سازدانی: شه‌هرام عه‌بدوڵا
سه‌ڵاحه‌دینی موهته‌دی سیاسه‌تمه‌دار و رووناكبیر، بۆچوونی وایه دوو هۆكاری سه‌ره‌كیی له‌پشت جیابوونه‌وه و ئینشیقاقی حیزبی كوردییه‌وه هه‌یه كه بریتین له «ئایدۆلۆژیا و سایكۆلۆژییای كه‌سایه‌تی سه‌ركرده. موهته‌دی له‌م دیمانه‌یه‌دا، له روانگه‌ی فیكری و سیاسییه‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌دوێت.
* هۆكاره‌كانی جودابوونه‌وه له‌ناو حیزب و پێكهاته سیاسییه‌كاندا به چی ده‌زانن، ئایا هۆكاره‌كان له هه‌موو چه‌شنه پێكهاته‌یه‌كی سیاسی‌دا وه‌ك یه‌ك ده‌ور ده‌بینن؟
- روودانی جودابوونه‌وه له حیزبه‌كاندا دوو هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌یه، ره‌نگه ئه‌و دوو هۆكاره هه‌ردووكیان لقی جۆراوجۆریان لێ ببێته‌وه، به‌ڵام ده‌بنه دوو خاڵی گرنگ بۆ باسكردن: یه‌كه‌م گۆڕان یان تێكچوونی بنه‌ما فیكرییه‌كانه، به‌و واتایه‌ی كه هۆكاری سیاسیی دێته ئاراوه، دووه‌م سایكۆلۆژیی كه‌سایه‌تی‌و پێكهێنه‌رانی جودابوونهوهكانه، ئه‌ویش به‌و واتایه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی له سایكۆلۆژیی‌و هه‌ڵسوكه‌وتی كاربهدهستاندایه، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به هه‌ڵسوكه‌وتی كاربهدهستانهوهیه، به ئاسانیی كلاسه ناكرێت، چونكه مرۆڤه‌كان جۆراوجۆرن‌و هه‌ركه‌س هه‌ڵسوكه‌وتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، یه‌كێك ئیره‌یی تێدایه، یه‌كێك توند‌و توڕه‌یه، یه‌كێكی دیكه بێكیفایهتهو كاری له‌ده‌ست نایه، یان رژدو پاره په‌ره‌سته، ئه‌مانه به ئاسانیی ناخرێنه چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵام ئه‌و جودابوونهوانهی كه هۆكاری سیاسی‌یان هه‌یه، له كۆنه‌وه دابه‌شكراون به‌سه‌ر حیزبه راست‌و چه‌په‌كاندا، زۆرجار له ئه‌وروپا وا ده‌وترێت‌و واش ده‌ركه‌وتووه كه له حیزبه راستهكاندا كه‌متر جودابوونه‌وه رووده‌دات، چونكه هۆكاری پێكه‌وه كاركردن‌و حیزب پێكهێنانیان، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه، جا به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بێت وه‌ك كه‌سایه‌تی، یان به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب‌و نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش زۆربه‌ی كات درێژخایهنو درێژمه‌ودان، له‌به‌رئه‌وه ناكۆكی پهیدانابێتو جودابوونه‌وه‌ش زۆر روونادات، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كه له‌وه‌دا بوو شه‌ڕ بكات، ئه‌وه ده‌یكات، ده‌نا ده‌یوه‌ستێنێت، یان سیاسه‌تێكی دیكه ده‌گرێته‌به‌ر، بۆ نموونه رێده‌كه‌وێت، ده‌چێته ناو پهیمانێكهوه، یان لێی دێته‌ده‌ر. ئه‌و شتانه‌ی ده‌بنه هۆی ناكۆكی، به كه‌میی له‌ناو ئه‌واندا دێنه ئاراوه، چونكه بنه‌مای بڕیاردان بریتییه له ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، بهرژهوهندییش تا راده‌یه‌كی زۆر روون‌و ئاشكرایه، ئاڵۆز نییه كه لێكدانه‌وه‌ی جۆراجۆری سیاسیی بۆ بكرێت، به‌ڵام له‌ناو حیزبه چه‌په‌كاندا بنه‌مای پێكه‌وه كاركردن‌و پێكهێنانی حیزب، ئایدۆلۆژیا‌و فیكره، فیكر‌و ئایدۆلۆژیاش دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه، یه‌كه‌م چونكه ئایدۆلۆژیا له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رچاوه دهگرێتو واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیش بریتییه له بارودۆخی سیاسیی‌و ئابووریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی، له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا به‌پێی هه‌لومه‌رج ده‌گۆڕێت، جا به‌پێی ئه‌وه ئایدۆلۆژیاكانیش دهگۆڕێنو تیۆری جیاواز دێته ئاراوه، راده‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش هه‌موو لایه‌ك هه‌میشه له‌سه‌ری رێنه‌كه‌وتوون، كه تا چ رادیه‌ك ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێمه حیزبێكی چه‌پین تا چ راده‌یه‌ك به‌ره‌و راست بڕۆین، یان كۆمه‌ڵگا چه‌نده گۆڕاوه‌و پێویسته ئێمه‌ش به‌پێی ئه‌و چه‌نده بگۆڕێین، یان كۆمه‌ڵگا تا چ راده‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت به‌ره‌و چهپتربوون بڕۆین، ئه‌مانه هه‌میشه هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ری رێنه‌كه‌وتوون.
* پێتانوانییه ئه‌وه به لێكۆڵینه‌وه‌و ئیستدلال كردن چاره‌سه‌ر بكرێت؟
- بابه‌ته فیكریی‌و ئایدۆلۆژییه‌كان زۆر كه‌م وان به ئیستدلال چاره‌سه‌ر بكرێن، له كۆنترین زه‌مانه‌وه كێشه فیكرییه‌كان به ئیستدلال چاره‌سه‌ر نه‌كراون، سه‌یری قوتابخانه جۆراجۆره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان بكه، ئه‌گه‌ر قه‌رار وابوایه به ئیستدلال‌و قه‌ناعه‌تپێكردن لایه‌نێك سه‌ر بكه‌وتایه‌و لایه‌نێكی دیكه پێڕه‌وی بكردایه، فره‌چه‌شنی فیكریی‌و فه‌لسه‌فی له دونیادا په‌یدا نه‌ده‌بوو، گه‌ر وابووایه ئیدی كه سوقرات هات پێوست نه‌ده‌بوو ئه‌فلاتوون شتێكی نوێ بهێنێت، یان دوای ئه‌فلاتوون هاتنی ئه‌رستۆ پێویست نه‌ده‌بوو كه قوتابخانه‌یه‌كی نوێ بهێنێته ئاراوه، ئه‌رستۆ قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه كاتێك پێی ده‌ڵێن ئه‌فلاتوونی مامۆستات وه‌كو تۆ بیری نه‌ده‌كرده‌وه، ده‌ڵێت من ئه‌فلاتوونم زۆر خۆشده‌وێت به‌ڵام حه‌قیقه‌تم خۆشتر ده‌وێت، واتای قسه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌فلاتوون له‌و حه‌قیقه‌ته نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵكو ئه‌رستۆ تێیگه‌یشتووه، كاتێكیش وتت ئه‌و تێنه‌گه‌یشتووه‌و من تێده‌گه‌م، ئه‌وه ئیدی ئینشیقاقو جودابوونه‌وه دێته ئاراوه، ئه‌وه جودایی فیكریی‌و فه‌لسه‌فییه.
* ده‌كرێت نموونه‌ی مێژوویی له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌كان له رێگای ئیستدلالهوهو له پێكهاته سیاسیی- كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بهێننه‌وه؟
- هه‌میشه هه‌ر واهاتووه، سه‌یری ئیسلام بكه، دوای مردنی دامه‌زرێنه‌ری ئیسلام كه محه‌مه‌ده، موهاجیرو ئه‌نسار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته جێگری محه‌مه‌د، كێشه‌یان له‌نێواندا په‌یدابوو، موهاجیر ده‌یانوت ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و ئاوارهبووینو له‌سه‌رمان كردووته‌وه‌و خزمیشمانه، كه‌واته مافی ئێمه‌یه جێگای بگرینه‌وه، ئه‌نساریش ده‌یانوت لای ئێوه سه‌رنه‌كه‌وتو هیچی بۆ نه‌كرا، كه هاته لای ئێمه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ئێمه په‌ناو یارمه‌تیمان داوه‌و ده‌بێت ئێمه ببینه جێگری، ته‌نانه‌ت ئه‌نسار كه زانیان نابنه جێگری، وتیان ده‌ی باشه ئێوه ئه‌میر بن‌و ئێمه وه‌زیر ده‌بین، ئه‌و ئیستدلاله دوو لایه‌نه به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچیانی قایل نه‌كرد، ته‌نیا كاتێك كێشه‌كه یه‌كلایی بووه‌وه كه عومه‌ری كوڕی خه‌تاب ده‌ستی برده پێش‌و به ئه‌بوبه‌كری وت ده‌ستت بخه ناو ده‌ستمه‌وه با وه‌كو جێگری پێغه‌مبه‌ر به‌یعه‌تت پێبكه‌م، به‌یعه‌تی پێكردوو وتی ئه‌وه من قه‌بوڵم كردی به جێگری پێغه‌مبه‌ر، جا چونكه عومه‌ر به ده‌سه‌ڵات بوو، زه‌برو زه‌نگی بوو، كه‌س نه‌یوێرا قسه‌ی تێدا بكات‌و كێشه‌كه یه‌كلایی بووه‌و هه‌موو كه‌سیش له‌سه‌ر جێگای خۆی دانیشته‌وه، واتای ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی كرد، به ئیستدلال چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كرا، گه‌وره‌ترین ناكۆكیی فیكریی كه له‌ناو ئیسلامدا په‌یدابوو، ناكۆكیی نێوان ئهشعهرییهو موعته‌زیله بوو، كه بوون به دوو قوتابخانه‌ی زۆر جیاوازی دژ به‌یه‌كتر، ئه‌م دوو قوتابخانه هیچیان نه‌یانتوانی به ئیستدلال چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ركام له‌وانه حاكمی سه‌رده‌می خۆیان پشتیوانیی لێكردوونو كردوونی به تیۆری زاڵی سه‌رده‌م، سه‌رده‌مێك خه‌لیفه‌كان له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی ئه‌شعه‌ری بوون‌و پشگیرییان كردووه، سه‌رده‌مێكیش له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی موعته‌زیله بوون‌و كردوویانه به بۆچوونی باو، له‌وێشدا ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی كردووه. سه‌باره‌ت به شیعه‌و سوننه‌ش هه‌ر وابووه، چه‌ند سه‌د ساڵ له‌نێوانیاندا مشتومڕو لێكدانه‌وه كرا، كه‌س نه‌یتوانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی قایل بكات، تا دواتر له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی شێخانی سهفهویهدا پیاوێكی لێهاتوو په‌یدابوو، كه ناوی ئیسماعیل بوو، پله‌یه‌ك خۆی پێشخستو له‌باتی شێخ خۆی كرد به شا ئیسماعیل‌و به زۆری شمشێر شیعه‌ی له ئێران‌دا هێنایه سه‌ر كار، به‌مجۆره كێشه‌ی نێوان شیعه‌و سوننه‌ش هه‌ر ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری كرد، له‌و شوێنانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتداران شیعه بوون، شیعه بووه به ئایینی ره‌سمی، له‌و شوێنانه‌ش كه ده‌سه‌ڵات به سوننه بووه، ئایینی ره‌سمی ئایینی سوننه بووه.
* ئاماژه‌تان به‌وه‌دا كه جودابوونه‌وه زیاتر له‌ناو حیزبه چه‌په‌كاندا رووده‌دات، له بزووتنه‌وه‌ی چه‌پدا كام جودابوونه‌وه به پرۆسه‌ی ئیستدلالدا تێپهڕیو سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری كرد؟
- له سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی چه‌پدا یه‌كه‌مین جودابوونه‌وه لینین بۆ خۆی كردی، حیزبی سۆسیال دیموكراتی روسیای دابه‌شكرد به‌سه‌ر كه‌مینه‌و زۆرینه‌دا، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه به مامۆستای خۆی دادهنانو به سه‌رۆكی فیكریی‌و سیاسیی خۆی ده‌زانین وه‌كو پلێخانۆف، له‌وه به‌دوا به خائینی له‌قه‌ڵه‌مدان، لنین له 1905ه‌وه تا 1917 له تاراوگه ده‌ژیا له ئه‌ڵمانیاو سویسرا، شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م بوو به هه‌لێك بۆ لنین كه بگه‌ڕێته‌وه روسیا؛ ئاژاوه ساز ببوو، حكومه‌تكردن بۆ هه‌موو لایه‌ك دژوار بوو، ئه‌وه فه‌لسه‌فه‌و ئیستدلال‌و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی لنین نه‌بوو كه كردی به سه‌رۆكی روسیا، به‌ڵكو زیره‌كییه سیاسییه‌كه‌ی بوو له قواستنه‌وه‌ی ههلهكانو چۆن كه‌ڵكوه‌رگرتنی لێیان، به‌وشێوه‌یه‌ی كه فه‌رمانی ده‌ركرد هه‌موو ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كان بێت‌و به‌شێكی زۆری ئه‌نجومه‌نه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا رێكخست، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه له‌گه‌ڵی نه‌بوون، دواتر له كاتێكی دیاریكراودا فه‌رمانی كوده‌تای ده‌ركرد (به‌و واتایه‌ی كه ئه‌مڕۆ كوده‌تای پێ پێناسه ده‌كرێت)و شاری پترزبۆرگی گرته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت، هه‌ر دوابه‌دوای ئه‌وه نه‌یهێشت ناڕازییه‌كانی قسه بكه‌ن، كه خۆ پیشاندان كرا، وتی ته‌قه‌یان لێبكهنو سه‌ركوتی كردن، هه‌موو ته‌مه‌نی به‌رگریی له ئازادیی ره‌ها كردبوو، كه‌چی هه‌موو رۆژنامه‌كانی ناڕازییانی داخست، به‌ڵام له‌ناو سیستمێك‌دا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت كه له دنیادا تازه بوو؛ رێكخراوی شورایی، رێكخراوی سۆسیالیستی‌و حكومه‌تی كرێكاران، به‌مشێوه‌یه بیروباوه‌ڕی لنینزم له روسیادا سه‌ریهه‌ڵداو له شوێنی خۆیدا به زۆر‌و زه‌بری ده‌سه‌ڵات هاته سه‌ر كار، هۆی ئه‌وه كه له شوێنه‌كانی دیكه‌ی دنیاشدا خه‌ڵك له‌گه‌ڵیدا رێككه‌وتن، ئه‌وه نه‌بوو كه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیزمی جیهانیدا ته‌نیا هه‌ر لنین قسه‌كانی ماركس‌و ئه‌نگڵسی شرۆڤه ده‌كرد، خۆ گه‌وره سۆسیالیزمهكانی ئه‌وروپا له رۆزا لوگزامبۆرگهوه تا كاوتسكی، هه‌موو سه‌رقاڵی شرۆڤه‌كردنی قسه‌كانی ماركس‌و ئه‌نگڵس بوون، هۆی ئه‌وه‌ی كه قسه‌ی لنین به قسه‌ی ئاخرو كۆتایی ده‌رچوو و دنیا له ده‌وری كۆبوویه‌وه، سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بوو له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا، له‌به‌رئه‌وه نه‌بوو كه كه‌س ناتوانێت باشتر له كتێبه‌كانی لنین بنووسێت، كاتێك بوو به سه‌رۆكی سه‌دو چه‌ند ملیۆن نفوسو سوپای سووری دامه‌زراند، خه‌ڵك دیتیان ئه‌وه رێگای سه‌ركه‌وتنه، لنینیزم ئاوا هات. كه لنین نه‌ما كێَشهی نێوان ترۆتسكیو ستالین سه‌ریهه‌ڵدا، ترۆتسكی زۆر زاناترو خوێنده‌وارترو به ئیستدلالتر بوو له ستالین، به‌ڵام شكستی هێنا، چونكه ستالین له سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنیدا به‌رپرسی رێكخراوه نهێنییه‌كان بوو، له‌به‌رئه‌وه هه‌موو رێكخراوه نهێنییه‌كانی حیزبی بلشویك پێڕه‌وی ستالینیان ده‌كرد، جا ستالین ده‌ستی ترۆتسكی گرت‌و له روسیا ده‌ریكردو دواتریش ناردی له مكزیك كوشتیان، به‌وجۆره ترۆتسكیزم له دنیادا فه‌وتاو ستالنیزم سه‌ركه‌وت، كه‌وابوو ستالنیزمیش به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌ركه‌وتووه، نه‌ك ئیستدلال.
* به‌وپێیه ئه‌وه‌ی له سه‌ركه‌وتنی لایه‌نه‌كاندا ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بینێت ده‌سه‌ڵاته نه‌ك حهقانییهتو ئیستدلال، ئه‌ی ده‌وری بنه‌ما فیكریی‌و ئایدۆلۆژیاكان چییه؟
- ئیستدلال مه‌رجی لازمه، به‌ڵام مه‌رجی كافی نییه، چونكه ئه‌وه‌ی سه‌ریده‌خات له ئه‌نجامدا شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وانه‌ی له حیزبه‌كاندا جوداده‌بنه‌وه ئه‌وه چاك ده‌زانن، له هه‌موو دنیادا بنه‌ما فیكریی‌و ئایدۆلۆژیاكان به زه‌بری ئیستدلال‌و حه‌قانییه‌تی خۆیان سه‌رناكه‌ون، ناڵێم ئیستدلالیان ناوێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات سه‌ریانده‌خات، له ئێران‌دا خۆ خومه‌ینی له هه‌موو ئایه‌توڵڵاكان زاناتر نه‌بوو، به‌ڵام له هه‌موویان دهستوهشێنترو بێبه‌زیتر بوو، هه‌موو ئایه‌توڵڵا گه‌وره‌كانی یهكلهدواییهك گه‌سك لێداو ده‌ریكردن، ئایه‌توڵڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری كه له‌باری زانستی ئایینییه‌وه له‌ویش زاناتر بوو، خومه‌ینی به‌رگی مه‌لایه‌تی لێ داماڵی‌و سه‌رئه‌نجام به جلوبه‌رگی ئه‌فه‌ندییه‌وه له خه‌سته‌خانه مرد، شه‌ریعه‌تمه‌داری له شه‌ڕی سیاسی‌دا ده‌ره‌قه‌تی خومه‌ینی نه‌ده‌هات، ئه‌وه راستییه‌كه.
* ئه‌و نموونه مێژووییانه‌ی باستانكرد به راده‌یه‌كی زۆر ده‌چنه خانه‌ی یه‌كێك له‌و دوو هۆكاره‌ی كه وه‌ك هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی جودابوونه‌وه ده‌ستنیشانتان كردن، واته هۆكاری فیكریی‌و ئایدۆلۆژیا، كه پێتانوایه له ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵات یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، بۆ هۆكاری دووه‌م واته سایكۆلۆژیاو هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌ركرده، له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورددا چی وه‌ك نموونه ده‌هێننه‌وه؟
- پێویسته لێره‌دا بڵێم جودابوونهوهكانی ئێمه زۆر كه‌م پێوه‌ندیی به بیروباوهڕهوهیه، زیاتر پێوه‌ندیی به سایكۆلۆژیای سه‌ركرده‌كانه‌وه هه‌یه له رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه، جا دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بێت یان قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات، پێوه‌ندیی به ماده‌و سه‌رچاوه مادییهكانهوه هه‌یه، ناڵێم هه‌ر هیچ بیروباوه‌ڕی تێدا نییه، به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ جودابوونه‌وه، كه‌چی له هیچ شوێنێكیش به‌قه‌ده‌ر لای ئێمه حزبه‌كان بیانووی بیروباوه‌ڕ ناهێننه‌وه، ئه‌و لایه‌نه‌ی كه به‌ته‌مایه جودابێته‌وه، له‌پێشدا جودادهبێتهوه ئینجا بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی بۆ داده‌تاشێت، ده‌ڵێن كابرایه‌ك بووه وتوویه‌تی شاعیرم‌و شیعر ده‌خوێنێته‌وه، كه گوێی لێده‌گرن ده‌بینن شیعره‌كه‌ی سه‌روبنی هه‌یه‌و وهزنو قافیه‌ی هه‌یه، به‌ڵام هه‌رچی ده‌كه‌ن له ماناكه‌ی تێناگه‌ن، ده‌ڵێن مامۆستا له ماناكه‌ی تێناگه‌ین، ده‌ڵێت من ئێستا مانام تێنه‌خستووه جارێكه هه‌ر شیعره‌كه‌م داناوه، لای ئێمه‌ش زۆرجار جودابوونهوهكان به‌و شێوه‌یه‌ن، جا بۆیه جودابوونهوهكان له‌ناو كورددا زۆر كه‌م به قازانج بوون. پێویسته به خێرایی چاوێك به رابردووی جودابوونهوهكاندا بخشێنین، به‌شێك له جودابوونهوهكان یادگاریی سه‌رده‌می ناكۆكییه عهشایرییهكانن، كورده‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیی، پێش شه‌ڕی جیهانی یهكهمو دوای شه‌ڕیش دوو سێ جار پێكه‌وه كۆبوونه‌وه، تهعالیو تهرهقیو چه‌ندین كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی باشیان پێكهێنا، ده‌سه‌ڵاتیان په‌یداكردو ده‌وڵه‌تی عوسمانییان خسته ژێر فشاره‌وه، به‌ڵام هیچیان بۆ نه‌كرا، چونكه خۆیان تووشی ئینشیقاق بوون‌و حیزبه‌كه‌یان له‌ت بوو، به‌درخانییه‌كان به‌لایه‌كدا رۆیشتن‌و شێخانی شه‌مزینان به‌لایه‌كی دیكه‌دا، رووناكبیرانیش هه‌ر تاقمه‌و كه‌وتنه لایه‌ك. یه‌كێك له گهشترینو به‌نرخترین ئه‌زموونه‌كانی حیزبایه‌تی، حیزبی هیوا بوو له كوردستانی عێراقدا، حزبی هیوا بۆ یه‌كه‌مجار به روونییو به ئاشكرا، داوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌و داوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی چوار پارچه‌كه‌ی ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كه‌ی ره‌فیق حیلمی بوو، ئه‌وه‌نده به‌ده‌سه‌ڵات بوو كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف)یش كه له كوردستانی ئێران دامه‌زرا، له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا بوو، به‌ڵام لێره له لانكه‌ی دامه‌زرانه‌كه‌ی خۆیدا، تووشی جودابوونه‌وه بوو، ده‌سته‌یه‌ك بوون به چهپو ده‌سته‌یه‌كیش بوون به دوژمنی ئینگلیز، به‌وه‌ی كه ئیستیعمارو داگیركه‌ره، ره‌فیق حیلمیش تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی كه له ئینگلیزه‌كان نزیكه، فه‌هدی سه‌رۆكی حیزبی كۆمۆنیستی ئه‌وكاته‌ی عێراق، وتارێكی له دژی حیزبی هیوا نووسی‌و وتی ئه‌وه‌ی بۆ كورد پێویسته حیزبی ئه‌مه‌ل (هیوا) نییه، حیزبی عه‌مه‌له (كرده)، هه‌ر ئه‌مه خۆی فه‌رمانی جودابوونه‌وه بوو، ئیدی چه‌په‌كان له حیزبی هیوا هاتنه ده‌ره‌وه‌و لێی كه‌وتنه به‌ربه‌ره‌كانێ‌و هیوا رووخا. گه‌وره‌ترین حیزبی كوردی له سه‌رده‌می خۆیداو له رووی كارپێكرانهوه، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق بوو، ئه‌ویش دووجار تووشی جودابوونه‌وه بوو، جارێك هێشتا له به‌غداد بوون‌و شۆڕش ده‌ستی پێنه‌كردبوو، ده‌سته‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ریی حیزبی شیوعیی عێراقدا لێی جودابوونه‌وه، ئه‌مه سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ پارتی سازكرد، هه‌رچه‌نده زۆری پێنه‌چوو كه پارتی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه ده‌ست، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوو كه مه‌لا مسته‌فا به توانا‌و خاوه‌ن ئۆتۆریته‌و كاریزما بوو، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتیش له‌گه‌ڵ جودابوونه‌وه نه‌بوون، به‌هه‌رحاڵ ئه‌و جودابوونه‌وه‌یه شكستی هێنا، به‌ڵام دوای ئه‌وه زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی هه‌ر خۆیان له 1964دا جودابوونه‌وه، مه‌كته‌بی سیاسیی به‌لایه‌كدا كهوتو مه‌لا مسته‌فا به‌لایه‌كی دیكه‌دا، له‌و كاته‌وه شه‌ڕێكی ناوخۆیی ئه‌وتۆ هه‌ڵگیرساوه كه تا ئێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌شی كه جودابوونه‌وه له راستیدا نه‌ك هه‌ر خۆیان قازانجیان نه‌كرد، هیچ قازانجێكیشیان به گه‌لی كورد نه‌گه‌یاند، ئه‌مه حه‌قیقه‌تێكه كه ئێمه وه‌كو نموونه‌یه‌ك له ره‌وتی مێژوودا باسی ده‌كه‌ین، ده‌نا رووداوه‌كه كۆن بووه‌و نامه‌وێت كۆنهبرین بكولێنهوه.
* بۆ باسكردنی هۆكاری سایكۆلۆژیای سه‌ركرده له جودابوونهوهكانی حیزبه كوردییه‌كاندا، ئاوڕتان له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی باكوور‌و باشووری كوردستان دایه‌وه، ده‌كرێت هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كورته‌یه‌ك له مێژووی جودابوونهوهكانی حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات باس بكهنو ئینجا ئه‌نجامگیرییه‌كی ته‌واو له‌وباره‌یه‌وه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن؟
- له كوردستانی ئێرانیشدا گه‌وره‌ترین حیزبی سیاسیی، حیزبی دیموكرات بوو كه له‌دوای رووخانی كۆماری كوردستان‌و شه‌هیدبوونی قازی محه‌مه‌ده‌وه ساڵ نییه تووشی كێشه‌و جودابوونه‌وه نه‌بێت، له 1959دا ده‌سته‌یه‌ك كه‌وتنه زیندان، هه‌ر له‌وێ بوونه دوو سێ تاقم، له هه‌مانكاتدا ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زیندان بوون دووبه‌ره‌كییان تێكه‌وت، ئه‌م جودابوونهوانه حیزبی دیموكراتی لهبڕستو توانا خست، تا وای لێهات ئه‌وانه‌ی كه جودا ده‌بوونه‌وه یان شه‌هید ده‌بوون، یان چه‌كیان داده‌نا، ساڵی 1970 ئازادییه‌ك هاته ئاراوه‌و له به‌غداد جێگا‌و رێگایه‌كیان په‌یداكرد، دكتۆر قاسملو له ئه‌وروپا گه‌ڕایه‌وه‌و توانی حیزب یه‌كگرتوو بكاته‌وه، تا له ئێران شۆڕش كرا‌و به ئازادیی گه‌ڕانه‌وه، هه‌ر له یه‌كه‌م ساڵی ئازادی‌دا تووشی گه‌وره‌ترین جودابوونه‌وه بوون، ده‌سته‌یه‌ك ههستانو وتیان خومه‌ینی پیاوێكی پێشهكهوتووهو دژی ئیمپرالیزمو ئه‌مریكایه‌و نابێت دژایه‌تی بكه‌ین‌و ده‌بێت پێڕه‌وی لێبكه‌ین، حه‌وت كه‌س له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی دوای ئه‌م بۆچوونه كه‌وتن، له به‌رامبه‌ریاندا دكتۆر قاسملو وتی ئێمه تا جێگایه‌ك پێویست بووه‌و بۆمان كراوه، هه‌وڵی خۆمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خومه‌ینی داوه، به‌ڵام ئه‌وان هیچ مافێك ناده‌ن به گه‌لی كورد، ئه‌م ناكۆكییه‌ش به ئیستدلال چاره‌سه‌ر نه‌كرا تا كۆماری ئیسلامیی هێرشی كرده سه‌ر كوردستان، به‌و هێرشه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌لمێنرا كه قسه‌كه‌ی قاسملو راسته، ئه‌و تاقمه‌ش بیانهوێتو نه‌یانه‌وێت فڕێدرانه سه‌نگه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه، ده‌وڵه‌ت سه‌ركه‌وتو حیزبه‌كانی له كوردستان كرده ده‌ره‌وه‌و شكست هات، شكست هۆیه‌كه له هۆیه‌كانی جودابوونه‌وه‌و گه‌رای دووبه‌ره‌كی ده‌چێنێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هۆكارێكی دیكه‌ش هه‌ر هاته ئاراوه، ئه‌ویش موجاهیدینی خه‌لقی ئێران بوو، كه ده‌ستیكرد به هاندانی به‌شێك له حیزبی دیموكرات، دیسان جودابوونهوهیهكی دیكه رووی تێكردو ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ جودابوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش وه‌كو جودابوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می پارتی دیموكراتیان لێهات، ورده ورده لاواز‌و بیهێز بوون‌و قاسملو ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت، له‌وه‌یشدا نه خۆیان قازانجیان كرد نه گه‌لی كورد، دواتر كه دكتۆر قاسملو شه‌هید كرا، مه‌لا عه‌بدوڵڵا چوو له‌گه‌ڵیان رێكهوتوو بردنییه‌وه ناو حیزب، كه‌چی جارێكی دیكه‌ش هه‌ر ئه‌و براده‌رانه‌ی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ له‌گه‌ڵ مه‌لا عهبدوڵلاَو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی دیموكرات بڕیاریاندا جوداببنهوه، هه‌رچه‌نده بۆ خۆیان ده‌ڵێن جودا نهبووینهوهو دووله‌ت بووین، هه‌ردووكیان دۆستنو من نامه‌وێت پێشبینی خراپ بۆ دواڕۆژیان بكه‌م، به‌ڵام به دووری ده‌زانم ئه‌م جودابوونه‌وه‌ش قازانج به گه‌لی كورد بگه‌یه‌نێت. نامه‌وێت باسی هه‌موو جودابوونهوهكانی حیزبی دیموكرات بكه‌م‌و جوودابوونهوهكهی خۆم له‌بیر بچێته‌وه، منیش ئه‌ندامی حیزبی دیموكرات بووم، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی خوێندكارانی كورد‌و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی تارانی حیزبی دیموكرات بووم، كه هاتم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی بۆ كوردستانی عێراق، دوای ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی حزبی دیموكرات كه ئه‌وكاته له‌ده‌ست ئه‌حمه‌د تۆفیقدا بوو، رێك نهكهوتینو له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی دیكه لێیان جودابووینهوهو حیزبێكی دیكه‌مان پێكهێنا به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی رزگاریی كوردستان. كه سه‌یری رابردوو ده‌كه‌م جودابوونهوهكهی خۆشمان له‌و یاسا‌و رێسایه‌ی كه له‌سه‌ر جودابوونهوهكان باسمكرد، به‌ده‌ر نابینم، ئێستا كه دوای 45 ساڵ بیری لێده‌كه‌مه‌وه، ده‌بینم ئه‌گه‌ر ئه‌و جودابوونهوهیهش نه‌كرایه به قازانجتر ده‌بوو، هه‌رچه‌نده ئێمه جیاوازییه‌كمان له‌گه‌ڵ بڕێك له جودابوونهوهكانی دیكه هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه ئێمه ئیدی خۆمان وه‌كو باڵێكی حیزبی دیموكرات پێناسه نه‌كرد، ئێمه له حیزبی دیموكرات هاتینه ده‌رو حیزبێكی نوێمان دامه‌زراند، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوو كه ئێمه له بیروباوه‌ڕدا جیاوازبووین، حیزبی دیموكرات داوای خودموختاری ده‌كرد، ئێمه داوای سه‌ربه‌خۆیمان ده‌كرد، حیزبی دیموكرات داوای مانه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌كرد، ئێمه داوای دروستبوونی دهوڵهتو یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان‌مان ده‌كرد، به‌ڵام با ئه‌وه بڵێم ئێستاش ئه‌و به‌هاو داخوازییه سه‌ره‌كییانه‌ی كه بوونه هۆی دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه‌ی رزگاریی، له‌لای من بهنرخنو له جاران زیاتر دڵم له‌گه‌ڵیانه، به‌ڵام ده‌شزانم له ئێستادا جێبه‌جێنابن، ئه‌وكاتیش هه‌ر جێبه‌جێ نه‌ده‌بوون، دیاره به‌شێكی هه‌ره زۆری گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و داخوازییانه‌یه، واته سهربهخۆییو یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌موو كوردستان‌و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، خه‌ڵكی دیكه‌ش بۆی چوون‌و به‌ده‌ستیانه‌وه نههاتوووهو ناچاربوون به خودموختاری‌و فیدرالی رازی بن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ئه‌وكات به‌وانه رازی بووینایه باشتربوو، هۆكارێكی دیكه‌ی جیاوازبوونی ئێمه ئه‌وه بوو كه دوای جودابوونه‌وه نه‌كه‌وتینه شه‌ڕی حیزبی دیموكرات‌و شه‌ڕی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ڵكو رامانگه‌یاند كه ئیدی ئێمه حیزبێكی سهربهخۆینو داوای دۆستایه‌تیش له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكرات ده‌كه‌ین‌و دوژمنایه‌تی ناكه‌ین، پێڕه‌و پرۆگرامی كۆمه‌ڵه‌ی رزگاریی من به هاوكاریی هاوڕێكانم نووسیم، له‌لای كاك كه‌ریمی حیسامی پارێزرابوو، ئێستاش ماوه‌و بنه‌ما فیكرییه‌كانی له‌لای ئێمه زۆر به‌نرخن، ئێستاش من‌و هاوسه‌نگه‌ره‌كانم ئه‌گه‌ر بۆمان ههڵبكهوێتو ده‌رفه‌تێك هه‌بێت، ئاماده‌ین له‌پێناوی ئه‌و پره‌نسیپانه‌دا فیداكاریی بكه‌ین، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه مهجالو ماوه‌ی عه‌مه‌لیی نییه، ئێستا من بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌ر وه‌ك ئێمه وابووه، به‌ڵام مهجالو ماوه‌ی عه‌مه‌لییان نه‌بووه، بۆیه ئه‌و دروشمانه‌یان هه‌ڵنه‌گرتووه، ده‌نا كه‌س هه‌یه رزگاریی‌و سهربهخۆییو یه‌كگرتنه‌وه‌ی گه‌لی كوردی پێ خۆش نه‌بێت، ده‌مه‌وێت بڵیم جودابوونهوهكهی من‌و هاوڕێكانم به‌ده‌ر نییه له‌و یاسا‌و رێسایانه‌ی باسمكرد، پێموایه ئه‌گه‌ر نه‌كرایه باشتربوو.
كۆمه‌ڵه‌ش كه له هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستانی ئێران‌دا دوای حیزبی دیموكرات بوو به حیزبی دووه‌م، له هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌دا بۆ نموونه سنه، كه گه‌وره‌ترین شاری كوردستانه، بوو به حیزبی یه‌كه‌م، ئه‌وه ئیمتیازێكی گه‌وره بوو له به‌رامبه‌ر حیزبی دیموكراتدا، كه خاوه‌نی رابردوویه‌كی په‌نجا ساڵه‌و میراتیی كۆماری كوردستانه، له سه‌ره‌تاوه كۆمه‌ڵه زۆر روو له گه‌شه بوو، به‌ڵام به‌وه‌ی كه چووه ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌و له‌گه‌ڵ مه‌نسوری حیكمه‌ت رێكه‌وت، هه‌ڵه‌یه‌كی گورچكبڕی كرد، هه‌ر پێش ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا بوو كه ورده ورده له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنا، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه زۆر گرنگی نه‌ده‌دا به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر خه‌باتی چینایه‌تی ده‌كرد، ئه‌ویش له وڵاتێكدا كه خه‌باتی چینایه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا گه‌شه‌ی نه‌كردبوو، چینی كرێكار نه به ژماره زۆر بوو، نه به‌و راده‌یه‌ش ئاگا‌و هۆشیار بوو، سه‌باره‌ت به جووتیارانیش به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی شادا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر كرابوو، شا له دابه‌شكردنی زه‌ویدا چاكسازیی كردبوو، زه‌وی دابوو به جووتیاران، كه شۆڕش كرا جووتیار هه‌موو ببوون به خاوه‌ن زه‌وی، ئیدی تۆ چی ده‌كه‌یت؟ ئه‌وه‌ش كه مابوونه‌وه له گوند‌و پێی ده‌ڵێن قه‌ره یان ره‌شایی، خۆ زه‌وی نه‌مابوو بیده‌یتێ، له‌به‌رئه‌وه نه جووتیار‌و نه چینی كرێكاریش نه‌یانتوانی ببنه پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كۆمه‌ڵه، ئه‌مه خۆی هه‌ڵه‌یه‌ك بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه حیزبێكی شۆڕشگێڕ بوو، خه‌ڵكی پاك‌و دروستی تێدا بوو، هێشتاش تاو یاوی چه‌پ له ئێران‌و كوردستاندا سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری راده‌كێشا، ده‌كرا به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام چوونی بۆ ناو حیزبی كۆمۆنیست به ته‌واوه‌تی دووری خسته‌وه له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، دواتر كه زانیان ئه‌وه هه‌ڵه بووه‌و زیانیان لێ بینیوه، ده‌سته‌یه‌ك جودابوونه‌وه، به‌ڵام جودابوونهوهیهكی نیوهچڵو ناته‌واو، چونكه رێگایان به مه‌نسوری حیكمه‌ت دا بڕوات‌و حیزبه‌كه‌یان به‌سه‌ردا بهجێبهێڵێتو بۆ خۆی حیزبێكی دیكه پێكبهێنێت به‌ناوی كۆمۆنیستی كرێكاریی، به‌وشێوه‌یه میراتی حیزبه كۆمۆنیستهكه بۆ كۆمه‌ڵه مایه‌وه، كۆمه‌ڵه‌ش وه‌ریگرت، له حاڵێكدا رێگاچاره‌ی عاقڵانه ئه‌وه بوو هه‌موو كۆمه‌ڵه وه‌ك چۆن پێكه‌وه چووبوونه ناو حیزبی كۆمۆنیسته‌وه، ئاواش پێكه‌وه بهجێیبهێڵنو ببنه‌وه كۆمه‌ڵه‌و لێگه‌ڕێن حیزبه كۆمۆنیستهكه به‌سه‌ر مه‌نسوری حیكمه‌تدا بڕووخێت، له كاتێكدا كه خه‌ڵكانێك له خانوویه‌كدا دانیشتوون‌و خانووه‌كه خه‌ریكه ده‌ڕووخێت، ئه‌وه هونه‌ر نییه كێ بڵێت خانووی منه، هونه‌ر ئه‌وه‌یه كێ بڵێت خانووی من نییه، پیاوی عاقڵ واده‌كات، ئه‌مان ئه‌وه‌یان نهكردو له ئه‌نجامدا جودابوونهوهكهیان زیانی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه. با له‌بیرمان نه‌چێته‌وه هۆكاری رێژه‌یه‌كی زۆر له‌م جودابوونهوانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سایكۆلۆژیای سه‌ركرده‌ی كورد، گهورهترینو به‌نرخترین كتێبی مێژوویی بۆ كورد چیرۆكی مهمو زینه، ئه‌حمه‌دی خانی له مهمو زیندا هۆكاری پێكنه‌هاتنی ده‌وڵه‌تی كوردیی به‌وه ده‌زانێت كه سه‌ركرده كورده‌كان پێكه‌وه رێك ناكه‌ون، ئه‌مه چوارسه‌د ساڵ له‌وه پێش. له چوارسه‌د ساڵ له‌وه پێشه‌وه ئه‌م مێژووه به‌رده‌وام خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، به‌رده‌وام پاشایه‌تی پێكهاتووه، ده‌وڵه‌ت پێكهاتووه، حیزب پێكهاتووه‌و ده‌سته‌یه‌كی ناخۆیی به‌رهه‌ڵستی بوون‌و رووخاندوویانه، هه‌رچه‌نده خۆشیان دواتر له دژی ده‌وڵه‌ته داگیركهرهكه خه‌باتیان كردووه، نموونه‌ی به‌رچاوی یهزدانشێره، یه‌زدانشێر به‌درخانیی بوو، به پشتیوانیی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی له دژی مامی خۆی كه به‌درخانی گه‌وره بوو راپه‌ڕیو تێكیشكاند، یه‌زدانشێر پاش ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت‌و دهستو مستی خۆی ناسی، ئه‌مجار هه‌ر بۆ هه‌مان ئامانج‌و مه‌به‌ستی به‌درخانی گه‌وره راپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ی سازكرد، خۆ به‌درخانی گه‌وره‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ویست كه یه‌زدانشێر نه‌یهێشت‌و لێی تێكدا، دواتر یهزدانشێریش سه‌رنه‌كه‌وتو سه‌ری تێدا چوو، خۆ ئه‌وانه‌ی جودابوونه‌وه یان پاشایهتییهكیان تێكداوه، به‌و واتایه نه‌بووه كه دژ به كوردایه‌تیی بوون، یان ئامانجی رزگارییان له خه‌یاڵدا نه‌بووه، هه‌ر كه‌سه‌و وتوویه‌تی ده‌بێت به‌ده‌ستی خۆم جێبه‌جێبێت، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی من نه‌بێت ده‌یڕووخێنم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی خۆم بێت فیداكاریشی بۆ ده‌كه‌م‌و سه‌ریشی له‌پێناودا داده‌نێم، ئه‌مه سایكۆلۆژیای مێژوویی سه‌ركرده‌ی كورد بووه، به‌شێكی زۆری جودابوونهوهكان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌م سایكۆلۆژیا مێژووییه.
* ئێوه پێتانوایه هه‌موو ئه‌و جودابوونهوانهی كه ئاماژه‌تان پێكرد، زیانی به كورد گه‌یاندووه، ئه‌ی له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورددا جودابوونهوهیهك به‌دی ناكه‌ن كه قازانجی لێكه‌وتبێته‌وه؟
- ئه‌وه‌ی من له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورددا ئاگام لێبێت، دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه‌ی رهنجدهرانو دواتریش پێكهاتنی یه‌كێتی نیشتیمانی له‌سه‌ر شانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران، دووه‌م هاتنه ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان له‌ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییان، هۆكاری مه‌عقولیان له‌پشته‌وه بووه‌و قازانجیان تێدا كراوه، ئه‌گه‌ر له ئێستادا یه‌كێتی نیشتیمانی زیان ببینێت هۆكاری دیكه‌ی هه‌یه، بۆ كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانیش هه‌روایه، كه لێكیدهدهمهوه له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كورددا جگه له‌و دووانه، هه‌موو جودابوونهوهكان به زه‌ره‌ر بوون، ئه‌و جودابوونهوانه هۆكاری واقیعیانه‌ی بیروباوه‌ڕیان تێدا بوو، یه‌كێتی نیشتیمانیی دوای هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی ئهیلولو له ئه‌نجامی جودابوونه‌وه له پارتی پێكهات، له‌ناو یه‌كێتیشدا كه بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی‌و خه‌تی گشتییش ئاماده‌ییان هه‌بوو، هێزی سه‌ره‌كی‌و بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوو، كۆمه‌ڵه دینامۆی شۆڕشه‌كه بوو، شه‌ڕه گه‌وره‌كان ئه‌و ده‌یكرد، فیداكارییهكان ئه‌و ده‌یكرد، زیندانه‌كان پڕبوون له‌لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه، داهێنانو نوێكارییو هاوردنی دابونه‌ریتی نوێ بۆ ناو شۆڕش، هه‌موو ئه‌وانه ده‌ستكه‌وتی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوون، كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به راستی هۆكاری ته‌واوی به‌ده‌سته‌وه بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌چێته ناو پارتی، جا ئه‌وان له بناغه‌وه حیزبیان پێكهێنا، به‌ڵام پێكهێنانی ئه‌و حیزبه سه‌ربه‌خۆیه حیكمه‌تی خۆی تێدا بوو، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و جه‌ماوه‌ره زۆه پشتیوانیی لێ‌كرد، ئه‌وه‌ی كه شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردی دروستكرد ئه‌مه بوو، كۆمه‌ڵه‌ش كاتێك له حیزبی كۆمۆنیست جودابوویهوهو سه‌رله‌نوێ كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی دروستكرده‌وه، هۆكاری ته‌واوی به‌ده‌سته‌وه بوو، چونكه دنیابینییه‌كه‌ی گۆڕابوو، نه‌فسی كۆمۆنیزم كه‌وتبووه ژێر پرسیاره‌وه، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه دانیان پێدا نه‌ده‌ناو سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه له پوك‌و پێستدا هێشتبوویانه‌وه، به‌ڵام تا ده‌هات زیاتر ئاشكرا ده‌بوو، ئه‌وه‌ش زۆر به قازانج بوو له كۆمۆنیزم‌و ئێرانچییه‌تی جودابوونه‌وه، له حیزبێكی ئێرانییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ حیزبێكی كوردستانی، ئه‌مانه گۆڕانی زۆر گه‌وره‌ن، چ له تاكتیك‌و ستراتیژییدا، چ له بیروباوه‌ڕو ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فیدا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه كۆمه‌ڵه له ساڵانی سه‌ره‌تای جودابوونهوهیدا جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانی له ده‌ور كۆبوویه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێستا لاوازییهكیان پێوه دیاره، هۆی ئه‌وه‌یه له‌م دواییانه‌دا كێشه‌ی ناوخۆ سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ بنه‌مایه‌كی فیكریی‌و فه‌لسه‌فی هه‌بێت.
به‌شێكی زۆری جودابوونهوهكان حهقانییهتیان تێدایه، به‌ڵام خۆ هه‌رچی حه‌ق بوو مه‌سڵحه‌تی له‌گه‌ڵدا نییه، جاری وایه حه‌قانییه‌ت له بۆچوونێكدا هه‌یه، به‌ڵام چونكه مه‌سڵحه‌تی له‌گه‌ڵدا نییه، نابێت عه‌مه‌لی بكرێت، مه‌سڵه‌حه‌ت‌و حه‌قانییه‌ت هه‌میشه پێكهوهنین، پیاوی سیاسه‌تمه‌داریش مه‌سڵه‌حه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت، ناتوانێت ته‌نیا حه‌قانییه‌ت هه‌ڵبژێرێت، ره‌نگه له زۆربه‌ی ئه‌و جودابوونهوانهدا حه‌قانییه‌ت هه‌بێت، كادره‌كان غه‌دریان لێكرابێتو هه‌ڵسوكه‌وتی نادیموكراتییان له‌گه‌ڵدا كرابێت، یان به‌شێوه‌یه‌ك پاڵیان پێوه نرابێت بۆ جودابوونه‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه له‌سه‌ریه‌ك دابنێیت، ره‌وایه‌تیی به جودابوونه‌وه نابه‌خشێت، به راستی جودابوونهوهكانی ئێمه كه‌میان جودابوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕن، بۆیه‌ش به كه‌میی چاره‌سه‌ری باشیان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر بیروباوه‌ڕ بێت، خۆ ده‌توانن پێكه‌وه قسه بكهنو ئیستدلال بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك داخوازیی دیكه هاته گۆڕێ، چی لێده‌كه‌یت، چۆن چاره‌سه‌ری ده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ی له بیانوو بێت، هه‌ر جودا ده‌بێته‌وه، پیاو راست بڵێت بڕێكیان له بیانوون بۆ ئه‌وه‌ی جوداببنهوه، بڕێكیش له بیانوو ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌یان له حیزب ده‌ربكه‌ن، هه‌ردووكیان له مێژووی جودابوونهوهكاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ئه‌وه ئیدی كاری من نییه كه بڵێم كێ‌و له كام حیزب‌دا خۆی جودابووه‌ته‌وه یان پاڵی پێوه نراوه، یان كێ له‌سه‌ر حه‌قه‌و كێ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی باش پاراستووه، با كه‌سانێكی دیكه حه‌قیقه‌ته‌كانی ئه‌وه ئاشكرا بكه‌ن.