Print
 بۆچی دژایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌كرێت؟
Tuesday, May 11, 2010

راپۆرتی: به‌رهه‌م عومه‌ر
رۆژی 5ی ئایار، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌ی كاركردنی ‌ له‌ (به‌هرۆز قه‌شانی) پارێزگاری سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت سه‌نده‌وه، به‌و پێیه‌ی هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا ناكات و ئاسته‌نگی هێناوه‌ته‌ به‌رده‌م كاره‌كانیان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ نایاسایی ده‌زانێت و لیژنه‌كانی گۆڕیوه‌ و پرۆژه‌كانی وه‌ستاندوه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاش له‌وباره‌یه‌وه‌ یاداشتێكیان نارد بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ڵام تا ئێستا پارێزگاری نوێ هیچ لێدوانێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان و رای گشتی نه‌داوه‌.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رایگه‌یاندبو كه‌ "له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێرن"، به‌ڵام چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌و یاداشته‌ن كه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی (هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان) و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كرابو.

كاوه‌ عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌)، ره‌خنه‌ له‌ كاره‌كانی‌ پارێزگاری‌ نوێی‌ سلێمانی‌ ده‌گرێت ‌و ده‌ڵێت: "پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌كاربوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا نه‌كردوه‌ ‌و په‌راوێزی‌ خستوه‌"، هه‌ر بۆیه‌ بانگێشتیانكرد بۆ ئاماده‌بون له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ندا، به‌ڵام به‌هرۆز قه‌شانی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌بو، هه‌روه‌ها نامه‌یه‌كی ناردبو بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و تیایدا "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ نایاسایی له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ و پێشێلی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌جومه‌نی كردوه‌ و خۆی به‌شه‌رعی داناوه‌".

کاوه‌ عه‌بدوڵا، ئاشکراشیکرد: له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ کار بکه‌ن بۆ چه‌سپاندنی یاسا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ دانانی دو جێگری پارێزگار به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی و له‌گه‌ڵ لابردنی پارێزگاری سه‌پێنراوی سلێمانی به‌ وه‌کاله‌ت.

پارێزگاری سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت، به‌پێی یاسای 159ی ساڵی 1969 له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و یاسایه‌ زۆر كۆنه‌ و له‌ مێژه‌ كاری پێناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسای به‌عسه‌ و پێش راپه‌ڕین كاری پێكراوه‌، له‌دوای راپه‌ڕینیش ماوه‌یه‌ك كاری پێكراوه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كاتی (بریمه‌ر) ئه‌و یاسایه‌ی‌ ره‌ت كردوه‌ته‌وه‌ و كاری پێناكرێت.

ئه‌نوه‌ر فه‌ره‌ج سه‌نگاوی‌، سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هاوڕابو له‌گه‌ڵ كاوه‌ عه‌بدوڵا و وتی: "ئێستا پارێزگار حساب بۆ ئه‌نجومه‌ن ناكات ‌و ناگه‌إێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن ‌و هه‌ماهه‌نگی ناكات، له‌ كاتێكدا  ده‌بێت به‌ پێی‌ یاسا پارێزگار ملكه‌چ بێت بۆ یاسا‌و هاوكاری‌ ئه‌نجومه‌ن بكات".

بۆچی ئه‌نجومه‌ن پاش بێده‌نگییه‌كی زۆر هه‌ڵوێستی وه‌رگرت؟
كاوه‌ عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وكاته‌ی پارێزگاری نوێ به‌وه‌كاله‌ت دانرا سه‌روه‌ختی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بو، وتیشی "زانیمان دانانه‌كه‌ی‌ نایاساییه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردندابو، نه‌مانویست بارگرژی‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دروستبكه‌ین ‌و بێده‌نگیمان كرد".

بێستون محه‌مه‌د ساڵح، یاساناس، له‌ وتارێكدا به‌ناوی (قه‌یرانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.. پارێزگاری سلێمانی) كه‌ له‌ (سبه‌ی)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه،‌ پێی وایه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی "پاساوی بێ بنه‌ما" ده‌هێننه‌وه‌ بۆ بێده‌نگیه‌كه‌یان له‌ رابردودا، به‌و پێیه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پارێزه‌ری ده‌نگی ملیۆنێك و 800 هه‌زار كه‌سی ئه‌و شاره‌ن و شه‌رعیه‌تیان هه‌یه‌ و به‌بێ پشتبه‌ستن به‌هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی چاوپۆشیانكردوه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی پارێزگار به‌و شێوه‌یه‌، ئه‌وه‌ش "هه‌ڵه‌یه‌كی ئیدارییه‌".

به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ (1) كه‌ له‌ مانگی‌ (1)ی‌ ساڵی‌ (2009)دا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رچوه‌، ماوه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم تا (31/12/2009) درێژكراوه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ش هه‌ر پارێزگارێك له‌ شوێنی‌ دانای‌ ئه‌حمه‌د مه‌جید دابنرێت ته‌نیا بۆ به‌ڕێكردنی‌ كاره‌كان (تصریف اعمال) ده‌بێت.

به‌شێكی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی  دانانی پارێزگاره‌ نوێیه‌كه‌ به‌ كارێكی نایاسایی داده‌نێن و پێشیان وابوه‌ كه‌ نابێت (به‌هرۆز قه‌شانی) له‌ ئه‌نجومه‌ندا ده‌نگی پێبدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌ یاسا ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.

وشیار ره‌سوڵ‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیستی یه‌كگرتو له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌ سه‌ره‌تای دانانی پارێزگاری نوێ به‌وه‌كاله‌ت، به‌ (رۆژنامه)‌ی راگه‌یاندوه‌: "وه‌كو سه‌رده‌می پێش راپه‌ڕین ‌و دوای راپه‌ڕین پارێزگار دانراوه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌نجومه‌نێك له‌ ئارادایه‌، كه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، ئه‌گه‌ر به‌یاسا بێت ئێمه‌ پابه‌ندی یاساین ‌و ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌ن پارێزگار هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له‌ یاساش ده‌كرێت، ده‌نگدان له‌سه‌ر شتێكی نایاسایی پێویست ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئێمه‌ ده‌نگ بۆ دانانی پارێزگاری نوێ نه‌ده‌ین".

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ راشیگه‌یاند كه‌ به‌هرۆز قه‌شانی، پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت رایگه‌یاندوه‌ "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی نایاساییه‌"، هه‌ر بۆیه‌ "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی توانی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی بیسه‌لمێنێت كه‌ هاتنی به‌إێزیان و دو جێگره‌كه‌ی و سه‌پاندنیان به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا نایاساییه‌، ئێمه‌ لێدوانه‌ نایاسایی و كاره‌ نایاساییه‌كانی پارێزگارمان ناردوه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و چاوه‌إێی وه‌ڵامی ئه‌وانین".

وتیشی: "هه‌مو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ مافی به‌یاساییبونی خۆی خۆشنابێت و رێگه‌نادات كه‌ پارێزگارێكی سه‌پێنراو پێی بڵێت ئێوه‌ ناقانونین".

كاوه‌ عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارێزگاری نوێ ناكات و هه‌ر كارێكیش كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات گوزارشت له‌ ویستی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگای سلێمانی ناكات و پارێزگاره‌كه‌ خۆی لێی به‌رپرسیاره‌.

ئایا پارێزگاری سلێمانی هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای (سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك) به‌ نایاسایی ده‌زانێت؟
له‌ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك) یاسای ژماره‌ 71ی بریمه‌ر كاری پێده‌كرێت، به‌ڵام له‌ماوه‌ی رابردودا ته‌نها له‌لایه‌ن (پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت)ه‌وه‌ باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان نایاساییه‌ و ده‌بێت یاسایه‌كی نوێ له‌م خوله‌ی ئێستای ئه‌نجومه‌نه‌كاندا كاری پێبكرێت.

به‌ڵام پاش بریمه‌ر و دامه‌زراندنی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ماده‌كانی (110، 114، 115، 122)ی ده‌ستوری عێراقی، په‌رله‌مانی عێراق یاسایه‌كی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق په‌سه‌ندكرد و تیایدا لامه‌ركه‌زیه‌تی بۆ شاره‌كانی عێراق په‌سه‌ندكرد، هه‌روه‌ها ساڵی 2009 په‌رله‌مانی كوردستان یاسای ژماره‌ 3 ی ده‌ركرد، بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای داهاتو.

ئه‌مین جاف، نوسه‌ری وتاری (پارێزگای سلێمانی لە دورێیانی هەردو دەسه‌ڵاتی سیاسی و یاسایدا) له‌ سایتی (سبه‌ی) ده‌نوسێت: ئەمڕۆ لە عێراقدا گەورەترین و بەهێزترین بەرهەمی پرۆسەی رزگاری عێراق ئەو ئیدارە لامەرکەزیەیە کە لە پاریزگاکاندا پەیڕەودەکرێت، هەر لە سایەی ئەو سیستمەدا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوردا جۆرێک لە فیدراڵیەت بەڕێوەدەچێت و سەرکەوتنی گەورەشی بەدەسهێناوە، لە کاتێکدا هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بانگەشە بۆ دیموکرتی و پابەندبون بە دەستورو و یاساوە دەکەن و رۆژانە لەرێگای کەنەڵەکانی راگەیاندنەوە داوای جیبەجێکردنی مادەکانی دەستوری عێراق دەکەن، هۆی هەمو ناکۆکیەکان دەگەڕێنەوە بۆ پابەندنەبونی بەغدا بە دەستورەوە، ئێستا وا دەسه‌ڵات خۆی دەستور و یاسا پشتگوێ‌ دەخات، ئەوەتا پارێزگا دور لە ویست و خواستی خەڵکی شارەکانی کوردستان بەسەر ئەنجومەنی پارێزگادا دەسەپێنن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا هاتوه‌ كه‌ : "سەپاندنی پارێزگار و هەردو جێگرەکەی بە سەر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، سەپاندنی سیاسەته‌ بە سەر یاسادا".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كوردستان سێوكانی، سه‌رۆكی كوتله‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك، كه‌ له‌ ئێستادا هه‌مان دۆخی یاساییان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌، ده‌بوایه‌ هه‌ر زوتر بهاتنایه‌ به‌ده‌ممانه‌وه‌، وه‌كو هاوپیشه‌ییه‌ك و وه‌فایه‌ك و دڵسۆزییه‌ك، هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه‌".

بۆ دانانی پارێزگار و جێگره‌كانی، یه‌كێتی پرسی به‌هیچ لایه‌نێك نه‌كرد
هه‌ردو لیستی یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ‌، كه‌ خاوه‌نی (8) كورسی ئه‌نجومه‌نی سلێمانین، ئاگاداری دانانی پارێزگاری سلێمانی- به‌وه‌كاله‌ت، نین‌ و ناڕازین له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ‌و ئیداریی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای پشتگوێخستوه ‌و رای وه‌رنه‌گرتون له‌دانانی كه‌سێك له‌بری پارێزگاری خانه‌نشینكراوی سلێمانی.

 ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ ره‌شید ئه‌ندامی لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ (رۆژنامه‌)ی راگه‌یاند: "ئێمه‌ گله‌ییمان له‌ میكانزمی دانانی پارێزگاری نوێ هه‌یه ‌‌و هیچ پرس ‌و رایه‌كمان پێنه‌كراوه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر سیستمی لامه‌ركه‌زی كارده‌كه‌ین، پارێزگاری پێشو كه‌ دانراوه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی پێداوه‌، به‌ڵام ئێستا بێ هیچ پرسكردنێك به‌ ئه‌نجومه‌ن ‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، پارێزگاری نوێ دانراوه‌، ئێمه‌ گله‌ییمان هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی، كه‌ ئه‌نجومه‌نی پشتگوێخستوه‌، ئێستاش قه‌زیه‌كه‌ له‌وه‌ ده‌رچوه‌ داوای ده‌نگدان له‌ئێمه‌ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستی به‌ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نییه‌".

وشیار سدیق ئه‌فه‌ندی، سه‌رۆكی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتی: له‌ رابردودا لیستی (109- یه‌كێتی) به‌ ئاماده‌بونی هێرۆ ئیبراهیم، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، كۆبونه‌وه‌یه‌كیان كردوه‌ بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی خۆیان، ئه‌و لیسته‌ ره‌زامه‌ندبون كه‌ (به‌هرۆز قه‌شانی) وه‌كو پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت كاربكات، پاشان هه‌رسێ سه‌رۆكی لیستی (پارتی و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) كۆبوینه‌وه‌ و ره‌زامه‌ند بوین، كه‌ وه‌كیلی پارێزگار كاربكات به‌ مه‌رجێك هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا بكات.

سه‌رۆكی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ نێو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ (سبه‌ی) وتی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو مامه‌ڵه‌یه‌كی یاسایی داین و كاری نایاسایی ناخوازین، به‌و پێیه‌ش دانانی دو جێگره‌كه‌مان به‌ نایاسایی داناوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌رچی پارێزگار له‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و به‌ ئه‌نجومه‌نیشدا تێپه‌ڕنه‌بوه‌ و به‌وه‌كاله‌تیش هاتوه‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ، هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا یه‌كێتی به‌ده‌ستی هێناوه‌، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ (یه‌كێتی)ه‌ كه‌ ئه‌ویش لیستی 109یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌سه‌ندمان كردبو.

Sbeiy.com © 2007