Print
 راپۆرتێكی‌ نهێنیی‌ سه‌ربازیی‌: یه‌كێتی‌، پێشمه‌رگه‌ی‌ خستوه‌ته‌ خزمه‌تی‌ به‌رپرس ‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانییه‌وه‌
Tuesday, March 2, 2010

راپۆرتی‌: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ راپۆرتێكی‌ نهێنییدا، كه‌ ئه‌وكات بریكاری‌ وه‌زاره‌ت بوه‌‌و بۆ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ‌و وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ ناردوه‌، ئاشكرای‌ ده‌كات؛ كه‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ته‌نیا موچه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵكو له‌ژێر فه‌رمانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ ئیستخبارات ‌و دژه‌ تیرۆر ‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ‌و عومه‌ر فه‌تاح ‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ دیكه‌دان.
ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا زۆر به‌ڕاشكاوی‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ كه‌ موچه‌یان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ڵام پاسه‌وانی‌ ده‌زگا ‌و مه‌ڵبه‌ند ‌و پاسه‌وانانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ن، بونه‌ته‌ بارگرانی‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ سیستمی‌ ئیداری‌ ‌و موچه‌دا ناگونجێت".


خزمه‌تی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان پێده‌كرێت
به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌ نهێنییه‌ "كۆی‌ گشتیی‌ ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ (وه‌زاره‌تی‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌) له‌ (..........) ئه‌فسه‌ر ‌و پله‌دار ‌و سه‌رباز ‌و كارمه‌ند ‌و پێشمه‌رگه‌ ‌و مته‌فه‌ڕیقه‌ پێكهاتون، له‌م ژماره‌یه‌ش به‌ته‌نیا ده‌توانین دو فه‌وج وه‌كو هێزی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ رێكوپێك پشتی‌ پێ‌ ببه‌سترێت ‌و له‌ژێر فه‌رمانی‌ راسته‌وخۆی‌ وه‌زاره‌تدا بن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ر ژماره‌یه‌ ‌و ته‌نیا هه‌ر موچه‌ له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن ‌و ئه‌ركی‌ تایبه‌تی‌ دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌ت، وه‌كو: (فه‌وجی‌ دژه‌تیرۆری‌ كاك پاڤێڵ‌، (3)ی‌ فه‌وجی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ ئیستخبارات سه‌ر به‌ مامۆستا عه‌زیز، فه‌وجی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌، فه‌وجی‌ تایبه‌تی‌ عومه‌ر فه‌تاح، بێ‌ سیمی‌ مه‌ركه‌زی‌، نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆڕش، سریه‌ی‌ به‌غدا".

خزمه‌تی‌ به‌رپرسان ‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانیان پێده‌كرێت
جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات؛ كه‌ له‌ كۆی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ سه‌ر به‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌ت (........) هه‌زار پێشمه‌رگه‌یان ته‌نیا موچه‌ له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن ‌و پاسه‌وانی‌ ده‌زگا ‌و مه‌ڵبه‌ند ‌و لێپرسرا‌و و كه‌سایه‌تی‌ ‌و موته‌فه‌ڕیقه‌ی‌ داموده‌زگاكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانیان پێده‌كرێت ‌و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ناتوانێت هیچ فه‌رمانێكی‌ جوڵه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
یاوه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی‌ (ده‌زگا ‌و مه‌ڵبه‌ند ‌و لێپرسراو)ه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ موچه‌ له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن، هه‌م له‌گه‌ڵ‌ نیزامی‌ ئیداری ‌و موچه‌ی‌ وه‌زاره‌ت ناگونجێ‌ ‌و هه‌م بارگرانییه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تدا نین ‌و وه‌زاره‌ت ناتوانێت ته‌نیا (1) پێشمه‌رگه‌یان ئاماده‌ بكات، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ شه‌ڕكه‌ر".
هه‌روه‌ها (2267) كه‌سی‌ ده‌زگای‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین، كه‌ به‌ناوی‌ (فیئه‌كان) ‌و به‌چه‌ند پله‌یه‌كی‌ وه‌زیفی‌ جیا پێكدێن ‌و له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ش هه‌ر ته‌نیا ژماره‌ن ‌و له‌ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تدا نین له‌ڕوی‌ فه‌رمان ‌و جوڵه‌وه‌.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ (807) ئه‌فسه‌ر ‌و پله‌دار ‌و كارمه‌ند ‌و یاریده‌ده‌ری‌ پزیشكیی‌، كار بۆ (به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ شۆڕش) ده‌كه‌ن ‌و ته‌نیا موچه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌ڕوی‌ جوڵه‌ ‌و كاره‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تدا نین.

فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ ‌و خزمه‌تی‌ حیزب
به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ جه‌بار یاوه‌ر، تایبه‌ته‌ به‌ ره‌وشی‌ دابه‌شبونی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان، كه‌ تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌؛ كۆی‌ گشتیی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ (.........) هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ ‌و به‌پێی‌ پله‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌مترین موچه‌یان پله‌ی‌ (ته‌ته‌ره‌) ‌و (100) هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت ‌و به‌رزترین پله‌شیان (فه‌رمانده‌ی‌ لیوایه‌)‌و بڕی‌ (1250000) وه‌رده‌گرێت، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی‌ ئه‌و هێزه‌یه‌:
* ژماره‌ی‌ (2456) پێشمه‌رگه‌یان به‌ناونیشانی‌ جۆراوجۆر دابه‌شبون به‌سه‌ر هێز ‌و فه‌وجی‌ موته‌فه‌ڕیقه‌ ‌و پاسه‌وانی‌ داموده‌زگاكان ‌و مه‌ڵه‌به‌ند ‌و مه‌كته‌به‌كانی‌ یه‌كێتیدا.
* ژماره‌ی‌ (941) پێشمه‌رگه‌یان، به‌ناونیشانی‌ جیا ‌و به‌بڕی‌ موچه‌ی‌ جۆرا‌وجۆر پاسه‌وانی‌ لێپرسرا‌و ‌و ده‌سته‌ ‌و كه‌سایه‌تی‌ ده‌كه‌ن.
* ژماره‌ی‌ (2520) پێشمه‌رگه‌یان، به‌ ناونیشانی‌ جۆرا‌وجۆر ‌و به‌ موچه‌ی‌ جیا، كه‌ كارمه‌ند ‌و ئه‌فسه‌ر ‌و كادری‌ به‌شه‌كانن ‌و دیسانه‌وه‌ پاسه‌وانی‌ كه‌س ‌و لێپرسرا‌و ‌و لایه‌ن ‌و رێكخراوی‌ هه‌مه‌جۆریشیان تێدایه‌، ده‌كه‌ن.
* ژماره‌ی‌ (2981) پێشمه‌رگه‌یان، به‌ ناونیشانی‌ جیا ‌و به‌ موچه‌ی‌ جیاجیا پاسه‌وانی‌ حیزبه‌كانیان پێده‌كرێت.
جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌؛ كه‌ له‌ڕوی‌ بڕی‌ موچه‌وه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان خشته‌ ‌و بڕی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتیی‌ ‌و هێزه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ركان ‌و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆكارێكی‌ گرنگ ده‌زانێت له‌ زامن نه‌بون ‌و مسۆگه‌رنه‌كردنی‌ ئاماده‌بونیان له‌كاتی‌ پێویست به‌و ژماره‌یه‌ی‌، كه‌ هه‌ن ‌و موچه‌ وه‌رده‌گرن.

پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر خۆیان ده‌كه‌ن، نه‌ك كورد
جه‌بار یاوه‌ر، بریكاری‌ ئه‌وكاته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌ نهێنییه‌كه‌یدا؛ باس له‌و ململانێیانه‌ ده‌كات كه‌ پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ باڵا سه‌ربازییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراق كردویانه‌، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چاوه‌ڕوانی‌ مسۆگه‌ركردنی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردیان له‌م دو هێزه‌ ده‌كرد.
جه‌بار یاوه‌ر، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاشكرای‌ ده‌كات؛ "پایه‌ی‌ جێگری‌ ئه‌مینداری‌ گشتیی‌، كه‌ چه‌ند ساڵێك پشكی‌ پارتی‌ بو، (بروسك نوری‌ شاوه‌یس) لێی‌ جێگیربو، له‌گه‌ڵ‌ پایه‌ ‌و گرنگیی‌ (بابه‌كر زێباری‌)، كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپای‌ عێراق‌و تا ماوه‌یه‌كیش سوپاسالاری‌ عێراق بو، هۆكاری‌ گرنگ ‌و سه‌ره‌كیی‌ بو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بتوانێت له‌چه‌ند فیرقه‌یه‌كی‌ سوپای‌ عێراق ده‌سه‌ڵات ‌و نفوزی‌ خۆی‌ جێگیر بكات".
یاوه‌ر، زیاتر ئه‌م ململانێیه‌ی‌ نێوان پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ رونده‌كاته‌وه‌ ‌و ده‌ڵێت؛ "له‌ سنوری‌ فیرقه‌ی‌ (2) + (3)ی‌ سوپای‌ عێراق، جگه‌ له‌و كوردانه‌ی‌، كه‌ له‌ پایه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ (فیرقه‌)، یان (لیوا)، یان (فه‌وج)ن، كه‌ هه‌مویان سه‌ربه‌ پارتین ‌و ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سی‌ یه‌كێتی‌ له‌و سنوره‌ نییه‌، به‌ پله‌ی‌ سه‌ربازی‌ خۆبه‌خشیش، زۆربه‌ی‌ هێزه‌كانیان له‌ موسڵ‌ ‌و هه‌ولێر ‌و دهۆك ‌و چه‌ندین لیوای‌ ته‌واو له‌ ئه‌فسه‌ر ‌و سه‌رباز ‌و پله‌داری‌ سه‌ربه‌ پارتییان دامه‌زراندوه‌ ‌و ئه‌فسه‌ر‌و پله‌داره‌ عه‌ره‌به‌كانیشیان كڕیوه‌، واته‌ ئه‌و دو فیرقه‌یه‌ی‌ سنوری‌ موسڵ‌ ‌و ناوچه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دهۆك ‌و هه‌ولێر به‌ته‌واوی‌ كۆنترۆڵی‌ پارتییه‌".
هه‌روه‌ها جه‌باره‌ یاوه‌ر، باس له‌وه‌ ده‌كات؛ كه‌ فیرقه‌ی‌ (4)ی‌ كه‌ركوكی‌ سوپای‌ عێراق، كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ (كه‌ركوك+تكریت) جێگیرن، فه‌رمانده‌كه‌ی‌ سه‌ربه‌ یه‌كێتییه‌، ده‌بو وه‌ك مافی‌ شه‌راكه‌ت پێكهاته‌ی‌ ئه‌م فیرقه‌یه‌ بۆ یه‌كێتی‌ به‌جێبهێڵن، له‌گه‌ڵ‌ توركمان ‌و عه‌ره‌بی‌ ناوچه‌كه‌، ته‌نیا فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌كه‌ ‌و فه‌رمانده‌ی‌ (3) فه‌وج ‌و لیوایه‌ك به‌ناوی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ بو، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ په‌لاماردرا‌و له‌ كۆی‌ (5) لیوا، فه‌رمانده‌ی‌ (2) لیوا‌و هه‌رچی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجی‌ هه‌یه‌، هه‌موی‌ پارتییه‌ ‌و ته‌نیا لیوای‌ (3)ی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتییه‌.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا هاتوه‌: "له‌ سنوری‌ فیرقه‌ی‌ (5)ی‌ دیاله‌ یاریده‌ده‌ری‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ پارتییه‌ ‌و فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ (2) فیرقه‌ له‌گه‌ڵ‌ (4) ئه‌فسه‌ری‌ روكنی‌ لیواكه‌ پارتین ‌و ته‌نانه‌ت یه‌ك ئه‌فسه‌ر هه‌بو له‌و فه‌وجه‌، كه‌ موقه‌ده‌م روكن (نه‌جمه‌دین) یاریده‌ده‌ری‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج بو، ئه‌ویشیان گواسته‌وه‌، به‌گشتیی‌ له‌ سنوری‌ فیرقه‌ی‌ (5)ی‌ دیاله‌ نزیكه‌ی‌ (40) ئه‌فسه‌ری‌ پارتی‌ خاوه‌ن پایه‌ هه‌یه‌، له‌ به‌رامبه‌ر (6) ئه‌فسه‌ری‌ یه‌كێتی‌.
جه‌بار یاوه‌ر، باس له‌وه‌ش ده‌كات؛ كه‌ لێپرسراوانی‌ پارتی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراق به‌تایبه‌ت (بابه‌كر زێباری‌)، هه‌وڵیانداوه‌ به‌ڕواڵه‌ت له‌گه‌ڵ‌ لێپرسراوانی‌ یه‌كێتی‌ خۆیان واپیشانبده‌ن، كه‌ هه‌ماهه‌نگیی‌ ‌و هاوكارن، به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ به‌هه‌مو تواناوه‌ هه‌وڵیانداوه‌ هیچ ئه‌فسه‌رێكی‌ سه‌ربه‌ یه‌كێتی‌، هیچ پله‌ ‌و پایه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ نه‌بێت ‌و ئه‌گه‌ر پله‌ ‌و پایه‌شیان هه‌بێت لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌.
جه‌بار یاوه‌ر، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا زۆر به‌ڕاشكاوی‌ ده‌ڵێت؛ "هه‌ڤاڵانی‌ ئێمه‌ (یه‌كێتی‌) له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراق به‌بێ‌ به‌رنامه‌ ‌و به‌ میزاجی‌ شه‌خسی‌ كاریانكردوه‌ ‌و هه‌وڵیان نه‌داوه‌ خۆیان ماندو بكه‌ن ‌و جوهدی‌ زۆر سه‌رفبكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ پارتییه‌وه‌، كه‌ به‌ به‌رنامه‌ كاریان بۆ خۆیان كردوه‌".

Sbeiy.com © 2007