Print
 لیستی‌ كراوه‌‌و كه‌ركوك ‌و كۆتا كێشه‌یان له‌سه‌ره‌
Thursday, September 24, 2009

هه‌ستیار قادر
كوتله‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق  نه‌یانتوانی‌ له‌سه‌ر یاسای‌ هه‌ڵبژاردن رێكبكه‌ون‌و كه‌ركوك‌و لیستی‌ كراوه‌و كۆتا كێشه‌یان له‌سه‌ره‌و ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاساییش پێشبینیی‌ ئه‌وه‌ده‌كات، كه‌ یاسای‌ پێشوی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ گۆڕینی‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانه‌وه‌ قبوڵبكرێت.

 یاساكه‌ی‌ مالیكی‌ له‌ شكستدایه‌
له‌دوای‌ ئاراسته‌كردنی‌ پرۆژه‌یاسای‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌ بۆ  ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، سه‌ركرده‌ی‌ كوتله‌و لیسته‌ سیاسییه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێكردنی‌ یاساكه‌، به‌پێی‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداری‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش قوڵیی‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌و لیستانه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك باڵی‌ به‌سه‌ر یاساكه‌دا كێشا تا ئه‌و هێنده‌ی‌ جگه‌ له‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك باسی‌ هیچ بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ یاساكه‌ نه‌كراو به‌ناچاریی‌ گفتوگۆكان بۆ دوای‌ جه‌ژنی‌ قوربان هه‌ڵگیرا. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د.محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌  عێراق، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "كێشه‌یه‌كی‌ زۆر توند له‌نێوان كورد له‌لایه‌ك‌و عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كان له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌بوه‌".

ئه‌سته‌می‌ به‌رده‌م ئه‌و یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌، كه‌ به‌ یاساكه‌ی‌ مالیكی‌ ناسراوه‌ ته‌نیا كه‌ركوك نییه‌و واچاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌كاتی‌ تاوتوێكردنیدا له‌نێو ئه‌نجومه‌نی‌ نیوَنه‌رانی‌ عێراقدا كێشه‌ی‌ زیاتری‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یاسایه‌كی‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی‌ ئاماده‌كردوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌باری‌ رێكنه‌كه‌وتندا ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاركردن بدرێته‌ یاساكه‌ی‌ په‌رله‌مان.

لیسته‌كان له‌ داخراوه‌وه‌ بۆ كراوه‌
ئه‌گه‌رچی‌ به‌پێی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ (2005)ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، لیستی‌ كارپێكراو بۆ ركابه‌ریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی‌ داخراو بو، به‌پێی‌ پرۆژه‌یاساكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ 16/1/2010ی‌  ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ داهاتو، داواكراوه‌ كه‌ كاربه‌ لیستی‌ كراوه‌ بكرێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د.سه‌عدی‌ به‌رزنجی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌  لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، كه‌ (3) بۆ (4) ئه‌گه‌ر‌و خیار له‌ یاساكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ لیسته‌كان هاتوه‌، كه‌ له‌ داخراوه‌وه‌ تا كراوه‌ ده‌ڕوات‌و وتیشی‌: "ئێمه‌ وه‌ك لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌داین كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو به‌ لیستی‌ داخراو بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئێمه‌ له‌ دژی‌ لیستی‌ كراوه‌ین‌و ئه‌و تێبینییه‌مان په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ئاستی‌ هۆشیاریی‌ هاوڵاتییانی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌‌و ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ زۆر مكور بون ئێمه‌ به‌ لیستێكی‌ كراوه‌ی‌ سنورداریش قایلین".

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداریش له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، كه‌ لیستی‌ ئیئتلافیش له‌گه‌ڵ‌ لیستی‌ داخراودان، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌ترسیی‌ توڕه‌بونی‌ لایه‌نگرانیان پێیان باش نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ‌ لیستی‌ داخراودان تا به‌ نادیموكراتی‌ تۆمه‌تبار نه‌كرێن.

هاوكات به‌پێی‌ تێڕوانینی‌ چاودێران پێشنیازكردنی‌ لیستی‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقییه‌وه‌، سوربونی‌ كورد‌و شیعه‌كانیش له‌سه‌ر لیستی‌ داخراو، وێنای‌ ململانێی‌ نێوان دو تێڕوانینی‌ سیاسیی‌ جیایه‌ به‌وپێیه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌، سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسایه‌ توانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا به‌ لیستی‌ نیمچه‌كراوه‌‌و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ كه‌ له‌ لیسته‌كه‌یدا بون له‌ كۆی‌ (14) پارێزگا له‌ (9)یان پله‌ی‌ یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنێت‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا لیسته‌كانی‌ دیكه‌ زیاتر پشت به‌ ئینتیمابون ده‌به‌ستن‌و بۆ راكێشانی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتییان، نه‌ك ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ له‌نێو لیسته‌كانیاندان.

یاساكه‌ چی‌ گۆڕیوه‌؟
له‌ پرۆژه‌یاساكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقدا چه‌ند خاڵێكی‌ تێدایه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشو، له‌وانه‌ زیادكردنی‌ رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ (275)ه‌وه‌ بۆ (310) كورسی‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ زیادبونی‌ رێژه‌ی‌ دانیشوانی‌ عێراق، كه‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ به‌ (31) ملیۆنی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ لیسته‌ به‌هێز‌و گه‌وره‌كاندایه‌، به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی‌ مالیكی‌ سیستمی‌ فره‌بازنه‌یی‌ په‌یڕه‌وده‌كرێت به‌ یه‌ك بازنه‌ییكردنی‌ سه‌رجه‌م عێراق، كه‌ پێشتر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ (2005)دا په‌یڕه‌وكرا كاری‌ پێناكرێت‌و بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌پێی‌ رێژه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كورسی‌ بۆ داده‌نرێت‌و ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش له‌ یاساكه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیشدا هاتوه‌‌و جگه‌له‌وه‌ش ئالیه‌تێكی‌ توندتر دانراوه‌ بۆ خۆپاڵاوتن، كه‌ ده‌بێت بڕوانامه‌ی‌ پاڵێوراو له‌ ئاستی‌ به‌كالۆریۆس‌و هاوتاكانیدا بێت به‌پێی‌ ئه‌و میكانیزمه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا دایناوه‌و ده‌بێت كه‌سی‌ پاڵێوراویش به‌ پاڵاوگه‌ی‌ یاسای‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ریدا  تێپه‌ڕێت‌و نه‌یگرێته‌وه‌ كه‌ ساڵی‌ پار په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ تاوانبارانی‌ حیزبی‌ به‌عس ده‌ریكرد.

 مه‌سیحییه‌كان به‌ كۆتاكه‌یان قایل نین
به‌پێی‌ پرۆژه‌یاساكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌، كۆتا بۆ هه‌ندێك له‌ ئایین‌و نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌ جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب‌و  كورد‌و توركمان دانراوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ (5) كورسی‌ په‌رله‌مان وه‌ك كۆتا بدرێته‌ مه‌سیحییه‌كانی‌ كه‌ركوك‌و هه‌ولێرو دهۆك‌و به‌غدا‌و موسڵ‌‌و یه‌ك كورسیش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ شه‌به‌ك‌و سابیئه‌ی‌ مه‌ندائی‌‌و ئێزدی‌ له‌ شاره‌كانی‌ موسڵ‌‌و به‌غدا دابنرێت، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سیحییه‌كان رێژه‌ی‌ (5) كورسی‌ كۆتا بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوَێنه‌رانی‌ داهاتو به‌ كه‌م ده‌زانن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیاندا له‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌بله‌حه‌د ئه‌فرایم ساوا، په‌رله‌مانتاری‌ مه‌سیحی‌ له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان، پێیوایه‌ (5) كورسی‌ وه‌ك كۆتا بۆ مه‌سیحییه‌كان كه‌مه‌و پێشنیازی‌ زیادكردنیان كردوه‌‌و وتیشی‌: "ئێمه‌ وه‌ك مه‌سیحییه‌كان پێمان باشه‌ رێژه‌ی‌ كورسییه‌كان زیادبكرێت‌و لیسته‌كانیش به‌شێوه‌ی‌ داخراو‌و یه‌ك بازنه‌یی‌ بێت، نه‌ك بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن دابنرێت.

مه‌ترسیی‌ رێژه‌ی‌ كۆتای‌ نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كانی‌ به‌لای‌ هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ ئه‌و كۆتایانه‌ له‌لایه‌ن لیسته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵبكرێت‌و پاڵێوراویان بۆ دابنرێت، به‌وپێیه‌ی‌ كه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگی‌ كورسی‌ كۆتا كه‌متر له‌ كورسییه‌كانی‌ دیكه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگی‌ پێویسته‌.

كام یاسا سه‌رده‌كه‌وێت؟  
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نێردراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق (یونامی‌)  (15/10)ی‌  دیاریكرد وه‌ك دوا واده‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق‌و ئاراسته‌كردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و دروستبونی‌ ئه‌و مقۆمقۆیه‌ له‌سه‌ری‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌  یه‌كلاییبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ به‌ دیوی‌ په‌سه‌ندكردندا دور ده‌خاته‌وه‌ به‌ر له‌و واده‌یه‌ی‌ كه‌ یونامی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ دیاریكردوه‌، كه‌ هه‌ر دواخستنێكیش ئه‌گه‌ری‌ دواخستنی‌ ته‌واوی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ (16/1/2010)دا ئه‌نجامبدرێت، به‌وپێیه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش پێویستی‌ به‌ (3) مانگه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ پێویست بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، پێشبینی‌ ئه‌وه‌یكرد له‌م تاوتوێكردنه‌دا یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه‌ په‌سه‌ندبكرێت تا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ عێراق كاری‌ پێبكرێت، نه‌ك یاساكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ چه‌ند گۆڕانگارییه‌كی‌ بچوك له‌ یاسا  كۆنه‌كه‌دا ئه‌نجامبدرێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ زیاتر ده‌كرێت بۆ (310) كورسی‌".

Sbeiy.com © 2007