فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی: "پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه‌یه"
راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی به ئامانجی پێداچونه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی به‌شێك له بڕگه‌كانی ئاماژه به پێویستیی دوباره گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رده‌ستی په‌رله‌مانتارانی خولی سێیه‌م ده‌كه‌نه‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا جێگری فراكسیۆنی كوردستانی پێیوایه پڕۆژه‌كه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان نییه‌و ئه‌و حاڵه‌ته‌ش "به كوده‌تا به‌سه‌ر خولی پێشودا ناوده‌بات".
په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌كه
پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له كۆتاییه‌كانی خولی دوه‌می په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرا، كه له دیباجه و (122) ماده پێكهاتوه‌و به‌سه‌ر هه‌شت ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كیدا دابه‌شكراوه، ئه‌گه‌رچی بیرۆكه‌ی پێشنیازكراوی پڕۆژه‌كه بۆ سه‌ره‌تاكانی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان له‌ساڵی (1992) ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌لومه‌رجه سیاسیی‌و بارگرژییه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم پڕۆژه ده‌ستورییه‌كه‌ی به نوستویی له په‌رله‌ماندا هێشته‌وه، تائه‌وه‌ی له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری (2002)و له خولی دوه‌می په‌رله‌ماندا لیژنه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ دروستكرا‌و به ده‌ستكارییه‌وه پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ گه‌ڵاڵه‌كرا، لیژنه‌كه دوای ته‌مه‌نێك دوایین پڕۆژه‌ی خۆی ئاماده‌كرد‌و له (24/6/2009) به زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی خولی دوه‌م په‌سه‌ندیكرد.
ناڕه‌زایه‌تییه‌كان
په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌كه، هاوكات بو له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ده‌رئه‌نجامی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوره‌كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناوخۆی هه‌رێمدا دروستكرد، كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی سیاسیی رابه‌ڕایه‌تی ده‌كرد، دواتریش له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه ره‌نگیدایه‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی مه‌به‌ستیان بو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25)ی ته‌مموز راپرسی له‌سه‌ر ره‌شنوسی ده‌ستوره‌كه ئه‌نجام بده‌ن.
گۆڕانی هه‌ڵوێست
ئێستا پێكهاته‌ی سیاسیی خولی سێیه‌م به به‌راورد به خولی دوه‌می په‌رله‌مان جیاوازه، به‌تایبه‌ت دوای هاتنه‌كایه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خاوه‌نی (25) كورسی‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی خاوه‌ن (2) كورسی، به‌وپێیه‌ی پێشتر ئه‌م دو هێزه ئاماده‌ییان له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا نه‌بو، هاوكاتیش هه‌ڵوێستی به‌شێك له‌و حیزبه سیاسییانه‌ی له رابردودا له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌كه بون‌و ئێستا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه، به‌تایبه‌تیش یه‌كگرتوی ئیسلامی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلام‌وی، كه خاوه‌نی (10) كورسی په‌رله‌مانن جه‌خت له پێداچونه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌و دوباره گفتوگۆكردنی بڕگه‌و ماده‌كانی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه به‌س نییه، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه پێویستی به رێژه‌ی (3\2)ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه، ئه‌و واقیعه‌ش رونه ئه‌و رێژه‌یه نه به فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات‌و نه به به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ته‌واو نابێت.
سه‌میر سه‌لیم، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له په‌رله‌مانی كوردستان، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: هه‌ڵوێستی پێشترمان ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستور له چوارچێوه‌و دۆخێكی دیكه‌دا بوه، هه‌رچه‌نده ره‌زامه‌ندیشمان له‌سه‌ردا، به‌ڵام تێبینیمان له‌سه‌ر ره‌شنوسه‌كه هه‌بوه‌و قسه‌ی خۆمان كردوه. ئێستا بڕوامان وایه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چوارچێوه یاساییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك بتوانین ئه‌و پڕۆژه ره‌شنوسه بهێنینه‌وه سه‌رمێزی گفتوگۆی په‌رله‌مان‌و تێبینی خۆمانی له‌سه‌ر بخه‌ینه رو. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و كاردانه‌وه گه‌وره‌یه‌ی له ناوه‌نده میدیایی، سیاسیی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌سه‌ر ره‌شنوسه‌كه دروستبو، مافی خۆیه‌تی پڕۆژه‌كه بێته‌وه په‌رله‌مان، به‌وپێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی ئه‌زمونێكی دیموركراسیدایه، كه پێویسته كه‌مترین ره‌خنه له‌سه‌ر ده‌ستوره‌كه‌ی هه‌بێت.
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش پێیوایه؛ جۆرێك له نا هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ده‌قه‌كانی ره‌شنوسه‌كه‌دا به‌دیده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك به پێچه‌وانه‌ی سیستمی په‌رله‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆره‌و له به‌رامبه‌ریشدا رۆڵی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ته‌شریفاتی‌و شكڵیی ده‌رده‌كه‌وێت.
د.سه‌باح به‌رزنجی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له په‌رله‌مانی كوردستان، به رۆژنامه‌ی وت: "ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پڕۆژه‌كه دوباره بخرێته‌وه به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و گفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت، چونكه تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌و ناهه‌ماهه‌نگییه هه‌یه كه له‌نێوان ده‌قه‌كاندا به‌دیده‌كرێت، بۆ نمونه كه ئێمه سیستمی په‌رله‌مانیمان هه‌بێت، نابێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌نده زۆربێت، كه سه‌رۆك وه‌زیران له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌ورێكی ته‌شریفاتی‌و شكڵیی پێببه‌خشرێت". به‌رزنجی بڕوای وایه تا ئه‌وه‌ی كۆكبونی نیشتمانی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه نه‌بێت، ناكرێت بچێته خانه‌ی راپرسییه‌وه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات؛ پاساوه‌كانی ئه‌وان سیاسیی‌و ئایدۆلۆژی نین، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ده‌ستورێكی له‌بار هه‌بێت، كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان لێی رازیبن‌و هه‌وڵبدرێت هاوسه‌نگیی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن‌و یاسادانان‌و دادوه‌ریی هه‌بێت.
پێشتر‌و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه ده‌ستورییه‌كه چه‌ندین یاداشت‌و سه‌رنج‌و تێبینیی له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، پسپۆڕان‌و شاره‌زایان‌و نوخبه جیاوازه‌كانی هه‌رێمه‌وه ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوریی په‌رله‌مان كراوه، كه به‌شێك له تێبینییه‌كان شكڵین‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش په‌یوه‌ندیی به ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌یه.
گۆڕان، نه‌گۆڕی هه‌ڵوێست
د.زانا ره‌ئوف، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی فراكسیۆنه‌كه‌یانی به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم دوپاتكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ پێویستده‌كات ئه‌و پڕۆژه‌یه پێداچونه‌وه‌ی گشتگیری تێدابكرێت، بۆئه‌وه‌ی ببێته بناغه‌ی هاوسه‌نگی راگرتنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بناغه داڕێژه‌ری به دامه‌زراوه‌كردنی ده‌سه‌ڵات بێت.
به بڕوای زانا ره‌ئوف، كه خۆی پسپۆڕی یاسای ده‌ستوریشه، ئه‌و پڕۆژه‌یه ئه‌و ئامانجانه ناپێكێت كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستوری له‌پێناو دروستبوه‌و رونیكرده‌وه گرنگترین ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی دانانی ده‌ستور له‌هه‌ر وڵاتێكدا، بریتییه له ده‌ستنیشانكردنی قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت، رێكخستنی چۆنێتی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، رێكخستنی چۆنێتی په‌یوه‌ندیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌و چۆنێتی زامنكردنی مافی هاوڵاتی له به‌شداریی سیاسیی‌و پاراستنی مافه سه‌ره‌كییه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه ده‌ستورییه‌دا پراكتیزه‌بكه‌ین، ده‌بینیت دوچاری كه‌لێنی گه‌وره ده‌بین. له‌وباره‌یه‌وه نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه پڕۆژه‌كه "سه‌ركه‌وتو نه‌بوه له دیاریكردنی سنورێكی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم، ئه‌و سنوره‌ی له بنه‌ڕه‌تدا به سنوری سروشتیی هه‌رێم داده‌نرێت"، چونكه بۆ دیاریكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و پرسی ناوچه جێناكۆكه‌كان خۆی به‌ستوه‌ته‌وه به ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری عێراقییه‌وه، له‌كاتێكدا كێشه‌ی گه‌وره‌مان جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و ماده‌یه‌یه.
بزوتنه‌وه، داوای پێداچونه‌وه ده‌كات
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی هێزه زیندوبوه‌كه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی (25) ته‌مموزه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هێزه به‌شداریی كابینه‌ی ئیداریی هه‌رێمی كردوه‌و له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا نییه، به‌ڵام به‌پێی لێدوانی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان له په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ پێداچونه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوره‌كه‌ن‌و پێشتریش سه‌رنجی خۆیان وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی بۆ لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه ناردوه.
د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئه‌و ده‌ستوره خاڵی نییه له كه‌موكورتیی‌و تێبینیی خۆمان له‌سه‌ری هه‌یه، له‌و روانگه‌وه پێمانوایه مافی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانه پێداچونه‌وه به‌و پڕۆژه‌یه بكات‌و قسه‌و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكات، چونكه په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات‌و ده‌توانرێت خاڵه لاوازه‌كانی دیاریبكرێت‌و چاكبكرێت، ئه‌مه‌ش به‌و ئامانجه‌ی زۆرینه‌ی چین‌و توێژ‌و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستوره‌كه كۆك‌و ته‌بابن".
ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له پڕۆژه ده‌ستورییه‌كه‌دا، یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی جێگای سه‌رنجی زۆربه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمه. زانا ره‌ئوف، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی لیستی گۆڕان پێیوایه؛ یه‌كێك له كێشه‌كانی پڕۆژه‌كه خراپیی رێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌و وتی: "سیستمی په‌رله‌مانیی جیاكردنه‌وه‌ی نه‌رمونیانی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كان كردوه، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ قه‌تیسكردنی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، هه‌روه‌ك زیادكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌سه‌ر حسابی حكومه‌ت له‌لایه‌ك‌و په‌رله‌مان له‌لایه‌كی دیكه مه‌ترسیداره، ئه‌م مه‌ترسییه‌ش په‌یوه‌ندیی به كه‌سه‌كانه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به پۆسته‌كه‌وه هه‌یه، كه ده‌بێته بناغه‌یه‌ك بۆ دیكتاتۆریی".
كوردستانی، مومكین نییه گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ریی تێدابكرێت
فراكسیۆنه یه‌كه‌مه‌كه‌ی په‌رله‌مان كه خاوه‌نی (59) كورسییه‌و نوێنه‌رایه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌كات، ئه‌و به‌شه‌ی په‌رله‌مانه كه جه‌خت له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندن‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ده‌كات بۆ ناو پێكهاته نوێیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، چونكه پێیانوایه؛ "پڕۆژه‌كه هه‌مو شته جه‌وهه‌رییه‌كانی تێدایه‌و پێویست ناكات بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان".
دڵشاد شه‌هاب بارزانی، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی كوردستانی، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو كامڵه‌و دیراسه‌كراوه‌و به‌شێكی هه‌ره زۆری داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستانی تێدایه، هه‌ربۆیه به زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی خولی پێش‌و په‌سه‌ندكراوه، زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی پێشتر له په‌رله‌ماندا بون جگه له گۆڕان ره‌زامه‌ندبون له‌سه‌ری، هاوكات هیچ واقیعێكی نوێش نییه تا پێویست به پێداچونه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه بكات". جێگره‌كه‌ی كوردستانی ئاماژه به‌وه ده‌كات؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه له‌جێی ئومێدی هه‌مومان نییه، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه زۆر گرنگه، كه پێویستده‌كات هه‌وڵبدرێت ده‌رفه‌تێك بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی راپرسیی له‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان، چونكه ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێته‌وه مومكین نییه گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ریی تێدابكرێت. وتیشی: "پێویسته رێز له ئیراده‌ی په‌رله‌مان بگیرێت، ناكرێت ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان شتێكی پێ باش نه‌بێت، كاری خولی پێش‌و ره‌فزی بكات، پێموایه ئه‌مه كوده‌تایه".
ئۆپۆزسیۆن، بڕیاریداوه نه‌بێته ده‌سه‌ڵات!
به‌بڕوای دڵشاد بارزانی ئه‌و پاساوانه بێهێزن كه داوای هه‌مواركردن‌و گفتوگۆی دوباره‌ی پڕۆژه‌یاساكه ده‌كه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه پێیوایه؛ پێویسته تێإوانینه‌كان یاسایی بن، نه‌ك بۆ پۆست‌و كه‌سه‌كان بێت‌و وتی: "ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆره، كه‌واته بۆچی پڕۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پێش ره‌شنوسه‌كه كه‌س ناڕه‌زایی له‌سه‌ر نه‌بوه، پۆسته‌كان بۆ داهاتوی وڵاتن نه‌ك بۆ كه‌سه‌كان، واته ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كاتێكی دی بۆ یه‌كێكی دیكه‌یه، به‌دیوێكی دیكه‌دا نه ئێمه تا دنیا هه‌یه له ده‌سه‌ڵات ده‌بین‌و نه ئۆپۆزسیۆنیش هه‌میشه ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام ره‌خنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كن واپێده‌چێت ئۆپۆزسیۆن بڕیاری دابێت نه‌بێته ده‌سه‌ڵات".
جێگری فراكسیۆنی كوردستانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "له‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی كه ناحه‌زانی كورد به‌رامبه‌ر ده‌ستور هه‌یانه، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ده‌ستوره بۆ كورد چه‌ند گرنگه، هه‌رچی ناڕه‌زایه‌تییه ناوخۆییه‌كانیشه بێگومان ده‌رخه‌ری بۆچونی جیاوازه له هه‌رێمدا".