سازدانی، به‌هادین یوسف
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له په‌رله‌مانی كوردستان، پشوی دومانگهی په‌رله‌مانی كوردستان به زیاده دهزانێتو پێی وایه، ئه‌وه به‌رنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی بوه رێگربو له پێشنیازی گروپی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی خولی دانیشتنه‌كانی پهرلهمانو كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و پشوه، هه‌روه‌ك ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، له ماوه‌ی چوار مانگی رابردودا په‌رله‌مان له جۆرێك له‌پشودا بوه‌و ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردوه‌و ئه‌وه‌ش به ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت بۆ ده‌رنه‌كه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌ماندا.
رۆژنامه: بۆچونێك هه‌یه كه په‌رله‌مان له چوارمانگی رابردودا تاڕاده‌یه‌ك له‌پشودا بوه‌و پێویست نه‌بو ئه‌م دومانگه پشو بدات‌و ده‌بو له پشوه‌كه‌ی ببورێتو قه‌ره‌بوی سستی پێشوی بكاته‌وه؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: راسته په‌رله‌مان له چوارمانگی رابردودا له جۆرێك له پشودا ژیاوه، كۆبونه‌وه‌كانی وه‌كو پێویست نه‌بوه، ده‌بو هه‌فتانه لانیكه‌م سێ كۆبونه‌وه‌ی بكردایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه (13) كۆبونه‌وه كراوه كه هه‌فته‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌كه‌وێت، زۆربه‌ی كۆبونه‌وه‌كان كاره سه‌ركییه‌كه‌ی په‌رله‌مان نه‌بوه، به كاری تره‌وه خه‌ریك بوین، پێویست بو دوای سوێندخواردنی په‌رله‌مان زوتر لیژنه‌كان پێكبهێنرانایه، چونكه كارابونی په‌رله‌مان به‌ستراوه به كارابونی لیژنه‌كانه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسی‌و حیزبی، هه‌م پێكهێنانی لیژنه‌كان دواكه‌وت هه‌م پێكهێنانی كابینه‌ی وزاری‌و متمانه‌دان به حكومه‌ت دواكه‌وت، ده‌توانم بڵێم، كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان به‌ساردو سڕی ده‌ڕۆیشت به‌ڕێوه‌و كه‌مته‌رخه‌می تێدابو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌بو، ئۆپۆزسیۆن به‌رنامه‌ی هه‌بو په‌رله‌مان كارابكاتو رۆڵ ببینێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌رنه‌كه‌وێت، بۆئه‌وه‌ی به‌هۆی هه‌ژمونی حیزبی له‌سه‌ر پهرلهمانو به‌رنامه‌یه‌كی تری ده‌سه‌ڵات كه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌چێت بۆ ئۆزسیۆن، ده‌سه‌ڵات موماتهڵهیان به كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌كرد، دوایاندهخستو به شتی سانا‌و ساده‌وه په‌رله‌مانیان سه‌رقاڵكرد.
رۆژنامه: ئه‌م دومانگهی ئێوه له پشودان، دو مانگی هه‌ستیارن، هه‌ڵبژاردنێك له‌پێشه‌وه‌یه كه به (7) رۆژ دوای كۆتاییهاتنی پشوی په‌رله‌مان ئه‌نجامده‌درێت، به رای تۆ بڕیاره‌كه له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بوه كه پشوه‌كه‌ی ده‌ستپێبكات، به‌رامبه‌ر داواكه‌ی ئێوه وه‌كو ئۆپۆزسیۆن كه داواتانكرد پشوه‌كه كه‌مبكرێته‌وه؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: ئێمه وه‌كو سێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، داوایه‌كی لاییحهییمان پێشكه‌شكرد، چونكه به‌پێی ماده‌ی (5) بڕگه‌ی (2)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌ڵێت، ده‌توانرێت ماوه‌ی خولی په‌رله‌مان درێژبكرێته‌وه و هه‌روه‌ها ماده‌ی (6) بڕگه‌ی( 1) ده‌ڵێت، سه‌رۆك یان چوار یه‌كی په‌رله‌مانتاران ده‌توانن داوای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خوله‌كه بكه‌ن، ئه‌ویش به(2)له‌سه‌ر(3)ی ده‌نگه‌كان، پێویست بو ئه‌و ماوه‌یه‌ی رابردو په‌رله‌مان كارا بوایه‌و كاری سه‌ره‌كی په‌رله‌مان ئامادهكردنو په‌سه‌ندكردنی یاسایه، حكومه‌ته‌كه له (42) وه‌زیره‌وه بوه به (19)وه‌زیر، كۆمه‌ڵێك وه‌زاره‌ت بون به ده‌زگاو ده‌سته كه ئه‌وانه پڕۆژه‌یاسایان ده‌وێت، پێش جه‌ژنی قوربان (9) پڕۆژه‌یاسا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی تر له رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردو خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كرا، ژماره‌یه‌كی تر لای لیژنه‌و فراكسیۆنه‌كانه، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یاسای تر لای حكومه‌ته‌وه دێت، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یاسا لای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كه‌ڵه‌كه بوه‌و بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه ده‌بو لیژنه‌كان راپۆرتی خۆیان ئامادهبكردایهو له‌ناو په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرایه، ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی كه ئاماده‌ن چ له‌لای حكومه‌تن یان لای لیژنه‌كانن، یان لای سه‌رۆكایه‌تین ده‌بو خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرایه‌و ئێمه له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار مانگه‌دا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كمان پهسهندبكردایه، ئه‌گه‌ر مانگی دو پڕۆژه‌مان پهسهندبكردایه ده‌یكرده (8) یاسا، به‌ڵام هیچ پڕۆژه‌یه‌كمان ده‌رنه‌كردوه، ئه‌وه‌یش مایه‌ی نیگه‌رانییه پێموایه‌و سهڵاحیهتیشمان هه‌بو، ده‌بو لایه‌نیكه‌م یه‌ك مانگی خوله‌كه درێژبكه‌ینه‌وه له‌و دومانگی پشوهو مانگێكی بخه‌ینه سه‌ر بۆ چه‌ند شتێكی گرنگ، له‌وانه كارنامه‌ی حكومه‌ت گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌و كاتی خۆی له‌پێكهێنانی حكومه‌تدا به ههڵپڕوزكاوی كارنامه‌كه‌یان هێنا به نیوهناچڵیو ناته‌واوی، دواتر له سه‌رۆكایه‌تیی حكومهتو په‌رله‌مان به‌ڵێن به په‌رله‌مانتاران درا كه ئه‌و كارنامه‌یه گفتوگۆی له‌سه‌ربكه‌ین، بۆ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ش هیچ پاساوێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی دوابخرێت، به‌پێی ماده‌ی (79)ی په‌یڕه‌و ده‌بێت سه‌ره‌تای مانگی (10)ی هه‌مو ساڵێك بودجه بگاته پهرلهمانو په‌سه‌ندبكرێت.
له راستیدا حكومه‌ت له‌سه‌ر دوپایه ده‌ڕوات، یه‌كێكیان به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی كاریه‌تی، ئه‌ویتر بودجه‌یه، ئێستا هیچیانی نییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین بڵێین حكومه‌ت ئیفلیجه، ده‌بو كارنامه‌و بودجه پهسهندبكرایه ئه‌گه‌ر پاساو ئه‌وه‌یه بودجه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی دواكه‌وتوه ئه‌وه پاساویكی مهنتیقیو یاسایی‌و به‌هێز نییه، (17%)ی هه‌رێم دیاره‌و لیژنه‌ی دارایی به‌غداش ئیعلانی كردوه‌و كه‌مترین رێژه‌ی پشكی هه‌رێم (8) ملیار‌و (500) ملیۆن دۆلار‌و به‌رزترین رێژه‌ش (10) ملیار دۆلاره، ده‌توانیت بودجه‌كه به‌سه‌قفی ئه‌دنا رێكبخهیتو ئه‌گه‌ر كهمو زیادی هه‌بو به بودجه‌ی ته‌كمیلی ئه‌وه رێكبخه‌ینه‌وه، خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان داوایانكردوه، په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌مواربكرێته‌وه، چونكه ساڵی (1992) ده‌رچوه، هه‌ندێك ماده هه‌مواركراوه، به‌ڵام كه‌من، له‌وكاته‌وه تائێستا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی سیاسیی ئیداریی‌و رۆشنبیریی‌و فیكریی رویانداوه، له‌به‌رئه‌وه په‌یڕه‌وه‌كه به‌كه‌ڵكی ئێستا نایهتو ده‌بو هه‌موار بكرایه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئێمه داوامانكرد پشوه‌كه كه‌مبكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خزمه‌تی ئهزمونو دهسهڵاتو جه‌ماوه‌ره‌ی خۆمان بكه‌ین، پێم وایه كاری په‌رله‌مانتاری ئه‌وه‌نده قورس نییه كه ئه‌و هه‌مو پشوه‌ی بوێت، ئه‌و چوارمانگه‌ی تریش له پشودا بوین، ئه‌گه‌ر هه‌ردو مانگهكهشمان بكردایه‌ته ده‌وام هیچ گرنگ نه‌بو.
رۆژنامه: په‌رله‌مان سێ ئه‌ركی گرنگی هه‌یه، دانانی یاسا‌و چاودێریكردنی حكومهتو په‌سه‌ندكردنی بودجه، له خولی یه‌كه‌میدا كه ته‌واوبو، په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و سێ ئه‌ركه‌ی به‌جێ نه‌گه‌یاند، ئه‌ی چیكرد؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه پێشتر له‌م خوله‌دا كردومانن (4-5) كۆبونه‌وه‌ی جدیی بوه، ئه‌وانی تر كۆبونه‌وه‌ی سیاسی بون، به نمونه كۆبونهوهكرا بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌غداو هه‌ڵوێستی پهرلهمانو نوێنه‌ری گه‌لی كوردستان دیاریكرا، له ئه‌نجامیشدا یاساكه وه‌كو ئه‌و ههڵوێستو داواكارییه‌ی په‌رله‌مان نه‌بو، ئه‌و كارانه‌ی كه سهرهكینو وه‌ستاون، پڕۆژه‌یاسا كه‌ڵه‌كه‌بون، بودجه نه‌هاتوه، كارنامه‌ی حكومه‌ت گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه، لائیحه‌ی په‌رله‌مان هه‌موار نه‌كراوه، پرسی تری هه‌نوكه‌یی گرنگ‌و لێپێچینه‌وه‌و به‌دواداچونی داموده‌زگاكانی حكومهتو وه‌زاره‌ته‌كان، ئه‌وانه‌مان نه‌كردوه، راپۆرتی لیژنهكانو هه‌ڵسه‌نگاندنی لیژنه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه، چاودێریی كاری حكومه‌ت. ده‌كرا ئه‌م دومانگه خزمه‌تی پهرلهمانو ئه‌زمونی دهسهڵاتو سیستمی سیاسی‌و ئابوریمان بكردایه، مه‌یدانیه‌ن لێپێچینه‌وه‌و به‌دواداچونمان بۆ ئه‌و پڕۆژانه بكرادایه كه چه‌نده‌ها ساڵه وه‌ستاون، هه‌یه به‌ردی بناغه‌ی دانراوه كاری تێدانه‌كراوه، هه‌یه كه‌موكوڕیی تێدایه، هه‌یه گه‌نده‌ڵی تێدایه، ئه‌وانه‌مان بكردایه باش بو، به‌داخه‌وه داواكه‌ی ئێمه كه ره‌تكرایه‌وه له‌به‌ر چه‌ند خاڵێك بو، یه‌كه‌م لیستی ده‌سه‌ڵات زۆربه‌یان، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌مویان حه‌ساسیه‌تیان هه‌بو به‌و داواكارییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه بو، ره‌د فیعلیان هه‌بو، هه‌وره‌ها بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا دیارنه‌بێت له‌گفتوگۆكاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌غدا له‌به‌رده‌مماندایه، بۆئه‌وه‌ی رای جه‌ماوه‌ر به‌لای ئۆپۆزسیۆندا نهڕواتو ده‌نگ به ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه پێموایه به‌رنامه‌ی سیاسیی دیكه‌ی هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی بودجه دوابخرێت كه بودجه دواكه‌وت بودجه‌ی ئه‌حزابیش دواده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر حیزبه‌كان بودجه‌كه‌یان وه‌رگرت ئه‌و بودجه‌یه خه‌رجده‌كات بۆ هه‌ڵمه‌تی ههڵبژادنو ده‌نگ كۆده‌كاته‌وه، ئه‌وانه‌ش هۆكاری حیزبی‌و سیاسیین، به‌داخه‌وه لیستی ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر ئه‌و هۆكارو به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی خۆیان، رازی نه‌بون به كه‌مكردنه‌وه‌ی پشوه‌كه.
رۆژنامه: به‌دیوێكی تردا، ده‌پرسم زۆرینه‌ی په‌رله‌مان لیستی ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌وانیش حكومه‌تیان پێكهێناوه، نه‌ده‌كرا ئه‌وان هاندهربونایه بۆ ئه‌وه‌ی پشوه‌كه كه‌مبكرێته‌وه تاحكومهتو په‌رله‌مان ئه‌دایه‌كی باشتریان هه‌بێت، ئه‌مه بۆ خۆیشیان سودی نه‌بو؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: بێگومان ئه‌گه‌ر خوله‌كه درێژبكرایهتهوهو ئه‌وان كارابونایه سودی بۆیان ده‌بو، به‌ڵام له به‌ینی دو تاڵیدا بون، تاڵییهكیان كه زۆر شیرینه، تاڵتره بۆیان، چونكه ده‌یانزانی ئه‌و خواست‌و ئهكتیڤبونهی حكومهتو په‌رله‌مان وه‌كو پێویست نابێت‌و جێی متمانه‌ی خه‌ڵك نابێت، چونكه وه‌عدیان زۆرداوهو نه‌یانهێناوه‌ته دی، ئه‌وكاره‌ش له ئه‌نجامدا به‌قازانجی ئۆپۆزسیۆن ده‌گه‌ڕایه‌وه، چونكه له‌سه‌ر داوای ئێمه ده‌بو، ئه‌گه‌ر خوله‌كه درێژبكرایهتهوهو هه‌ركارێكی تری تێدا بكرایه، جه‌ماوه‌ر ده‌ستخۆشیی له‌ئۆپۆزسیۆن ده‌كرد، ئه‌و كارانه‌ی كه حكومه‌ت ده‌یانكات له‌ژێر كاریگه‌ریی ئۆپۆزسیۆندا ده‌بو كه‌واته له به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزسیۆن ده‌شكایه‌وه، بۆیه له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا ئه‌وان به‌رنامه‌ی تریشیان هه‌یه له پشت پشوی په‌رله‌مانه‌وه، به‌رنامه‌ی ههڵبژادنو بودجه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و بودجه‌ی ئهحزابو دواخستنی بودجه‌ی حكومهتو كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی سیاسی‌و حیزبی كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندایه.
رۆژنامه: له‌م حاڵه‌ته‌وه بۆچونێك دروست بوه، مادام لیستی ده‌سه‌ڵات زۆرینه‌یه، ئۆپۆزسیۆن به‌ده‌نگ كه‌مینه‌یه، كه‌واته ده‌سه‌ڵات چی ویست تێیده‌په‌ڕێنێت، جیاوازی چییه له خوله‌كانی پێش‌و؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته به‌رده‌وام بو، ئێوه به‌دیلتان چییه، ئێوه یاسایه‌ك یان هه‌رشتێكی ترتان ویست چۆن تێیده‌په‌ڕێنن؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: مه‌رج نییه هه‌رشتێك له‌لایه‌ن ئۆپۆزسێنهوه بێت ئه‌وان ره‌تیبكه‌نه‌وه؟
رۆژنامه: بۆ مه‌رج نییه، ئه‌و حاڵه‌ته‌مان بینییوه؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: مه‌رج نییه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ئێمه پڕۆژه‌یاسایه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی به‌رزبكه‌ینه‌وه له روی مهنتیقیو یاسایی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌هێزبو، ئه‌وان ناتوانن ره‌تیبكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌ی سیاسی‌و موزایهداتو حیزبییه‌كاندا زۆر به‌ره‌نگارمان ده‌بنه‌وه، له پڕۆژه‌یاساكانی تردا ناتوانن، چونكه واقیعه‌و مه‌نتقه، ئه‌گه‌ر كردیان رێ‌و شوێنی سیاسی ده‌گرینه‌به‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی پهرلهمانو دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا قسه ده‌كه‌ین‌و ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر وا بڕوات ئێمه رێگه‌ی یاسایی‌و سیاسی‌و مه‌ده‌نی تر ده‌گرینه‌به‌ر، شه‌فافانه موساڵهحهیان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هه‌ر سور بون له‌سه‌ر ههڵوێستیانو ره‌تی كاره زانستی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میلـله‌ت بده‌نه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌دانوستان قه‌ناعه‌تیان پێبكه‌ین، ئه‌گه‌رنا رێوشوێنی یاسایی دهگرینهبهرو دادگای فیدراڵی هه‌یه، خه‌باتی مه‌ده‌نی هه‌یه، ئێمه له میدیاكانه‌وه راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك رونده‌كه‌ینه‌وه، بۆ گروپه‌كانی فشار‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مهدهنیو واده‌كه‌ین رێپێوان‌و خۆپیشاندان‌و یاداشت‌و خه‌باتی مه‌ده‌نی بگیرێته‌به‌ر، ئه‌وكاته‌ش له‌ژێر فشاری رای گشتی‌و رێكخراوه‌كان‌و خه‌باتی مه‌ده‌نیدا، له‌ژێر فشاری سیاسیی ئێمه‌دا مل ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وكاته راستییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرا ده‌كه‌ین‌و له‌ئه‌نجامدا به زیانی ده‌سه‌ڵات ده‌شكێته‌وه كه جه‌ماوه‌ر جارێكی تر چه‌واشه نابێت، جه‌ماوه‌ر رێژه‌یه‌كی زیاتری هۆشیار ده‌بێته‌وه‌و ده‌نگیان پێ نادات.
رۆژنامه: كه‌واته به‌دیلتان هه‌یه؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: به‌ڵێ به‌دیلی سیاسی‌و یاسایی‌و جهماوهریو خه‌باتی مهدهنیو ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌شدا نه‌بێت، له قۆناغی ئاینده‌دا راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك روندهبنهوهو ده‌نگیان كه‌مده‌كات، هیوادارم جه‌ماوه‌ر هۆشیار بێت بۆ ئه‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات زۆرینه نهبێتو بتوانێت هه‌رچی شته تێیپه‌ڕێنێت له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی خۆیدا.
رۆژنامه: ئێستا باس له‌وه‌ده‌كرێت كه گروپێكی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌و پێكهاتوه له‌دو فراكسیۆنی ئیسلامی‌و فراكسیۆنی گۆڕان، رایه‌ك هه‌یه به‌تایبه‌ت لای هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامی كه ئه‌گه‌ر جگه‌له فراكسیۆنی گۆڕان، لیستێكی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن هه‌بوایه هێزی زیاتری ده‌بو، ته‌نانه‌ت زۆرجار پێك نه‌هێنانی لیستێكی ئیسلامیش، ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئێوه‌وه وه‌ك یه‌كگرتو؟
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی: له‌ناو په‌رله‌ماندا مه‌سه‌له‌ی ئایدۆلۆژی‌و عه‌قیده‌یی نابێته خاڵی جیاواز‌و نابێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنه‌كان هاوڕاو هاوهه‌ڵوێست نه‌بن، چونكه ئۆپۆزسیۆن دژی گه‌نده‌ڵییه، دژی ده‌سه‌ڵاته، بۆ مه‌سه‌له خزمهتگوزاریو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كارده‌كات، بۆ ئاوهدانیو شهفافییهتو پێشخستنی سیستمی حوكمڕانی‌و سیاسی‌و ئیداریی، بۆ به‌هه‌ده‌ر نه‌چونی سهروهتو سامانی وڵات، كه‌واته له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه ئۆپۆزسیۆن هه‌ر ئایدۆلۆژیا‌و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌بێكی هه‌بێت، هاوهه‌ڵوێستن، هه‌روه‌ك پێمان وایه لیستی ئیسلامی ببێت‌و نه‌بێت، ئیسلامییه‌كان هاوڕان له ئۆپۆزسیۆنبونیان به‌رامبه‌ر فه‌سادو گهندهڵیو كه‌موكوڕیی له خزمهتگوزاریو هاوڕان به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی عهدالهتو ئازادییه گشتییه‌كان، به‌رامبه‌ر به چاكسازی‌و یه‌كسانی، كه‌واته ئیسلامییه‌كان له‌هه‌ر لایه‌نێكی تر خاڵه هاوبه‌شه فیكری‌و كۆمهڵایتییهكانیان زیاتره، پێموایه هاولیستییو هاوبه‌ره‌یی گرنگ نییه، به‌ڵكو هاوئامانجیو هاوبهرژهوهندییو خزمه‌تكردنی جه‌ماوه‌ر گرنگه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی غه‌یره ئیسلامی‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئیداری كۆمانكاته‌وه، ده‌یان خاڵی تر هه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان كۆماندهكهنهوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ك ئۆپۆزسیۆن رۆڵ ببینین.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی ئه‌وڕه‌حمان
به‌كالۆریۆس له ئه‌ندازیاریی شارستانی
خوێندكاری ماسته‌ر له یاسای نێوده‌وڵه‌تی
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاوادانكردنهوهو نیشته‌جێكردن‌و هاوچه‌رخكردنی لادێ
ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌یه له په‌رله‌مانی كوردستان