Print
 په‌رله‌مان جورئه‌تی‌ ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ نییه‌
Saturday, April 10, 2010

راپۆرت:
سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ (ه و س ) به‌ ناشه‌رعی‌‌و نایاسایی‌ وه‌سف ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ ده‌یان نوسراو داوای‌ راپۆرتیان لێده‌كه‌ن، په‌رله‌مانتارانیش پێیانوایه‌؛ په‌رله‌مان جورئه‌تی‌ ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ نییه‌‌و ته‌نیا بۆ مه‌رامی‌ سیاسیی‌ ده‌یانخاته‌ڕو.

 گۆڕان داوای‌ راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ده‌كات:
فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ (12/10/2009) یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كردبو، سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ڕوی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بۆ ساڵه‌كانی‌ (2008‌و 2009)، بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بو، هه‌ربۆیه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ جاری‌ دوه‌م له‌ (18/11/2009) یاداشتێكی‌ دیكه‌یان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كرد، تا وه‌ڵامیان بدرێته‌وه‌، دواتر سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان پاش (4) مانگ‌و له‌ رێكه‌وتی‌ (17/3/2010) وه‌ڵامی‌ یاداشته‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانی‌ داوه‌ته‌وه‌.

 په‌رله‌مان؛ چاودێری‌ دارایی‌ شه‌رعیه‌تی‌ یاساییان نییه‌
ده‌رباره‌ی‌ ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ كاروباری‌ په‌رله‌مان به‌ نوسراوی‌ ژماره‌ (ك 120) له‌ رۆژی‌ (17/3/2010) وه‌ڵامێكیان ئاراسته‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان كردوه‌ به‌ ئیمزای‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ بیروڕای‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ یاداشته‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان‌و تێیایدا هاتوه‌: په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ناكات، چونكه‌ هیچ یه‌ك له‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ شه‌رعیه‌تیان نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌، یه‌كه‌م: ئه‌م دو دیوانه‌ یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ دوه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ (24) له‌ رۆژی‌ (16/11/2002)دا بڕیاری‌ داوه‌ به‌ مامه‌ڵه‌كردن، له‌گه‌ڵ دو ئیداره‌یی‌ كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌بوه‌، هه‌تا یه‌كگرتنه‌وه‌ یان ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان كامیان زوتر بو.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجامدراوه‌‌و ئیداره‌ش یه‌كی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵی‌ (2005)ه‌وه‌، هیچ یه‌كێك له‌م ده‌زگایانه‌ شه‌رعیه‌تی‌ یاساییان نییه‌‌و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ناكرێت.

دوابه‌دوای‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و فراكسیۆنی‌ گۆڕان جارێكی‌ دیكه‌ یاداشتێك له‌ (30/3/2010) ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كرده‌وه‌و داوای‌ ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كرده‌وه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌كراوه‌، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان یاسای‌ ژماره‌ (2)ی‌ ساڵی‌ (2008)ی‌ ده‌ركردوه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، تیایداهاتوه‌ هاتوه‌: كه‌ ئه‌و دیوانه‌ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ رۆژی‌ ده‌رچونی‌ ئه‌و یاسایه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ داراییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كراون، چونكه‌ به‌پێی‌ یاساكه‌ پێویسته‌ دیوان ساڵانه‌ راپۆرته‌كانی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بكات.

 راپۆرته‌كان بۆ مه‌رامی‌ سیاسیی‌ به‌كارده‌هێنرێن
له‌كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ به‌ ناشه‌رعی‌ داده‌نێن‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ راپۆرته‌كانیان ناكات، خودی‌ په‌رله‌مان له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ (2009)دا زیاد له‌ نوسراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كردوه‌‌و تیایاندا داوای‌ به‌شێك له‌و راپۆرتانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئاماده‌ كراون، په‌رله‌مانتاران ئه‌و مامه‌ڵه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ به‌حیزبیكردنی‌ په‌رله‌مان وه‌سف ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ مه‌رامی‌ سیاسیی‌‌و حیزبی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ به‌كارده‌هێنن، نه‌ك بۆ ئاشكراكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌.

د. زانا ره‌ئوف ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌ خسته‌ڕو: تا ئێستا 80%ی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوان كه‌ بۆ په‌رله‌مان نێردراون پشتگوێخراون، سه‌رۆكایه‌تی‌ بۆ مه‌به‌ستێكی‌ دیاریكراو‌و بۆ مه‌رامی‌ سیاسیی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ره‌وانه‌ی‌ لیژنه‌كان ده‌كات، وه‌ك راپۆتی‌ تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی‌ وشكه‌ساڵیی‌، كه‌ هاته‌ لیژنه‌كان، هه‌ربۆیه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و : "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ بكات‌و به‌رده‌وام بێت له‌ شاردنه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، له‌بری‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك، كه‌ ئه‌ركی‌ به‌دواداچون‌و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌ په‌رله‌مان ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین به‌رگریكار له‌ گه‌نده‌ڵیی‌".

رێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ رێگره‌ له‌ ئاشكراكردنی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌
له‌كاتێكدا، راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌شارێنه‌وه‌، ناتوانرێت ره‌خنه‌ له‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ بگیرێت، كه‌ به‌ ئه‌ركی‌ خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، چونكه‌ سه‌دان راپۆرتیان ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان كردوه‌، به‌ڵام وه‌ك عه‌دنان عوسمان، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت: "په‌رله‌مان جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی‌ حیزب ده‌كه‌ن‌و په‌رله‌مانیش، كه‌ توانای‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ وه‌زیرێكی‌ نه‌بێت به‌بیانوی‌ تێكچونی‌ رێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌توانێت ده‌ستبخاته‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كان‌و راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ئاشكرابكات، كه‌ به‌ وردیی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌یان ئاشكراكردوه‌‌و له‌ئاست هیچ به‌رپرس‌و پۆستێكدا نه‌وه‌ستاوه‌‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت، ئه‌وا زۆرێك له‌ به‌رپرسانی‌ حیزبی‌‌و وه‌زیر‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان روبه‌ڕوی‌ یاسا ده‌بنه‌وه‌".

ئاشكراكردنی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌، ئه‌ركی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌یه‌
له‌دوای‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نایانه‌وێت ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ئاشكرا بكه‌ن، به‌پێویست ده‌زانرێت لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مان به‌دواداچون بۆ ئه‌و راپۆرتانه‌ بكات.

د. زانا ره‌ئوف، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ په‌رله‌مانیشه‌ ده‌ڵێت :" ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ نه‌توانێت فشاری‌ ئه‌وه‌بكات، ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاراونه‌ته‌وه‌ ئاشكرا بكرێن، ئه‌وا لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ میسداقیه‌تی‌ خۆی‌ له‌ده‌ست ده‌دات، به‌تایبه‌ت، كه‌ تائێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ هه‌ستێت، كه‌ ئاشكراكردن‌و به‌دواداچونی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، هه‌ربۆیه‌ ئاشكراكردنی‌ ئه‌م راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ گه‌وره‌ترین كاری‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌بێت.

 ئاشكرا نه‌كردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بۆ په‌رله‌مانتاران، به‌ بڕوای‌ د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ خولی‌ رابردوی‌ په‌رله‌مان لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ نه‌بوه‌‌و راپۆرته‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گلدراونه‌ته‌وه‌‌و ئێستاش سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان هه‌ر به‌و نه‌رێته‌ ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌‌و راپۆرته‌كان ئاشكرا ناكات، به‌ڵام ئێستا به‌ مافی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن ئه‌و راپۆرتانه‌ ئاشكرابكرێن.

 له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ راپۆرتی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌رباره‌ی‌ بودجه‌ی‌ (2010)، كه‌ دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، جه‌خت له‌سه‌ر ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام د.ره‌فیق سابیر، جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ تائێستا به‌ ره‌سمیی‌ داوای‌ ئه‌و راپۆرتانه‌یان له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ نه‌كردوه‌، كاتێك مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ كۆتایی‌ هاتنی یه‌كلایی‌ كرایه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان قسه‌ده‌كه‌ن!.

لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌، چاوه‌ڕوانی‌ پێكهێنانی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌كات
د.به‌شیر خه‌لیل ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ په‌رله‌مان پێیوایه‌؛ ئه‌گه‌ر داوای‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایش بكه‌ن، ناتوانن وه‌ك پێویست به‌دواداچونیان بۆ بكه‌ن، وتیشی‌: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تائێستا ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێك نه‌هاتوه‌، كه‌ لایه‌نی‌ جێبه‌جێكاره‌، ئه‌وا لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ په‌رله‌مان كاره‌كانی‌ ته‌واو نییه‌، چونكه‌ تا ئه‌و ده‌زگایه‌ پێكنه‌یه‌ت كاریش بكه‌ین ئه‌نجامی‌ نابێت"، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌؛ كه‌ لایه‌نی‌ دادگا بتوانێت كاره‌كانی‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ ته‌واوبكات كاتێك گه‌نده‌ڵییه‌ك ئاشكراده‌كرێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا، عه‌دنان عوسمان، ئه‌و بۆچونه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌‌و ئاشكرایكرد؛ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ قسه‌یان كردوه‌‌و دوای‌ ئاشكراكردنی‌ هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ك، ئه‌وا لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌توانن دۆسییه‌كه‌ ره‌وانه‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ رێوشوێنی‌ یاسایی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌، كه‌ ده‌زگایه‌كی‌ فیدراڵییه‌ بۆ هه‌مو عێراقه‌، به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ له‌ بودجه‌ی‌ له‌ (17%)كه‌ش بودجه‌ی‌ بۆدابینده‌كرێت، هه‌ربۆیه‌ پێویست به‌ پێكهێنان‌و چاوه‌ڕوانكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ هه‌رێم ناكات، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت رێگه‌ بده‌ن ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ كوردستان نوسینگه‌‌و لقی‌ هه‌بێت، ئه‌وا كاره‌كان به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 چاودێری‌ دارایی‌ داوای‌ لابردنی‌ نهێنێتی‌ راپۆرته‌كان ده‌كات
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كراون و تائێستا وه‌ك پێویست به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌یان لێنه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت نه‌دراوه‌ به‌ په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست به‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ هه‌ڵنه‌ستاوه‌، دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ سلێمانی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا داوایه‌كی‌ پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان كردوه‌ تا راپۆرته‌كان له‌پاش ساڵێك نهێنێتیان له‌سه‌ر لاببرێت، چونكه‌ به‌ بۆچونی‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ سه‌ده‌ها گه‌نده‌ڵی‌ ئاشكراده‌كه‌ن، له‌ میدیاكانه‌وه‌ بۆ رای‌ گشتی‌ بلاَوبكرێنه‌وه‌ ئه‌وا گه‌نده‌ڵچیه‌كان ترسیان ده‌بێت و چیترسامانی‌ میلله‌ت به‌ هه‌ده‌ر نابه‌ن.

له‌ كاتێكدا كه‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ راپۆرته‌كانیان كاری‌ له‌سه‌ر ناكرێت، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئه‌و دو دیوانه‌ هه‌ستیاره‌ به‌ نایاسایی‌ وه‌سف ده‌كات، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌كرێت بپرسین ئه‌گه‌ر هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ دو ده‌زگای‌ نایاسایین، چۆن حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ بودجه‌ی‌ (2010) بودجه‌یان بۆته‌رخان ده‌كات؟، هه‌روه‌ك ئه‌و دو دیوانه‌ به‌تایبه‌ت دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ سلێمانی‌، كه‌ به‌ملیاره‌ها دۆلاریان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی‌ گشتیی‌، ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی‌ ناشه‌رعی‌ بن، چۆن حكومه‌ت دان به‌كاره‌كانیاندا ده‌نێت و دادگا له‌به‌ر رۆشنایی‌ راپۆرته‌كانی‌ ئه‌وان گه‌وره‌ به‌رپرسان ده‌داته‌ دادگا؟ ده‌بێت چاوه‌روانی‌ وه‌لاَمی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بین كه‌ ئایا شه‌رعیه‌تی‌ یاساییان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر نایاساین ئه‌وا زیاتر له‌ 200 فه‌رمانبه‌ر و 23ی‌ ده‌سته‌ و 6 به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ و 2632راپۆرتی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ ئاماده‌كراون تا 4/4/2010 چاره‌نوسیان چی‌ لێدێت؟.

حكومه‌ت، ده‌بێت پاره‌ی‌ گه‌نده‌ڵكاران بگه‌ڕێنێته‌وه‌!
به‌پێی‌ وه‌لاَمه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مان و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بێت، ئێستا هه‌مو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ حكومی‌ و حیزبیانه‌ی‌ كه‌ دو موچه‌ و زیادیان وه‌رده‌گرت و بره‌كه‌ی‌ 6 میلیاره‌ كه‌ گه‌رێنراوه‌ته‌وه‌ بۆبودجه‌ی‌ هه‌رێم، ده‌توانن سكالاَ له‌ دژی‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ سلێمانی‌ تۆماربكه‌ن و موچه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ردو دیوان ناشه‌رعین، هه‌روه‌ك به‌پێی‌ هه‌مان بریار گه‌نده‌ڵكاران له‌ كوردستان ئه‌وانه‌ی‌ دراونه‌ته‌ دادگا و ئه‌وانه‌شی‌ هێشتا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان ده‌توانن داوا له‌سه‌ر دیوان تۆماربكه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش ئه‌وكاته‌ ده‌بێت ئه‌و پارانه‌ بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆیان به‌ 18 ملیۆن و 750 هه‌زار دۆلاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌باشه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێ‌ داوای‌ بری‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ش بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵه‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ هه‌ردو دیوانه‌ ناشه‌رعیه‌كه‌ی‌ هه‌رێم!.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هه‌رێم له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ بۆ به‌رگری‌ كردن له‌ دیوان و كارمه‌نده‌كانیان، تا ئێستا نه‌هاتونه‌ته‌ جواب ئه‌وه‌ش بۆخۆی‌ پرسیارێكی‌ گه‌وره‌تر دێنێته‌ پێشه‌وه‌ ئایا ئه‌و بێده‌نگیه‌ وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت" نیشانه‌ی‌ زاریبونه‌"؟.

گۆڕان داوا له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تۆمارده‌كات
ئه‌گه‌ر وه‌لاَمی‌ یاداشته‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ ئاشكراكردنی‌ راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ نه‌درێته‌وه‌، ئه‌وا به‌وته‌ی‌ د.زانا، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ هیچ پاساوێك رێگه‌ناده‌ن ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ به‌ نهێنیی‌ بمێننه‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیش به‌ده‌نگ داواكارییه‌كه‌یانه‌وه‌ نه‌یه‌ن، ئه‌وا به‌ نیازن داوای‌ یاسایی‌ له‌ دژی‌ عه‌دنان موفتی‌، سه‌رۆكی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و كه‌مال كه‌ركوكی‌، وه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌ خولی‌ رابردو سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌ خولی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان تۆماربكه‌ن.

Sbeiy.com © 2007