Print
 شێخ جه‌عفه‌ر: بڕوام به‌هێزی‌ چه‌كداری‌ حیزب نییه‌
Tuesday, December 1, 2009

"ئه‌گه‌ر هێزی‌ چه‌كدار به‌ده‌ستی‌ حیزبه‌وه‌ بێت مه‌ترسی‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ لێده‌كرێت"


سازدانی‌: سیروان ره‌شید
چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ زۆرئاسانه‌، چونكه‌ شێخ جه‌عفه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ‌ میدیاكان هه‌یه‌‌و رۆژنامه‌نوسان به‌ ئاسانی ده‌توانن لێدوان‌و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له‌ گه‌ڵی ئه‌نجامبده‌ن. رۆژی‌ عه‌ره‌فه‌ی‌ پێش جه‌ژن كاتێك به‌مه‌به‌ستی‌ دیدارێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ته‌له‌فۆنم بۆ مۆبایله‌ شه‌خسیه‌كه‌ی‌ شێخ جه‌عفه‌ركرد بۆ سه‌ر له‌ ئێواره‌كه‌ی‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌و له‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سلێمانی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان سازكرد، چونكه‌ شێخ جه‌عفه‌ر له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌شه‌.
زانینی‌ بیروبۆچونی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ ئێستا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم هه‌یه‌تی‌ زۆر گرنگه‌.
ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌دایه‌ كه‌ رۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ دیكه‌ی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ ماوه‌یه‌كه‌ وه‌ك كارێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ و ئه‌ركێكی‌ نیشتمانی‌ له‌هه‌وڵی‌ كۆده‌نگیه‌كدان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی‌ هێزه‌چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم و كۆنترۆڵكردنیان له‌ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌رهێنانیان له‌ژێر چنگی‌ حیزبه‌كان.
شێخ جه‌عفه‌ر به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، به‌گشتیی‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌كان هه‌بو كه‌ هه‌ندێكجار بۆ گه‌رمكردنی‌ بازاڕیان دێڕێكی‌ سه‌رنجڕاكێش ده‌كه‌ن به‌ تایتڵ‌و ئیحراجییان بۆ دروستكردوه‌. من به‌ڵێنم پێدا (رۆژنامه‌) به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌و هه‌مو بابه‌تێكی‌ رۆژنامه‌وانی ده‌كات. شێخ جه‌عفه‌ریش پێیوتم: «مادام وایه‌ به‌ڕاشكاوانه‌ قسه‌ت بۆ ده‌كه‌م».

رۆژنامه‌: به‌ڕێز وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌، پێمخۆشه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ بپرسم؛ له‌ 15ساڵی‌ رابردودا، هیچ وه‌ختێك هێنده‌ی‌ ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی‌ رابردو له‌سه‌ر زاری‌ بارزانی‌‌و ئێوه‌و به‌رپرسانی‌ دیكه‌ی‌ باڵای‌ حیزب‌و حكومه‌ته‌وه‌ باس له‌ زه‌روره‌تی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هێزه‌چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم‌و ده‌رهێنانی‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ژێر چنگی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیداو رێكخستنه‌وه‌یان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ حكومه‌ت، نه‌كراوه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ له‌ئێستادا به‌و گه‌رم و گوڕییه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ چۆنه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: سه‌ره‌تا زۆر سوپاستان ده‌كه‌م‌و به‌خێربێن، زۆر خۆشحاڵم بۆ ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ كه‌ تۆزێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌‌و ئینجا قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌زمونی‌ حومكڕانی‌ كوردی‌ له‌ساڵی‌ 1992دا كاتێك په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت دامه‌زرا، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان هه‌موی‌ یه‌كیگرته‌وه‌و به‌تایبه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و هه‌رهه‌موی‌ یه‌كیگرته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیزامیش رێكخرا له‌ لیواو فه‌وج‌و سریه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك‌و قیاده‌ی‌ مه‌نتیقه‌ دامه‌زرا له‌سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان، كه‌ چوار قیاده‌ی‌ مه‌نتیقه‌بو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌ویستراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستاندا هاتو، شه‌إی‌ ناوخۆی‌ لێكه‌وته‌وه‌، جارێكی‌ دیكه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كترازا كه‌ هه‌مومان ده‌زانین ئه‌م لێكترازانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، خه‌ڵكانێكی‌ زۆری‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدكردو ئاواره‌یی‌‌و نه‌گبه‌تی‌‌و قوڕبه‌سه‌ریی‌ به‌سه‌ر هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا هێنا، هه‌ربۆیه‌ كارێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ ساناو سكار نه‌بوه‌ كه‌ وا به‌ئاسانی‌ ئه‌م هێزانه‌ تێكه‌ڵ‌ بكرێنه‌وه‌، پێموایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ش ئاواتی‌ هه‌مو خه‌ڵكێكی‌ دڵسۆزو پیاوێكی‌ نیشتمانپه‌روه‌ربوه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌م هێزانه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ پرۆفیشناڵی‌ سه‌ربازی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌، ئه‌م هێزه‌ ئاستی‌ توانای‌ سه‌ربازیی‌ به‌رزبێته‌وه‌و چه‌كی‌ پێبێت، تا بیه‌وێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ده‌ستی‌ هێناون، بیپارێزێت‌و گه‌ره‌نتیه‌كیش بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، به‌ڵام پاش 10ساڵ‌ شه‌إی‌ یه‌كتری‌ كوشتن ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ كه‌ وا به‌ئاسانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌ینه‌وه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش بوبو به‌ دو ئیداره‌، به‌ڵام ئێستا به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئیداره‌ بوه‌ته‌وه‌ به‌یه‌ك‌و وه‌زاره‌ته‌كان یه‌كخراونه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێت به‌ یه‌ك هێزی‌ یه‌كگرتو ‌و هیچ هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌مێنێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ش كارێكی‌ قورسه‌، چونكه‌ ئێستا ده‌توانم بڵێم، زیاتر له‌ 200هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌، هی‌ هه‌مو حیزبه‌كان‌و ئێستا هه‌مو حیزبه‌كان هێزی‌ خۆیان‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌و هیچی‌ ملكه‌چ نه‌بوه‌ بۆ بڕیاره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌.

رۆژنامه‌: واته‌ جگه‌ له‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ش هێزی‌ چه‌كداریان هه‌یه‌، كامانه‌ن ئه‌و حیزبانه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: حیزبی‌ شیوعی‌‌و سۆسیالیست‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و هه‌ندێك له‌ ئیسلامییه‌كان هه‌یانه‌‌و هه‌تا ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ ده‌ڵێن نیمانه‌، هه‌یانه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پۆلیسیش بێت له‌به‌رده‌رگاكه‌ی‌ موڵكی‌ خۆیانن‌و ملكه‌چی‌ خۆیانن، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت، هه‌نگاومان ناوه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هێزانه‌‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌ویش یاسای‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌بو كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ رێكخستن‌و هه‌یكه‌لی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ناو وه‌زاره‌ت تا ده‌گاته‌ ئه‌و وه‌حدانه‌ی‌ كه‌ دروستده‌كرێن، هه‌روه‌ها یاسه‌یه‌كمان پێویست بو بۆ خانه‌نشینی‌ پێشمه‌رگه‌و كه‌مئه‌ندامانی‌ پێشمه‌رگه‌و یاسایه‌كی‌ رێزلێنانی‌ پێشمه‌رگه‌مان پێویست بو، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رچواریاساكه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌نگیان له‌سه‌ر دراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دراوه‌و ئێستا له‌بواری‌ جێبه‌جێكردندان بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كوردو سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین هیچ چه‌كدارێك به‌ناوی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاساو نیزام هه‌بێت‌و ده‌بێت هه‌موی‌ ملكه‌چبن بۆ ئه‌و یاسایانه‌و له‌ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا بن.

رۆژنامه‌: پێتوایه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ جدیی‌‌و به‌هێز هه‌بێت له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ باستكردن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: من خۆم بإوام به‌ یه‌كهێزیی‌‌و هێزی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، بڕوام به‌ هێزی‌ حیزب نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی‌ سه‌د له‌سه‌دم هه‌یه‌ به‌و مه‌سه‌له‌یه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ تۆ بیزانیت، هه‌روه‌ها ئیشی‌ بۆ ده‌كه‌ین‌و بۆی‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌روه‌ك پێشم وتی‌، عه‌مه‌لییه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ كه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ بۆ نمونه‌، پێداویستی‌ دروستكردنی‌ فه‌وجێك هه‌ر له‌ ناوه‌ندی‌ راهێنان‌و سه‌ربازگه‌و چه‌ك‌و خواردن‌و پێداویستی‌ دیكه‌ی‌ لۆجستییه‌وه‌، بۆ دروستكردنی‌ ئه‌و فه‌وجه‌ له‌ سنوری‌ 30ملیۆن دۆلارمان پێویسته‌، ئایا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت (60-75) فه‌وج دروستبكه‌ین، بزانه‌ بودجه‌كه‌ی‌ ده‌گات به‌چی‌! ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ دروستكردنه‌كه‌ی‌، ئینجا بزانه‌ مانگانه‌ چی‌ دیكه‌ی‌ پێویسته‌، ئێمه‌ ئێستاش وه‌ك وه‌زاره‌ت كێشه‌ی‌ بودجه‌مان هه‌یه‌و به‌ سلفه‌ پاره‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌رده‌گرین بۆ موچه‌دان به‌ پێشمه‌رگه‌و كڕینی‌ پێویستییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئازوقه‌و نه‌سریه‌و شتی‌ دیكه‌.

رۆژنامه‌: ئێستا سروشتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ روی‌ ته‌شكیله‌و ئیداره‌دانه‌وه‌ چۆنه‌؟، رونتر بڵێم چه‌ند له‌و هێزانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبدان‌و چه‌ندی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: كه‌مترین ژماره‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دان، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ له‌ژێر ركێفی‌ حیزبه‌كاندان‌و به‌نمونه‌، یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ هه‌یه‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش فه‌رمانده‌یی‌ له‌شكری‌ (فه‌له‌ك)ی‌ هه‌یه‌و هه‌ر حیزبێكی‌ دیكه‌ش ناوێكی‌ دیكه‌ی‌ بۆ هێزه‌كه‌ی‌ هه‌یه‌.

رۆژنامه‌: به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رچاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستان زۆربه‌ی‌ زۆری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: به‌ڵێ به‌ ته‌ئكید ئه‌و قسه‌یه‌ راسته‌، به‌شی‌ هه‌ره‌زۆری‌، نه‌ك به‌شی‌ زۆری‌، هێزه‌ فه‌عاله‌كه‌ له‌لای‌ ئه‌و دو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌یه‌.

رۆژنامه‌: ئێستا كاری‌ حوكمإانی‌‌و ده‌وڵه‌تداریی‌ ده‌كه‌ین، ئێوه‌ پێتانوایه‌، ئه‌گه‌ر هێزه‌چه‌كداره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت بن، مه‌ترسی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌چیدا ده‌بینیته‌وه‌، بۆچی‌ پێویسته‌ ئه‌وهێزانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت بن‌و له‌ژێر چنگی‌ حیزب ده‌ربهێنرێن؟
شێخ جه‌عفه‌ر: من یه‌ك شتت پێده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر حكومه‌تین‌و یاساو نیزاممان هه‌یه‌، هیچ شتێك له‌ وڵاتدا نابێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاساو نیزام بێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ باسی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارده‌كه‌ین، جا هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ یان پاسه‌وانی‌ هه‌رێمه‌، سوپایه‌، پۆلیسه‌، ئاسایشه‌، هه‌ر چه‌كدارێكی‌ دیكه‌ كه‌ پێیده‌ڵێن هێزه‌ چه‌كداره‌كان، پێویسته‌ به‌پێی‌ یاس‌و نیزام رێكبخرێت‌و ئه‌رك‌و واجباتی‌ جێبه‌جێبكرێت، له‌هیچ وڵاتێكی‌ دنیادا نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاساو نیزام چه‌كدار هه‌بێت كه‌ چه‌كدار هه‌بو ده‌بێت ناوێكی‌ بۆ بدۆزرێته‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ چییه‌؟، بۆیه‌ من پێموایه‌، ناتوانیت ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌ی‌ لێبنێین كه‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌تین، دوێنێ‌ تا موعاره‌زه‌ی‌ به‌عس بوین‌و له‌شاخ بوین‌و حكومه‌تمان نه‌بو هه‌مو ناوێكی‌ پیرۆزو باش قابیلمان بو، به‌ڵام كه‌ ئه‌مإۆ حكومه‌تین، ده‌بێت ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌ به‌پێی‌ یاساو نیزام رێكبخرێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ كه‌ كورد به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌ له‌هه‌رێمدا، به‌هێزێكی‌ نیزامی‌ حكومیی‌ ده‌پارێزرێت، نه‌ك به‌هێزی‌ حیزب. هێزی‌ حیزب بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆی‌ كارده‌كات، ده‌بێت هێزێكی‌ یه‌كگرتو هه‌بێت‌و یه‌ك قیاده‌و یه‌ك ته‌وجیهی‌ هه‌بێت‌و پإچه‌ك بێت، ده‌توانین به‌وه‌ هه‌رێم بپارێزین. من به‌شبه‌حاڵی‌ خۆم پێموایه‌، بونی‌ هێزی‌ حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاساو نیزام، خه‌ته‌رێكی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌من‌و ئاسایشی‌ كوردستان به‌بێ‌ سێ‌‌و دو، هه‌ر كه‌سێك ده‌ڵێت وا نییه‌، ئه‌ی‌ حیزب هێزی‌ بۆ چییه‌!؟ حیزب هێزی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆی‌ پێ‌ بپارێزێت، ئه‌ی‌ حكومه‌ت هێزی‌ بۆ چییه‌، حكومه‌ت هێزی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوری‌ حوكمڕانی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌‌و گیان‌و ئه‌من‌و ئاسایشی‌ هاوڵاتییانی‌ پێ‌ بپارێزێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێزی‌ حیزب به‌ خه‌ته‌ر ده‌زانم‌و یه‌كێكم له‌وانه‌ی‌ به‌ جدیی‌‌و به‌قه‌ناعه‌ته‌وه‌و سه‌رسه‌ختانه‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و هێزانه‌ بێنه‌ ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌و زۆر دڵخۆشم به‌لێدوان‌و بڕیاره‌كانی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال‌و كاك مه‌سعود‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ی‌‌و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ دیكه‌ی‌ حیزب‌و حكومه‌ت، كه‌ به‌ راستی‌ هه‌مویان له‌گه‌ڵ‌ ئاڕاسته‌ی‌ یه‌كگرتندان.

رۆژنامه‌: باسی‌ خه‌ته‌ری‌ نه‌هاتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانت كرد، ئایا مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ده‌كرێت، له‌ كاتی‌ ناكۆكی‌ سیاسیی‌ له‌نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ یاخود له‌نێوان یه‌كێك له‌و دولایه‌نه‌و لایه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ سیاسیدا، ئه‌م حیزبانه‌ هێزی‌ چه‌كداریان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان به‌كاربهێنن‌و شه‌إی‌ ناوخۆی‌ لێدروستبێته‌وه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌وه‌ موناقه‌شه‌ی‌ ناوێت‌و سه‌دی‌ ملیۆن وایه‌، مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی‌ بونی‌ خیلافێكی‌ سیاسیدا، یان روداوێك كه‌ جاری‌ واهه‌یه‌ دو كه‌س یان دو هێز نه‌زانانه‌ به‌یه‌كدا ده‌ده‌ن، شه‌إ دروستبێت، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌ڕانه‌ی‌ كه‌ رویانداوه‌ هه‌موی‌ وا دروستبون، له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ته‌ره‌كه‌ زۆر گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ هێزی‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌و به‌كاریده‌هێنێت بۆ مه‌به‌ستێكی‌ تایبه‌تی‌، یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبه‌كه‌ی‌، یان بۆ هه‌رشتێكی‌ دیكه‌.

رۆژنامه‌: گه‌شبینیت به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م چوارساڵه‌ی‌ داهاتودا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ جه‌نابتاندا له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌م هێزانه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ناتوانم ماوه‌ دیاری‌ بكه‌م، به‌ڵام دڵنیام‌و قه‌ناعه‌تم به‌وه‌هێناوه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌كردنه‌ش هه‌یه‌و گوێمان لێیده‌بێت له‌ هه‌مو لایه‌ك‌و ئه‌و ته‌وجیهانه‌ی‌ كه‌ به‌منی‌ ده‌ده‌ن هیچ رێگرییه‌كی‌ ئه‌وتۆ نییه‌ له‌به‌رده‌م یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ماوه‌یه‌كمان پێویسته‌، هه‌روه‌ها میزانییه‌مان پێویسته‌، پێشموایه‌ له‌م رۆژانه‌ی‌ دوای‌ جه‌ژنی‌ قورباندا، هه‌نگاوی‌ به‌رچاوده‌نرێت له‌و روه‌وه‌و هه‌نگاوی‌ عه‌مه‌لی‌ ده‌بینین.

رۆژنامه‌: یه‌كخستنی‌ ئه‌و هێزانه‌، رێگر ده‌بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ رێكخستنی‌ حیزبیی‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا هه‌بێت، چونكه‌ خۆتان ده‌زانن پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ئۆرگانی‌ رێكخستنیان هه‌یه‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا كه‌ به‌پێی‌ یاساو ده‌ستور قه‌ده‌غه‌یه‌ حیزب رێكخستنی‌ هه‌بێت له‌ناو هێزی‌ چه‌كداردا؟
شێخ جه‌عفه‌ر: با به‌ هه‌ڵه‌ له‌وشتانه‌ تێنه‌گه‌ین، پێشمه‌رگه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبه‌كانن‌و ئه‌ندامی‌ حیزبن، پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانن، چۆن ده‌توانیت له‌ناو ئه‌و هێزانه‌ كه‌ هێزی‌ حیزبن، تۆ بڵێیت نابێت رێكخستن بكه‌یت، ئه‌ی‌ چۆن پێیده‌ڵێیت هێزێكی‌ عه‌قایدی‌‌و مه‌بده‌ئی‌؟ ئه‌ی‌ چۆن شه‌إ ده‌كات بۆ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی‌ نییه‌و له‌ رێكخستن‌و شانه‌یدا نه‌بێت!؟ به‌ڵام له‌كاتێكدا ئه‌م هێزه‌ كه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌‌و ده‌چێته‌ ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، خه‌ڵك ئازاده‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ واجباتی‌ خۆی‌ ئه‌ندامی‌ هه‌ر حیزبێك بێت، به‌ڵام خه‌ڵك ئازاد نییه‌ له‌ناو ته‌شكیلاتی‌ وه‌زاره‌تدا شانه‌ دامه‌زرێنێت‌و كۆبونه‌وه‌بكات، له‌ وه‌زاره‌ت ئه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، چونكه‌ ده‌بێت هێزێك دروستبكه‌ین كه‌ سیمای‌ حیزبایه‌تی‌ پێوه‌ نه‌بێت.

رۆژنامه‌: هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێستا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پڕۆژه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌‌و به‌مزوانه‌ گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ رێكخستنی‌ حیزبیی‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا، ئایا پشتیوانی‌ له‌ بونی‌ وه‌ها پڕۆژه‌یاسایه‌ك ده‌كه‌ن؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئێمه‌ پێشتریش كه‌ له‌زاری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و منیش گوێتان لێبوبێت، وتومانه‌: ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ دروستده‌كرێت نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیمای‌ حیزبایه‌تی‌ پێوه‌بێت‌و ملكه‌چی‌ حیزب بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی‌ وا له‌په‌رله‌مان ده‌ربچێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ رێكبخات، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ مه‌به‌ستێكی‌ له‌دواوه‌ بێت، ئێمه‌ زۆر پشتگیری‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌وه‌ بڕوای‌ خۆمانه‌و كه‌ بو به‌ یاساش باشتر جێبه‌جێیده‌كه‌ین.

Sbeiy.com © 2007