Print
 فه‌رهاد عه‌ونی‌: تائێستا یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌، به‌هه‌ندێك له‌ دادگاكانی‌ كوردستان نه‌گه‌یشتوه‌
Friday, April 23, 2010

دیمانه‌: رێبین فه‌تاح

فه‌رهاد عه‌ونی‌، نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تائێستا له‌ هه‌ندێك له‌ دادگاكانی‌ كوردستاندا یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كاری‌ پێناكرێت‌و هه‌ندێك كه‌موكورتیش له‌ یاساكه‌دا هه‌یه‌.
له‌م دیداره‌دا، فه‌رهاد عه‌ونی‌ جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ كه‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌‌و پێشتر سودمه‌ندبون، زه‌وییه‌كه‌یان له‌سه‌ر تاپۆ ناكرێت‌و له‌به‌رامبه‌ر فێڵ‌‌و ساخته‌كاریشیاندا، ره‌نگه‌ له‌ ئه‌ندامێتیی‌ سه‌ندیكا دوربخرێنه‌وه‌.

رۆژنامه‌: له‌پاڵ‌ ئه‌وه‌دا كه‌ رۆژنامه‌نوسان لێره‌‌و له‌وێ‌ مافه‌كانیان پێشێلده‌كرێت، سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان چ به‌رنامه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ بۆ داكۆكێكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: زۆربه‌ی‌ كاته‌كانمان ته‌رخانكردوه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و چه‌سپاندنی‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ له‌ كوردستاندا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمان دروستكردوه‌ كه‌ له‌ كۆی‌ (12)ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ندیكا‌و پێنج له‌ ئه‌ندامه‌كان كار له‌و لیژنه‌یه‌دا ده‌كه‌ن، به‌ناوی‌ لیژنه‌ی‌ داكۆكیكردن له‌ ئازادییه‌كانی‌ رۆژنامه‌نوسان‌و هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌. راپۆرته‌كانیشمان جێگه‌ی‌ گرنگیپێدانی‌ ناوه‌نده‌كانی‌ په‌یوه‌ندیدار‌و تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌نوسانه‌، به‌تایبه‌ت فیدراسیۆنی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و بۆ جاری‌ دوه‌میشه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا، داوامان لێده‌كات، به‌ فه‌رمیی‌ راپۆرته‌كانیان پێبده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش ئاماژه‌ی‌ بۆ بكه‌ن. وه‌ك سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان، رۆژانه‌ سه‌رقاڵی‌ ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێك كێشه‌ی‌ بۆ دروست ببێت، چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، به‌ڵام تێكه‌ڵ‌ بونێك هه‌یه‌، هه‌ندێكجار رۆژنامه‌نوس له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ جیا له‌ رۆژنامه‌نوسی‌ توشی‌ كێشه‌ ده‌بێت‌و پێی وایه‌، ده‌بێت سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان داكۆكی‌ لێبكات، به‌ڵام سه‌ندیكا ته‌نها ئیش له‌سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسییه‌وه‌ توشی‌ كێشه‌ ده‌بن.

رۆژنامه‌: تا ئێستا زۆرجار له‌ دادگاكانی‌ كوردستاندا كار به‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ناكرێت‌و یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ده‌خرێته‌ پێشه‌وه‌. به‌دواداچونتان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كردوه‌؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: تا ئێستا (100%)كار به‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ نه‌كراوه‌ له‌ دادگاكانی‌ كوردستاندا‌و ئه‌مه‌ش دو هۆكاری‌ هه‌یه‌: یه‌كه‌میان: هه‌ندێك له‌ دادگاكان تا ئێستا به‌ ره‌سمیی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ناكه‌ن‌و هه‌ندێك له‌ دادگاكان تا ئێستا ده‌قی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌رییان بۆ نه‌چوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ره‌سمیی‌ یاساكه‌یان به‌ده‌ست نه‌گات، ناتوانن كاری‌ پێبكه‌ن، به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌ستنی‌ سمینار له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رز، به‌ڵام كاری‌ پێناكه‌ن، داواكارین له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ داد‌و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌ گشتاندن بۆ ده‌زگاكانیان بكرێت، بۆ كاركردن به‌و یاسایه‌، چونكه‌ یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچوه‌‌و قابیلی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ نییه‌. دوه‌میان: هه‌ندێك كه‌موكوڕیی‌ له‌ خودی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا هه‌یه‌. ئێمه‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌ ژێر فشاری‌ رۆژنامه‌نوساندا، بڕگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ ئادابی‌ گشتیمان له‌ یاساكه‌دا لابرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێك له‌ ئادابی‌ گشتی‌ لابدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا ئادابی‌ گشتی‌ جێگه‌ی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ دادوه‌ر بۆی‌ هه‌یه‌ به‌پێی‌ یاسایه‌كی‌ تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌نوسه‌كه‌دا بكات. له‌ ئاینده‌دا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین‌و یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ هه‌مواربكه‌ینه‌وه‌.

رۆژنامه‌: ره‌خنه‌ له‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌گیرێت به‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسه‌ حیزبییه‌كانه‌، نه‌ك سه‌ندیكای‌ هه‌مو رۆژنامه‌نوسان؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: له‌ یاسای‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستاندا هیچ له‌مپه‌رێك له‌به‌رده‌م هیچ رۆژنامه‌نوسێكدا نییه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ بیروباوه‌ڕی‌ سیاسی‌، نه‌ته‌وه‌یی‌، ئاینی‌‌و ... هتد، ده‌رگای‌ سه‌ندیكاش له‌به‌رده‌م هه‌مو رۆژنامه‌نوساندا كراوه‌یه‌. ئه‌گه‌ر رێژه‌ی‌ دانیشتوان له‌به‌رچاوبگرین، باوه‌ڕناكه‌م هیچ سه‌ندیكایه‌ك له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌ندیكاكه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌ندامی‌ هه‌بێت. له‌ناو هه‌مو ئه‌ندامه‌كانیدا، رۆژنامه‌نوسانی‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌كان، رۆژنامه‌نوسانی‌ سه‌ربه‌خۆ، رۆژنامه‌نوسانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌‌و ئاینه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان هه‌ن. سه‌ندیكایه‌ك له‌ كه‌لار‌و خانه‌قینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زمار‌و سنجار، به‌ كه‌ركوك‌و موسڵیشه‌وه‌، ئه‌ندامی‌ هه‌بێت، بێگومان به‌شێكیان حیزبی‌‌و به‌شێكیان سه‌ربه‌خۆ ده‌بن، به‌شێكیان له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و به‌شێكیان سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كلد‌و ئاشور‌و ئاینه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌بن. له‌ راستیدا سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان، نه‌ك هه‌ر سنوری‌ حیزبایه‌تی‌‌و سنوری‌ شاروشارۆچكه‌كانی‌ كوردستانی‌ به‌زاندوه‌، به‌ڵكو سنوری‌ ده‌ستكردی‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌ده‌یان ئه‌نداممان له‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و ئه‌وروپاش هه‌یه‌.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌ بۆچی‌ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌تان لێده‌گیرێت؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: له‌ رێگای‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌وه‌، داوا له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌كه‌م كه‌ قه‌وانی‌ حیزبیبونی‌ سه‌ندیكا لێده‌ده‌ن، یه‌ك نمونه‌ له‌سه‌ر حیزبیبونی‌ سه‌ندیكا بهێننه‌وه‌، تا من هه‌ڵوێست وه‌ربگرم. ئێمه‌ هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان به‌شێك نییه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ كوردستان، به‌ڵام به‌شێكه‌ له‌ ئه‌زمونی‌ كوردستان. جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ تا ئێستا له‌ سه‌ندیكا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هه‌مویان روبه‌ڕوی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كراونه‌ته‌وه‌، ئاشكراشه‌ كام لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ پێكهێناوه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان خاتری‌ ئه‌م لایه‌ن‌و ئه‌و لایه‌ن‌و حكومه‌ت بگرن، نابێت ئه‌و راپۆرتانه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ زۆرجار ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت بریندار ده‌كه‌ن. به‌كورتی‌، سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان، سه‌ندیكایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌‌و ده‌رگاش واڵایه‌ بۆ هه‌ر رۆژنامه‌نوسێك ئه‌گه‌ر بیسه‌لمێنێت بۆ یه‌كجاریش سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ دایشكاندوه‌، ئێمه‌ هه‌ڵوێسته‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌و هه‌ڵوێستیش وه‌رده‌گرین.

رۆژنامه‌: یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ ته‌وافوقی‌ حیزبی‌ دیاریكراوه‌؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: تۆ ناوی‌ ته‌وافوقی‌ حیزبی‌ لێمه‌نێ‌. ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی‌ كۆنفرانساتی‌ سه‌ربه‌خۆو ئازاده‌وه‌ نوێنه‌رانی‌ كۆنگره‌ هه‌ڵده‌بژێرین. له‌كۆنگره‌ی‌ پێشوشدا رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ دیاری‌ كرابون. كۆنگره‌ش گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌گه‌ر زیاتر له‌ چوارسه‌د رۆژنامه‌نوس له‌ كۆنگره‌ ئاماده‌ بن‌و دادوه‌ر سه‌رپه‌رشتی‌ بكات، ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ بڕیاربده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تاكه‌كه‌س یان لیست ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ندیكا هه‌ڵبژێررێت، له‌كۆی‌ چوارسه‌د‌و په‌نجا رۆژنامه‌نوس، چوارسه‌د‌و سی‌ رۆژنامه‌نوس له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ بن كه‌ لیست پێكبهێنرێت، ئیتر بۆ كاره‌كه‌ حیزبییه‌. سه‌ندیكایه‌ك كه‌ كاره‌كانی‌ سه‌ربه‌خۆبن، بۆچی‌ حیزبییه‌. حیزبه‌كانیش پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ سه‌ندیكا ته‌ره‌فگیرییان بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ندیكا ته‌ره‌فگیری‌ هه‌ر لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ كرد، له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵدا، ده‌ سه‌ندیكای‌ دیكه‌ دروست ده‌كرێن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌ندیكایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، كه‌م كه‌س ده‌توانێت ته‌عنی‌ لێبدات، ئه‌و ته‌عنانه‌ش لێیدراون، بێبنه‌مان‌و ئاماده‌شم به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر كه‌سێك‌و هه‌ر رۆژنامه‌نوسێك مونازه‌ره‌ی‌ ته‌له‌فیزیۆنی‌ بكه‌م له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌.

رۆژنامه‌: به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌گیرێت كه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان، هه‌ندێك كه‌سی‌ كردوه‌ به‌ ئه‌ندام كه‌ رۆژنامه‌نوس نه‌بون؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: ئه‌وه‌ ره‌ت ناكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌موكورتی‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوساندا هه‌یه‌، به‌ڵام پێشتر ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن به‌رپرسیارن له‌و كه‌موكورتییانه‌، چونكه‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن نوسراو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندام له‌ سه‌ندیكا، ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن پشتگیرییان ده‌كه‌ن‌و ره‌وانه‌ی‌ سه‌ندیكایان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دیسان ئێمه‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ناكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ ناهه‌ق بونه‌ته‌ ئه‌ندام له‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان. ئێمه‌ له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌ره‌قه‌یه‌كمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ شێوازی‌ ئه‌ندامبون له‌ سه‌ندیكا‌و به‌دواداچون له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ هه‌ن. بیریشمان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك ناونیشان له‌ئه‌ندامێتی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان ره‌شبكه‌ینه‌وه‌. بۆ نمونه‌، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ئیمتیاز سه‌د له‌ سه‌د رۆژنامه‌نوسێكی‌ كارا نه‌بێت، نایكه‌ین به‌ ئه‌ندام.

رۆژنامه‌: ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا باس له‌وه‌ كرا كه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان پێداچونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانیدا ده‌كات، به‌چی‌ گه‌یشتن؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: تا ئێستا پێداچونه‌وه‌یه‌كی‌ ورد‌و جدیمان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نه‌كردوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ندێك پرسی‌ گرنگه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ بوین، وه‌ك داكۆكیكردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نوسان‌و دابینكردنی‌ زه‌وی‌‌و حیسابكردنی‌ خزمه‌تی‌ رۆژنامه‌نوسی‌‌و سندوقی‌ خانه‌نشینی‌‌و یارمه‌تیدانی‌ خێزانی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ شه‌هید‌و...هتد، به‌ڵام هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵ‌ براده‌رانی‌ ئه‌نجومه‌ن باسی‌ ئه‌و پرسه‌مان كردوه‌‌و هه‌ستمانكردوه‌ جۆره‌ كه‌ڵه‌كه‌بونێك هه‌یه‌، به‌ڵام له‌داهاتودا‌و له‌ پاش كۆنگره‌ی‌ سێیه‌می‌ گشتییه‌وه‌، پێموایه‌، كه‌موكورتییه‌كانی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌ندام چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

رۆژنامه‌: باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌، پێشتر سودمه‌ندبون، ئێوه‌ به‌دواداچونتان له‌سه‌ر نه‌كردوه‌؟
فه‌رهاد عه‌ونی‌: ئه‌مه‌ جاری‌ سێیه‌مه‌، زه‌وی‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرین‌و به‌سه‌ر رۆژنامه‌نوساندا دابه‌ش ده‌كرێت. له‌ ساڵی‌(2005)وه‌ (189)رۆژنامه‌نوس ناویان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌بو، كاتی‌ داواكردنیان له‌ زه‌وی‌ سودمه‌ند نه‌بون، به‌ڵام له‌و ساڵه‌وه‌ تا ئێستا، ره‌نگه‌ به‌ ده‌یان رۆژنامه‌نوس له‌و (189) رۆژنامه‌نوسه‌ سودمه‌ندبوبن. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ وه‌كو سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی‌ ناكه‌ین، رۆژنامه‌نوسێك دوجار سودمه‌ند بێت، چونكه‌ مافی‌ كه‌سێكی‌ تر ده‌خوات. پاشان یاسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادات كه‌سێك دوجار سودمه‌ند بێت. جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێك خۆی‌ یان خێزانه‌كه‌ی‌ سودمه‌ند بوبن، به‌هه‌مانشێوه‌ جارێكی‌ تر سودمه‌ند نابێت. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ كه‌موكورتییه‌ك نه‌مێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ لێره‌وه‌ نوسراو ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت له‌ سلێمانی‌‌و دهۆك‌و هه‌ولێر سودمه‌ند نییه‌، ئه‌وكات زه‌وییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر تاپۆ ده‌كرێت‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێك پێشتر سودمه‌ند بوبێت‌و فێڵ‌‌و ساخته‌كاری‌ كردبێت، مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ین‌و دوریش نییه‌ ته‌رقین قه‌یدی‌ بكه‌ین، چونكه‌ رۆژنامه‌نوسێك درۆ‌و ساخته‌كاری‌ بكات، مومكین نییه‌ ببێت به‌ ئه‌ندام له‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان.

Sbeiy.com © 2007