Print
 حكومه‌تی‌ دوانه‌یی‌
Wednesday, October 7, 2009

ستافه‌كه‌ی‌ نێچیره‌ڤان له‌ كابینه‌ی‌ نوێدا وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌
د.به‌رهه‌م ته‌نها دوساڵ‌ سه‌رۆك حكومه‌ت ده‌بێت

راپۆرت: سیروان ره‌شید
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 30ی‌ مانگی‌ رابردودا مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، د.به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ راسپارد بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پێویسته‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگدا ئه‌م دو كه‌سه‌ راسپێرراوه‌ ستافی‌ نوێی‌ كابینه‌كه‌و به‌رنامه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌یان ئاماده‌بكه‌ن‌و به‌پێی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم ده‌بێت تا 30ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا متمانه‌ وه‌ربگرن. كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ 19وه‌زاره‌ت‌و 2بۆ 3وه‌زیری‌ هه‌رێم پێكدێت.

دو كه‌سایه‌تیی‌ خاوه‌ن توانا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ كابینه‌كه‌
د.به‌رهه‌م ساڵحی‌ ته‌مه‌ن 49ساڵی‌ جێگری‌ دوه‌می‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان‌و عێراق كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ناسراوه‌و سیاسییه‌كی‌ لۆكاڵی‌ نییه‌، له‌بواری‌ به‌ڕێوه‌بردنیشدا كه‌سێكی‌ به‌ كه‌فائه‌ت‌و لێوه‌شاوه‌یه‌ و سیاسیه‌كی‌ خۆگونجێنه‌ له‌گه‌ڵ دۆست و ناحه‌زه‌كانیدا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌ هێشتا له‌سه‌ر پێی‌ خۆی‌ نه‌وه‌ستاوه‌و له‌ژێر سێبه‌ری‌ تاڵه‌بانیدایه‌ و ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش به‌سلبی‌ له‌سه‌ریدا شكاوه‌ته‌وه‌و نه‌یاره‌كانی‌ پێیده‌ڵێن به‌درێژای‌ ته‌مه‌نی‌ كابینه‌كه‌ی‌ له‌ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ نه‌یتوانیوه‌ بۆیه‌كجاریش موحاسه‌به‌ی‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان بكات.

ئازاد به‌رواری‌ ته‌مه‌ن 63ساڵیش، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كه‌مجاره‌ پۆستی‌ حكومی‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌هێزانه‌ی‌ ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ جێگه‌ی‌ ئیعتیماد‌و متمانه‌یه‌كی‌ زۆری‌ مه‌سعود بارزانی‌و سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتییه‌، ساڵی‌ 1979 له‌ له‌سه‌فه‌رێكدا بۆ ڤییه‌نای‌ پایته‌ختی‌ نه‌مسا كه‌ هاوه‌ڵی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌بێت، له‌هه‌وڵێكدا كه‌ گروپێك له‌پیاوه‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عس هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ بارزانی‌ ده‌ده‌ن، ئازاد به‌رواری‌ به‌وپێه‌ی‌ له‌شكڵ‌‌و باڵادا هاوشانی‌ مه‌سعود بارزانییه‌‌و له‌و ده‌چێت، له‌ بری‌ بارزانی‌ ده‌پێكرێت، بۆیه‌ هه‌رله‌وكاته‌وه‌ ده‌بێته‌ جێگه‌ متمانه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌‌و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا له‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتیدا چه‌ندین دۆسیه‌ی‌ گرنگی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوه‌، هه‌روه‌ها ئازاد به‌رواری‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی‌ كه‌ له‌ناو پارتیدا ناوی‌ به‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ئیداری‌‌و ئه‌خلاقی‌ له‌كه‌دارنه‌بوه‌.

به‌گه‌ڕخستنی‌ هه‌وڵه‌كان
له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه‌ بۆ بانگهێشتكردن‌و رازیكردنی‌ لایه‌نه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداریكردنیان له‌كابینه‌كه‌یاندا.

سیاسه‌تی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی‌ له‌م قۆناغه‌دا وایه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كابینه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح حكومه‌تێكی‌ بنكه‌فراوانی‌ ئیئتیلافی‌ بێت‌و زۆرترینی‌ لایه‌نه‌كان به‌شداری‌ تێدابكه‌ن، چونكه‌ به‌ رای‌ چاودێران یه‌كێتی‌ له‌بارودۆخێكدا سه‌رۆكایه‌تیی‌ حكومه‌ت ده‌كات، له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 25ی‌ ته‌موزه‌وه‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌‌و سیاسی‌ زۆر دابه‌زیوه‌و ئێستا ناتوانێت بڵێت، هیچ شاروشارۆچكه‌یه‌كی‌ كوردستان جێنفوزی‌ سه‌ره‌كیمه‌. هه‌ربۆیه‌ تاڵه‌بانی‌ زۆر مه‌به‌ستیه‌تی‌ زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌كان رازیبكات بۆ هاوكاریكردنی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و كه‌مترین ناڕه‌زایی‌‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ی‌ روبه‌ڕو ببێته‌وه‌.

لایه‌نه‌كان شه‌ریكده‌بن یان به‌شدارییان پێده‌كرێت؟
هه‌وڵی‌ رازیكردنی‌ لایه‌نه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌كابینه‌كه‌دا تائێستا رون نییه‌ كه‌ ئایا به‌هه‌مان میكانیزمی‌ كابینه‌ی‌ پێشو به‌شداری‌ ده‌كه‌ن‌و وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن؟ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار مه‌به‌ستیانه‌ زۆرترین لایه‌ن‌و پێكهاته‌كان له‌حكومه‌تدا به‌شدارییان پێبكرێت، به‌ڵام پێده‌چێت قورسایی‌ لایه‌نه‌كان له‌م كابینه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر له‌كابینه‌ی‌ رابردو لاوازتر نه‌بێت قورستر نابێت، چونكه‌ له‌كابینه‌ی‌ رابردودا لایه‌نه‌كان به‌شداربون نه‌ك شه‌ریك‌و ئه‌و 10وه‌زیره‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌كابینه‌ی‌ پێشودا هه‌یان بو هیچ رۆڵێكی‌ گرنگیان نه‌بوه‌و له‌بڕیارداندا به‌شدارییان پێ‌ نه‌كراوه‌‌و پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ جگه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و جێگرو وه‌زیری‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌پشته‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ بچوكیان ده‌به‌ست‌و له‌وێدا بڕیاره‌كانیان حه‌سمده‌كرد، نه‌ك له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا، بۆیه‌ پێده‌چێت میكانیزمی‌ به‌شداری پێكردن‌و قورسایی‌ لایه‌نه‌كان له‌م كابینه‌یه‌شدا هه‌ر به‌هه‌مانشێوه‌ بێت.

قورسایی‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ لایه‌نه‌كان له‌ لیستی‌ گۆڕاندا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ خاوه‌نی‌ یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌‌و ئاماده‌نییه‌ بچێته‌ ناوحكومه‌ته‌وه‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیش كه‌ 6كورسی‌ هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ بڕیاری‌ بون به‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ داوه‌‌و بۆ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش هێشتا ئه‌گه‌ر ده‌كرێت به‌شداری‌ بكه‌ن، به‌ڵام فشاری‌ قاعیده‌و كادیرانی‌ ناوه‌ندیان بۆ به‌شداری‌ نه‌كردن لای‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ ناتوانرێت نادیده‌ بگیرێت‌و كه‌مێك له‌به‌شداریكردنیانی‌ كاڵكردوه‌ته‌وه‌.

له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ سه‌ردانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌رۆكی‌ حیزبی‌ سۆسیالیست‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و هه‌ندێك لایه‌نی‌ دیكه‌یان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ بانگهێشتكردنیان بۆ چونه‌ ناوحكومه‌ت.

دوای‌ ئه‌و شكسته‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25ی‌ ته‌موزدا توشی‌ یه‌كێتی‌ بو، ئێستا پێگه‌ی‌ د.به‌رهه‌م‌و حیزبه‌كه‌ی‌ له‌م كابینه‌یه‌دا زۆر قورس‌و كاریگه‌ر نییه‌، به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ولێرو دهۆك پارتی‌ خاوه‌نیه‌تی‌‌و نایه‌وێت سلێمانیش دژایه‌تی‌ بكات، چونكه‌ گۆڕان ئه‌و شاره‌ی‌ بردوه‌ته‌وه‌، به‌و پێیه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ساحه‌یه‌كدا ململانێ‌ ده‌كات كه‌ هی‌ خۆی‌ نییه‌و ده‌یه‌وێت كه‌متر ره‌خنه‌و ناڕه‌زایی‌ له‌ئه‌دای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ روبه‌ڕو ببێته‌وه‌‌و توشی‌ سه‌رئێشه‌ بێت. به‌ بۆچونی‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان، به‌رهه‌م ساڵح له‌كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ‌ نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌كردوه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ هه‌وڵ‌ ده‌دات، به‌جدی‌ روبه‌ڕوی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ببێته‌وه‌و داوای‌ پشتیوانی‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین فرسه‌تی‌ سه‌ركه‌وتن بۆخۆی‌ مسۆگه‌ربكات.

ته‌مه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ به‌رهه‌م دو ساڵه‌
به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییه‌ باوه‌رپێكراوانه‌ی‌ رۆژنامه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتون، ته‌مه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ وه‌زیران بۆ به‌رهه‌م ساڵح ته‌نها دو ساڵه‌و له‌پاش ئه‌و پارتی‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت. سه‌رچاوه‌ ئاگادارو باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی‌ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا جارێك له‌نێوان تاڵه‌بانی‌‌و بارزانیدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خراوه‌ته‌ڕو، بارزانی‌ به‌ تاڵه‌بانی‌ وتوه‌ بۆچونی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتی‌ له‌ باره‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا پێویسته‌ دو ساڵ‌ بۆ یه‌كێتی‌ بێت‌و دو ساڵیش بۆ پارتی‌، به‌و پێیه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ 7/5/2006دا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستبه‌كاربوه‌ بۆماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ و  پارتی‌ له‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2008ئاماده‌بوه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ ته‌سلیمی‌ یه‌كێتی‌ بكات، به‌ڵام یه‌كێتی‌ خۆی‌ له‌به‌ر بارودۆخی‌ ناوخۆی‌ وه‌ری‌ نه‌گرتوه‌‌و ئه‌و مافه‌ی‌ بۆخۆی‌ به‌كارنه‌هێناوه‌، ئه‌وه‌بو تاڵه‌بانی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ 2008 له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا له‌ هاوینه‌هه‌واری‌ دوكان وتی‌ "كاك نێچیرڤان كاندیدی‌ یه‌كێتییه‌ بۆ دوباره‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ حكومه‌ت". هه‌ر بۆهه‌مان مه‌به‌ست ئازاد به‌رواری‌ كاندیدی‌ راسپێرراو بۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌چاوپێككه‌وتنی‌ به‌رنامه‌ی‌ (مباشرمع) ی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌دا كاتێك پێشكه‌شكاری‌ به‌رنامه‌كه‌ پرسیاری‌ له‌باره‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ لێده‌كات، ده‌ڵێت "جارێ‌ زوه‌ باس له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ د.به‌رهه‌م بكرێت‌و رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌‌و شتی‌ نوسراو له‌نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتیدا هه‌یه‌". به‌رواری‌ هه‌روه‌ها وتیشی‌ "ئه‌و پرسه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌دایه‌ كه‌ له‌نێوان سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌‌و بارزانیدا ئیمزا كراوه‌".
د.به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی‌ راسپێردراو بۆسه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستاندا له‌كاتی‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ پرسیارێكدا كه‌ ئایا ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ 2 ساڵه‌یان 4 ساڵ، به‌رهه‌م ساڵح هه‌رچه‌نده‌ وتی‌ نه‌له‌دورو نه‌له‌ نزیك باسی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كراوه‌، به‌لاَم دانی‌ به‌وه‌شدا نه‌نا كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بۆ چوارساڵ بێت.

ستافه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌
له‌ كابینه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵحدا زۆرینه‌ی‌ ئه‌و ستافه‌ سه‌ره‌كییه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌كابینه‌كه‌یدا هه‌یبو، وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ به‌ رای‌ چاودێران ئه‌مه‌ش تا ئاستێك مانای‌ بونی‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت به‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی‌ د.به‌رهه‌مدا، زانیارییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ د.نوری‌ عوسمان، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كه‌ ئه‌م پۆسته‌ له‌حكومه‌تدا هێنده‌ی‌ چه‌ند وه‌زیرێك گرنگی‌ هه‌یه‌، به‌وێیه‌ی‌ ئاگاداری‌ وردو درشتی‌ كاروبارو سیاسه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ ده‌بێت‌و ته‌واوی‌ فایلی‌ حكومه‌تی‌ له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت، هه‌ریه‌كه‌ له‌ د.ئاشتی‌ هه‌ورامی‌، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و د.عیزه‌ت كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتییه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ستافه‌ زۆر نزیكن له‌نێچیرڤان بارزانی‌‌و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی‌ هه‌یه‌و ده‌توانن راسته‌وخۆ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ن. هه‌ربه‌پێی‌ زانیاریی‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌، ئه‌گه‌ری‌ مانه‌وه‌ی‌ كه‌ریم سنجاریش ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی‌ به‌هێز نییه‌و پێده‌چێت، نه‌زهه‌ت عه‌لی‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ بكرێته‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ.

Sbeiy.com © 2007