سازدانی: پشتیوان سه‌عدوڵڵا
عومه‌ر سدیق هه‌ورامی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی كوردستانی، پێیوایه، ئۆپۆزسیۆن ئه‌زمونێكی نوێیه‌و وا باشه هه‌مو لایه‌ك له دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كانی كوردستان‌و حیزبه سیاسییه‌كان‌و میدیا‌و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی زوتر ئاوێته‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی ببێت. هه‌روه‌ك باس له‌وه ده‌كات، پارتی‌و یه‌كێتی دو حیزبی جیان، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له كوتله‌ی پارتی‌و یه‌كێتی له پۆست‌و پله‌ی جیاجیای حیزبی‌و ئیدارییه‌وه هاتونه‌ته په‌رله‌مان، بۆیه چاوه‌ڕێده‌كرێت له هه‌ندێك كاری پیشه‌یی په‌رله‌ماندا، جیاوازی له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی پارتی‌و یه‌كێتیدا هه‌بێت.
رۆژنامه: چ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان‌و خوله‌كانی پێشودا ده‌بینیت؟
عومه‌ر سدیق: خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له هه‌لومه‌رجی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی جیاواز له خولی یه‌كه‌م‌و دوه‌م دروست بوه‌و كارده‌كات، خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له دوای راپه‌ڕینی (1991)دروستبو كاریكرد‌و له‌وكاته‌دا، باری ئابوریی هه‌رێمی كوردستان خراپ بو، راگه‌یاندنێكی به‌هێزمان نه‌بو، هۆشیاریی سیاسیی هاوڵاتییان له ئاستێكی نزمدا بو، ئه‌زمونی كاری په‌رله‌مانیی پێشتر نه‌بو، ئۆپۆزسیۆن نه‌بو، به شێوه‌یه‌كی گشتیی په‌رله‌مانی كوردستان، له هه‌نگاوی یه‌كه‌می چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسیدا بو، له‌م پێناوه‌شدا، چه‌ندین یاسای گرنگ له‌م خوله‌دا ده‌رچون بۆ رێكخستنی كاروباری سیاسی و ئابوری و ئیداریی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ گورزێكی به‌هێزی له خولی یه‌كه‌مدا، به‌ڵام نه‌یتوانی دو په‌رله‌مان دروست بكات، هه‌رچه‌نده خولی دوه‌می په‌رله‌مان له قۆناغی یه‌كخستنی ئیداری‌و نه‌هێشتنی ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆدا كاریكرد، به‌ڵام چه‌ندین یاسا‌و بڕیاری گرنگی تێدا ده‌رچون، چاودێری‌و به‌دواداچونی په‌رله‌مانی بۆ كاروباری حكومه‌ت به‌دی ده‌كرا، خولی سێیه‌می په‌رله‌مان له دوای كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری سیاسی‌و ئابوریی كوردستانی دروست بوه، ئومێد ده‌كرێت، ئه‌م خوله ته‌واوكه‌ری خوله‌كانی پێش‌و بێت له دانانی یاسا‌و چالاكانه چاودێریی كاروباره‌كانی حكومه‌ت بكات، چونكه ئه‌زمونی دو خولی رابردو هه‌یه، ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، راگه‌یاندنێكی به‌هێز هه‌یه، ئاستی هۆشیاری‌و پێگه‌یاندنی سیاسی له گه‌شه‌كردن‌و به‌ره‌وپێشچوندایه.
رۆژنامه: ئێستا هێزی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌ماندا هه‌یه، به بۆچونی تۆ، تاچه‌ند ئه‌و هێزه ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌یه؟
عومه‌ر سدیق: ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستان، سێ فراكسیۆن، ئۆپۆزسیۆنن، گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و یه‌كگرتوی ئیسلامی، هه‌ریه‌ك له‌م هێزانه جیاوازن له كاری په‌رله‌مانی‌و ئۆپۆزسیۆنبونیان، چونكه له سێ هێزی سیاسیی جیاجیاوه دروستبون، هه‌بونی ئۆپۆزسیۆن یه‌كێكه له پێویستییه‌كانی پڕۆسه‌ی دیموكراسی‌و ژیانی په‌رله‌مانی‌و ئه‌زمونێكی نوێیه‌و له سه‌ره‌تایدایه. وا باشه هه‌مو لایه‌ك له دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كانی كوردستان‌و حیزبه سیاسییه‌كان‌و میدیا‌و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی زوتر ئاوێته‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی ببێت.
رۆژنامه: تاچه‌ند كارابونی په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندی به فشار‌و هه‌وڵی فراكسیۆنی گۆڕانه‌وه هه‌یه؟
عومه‌ر سدیق: هۆكار زۆرن بۆ به‌هێزبون‌و كارابونی په‌رله‌مان، له‌وانه بونی ئه‌زمونی دو خولی رابردو هه‌مه‌ڕه‌نگی پێكهاته‌ی په‌رله‌مان‌و توانا‌و ئه‌زمون‌و پسپۆڕی ئه‌ندامان‌و رۆڵی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان‌و بونی راگه‌یاندنێكی به‌هێزو بونی ئۆپۆزسیۆن، بێگومان هه‌وڵ‌و كاری هه‌مو فراكسیۆنه‌كان‌و فراكسیۆنی گۆڕانیش وه‌كو گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، رۆڵی به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان.
رۆژنامه: به‌پێی پشتبه‌ستن به رونكردنه‌وه‌و هه‌ڵوێست‌و لێدوانی سه‌رۆكایه‌تی‌و راگه‌یاندنی په‌رله‌مان، جۆرێك له لایه‌نگری‌و به‌رگری له ده‌سه‌ڵات ده‌بینرێت، به بڕوای تۆ، بۆچی تا ئێستا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان‌و راگه‌یاندنه‌كه‌ی، بێلایه‌نیی خۆیان نه‌پاراستوه؟
عومه‌ر سدیق: تائێستا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مو فراكسیۆنه‌كان، له به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا، سه‌رپه‌رشتیكردنی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، رێكخستنی وه‌فد‌و لیژنه‌ی كاتی، له لێدوان‌و رونكردنه‌وه، هه‌وڵی داوه بێلایه‌نانه مامه‌ڵه بكات‌و ئه‌گه‌ر چه‌ند حاڵه‌تێكی لایه‌نگری به‌دیبكه‌ین، مانای ئه‌وه نییه كه چه‌پ‌و راستێك به‌سه‌ر هه‌مو كاره‌كانیاندا بهێنین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له بێلایه‌نیی خۆیان به‌رده‌وام بن.
رۆژنامه: به‌كارهێنانی پۆستێكی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر فراكسیۆنێك، تاچه‌ند لادانه له یاسا‌و رێساكانی په‌رله‌مان؟و چ زیانێك به په‌رله‌مان ده‌گه‌یه‌نێت؟
عومه‌ر سدیق: هه‌ر زیانێك به هه‌ر فراكسیۆنێكی په‌رله‌مان، یان هه‌ر ئه‌ندامێكی بگات، هه‌مومان ته‌حه‌مولی ده‌كه‌ین‌و پێویسته به هه‌مو لایه‌ك به ئه‌ندام‌و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیشه‌وه پابه‌ندی یاسا‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بین، چونكه ئه‌و یاسا‌و په‌یڕه‌وه كار‌و جوڵه‌مان له ژیانی په‌رله‌مانی رێكده‌خات‌و وا ده‌كات پێكه‌وه كار بكه‌ین، بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌كمان كارێك بكه‌ین، كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، جا بۆئه‌وه‌ی كار‌و كاردانه‌وه‌كانمان یاسایی‌و رێسایی بن، پێویسته پابه‌ندی یاسا بین.
رۆژنامه: له دانیشته‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوی په‌رله‌ماندا، جۆرێك له جیاوازی له هه‌ڵویستی په‌رله‌مانتارانی پارتی له په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی به‌دیده‌كرا، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
عومه‌ر سدیق: پارتی‌و یه‌كێتی دو حیزبی جیان، راهێنان‌و پێگه‌یاندنی ئه‌ندامان‌و كادیران له‌و دو حیزبه‌دا، جیاوازیی هه‌یه، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له كوتله‌ی پارتی‌و یه‌كێتی گه‌وره‌بونی رێكخستنه‌كانی ئه‌و دو حیزبه‌ن، له پۆست‌و پله‌ی جیاجیای حیزبی‌و ئیدارییه‌وه هاتونه‌ته په‌رله‌مان، بۆیه چاوه‌ڕێده‌كرێت له هه‌ندێك كاری پیشه‌یی په‌رله‌مان، نه‌ك له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی پارتی‌و یه‌كێتی، به‌ڵكو له‌نێو په‌رله‌مانتارانی خودی پارتی، یان یه‌كێتی، جیاوازی هه‌بێت، ئه‌گه‌ری جیاوازی له هه‌ڵوێست‌و كاری په‌رله‌مانی له نێو ئه‌ندامانی هه‌مو فراكسیۆنه‌كانی تریشداهه‌یه‌و ده‌بینرێت، به‌ڵام ئێمه وه‌كو كوتله‌ی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، له هه‌ڵوێستی نیشتمانی‌و سیاسی‌و ستراتیژیی هاوپه‌یمانین‌و پابه‌ندی رێكه‌وتنی ستراتیژیی حیزبه‌كه‌مانین له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان.
رۆژنامه: ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مان‌و به‌تایبه‌تی گۆڕان، به دژی میلله‌ت تۆمه‌تبارده‌كرێت، به رای به‌ڕێزت، كاتی ئه‌وه هاتوه، به چاوێكی دوژمنكارانه‌وه ته‌ماشای ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه نه‌كرێت؟
عومه‌ر سدیق: لیستی ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، به‌ده‌نگی میلله‌ت هاتونه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان‌و پێویسته قسه‌و كردارمان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتییان بێت، هه‌ردولا له سیستمی سیاسیی هه‌رێم به‌شدارن‌و پێویسته لێپرسراوانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكه‌ین، له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمدا نییه كه لیستی ده‌سه‌ڵات، یان ئۆپۆزسیۆن به‌دوژمنی میلله‌ت بناسێنین، چونكه به‌م قسه‌و په‌یامانه دوبه‌ره‌كی‌و دوژمنایه‌تی له ده‌رونی هاوڵاتییاندا دروستده‌كه‌ین‌و ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان نییه، چونكه به هه‌لومه‌رجێكی سیاسی‌و قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌كات‌و له هه‌نگاوی به‌هێزكردن‌و گه‌شه‌پێدانی دامه‌زراوه نیشتمانی‌و مه‌ده‌نی‌و ئابورییه‌كانداین، پێویسته هه‌مو لایه‌ك ره‌چاوی ئه‌م خاڵه بكه‌ین‌و ئاگایی‌و هۆشیاری به هاوڵاتییان بده‌ین.
رۆژنامه: ده‌وترێت، په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مانی كوردستاندا لاوازه‌و هه‌ردولا له دو سه‌نگه‌ری جیاوازدان، هۆكاری ئه‌مه چییه؟
عومه‌ر سدیق: پێویسته هه‌مو پڕۆسه‌ی سیاسی‌و كاری په‌رله‌مانی‌و حكومی‌و دادوه‌ری له خزمه‌تی هاوڵاتییان‌و هه‌رێمدا بێت، په‌یوه‌ندیی نێوان گروپی حكومه‌ت پێكهێنه‌رو گروپی ئۆپۆزسیۆن له سه‌ره‌تایدایه، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر، ئێمه هه‌مومان پێكه‌وه له لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان كارده‌كه‌ین‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له ماف‌و ئه‌ركی په‌رله‌مانییان یه‌كسانن، ئه‌گه‌ر كه‌مێك لاوازیی له په‌یوه‌ندیی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌بێت، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به تێپه‌ڕبونی كات، كێشه‌و ئاسته‌نگه‌كان نامێنن.
رۆژنامه: پێویسته ئه‌و په‌یوه‌ندییه چۆن بێت؟
عومه‌ر سدیق: پێویسته یه‌كتر قبوڵبكه‌ین‌و ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بین، ئێمه دوژمنی یه‌كتر نین، به‌ڵكو كێبركێی سیاسی ده‌كه‌ین‌و هه‌مومان به ژیانی دیموكراسی رازین، له‌پاڵ پابه‌ندبونمان به دیموكراسیدا، نابێت ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیمان له بیربكه‌ین، میلله‌تێك.. نه‌ته‌وه‌یه‌ك چاوی له ده‌ستی ئێمه‌یه‌و مێژو ئه‌مانه تۆمارده‌كات.