‌ هه‌ڵده‌بژێرن، له‌كاتێكدا پێشتر ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌تان لێده‌گیرا كه‌ له‌ حكومه‌تدا به‌شداربون‌و له‌په‌رله‌مانیشدا وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌تان ده‌كرد؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ سیستمی‌ دیموكراسی‌ له‌ جیهاندا فره‌حیزبی ‌و بونی‌ حیزبی‌ حوكمكه‌رو ئۆپۆزسیۆنه‌ كه‌ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ ناو یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان بێت، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ پێشه‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن بوه‌ له‌ هه‌رێمدا‌و به‌شداری‌ له‌ چه‌ند كابینه‌یه‌كی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا كردوه‌، كه‌ بارودۆخی‌ تایبه‌تی‌ سیاسیی‌ هه‌رێم پاڵی‌ پێوه‌ناوه‌ به‌شداری‌ بكات، له‌وانه‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و یه‌كپێگرتنه‌وه‌ی‌ دوئیداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم‌و هۆكاری‌ ئه‌و به‌شداریكردنه‌ش نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ بوه‌ كه‌ ئامانج لێی‌ پارێزگاریكردنی‌ سیاسی‌‌و ئاسایشی‌ هه‌رێم بو له‌و قۆناغه‌ی‌ هه‌رێمدا كه‌ ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خسابو بۆ موماره‌سه‌كردنی‌ ژیانی‌ دیموكراسی‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش یه‌كگرتو وه‌ك ئۆپۆزسیۆن رۆڵی‌ بینیوه‌و ره‌خنه‌ی‌ له‌ ئه‌دای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرتوه‌، رۆڵیشی‌ بینیوه‌ له‌ ئاڕاسته‌كردنی‌ چه‌ند حیزبێكی‌ تری‌ كوردستانی‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌مان رۆڵدا كه‌ پێشكه‌شكردنی‌ دو یاداشتنامه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و رایگشتی‌، ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی‌ ئاڵۆزبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداردا‌و وایكرد دو حیزبه‌كه‌ گله‌یی‌ ئه‌وه‌مان لێبكه‌ن كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌شداریكردنمان له‌ حكومه‌تدا به‌رهه‌ڵستكاری‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێده‌چێت شێوازمان له‌ ئۆپۆزسیۆنبوندا جیاواز بێت له‌و شێوازه‌ی‌ كه‌ چه‌مكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێ ناسراوه‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌ مه‌رجه‌عییه‌تی‌ ئیسلامیمانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌و قۆناغه‌ش سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتو بڕیاریانداوه‌ بچنه‌ خه‌نه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ لیستی‌ چاكسازی‌‌وخزمه‌تگوزاری‌ كه‌ چه‌ند حیزبێكی‌ تری‌ تیایه‌و پێویسته‌ له‌گه‌ڵیاندا رێكبكه‌وین بۆ بینینی‌ ئه‌و رۆڵه‌.

رۆژنامه‌: له‌په‌رله‌ماندا ده‌نگتان به‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا، ئایا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌تان به‌رده‌وامن بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور، یان به‌و شێوازه‌ی‌ ئێستای‌ لیستی‌ گۆڕان له‌ دژی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌؟ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ نێو یه‌كگرتودا دو تێڕوانین قایل‌و ناقایل هه‌بوه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كگرتو باوه‌ڕیان به‌شه‌رعیه‌تی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ په‌رله‌مان نه‌مابو كه‌ ده‌ستوری‌ تێدا تێپه‌ڕێنرا؟

دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: ئێمه‌ تێبینی زۆرمان له‌سه‌ر ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم هه‌بو كه‌ هه‌ندێكیان چاره‌سه‌ركران‌و هه‌ندێكیشیان مانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ش له‌دژی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور وه‌ستاین له‌و دره‌نگكاته‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌ماندا كه‌ خوله‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ هاتبو، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانیان پێكده‌هێنا، پڕۆسه‌ی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ ته‌نها پێویستی‌ به‌و زۆرینه‌یه‌ی‌ ئه‌وانه‌ تا بكرێته‌ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌ له‌سه‌ری‌، ئه‌وكات هه‌وڵێستمان هه‌رچۆنێك بوایه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌ده‌بو له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستوره‌كه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ من له‌ ورده‌كاریی‌ تێبینییه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان ئاگادارنیم له‌سه‌ر ده‌ستوری‌ هه‌رێم، به‌ڵام بونی‌ ده‌ستورێكی‌ باشترمان له‌ بێده‌ستوری‌ پێ‌ باشتره‌ كه‌ هاوڵاتییان‌و ئێمه‌ش وه‌ك حیزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌توانین به‌پێی‌ ماده‌كانی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ چاودێری‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم بكه‌ین‌و لێی‌ بكۆڵینه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش ده‌نگدانمان وه‌ك یه‌كگرتو له‌سه‌ر ده‌ستور له‌ لایه‌ن لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ ته‌وزیفكرا بۆ دروستكردنی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر لایه‌نگران‌و ده‌نگه‌كانمان. بونی‌ رای‌ جیاوازیش له‌ناو یه‌كگرتودا سه‌باره‌ت به‌و ده‌ستوره‌ دیارده‌یه‌كی‌ ئاساییه‌‌و نامۆنییه‌و پێویستیش نییه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستمان هه‌بێـت به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستور، به‌ڵام بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیدا دیموكراسییانه‌ی‌ به‌ رای‌ زۆرینه‌ وه‌رگیرا.

رۆژنامه‌: نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ وه‌ك حیزبه‌ ئیخوانییه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ كار بۆ گرتنه‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات‌و توندكردنی‌ گوتاری‌ سیاسیتان بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستادا؟ ئێوه‌ توشی‌ دودڵێ‌ نه‌بون له‌ نێوان راگرتنی‌ واقیعی‌ ئێستای‌ هه‌رێم‌و رۆحی‌ پێكهێنه‌ری‌ حیزبه‌كه‌ته‌كان كه‌ ئایینی‌ ئیسلامه‌و تیایدا بێهێزترین ئیمان بێده‌نگییه‌؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: ئێمه‌ له‌ روی‌ سیاسییه‌وه‌ حیزبێكی‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆین كه‌ بڕیارو وێنای‌ سیاسیی‌ به‌و جۆره‌ ده‌كات كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ‌ واقیعی‌ سیاسی‌‌و هه‌مئاهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ‌ مه‌رجه‌عییه‌تی‌ ئیسلامیدا دور له‌ كاریگه‌ری‌ هیچ ئاڕاسته‌یه‌ك یان گروپێكی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، ئاسایی‌و لۆژیكییه‌ ئێمه‌ كار بۆ گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ین به‌ شێوه‌ی‌ ئاشتییانه‌و دیموكراسییانه‌، ئه‌وه‌ش ئامانجمانه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ بنه‌ڕه‌تدا مانایه‌ك بۆ بونمان وه‌ك حیزبێكی‌ سیاسی‌ نامێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچونی‌ گوتاری‌ سیاسیمانی‌ كردبێت هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گوتارمان توند نییه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ روداوه‌كانی‌ هه‌رێم، یان وه‌ك چۆن خۆت ده‌ڵێیت دودڵی‌ له‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێسته‌كانماندا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش چه‌ندین هۆكاری‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ بارودۆخی‌ سیاسیی‌ هه‌رێم له‌ روی‌ ئه‌زمون‌و كلتوری‌ نوێی‌ دیموكراسی‌و سروشتی‌ حیزبه‌كانی‌ كه‌ چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كاندا به‌كاری‌ ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش ناشاررێته‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان حیزبه‌ كوردستانییه‌كان‌و ئه‌و روداوه‌ی‌ له‌ 6/12/2005 له‌ بادینان به‌سه‌رماندا هات به‌ هۆی‌ به‌شداریكردنمان له‌ هه‌ڵبژارندا به‌ لیستی‌ جیا‌و بارودۆخی‌ عێراق‌و هه‌رێم به‌ر له‌ روخاندنی‌ به‌عس‌و دوای‌ روخاندنی‌‌و پێویستی‌ ئه‌و قۆناغه‌ به‌ حیكمه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ بارودۆخی‌ گشتیدا بۆ نه‌گرانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌وڵێستانه‌، زیانی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ هه‌رێم‌و دۆسییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌تییه‌كه‌مان داوه‌، ئێمه‌ حیزبێكی‌ مه‌ده‌نین‌و باوه‌ڕمان به‌ كاری‌ سیاسی‌ هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسییه‌وه‌‌و میلیشیای‌ چه‌كداریشمان نییه‌و به‌ هۆی‌ ناسكی‌‌و بێهێزی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ هه‌رێمه‌وه‌ گوتاری‌ سیاسیمان به‌ هێمنكردنه‌وه‌‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێم جیا ده‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵوێسته‌كانمان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ راشكاوانه‌ به‌دورنه‌بوه‌ له‌دژی‌ ئه‌و بارودۆخانه‌ی‌ كه‌ پێمانوا بوه‌ له‌ خزمه‌تی‌ هه‌رێمدا نین‌و به‌جیا دابه‌زینیشمان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2005ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا له‌و قه‌ناعه‌ته‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبو كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌یانویست حیزبه‌كانی‌ تر په‌راوێزبخه‌ن.

رۆژنامه‌: وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ پێشوی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانی‌ عێراق، ئایا ئه‌و كات سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد نه‌یده‌توانی‌ گوشار دروست بكات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌(140)؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ به‌غدا جدیی‌ نه‌بون له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ (140)دا، هه‌وڵێستی‌ ئه‌مریكاو(un)یش ناڕۆشنه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌‌و سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كوردیش به‌ رۆڵی‌ پێویستی‌ خۆی‌ هه‌ڵنه‌ستاوه‌ بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌(140)‌و ناشزانین، له‌وانه‌یه‌ بارودۆخێك هه‌بێت بێئاگابین لێی‌ كه‌ له‌ پشت ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورده‌وه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، وه‌ك هه‌وڵێستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌ به‌رامبه‌ر به‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌یه‌.

رۆژنامه‌: ده‌وترێت یه‌كگرتو نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ به‌غدا وه‌ك پێویست پۆستیان له‌ به‌شی‌ كورد پێنه‌داوه‌و یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كۆنترۆڵی‌ پۆسته‌ گرنگه‌كانیان كردوه‌و ته‌نها له‌ كاتی‌ هه‌ڵوێستوه‌رگرتندا په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كگرتویان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراقدا بونه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمانیان؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ سه‌رجه‌م پێگه‌و ئیمتیازاته‌كانیان له‌ به‌غدا كۆنترۆڵ‌‌و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ ئه‌و دو لایه‌نه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ لیسته‌كانی‌ تری‌ وه‌ك ئیئتیلاف‌و ته‌وافوق، كاتێك حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ پێكهێنرا ئێمه‌ ته‌نها یه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ده‌وڵه‌تیان پێداین، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌شمان كه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كگرتو له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا هه‌مانه‌ گوزارشت له‌ حه‌قیقه‌تی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆمان ده‌كات‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ سروشتی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی یان به‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانه‌وه‌ نییه‌، له‌و كێشانه‌دا كه‌ له‌په‌رله‌ماندا ده‌وروژێنرێن‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هاوڕاین، ئه‌مه‌ش وای‌ لێكردین له‌ هه‌ڵژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ پێكه‌وه‌ به‌شداری‌ بكه‌ین، به‌ڵام توشی‌ غوبنی‌ زۆریش بوین له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌. 

رۆژنامه‌: بڕیار بو وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ عێراق بدرێت به‌ به‌ڕێزت، به‌ڵام ئه‌و پۆسته‌ت پێنه‌درا، ئایا مالیكی‌ له‌ خه‌لفیه‌تی‌ سوننی‌ –ئیسلامی‌ ئێوه‌ ترسا، یان لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كاریان بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ر یه‌كگرتو نه‌كه‌وێت؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: به‌هۆی‌ ره‌هه‌ندی‌ سوننی‌ بون‌و په‌یوه‌ندیمان به‌ حیزبی‌ ئیسلامییه‌وه‌ مالیكی‌ پاڵاوتنی‌ منی‌ بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ره‌تكرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت تاریق هاشمی‌، جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ منی‌ پاڵاوت بۆ ئه‌و پۆسته‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكیدا باش نه‌بو، جگه‌له‌وه‌ پێموایه‌ گوشار دروست نه‌كردن له‌لایه‌ن لیستی‌ هاوپه‌یمانییه‌وه‌ له‌سه‌ر مالیكی‌ بۆ په‌سه‌ندكردنم وه‌ك وه‌زیری‌ داد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بونی‌ گڕوتینی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ پێدانی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كگرتو.

رۆژنامه‌: ره‌خنه‌ی‌ بێهێزی‌ ئه‌دا له‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا به‌ قه‌باره‌یه‌ك كه‌ بوه‌ته‌ هۆكاری‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كێشانه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی‌؟ بڕوات به‌و ره‌خنه‌یه‌ هه‌یه‌؟ یه‌كگرتو وه‌زێرێكی‌ له‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا هه‌یه‌، ئایا رۆڵی‌ ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ كورد‌و به‌غدا بوه‌، یان رێی‌ پێنه‌دراوه‌ قسه‌ی‌ خۆی‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بكات؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: پێموانییه‌ به‌ته‌نها نوێنه‌رانی‌ ئێمه‌ له‌ به‌غدا جا له‌ حكومه‌تدا بن یان په‌رله‌مان، بتوانن كێشه‌و ناكۆكییه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی‌ نێوان كوردو ناوه‌ند یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم روبه‌ڕوی‌ ئه‌و كێشانه‌ ببنه‌وه‌‌و نوێنه‌رانی‌ ئێمه‌ له‌ به‌غدا رابسپێرن بۆ بینینی‌ رۆڵیان، من نكوڵی‌ له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ نه‌رمینواندن له‌و دۆسیه‌یه‌دا هه‌بوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ شته‌كان وه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ خۆی‌ وه‌ربگرین‌و هه‌ر نه‌رمینواندنێك له‌ ئه‌دای‌ نوێنه‌رانماندا هه‌بو بێت له‌ به‌غدا، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی‌ هه‌مومان له‌ هه‌رێم.

رۆژنامه‌: پێشتر گله‌یی‌ ئه‌وه‌ له‌ یه‌كگرتو ده‌كرا كه‌ هه‌وڵی‌ نزكبونه‌وه‌ ده‌دات له‌ حیزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌شداریكردنتان له‌كۆنگره‌كه‌ی‌ قاهیره‌ كه‌ بۆ چه‌ند لایه‌نێكی‌ عێراقی‌ ئه‌نجامدرا، ئه‌و كات ئێوه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ وپارتییه‌وه‌ به‌ (خائین) وه‌سفكران، به‌ڵام به‌م دواییه‌ هه‌ست ده‌كرێت دو حیزبه‌كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردنی‌ لایه‌نی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ ناو لیسته‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ عێراق، ئایا ئه‌وه‌ وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت "الكیل بمكیالین" نییه‌؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی‌: كارێكی‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌ عێراقییه‌ سوننی‌‌و شیعییه‌كاندا هه‌بێت‌و پێویستیشه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌بێت، چونكه‌ هاوڵاتییانی‌ ئه‌م وڵاته‌ین‌و به‌شدارین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌م وڵاته‌دا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ناسروشتییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و لایه‌نانه‌دا نه‌بێت به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ به‌رامبه‌رمان، سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی‌ هه‌رێمیش به‌تایبه‌ت دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزتریان له‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و حیزبه‌ عێراقییانه‌دا هه‌یه‌، كۆنگره‌كه‌ی‌ قاهیره‌ش وه‌ك چه‌كێكی‌ سیاسی‌ له‌ دژمان به‌كارهێنراو حه‌قیقه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئامانجی‌ كۆنگره‌كه‌ بۆ چاكسازی‌ بارودۆخی‌ سیاسیی‌ عێراق‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ تاكڕه‌وی‌‌و كونترۆڵكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ بو له‌لایه‌ن حیزب‌و لایه‌نێكه‌وه‌، كۆنگره‌كه‌ له‌ دژی‌ گه‌لی‌ كورد‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌‌و پڕۆسه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ نه‌بو، به‌شداربوانی‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ قاهیره‌ش تائێستا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدا هه‌یه‌، له‌ وانه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌‌و حیزبی‌ ئیسلامی‌، سه‌باره‌ت به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیش له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و گه‌له‌كه‌ی‌ تێدا بپارێزرێت. 

Sbeiy.com © 2007