Print
 پێشمه‌رگه‌ و نهێنی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ به‌غدا و هه‌ولێر
Thursday, October 1, 2009

راپۆرت: به‌هادین یوسف
له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردودا چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان به‌رپرسانی سه‌ربازی هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی سه‌ربازی حكومه‌تی ناوه‌ند ئه‌نجامداروه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاسه‌وانی هه‌رێم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌ی ساڵانی (2006-2007-2008-2009) بودجه‌و میزانییه‌ی پێشمه‌رگه‌ خرایه‌ ناو بودجه‌وه‌و رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌‌و سپێردرا به‌ رێكه‌وتن‌و گفتوگۆی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، به‌ڵام تائێستا هیچ رێكه‌وتنێكی كۆتایی له‌نێوان هه‌ردولادا نه‌كراوه‌و كۆبونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردولاش سه‌رباری پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵاش له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌ندو هه‌رێم، مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێدراوی ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ی به‌رده‌ستی رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌و تایبه‌ته‌ به‌ گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردولاو مه‌حزه‌ری كۆبونه‌وه‌كانی رۆژی (3/10/2006) كێشه‌ی گه‌وره‌ ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ بوه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ژماره‌ی به‌قه‌ده‌ر هه‌مو هێزی به‌رگریی عێراق بوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ (70) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی یه‌ده‌گ هه‌بوه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌رك‌و فه‌رمانیان دیاریكرابێت، به‌و پێیه‌ش نوێنه‌رانی كورد داوایانكردوه‌ میلاكی (190) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ جێگیربكرێت، له‌ كاتێكدا به‌رپرسانی به‌غدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ شتێك نه‌بێت به‌ناوی پێشمه‌رگه‌و ته‌شكیلاتیان وه‌ك هێزی پۆلیس وابێت‌و هیچ هێزێك به‌ناوی سوپاوه‌ له‌ كوردستاندا نه‌بێت، جوڵانه‌وه‌و كاری هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا بێت.

وه‌فدی كوردی كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌، دوای جێگیركردنی ناوی پاسه‌وانی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی له‌ هێزه‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یان سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بێت، نه‌ك بۆ پارێزگاكان، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منیی زۆربه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق راده‌ستی پارێزگاكان كراوه‌ته‌وه‌، هاوكات داواشیان كردوه‌ ژماره‌ی (70 هه‌زار) پێشمه‌رگه‌ی یه‌ده‌گ‌و (120 هه‌زار) له‌كار جێگیر بكرێت.

وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم پێكهاتبو له‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و فه‌له‌ك‌و فه‌رمانده‌یی گشتیی، له‌لایه‌ن عێراقیشه‌وه‌ سه‌فا ئه‌لسافی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق‌و نوێنه‌ری نوری مالیكییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌كان كراوه‌.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فده‌كه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ ئیمزای هه‌ردو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم راپۆرتێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر كۆنوسی كۆبونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردو وه‌فده‌كه‌، ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌و تیایدا نیگه‌ران بون له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌كانی كردوه‌ هیچ زانیارییه‌كی نه‌بوه‌ ده‌رباره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم‌و پێشمه‌رگه‌و نوسیویانه‌:
"د.سه‌فا ئه‌لسافی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری په‌رله‌مان هیچ ئاگادارییه‌كی نه‌بوه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌و هیچ شاره‌زاییه‌كی نه‌بوه‌ له‌ باره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و ته‌نانه‌ت نه‌یده‌زانی  كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌و به‌خۆی لیوا ئه‌حمه‌د خه‌فاجی بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق هه‌وڵیاندا ئاراسته‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌، به‌لای ئه‌م خاڵانه‌دا به‌رن: ناوی پێشمه‌رگه‌ نه‌مێنێ، هێزی پێشمه‌رگه‌‌و دوای پاسه‌وانی هه‌رێم ته‌شكیلاتی وه‌كو ته‌شكیلاتی پۆلیس‌و ئاسایش بێت‌و هێزی ناوخۆ بێت، سوپا له‌ كوردستان نه‌بێت، چه‌كی پاسه‌وانی هه‌رێم، چه‌كی سوك بێت، فه‌رمانده‌كردنی هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێم‌و جوڵاندنی به‌ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بێت)، به‌پێی ئه‌و نامه‌یه‌ش وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم رێگه‌یان به‌وه‌ نه‌داوه‌، داكۆكیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌، كه‌ ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌مو جۆره‌ چه‌كێكی هه‌بێت وه‌كو سوپایه‌ك‌و سه‌رۆكایه‌تیكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بێت.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان، وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم یاداشتێكی پێنج خاڵیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كردوه‌ تیایدا پێنج پێشنییاریان خستوه‌ته‌ڕو داوایانكردوه‌ یه‌كێتی‌و پارتی په‌له‌ بكه‌ن له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌كانی هه‌ردو وه‌زاره‌ت‌و فه‌له‌ك‌و  فه‌رمانده‌ی گشتیی به‌ر له‌ واده‌ی (29/12/2006)‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ئه‌نجامبدرێت‌و بكرێته‌ هێزێكی نیزامی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای هێزه‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان، له‌گه‌ڵ‌ ژماریه‌ك پێشنیازی دیكه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی فه‌رمانده‌ی باڵا له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و فه‌رمانده‌یی كاره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بكات، هه‌روه‌ك مه‌سه‌له‌ی بونی چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی حكومه‌تی فیدراڵیشیان خستوه‌ته‌ڕو، كه‌ له‌ هه‌رێم بون‌و چالاكیان هه‌یه‌‌و ته‌ده‌خول ده‌كه‌ن ئه‌وانیش: (پاسه‌وانی سنورو به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئیستخابارات‌و لیواكانی سوپای عێراق)، ئه‌وه‌شی نه‌شاردوه‌ته‌وه‌، كه‌ بونی هێزی پاسه‌وانی سنوری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌ك بۆ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێم‌و جگه‌ له‌وه‌ی تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم‌و ناوه‌ند له‌ بواری پۆلیسی گومرگ‌و هه‌واڵگریی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، لیواكانی فیرقه‌كانی‌ سوپای عێراق) ئه‌ویش جۆرێك له‌ تێكه‌ڵاوی دروستكردوه‌ له‌ تێگه‌یشتن‌و به‌ باشیان زانیوه‌ چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ نوسراوه‌كه‌دا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوایانكردوه‌ به‌زوترین كات ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ (یه‌ده‌ك، له‌كار) دیاری بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبونه‌وه‌ی داهاتویاندا بیخه‌نه‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاسه‌وانی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ‌ دیاریكردنی هه‌یكه‌لی پێشمه‌رگه‌ (پاسه‌وانی هه‌رێم)، دیاریكردنی ئه‌ركی ئه‌و هێزه‌ به‌ڕونی ئه‌و ژماریه‌ی پێویسته‌ خانه‌نشین بكرێن، زنجیره‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و هێزه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی فیدراڵی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا به‌ ناوی (تێبینییه‌كی زۆر گرنگ) ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌، كه‌ سه‌رۆكی وه‌فدی هێزه‌كانی فره‌ڕه‌گه‌زو ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌و نوێنه‌رانی سه‌فاره‌تی به‌ریتانیاو ئه‌مریكا كه‌ به‌شداریی كۆبونه‌وه‌كانیان كردوه‌ ته‌ئكیدیان كردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان ته‌سلیمی هیچ پارتێك ناكرێت، به‌ڵكو ته‌سلیم به‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی حكومه‌تی یه‌كگرتو ده‌كرێت‌و نابێت هێزی پێشمه‌رگه‌ی هیچ پارتێك بمێنێت‌و به‌ر له‌ واده‌ی (29/12/2006) هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخرێت‌و له‌ ژێر سیاسه‌تی یه‌ك وه‌زاره‌تدا ئه‌وه‌یش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌سمیی به‌هێزی پاسه‌وانی هه‌رێمی كوردستان بناسرێت‌و به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ هه‌إه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌كگرتنه‌ جێبه‌جێ نه‌بێت به‌رله‌و واده‌یه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌سه‌ڵات ته‌سلیمی هه‌رێم ناكرێت".

دوا به‌دوای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌و ئاراسته‌كردنی ئه‌و یاداشته‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، دواتر كۆنگره‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر له‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌ن‌و هه‌رێم‌و به‌غداو هێزه‌ فره‌إه‌گه‌زه‌كان به‌ڕێوه‌چو رۆژی (10/10/2006) بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌یكه‌ل‌و ئاینده‌ی پێشمه‌رگه‌، دوباره‌ به‌ ئیمزای هه‌ردو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ نوسراوێكی نهێنی‌و تایبه‌ت ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌‌و ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی هه‌ردولا.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكیان خستوه‌ته‌ڕو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و به‌غدا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌وپێیه‌ش پێیان باش بوه‌ ژماره‌ی فیعلی پێشمه‌رگه‌ بكرێت (110 هه‌زار)‌و (50 هه‌زار) یه‌ده‌گ‌و (30 هه‌زار) بۆ خانه‌نشین‌و پێشمه‌رگه‌ش هه‌مو جۆره‌ چه‌كێكی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردوه‌، كه‌ وه‌فدی به‌غدا سوربون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت پاسه‌وانی هه‌رێم ئه‌و هه‌مو جۆره‌ چه‌كه‌ی هه‌بێت وه‌ك هه‌ر هێزێكی دیكه‌ی عێراق‌و ته‌نیا هێزێكی ئه‌منیی ناوخۆیی بێت، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی فره‌ڕه‌گه‌ز به‌غدا جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ر له‌ واده‌ی (209/12/2006) ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی كوردستان هه‌بێت، هه‌مو هێزه‌كان هه‌ماهه‌نگی بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌.

دوباره‌ چه‌ند پێشنیازێكی دیكه‌یان داوه‌ته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم‌و داوایانكردوه‌ به‌زوترین كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵا له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدرێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ به‌غدا ناكۆكی له‌سه‌ر بوه‌‌و هه‌روه‌ها كۆبونه‌ویه‌كی ده‌سه‌ڵاتی باڵای سیاسیی بردێت بۆ یه‌كخستن‌و چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاسه‌وانی هه‌رێم، په‌له‌ بكرێت له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باڵایه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش‌و ئه‌ركی هه‌ماهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ‌ ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی‌و عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌شی عێراق.

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگانه‌ له‌ كاتێكدا تائێستا پێشمه‌رگه‌ به‌ دوله‌تی ماوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانده‌یی‌و فه‌له‌ك یه‌كنه‌خراون‌و تائێستا وه‌زاره‌تێكی یه‌كگرتوی فیعلی پێشمه‌رگه‌ نییه‌و تائێستا هه‌یكه‌له‌كه‌ی یه‌كنه‌خراوه‌ته‌وه‌و ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ نه‌گۆڕاوه‌ بۆ پاسه‌وانی هه‌رێم‌و بودجه‌و میزانییه‌ی نه‌چوه‌ته‌ سه‌ربه‌غدا، سه‌ره‌ڕای ده‌یان كۆبونه‌وه‌و پێكهێنانی لیژنه‌ی هاوبه‌ش‌و لیژنه‌ی باڵا.

Sbeiy.com © 2007