راپۆرت: عوسمان عه‌سكه‌ری
به زمانی مالایی، سینگا، واته شێر‌و پورا، مانای شار ده‌گرێته‌وه.. سینگاپوره به روبه‌ر بچوکه‌و ته‌نها 699 km² ، یه به‌ڵام 63 دورگه‌ی جیاواز خۆیان تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری کردوه‌و پێکه‌وه شار‌و وڵاتی سینگاپورهیان پێکهێناوه. کۆی هاوڵاتیانی سینگاپوره ده‌گاته 4،5 ملیۆن که‌س که نزیکه‌ی له %70 ی پێکهاته‌ی دانیشتوانی وڵاته‌که چینیه، ئه‌وه‌ی دیکه‌ش مالایی (ئیسلام) و هیندی و کاسۆلیکشی تێدایه. دوای رزگاربون له ژێر ده‌ستی داگیرکه‌رانی به‌ریتانیا له ساڵی 1958 سینگاپوره وه‌ک هه‌رێمێکی فیدراڵی خۆی خسته پاڵ مالایسیاوه به‌ڵام له‌ساڵی 1965 له ئاکامی ناکۆکی ئایدیۆلۆجی بۆ جاری کۆتایی، خۆی له مالایسیا جیاکرده‌وه‌و وه‌ک وڵاتێکی ئازاد سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند.
به‌پێی راپۆرتی یه‌کێتی ده‌زگای زانیاری ئابوری (Economist Intelligence Unit) هاوڵاتیانی سینگاپوره ستانداردی ژیانیان له پله‌ی یازده‌هه‌می جیهاندایه چونکه، داهاتی تاک له‌و وڵاته‌دا یه‌کێکه له به‌رزترین داهاته‌کانی سه‌رگۆی ئه‌م زه‌ویه که له‌ساڵێکدا ده‌گاته نزیکه‌ی 45،000 دۆلاری سینگاپوره یاخود زیاتر له 26،000 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی. راپۆرتی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانیش له‌سه‌ر ئاستی جیهان وێڕای ئه‌وه‌ی له‌بواری گه‌شه‌کردنی ئابوری‌دا پله‌ی بیست و پێنجه‌م ده‌به‌خشێته ئه‌و وڵاته ئه‌وا به‌پله‌ی چواره‌م له‌وڵاته پێشکه‌وتوه‌کانی ئاسیاش ریزبه‌ندی ده‌کا هاوکات رێکخراوی شه‌فافی نێوده‌وڵه‌تی جیهانیش (Organisationen Transparency International) له راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا ئاشکرای کرد، که سینگاپوره له‌پله‌ی چواره‌مدایه‌و دوابه‌دوای سوێد یه‌کێکه له وڵاته شه‌فافه‌کانی جیهان.
سینگاپوره به‌ڕێژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ جوان و پێشکه‌وتوه هه‌رکه‌سێک روی تێ بکات به‌دڵنیاییه‌وه خوازیاری ئه‌وه ئه‌بێت ته‌واوی ژیانی خۆی له‌و وڵاته‌دا به‌سه‌ربه‌رێت، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌مێژ نیه وڵاته‌که له‌ژێر ده‌سته‌یی به‌ریتانیا و دواتر یابان و له کۆتایش مالایسیا رزگاری بوه به‌ڵام له‌ڕوی شارستانیه‌وه زۆر له‌پێشه‌وه‌ی مالایسیایهو له ژاپۆن و ئینگلته‌راش که‌متر نیه. سینگاپوره که یه‌کێکه له وڵاته هه‌ره جوان و پێشکه‌وتوه‌کانی سه‌رگۆی زه‌وی له راستیدا پێکه‌وه ژیان و لێبورده‌یی نێوان پێکهاته جیاوازه‌کانه بنه‌ماکانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پێشکه‌وتنه، چونکه ئه‌و وڵاته کۆی فه‌لسه‌فه‌و ئاین و کولتوره‌کانی جیهانی له ئامێزی خۆیدا کۆکردۆته‌وه بۆیه، هه‌مو ئه‌و بۆچونانه ره‌ت ده‌کاته‌وه که لایان وایه زۆر له گه‌لان و وڵاتانی فره کولتور ناتوانن له‌ناوخۆیاندا ئاشتی دابین بکه‌ن و پێشکه‌وتنی وڵاته‌که‌یان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، لێ پرسیار ئه‌وه‌یه، داخۆ سینگاپوره چۆن توانیتی به‌و ئاسته باڵایه پێشبکه‌وێت له‌کاتێکدا، جگه له لاستیک، دارستان و به‌روبومی ده‌ریایی، هیچ به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی ئه‌وتۆی سروشتی لهوڵاتهکهدا به‌دی ناکرێت که‌ببێته هۆی پێشکه‌وتنی ئابوری و شارستانی گه‌لی ئه‌و وڵاته. زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی وڵاته‌که‌وه، حکومه‌ت نه‌خشه‌و پلانی هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕوی ئابوری، کولتوری و زانستیه‌وه گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له وڵاته‌که‌دا ئه‌نجام بدات. به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده له‌ڕه‌گه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و دواتر زۆر بایه‌خیان به‌بواری پیشه‌سازی وڵاته‌که دا ئیدی سینگاپوره وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌رێک نه‌یتوانی بۆ پشته‌وه بگه‌ڕێته‌وه‌و له‌بازاڕی شارستانیدا بو به‌یه‌کێک له وڵاته دیاره‌کان و چه‌ندین کارگه‌ی زه‌به‌لاحی دروستکردنی ئه‌لکترۆنی، لاستیک و په‌ترۆکیمیاوی هتد.. تیا دامه‌زرا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و وڵاته زۆر کارگه‌ی زه‌به‌لاحی پیشه‌سازی تیایه به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه نه‌یانتوانیوه سیمای وڵاته‌که بشێوێنن چونکه ئهرشیتهکتۆری شه‌قام و بیناسازی، که‌ناره‌کانی ده‌ریاو روباره‌کان و ده‌یان پارکی رازاوه‌و به هه‌زاران جۆره گوڵ و گوڵزار و باخچه‌ی ئۆرشیده له‌گه‌ڵ چه‌ندین هێکتار دارستانی چڕ‌و پڕی سه‌وزو جوان، سینگاپورهیان به شێوازێک رازاندۆته‌وه وڵاته‌که‌یان بۆ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی کردوه به چه‌پکه گولێکی خۆشه‌ویستی گه‌ش بۆیه، به دڵنیاییه‌وه مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت به بینینی پاکی شه‌قامه‌کان، جوانی باخچه‌کان و جوانترین هونه‌ر له بواری بینا و شهقامسازیدا یاخود پاک و خاوێنی و بێ دوکه‌ڵی ئه‌و رێژه زۆره‌ی ئوتوموبێل له‌شه‌قامه‌کاندا.
وێڕای باڵای شارستانی و ستانداردی ژیانی تاک له‌و وڵاته‌دا، ئه‌وه‌ی که زۆر سه‌رنجی راکێشام پاک و خاوێنی شه‌قام و گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌که بو، چونکه پاش ئه‌وه‌ی زۆر بهوڵاتهکهدا گه‌ڕام هیچ جۆره پاشه‌ڕۆیه‌ک، پارچهکاغهزو پیسیه‌ک، ته‌نانه‌ت یه‌ک فلته‌ری جگه‌ره‌شم له شه‌قامه‌کاندا به‌رچاو نه‌که‌وت، بهپێچهواانهوه، سه‌رجه‌م بازاڕ و شه‌قامه‌کان پارک و روباره‌کان به‌ڕێژه‌یه‌ک پاک و خاوێن بون که مرۆڤیشی ناچار ده‌کرد هاوشێوه‌ی شاره‌که، جلوبه‌رگ، له‌ش و لار‌و ته‌نانه‌ت ناخی خۆشی پاک و خاوێن رابگرێت.. پاش گه‌ڕان هه‌وڵمدا کاردانه‌وه‌ی ئه‌و خاوێنیه له‌سه‌ر دانیشتوانی شاره‌که به‌رجه‌سته بکه‌م، ئیدی دیار بو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ره‌نگ و روخساری گه‌لانی باشوری ئاسیای رۆژهه‌ڵات به‌گشتی زۆر له‌یه‌ک ده‌چێت لێ، به‌هۆی پاک‌وخاوێنی و شێوازی جل و به‌رگ و روخساری گهشیانهوه، مرۆڤ ده‌توانێت هاوڵاتیه ره‌سه‌نه‌کانی سینگاپوره له‌گه‌ڵ دانیشتوان یاخود ئه‌و هێزه کار‌و پهناههندانهی که له‌وڵاته دراوسێکانه‌وه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی بڕێک داهات، رۆژانه بۆ کارکردن رو ده‌که‌نه وڵاته‌که جیا بکرێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی سینگاپوره به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ماندویی و په‌له په‌لیان تێدا به‌دی ده‌کرێت به‌ڵام زۆر خاوێن و شادمانن لێ له باکگراوندیانهوه مرۆڤه ماندو و خه‌واڵوه‌کانی وڵاته هه‌ژاره‌کانی دراوسێ به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌تایبه‌ت له ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رو باس و تونێل بانه‌کان که بۆ فرۆشتنی هێزی کار رۆژانه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه سینگاپوره. له‌و وڵاته به کرێکاری وڵاته هه‌ژاره‌کان بۆ رینکرنا شه‌قامه‌کان، تونێلبانهو که‌ناری ده‌ریاو پارکه‌کانی سینگاپوره پاقژ ده‌کرێنه‌وه، چونکه هێزی کار به‌و رێژه زۆره‌ی که له‌وڵاته دراوسێکانه‌وه رو ده‌کاته سینگاپوره، به‌جۆرێکی ئه‌وتۆ هه‌رزانه، ده‌توانرێت بۆ رازانه‌وه‌ی هه‌ر باخچه‌یه‌ک یاخود خاوێنکردنه‌وه‌ی بازاڕێک چه‌ندین کرێکار و ئامێری پێشکه‌وتو ته‌رخان بکرێت بۆیه، هاوڵاتیانی سینگاپوره زۆر شانازی به ئیمکانیات و وڵاته‌که‌ی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هێزی کاری هاورده زۆر هه‌رزانه، خێزانه‌کان هیچ جۆره خزمه‌تکارێکی تایبه‌ت بۆ ناو ماڵه‌کانی خۆیان به‌کارناهێنن چونکه ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌بنه‌ماکانی ئه‌رک و مافه مرۆڤایه‌تیه‌کان، به‌دیموکراتی و شارستانی هه‌یه‌و رێز له یه‌کسانی و مرۆڤایه‌تی ده‌گرن. خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته به رێژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ژیانیان ریند کردوه له زۆربه‌ی روداوه‌کانی جیهان ئاگادارن و له‌ڕێگه‌ی مێدیاکانه‌وه ئاشنایی باشیان به‌زۆربه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی وڵاتان به‌ده‌ستهێناوه بۆیه، ئه‌وکاته‌ی له‌باره‌ی کورده‌وه پرسیارم کرد، باسی هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌دام و پارتی کرێکارانی کوردستان و هێرشه‌کانی تورکیایان بۆ کردم. له باشوری ئاسیای رۆژهه‌ڵات سینگاپوره تاکه وڵاته که دانیشتوانه‌که‌ی سۆزیان هه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریکا. به‌پێی گوته‌ی هه‌ندێک له دانیشتوانی شاره‌که به پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م وڵاته‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه خه‌ڵکی سینگاپوره به‌هێرشی ئه‌مه‌ریکا خۆشحاڵ بوه له‌دژی سه‌دام، به‌وهۆیه‌وه هیچ جۆره ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانیان له‌دژی ئه‌و جه‌نگه ده‌رنه‌بڕیوه.
دانیشتوانی ئه‌و وڵاته پێکهاتوه له چه‌ندین نه‌ته‌وه‌و پێکهاته‌ی جیاواز، لێ کۆی ئه‌و پێکهاتانه به‌یه‌که‌وه، ره‌وشتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆیان داهێناوه، ئه‌وکاته‌ی مرۆڤ به‌لای ریستۆرانهتهکاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت هه‌ست به بۆن و بهرامی به‌هاراتی هیندی، گۆشتی به‌رازی ئه‌وروپی، سه‌وزه و گژوگیای چینی و گۆشتی حه‌ڵاڵی به‌رخ و قاز و مراوی ده‌کات. ئه‌و شێوازه ژیانه‌ی که پێکه‌وه رێباز‌و کولتوری هه‌مه‌ڕه‌نگی چینی، هیندی، مالایی، بودیسم، ئیسلام، کاسۆلیک، کۆنفۆشیسم و داویسم و فه‌لسه‌فه‌کانی رۆژهه‌ڵات یه‌کتریان په‌سه‌ند کردوه‌و له‌قوڵایی فه‌لسه‌فه‌و یه‌کێتی دیموکراتی رۆژئاوادا سینگاپورهیان کردوه بهنیشتیمانێکی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی یه‌کگرتوی دیموکراتی و یه‌ک وڵاتی پێشکه‌وتویان وه‌ک باخچه‌یه‌ک به چه‌پکه گوڵی خۆشه‌ویستی، پێکه‌وه ژیان و میهره‌بانی و لێبورده‌یی خۆشگوزه‌رانی بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده‌یان رازاندۆته‌وه.
ئومێدبه‌خشی وڵاته‌که به جۆرێک سه‌رسامی کردم له‌خۆشیدا به‌دوای شوێنێکدا ده‌گه‌ڕام پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وێنه‌یه بێت که له‌ناخمدا تۆمار بو، به‌و مه‌به‌سته له خاتو زهینهبهم پرسی.. زه‌ینه‌به که هاوڵاتیه‌کی سینگاپورهییهو کۆلیجی کۆمۆنیکه‌یشنی ته‌واوکردوه به‌پێکه‌نینه‌وه گوتی، وێنه‌یه‌کی من بگره‌و له‌سه‌ر روبه‌ری رۆژنامه‌که‌ت بڵاوی بکه‌ره‌وه و بنوسه، بێجگه له زه‌ینه‌به هه‌مو شوێنێکی سینگاپوره جوانه.
به‌شه‌رمێکه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه گوتم، زه‌ینه‌به، به‌هۆی جوانی تۆوه لێدانی دڵم خێرابوه، ئه‌گه‌ر تۆ ناشیرینی وڵاته‌که بیت ئه‌ی چۆن مرۆڤ جوانی ئه‌م وڵاته وێنابکات. زه‌ینه‌به لای وابو که من هێشتا جوانی وڵاته‌که‌م نه‌دیوه بۆیه چه‌ندین ئه‌درێسی بۆ نوسیتم لێ به‌داخه‌وه بوارم نه‌بو سه‌ردانی ئه‌و جێگایانه بکه‌م. ئه‌و وای ده‌زانی من کارتێکی ئه‌مه‌ریکان ئێکسپرێسم له گیرفاندایه به‌و هۆیه‌وه ده‌توانم هه‌مو جێگاکانی وڵاته‌که بگه‌ڕێم لێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونه، به‌هۆی گرانیه‌وه، ژیان له سینگاپوره بۆ گیرفانی من نه‌ده‌گونجا بۆیه، وه‌ک هه‌زاران کرێکاری مالایسی و وڵاته هه‌ژاره‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که، منیش ناچار بوم شه‌وان به‌پاس بگه‌ڕێمه‌وه بۆ شاری جهوهور باهرو ( Johor Bahru) که هه‌رێمێکی مالایسیهو ده‌که‌وێته سه‌ر سنوری نێوان هه‌ردو وڵاته‌که به‌ڵام به‌یانیان زو له‌گه‌ڵ کرێکاره‌کاندا ده‌گه‌ڕامه‌وه سینگاپوره. ئیدی که زه‌ینه‌به به‌مه‌ی زانی، به‌نا ئومێدیه‌وه چاوه‌کانی بڕیه چاوم و به‌خه‌نده‌یه‌کی شیرینی سهرلێوهکانیهوه گوتی، ئه‌ی چۆن به جوانی و ژیانی شه‌وانی ئه‌م وڵاته ئاشنا ده‌بیت.
زه‌ینه‌به، کورد و هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌دامی باش ده‌ناسی و ته‌نانه‌ت له زۆرینه‌ی هێرش و تۆپبارانه‌کانی تورکیا بۆسه‌ر کوردستان و پارتی کرێکاران به‌ئاگا بو.
ئه‌و ده‌رباره‌ی پاک و خاوێنی وڵاته‌که گوتی، حکومه‌ته‌که‌مان ساڵانه بودجه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ جوانکردن و پاک و خاوێنی ته‌رخان ده‌کات، هاوکات یاسا و بڕیار له‌خزمه‌تی گه‌ل و ڵاتهکهدا جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌و گوتی، حکومه‌ت سه‌نته‌رێکی دامه‌زراندوه له‌ژێر ناوی سه‌نته‌ری سه‌وز (green centere) که چاودێری کاری پاک و خاوێنی و جوانی پارک و باخچه‌کانی سینگاپوره ده‌کات. به پێی بڕیاره‌کانی سه‌نته‌ره‌که، هه‌رکه‌س شتێک فڕی بداته سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌وا وه‌ک خه‌تاکارێک له‌به‌ر ده‌می دادگا لانی که‌م بڕی 1000 دۆلار سزا ده‌درێت له‌به‌ر ئه‌وه دانیشتوانی وڵاته‌که پاک و خاوێنی ده‌پارێزین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ندو ناسراو یان به‌رپرسێکی حکومی یاخود سیاسه‌تکارێک هه‌مان خه‌تای هاوڵاتیه‌کی ئاسایی بکات، ئه‌وکات سزاکان به‌سه‌ر ئه‌و که‌سه‌دا به‌شێوازێکی قورس‌تر جێبه‌جێ ده‌کرێت. ئه‌و جۆره که‌سانه وێرای ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می دادگادا بڕی 2000 دۆلار سزا ئه‌درێن ئه‌وا به‌پێی سه‌رپێچیه‌که زیندانیش ده‌کرێن و پاش دادگایی کردن ناویان له رۆژنامه‌کانیشدا وه‌ک خه‌تاکارێک بڵاو ده‌کرێته‌وه که ئه‌وه‌ش کاری خراپ ده‌کاته سه‌ر ناوبانگی که‌سه‌که، بۆیه هاوڵاتیان به‌گشتی پابه‌ندی بڕیاره‌کانی حکومه‌ت ده‌بین چونکه ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه قورس‌تر له‌سه‌ر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان و که‌سانی نزیک له حکومه‌ت جێ به‌جێ ده‌کرێت وه‌ک له هاوڵاتیه‌کی ئاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ک و یه‌ک له‌خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی وڵاته‌که‌دایه.
له بازاڕه‌کانی سینگاپوره پۆلیس به ده‌گمه‌ن به‌رچاو ده‌که‌وێت به‌ڵام له‌زۆربه‌ی شوێنه‌کاندا به‌چڕی کامێرای تایبه‌ت به‌ئاسایش دامه‌زراوه‌و له‌ناو سه‌رجه‌م کابینه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کاندا چه‌ندین ته‌له‌فزیۆنی تێدایه که به‌رده‌وام زانیاری گرنگ له‌باره‌ی شێوازه‌کانی تێرۆر و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی کاری تێرۆر بڵاو ده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک نه‌ریتێک هاوڵاتیانی وڵاته‌که پابه‌ندی ئه‌رکه نیشتیمانیه‌کانی خۆیانن. زه‌ینه‌به گوتی، من موسڵمانم به‌ڵام حکومه‌ت و وڵاته‌که‌م زۆر خۆش ده‌وێت چونکه، حکومه‌تێکی دیموکراتیه‌و له ئاکامی رێبازه‌کانی حکومه‌ته که‌ئێمه خۆشگوزه‌رانین و به شانازیه‌وه ده‌توانم بڕۆم له ئه‌مه‌ریکا و یابان یاخود له‌زانکۆی هه‌ر وڵاتێک که بۆخۆم بمه‌وێت بخوێنم هه‌روه‌ک خوشکه‌که‌م که ئێستا له‌ئوسترالیا ده‌خوێنێت. له‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا گوتی، له‌م جیهانه، بۆ ژیانی من شوێنێک نیه هاوشێوه‌ی سینگاپوره جوان و پڕبایه‌خ بێت بۆیه، وڵاته‌که‌ی خۆم له هه‌مو دنیا لا خۆشتره. ئه‌و به‌رده‌وام بو، زۆر له هاوڕی خوێنداکارهکانم له‌زانکۆدا که له‌ڕۆژئاواوه هاتبون، به جوانی سینگاپوره سه‌رسام بون. ئه‌وروپیه‌کان ده‌ڵێن سوێد وڵاتێکی زۆر سارده‌و ژیان له‌وێ گه‌رم نیه. له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم، زه‌ینه‌به، هه‌ر که‌سێک ئاواره بو قوربانی نادادیه بۆیه نه‌ک که‌ش و هه‌وای سوێد به‌ڵکو بۆ منێکی ئاواره ژیانیش له‌و وڵاته روحی له‌جه‌سته‌دا نیه، ئیدی له‌ناخه‌وه پیرۆزابیی ئه‌م وڵاته جوانه‌و ئه‌و رۆحه شیرین و هه‌سته به‌رزه‌م لێکرد. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی هه‌مو گه‌نجه‌کانی وڵاته‌که‌م وه‌ک جه‌نابت شانازییان به کوردرستانهوه بکردایه و هه‌مو به‌ڕێزه‌وه خزمه‌تی وڵاته‌که‌مان بکه‌ین ئێمه‌ش تێکۆشانمان له‌پێناو دامه‌زراندنی وڵاتێکی شارستانی هاوشێوه‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ کرد لێ به‌داخه‌وه ململانێی حزب و بنه‌ماڵه‌و کولتوری دیوه‌خان و عه‌شایه‌ری زۆر لههیواکانیان پوکانده‌وه، لێ هیوادارم کوردستان هاوشێوه‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ شارستانی و حکومه‌ته‌که‌ی وه‌ک به‌ڕێزت بهڕومهت و راستگۆ بێت. زه‌ینه‌به زو زو ده‌یگوت هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه، حکومه‌تی سینگاپوره خۆی له هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره دورخسته‌وه که به‌ڕێبازو به‌رنامه‌ی زانستی گه‌شه‌ی به دیموکراتی وڵاته‌که‌دا بۆیه، سینگاپوره پێشکه‌وت ئه‌گینا هاوشێوه‌ی وڵاته دراوسێکانمان به‌هه‌ژاری ده‌ماینه‌وه. ئه‌وکاته‌ی گه‌نجه‌کانی هاوشێوه‌ی خوشکه‌که‌م له زانکۆکان ده‌گه‌ڕێنه‌وه که زۆربه‌یان به‌مه‌به‌ستی خوێندن چونه‌ته هانده‌ران وڵاته‌که‌مان زۆر زیاتر له‌ئێستا گه‌شه ده‌کات. له کۆتایدا ئه‌گه‌رچی له‌زۆربه‌ی شوێنه گرنگه‌کانی سینگاپوره په‌یکه‌ری شێر وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ نه‌به‌ردی وڵاته‌که دروستکراوه به‌ڵام جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بڵێین سینگاپوره وڵاتی شێره شاری شێر‌و دورگه‌کانی هه‌موی هه‌ر لانه‌ی شیره.
سه‌رچاوه:
http://sv.wikipedia.org/wiki/Singapore http://www.svd.se/naringsliv/nyheter/artikel_1768045.svd