Print
 یه‌كێتی‌ سامانی‌ گشتی‌ له‌خزمه‌تی‌ ده‌زگاكانیدا به‌كارده‌هێنێت
Thursday, October 29, 2009

راپۆرت: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
له‌ژێر ناوی‌ «خه‌رجی‌ تایبه‌ت”دا، ساڵانه‌ یه‌كێتی‌ زیاتر له‌ (340) ملیار دیناری‌ سامانی‌ گشتی‌ بۆ خزمه‌تی‌ مه‌كته‌ب‌و ده‌زگاكانی‌ خۆی به‌كارده‌هێنێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ هیچ داهاتێكی لێ‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی‌ زانیارییه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كان، مه‌كته‌به‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌شێكی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانیان به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ده‌ن‌و هه‌ر كادیرێكی‌ یه‌كێتیش له‌به‌رامبه‌ر پۆسته‌ حیزبییه‌كه‌یدا پۆستێكی‌ حكومیی‌ بۆ دانراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و كادیرانه‌ ناچارده‌كات "بۆ له‌ده‌ست نه‌چونی‌ موچه‌كانیان هیچ هه‌ڵوێستێك نه‌نوێنن، كه‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ به‌دڵیان نه‌بێت".

ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌یداته‌ مه‌كته‌به‌كانی‌ یه‌كێتی‌، پێشتر به‌شێكی‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ رێكخراوه‌كانه‌وه‌ ته‌رخانده‌كرا، ئێستا دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌ له‌ رێگه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌‌و مه‌كته‌بی‌ رێكخستن‌و مه‌كته‌بی‌ داراییه‌وه‌ بودجه‌كه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ مه‌كته‌به‌كان دیاریده‌كرێت.

ئه‌م بودجه‌یه‌ش به‌شێكی‌ له‌و (35) ملیۆن دۆلاره‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ یه‌كێتی‌ له‌ حكومه‌تی‌ ده‌سه‌نێت، جگه‌ له‌م پاره‌یه‌ش، ئیداره‌ی‌ گشتیی‌ مانگانه‌ نه‌سریه‌ بۆ هه‌مو مه‌كته‌به‌كان ته‌رخانده‌كات، «له‌سه‌ر ئه‌و داهاتانه‌ی‌ كه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ گشتیی‌‌و گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ نۆكان‌و پڕۆژه‌ی‌ لابه‌لای‌ دیكه‌ ده‌ستیده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها سكرتاریه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیش بودجه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ مه‌كته‌به‌كان دابینده‌كات‌و خۆشی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ساڵانه‌ (1,395.000.000) یه‌ك ملیار‌و سێسه‌د‌و نه‌وه‌د‌و پێنج ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت”.
له‌هه‌موشی‌ سه‌یرتر «كادیره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ئه‌ندام كۆمیته‌وه‌ تا به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ند بۆ (37) مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ موچه‌یان وه‌ك كارمه‌ندێكی‌ حكومیی‌‌و به‌ پله‌ی‌ حكومیی‌ بۆ ته‌رخانده‌كرێت”، ئیداره‌ی‌ گشتیش موچه‌ی‌ ئه‌و كادیرانه‌ی‌ خوارتر دابینده‌كات.

سكرتاریه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌
ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ سكرتاریه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌ ته‌رخانیده‌كات، له‌ بودجه‌ی‌ هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌كته‌به‌كانی‌ یه‌كێتی‌ زیاتره‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ له‌ ساڵی‌ (2007)دا ئه‌م ده‌زگایه‌ مانگانه‌ بودجه‌كه‌ی‌ بڕی‌ (10.500.000.000) ده‌ ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن دینار بوه‌، به‌ڵام ساڵی‌(2008) به‌ به‌راورد به‌ ساڵی‌(2007) ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رنجڕاكێش بودجه‌كه‌ی‌ كه‌مده‌كات‌و ده‌بێته‌ (1.395.000.000) یه‌ك ملیار‌و سێسه‌د‌و نه‌وه‌د‌و پێنج ملیۆن دینار بۆ یه‌ك مانگ.

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌
گه‌وره‌ترین مه‌كته‌بی‌ یه‌كێتییه‌ له‌ روی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ساڵی‌(2007) ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ ئه‌م مه‌كته‌به‌ مانگانه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ وه‌رده‌گرت بڕی‌ (240.000.000)دوسه‌د‌و چل ملیۆن دینار بوه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌و پێداچونه‌وانه‌ش كه‌ یه‌كێتی‌ هه‌ندێكجار به‌ بودجه‌ی‌ مه‌كته‌به‌كانیدا كردویه‌تی‌، بودجه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ نه‌گرتوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێی‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدان ساڵی‌(2008) ئه‌م مه‌كته‌به‌ بودجه‌كه‌ی‌ هه‌ر وه‌ك ساڵی‌(2007) بوه‌‌و هیچ كه‌می‌ نه‌كردوه‌.

مه‌كته‌بی‌ رێكخستن
مه‌كته‌بی‌ رێكخستن یه‌كێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌ مه‌كته‌به‌ گه‌وره‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و «هیچ شه‌فافیه‌تێكی‌ تیا نییه‌”‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتیش هیچ زانیارییه‌كیان نییه‌ له‌باره‌ی‌ كاروبار‌و خه‌رجی‌‌و بودجه‌ی‌ ئه‌م مه‌كته‌به‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستن ئاشكرای‌ ده‌كات «ئه‌رسه‌لان بایز نه‌یهێشتوه‌ هیچ كه‌سێك بودجه‌‌و نه‌سریه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستن بزانێت، ته‌نانه‌ت بودجه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستنی‌ له‌جێگره‌كانیشی‌ شاردوه‌ته‌وه‌”، به‌ڵام زانیارییه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن «مه‌كته‌بی‌ رێكخستن مانگانه‌ (1.800.000.000)یه‌ك ملیار‌و هه‌شتسه‌د ملیۆن دینار وه‌ك نه‌سریه‌ له‌ ئیداره‌ی‌ گشتیی‌ وه‌رده‌گرێت”.

مه‌كته‌بی‌ ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندن
له‌ روی‌ زۆریی‌ بودجه‌‌و ستاف‌و خه‌رجییه‌وه‌ یه‌كێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌ مه‌كته‌به‌ زه‌به‌لاحه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، ئه‌م مه‌كته‌به‌ پێكهاتوه‌ له‌ ستافی‌ مه‌كته‌ب‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، سه‌ته‌لایت‌و لۆكاڵی‌‌و رادیۆكه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستان، ئیتحاد، PUK Media،...هتد.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان «ساڵی‌ (2006) ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ مه‌كته‌بی‌ ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندن بۆ یه‌ك مانگ له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وه‌ریده‌گرت، بڕی‌ (7,500,000) حه‌وت ملیۆن‌و پێنجسه‌د هه‌زار دینار” بوه‌.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، بودجه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندن پێش دامه‌زراندنی‌ سه‌ته‌لایتی‌ گه‌لی‌ كوردستان «نزیكه‌ی‌ (1.500.000.000) یه‌ك ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن دینار بوه‌، به‌ڵام پاش دامه‌زراندنی‌ ئه‌و سه‌ته‌لایته‌ بودجه‌كه‌یان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ (2.000.000.000) دو ملیار دینار”.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ستافه‌كانی‌ ئه‌م مه‌كته‌به‌ رۆژنامه‌وانن‌و له‌ هه‌مانكاتیشدا كارمه‌ندی‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومین، تا پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ رێكخراوه‌كان چاوپۆشییان لێده‌كرا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وامه‌ ره‌سمییه‌كه‌یان له‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌، یان به‌ڕێوه‌به‌رێتیی راگه‌یاندن نه‌كه‌ن‌و له‌به‌رامبه‌ردا له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ یه‌كێتیدا كاربكه‌ن.

 

مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
به‌پێی‌ نوسراوێكی‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخستن/ به‌شی‌ موچه‌، له‌ لیستێكدا ئاماژه‌ به‌ ناو ‌و موچه‌ی‌ (62) كادری‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌/ ناوه‌ندی‌ شاره‌زور كراوه‌، كه‌ موچه‌كانیان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌‌و مانگانه‌ كۆی‌ گشتیی‌ موچه‌كه‌یان ته‌نیا بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌كاته‌ (29.195.750) بیست‌ونۆ ملیۆن‌و سه‌د‌و نه‌وه‌د‌و پێنج هه‌زار‌و حه‌وتسه‌د‌و په‌نجا دینار، واته‌ له‌ ساڵێكدا (437,936,250) چوار سه‌د‌و سی‌‌و حه‌وت ملیۆن‌و نۆسه‌د‌و سی‌‌و شه‌ش هه‌زار‌و دوسه‌د‌و په‌نجا دیناریان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌.

مه‌كته‌بی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان
به‌پێی‌ هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ «تایبه‌ت” كه‌ لای‌ رۆژنامه‌ پارێزراون «له‌ ساڵی‌ (2007)دا ئه‌م مه‌كته‌به‌ مانگانه‌ «بإی‌ (462.529.000)چوارسه‌د‌و شه‌ست‌و دو ملیۆن‌و پێنجسه‌د‌و بیست‌ونۆ هه‌زار دیناری‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌‌و بڕی‌ (270.529.000)دوسه‌د‌و حه‌فتا ملیۆن‌و پێنجسه‌د‌و بیست‌ونۆ هه‌زار دینار له‌و پاره‌یه‌ش دراوه‌ته‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان، ئه‌و بڕه‌ی‌ دیكه‌شی‌ كه‌ ماوه‌ته‌وه‌، دراوه‌ته‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ كوردستان‌و یانه‌ وه‌رزشییه‌كان‌و لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی‌ كه‌ركوك.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكرایده‌كه‌ن «بودجه‌ی‌ رێكخراوه‌كان له‌ساڵی‌ (2008)دا له‌ مانگێكدا به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ (1.380.000.000) یه‌ك ملیار‌و سێسه‌د‌و هه‌شتا ملیۆن دینار، جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌م مه‌كته‌به‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ «مانگانه‌ ئیداره‌ی‌ گشتیش وه‌ك نه‌سریه‌ نزیكه‌ی‌ (260)ملیۆن دینار ده‌دات به‌ مه‌كته‌بی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان”.

مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌
به‌پێی‌ نوسراوێكی‌ ره‌سمیی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ لای‌ رۆژنامه‌ پارێزراوه‌، ئه‌م مه‌كته‌به‌ مانگانه‌ (20)ملیۆن دیناری‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌ بۆ ستافه‌كانی‌‌و كادیره‌كانی‌ ئه‌م مه‌كته‌به‌ش له‌ لیستێكی‌ موچه‌دا كه‌ دوای‌ ئیمزاكردنی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ كاروباری‌ رێكخراوه‌كان نێردراوه‌ته‌وه‌‌و له‌ به‌رامبه‌ر پله‌ حیزبییه‌كانیاندا پۆستێكی‌ حكومیی‌ وه‌ك راوێژكار‌و به‌ڕێوه‌به‌ر نوسراوه‌.
هه‌ر به‌پێی‌ زانیارییه‌كان مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ جگه‌ له‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌ت، مانگانه‌ (25)ملیۆن دینار وه‌ك نه‌سریه‌ له‌ ئیداره‌ی‌ گشتیی‌ وه‌رده‌گرێت‌و پێشتریش بودجه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ هه‌بوه‌ له‌لایه‌ن سكرتاریه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بودجه‌یه‌ به‌رده‌وام نه‌بوه‌.

مه‌كته‌بی‌ دارایی‌
له‌ڕوی‌ داراییه‌وه‌ به‌گه‌وره‌ترین مه‌كته‌بی‌ یه‌كێتی‌ حسابده‌كرێت، به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ساڵی‌ (2007) بودجه‌ی‌ یه‌ك مانگی‌ ئه‌م مه‌كته‌به‌ كه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرت (10,500,000,000) ده‌ ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن دینار بوه‌، به‌ڵام ساڵی‌ (2008) ئه‌م بودجه‌یه‌ زیادیكردوه‌‌و بوه‌ته‌ (11,500,000,000) یانزه‌ ملیار‌و پێنجسه‌د ملیۆن دینار بۆ یه‌ك مانگ.ئه‌م مه‌كته‌به‌ به‌ڕه‌سمی كه‌مال فوئاد سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات، به‌ڵام دلێر سه‌ید مه‌جید كه‌ به‌رپرسی ئیداره‌ی‌ گشتییه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات.

فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ (هـ.پ.ك)
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ره‌سمیی‌، كۆی‌ گشتیی‌ هێزه‌كانی‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ له‌ ساڵی‌ (2007)دا (31291) پێشمه‌رگه‌ بوه‌، كه‌ كه‌مترین موچه‌یان له‌وكاته‌دا (100.000) سه‌د هه‌زار دیناربوه‌ به‌ پله‌ی‌ (ته‌ته‌ر)‌و زۆرترین موچه‌شیان (1.250.000) یه‌ك ملیۆن‌و دو سه‌د‌و په‌نجا هه‌زار دینار بوه‌، به‌ پله‌ی‌ (فه‌رمانده‌ی‌ لیوا).
ساڵی‌(2007) بودجه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ (هـ.پ.ك) كه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرت، مانگانه‌ بڕی‌ (8.575.111.000) هه‌شت ملیار‌و پێنج سه‌د‌و حه‌فتا‌و پێنج ملیۆن‌و سه‌د‌و یانزه‌ هه‌زار دینار بوه‌، به‌ڵام ساڵی‌ دواتر (2008) بودجه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ (هـ.پ.ك) له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگای‌ ته‌ندروستی‌ بودجه‌كه‌یان زۆر زیاد ده‌كات‌و مانگانه‌ ده‌گاته‌ (10.260.000.000) ده‌ ملیار‌و دوسه‌د‌و شه‌ست ملیۆن دینار.

رێكخراوی‌ مناڵپارێزی‌ كوردستان
ئه‌م رێكخراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسه‌ری‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و له‌ساڵی‌ (1991)دا دامه‌زراوه‌، له‌ وڵاتی‌ به‌ریتانیا وه‌ك فه‌ند په‌یداكه‌رێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كارده‌كات‌و له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا لقی‌ هه‌یه‌، به‌گشتیش رێكخراوه‌كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ رێكخراوی‌ مناڵپارێزی‌ كوردستان، لقه‌كانی‌ سه‌نته‌ری‌ گه‌نجان، كازیوه‌كان،...هتد.

ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ ساڵی‌ (2007)دا مانگانه‌ بڕی‌ (237.000.000) دوسه‌د‌و سی‌‌و حه‌وت ملیۆن دیناری‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌، به‌ كۆی‌ گشتیی‌ له‌م ساڵه‌دا (2.856.116.600) دو ملیار‌و هه‌شتسه‌د‌و په‌نجا‌و شه‌ش ملیۆن‌و سه‌د‌و شازده‌ هه‌زار‌و شه‌شسه‌د دیناری‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌رگرتوه‌.جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ر له‌م ساڵه‌دا ئه‌م رێكخراوه‌ (480.000) چوارسه‌د‌و هه‌شتا هه‌زار دۆلاری‌ له‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌رگرتوه‌‌و (450.000) چوارسه‌د‌و په‌نجا هه‌زار دۆلاری‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وه‌رگرتوه‌‌و (426938) چوارسه‌د‌و بیست‌و شه‌ش هه‌زار‌و نۆسه‌د‌و سی‌‌وهه‌شت دۆلاری‌ له‌ هه‌ندێك وڵات‌و لایه‌نی‌ دیكه‌وه‌ بۆ هاتوه‌، به‌ڵام ناوی‌ خاوه‌نه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراون.

ساڵی‌ (2008) بودجه‌ی‌ رێكخراوی‌ مناڵپارێزی‌ كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆی ته‌رخانده‌كرا، به‌ هه‌مان بإی‌ ساڵی‌ (2007) كه‌ (237.000.000) دوسه‌د‌و سی‌‌وحه‌وت ملیۆن دینار بو، مانگانه‌ وه‌ك خۆی‌ مایه‌وه‌‌و ده‌ستكاریی‌ نه‌كرا.

ده‌زگای‌ خه‌ندان
ده‌زگایه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحه‌، له‌ ساڵی‌ (2004)دا دامه‌زراوه‌‌و پێكهاتوه‌ له‌ ده‌زگای‌ خه‌ندان‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ وه‌ك، رۆژنامه‌ی‌ ئاسۆ، گۆڤاری‌ هه‌فتانه‌، سایتی‌ ده‌نگوباس، گۆڤاری‌ (الاسبوعیه‌)‌و رۆژنامه‌ی‌ (كۆپرو) كه‌ به‌زمانی‌ توركمانی‌ ده‌رده‌چێت.

ده‌زگای‌ خه‌ندان ساڵی‌ (2007) بۆ هه‌ر مانگێك (10.000.000) ده‌ ملیۆن دیناری‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام ساڵی‌ (2008) ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌مده‌كات بۆ مانگانه‌ (5.000.000) ملیۆن دینار‌و له‌ 5/2008دا حكومه‌ت ئه‌و مینحه‌یه‌ش راده‌گرێت.

ئه‌م ده‌زگایه‌ جگه‌ له‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش، مانگانه‌ (10.000) دۆلار له‌ سكرتاریه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌ وه‌رده‌گرێت‌و ئه‌و بودجه‌یه‌ش كه‌ به‌ بودجه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ حساب ده‌كرێت، دكتۆر به‌رهه‌م خۆی‌ له‌ رێگه‌ی‌ رێكخراوه‌ ئه‌مریكی‌‌و بیانییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌م ده‌زگایه‌ی‌ په‌یدا ده‌كات، كه‌ مانگانه‌ (70.000) دۆلاره‌.

ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م
ده‌زگایه‌كی‌ رۆشنبیریی‌ گه‌وره‌یه‌‌و شێركۆ بێكه‌س سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات، بینا نوێیه‌كه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ (ته‌لاری‌ سه‌رده‌م)ه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامی‌ سالم له‌ سلێمانی‌‌و له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌ كرایه‌وه‌، له‌ ساڵی‌ (2007)دا ئه‌م ده‌زگایه‌ مانگانه‌ (55.000.000) په‌نجا‌و پێنج ملیۆن دیناری‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام ساڵی‌ (2008) بودجه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ زیادكراوه‌ بۆ (60.000.000) شه‌ست ملیۆن دینار.

پارێزگاری‌ كه‌ركوك
عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا، پارێزگاری‌ كه‌ركوك، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌ ره‌سمیی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ كاروباری‌ «به‌رده‌ستی‌‌و میوانداریی‌” له‌ ساڵی‌ (2007)دا مانگانه‌ (15.000.000) پانزه‌ ملیۆن دیناری‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌رفكراوه‌، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ش له‌ ساڵی‌ (2008)دا وه‌ك خۆی‌ به‌رده‌وام بوه‌.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئیسماعیل ره‌جه‌ب حه‌دیدی‌، ئه‌ندامی‌ پێشوی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانی‌‌و جێگری‌ پێشوی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌ ساڵی‌ (2007‌و 2008)دا مانگانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بڕی‌ (4.500.000) چوار ملیۆن‌و پێنجسه‌د هه‌زار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بزانرێت.

تایبه‌ت
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێڕامانه‌، به‌شێك له‌و پارانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ مه‌به‌ستێتی‌، هه‌ندێكیشیانی‌ بۆ حكومه‌ت رون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ چییه‌، له‌ هه‌موشی‌ سه‌یرتر (10.000.000) ده‌ ملیۆن دیناره‌ مانگانه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ (2008)دا ته‌نیا به‌ناوی‌ «تایبه‌ت”ه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رگیراوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دیاری‌ بكرێت كێیه‌ ئه‌م كه‌سه‌ «تایبه‌ته‌”.

كوردسات‌و الحریه‌
سه‌ته‌لایتی‌ كوردسات له‌ ساڵی‌ (2000)دا دامه‌زراوه‌، ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئه‌گه‌رچی‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ (خاك)دا به‌ ره‌سمیی‌ موڵكی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسه‌ری‌ جه‌لال تاڵه‌بانین، به‌ڵام له‌ خزمه‌تی‌ یه‌كێتیدا كارده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها كه‌ناڵی‌ ئه‌لحوڕییه‌ سه‌ته‌لایتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ یه‌كێتییه‌‌و ساڵی‌ (2003) وه‌ك كه‌ناڵێكی‌ لۆكاڵی‌ عه‌ره‌بیی‌ یه‌كێتی‌ له‌ به‌غداد ده‌ستی‌ به‌ په‌خشكردوه‌، به‌ڵام دواتر بوه‌ته‌ كه‌ناڵێكی‌ ئاسمانیی‌ یه‌كێتی‌.

ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌م دو سه‌ته‌لایته‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌حكومه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی‌ (2008)دا به‌ هه‌ردوكیان مانگی‌ (900.000.000) نۆسه‌د ملیۆن دیناریان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌.

شێخ‌و ته‌كییه‌كان
ئه‌گه‌رچی‌ یه‌كێتی‌ خۆی‌ به‌حیزبێكی‌ سۆشیال دیموكرات ده‌زانێت، به‌ڵام به‌رده‌وام په‌ پاره‌‌و به‌ خانه‌نشینكردن‌و كۆمه‌ك پشتیوانی‌ له‌ شێخ‌و پیاوماقوڵان‌و خاوه‌ن دیوه‌خان‌و سه‌رۆك خێڵه‌كان ده‌كات، له‌م روه‌شه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ (2007)دا ئه‌م شوێنانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ مانگانه‌ پاره‌یان له‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ وه‌رگرتوه‌:
ته‌كیه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌، مانگی‌ (7.500.000) حه‌وت ملیۆن‌و پێنجسه‌د هه‌زار دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ عه‌بدولقادری‌ چوێسه‌، مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ كامیل شێخ عه‌بدولقادری‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ سه‌عید شێخ عه‌بدولقادری‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ تاهیری‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولقادری‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ زاهیر شێخ سه‌عیدی‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ رزگار شێخ ئه‌حمه‌دی‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌، ته‌كیه‌ی‌ شێخ له‌تیف شێخ عه‌بدولقادری‌ چوێسه‌ مانگی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتوه‌.

هه‌روه‌ها ساڵی‌ (2008)یش شێخانی‌ سورچی‌، مانگانه‌ (7.500.000) حه‌وت ملیۆن‌و پێنجسه‌د هه‌زار دیناریان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌رگرتوه‌.

Sbeiy.com © 2007