Print
 پێویسته‌ بودجه‌ بنێردرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت
Tuesday, February 9, 2010

راپۆرت: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
زۆربه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ گفتوگۆكانیاندا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ئاشكرا ناڕه‌زایی‌ خۆیان له‌و پشكه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانیان داناوه‌‌و ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌‌و كاروباری‌ ئابوری‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانێت به‌هۆی‌ كه‌موكورتیه‌كانیه‌وه‌، بودجه‌ی‌ 2010ی‌ هه‌رێم بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت.

بودجه‌ی‌ گشتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 11 تریلیۆن‌و 433 ملیارو 176 ملیۆن دیناره‌‌و 835 ملیار دیناریش كورتی‌ هێناوه‌، له‌ خه‌مڵاندنی‌ پشكی‌ وه‌زاره‌ته‌كانیشدا وه‌‌زاره‌‌تی دارایی ته‌‌نها ورده‌‌كاری به‌‌شه‌ ‌بودجه‌‌ی به‌‌كارخستنی له‌‌ئه‌‌ستۆدایه‌‌و ورده‌‌كارییه‌‌كانی به‌‌شه‌‌ بودجه‌‌ی وه‌‌به‌‌رهێنان په‌‌یوه‌‌سته‌‌ به‌‌وه‌‌زاره‌‌تی پلاندانانه‌‌وه‌‌.

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2010ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و گه‌رمیان پشتگوێخراوه‌‌و رێژه‌یه‌كی‌ كه‌م بودجه‌ بۆ پڕۆژه‌ له‌م ناوچانه‌ ته‌رخانكراوه‌‌و ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و كاروباری‌ ئابوری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات "خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌و بودجه‌یه‌ رازینابن كه‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌".

ئیسماعیل سه‌عید گه‌ڵاڵه‌یی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌‌و كاروباری‌ ئابوری‌ بۆ رۆژنامه‌ی‌ ئاشكرا كرد "وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان كه‌ به‌ده‌ست پارتیه‌وه‌یه‌ كه‌مترین پڕۆژه‌ی‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابینكردوه‌ كه‌ پێشتر به‌ هه‌رێمی‌ سه‌وز ناسرابو، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیش به‌شداربێت له‌م كاره‌دا، ئه‌وه‌ بودجه‌ی‌ تۆڵه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌ تێیدا شكستی‌ هێنا".

وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با
وه‌زیری‌ كاره‌با‌و به‌‌ڕێوه‌‌به‌‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌ت رۆژی‌ 3/2/2010 به‌مه‌به‌ستی‌ دیاریكردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ پیشه‌‌سازی‌‌و وزه‌‌ی په‌‌رله‌‌مانی كوردستان كۆبونه‌وه‌.

له‌و گفتوگۆیه‌دا وه‌‌زیری كاره‌‌با به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ی‌ خستۆته‌ رو كه‌‌ "ئه‌‌مساڵ به‌هۆی كه‌‌می بودجه‌‌ی ته‌‌رخانكراو بۆ وه‌‌زاره‌‌ته‌‌كه‌‌یان ناتوانن هیچ پێشخستنێكی به‌‌رچاو له‌‌كه‌‌رتی كاره‌‌بادا ئه‌‌نجامبده‌‌ن"، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌مه‌وه‌ ره‌وشی‌ كاره‌با له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ خراپیدایه‌.

‌وه‌‌زاره‌‌تی كاره‌با له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2010ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا داوایكردبو 1 تریلیۆن و 35 ملیارو 753 ملیۆن دینار بۆ ئه‌‌نجامدانی پڕۆژه‌كانی‌ دابینبكرێت، به‌ڵام له‌‌لایه‌‌ن وه‌‌زاره‌‌تی داراییه‌‌وه‌‌ ته‌‌نها له‌‌سه‌‌ر بری 86 ملیار دیناری‌ بۆ دانراوه‌، بۆ به‌‌شه‌ ‌بودجه‌‌ی به‌‌كارخستنیش 814 ملیارو 508 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌‌رخانكراوه‌، له‌كاتێكدا خۆیان پێشتر له‌‌ به‌‌شه‌‌ بودجه‌‌ی به‌‌كارخستن داوای 2 تریلیۆن‌و 426 ملیارو 141 ملیۆن دینارییان كردوه‌.

ئیسماعیل سه‌عید گه‌ڵاڵه‌یی‌ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌‌سازی‌‌و وزه‌‌ی په‌‌رله‌‌مانی كوردستانه‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ فێڵێكی‌ گه‌وره‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با كراوه‌، به‌وه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 1 ترلیۆن دینار دانراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با كه‌ گازۆیلی‌ پێ‌ بكڕێت، ئه‌مه‌ش روبه‌ڕوی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌وتی‌ كوردستان له‌ پڵاوگه‌كان ته‌سفیه‌ی‌ ده‌كات‌و به‌وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ ده‌فرۆشێته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ لیسی‌ گۆڕان پێی‌ وایه‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌و ترلیۆن دیناره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با هه‌نگاوێكی‌ زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ سه‌ر داهاتی‌ ئه‌م وڵاته‌".

هه‌روه‌ك ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با به‌و بودجه‌ كه‌مه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندان بۆی‌ دانراوه‌ "ناتوانێت هیچ پلانێكی‌ باشی‌ وه‌به‌رهێنان بخاته‌گه‌ڕ".

‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پیشه‌سازی‌‌و وه‌فدێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ رۆژی‌ 3/2 له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ پیشه‌‌سازی‌‌و وزه‌‌ی په‌‌رله‌‌مانی كوردستان كۆبونه‌وه‌‌و تاوتوێكردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیان كرد.

هه‌ردو لایه‌ن له‌و كۆبونه‌وه‌یدا گفتوگۆیانكرد له‌سه‌ر چۆنێتی‌ دانانی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌‌و وه‌فدی‌ وه‌زاره‌ت ناڕه‌زایی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌سه‌ر چۆنێتی‌ دانانی‌ پڕۆژه‌كان، چونكه‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوبراو داوای‌ 35 ملیار دیناریانكردبو بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێی‌ دابه‌شكاریه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان ته‌نها 3 ملیار‌و 600 ملیۆن دیناریان بۆ ته‌رخانكراوه‌.

وه‌فدی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ ئاشكراشیانكرد "ئه‌و رێژه‌یه‌ی‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌ زۆر كه‌مه‌‌و له‌ دانانی‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌كانیشدا راوێژیان پێنه‌كراوه‌".

ئیسماعیل سه‌عید گه‌ڵاڵه‌یی‌ له‌باره‌ی‌ بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیه‌وه‌ وتی‌ "وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان هه‌ر وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ ئاگادار نه‌كردبوه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندی‌ بۆ ته‌رخانكردبون، كاتێك كه‌ بانگ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیمانكرد بۆ گفتوگۆی‌ بودجه‌، ئه‌وان له‌ ئێمه‌یان پرسی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان له‌سه‌ر چ پڕۆژه‌یه‌ك رازیبوه‌؟، چ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ 2010 ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ركراوه‌؟".

ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌
لێژنه‌‌ی كاروباری یاسایی په‌‌رله‌‌مانی كوردستان رۆژی‌ 1/2 به‌‌مه‌‌به‌‌ستی گفتوگۆكردن سه‌‌باره‌‌ت به‌‌به‌‌شه‌‌ بودجه‌‌ی ده‌‌سه‌ڵاتی دادوه‌‌ریی هه‌‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حاكم محه‌‌مه‌‌د عه‌‌بدولڕه‌‌حمان سلیڤانی ئه‌‌ندامی دادگای ته‌‌میزی هه‌‌رێمی كوردستان‌و نوێنه‌‌رانی ده‌‌سه‌ڵاتی دادوه‌‌ریی له‌‌هه‌‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌.

له‌‌كۆبونه‌‌وه‌‌یه‌دا باس له‌‌چۆنیه‌‌تیی دانان‌و پشكی‌ بودجه‌‌ی ده‌‌سه‌ڵاتی دادوه‌‌ری كرا، به‌‌وپێیه‌‌ی كه‌‌ده‌‌سه‌ڵاتێكی سه‌‌ربه‌‌خۆیه‌‌و پێویستیی به‌‌بودجه‌‌یه‌‌كی باش هه‌‌یه‌‌ بۆ راپه‌‌ڕاندنی كاره‌‌كانیان‌و ئه‌‌نجامدانی ئه‌‌و پڕۆژانه‌‌ی كه‌‌به‌‌نیازن له‌‌ئاینده‌‌دا له‌‌چه‌‌ند ناوچه‌‌یه‌‌كی هه‌‌رێمی كوردستان ئه‌‌نجامی بده‌‌ن.

وه‌فدی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌ ئاشكرا خستیانه‌ڕو كه‌‌ ئه‌‌و بودجه‌‌یه‌‌ی كه‌‌بۆیان ته‌‌رخانكراوه‌‌ بۆ ساڵی 2010 كه‌‌مه‌‌و به‌‌شی پێداویستییه‌‌كانیان ناكات، ئه‌‌مه‌‌ش ده‌‌بێته‌‌هۆی دروستبونی كێشه‌‌و گرفت له‌‌به‌‌رده‌‌م كاره‌‌كانیان‌و ئه‌‌نجامدانی ئه‌‌ركه‌‌كانیان به‌‌شێوه‌‌یه‌‌كی رێكوپێك.

وه‌فدی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ داواشیانكرد ئه‌‌و رسوماته‌‌ی كه‌‌له‌‌دادگاكان وه‌‌رده‌‌گیرێت راسته‌‌وخۆ بدرێته‌‌ ده‌‌سه‌ڵاتی دادوه‌‌ری، چونكه‌‌ ئه‌‌وان ئێستا پێویستییان به‌‌دامه‌‌زراندنی فه‌‌رمانبه‌‌رانی نوێ‌و ده‌‌رماڵه‌‌ی مه‌‌ترسی بۆ دادوه‌‌ران‌و كاره‌‌مه‌‌نده‌‌كانیان هه‌‌یه‌‌، له‌م روه‌شه‌وه‌ 38 پڕۆژه‌یان خسته‌‌ به‌‌رده‌‌م ئه‌‌ندامانی لێژنه‌ی‌ كاروباری یاسایی‌و داوایانكرد ئه‌‌و بودجه‌‌یه‌‌ی داوایانكردوه‌‌ له‌‌لایه‌‌ن لێژنه‌‌ی دارایی په‌‌رله‌‌مانه‌‌وه‌‌ كه‌‌منه‌‌كرێته‌‌وه‌.

وه‌‌زاره‌‌تی رۆشنبیری وه‌‌رزش‌و لاوان
هه‌ر له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ خه‌مڵێندراوی‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت، لێژنه‌‌ی په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌كان‌و رۆشنبیری‌و راگه‌‌یاندن‌و شوێنه‌‌واره‌‌كان له‌‌په‌‌رله‌‌مانی كوردستان رۆژی‌ 2/2 له‌گه‌ڵ د.كاوه‌‌ مه‌‌حمود وه‌‌زیری رۆشنبیری‌و وه‌‌رزش‌و لاوان‌و ستافی به‌‌ڕێوه‌‌به‌‌رایه‌‌تییه‌‌كانی وه‌‌زاره‌‌ت كۆبونه‌وه‌‌و گفتگۆیانكرد له‌سه‌ر ‌به‌‌شه‌‌ بودجه‌‌ی وه‌‌زاره‌‌تی ناوبراو.

له‌‌كۆبونه‌‌وه‌‌كه‌‌دا چۆنیه‌‌تیی دانان‌و دابه‌‌شكردنی بودجه‌‌ی وه‌‌زاره‌‌تی ناوبراو ‌و ئه‌‌و پڕۆژه‌‌ پێشنیازكراوانه‌‌ی كه‌‌له‌‌لایه‌‌ن وه‌‌زاره‌‌تی ناوبراوه‌‌وه‌‌ پێشنیازكرابون گفتوگۆیان له‌‌باره‌‌وه‌‌كرا‌و ته‌ئكید له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌وه‌‌كرایه‌‌وه‌‌ كه‌ هه‌‌وڵبدرێت پشكی وه‌‌زاره‌‌ت له‌‌به‌‌شی پڕۆژه‌‌ وه‌‌به‌‌رهێنه‌‌كاندا زیاد بكرێت.

‌وه‌‌فدی وه‌‌زاره‌‌تی‌ رۆشنبیری‌و وه‌‌رزش‌و لاوان له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا داوایانكرد "داهاتی وه‌‌زاره‌‌ته‌‌كه‌‌یان راسته‌‌وخۆ بۆ وه‌‌زاره‌‌ت بگه‌‌ڕێته‌‌وه‌‌، بۆ ئه‌‌وه‌‌ی له‌‌كارو پڕۆژه‌‌كانی وه‌‌زاره‌‌تدا خه‌‌رجبكرێت".

سودی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
لیژنه‌‌ی ئه‌‌وقاف‌و كاروباری ئاینیی په‌‌رله‌‌مان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ ‌وه‌‌زاره‌‌تی ئه‌‌وقاف‌و كاروباری ئاینیی كۆبونه‌وه‌‌و تیایدا پێشنیازكرا ئه‌‌و سوده‌‌ كۆمه‌ڵایه‌‌تییانه‌‌ی (منافع الاجتماعیه‌‌) كه‌‌ له‌‌بودجه‌‌ی وه‌‌زاره‌‌ته‌‌كاندا هه‌‌یه‌‌ نه‌‌مێنێت‌و بخرێته‌ ‌سه‌‌ر وه‌‌زاره‌‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌‌تی، به‌‌و پێیه‌‌ی كه‌‌په‌‌یوه‌‌ندیداره‌‌ به‌‌و مه‌‌سه‌‌لانه‌‌وه‌.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا وه‌فدی‌ ‌وه‌‌زاره‌‌تی ئه‌‌وقاف‌و كاروباری ئاینیی داوایانكرد "هه‌‌وڵبدرێت مزگه‌‌وت‌و شوێنه‌‌ ئاینییه‌‌كانی تر له‌‌پاره‌‌ی كاره‌‌باو ئاو ببه‌‌خشرێن".

بێ‌ پلانی‌ له‌ بودجه‌دا
چاودێرانی‌ دارایی‌ نایشارنه‌وه‌ كه‌ بودجه‌ی‌ 2010 به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی‌ رابردو زوتر گه‌یشتۆته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بودجه‌ په‌له‌ی‌ تیاكراوه‌‌و به‌ بێ‌ پلانی‌‌و پڕ كه‌موكورتیه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌ په‌رله‌مان.

ئیسماعیل گه‌ڵاله‌یی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات "وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ بۆ بودجه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان داناوه‌‌و وه‌زاره‌ته‌كان له‌ لیژنه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ داواده‌كه‌ن كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان پێویست بو له‌گه‌ڵ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كان رێكبكه‌وێت، ئینجا بینێرێته‌ په‌رله‌مان".

هه‌روه‌ك ئاشكراشی‌ ده‌كات "وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان به‌بێ‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كاندا پلانی‌ داناوه‌، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی‌ سه‌رسورمانه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ بۆ ساڵی‌ 2010 ده‌سنیشانی‌ كردوه‌، هیچیان له‌و پڕۆژانه‌دا نییه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشانداوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاری‌ دو حكومه‌ت‌و دو وڵات ده‌چێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ره‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌گرێت كه‌ هه‌ستی‌ حیزبایه‌تیان به‌سه‌ردا زاڵه‌‌و وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بودجه‌دا ناكه‌ن، وتیشی‌ "بودجه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كه‌موكورتی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتاران دوربن له‌ هه‌ستی‌ حیزبی‌، ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر تاوتوێ‌ بكاته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكوڕیه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ 2010ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 2/2 لیژنه‌ی‌ دارایی‌‌و كاروباری‌ ئابوری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بانگهێشتی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌‌و بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ كرد، به‌ڵام به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران وه‌ڵامه‌كانی‌ وه‌زیری‌ داراییان پێ‌ قبوڵ نه‌بو.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بایز تاڵه‌بانی‌ وه‌زیری‌ دارایی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم بۆ بودجه‌ی ئه‌مساڵ داوای 22 تریلیۆن دینارمان له‌حكومه‌تی ناوه‌ندی كرد، به‌ڵام ئه‌وان 10تریلیۆن و50 ملیار دیناریان دیاریكردوه‌، به‌وپێیه‌ 835 ملیار دینار كورتهێنانی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بێتو بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌مان پێنه‌درێت، ئه‌وا هیچ رێگه‌ی دیكه‌مان نییه‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌.

وه‌زیری‌ دارایی‌ وتیشی‌ "بودجه‌ی‌ به‌كارخستن له‌گه‌ڵ ساڵی‌ پار 2 ملیار دینار زیادیكردوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌ موچه‌ (عه‌لاوه‌، ته‌رفیع)‌و دامه‌زراندنی‌ نوێ‌‌و زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ شه‌هیدان‌و كه‌مئه‌ندامان‌و كه‌سوكاری‌ ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌.

Sbeiy.com © 2007