Print
 ده‌سه‌ڵات موزایه‌ده‌ی‌ سیاسی‌ به‌ دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌كات
Monday, September 21, 2009

راپۆرت: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان

دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ سلێمانی‌ له‌ نامیلكه‌یه‌كدا كه‌ نوسراوێكی‌ له‌گه‌ڵدا هاوپێچه‌ به‌ ژماره‌ (19)و به‌ مێژوی‌ 27/1/2008 تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ "خه‌ریكه‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ كوردستاندا له‌ زۆر وڵاتی‌ تر زیاتر ده‌بێت”.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا سازگار عه‌لی‌ ناجی،‌ سه‌رۆكی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ هه‌رێم له‌ لێدوانێكی‌ پێشتریدا بۆ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،‌ تائێستا له‌كوردستان هیچ به‌رپرسێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ نه‌دراوه‌ به‌دادگا، سه‌رۆكی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ هه‌رێم هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ نه‌بونی‌ به‌ڵگه‌ی‌ پێویست گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سه‌لماندنی‌ كێشه‌كه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ هه‌ندێك زانیاری‌، ته‌نها له‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ سلێمانی‌ نزیكه‌ی‌ 2500راپۆرتی‌ جیاواز له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ بونیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ 2004 بۆ 2008دا تۆماركراون.

دوای‌ شكسته‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سلێمانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 25ی‌ ته‌مموزدا، كتوپڕ له‌ كۆی‌ ئه‌و 2500راپۆرته‌ی‌ ده‌زگای‌ چاودێریی‌ دارایی‌، كه‌یسێكی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و قائیمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكراكران كه‌ جێگه‌ی‌ خۆشحاڵی‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ بو كه‌ خوازیاری‌ بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵین له‌ كوردستاندا، به‌ڵام هه‌ر زو ئه‌و هه‌وڵه‌ گوماناوییه‌ی‌ ده‌زگای‌ چاودێریی‌ دارایی‌‌و حیزب‌و میدیاكه‌ی‌ بۆ قۆستنه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ كاره‌كه‌ی‌ خسته‌ ژێر پرسیاری‌ چاودێرانی‌ سیاسییه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ ئامانج له‌ ئاشكراكردنی‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ نییه‌، به‌ڵكو قۆستنه‌وه‌یه‌تی‌ بۆ لێدانی‌ لیستی‌ گۆڕان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ یه‌كێتی‌ سه‌نده‌وه‌.

چیرۆكێك له‌ 2006دا
ساڵی‌ 2006 له‌ یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌كانی‌ چاوی‌ سێهه‌می‌ كه‌ناڵی‌ كوردساتدا كه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ بو، كێشه‌ كه‌وته‌ نێوان چاودێریی‌ دارایی‌و ده‌زگای‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانییه‌وه‌.

به‌پێی‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ كه‌ له‌ ژماره‌ (30) رۆژی‌ 1/8/2006ی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 100 خاڵ‌ لادان‌و ئیختیلاس له‌سه‌ر شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌بری‌ لێپیچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌، كه‌چی‌ له‌ ژماره‌ (31)ی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ وه‌ك جۆرێك له‌ شۆخیكردن رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌نوسێت: "دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ نه‌ك قوله‌ی‌ قاف نییه‌، به‌ڵكو قوله‌ی‌ حه‌ره‌سیاتیش نییه‌" وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ وته‌یه‌كی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ گژ ده‌زگای‌ چاودێریی‌ داراییدا بچێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بچێت به‌ گژ قوله‌ی‌ قافدا.

ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ ململانێكه‌ له‌ نێوان شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌‌و ده‌زگای‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گه‌وره‌تر ده‌بو، هه‌مو جارێكیش ده‌زگای‌ چاودێریی‌ دارایی‌ به‌ڵگه‌یه‌كی‌ تری‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌، رۆژی‌ 5/9/2006 دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ له‌ ژماره‌ (35)ی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا رایگه‌یاند، حاكم قادرو ژنه‌كه‌ی‌ زه‌وییه‌كیان له‌سه‌ر خۆیان تۆماركردوه‌ كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی‌ 1530مه‌تر دوجایه‌، پاشان بڕیار ده‌درێت سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ بدرێته‌ دادگا، له‌به‌رامبه‌ردا حاكم قادر له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ گه‌ڵ‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ژماره‌ (47)دا ده‌ڵێت: "ململانێكه‌ له‌گه‌ڵ‌ چاودێریی‌ داراییدا به‌هه‌ر ئاڕاسته‌یه‌كدا بڕوات، منه‌تمان پێی‌ نییه‌”.

دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ شه‌ش ساڵ‌ به‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌دا، نه‌ 100خاڵه‌ لادان‌و ئیختیلاسه‌كه‌ی‌ شاره‌وانی‌ باسكران‌و نه‌ سه‌رۆكه‌كه‌شی‌ درا به‌ دادگا، چونكه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و ئه‌وكاته‌ش یه‌كێك بو له‌و 55پاڵێوراوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بۆ بون به‌ وه‌زیر له‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌مدا، بێگومان وه‌ك بینرا ده‌رئه‌نجامی‌ راپۆرته‌كانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ ته‌نها ئه‌وه‌بو كه‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌وكات نه‌كرا به‌ وه‌زیر.

چاودێریی‌ دارایی‌ له‌ دیدی‌ ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتییه‌وه‌
حاكم قادر حه‌مه‌جان كه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتییه‌و ساڵی‌ 2000 له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كاندا بوه‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانیدا كه‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌ ژماره‌ (46)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "ناحه‌قی‌ جه‌لالی‌ سام ئاغا ناگرین كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت "مودیرییه‌ی‌ به‌له‌دیه‌"، چونكه‌ هی‌ سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێنه‌و تیا ماوه‌ته‌وه‌"، هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌: "سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ مانگی‌ پتر له‌ 5ملیۆن دینار موچه‌یه‌تی‌‌و له‌ هه‌مو ژیانیشیدا رۆژێك له‌ رۆژان نه‌ك هه‌ر ملوانی‌ كراسه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر كوردایه‌تی‌ چڵكن نه‌بوه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانیشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌”.

ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌كانیاندا دیوانی‌ چاودێریی‌ ئاماژه‌یان به‌ چه‌ند تۆمه‌تێكداوه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ داویه‌تیه‌ پاڵیان له‌وانه‌ "گه‌نده‌ڵ‌‌و موخته‌لیس"، "لاوازو بێتوانا"، كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ سكاڵای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر حاكم قادر حه‌مه‌جان تۆماركرد.

چاودێریی‌ دارایی‌ بۆچی‌ ده‌بێته‌ په‌یامنێری‌ میدیای‌ حیزب
له‌ یه‌كێك له‌ رونكردنه‌وه‌كانیاندا سه‌رۆكایه‌تیی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ نوسیویانه‌ "كاری‌ ئێمه‌ نهێنییه‌و دوره‌ له‌ میدیاگه‌ریی‌‌و سروشتی‌ كاره‌كانمان ساڕێژكردنی‌ كه‌موكوڕییه‌كانی‌ جه‌سته‌ی‌ حكومه‌ته‌"، به‌ڵام دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ شه‌و رۆژێكدا هه‌مو راپۆرته‌كانی‌ كه‌ له‌سه‌ر پارێزگای‌ سلێمانین له‌ میدیای‌ حیزبدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا میدیای‌ حیزب له‌ بری‌ هه‌وڵدان بۆ به‌ دادگایی‌ گه‌یاندنی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ به‌ فیعلی‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گلاون، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ داپۆشینی‌ شكستی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌قۆزنه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ به‌رمه‌بنای‌ قازانجی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ره‌وتی‌ روداوه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئاڕاسته‌ كردوه‌، ئه‌وه‌تا له‌ كێشه‌كه‌ی‌ نێوان دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌‌و سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیی‌ سلێمانیدا له‌ ساڵی‌ 2006 به‌ لای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ شاره‌وانیدا لاده‌دات‌و بابه‌ته‌كان وه‌ك خۆی‌ بڵاوناكاته‌وه‌، بێگومان پشتگیریكردنه‌كه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ بۆ حاكم قادر، سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌و كاتی‌ سلێمانی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ ناوبراو ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ بوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان یان هه‌ر لایه‌نێكی‌ دیكه‌ بوایه‌ لێیان ده‌كرد به‌ هه‌را، ئه‌مه‌شه‌ له‌ ساده‌ترین مانایدا "ئینتیهازییه‌ت"ی‌ میدیای‌ حیزب ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌تا دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ ژماره‌ 35ی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ بۆ ئاگاداریتان نه‌ك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راستی‌ كێشه‌كه‌ی‌ چاودێریی‌ دارایی‌‌و شاره‌وانیی‌ سلێمانی‌ ده‌بوایه‌ به‌ ویژدان‌و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌تان بكردبایه‌، نه‌ك به‌ پچڕپچڕی‌ رونكردنه‌وه‌كانی‌ ئێمه‌تان بڵاوكرده‌وه‌، به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كانی‌ تر نه‌بونایه‌ راستییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌رنه‌ده‌كه‌وتن”.

ئه‌مه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ میدیای‌ حیزب چۆن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆی‌‌و حیزبه‌كه‌ی‌ روداوه‌كان روماڵ‌ ده‌كات، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا قائیمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا راسته‌وخۆ له‌ كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدا ریكلامی‌ بۆ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌كرد، مامۆستا فه‌تاح مه‌حمود، سه‌رپه‌رشتیاری‌ لیستی‌ گۆڕان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتیدا هه‌مان راستی‌ دوپاتكرده‌وه‌، كه‌چی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ له‌ بری‌ هه‌ڵماڵینی‌ كۆی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان، شه‌ڕی‌ ئه‌وه‌یه‌تی‌ كه‌ قایمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نگی‌ به‌ لیستی‌ گۆڕان داوه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی‌ به‌ لیستی‌ كوردستانی‌ بدایه‌ ئێستا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ وه‌رده‌گرت؟ په‌رده‌پۆش ده‌كرا یان له‌ لایه‌ن سكرتاریه‌تی‌ مام جه‌لاله‌وه‌ پاساوی‌ بۆ ده‌هێنرایه‌وه‌؟!

موزایه‌ده‌كردنی‌ سیاسی‌ به‌ دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حیزب‌و مه‌كینه‌ ئیعلامییه‌كه‌یه‌وه‌ چوه‌ته‌ قۆناغێكی‌ ترسناكه‌وه‌، هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاوێنه‌ له‌ ژماره‌ 171ی‌‌ 5/5/2009دا راپۆرتێكی‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، له‌و راپۆرته‌دا رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌نیاز بوه‌ وێستگه‌یه‌كی‌ كاره‌بایی‌ 488میگاواتی‌ له‌ ته‌قته‌ق دروستبكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته‌ش به‌ بڕیاری‌ عومه‌ر فه‌تاح، جێگری‌ پێشوی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی‌ وه‌ك قۆناغی‌ یه‌كه‌م به‌بێ‌‌ هیچ زه‌مانه‌تێك گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ بانكی‌ گرنتس بۆ سه‌ر حسابی‌ كۆمپانیایه‌ك له‌ به‌ریتانیا كه ‌ناوی‌ (ئه‌لین بۆرگ)ه‌.

به‌ڵام له‌بری‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سكرتاریه‌تی‌ مام جه‌لال له‌ رێگه‌ی‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ته‌داخولیان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا كردو رایانگه‌یاند "سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال له‌كاتێكدا ئه‌م راستییانه‌ ده‌رده‌خات كه‌ زۆر به‌ كارێكی ناڕه‌وای ده‌زانێت‌ كاك عومه‌ر یان وه‌زیری كاره‌با یان مودیری كاره‌با تۆمه‌تبار بكرێن، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌دۆستانی كورده‌وه‌ دڵنیاكراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ پاره‌كه‌ هیچی له‌ كیس حكومه‌تی هه‌رێم ناچێت”.

به‌ڵام وه‌زیری‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم به‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ روداوی‌ راگه‌یاند: گره‌نتی‌ نییه‌ 18ملیۆن دۆلاره‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

سێ‌ پارێزگاو دو چاودێریی‌ دارایی‌
ئه‌گه‌رچی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ره‌سمیی‌ له‌ سێ‌ پارێزگا پێكهاتوه‌، كه‌چی‌ دو ده‌زگای‌ چاودێریی‌ دارایی‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجی‌ چاودێرانه‌، تائێستا هیچ یه‌كێك له‌و دو ده‌زگایه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ گه‌نده‌ڵی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بداته‌ دادگاو هه‌میشه‌ به‌ كارمه‌نده‌ بچوك‌و ئاستنزمه‌كانی‌ وێراوه‌و دزییه‌ گه‌وره‌كانی په‌رده‌پۆشكردوه‌.

مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ وتارێكیدا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ رۆژی‌ 5/5/2009 خوێندیه‌وه‌، وتی‌: "دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ وه‌ك پێویست نییه‌و ده‌بێت كارا بكرێت"، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ هه‌ولێر به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاندبو كه‌ عه‌دنان موفتی‌‌و سه‌رۆكی‌ خولی‌ دوه‌می‌ په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مان رۆژی‌ 1/7/2008 پێیانڕاگه‌یاندین كه‌ كار به‌ یاسا نوێیه‌كه‌ی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ نه‌كه‌ین له‌سه‌ر داوای‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی‌ وتبو: "له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، تائێستا بۆ زۆربه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان نه‌چوین، ئیتر چۆن ده‌توانین كارابین‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زیرو به‌رپرسه‌كاندا بكه‌ین”.

له‌ 21/4/2008 په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ ژماره‌ 2ی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ ده‌ركرد كه‌ له‌ 26/5/2008 له‌ رۆژنامه‌ی‌ وه‌قائیعی‌ هه‌رێمدا بڵاوكرایه‌وه‌و ده‌بو له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زه‌مه‌نی‌ كورتدا هه‌ردو دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ یه‌كیانبگرتایه‌ته‌وه‌و به‌ یاسا نوێكه‌ كاریان بكردایه‌، به‌ڵام ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ردو دیوانه‌كه‌ هه‌ر یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌و یاسا نوێكه‌ش فه‌رامۆشكراوه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ری‌ حیزبی‌ بونی‌ ئه‌و دو ده‌زگایه‌ی‌ تۆخكرده‌وه‌ كه‌ دو ده‌زگان له‌ خزمه‌تی‌ حیزبدان‌و راپۆرته‌كانیشیان له‌ بنه‌بإكردنی‌ گه‌نده‌ڵیدا هیچ رۆڵێكی‌ نه‌بینیوه‌، ئه‌و راپۆرتانه‌ نه‌بێت كه‌ حیزب بۆ مه‌رامی‌ سیاسی‌ به‌كاریهێناون یان له‌ ئاینده‌دا به‌كاریانده‌هێنێت.

Sbeiy.com © 2007