Print
 جارێكی تر لیستی هاوپه‌یمانی سازشی كرد
Wednesday, December 9, 2009

راپۆرت: به‌هادین یوسف

لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان رازی بو سازش بكات‌و ده‌نگبدات له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی بڕیارێك بدات به‌رامبه‌ر سێ به‌ڵێنی زاره‌كی ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، كه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی كورد له‌ په‌رله‌مانی داهاتوی عێراقدا كه‌مده‌كاته‌وه‌‌و زیانی پێنج كورسی له‌ كورد ده‌دات، له‌ به‌رامبه‌ردا رێژه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق زیادیكردوه‌.

نیوه‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ دوای مشتومڕێكی زۆرو له‌ دانیشتنێكی نائاساییدا‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی (154) په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه‌ی بڕیارێكی ته‌فسیری بۆ هه‌مواری دوه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند كرد، بۆ رونكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كورسی پارێزگاكانی عێراق، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی تارق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار هه‌مواری یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی (2005)‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڤیتۆ نه‌كاته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ كورد رێژه‌یه‌ك له‌ كورسییه‌كان له‌ده‌ست ده‌دات‌و له‌ (15%)ی كورسی پارێزگاكانی عێراق كه‌متر له‌ (13%)ی به‌رده‌كه‌وێت.

كه‌شی دانیشتنه‌كه‌
بڕیاربو كاتژمێر (10)ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببێته‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی دابه‌شبونی كورسییه‌كان، له‌ سه‌ره‌تادا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان پێشنیازێكیان كرد، به‌ڵام لیستی هاوپه‌یمانی پێی رازی نه‌بو، دوای چه‌ند جارێك دواخستن دره‌نگانێكی شه‌و دوای كاتژمێر (11.30)، بڕیاردرا كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام رێژه‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران ئاماده‌نه‌بون، دواتر به‌ ته‌له‌فۆن چه‌ند په‌رله‌مانتارێك كۆكرانه‌وه‌و دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، دوای خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌ژمار بكرێت سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ ده‌نگی هێناو په‌سه‌ند كرا، بۆ ئه‌وه‌ی فریا بكه‌وێت پێش (12)ی شه‌و په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ تارق هاشمی بڕیاری ڤیتۆكردنه‌وه‌كه‌ی راده‌ستی ئه‌یاد سامه‌ڕایی سه‌رۆكی په‌رله‌مانكردبو له‌ حاڵه‌تێكدا، ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ رێكه‌وتن ڤیتۆكه‌ كاری پێبكرێت، دوای په‌سه‌ندكردنی بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ راسته‌وخۆ تارق هاشمی بڕیاریدا یاساكه‌ په‌سه‌ند بكات‌و ڤیتۆكه‌ی بكێشێته‌وه‌و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقیش پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی عێراق كرد، به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی ئه‌و بڕیاره‌وه‌.

كێ ده‌نگی نه‌دا؟
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ له‌ناو هۆڵی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی كوتله‌ی یه‌كگرتو، مه‌حمود حه‌مه‌ئه‌مین نوێنه‌ری كۆمه‌ڵ‌‌و سۆزان محه‌مه‌د نوێنه‌ری سۆسیالست‌و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی‌و پارتیش له‌ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان ده‌نگیان به‌و پڕۆژه‌ بڕیاره‌ نه‌دا.

كورسی پارێزگاكان جگه‌ له‌ هه‌رێم كه‌مینه‌كرد
به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی، كه‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ردا،  كورسی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق به‌هه‌مان شێوه‌ی پێشوه‌، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یانكرد، كه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم زیاد نه‌كرێت‌و چاكنه‌كرێته‌وه‌، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌ رێژه‌ی زیادبونی ناسروشتی كورسی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق چاككرا، نه‌ كورسیی سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمیش به‌پێی ئاماری ساڵی (2005)‌و زیادبونی رێژه‌ی ساڵانه‌ی (2.8%) له‌به‌رچاوگیرا.
به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌بڕیاره‌ ته‌فسیرییه‌، كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتو پێكدێت له‌ (325) كورسی (310)ی دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر پارێزگاكاندا‌و (15) كورسی وه‌ك قه‌ره‌بو داده‌نرێت، كه‌ (8) كورسیی بۆ كۆتای كه‌مینه‌كان ده‌بێت (5) بۆ مه‌سیحی‌و هه‌ره‌یه‌كه‌ له‌شه‌به‌ك‌و سابیئه‌و یه‌زیدییه‌كانیش هه‌ره‌یه‌كه‌و كورسییه‌ك‌و (7) كورسییه‌كه‌ی دیكه‌یش وه‌ك قه‌ره‌بو بۆ ده‌نگده‌رانی ده‌ره‌وه‌و ئاواره‌و راگوێزراوه‌كان.

هه‌رێم زه‌ره‌رمه‌ندبو
د.محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی كوتله‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،  كوتله‌كه‌ی ده‌نگی به‌ پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ نه‌دا، به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند:  بڕوامان وایه‌ زوڵمێكی گه‌وره‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌، چونكه‌ به‌پێی قانونه‌كه‌ نسبه‌تی پشت به‌ تۆماری ساڵی (2005) ده‌به‌سترێت، له‌گه‌ڵ‌ زیادكردنی رێژه‌ی ساڵانه‌ی (2.8%) بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك،  به‌ڵام رێژه‌ی كورسی  هه‌مو پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق زیادیكردوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم كه‌میكردوه‌، ده‌بینین به‌غدا (63%) زیادیكردوه‌ موسڵ‌ به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام سلێمانی (7%)ی‌ بۆ دانراوه‌، كه‌ ده‌بو (11.2%) زیادیبكردایه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "پێش ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌، نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان‌و هه‌ردو كوتله‌ی هاوپه‌یمانی‌و یه‌كگرتو له‌ عێراق، له‌ باره‌گای هاوپه‌یمانی ده‌نگمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا،  كه‌ به‌ رێژه‌ی (15%)ی كورسییه‌كانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان رازی نه‌بین، به‌ڵام له‌ دوا ده‌قیقه‌دا لیستی هاوپه‌یمانی به‌ (13%) كه‌متریش رازی بون، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی فشاری ئه‌مریكایان له‌سه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان باشه‌، به‌ڵام ئێمه‌ رازی نه‌بوین، كه‌ مافی ئه‌و میلله‌ته‌ی له‌سه‌رشانمانه‌ ته‌نازولی لێبكه‌ین، ئه‌گه‌ر بمانزانیایه‌ نیسابی یاسایی ئاماده‌بوانی په‌رله‌مانمان پێده‌شكێت نه‌ده‌چوینه‌ هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌".

ئه‌گه‌ر به‌راوردی كورسییه‌كانی سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم بكه‌ین له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2005)، له‌ كۆی  (230) كورسی كه‌ بۆ هه‌مو پارێزگاكان دانرابو (35) كورسی بۆ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم بو، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی (2010) له‌ كۆی (310) كورسی بۆ پارێزگاكانی عێراق (41) كورسی بۆ سێ پارێزگاكه‌یه‌، جگه‌ له‌ كورسییه‌كانی قه‌ره‌بو و كورسی كه‌مینه‌كان.

نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان
رۆژی شه‌ممه‌ وه‌فدێكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی د.كه‌مال  كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان سه‌ردانی به‌غدایان كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن‌و پاڵپشتی لیستی هاوپه‌یمانی‌و چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ‌ نوێنه‌ری ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆبونه‌وه‌.

د.كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ پێش په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ یه‌ك ده‌نگین‌و ناهیڵین زوڵم له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی هه‌مانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پارێزگاری لێبكرێت، چونكه‌ داتاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی خراپه‌‌و هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه‌و هه‌وڵدراوه‌ به‌ ته‌كنیكی هه‌ڵبژاردن قه‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌مبكرێته‌وه‌و ئێمه‌ داوامانكردوه‌ هه‌ڵه‌كان چاكبكرێته‌وه‌، نامانه‌وێت حه‌قی كوردستان كه‌مبكرێته‌وه‌، بۆ هه‌ر لایه‌كی دیكه‌ به‌ ته‌وافوقی سیاسی رازین، به‌ مه‌رجێك زوڵم له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ چاكنه‌كرێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش هیچ زوڵمێك قبوڵناكات فه‌رزبكرێته‌ سه‌ری"، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان زوڵمێكی دیكه‌ی لێكرایه‌وه‌و له‌ به‌رامبه‌ر زیادبونی ناسروشتی پارێزگاكانی دیكه‌، رێژه‌ی كورسییه‌كانی هه‌رێم كه‌مكرایه‌وه‌.

زه‌مانه‌ت بۆ كورد نییه‌
مه‌حمود حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ناڕه‌زایی خۆی نیشاندا به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "(50) كورسی بۆ په‌رله‌مانی داهاتوی عێراق زیادیكردوه‌ له‌و رێژه‌یه‌ش هه‌رێم ته‌نیا (6) كورسی به‌ركه‌وتوه‌، به‌ڵام لیستی هاوپه‌یمانی رازی بو ده‌نگی له‌سه‌ر بدات چونكه‌ فشار هه‌بو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكاو جۆبایدن‌و سه‌فیری ئه‌مریكا له‌ عێراق‌و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، تا به‌و (41) كورسییه‌ رازی بێت، گوایه‌ ئه‌مریكا له‌ حكومه‌تی داهاتو كار به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌كات، ماده‌ی (140) جێبه‌جێبكات‌و كێشه‌كانی به‌غداو هه‌ولێر جێبه‌جێبكات، ئه‌مانه‌ وه‌عده‌، به‌ڵام شتێكی پرۆتۆكۆڵی نییه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، كه‌ نوێنه‌ری كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌ له‌ فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئه‌مریكا پێش رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌منی خۆی سیاده‌ی ته‌واوی به‌سه‌ر عێراقدا هه‌بو ده‌یتوانی ئه‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێبكات، به‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی عه‌ره‌به‌كان‌و به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی سوننه‌و توركمانه‌كان، كه‌ توركیا له‌ پشتیانه‌ ئه‌و فشاره‌ی له‌ شیعه‌كان‌و عه‌ره‌به‌كانی ناو عێراق نه‌كردوه‌، ئه‌گه‌رنا خۆی ده‌یتوانی پێشتر ئه‌و وه‌عدانه‌ جێببه‌جێی بكات، ئه‌و زه‌خته‌ی پێشتر له‌ كوردی كردوه‌، له‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی بكردایه‌ جێبه‌جێ ده‌بو، ئێستا رێكه‌وتننامه‌ هه‌یه‌ ئه‌مریكا ساڵی ئاینده‌ به‌نیازه‌ هێزه‌كانی خۆی بكشێنێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ به‌چی شێوه‌یه‌ك، كه‌ خۆی فشاری سیاسیی‌و یاسایی نامێنێت، ئه‌و وه‌عدانه‌ چۆن جێبه‌جێده‌بێت؟، یان چونكه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ به‌نوسراو پرۆتۆكۆڵی نین.

بۆ هاوپه‌یمانی رازی بو؟
په‌رله‌مانتار سیروان زه‌هاوی بڕیارده‌ری لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: بۆیه‌ رازی بوین، چونكه‌ (43) كورسی به‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم كه‌وتوه‌و چه‌ند گره‌نتییه‌كمان له‌ ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش وه‌رگرتوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌م  رۆژانه‌دا هه‌ڵوێستی خۆیان رابگه‌یه‌نن له‌ ئاستی ماده‌ی (140)‌و پێچده‌چێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بێت‌و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرداوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتو سه‌رژمێری بكرێت‌و كاره‌ سیادی‌و سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رژمێریی بۆ كوردستان دیاری بكرێت، بۆیه‌ لیستی هاوپه‌یمانی رازی بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌و پڕۆژه‌بڕیاره‌ بدات تا یاسای هه‌ڵبژاردن ره‌تنه‌كرێته‌وه‌.

سیروان زه‌هاوی وتیشی: "وه‌ك لیستی هاوپه‌یمانی به‌ گره‌نتییه‌كان رازی بوین، به‌ڵام وه‌ك رای تایبه‌تی خۆم زۆرباوه‌ڕ‌و متمانه‌م به‌ به‌ڵێنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان نییه‌، هه‌ره‌چه‌نده‌ ئه‌وانه‌ نوسراونه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی به‌رزی وه‌ك ئۆباماو بایدن ئه‌و گره‌نتیانه‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه‌، تا سه‌عات (11.30) شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ش یوئێن‌و سه‌فاره‌تی ئه‌مریكی له‌ باره‌گای هاوپه‌یمانی بونه‌، شته‌كان نوسراوه‌‌و بڕیاریشه‌ كۆشكی سپی به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات بۆ پشتگیری ئه‌و سێ گره‌نتییه‌".

به‌ وته‌ی سیروان زه‌هاوی: "تێبینی لیستی یه‌كگرتو ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێنه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوه‌، كه‌ كورسی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ نه‌قز بكرایه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ سێ كورسییه‌كه‌ كه‌مترمان ده‌ست بكه‌وتایه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ره‌كانمان زه‌ره‌ری زیاتریان ده‌كرد".

فشاره‌كانی ئۆباماو بایدن
شه‌وی رابردو له‌ كاتی مشتومڕو دانوستانه‌كانی نێوان كوتله‌كاندا، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكاو جۆ بایدنی جێگری به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیان به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كردو داواین لێكردن، كه‌ رازی بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ بدرێت‌و عێراق له‌و قه‌یرانه‌ رزگار بكرێت، كه‌ به‌هۆی دواكه‌وتنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ تێیكه‌وتوه‌‌و هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دواكه‌وتوه‌و له‌ به‌رامبه‌ردا بارزانی به‌ڵێنی پێدان هه‌مو هه‌وڵێكی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ رێكه‌وتن‌و له‌ كۆتایشدا لیستی هاوپه‌یمانی رازی بو به‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ بدات‌و دواتریش فریاد ره‌واندوزی وته‌بێژی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: له‌سه‌ر ئه‌و گره‌نتیانه‌و بۆ زامنكردنی مافی كورد له‌ عێراقدا حكومه‌تی ئه‌مریكا به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رده‌كات.

حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ستكه‌وتی ده‌زانێت
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ وه‌سفكردو ئه‌و (43) كورسییه‌ی، كه‌ بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم ته‌رخانكراوه‌ به‌ ئه‌نجامی "یه‌كڕیزی" گه‌لی كوردو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لێكدایه‌وه‌.

د.كاوه‌ مه‌حمود وته‌بێژی ره‌سمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دوێنێ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا كه‌ له‌ هه‌ولێر سازیكردبو رایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ ده‌زانێت بۆ كورد‌و ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا به‌ یه‌كڕیزی به‌شداریی بكات ئه‌وه‌ ده‌توانێت (60-65) كورسی به‌ده‌ستبهێنێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ وه‌ك جاره‌كانی‌ پێشو هه‌ردوای په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی عێراق كرد بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌و هاوكات تارق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار "كه‌ به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانی له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌ماندا جێبه‌جێكراوه‌" په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنێكی مێژویی وه‌سفكرد‌و وایدانا، كه‌ ماف بۆ خاوه‌ن مافه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كورسییانه‌ی كه‌ بۆ پارێزگاكانی عێراق گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌مواری دوه‌می یاساكه‌دا لێیان كه‌مكرابویه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ هاشمی هه‌ڕه‌شه‌ی ڤیتۆكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ی كردبو.

 به‌پێی یاساكه‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌‌رانی داهاتو (325) كورسی ده‌بێت‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارێزگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت، سلێمانی (17) كورسی‌و هه‌ولێر (14) كورسی‌و دهۆك (10) كورسی، به‌ڵینیش دراوه‌ دواتر له‌ چوارچێوه‌ی كورسی قه‌ره‌بو دو كورسی دیكه‌ بۆ كورد زیاد بكرێت.

ژماه‌ی كورسی پارێزگه‌‌كانی دیكه‌ی عێراقیش به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: (كه‌ركوك 12، به‌غدا 58، نه‌ینه‌وا 31، به‌سره‌ 24، زیقار 18، بابل 16، ئه‌نبار 14، دیاله‌ 13، سه‌ڵاحه‌دین 12، نه‌جه‌ف 12، واست 11، قادسیه‌ 11، میسان 10، كه‌ربه‌لا 10، موسه‌ننا 7 كورسی).

Sbeiy.com © 2007