سازدانی: وشیار عه‌بدوڵا
به‌رنامه‌ی روبه‌ڕوی كه‌ناڵی ئاسمانی KNN ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌نجامداوه، تیایدا نه‌وشیروان مسته‌فا باس له كاری داهاتوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به گشتی و له به‌غدا به‌تایبه‌تی ده‌كات، له‌به‌ر گرنگی دیمانه‌كه سبه‌ی ده‌قی دیمانه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه:
KNN: یه‌كه‌م پرسیار به‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م كه له نێوان 25/7 و 7/3دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن ده‌خوێنیته‌وه، به‌تایبه‌ت له ئاستی به‌راوردكاری ده‌نگه‌كاندا؟.
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه دو هه‌ڵبژاردنه، هه‌ڵبژاردنێكیان هی 25/7ه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنێكی دیكه 7/3 بۆ په‌رله‌مانی عێراق، كه به دو سیستمی هه‌ڵبژاردنی جیاواز به‌ڕێوه‌چوه، هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م به سیستمی یه‌ك بازینهیی داخراو له هه‌مو هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌چو، هه‌ڵبژاردنی دوه‌م به چه‌ند بازنه‌یی، واته هه‌ر پارێزگایه‌ك به بازنه‌یه‌ك و به سیستمی كراوه بوه، كه ئه‌م سیستمه‌یان سیستمێكی نوێ بو له هه‌مو عێراقدا، له‌به‌رئه‌وه به نسبه‌ت ئێمه‌شه‌وه نوێبو، ره‌نگه هه‌ندێك كه‌موكوڕیشی تێدابوبێت، به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه ئێمه له هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مدا توانیمان پێگه‌یه‌كی به‌هێز له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا دابمه‌زرێنین، له هه‌ڵبژاردنی دوه‌میشدا توانیومانه پێگه‌یه‌كی به‌هێز له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا دابمه‌زرێنین.
ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س پێی وابێت كه له هه‌ڵبژاردنی دوه‌مدا كه‌ممان هێنابێت و له هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مدا زۆرمان هێناوه، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا نرخی كورسیه‌ك 18 هه‌زار ده‌نگ بوه، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا نرخی كورسیه‌ك نزیكه‌ی 50 هه‌زار ده‌نگه، ئێمه 8 كه‌سمان چوه‌ته په‌رله‌مانی عێراقه‌وه، به‌ڵام به هه‌شت (په‌نجا هه‌زار) ده‌نگی چونه‌ته ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌گشتی كۆی بكه‌یته‌وه، هه‌ر كورسیه‌كی ئێمه 61 هه‌زار كه‌س ده‌نگی پێداوه به‌پێی ژماردنی كۆی ده‌نگه‌كان، له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا نرخی یه‌ك كورسی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان 18 هه‌زار بوه، له‌به‌رئه‌وه پێم وایه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌مان به‌ده‌ستهێناوه، پێمان وایه ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه له بواری كاری په‌رله‌مانیدا.
KNN: چاودێرانی سیاسی پێیان وایه له دوای 25/7ه‌وه، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه روبه‌ڕوی ئێوه بونه‌وه له توندویژی و سزای سیاسی، زۆر زۆر توندتر بوه‌ته‌وه، ده‌كرێت بزانین كه دیارترین سزای سیاسی چی بوه كه به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێوه ئه‌نجام دراوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له هه‌ڵبژاردنی 25/7 دا، ئه‌و هێزه سیاسیانه‌ی مونافه‌سه‌ی ئێمه‌یان ده‌كرد، پێیان وابو كه ئێمه هێزێكی بچوكین و ژماره‌یه‌كی كه‌می كورسیه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنین، له‌به‌رئه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر مه‌سه‌له‌كه‌یان به جدی وه‌رنه‌گرتبو، به‌ڵام كه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌رچو، ئه‌وكاته بابه‌ته‌كه‌یان به‌جدی وه‌رگرت، له‌به‌رئه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی خۆیان چاكتر ئاماده‌كرد.
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌توانین له‌سه‌ر دو ئاست بڕوانین بۆئه‌وه‌ی دیاری بكه‌ین به‌رامبه‌ر به‌ئێمه چیانكردوه، یه‌كێكیان ئاستی راگه‌یاندنه، كه جه‌نگێكی سایكۆلۆژی زۆر توندوتیژ و خه‌ستیان به‌رامبه‌ر به ئێمه له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندا به‌كارهێنا، ده‌توانین بڵێین كه جه‌نگێكی زۆر به شده‌ت دژی ئێمه به‌رێكرا، من پێشم وایه كه پسپۆڕی بیانی و بێگانه‌یان هێنابو بۆ ئه‌وه‌ی له‌و جه‌نگه سایكۆلۆجیهدا هاوكارییان بكه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش، ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت "ئیرهابی حكومه‌تی"، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هات و پێیان كراوه به‌هه‌مو شێوه‌كان ئیرهابی حكومهتییان به‌رامبه‌ر به دۆست و لایه‌نگره‌كانی ئێمه به‌كارهێناوه هه‌ر له‌وه‌ی كه خه‌ڵكیان ده‌ركردوه و له‌شوێنێكه‌وه گواستویانه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی دیكه بۆئه‌وه‌ی ده‌ست له‌كاره‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت یان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوه، هه‌ر له‌وه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌یان له‌كه‌سوكاری كردوه، هه‌ر له‌وه‌ی كه هه‌ندێك جار ئیغرائاتیان كردوه، ئه‌وه‌ی كه كوردی كۆن پێیان وتوه "گفت و گه‌ف"، واته له‌لایه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه و له‌لایه‌كه‌وه به‌ڵێن... هه‌مو ئه‌وانه‌یان به‌كارهێناوه.
KNN: له ده‌ستپێكی كردنه‌وه‌ی كه‌مپینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ 7/3، یه‌كێك له وته دیاره‌كانی تۆ له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌كه‌دا بریتی بو له‌وه‌ی كه فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێوه ده‌بێته پارێزه‌ری داكۆكیكردن له مافی خه‌ڵكی كوردستان، دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانیش هه‌مان بۆچونتان هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێسته‌ش هه‌ر وا ئه‌بین، ئێمه پێمان وانیه كه ژماره‌ی كورسی له په‌رله‌مانی عێراقیدا كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌بێت له‌سه‌ر دیفاعكردن و داكۆكیكردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد، ئێمه پێمانوایه كه چۆنایه‌تی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی له په‌رله‌ماندا كارده‌كه‌ن و ئه‌و سیاسه‌ته‌كه‌ی فراكسیۆنه‌كه كاری پێده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه نوێنه‌ره‌كان ئه‌وه‌نده رۆڵیان نه‌بێت، واته له‌كاتێكدا كه سیاسه‌تی حیزبێت یان لایه‌نێكی سیاسی، سیاسه‌تێكی دیاریكراو به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌لایه‌ن فراكسیۆنهكهوه جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وه رۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه.
به‌بێگومان له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی عێراقیدا نوێنه‌ره‌كانمان و فراكسیۆنه‌كه‌مان، ده‌بێت به داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد.
KNN: له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دانوستانتان له‌گه‌ڵ هێزه كوردیه‌كان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه؟ ده‌تانه‌وێت هاوبه‌شبن یان به‌شداربن له گه‌ڵیاندا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا هه‌مومان له‌یه‌ك شوێندا ده‌ژین كه ناوی هه‌رێمی كوردستانه، پێمان خۆشبێت و پێمان ناخۆشبێت چاره‌نوسمان به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه، واته ئه‌وان پێیان ناخۆشبێت و پێیان خۆشبێت، چاره‌نوسیان به‌چاره‌نوسی ئێمه‌وه به‌ستراوه، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه.
مامه‌ڵه‌كردنی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌كه، یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه ئه‌وه‌یه كه چه‌ند مافێكی ده‌ستوری كورد له ده‌ستوری دائیمی عێراقدا هاتوه و له‌خولی رابردوی په‌رله‌مانی عێراقدا جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئێمه كارنامهیهكمان بۆداناوه بۆ ئه‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافانه‌ی له كابینه‌ی رابردودا جێبه‌جێ نه‌كراوه، له‌هه‌مان كاتدا هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك كێشه‌ی هه‌ڵواسراو و چاره‌سه‌ر نه‌كراوی هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی، ئه‌ویش دیسانه‌وه ده‌بێت ئێمه له‌هه‌ردو بواره‌كه‌دا هاوكاری بكه‌ین له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردیه‌كانی دیكه‌دا هاوكاری بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی بتوانین كه كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و مافه دهستوریهكانیشمان جێبه‌جێ بكه‌ین، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه په‌رله‌مانی عێراقی و داموده‌زگای عێراقی بۆ زیاتر دیموكراتیزه‌كردنی هه‌لومه‌رجی كوردستانی عێراق به‌كاربهێنین.
KNN: مه‌به‌ستت له‌مه چییه؟ به‌شێك له نه‌یاره‌كانتان پێیان وایه كاتێك ئێوه هه‌ولێر یان هه‌رێم و بارودۆخی كوردستان ده‌به‌ستنه‌وه به به‌غداوه، ئه‌مه وه‌كو جۆرێك له ئیبتیزازی سیاسی به‌كارده‌هێنن بۆ هاوپه‌یمانی كوردستانی یان بۆ هێزه‌كانی دیكه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، پێم وایه ئه‌و لكێدانهوهیه ناڕاسته، ئێمه به‌شێكین له عێراق، تائێستا هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی موچه 17%ی بودجه له به‌غدا وه‌رده‌گرێت، واته بۆ موچه پشت ده‌به‌ستێت به به‌غدا، خۆراك و سوته‌مه‌نی و دا‌و ده‌رمان، ئه‌وه‌ی كه دێت بۆ كوردستان له‌به‌غداوه دێت.
ئێمه وه‌ختێك كه ده‌ڕوانینه به‌غدا و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق، ئێمه زۆرمان پێخۆشه كه له هه‌رێمی كوردستاندا سیستمێكی كاركردن و ئازادی راده‌ربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه هه‌مومان شانازی پێوه بكه‌ین و له هه‌مو جێگایه‌ك به‌رگری لێ بكه‌ین، زۆریشمان پێ خۆشه كه ئه‌و كێشانه‌ی له كوردستانی عێراقدا روده‌دات له‌ناو خۆماندا چاره‌سه‌ری بكه‌ین، له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چاره‌سه‌ری بكه‌ین، له گفتوگۆی دو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی لایه‌نه سیاسیه‌كاندا چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام كه ئه‌وه قابیلی چاره‌سه‌ركردن نه‌بێت، بێگومان ده‌یبه‌ین بۆ به‌غدا، ئه‌و قسه‌و باسانه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه نابێت.
KNN: ده‌وترێت كه له‌دانیشتنه‌كانی لیسته كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا، ئێوه كێشه‌ی سزای سیاسیتان كردوه به ئه‌جێندایه‌كی سیاسی و كردوتانهته پێشمه‌رج و كردوتانهته خاڵێك له خاڵه‌كان، ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گیرێت كه ده‌بوایه ئه‌و بابه‌ته به روكاره ره‌هه‌ندێكی سیاسی پێ نهبهخشرایه، به‌ڵكو بكرێت به ناڕه‌زایی تێكرای چین و توێژه‌كان، ته‌علیقی ئێوه چییه له‌سه‌ر ئه‌و ره‌خنانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێم وایه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه له راگه‌یاندنی كوردیدا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌چاكی ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه و پیشان نه‌دراوه، ئێمه هه‌رگیز لابردن یان نه‌هێشتنی سزای سیاسی ناكه‌ین به پێشمه‌رج بۆ قبوڵكردنی هه‌مو ته‌نازوله سیاسیه‌كانی تر.
ئێمه پێمان وایه سزای سیاسی چ به نسبه‌ت دۆستان و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی ئێمه‌وه، چ به نسبه‌ت لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه نابێت بمێنێت ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی مافی مرۆڤه، له وڵاتانی پێشكه‌وتوی دنیادا كه ده‌ڕواننه خه‌ڵك، ئه‌وانه‌ی بێئیشن، موچه‌یه‌كیان پێ ده‌ده‌ن تا ئه‌وكاته‌ی ئیشێكیان بۆ ده‌دۆزنه‌وه، زۆر شتێكی نا مه‌نتیقیه له هه‌رێمی كوردستاندا حكومه‌ت یاخود حیزبه‌كان په‌ناببه‌ن بۆئه‌وه‌ی موچه‌ی خه‌ڵك ببڕن له‌بری ئه‌وه‌ی موچه ببڕینه‌وه بۆ ئه‌و خه‌ڵك تا ئیشیان بۆ ده‌دۆزنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه پێم وایه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییه به‌باشی ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، ئه‌گینا ئه‌وه پێشمه‌رجی ئێمه نییه، ئێمه چاككردنی هه‌لومه‌رجی كوردستان له هه‌مو رویه‌كه‌وه، ئه‌وانه مه‌رجی ئێمه‌یه بۆ جۆری هاوكارییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا، نه‌ك به ته‌نیا گێڕانه‌وه چه‌ند سه‌د كه‌سێك كه نانیان بڕاوه.
KNN: له كوردستاندا له‌دوای 25/7 ئێوه ئۆپۆزسیۆنتان دروستكرد، به‌مانا هه‌ره فیعلییه‌كه‌ی و كۆمه‌ڵێك چهمكتان خستوه‌ته وه‌سه‌تی سیاسی كه تا ئێستاش ئاڵوگۆڕێكی گرنگی پێ ده‌كرێت، له ئاستی به‌غداوه ده‌تانه‌وێت چی بگۆڕن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، به‌غدا هاوشێوه‌ی كوردستان، له كوردستانیش تا ساڵێك لهمهوپێش هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كانیش پێیان وابو كه ئه‌وه‌ی به‌شدار نه‌بێت له كێكی حكومه‌تدا، ماڵ‌وێران ده‌بێت و ئه‌پوكێته‌وه و ئهپلیشێتهوه و له‌ناوده‌چێت، ئێمه له‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا ئیسپاتمانكرد كه ده‌توانیت ئۆپۆزسیۆن بیت و له‌ناویش نه‌چیت، به‌داخه‌وه له عێراقدا تائێستا زاڵه به‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كاندا، پێیان وایه كه ئه‌گه‌ر له ئۆپۆزسیۆندا بن، مه‌حو ده‌بینه‌وه و هیچیان پێوه نامێنێت و ئهپوكێنهوه، له‌به‌رئه‌وه به باوه‌ڕی من له‌م قۆناغه‌دا هیچ یه‌كێك له‌و لیستانه‌ی پێیان ده‌وترێت "لیسته براوه‌كان" ئاماده‌نین ببن به موعاره‌زه، به‌ڵكو هه‌مویان چاویان له‌وه‌یه كه به‌شێك له وه‌زاره‌ته‌كانیان به‌ربكه‌وێت و وه‌زاره‌تی چه‌وریشیان به‌ربكه‌وێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیانی پێ رازی بكه‌ن و خۆیانی پێ به‌هێز بكه‌ن.
له‌به‌غدا ئه‌گه‌ر كورد هه‌موشی ببێت به ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وكاته ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگه‌ر نابێت، له‌ناو ئه‌و هێزه كوردیه‌ی له په‌رله‌مانی عێراقدایه ئێمه به‌ته‌نیا موعاره‌زه نین و هیچ شتێكی ئه‌وتۆی لێ سه‌وز نابێت، به‌ڵام ئێمه بهئسلوبی خۆمان هه‌مو ئه‌و بیر‌و بۆچونانه‌ی كه هه‌مانه له‌سه‌ر دۆخی عێراق و كوردستان بێگومان له چوار ساڵی ئاینده‌دا، فراكسیۆنه‌كه‌مان ده‌یخاته به‌رده‌می په‌رله‌مان، جا ئه‌گه‌ر له‌ناو حكومه‌تدا بین یان له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تدا بێت.
KNN: باست له‌وه‌كرد كه به‌شێكی زۆر له لیسته براوه‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن له كێكی حكومه‌تدا، باسیشت له‌وه‌كرد كه ئه‌گه‌ر كورد له ئۆپۆزیسۆندا بێت ره‌نگه ده‌نگێكی ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری نه‌بێت، كوردی بونی هه‌ندێك پۆست (ئه‌گه‌ر بهشداریكرا له حكومه‌تدا) كاریگه‌ری ناكاته سه‌ر بێده‌نگ بونی ئێوه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك كورد بو، به‌ڵام گه‌نده‌ڵ بو، ئێوه لێی بێده‌نگ ده‌بن ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كورده؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان نه‌خێر، ئێمه له زوه‌وه باسی ئه‌وه‌مان كردوه كه ئه‌و مه‌بده‌ئه جاهیلییهی عه‌ره‌به‌كانیش پێشتر كاریان له‌سه‌ر كردوه "انصر اخاك ضالما او مضلوما"، ئێمه هه‌رگیز په‌یڕه‌وی ئه‌وه ناكه‌ین، هه‌ر وه‌زیرێك یان كاربه‌ده‌ستێك له كوردستان یان به‌غدا كه له رێگه‌ی راست ده‌رچو، تۆمه‌تباركرا به كۆمه‌ڵێك شت، له‌وانه گه‌نده‌ڵی و شتی تریش، ئێمه لێی بێده‌نگ نابین له‌به‌رئه‌وه‌ی كورده یان ئه‌گه‌ر سهربهخۆشمان بێت ته‌نانه‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه رایكێشین بۆ به‌رده‌می دادگا.
KNN: هه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی پۆسته‌كانی به‌غدا، به‌ڕێزت ئهزمونێكیشت هه‌یه له‌ساڵی 1992 دا چه‌ند بۆچونێكت هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی سود له خه‌ڵكی بێلایه‌ن بكرێت، ره‌نگه له ئه‌زمونی دو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش دو فراكسیۆنه‌كه‌ش هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دابێت كه به‌دوای خه‌ڵكی بێلایه‌ندا بگه‌ڕێن، ئێستاش بۆچونتان وایه كه بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان له به‌غدا مه‌رج نییه خه‌ڵكه‌كان له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسیدابن، یان سود وه‌ربگیرێت له‌خه‌ڵكی بێلایه‌نیش ئه‌گه‌ر به‌توانا بو؟ قسه‌كه‌ی من له‌وێوه‌یه كه پێشتر پۆسته‌كان له‌لای پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبی ده‌دران به‌خه‌ڵك.
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، ئێمه یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی كه پاڵی پێوه‌ناوین كه بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه بهێنینه پێشه‌وه، پێمان وایه كه یه‌كێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ئێمه ئه‌مانه‌وێت بیكه‌ین له سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و سیاسه‌تی كوردی و له په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند ئه‌و به حیزبیكردنی كۆمه‌ڵگایه، ئێمه كاتێك باس له گوتاری سیاسی خۆمان ده‌كه‌ین كه جیاوازه له گوتاری سیاسی حیزبه‌كانی دیكه، ئه‌وه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت گوتاری حیزبی بگۆڕین به گوتاری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و له هه‌مان كاتدا هه‌وڵ بده‌ین كه به حیزبیكردنی كۆمه‌ڵگه و پۆسته گرنگه‌كانی كورد و به‌حیزبی كردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بگۆڕین بۆ په‌یوه‌ندی نێوان كورد و حكومه‌تی به‌غدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێمان وایه كه هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان و عێراق مافی خۆیانه پۆستی به‌رز به‌ده‌ست بهێنن و جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه.
KNN: ئه‌گه‌ر به ژماره‌ی كورسی بێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌مای چ پۆستێكی وه‌زاره‌ته له به‌غدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: تا ئه‌و گفتوگۆیانه به‌لایه‌كدا نه‌كه‌ون، ئێمه هیچ بیروبۆچونێكی تایبه‌تیمان نییه له‌سه‌ری.
KNN: واته خۆتان ئاماده نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ی چ حهقیبهیهكی وه‌زاری وه‌رده‌گرن له حكومه‌تی نوێی عێراقدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: چاوه‌ڕێی ئه‌و گفتوگۆیانه ده‌كه‌ین كه به رێگاوه‌یه.
KNN: ده‌وترێت كه قسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا كراوه بۆئه‌وه‌ی بێده‌نگ بێت له‌ئاستی هه‌رێمی كوردستان، یاخود لانی كه‌م به‌ڕوی میدیاكانی ده‌ره‌وه‌دا بۆئه‌وه‌ی تا ئه‌وكاته‌ی كێشه‌ی سزادراوه سیاسیه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه و له كوردستاندا نامێنێت، بۆئه‌وه‌ی گوتاری كوردی په‌رت نه‌كرێت، ئایا ئه‌مه هیچ بنه‌مایه‌كی هه‌یه و راسته؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌و قسه‌یه هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌و هیچ كه‌س و لایه‌نێك داوای له من نه‌كردوه كه بێده‌نگ بم، دڵنیابه ئێمه سه‌رده‌مێك قه‌سفی كیمیایی نه‌یتوانیوه بێده‌نگمان بكات، له‌به‌رئه‌وه ئێمه سه‌ر بۆ هیچ فشارێكی سیاسی دانانه‌وێنین كه به‌رگری له مافی هاوڕێ و دۆست و لایه‌نگره‌كانی خۆمان بكه‌ین، ئه‌و قسه‌یه بێ بنه‌مایه و پێموایه رۆژنامه‌یه‌كی ناوخۆیی لێره بڵاوی كردبویه‌وه كه خۆی دروستی كردبو هه‌واڵه‌كه.
KNN: ئێوه له رابردودا زۆر ره‌خنه‌تان له نوێنه‌رایه‌تی كورد گرتوه له به‌غدا، دكرێت بزانین كه گرنگترین ئه‌و نه‌ریته تازانه چین كه ئێوه ده‌تانه‌وێت له نوێنهرهكانتاندا هه‌بێت له به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای خستنه‌ڕوی هه‌مو راستیه‌كان و مه‌سه‌له‌ی شه‌فافیه‌ت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌لامانه‌وه گرنگه، فراكسیۆنی گۆڕان له به‌غدا پێشتر به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌بوه له كاتی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه بۆ به‌غدا خستومانهتهڕو درێژه‌كێشانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه كه له 25/7دا خرابوهڕو، واته یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن.
وه‌كو باسیشم كرد، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه گوتاری فراسیۆنهكهی ئێمه جیاواز ده‌بێت، گواتاری ئێمه گوتارێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت و حیزبی نابێت، نه‌ك هه‌ر به‌رگریكردن له كوردستان به ئه‌ركێك ده‌زانن به‌ڵكو به‌رگریكردن له مافی هاوڵاتیانی عێراقیش، وه‌كو به‌رگریكرد له مافی مرۆڤ و ئه‌و مه‌سه‌له ئه‌ساسییانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی به دانانی سنورێك بۆ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه سیاسیه‌كانه‌وه هه‌یه له كاروباره‌كانی حكومه‌ت، هه‌مو شه‌و شتانه ئێمه له په‌رله‌مانی عێراقیشدا بێگومان به‌رگری لێده‌كه‌ین و له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بین.
KNN: ده‌وترێت كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌سه‌ر ئاستی كوردستان كاره‌كانتان دژ یه‌ك ده‌بنه‌وه، بۆ نمونه ده‌بێت له به‌غدا پێویسته شه‌ڕێك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی باش بێته كوردستانه‌وه، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان بودجه‌كه به‌و شێوه ناشه‌فافانه په‌سه‌ند ده‌كرێت كه خۆتان لێی نارازی بون و هۆڵی په‌رله‌مانتان بۆ به‌جێ هێشت، ئه‌و دژاو دژی و حاڵه‌ته لای ئێوه چۆن كه‌وتوه‌ته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێم وایه هیچ دژی یه‌كتری نین، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه ده‌توانین كه ئێمه ده‌توانین په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو هێزێكی پشتگیری به‌هێز بۆ پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كوردستان به‌كاربهێنین، بۆ نمونه با به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان هه‌لومه‌رجی كوردستان و هه‌لومه‌رجی عێراقدا، عێراق له‌دوای روخانی سه‌دام حسێنه‌وه، مه‌سه‌له‌ی ئارام و ئاسایشی لێ ده‌ربهێنه، كه بۆ خۆشبه‌ختی كه له هه‌رێمی كوردستاندا ئاسایش و ئارامی هه‌بوه، به‌ڵام له به‌غدا بۆ ناخۆشبه‌ختی ئیرهاب هه‌بوه و ئاسایش و ئارامی تێدا نه‌بوه و ته‌قینه‌وه هه‌بوه، با به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه- (جێبه‌جێكرد و یاسادانان و دادوه‌ریی).
ئه‌گه‌ر بڕوانیته په‌رله‌مانی عێراق و به‌راوردی بكه‌ین به په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئێمه له‌چوار ساڵی رابردودا، كه‌س ناتوانێت ئینكاری ئه‌وه بكات كه په‌رله‌مانی به‌غدا زۆر ئه‌كتیڤتر و فره‌ییتر بوه له‌بیر و بۆچونه‌كانیدا له‌چاو په‌رله‌مانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له به‌غدا تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه له‌چاو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ی كه له كوردستاندا هه‌بوه، ئه‌وان كه‌متر ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له كاروباره‌كانیاندا هه‌بوه و كه‌متر كارگهربون به ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسه باڵاكان و كاربه‌ده‌سته گه‌وره‌كان.
واته ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له به‌غدا ده‌توانین بڵێن سه‌ربه‌خۆتره له‌چاو كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان چالاكتر، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه ئه‌گه‌ر خۆی بنوێنێت له كۆمه‌ڵێك له دام‌و ده‌زگاكانی وه‌كو سوپا و پۆلیس و ئه‌م جۆره شتانه، ده‌ڕوانیت له‌چوار ساڵی رابرودا سوپای عێراقی دروستكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مانی ئینتیما بۆ عێراق، سبه‌ینێ سه‌ركرده‌ی سوپای عێراق و وه‌زیری به‌رگری بگۆڕدرێت و هه‌ركه‌سێكی دیكه بكرێته سه‌رۆكی گشتی سوپای عێراق، ئه‌وان گوێڕایه‌ڵی ده‌بن، به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ هێزه چه‌كداره‌كانی كوردستانی عێراق كه ئه‌وان كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی عه‌سكه‌ری و ئه‌منییان دروستكردوه كه بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقیان دروستكردوه، تائێستا ئێمه له‌كوردستاندا ئه‌وه‌مان نییه، وه‌ره بۆ بواری ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، بزانه له به‌غدا چه‌ند ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌یه و له كوردسانیش تا چ ئه‌ندازه‌یه‌كه!
بۆیه ئێمه به‌غدا بهپشتیوانێك ده‌زانین بۆ پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردن، بۆ نمونه تۆ میزانیه‌ت به نمونه هێنایه‌وه، كاتێك له هه‌ولێر ئێمه توشی كێشه ببین له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه میزانیه شه‌فاف نیه، ده‌توانیت له به‌غداش هه‌مان بابه‌ت بوروژێنیت، وه‌زیری دارایی بانگ بكه‌یت بۆ په‌رله‌مانی به‌غدا ئاده‌ی جه‌نابی وه‌زیر 17%ی میزانیه‌ی عێراق ته‌رخانكراوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه هاوكاره‌كانمان له فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستاندا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان وروژاندوه، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نین ئاشكرای بكه‌ن.
له به‌غدا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌یه، له هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كانی به‌غدا موفهتیشیهت (چاودێریكردن) هه‌یه، له‌سه‌ر ئاستی عێراق دیوانی چاودێری دارایی هه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی عێراق ده‌سته‌ی نه‌زاهه هه‌یه، له په‌رله‌مانی عێراقیدا لیژنه‌یه‌ك هه‌یه به‌ناوی نه‌زاهه‌وه، ئێمه ئه‌توانین ئه‌وانه‌یان لێ بوروژێنین، ناتوانێت وا به‌ئاسانی شته‌كان بكات به ژێر لێوه‌وه، وه‌كو چه‌ند ساڵی رابردو، بۆیه ئێمه پێمان وایه ئه‌وان پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ن بۆ ئێمه.
KNN: ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی رابردودا دوچاری دو هه‌ڵبژاردنی قورس بونه‌ته‌وه، كه به‌شێك له چاودێران پێیان وایه كه چه‌سپاندنی دوكۆڵهكهیه بۆ گۆڕان، به‌ڵام سه‌باره‌ت به پرسی رێكخستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، رات چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، ئێمه ئێستا له‌به‌رده‌می ئه‌وه‌داین كه به‌شێوه‌ی ساڵی رابردو، چه‌ند مانگی رابردو ناتوانین ئیداره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ین، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت له چوارچێوه‌یه‌كدا رێكبخرێت، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه لێدوانه‌كانی من ده‌خوێنێته‌وه، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین مۆدێلێكی سیاسی تازه له كوردستاندا دابهێنین، كه جیاوازبێت له‌و مۆدێله سیاسیانه‌ی كه حیزبه‌كانی كوردستانی عێراق تا ئێستا په‌یڕه‌ویان كردوه.
KNN: ته‌نها له‌ڕوی شكڵهوه یان ناوه‌ڕۆكیش؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له هه‌مو رویه‌كه‌وه.
KNN: قسه‌یه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه باڵباڵێن له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا دروست بوه، ئه‌وه تا چه‌ند راسته؟.
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه حیزبێكی عه‌قائیدی و ئایدیۆلۆجی نین، بێجگه له‌وه‌ی ئێمه حیزبێكی ستالینی نین، له‌ناو ئێمه‌دا گروپیش و باڵیش و فڵانه و فیساره هه‌یه و جائیزیشه هه‌بێت، به‌ڵام له كۆتاییدا ئێمه یه‌ك ستراتیژمان هه‌یه، یه‌ك سیاسه‌تمان هه‌یه، یه‌ك به‌رنامه‌مان هه‌یه كه كاری بۆ ده‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه به‌لامه‌وه شتێكی ئاساییه ئه‌وه‌ی كه ئه‌ڵێن باڵباڵێن و... با هه‌بێت چییه؟!.
KNN: ئه‌و داواكاری مۆڵه‌تی كاركردنه‌ی پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ناوخۆتان كردوه، گه‌یشتوه‌ته كوێ؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: مۆڵه‌ته‌كه‌مان پێشكه‌ش كردوه، هه‌مو ئه‌و مه‌رجه یاساییانه‌ی كه به‌گوێره‌ی قانونی حیزب و رێكخراوه سیاسیه‌كانی كوردستانی عێراقدا ویستویانه هه‌مویمان جێبه‌جێ كردوه و ئێستاش له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌داین و ئومێدمان وایه كه به‌زوترین كات مۆڵه‌تی یاساییمان پێ بده‌ن.
KNN: دوا پرسیارم له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه به‌رێزت به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی خۆت له بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورددا به‌سه‌ر بردوه، ده‌ستیشت هه‌بوه له دروستكردنی كۆمه‌ڵێك بزوتنه‌وه‌ی سیاسی‌دا، به‌شێكی له‌كاتی خه‌باتی شاخدا بوه و ئێستاش له‌سه‌رده‌می خه‌باتی شار و مه‌ده‌نیدا، ئایندهی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن ده‌بینیت له هه‌رێمی كوردستان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من ئایندهی گه‌نجه‌كانی وڵاته‌كه‌م زۆر گه‌ش ده‌بینم، له‌به‌رئه‌وه ئایندهی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش زۆر گه‌ش ده‌بینم.
ده‌قی دیمانه‌كه به ڤیدۆ...