سازدانی: سبه‌ی
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7ی ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان و به‌شداری كردنی لیستی گۆڕان و پشتیوانیكردنی ره‌وتی گۆڕینی دیموكراسی (ره‌گ) له‌و لیسته، هاوكات به‌شداریكردنی لیستی گۆڕان به لیستی جیا له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عێراق و هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و به‌شداریكردنه و هه‌ڵوێستی كوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ كوێستانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ره‌گ سازداوه.
سبه‌ی: ئێوه پشتیوانی‌تان کرد له که‌مپه‌ینی لیستی گۆڕان، چ شتێک وای له ئێوه کرد، پشتیوانی لیستی گۆڕان بکه‌ن؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: نه‌ک هه‌ر پشتیوانی به‌ڵکو به‌شداری جدیشمان کرد. هه‌ر له زه‌مینه‌سازی و داڕشتنی به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕانه‌وه تا به‌شداری کردنی که‌مپه‌ینی لیسته‌که. چ له ئه‌وروپاو چ له کوردستانیشدا نزیکی ولێکچونی په‌یام و به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕان، له په‌یام و به‌رنامه‌ی ره‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ره‌گ) هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و به‌شداری و پشتیوانیهمان بون.
سبه‌ی: به‌ڵام ئێوه وه‌ک ره‌گ، بزوتنه‌وه‌یه‌کی گۆڕانخوازی ناو یه‌کیه‌تی بون؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: به‌ڵێ وایه. به‌ڵام ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له یه‌که‌م به‌یانی خۆڕاگهیاندنماندا وتومانه ؛ ئێمه له کاتێکدا کار بۆ ئه‌و گۆڕانه بنه‌ڕه‌تیانه له ناو یه‌کێتی نیشتمانیدا ده‌که‌ین، له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵی دروست کردنی په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و لایه‌ن و گروپه دلسۆزانه ده‌ده‌ین که له پێناوی به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزیسیۆنی رێکخراوی کاراو گۆیادا کار ده‌که‌ن. ئۆپۆزیسیۆنێک که بتوانێ رۆڵی کاریگه‌ر ببینێ له بنیاتنانی سستمێکی دیموکراسیدا. هه‌رله هه‌مان به‌یاندا، جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه که سه‌رهه‌ڵدانی ره‌گ، زیاتر په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نوس و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌له‌که‌مانه‌وه هه‌یه تا یه‌کێتی. ئێمه ئاڵای گۆڕانمان له ناو یه‌کێتیدا هه‌ڵکرد تا له‌وێوه به‌شداری له پرۆسه‌ی گۆڕانی سه‌رتاپای سستمی حوکمڕانی له هه‌مو هه‌رێمی کوردستاندا بکه‌ین به‌ڵام له کاتێکدا هه‌مو هه‌وڵه‌کانی گۆڕان له ناو یه‌کێتیدا به ئاکام نه‌گه‌یشتن، گۆڕان له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیدا بۆ ئێمه بو به ئهڵتهرنهتیڤێکی واقیعی و جدی. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێکهاتنی لیستی گۆڕان، به‌شداری و پشتیوانی ئێمه‌ی مسۆگه‌ر کرد.
سبه‌ی: چۆن ده‌ڕواننه ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌رئه‌نجامی راسته‌قینه‌نین ئه‌گه‌ر پرۆسه‌که به‌شێوه‌یه‌کی شارستانیانه و دیموکراسیانه‌ی بێ په‌نابردنه به‌ر ساخته‌کاری و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه ئه‌نجام درابا، به‌دڵنیایه‌وه ده‌ڵێم لیستی ده‌سه‌ڵات ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بو به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌وشێوه‌یه بهڕێوهچونهش، سه‌ره‌تایه‌کی گرنگه بۆ ژیانی دیموکراسی و بۆ قۆناغه‌کانی داهاتو. یه‌ک له‌وانه گرنگه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌وه بو که ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی ساخته‌کاریه‌وه، توانی له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه. بۆیه زۆر گرنگه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینه‌ده‌دا، هه‌مو رێیه‌کی گونجاو بگیرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سستمێکی وای به‌ڕێوه‌چون و سه‌رپه‌رشتیکردنی هه‌ڵبژاردن دروست ببێ که که‌مترین ده‌رفه‌ت بۆ ساخته‌کاری بهێڵێته‌وه، چونکه چه‌ند ده‌نگی خه‌ڵک گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌وانه‌ی که ده‌نگه‌کان ده‌ژمێرن.
سبه‌ی: ئه‌ی باشه پێتان وایه لیستی گۆڕان به‌و ئه‌نجامه‌وه که به ده‌ستی هێناوه سه‌رکه‌وتوبوه؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه. ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که لیستی گۆڕان به‌ده‌ستی هێناوه، چ وه‌ک ژماره‌ی کورسی و چ وه‌ک کاردانه‌وه‌کانیشی، دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌نه له ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردندا نه‌ک هه‌ر له ناوچه‌که به‌ڵكو له دنیاشدا بزوتنه‌وه‌یه‌ک که ته‌مه‌نی راگه‌یه‌نراوی له چه‌ند مانگێک تێنه‌په‌ڕێ و به‌و ئیمکانیاته مادیه که‌مه‌ش که هه‌یبو،هه‌روا به‌و هه‌مو ساخته‌کاریه‌ش که له لایه‌ن لیستی ده‌سه‌ڵاته‌وه دژی ئه‌نجامدران، سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه.
من ناڵێم گۆڕان به ئه‌نجام گه‌یشتوه، به‌ڵام ده‌ڵێم بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له ئێستاوه، کۆمه‌ڵێ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه که گرنگترینیان، ئه‌و کاریگه‌ریه زۆره‌یه که کردویه‌ته سه‌ر شێوازی بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵس و که‌وتی خه‌ڵک خواسته شه‌خسیه‌کانی بۆ سنوری خواستی گشتی گواستۆته‌وه خه‌م و ره‌خنه‌و بێزاری و ناڕه‌زاییه‌کانی تاکی کوردی، کردونه‌ته گشتی پێویستی گۆڕانی له بیری هاو وڵاتی کوردی‌دا، کردۆته پێویستیه‌کی به‌رجه‌سته‌و ژیانیی ئه‌م قۆناغه و، حه‌ماسه‌ت و ئیراده‌ی گۆڕانی له ناخی مرۆڤی کوردا، چ له‌سه‌ر ئاستی تاک و چ له سه‌ر ئاستی کۆ، گه‌یاندۆته ئاستێکی باڵا. گۆڕان توانیویه‌تی ئینتیماو شانازی نه‌ته‌ویی و نیشتیمانی، لای مرۆڤی کورد، تا ئاستێکی زۆر دڵخۆشکه‌ر زیندو کاته‌وه. گۆڕان، توانیویه‌تی لیستی ده‌سه‌ڵات ناچار بکات که په‌یام و دروشم و به‌ڵێن و مژده‌کانی لیستی گۆڕان بڵێته‌وه.
گۆڕان، توانی هاوکێشه سیاسیه چه‌قبه‌ستوه‌کان لاسه‌نگ کات و زه‌مینه‌ی دروست بونی سه‌رهه‌ڵدانی هاوكێشه‌ی تازه خۆش کات بۆیه به‌دڵنیایه‌وه ده‌ڵێم، لیستی گۆڕان به‌و ئه‌نجامه‌وه به‌ده‌ستی هێناوه سه‌رکه‌وتوبوه.
سبه‌ی: ئێوه کادری ی. ن. ک بون، ئێستا خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌و حیزبه چیه، حیزبێک که بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری له ده‌ست دابێت و که‌وتبێته وێزه‌ی کادره‌کانی خۆی؟ یان پرسیاره‌که به شێوه‌یه‌کی تر بکه‌ین، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی یه‌کێتی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه په‌یڕه‌وی ده‌کات، به‌خۆداچونه‌وه‌یه یان سه‌رلێشێوان؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: یه‌کێتی گه‌یشتۆته قۆناغی پیر بون و پوکانه‌وه له قۆناغی ئاوا‌شدا، هیچ هیواو خه‌ون و پرنسیپ و بنه‌مایه‌ک نامێنێ ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و حیزبه کۆکاته‌وه. ئه‌وه‌ی زۆرێک له ئه‌ندامانی یه‌کێتی، له ناویه‌کێتی دا هێشتۆته‌وه، موچه‌و وهزیفهیهو، بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان من پێم وایه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، زۆر له ئه‌ندامانی یه‌کێتی ده‌که‌ونه ناو پرۆسه‌ی گۆڕانه‌وه و ئه‌وانه‌ش که یه‌کێتیان کردۆته کۆمپانیایه‌کی بازرگانی و موڵکی شه‌خسی، هه‌مو هه‌وڵێکی خۆیان ده‌ده‌ن بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و کۆمپانیایه، جا له سێبه‌ری پارتیدا بێت یان هه‌ر سێبه‌رێکی دی.
حیزبێک، فراوانترین بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی له ده‌ستدابێ و، ته‌نانه‌ت ئه‌ندام و کادره‌کانی خۆیشی باوه‌ڕیان به دروشم و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌و شێوازی کارکردنی نه‌مابێ و گیانی گۆڕانی تێدا سڕ کرابێ، ئیدی ئومێدی هه‌ستانه‌وه‌ی له کوێوه دێ!
یه‌کێتی، یان راستر سه‌رانی یه‌کێتی توانای به‌خۆداچونه‌وه‌و خۆ چاککردنیان نیه. خۆ مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نیه، ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و هاتنه مه‌یدانی هێزی گۆڕان ئه‌وانی هێنابێته‌وه هۆش و چاوی له ئاستی که‌م و کوڕی و ناتهویهکانیان کردبنه‌وه، تا لێره‌وه به هۆش هاتبنه‌وه و به‌خۆیاندا بچنه‌وه و ریفۆرم و ئه‌وه‌ی خۆشیان پێی ده‌ڵێن چاکسازی و پاک سازی به‌رپا بکه‌ن. کێشه‌ی یه‌کێتی کێشه‌ی تێنه‌گه‌یشتنی سه‌رکرده‌کانی نه‌بوه له‌و دۆخه‌ی یه‌کێتی تێیدایه، به‌ڵکو ئه‌و كێشه قوڵه‌یه که له بونیاد‌و پێکهاته‌و داته‌پینی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی ناو ئه‌و حیزبه‌دا هه‌یه. ئه‌مانه سستمێکی سیاسی و ئیداری و حیزبی وایان به‌رهه‌م هێناوه که بۆته ژینگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی وناعه‌داله‌تی و نا یه‌کسانی و مه‌حسوبیه‌ت و پێشێل کردنی یاسا‌و هتد.
ئه‌مانه که خۆیان کرۆک و خولقێنه‌ری ئه‌و دیارده‌و کێشانه‌ن، ناكڕێ ببنه ئامرازی ریفۆرم و گۆڕین. ئه‌و سیاسه‌ت و ره‌فتارانه‌ش له دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ستیان داوه‌تێ، هه‌مان سیاسه‌ت و ره‌فتارن که به‌ر له هه‌ڵبژاردن پیاده‌یان ده‌کردن و به‌م ئاکامه‌ی ئێستای گه‌یاندن. درێژه دانیش به‌هه‌مان سیاسه‌ت، ئاکامی خراپتری، بۆ یه‌کێتی، لێ ده‌که‌وێته‌وه.
سبه‌ی: وه‌ک ئاگادرن لیستی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عێراقیش به جیا داده‌به‌زێ، به رای ئێوه دابه‌زینی لیستی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عێراق چ جۆره هه‌ڵوێستێکه، له به‌رژه‌وه‌ندی کورده یان به زیانی کورد ده‌شکێته‌وه؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات سه‌باره‌ت به یه‌ک لیستی ده‌یکات، هیچی له هه‌ست کردن به به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی میله‌تی کورده‌وه نیه.
وه‌ک چۆن یه‌ک لیستیان، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستاندا، له ترسی شکستیان بو له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، ئاوا هاواریشیان بۆ یه‌ک لیستی، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئێراق، هه‌مان ترسه ترسی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بکه‌ونه خه‌ته‌ره‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی جه‌ماوه‌ر نه‌بونیان له‌به‌ر چاوی لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئێراقی و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و دنیاش بکه‌وێته رو. ترسی ئه‌وه‌ی ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌وه ده‌رخه‌ن که ئه‌وان چیدی نوێنه‌ری خه‌لکی کوردستان نین و چیدیش له بازاڕی سات و سه‌ودای سیاسه‌تدا، ئه‌وان خاوه‌نی بڕیار نین. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان له خه‌می به‌هێز هێشتنه‌وه‌ی پایه‌و پێگه‌ی حیزبی و شه‌خسی خۆیاندان و له خه‌می پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه دارایی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کانی خۆیاندان، چاره‌کی ئه‌وه‌ش به‌ته‌نگ مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی وچاره‌نوس سازه‌کانی گه‌له‌که‌مانه‌وه نایه‌ن.
به پێچه‌وانه‌وه، هه‌بونی لیستی جیا، به‌مه‌رجی یه‌ک ده‌نگی ئه‌و لیستانه له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان، ره‌نگاوڕه‌نگی و هێزی زیاتر به نوێنه‌رایه‌تی کورد، له به‌غدا، ده‌دات و حه‌ماسه‌تێکی زۆرتریش لای جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌خولقێنێ بۆ به‌شداری کردن له ده‌نگداندا. چه‌ند لیستی له کوردستان و یه‌ک ده‌نگی له به‌غدا، کارێکی وا ده‌کا که هه‌ر لیسته‌و ببێته چاودێرێکی کارا به‌سه‌ر ئه‌وی تره‌وه‌و نه‌هێڵێ نوێنه‌رایه‌تی کردنی کورد له به‌غدا، بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبی به‌کاربێ.
هه‌روا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئێراقیدا، ره‌نگدانه‌وه‌و کاریگه‌ریه‌کی زۆر ئیجابی ده‌کاته سه‌ر بار‌و دۆخی ئیداری و سیاسی و گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان.
سبه‌ی: جۆش و خرۆشی کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ههڵبژاردنیهکانی په‌رلامانی عێراق چۆن ده‌بینی؟ پێت وایه لیستی گۆڕان له‌ناو کوردانی تاراوگه‌دا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: کوردانی هه‌نده‌ران، زۆر له کوردانی ناوه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ش که له به‌غدا ده‌یکه‌ن بێزارترن. له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوی ئێراقدا، کوردانی هه‌نده‌ران، به‌جۆش و خرۆشێکی زۆره‌وه به‌ره‌و بنکه‌کانی ده‌نگدان چون و بونه مایه‌ی به‌ده‌ست هێنانی چه‌ند کورسیه‌کیش له په‌رله‌مانی ئێراقدا. کوردانی هه‌نده‌ران به‌و هیوایه ده‌نگیاندا، که نوێنه‌رایه‌تی کورد له به‌غدا، له‌سه‌رۆک کۆمار‌و وه‌زیرو ئه‌ندام په‌رله‌مان و کارمه‌ندانی گه‌وره‌ی تر، نوێنه‌رایه‌تیه‌کی راسته‌قینه‌ی میله‌تی کورد بکه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌زمونی ئه‌و چوارساڵه‌ی رابردو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هیوایه بو. ئه‌وان، نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا، زۆر که‌میان بۆ کورد کرد‌و هیچیش بۆ کوردانی هه‌نده‌ران.
هه‌روا بێبه‌ش کردنی کوردانی هه‌نده‌ران، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ته‌موزی رابردودا، بوه مایه‌ی توڕه‌یی و ناڕه‌زاییه‌کی زۆری کوردانی هه‌نده‌ران. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان، حه‌ماسه‌تێکی زۆرتری خستۆته به‌ر کوردانی هه‌نده‌ران، بۆ خۆ ئاماده کردن و بۆ به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئێراقیدا. من پێم وایه، هه‌مو ئه‌و کورسیانه‌ی به‌ده‌نگی کوردانی هه‌نده‌ران (به‌تایبه‌تی کوردانی ئه‌وروپا) ده‌ستی کورد ده‌که‌ون به‌ر لیستی گۆڕان ده‌که‌ون. به‌و مه‌رجه‌ی لیستی گۆڕان هه‌ر له ئێستاوه تا کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان، بتوانێت جۆرێک له رێکخستن و هه‌م ئاهه‌نگی له نێوان کوردانی هه‌نده‌ران دروست بکات.
سبه‌ی: پێشتر باسی ره‌گمان کرد ئێستا ده‌مانه‌وێ دوا پرسیارمان ده‌رباره‌ی ره‌گ بێت. ئێوه ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ره‌گ بون، ئێستا ئه‌و ره‌وته له کوێی کایه سیاسیه‌کاندایه؟
هه‌ڤاڵ کوێستانی: ره‌گ، جیا له هه‌ر ره‌وت و رێکخراوێکی پێش خۆی، له ماویه‌کی پێوانه‌یی یه‌کجار کورت‌دا، توانی پانتاییه‌کی دیار له نه‌خشه‌ی سیاسی کوردی‌دا بۆ خۆی دابین کات. وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێ کرد، په‌یامی ره‌گ به رپاکردنی گۆڕان بو، سه‌ره‌تا له ناو یهکیتیداو دواتر‌و له‌وێشه‌وه بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و حوکمڕانی له کوردستاندا.
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به یه‌کیه‌تیه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر چی هه‌وڵه‌کانی ره‌گ بۆ گۆڕان له ناو یه‌کێتیدا به بنبه‌ست گه‌یشتن، به‌ڵام رابون و هاوسۆزی و پشتیوانیه‌کی ئه‌وه‌نده زۆری له ناو رێکخستنه‌کانی یه‌کێتی و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیشدا بۆ خۆی راکێشا، که له دواتردا بوه زه‌خیره‌یه‌کی گرنگ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی، ره‌وت بێ یان حیزب و رێکخراوی سیاسی، ئه‌گه‌ر نه‌کرێته دوکانی سیاسی، له دو حاڵه‌تدا، ده‌کرێ کۆتایی به هه‌بونی خۆی بێنێ. چ له حاڵه‌تی شکست هێنانی له به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌رک و بهرنامهکانیداو، چ له حاڵه‌تی به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیدا. من بڕوام وایه له حاڵه‌تی ره‌گدا، ئه‌رکه‌کانی خۆی به سه‌رکه‌وتوی ئه‌نجام داوه‌و، هه‌ر له‌و کاته‌شه‌وه لیستی گۆڕان راگه‌یه‌ندراوه، ره‌گ، به‌شداریه‌کی جدی و کاریگه‌ری له‌به‌رجه‌سته کردنی په‌یام و به‌رنامه‌و سه‌رخستنی ئه‌و لیسته‌دا کردوه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ چالاکیه‌ک وه‌ک ره‌گ ئه‌نجام بدات. بۆیه ده‌توانم بڵێم، ره‌گ، له وێوه بۆته جۆگه‌له‌یه‌ک و رژاوه‌ته ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه. به شێوه‌یه‌کی دی ره‌گ به کرده‌وه رۆڵی ته‌واو بوه‌و هیچ پێویستیه‌کیش له درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نیدا نابینم. به تایبه‌تیش ئێمه، وه‌ک دامه‌زرێنه‌رانی ره‌گ، هه‌رگیز نه‌مان ویستوه ره‌گ بکه‌ینه ئامرازێک بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌ستکه‌وتی شه‌خسی. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی که راگه‌یاندنی کۆتایی ته‌مه‌نی ره‌گ، سه‌ره‌تایه‌کی ئازایانه‌و خۆنه‌ویستانه ده‌خاته ناو ئه‌زمونی سیاسی حیزب و رێکخراوه کوردیه‌کانه‌وه.