Print
 شێركۆ بێكه‌س: هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دوربێت له‌ ساخته‌كاریی‌
Monday, February 15, 2010

سازدانی‌: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد شێركۆ بێكه‌س به‌پێویستی‌ ده‌زانێت، كه‌ ئه‌مجاره‌ كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (7/3/2010) ئه‌زمونێكی‌ نوێی‌ دیموكراسی‌ نیشانبدات‌و ئه‌و هه‌ڵانه‌ دوباره‌ نه‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (25/7/2009)دا رویاندا، هه‌روه‌ك هه‌ڵوێسته‌ش ده‌كات له‌سه‌ر توانای‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا.

شێركۆ بێكه‌س له‌م دیداره‌ی‌ به‌ره‌و گۆڕاندا باسله‌وه‌ده‌كات؛ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7) گۆڕانێكی‌ نوێی‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌رله‌ماندا هێناوه‌‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ ره‌نگین كردوه‌‌و بوه‌ته‌ هۆی‌ له‌دایكبونی‌ ئۆپۆزسیۆن.

به‌ره‌و گۆڕان: له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (25/7)دا بارگرژییه‌ك له‌نێوان لایه‌نگرانی‌ لیسته‌كاندا دروستبو، هه‌ندێك لایه‌نیش تۆمه‌تباركران به‌ ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌، پێویسته‌ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ داهاتودا، هه‌رێمی‌ كوردستان نمونه‌یه‌كی‌ جوان نیشان بدات؟
شێركۆ بێكه‌س: ده‌مه‌وێت به‌ر له‌ هه‌مو شتێك ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ پێویسته‌ كه‌شوهه‌وای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌هاوكاریی‌ هه‌مو لایه‌ك، له‌ لیسته‌كان‌و حكومه‌ت، به‌تایبه‌ت پۆلیس‌و ئاسایش، چاویان له‌سه‌ر ئارامیی‌‌و دڵنیایی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ بێلایه‌نانه‌ كاره‌كان به‌ڕێوه‌به‌رن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بن، له‌ راستیشدا یه‌كه‌م به‌رپرسی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و پۆلیس‌و ئاسایش.
دیاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك (7/3)دا پێشێلكاریی‌ هه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بۆ من زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێشێلكارییه‌كان نه‌گاته‌ خوێنڕشتن، چونكه‌ كه‌ دڵۆپه‌ خوێنێك بیندرا، ئه‌وكاته‌ ناتوانین ناوی‌ بنێین دیموكراسی‌‌و هه‌ڵبژاردن.

به‌ره‌و گۆڕان: هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (25/7)ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان چی‌ هێنایه‌ كایه‌وه‌‌و چی‌ لێ‌ فێربوین، ئایا جیاوازی‌ چییه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ (7/3)ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق؟
شێركۆ بێكه‌س: وه‌ك ده‌زانین ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌شێوه‌ی‌ لیستی‌ كراوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئێمه‌ نابێت لیستی‌ جیاوازمان پێ‌ سه‌یربێت، من بإوام به‌ لیستی‌ جیاواز هه‌یه‌ له‌ ئێستادا، به‌مه‌رجێك له‌ به‌غدا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌ كورد هه‌مویان ببنه‌وه‌ به‌ یه‌ك ده‌نگ، با بیر‌وڕای‌ جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ جه‌وهه‌ریدا یه‌ك بگرنه‌وه‌. من پێموایه‌؛ یه‌كێك له‌و گۆڕانانه‌ی‌ كه‌ كه‌وته‌ ناو ژیانی‌ سیاسیی‌ كورد‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ ره‌نگین بو، له‌ دو ره‌نگ تێپه‌ڕی‌، ئێمه‌ چه‌ند ره‌نگێكمان ده‌وێت، دو ره‌نگمان ناوێت، دو ره‌نگ دیمه‌نه‌كان وه‌ك خۆی‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ له‌ كوردستاندا، هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مجاربو ئۆپۆزسیۆن له‌دایك بو، به‌بێ‌ ئۆپۆزسیۆن واته‌ مردو.
هه‌روه‌ها هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دوربێت له‌ ساخته‌كاریی‌‌و هه‌مومان چاومان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی‌ پڕۆسه‌كه‌ بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و رێك‌وپێك، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ (25/7)دا وه‌ك زانرا‌وه‌ زۆر شوێنی‌ ناوخۆیی‌‌و بیانیش باسیان كرد، ساخته‌كاریی‌ كراوه‌، ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌زمونی‌ (25/7) ئه‌وه‌مان فێرده‌كات، كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ (7/3) شێوازی‌ نوێ‌ بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بدۆزینه‌وه‌، شێوازێك كه‌ خه‌ڵك لێی‌ رازی بێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكومه‌تیش ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رجه‌م لیسته‌كان وه‌كو یه‌ك بڕه‌خسێنێت له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردندا.
زۆر پێویسته‌ له‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا نه‌كرێت، بۆ نمونه‌ له‌ شیعرێكدا وتومه‌: (من باوكێكم هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پانتۆڵێكم بۆ بكات، ده‌بێت له‌ ته‌له‌فزیۆندا پیشانبدرێت؟، ده‌بێت رۆژنامه‌كان به‌گه‌وره‌یی‌ وێنه‌كه‌ی‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌؟)، چونكه‌ ناكرێت به‌رده‌وام بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رابردو، ده‌بێت چاومان له‌ ئاینده‌ بێت.

به‌ره‌و گۆڕان: ئه‌ركی‌ نوێی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد چی‌ ده‌بێت له‌ خولی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا؟
شێركۆ بێكه‌س: نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا، ده‌بێت رۆڵێكی‌ گرنگ‌و كاریگه‌ر ببینن، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ده‌بێت هاوڵاتییان به‌ ئازادانه‌‌و سه‌ربه‌ستانه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان‌و هه‌ڵیبژێرن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ به‌غدا سه‌رجه‌م لیسته‌ كوردییه‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌كاندا یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك هه‌ڵوێستبن، ئه‌گه‌رچی‌ له‌ ئێستاشدا به‌لیستی‌ جیاواز به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك ده‌یبینین له‌ ئێستادا فاشیه‌تێكی‌ نوێ‌ له‌عێراقدا به‌رزبوه‌ته‌وه‌، ئه‌و فاشیه‌ته‌ تازه‌یه‌ مه‌رج نییه‌ وه‌ك سه‌رده‌می‌ به‌عسی‌ سه‌دام بێت، به‌ڵام بۆنی‌ سه‌دامی‌ لێدێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی‌ مه‌ترسییه‌، ئه‌م فاشیانه‌ هه‌مو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت مافه‌كانی‌ كورد له‌ ده‌ستوردا له‌باربه‌رن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مومان له‌ به‌غدا چاومان له‌ مافه‌كانی‌ كورد بێت.
پاشان ئێمه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت له‌ خولی‌ پێشودا په‌رله‌مانتار هه‌بو تا خوله‌كه‌ ته‌واو بو، قسه‌یه‌كیان نه‌كرد. له‌ راستیدا پێویسته‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ كورد جگه‌ له‌وه‌ی‌ پاشخانێكی‌ رۆشنبیرییان هه‌بێت، پێویسته‌ ئازا‌و بوێربن.
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانمان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌؛ نوێنه‌ره‌كانمان عه‌ره‌بی‌ نازانن، ناتوانن به‌ پاراویی‌ قسه‌ بكه‌ن، من نازانم ئایا بۆمان نییه‌ ئێمه‌ به‌كوردی‌ قسه‌ بكه‌ین؟ با لیژنه‌یه‌كی‌ وه‌رگێڕان بیكات به‌ عه‌ره‌بی‌، من حه‌زده‌كه‌م بۆ یه‌كه‌مجار له‌ خولی‌ ئاینده‌دا گوێم لێبێت په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان به‌ كوردی‌ له‌ په‌رله‌ماندا قسه‌ بكه‌ن، زمانی‌ كوردی‌ له‌ ده‌ستوردا به‌ڕه‌سمیی‌ ناسراوه‌، پێویسته‌ په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كانیش خۆیان فێری‌ كوردی‌ بكه‌ن، كه‌ هه‌رگیز گوێیان نه‌داوه‌تێ‌.
هه‌روه‌ها من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا ئێمه‌ دۆستی‌ راسته‌قینه‌مان تا سه‌ر نییه‌، هیچ حیزبێكی‌ عێراقی‌ سوننه‌ بێت یان شیعه‌ نایبینیت دو دێڕی‌ رونی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ماف‌و چاره‌نوسی‌ كورد هه‌بێت، ئێمه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ ساغبكه‌ینه‌وه‌، لایه‌نێك ئه‌گه‌ر دۆستی‌ كورده‌ پێویسته‌ روئیای‌ هه‌بێت بۆ دۆزی‌ كورد، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌مومان عێراقی‌ نین، ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ عێراقی‌ بین، كوردین.

به‌ره‌و گۆڕان: بۆ پشتیوانی‌ ئه‌مریكا له‌ كورد چی‌ ده‌ڵێیت، ئایا نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا ده‌توانن مافه‌كانی‌ كورد مسۆگه‌ر بكه‌ن، یان دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا؟
شێركۆ بێكه‌س: ئه‌مریكا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌ كوردی‌ داوه‌ ته‌نیا قسه‌یه‌، كه‌ نوێنه‌رێكیان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن به‌ كورد ده‌دات، خۆ ئه‌مه‌ نه‌بوه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌، كورد هه‌تا ئێستا ئیمزایه‌كی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكادا نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مریكا هه‌ر فایلێكی‌ نییه‌ به‌ناوی‌ كورده‌وه‌، ئه‌مریكا فایلی‌ به‌ناوی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ناو فایلی‌ عێراقدا چه‌ند لاپه‌إه‌یه‌كی‌ بۆ كورد‌و شیعه‌‌و سوننه‌‌و توركمان هه‌یه‌.

Sbeiy.com © 2007