Print
 د. زانا ره‌ئوف: ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بكرێت
Wednesday, March 10, 2010

سازدانی: به‌هادین یوسف
د. زانا ره‌ئوف، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئه‌ندامی لیژنه‌كانی نه‌زاهه‌و یاسایی، ره‌خنه‌ له‌ وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرێت به‌وه‌ی، ناوهێنانی پڕۆژه‌ حیزبییه‌كانی له‌ بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمدا به‌شه‌فافییه‌ت ناوبردوه‌و ده‌پرسێت: "حكومه‌ت سه‌رپشك نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی باره‌گا بۆ حیزب بكاته‌وه‌، كه‌واته‌ به‌شێك له‌ شه‌فافییه‌ت ئه‌وه‌ نییه‌، سامانی وڵات به‌هه‌ده‌ر بدرێت، ئایا به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی وڵات، شه‌فافییه‌ته‌، یان كاره‌ساته‌و ده‌بێت لێپیچینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌ت بكرێت".

رۆژنامه‌: دوای ئه‌و هه‌مو گفتوگۆیه‌ی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی (2010)كرا‌و دواخستنی گفتوگۆكردن له‌سه‌ری‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردن، چاره‌نوسی چی لێدێت، ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، یان له‌په‌رله‌ماندا گفتوگۆی كۆتایی له‌سه‌ر ده‌كرێت؟
د. زانا ره‌ئوف: تا ئێستا له‌حاڵه‌تی گفتوگۆكردندا بوین له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌‌و گه‌یشتبوینه‌ ماده‌ی(18)، ده‌رنه‌كه‌وتنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پڕۆژانه‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات كه‌ له‌ بودجه‌كه‌دا په‌رده‌پۆشكرابو، ئه‌مه‌ وایكرد كه‌ به‌شێكی په‌رله‌مانتاران، جگه‌له‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ناویاندا دروست بێته‌وه‌ كه‌ جارێكی تر بودجه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، بۆیه‌ وه‌كو پێشنیازێكی كاتی، گفتوگۆكردن دره‌باره‌ی بودجه‌ وه‌ستێنرا، بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات كه‌ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ ته‌واو بكرێت، ره‌نگه‌ بیروڕای ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕوات، جارێكی تر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار كه‌ داكۆكی ده‌كه‌ن له‌ پڕۆژه‌كه‌و ژماره‌یه‌كی تر كه‌ داكۆكی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ بڕواته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، هه‌ریه‌كه‌و پێشنیازی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕو، ده‌نگدانی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌، ئه‌گه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو حكومه‌ت له‌ ئارادایه‌ كه‌ پێویستی به‌ ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌، چونكه‌ به‌هه‌مو پێوه‌رێك ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ فه‌وتاندنی سامانی وڵات له‌خۆده‌گرێت، له‌كاتێكدا بودجه‌ بۆ رێكخستنی سامانی وڵاته‌، به‌ڵام ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ فه‌وتاندن‌و له‌ناوبردنی داهاتی وڵات له‌خۆده‌گرێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست پاره‌كان سه‌رف ناكرێن.

رۆژنامه‌: پێشتر، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌نگیان بۆ ئه‌وه‌دا كه‌ بودجه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، دوای زیاتر رونبونه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كان، ده‌كرێت جارێكی تر، ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ بنێررێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت؟
د. زانا ره‌ئوف: راسته‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ، شێوازێكی داناوه‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌به‌ردمی په‌رله‌مانتاراندایه‌‌و بڕیارده‌ری یه‌كه‌م‌و كۆتایین  له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌، شتێكی زۆر ئاساییه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی، هه‌ندێك زانیاریی وردتر رونده‌بنه‌وه‌‌و له‌م حاڵه‌ته‌دا، فه‌زڵی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م هه‌ڵانه‌ له‌بودجه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، شتێكی زۆر ئاساییه‌ كه‌ پاش ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م هه‌مو كه‌لێنه‌، هه‌ندێك ژماره‌ هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌م یاسایه‌دا، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، له‌كاتێكدا ده‌ڵێیت، زیاتر له‌ سێ‌ تریلیۆن ته‌رخانكراوه‌ بۆ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام به‌شێكی ئه‌و پڕۆژانه‌ ئیلغاده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ پڕۆژه‌ی وه‌همین، یان پێشتر ته‌واوكراون، یان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، ده‌بێت ده‌ستكاری ئه‌و ژماره‌یه‌ بكه‌ین، به‌هه‌مانشێوه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی كه‌ بڕێك پاره‌ ته‌رخانده‌كرێت بۆ كادیری حیزبی، پێویسته‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌مینێت‌و كه‌ نه‌ما، بودجه‌ی ته‌شغیلی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، كه‌واته‌ له‌ كۆی گشتیدا ده‌ستكاری ئه‌و بڕانه‌ كراوه‌ له‌هه‌ردو پایه‌ سه‌ركییه‌كه‌دا‌و كه‌ ده‌ستكاری ئه‌مانه‌كرا، كه‌واته‌ ئاساییه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت له‌پێناوی سه‌رله‌نوێ‌ داڕشتنه‌وه‌ی ژماره‌كان‌و پێداچونه‌وه‌ی.

رۆژنامه‌: فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌و به‌ تایبه‌تی گۆڕان، چه‌ندین پاره‌یان ئاشكراكرد كه‌ بۆ پڕۆژه‌ی حیزب‌و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی‌و حیزبی خه‌رجكرابون، زۆرینه‌ی را له‌سه‌ر ئه‌وه‌بو، ئه‌م پڕۆژانه‌ لاببرێن، ئه‌م كه‌لێنانه‌ چۆن چاره‌سه‌رده‌كرێن، په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی‌ موناقه‌له‌ی هه‌یه‌، یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌درێته‌وه‌ به‌ حكومه‌ت؟
د. زانا ره‌ئوف: هه‌مو ئه‌و كه‌لێنانه‌ی كه‌ پاره‌ بۆ پڕۆژه‌ی تایبه‌ت، یان پڕۆژه‌ی حیزبی یان پڕۆژه‌ی ته‌واوكراو دانراوه‌، نه‌مانتوانی هه‌مو ئه‌وانه‌، هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌، چونكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌‌و فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات داكۆكی له‌سه‌ر ده‌كرد كه‌ بمێننه‌وه‌، به‌ده‌نگدان نه‌یانهێشت، ده‌ستكاری بكرێت، به‌ڵام به‌شێكیشیمان پێهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌، بینیمان به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات، داكۆكییان له‌ پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرد كه‌ سوده‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ هاوڵاتییه‌كدا نه‌بو، له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا هه‌ندێكیان ده‌ستنیشانكردبو كه‌ چاره‌نوسیان چی لێدێت، بۆ نمونه‌، له‌ناو پێشنیازه‌كاندا ئه‌و پارانه‌ی له‌و پڕۆژه‌وه‌همیانه‌ گلده‌درێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌واوكراون، یان بۆ كه‌رتی حیزبی ته‌رخانكراون، ده‌گه‌إێنرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ له‌هه‌مان پارێزگادا بێئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی بكات، خودی پڕۆژه‌كه‌و تێچونه‌كه‌ی چه‌نده‌، به‌شێكی تریان چاره‌نوسی دیارنییه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگای شه‌عب، دانرابو، وتیان، پڕۆژه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی‌و وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا كاره‌ساتێكی تره‌، كاتێك ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بێئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی بكه‌ی، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌، چۆن خه‌رجده‌كرێت، نابێت سه‌ڵاحیه‌تێكی موتڵه‌ق بدرێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ به‌ ویستی خۆی سه‌رفی بكات، پێویسته‌ پێشوه‌خت ده‌ستنیشانی بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵانه‌ی تر كه‌ هه‌یه‌، كاتێك له‌ پڕۆژه‌یه‌كی حیزب، پاره‌یه‌ك گلده‌درێته‌وه‌، ده‌درێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی تر‌و مادام هیچ لایه‌نێكی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌  دیارنییه‌، جارێكی تر گومانه‌كان دوقات‌و سێقات ده‌بنه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌یه‌كدا سه‌رفبكرێت كه‌ له‌ سودی گشتیدا نه‌بێت.

رۆژنامه‌: ده‌سه‌ڵات قسه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ دواخستنی بودجه‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی زیادكردنی موچه‌ی شه‌هیدان‌و قوربانییان‌و په‌ككه‌وتنی چه‌ندین پڕۆژه‌و دانه‌مه‌زراندنی خه‌ڵك‌و بێكاریی، لێكدانه‌وت چییه‌، له‌كاتێكدا ساڵانی پێشو، مانگی (7) له‌په‌رله‌مان بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرا؟
د. زانا ره‌ئوف: ئه‌م قسه‌یه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی حكومه‌ت بودجه‌ی دره‌نگ نارد بۆ په‌رله‌مان، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێشنیازیكردوه‌، بۆ زیادكردنی موچه‌ی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان‌و كه‌مئه‌ندامان، زۆر كه‌مه‌‌و ناتوانێت بژێوی ژیانی ئه‌وكه‌سانه‌ به‌ره‌و ئاستێكی باشتر ببات كه‌ زۆرترینیان له‌ نێوان (150)هه‌زار، بۆ (200)هه‌زار زیاد ده‌كات، له‌كاتێكدا فراكسیۆنی گۆڕان پێشنیازمانكرد، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دوقاتی زیادكردنه‌كه‌ بێت، خودی حكومه‌ت كه‌ بانگه‌شه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ موچه‌ی شه‌هیدانی زیادكردوه‌، كه‌مته‌رخه‌مه‌ به‌وه‌ی بڕێكی كه‌می زیادكردوه‌، شه‌هیدی هاوڵاتی ته‌نها (50)هه‌زاری بۆ زیادكراوه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ داوامانكرد ئه‌و زیادكردنه‌ له‌ (100)هه‌زار زیاتر بێت، یه‌كێكی تر له‌كاره‌ساته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موچه‌ی كه‌مئه‌ندامان له‌ (30)هه‌زاره‌وه‌ كراوه‌ به‌ (50)هه‌زار، ئه‌مه‌ خۆی كاره‌ساته‌ كه‌ بڵێیت موچه‌م زیادكردوه‌‌و بیكه‌یته‌ منه‌تێك به‌سه‌ریانه‌وه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، حكومه‌ت ده‌توانێت، له‌ (12)به‌ش (1)به‌شی بودجه‌ی ساڵانه‌ خه‌رجبكات، كۆی گشتی زیادكراوه‌كانیش له‌ موچه‌ی شه‌هیدان‌و كه‌مئه‌ندامان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان، ناگاته‌ (0.50%)ی بودجه‌ی گشتیی، كه‌واته‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێت، ئه‌م رێژه‌ بچوكه‌ی زیادكردن، بكاته‌ پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی په‌رده‌پۆشی  به‌فیڕۆدانی زیاتر له‌ (10%)ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات‌و به‌ره‌و شوێنیكی نادیاری ببات، پاساوه‌كه‌ش بخاته‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مان كه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌ره‌نجام، حكومه‌ت خۆی به‌پرسیاره‌، شه‌إی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان‌و هاوڵاتییانی بێنه‌وای ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت ده‌یانه‌وێت، ئه‌مه‌ بكه‌نه‌ په‌رده‌پۆشێك بۆ شاردنه‌وه‌ی بڕێكی تر له‌پاره‌كان كه‌ ئێمه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك رێگری لێده‌كه‌ین.
پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت، به‌ردی بناغه‌ی زانكۆیه‌ك دابنێت، پێش ئه‌وه‌ی له‌ناو بودجه‌كه‌دا په‌سه‌ندبكرێت، كه‌ ملیاره‌ها دیناری تێدا خه‌رجده‌كرێت، ئه‌ی بۆ ناتوانێت موچه‌ی سه‌رفكراوی (20)هه‌زار دیناری كه‌مئه‌ندامان بدات، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ خۆدزینه‌وه‌ی حكومه‌ته‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رپرسیارێتییه‌كانی.

رۆژنامه‌: له‌كۆی قسه‌كاندا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت، قوتی خه‌ڵك بگه‌إێننه‌وه‌، نه‌ك بۆ ته‌نها بۆ بانگه‌شه‌، ئه‌مه‌ بكه‌ن؟ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات ویستیان بۆ بانگه‌شه‌ به‌كاریبهێنن؟
د. زانا ره‌ئوف: خودی ته‌وقیتی ناردنی پڕۆژه‌كه‌ به‌ ئاشكرا دیاربو، ئامانج لێی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌مانگی (10)یاداشتمان داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان‌و داوامانكردوه‌، له‌كاتی خۆیدا ئه‌و بودجه‌یه‌ی خه‌مڵێنراوه‌، بنێرێت كه‌ ده‌نگ‌و باسی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بو، كه‌واته‌ خودی حكومه‌ت ویستی بۆ بانگه‌شه‌ به‌كاریبهێنێت، نه‌ك ئێمه‌، به‌ڵام وایزانی، به‌هه‌مانشێوه‌ی كه‌ خۆیان پێشنیازیانكردوه‌، بۆی تێده‌په‌ڕێنرێت،  به‌ڵام نه‌یزانی خه‌ڵكێك هه‌یه‌ رێگانادات ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا په‌سه‌ندبكرێت كه‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵاتی تێدایه‌، ده‌بێت له‌مه‌ودوا لێپرسینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر دینار به‌دیناری ئه‌و بودجه‌یه‌ بكرێت.

رۆژنامه‌: جگه‌ له‌و بودجانه‌ی بۆ پڕۆژه‌كانی حیزب ته‌رخانكراون، باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌شێكی زۆری داهاته‌كانیش دیار نیین؟ ئه‌مه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
د. زانا ره‌ئوف: ئه‌و لیسته‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێشنیازكراوه‌، داهاتی خه‌مڵێنراوه‌ بۆ ساڵی (2010)‌و به‌هه‌مو پێوه‌رێك له‌جێی خۆیدا نییه‌، به‌راوردیش بكه‌ین به‌ ساڵی (2009)، فه‌رقێكی زۆر به‌دیده‌كرێت، هه‌ندێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش بێئاگایی خۆیان ده‌رده‌بڕن ده‌رباره‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌، بۆ نمونه‌، بۆ ساڵی (2009) داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان (18)ملیۆن دینار بوه‌، بۆ ساڵی (2010) به‌ (890)ملیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌، ئه‌م پرسیاره‌مان له‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان كرد، بێئاگایی خۆی ده‌ربڕی، له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا ناكرێت، داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ته‌نها (18)ملیۆن دیناربێت بۆ (2009) له‌كاتێكدا له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت (80)دۆلاره‌، ئه‌مه‌ پاره‌ی چه‌ند به‌رمیلێك نه‌وت ده‌كات، ئاستی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت له‌هه‌رێمدا (50)هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ رۆژێكدا.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا، دو پاڵێوگه‌ هه‌ن له‌ هه‌ولێرو بازیان كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند دروستی كردون، بۆ دابینكردنی سوته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با‌و به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌م پاڵێوگایانه‌ ته‌نها گازوایل به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌و پێكهاتانه‌ی تر كه‌ ده‌مێننه‌وه‌، له‌ به‌نزین‌و گازی سروشتی، به‌ته‌نكه‌ر ده‌برێنه‌ ئێران‌و ده‌فرۆشرێن، ته‌نی به‌ (350)دۆلار، به‌ڵام له‌ بودجه‌دا هیچ حیسابێكی ئه‌م داهاته‌ نه‌كراوه‌و نه‌خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی داهاته‌كانی حكومه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر دوای گفتوگۆكان، بودجه‌ خرایه‌ دانگدانه‌وه‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا، ئێوه‌ به‌دیلتان چییه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ سامانی گشتیی وڵات به‌فیڕۆ نه‌درێت؟
د. زانا ره‌ئوف: له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، خه‌ڵكی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و پڕۆژانه‌ بۆ خه‌ڵك ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیدان، هه‌روه‌ها له‌ رێی لیژنه‌كانه‌وه‌ به‌دواداچون ده‌كه‌ین‌و چاوه‌ڕوانی حساباتی خیتامی (2009) ده‌كه‌ین كه‌ دوا واده‌ی (15/4/2010)یه‌،  هه‌روه‌ك ئێمه‌ رێگا ناده‌ین‌و ده‌بێت قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌ندامانی تری په‌رله‌مانیش بكه‌ین كه‌ ده‌بێت بودجه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا سه‌رفبكرێت.
پێم سه‌یره‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێتن به‌شێك  له‌ شه‌فافیه‌تی بودجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌ حیزبییه‌كانمان باسكردوه‌، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌، سه‌رۆكی حكومه‌تدا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بیربكاته‌وه‌، پڕۆژه‌ی حیزبی چی ده‌كات له‌ناوی بودجه‌ی گشتیدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌خۆی نه‌پرسی كه‌ ئایا ته‌نها بونی پڕۆژه‌ی حیزبی له‌ناو پڕۆژه‌ی بودجه‌دا به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی نییه‌ له‌سه‌ر تێكه‌ڵاوكردنی بودجه‌ی حیزب‌و حكومه‌ت؟، بۆیه‌ حكومه‌ت سه‌رپشك نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی باره‌گا بۆ حیزب بكاته‌وه‌‌و ده‌پرسم، ئایا به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی وڵات‌و خه‌رجكردنی بۆ پڕۆژه‌ی حیزبی‌و وه‌همیی شه‌فافییه‌ته‌؟، یان كاره‌ساته‌و ده‌بێت، لێپیچینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌ت بكرێت.

Sbeiy.com © 2007