راپۆرتی: به‌رهه‌م عومه‌ر
په‌رله‌مانی عێراق له چاوه‌ڕوانی یه‌كه‌م دانیشتنی خۆیدا كۆمه‌ڵێگ لێدوان و هه‌ڵوێستی سیاسی سه‌رنجڕاكێشی به‌دوای خۆیدا هێناوه، له‌كاتێكدا هێزه عێراقیه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن كه هێشتا قۆناغی دانوستانی فه‌رمی له‌نێوان قه‌واره‌كان ده‌ستی پێ نه‌كردوه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هێزانه ژێربه‌ژێر له دو مانگی رابردودا سه‌رقاڵی گفتوگۆ و دانوستانه‌كانیانن، به‌ڵام هێشتا كورد به یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌و دانیشتنانه‌دا نادیاره.
ئیئتیلاف (هاوبه‌ندی)ی لیسته كوردستانیه‌كان رۆژی 9/5 له هه‌ولێر به ره‌سمی له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌نرا، پاش چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌و ئیئتیلافه، په‌یڕه‌وی ناوخۆ و به‌رنامه‌ی كاریان ئاماده‌كرد، به‌ڵام به وته‌ی یه‌كێك له ئه‌ندامانی هاوبه‌ندییه‌كه بۆ (سبه‌ی)، "چاوه‌ڕوانی راگه‌یاندنی فه‌رمی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كانی دیكه‌دا".
رۆژی 28/3 كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راگه‌یاند، كه تیایدا لیسته‌كانی (ئه‌لعێراقیه 91 كورس، ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا 89كورسی، ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراق 75 كورسی و هاوپه‌یمانی كوردستان 43 كورسی، لیستی گۆڕان 8 كورسی، یه‌كگرتوی ئیسلامی 4 كورسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی 2 كورسی)یان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌هۆی هه‌ندێك سكاڵا و تانه‌وه هێشتا رانه‌گه‌یه‌نراوه.
هه‌وڵ ده‌درێت ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان كارتۆنی بێت:
رۆژی 11/5 واته دو رۆژ پاش ئه‌وه‌ی به ره‌سمی ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌نرا، مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ردانی شانشینی سعودیه‌یان كرد و له‌وێ دور له چاوی كامێرا‌كان دانیشتنیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری چه‌ند لیستێكی عێراقیدا ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق، له‌كاتێكدا ده‌بو ئه‌و كاره‌یان بسپاردایه به‌و لیژنه‌یه‌ی پێكهێنرابو بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانه‌كان.
جگه له‌وه‌ی تاڵه‌بانی سه‌ردانی میسر و تارانی پایته‌خی ئێرانی كرد بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق و دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكانی عێراق.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌فته‌ی رابردو، مه‌حمود عوسمان، كاندیدی متمانه پێدراوی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند: تا ئه‌وكاته ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان به‌ڕێده‌كرێت بۆ به‌غداد، شاندی پێشوی كوردستان ده‌توانن دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بی و عێراقی ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌ردار عه‌بدوڵا، كاندیدی متمانه پێدراوی لیستی گۆڕان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (رۆژنامه)، ده‌ڵێت: "نه‌چونی وه‌فده‌كه بۆ به‌غدا جێی گومانه، چونكه پێویستبو دوای پێكهێنانی ئیئتیلافی كوتله كوردستانییه‌كان، ئه‌م وه‌فده بچێته به‌غداد، پێموایه هۆكاری ئه‌م لێدوانه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه وه‌فده‌كه به‌ڕێ نه‌كه‌وتوه. سه‌باره‌ت به‌و لێدوانه‌ی مه‌حمود عوسمان، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌رپرس ده‌كه‌م له‌وه‌ی، وه‌ڵامبداته‌وه، ئایا ئه‌و لێدوانه گوزارشت له رای شه‌خسی خۆی ده‌كات، یان رای ئه‌وانه، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا نوێنه‌ره له به‌غداد، گوزارشت له ئێمه ناكات و هیچ نوێنه‌رێكمان جیا له ئیئتیلافی كوتله كوردستانییه‌كان قبوڵ نییه و به‌ڕێكردنی ئه‌م وه‌فده‌ش هێنده گران نییه، له‌به‌رئه‌وه ئیلتیزام به‌هیچ رێككه‌وتنێكه‌وه ناكه‌ین كه ئێمه‌ی تیا نه‌بین".
ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان پێكهاتوه له نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌كانی (هاوپه‌یمانی كوردستان، گۆڕان، یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی فراكسیۆنه‌كه، سه‌رۆكایه‌تی فراكسیۆنه‌كه به كۆمه‌ڵ ده‌كرێت و بڕیاره‌كان كۆی ده‌نگ ده‌درێت و ئه‌گه‌ر یه‌كێك له لیسته‌كان به بڕیارێك رازی نه‌بێت، بڕیاره‌كه نادرێت، هه‌روه‌ها به كشانه‌وه‌ی هه‌ر لیستێك، ئیئتیلافه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، جگه له‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی ده‌چێته‌وه به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و پاشان سه‌رۆكی هه‌رێم په‌سه‌ندی بكات.
هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكی (هه‌رێم و كۆماری عێراق):
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 22/5/2010 له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (حه‌یات) وتی: "لیستی ئه‌لعێراقیه كه ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، لیستی براوه‌یه، پێویسته رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی وه‌زاره‌ته‌كان، جا ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌وێت له‌و پێكهێنانه‌دا یان نا، ئه‌وه مافێكی ده‌ستورییه و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و لیسته‌یه، ئه‌گه‌رچی به دڵنیاییه‌وه ناتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام لانی كه‌م ئه‌و پاساوه ناهێڵێت".
ئه‌م لێدوانه‌ی مه‌سعود بارزانی، له‌لایه‌ن لیسته عێراقیه‌كانه‌وه وه‌كو هه‌ڵوێستی هه‌مو لیسته كوردیه‌كان لێكدرایه‌وه بۆ به‌شداریكردن یان هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی عه‌ره‌بی و عێراقی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌كاتێكدا هێشتا مه‌رجه‌عی سیاسی و شه‌رعی كورد كه پێكهاتوه له ئه‌ندامانی لیژینه دانوستانی ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه رانه‌سپێردراون بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانی خۆیان ده‌ست پێبكه‌ن له‌و باره‌یه‌وه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ی مه‌سعود بارزانی دا، هه‌ردو (لیستی ئیئتلافی نیشتمانی عێراق و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا) نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، ته‌نها لیستی عێراقیه به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی، توانای ئه‌وه‌ی نیه حكومه‌تی داهاتوی عێراق پێكبێنێت و هه‌ر كوتله‌یه‌كیش دژی دوباره سه‌رۆكایه‌تی مالیكی بێت، پێویسته وه‌ك نه‌یار له په‌رله‌مانی عێراقدا كاربكات.
ئه‌م لێدوانه‌ی بارزانی كاردانه‌وه‌ی توندی لای هه‌ردو لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا دروستكردوه و پێیان وایه حكومه‌تی داهاتوی عێراق ته‌نها به عه‌لاوی دانامه‌زرێت و كوردیش ده‌یه‌وێت له په‌نای به‌رگریكردنی له عه‌لاوی، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی بپارێزێت.
له‌مباره‌یه‌وه عه‌لی ده‌باغ له لێدوانێكیدا بۆ (سۆمه‌ریه نیوز) رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر كورده‌كان بیانه‌وێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ عێراقیه ببه‌ستن ئه‌وا ده‌توانن، به‌ڵام ئێمه بابه‌تی راسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت قبوڵ ناكه‌ین ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی گشتی له‌سه‌ر نه‌درێت.
له ئاماژه‌یه‌كدا بۆ رێكنه‌كه‌وتنی كورد‌و شیعه‌كان، ده‌باغ ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕو: هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی یاخود كوتله‌یه‌ك نه‌یاربێ به سه‌رۆكایه‌تی مالیكی، ئه‌وه ده‌بێت خۆی یه‌كلا بكاته‌وه، واته پێویسته وه‌ك كوتله‌یه‌كی نه‌یار بڕواته ناو په‌رله‌مانی عێراقه‌وه.
له لێدوانێكدا بۆ ئه‌سوات عێراق، (عه‌لی ده‌باغ) وته‌بێژی حكومه‌تی مالیكی رایگه‌یاند: مه‌سه‌له‌ی راسپاردن به پێكهێنانی حكومه‌ت، مه‌سه‌له‌یه‌كی یاساییه و دادگای فیدڕاڵی یه‌كلایی كردۆته‌وه و دواجار به‌پێی یاسا كێ هه‌لی بۆ ره‌خسا، ئه‌و كه‌سه حكومه‌ت پێك دێنێت، وتیشی: ئه‌گه‌ر كورده‌كان ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ لیستی عێراقیه ئیئتیلاف بكه‌ن، ئه‌وا كه‌س ده‌ستی نه‌گرتون.
ئه‌گه‌رچی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق، به یه‌كێك له گفتوگۆ چاره‌نوسساز و ئاڵۆز و درێژه‌كان ده‌زانرێت و پێویستی به چه‌ندین دانیشتن و كۆبونه‌وه‌ی سیاسی هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌پێی یه‌یڕه‌وی ناوخۆی ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی گفتوگۆی ئه‌و ئیئتیلافه به چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا ده‌ڕوات و كاتێكی زۆر ده‌خایه‌نێت.
به‌ڵام، جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له لێدوانێكدا رۆژی 24/5 له (په‌یامنێر) بڵاوكراوه‌ته‌وه رایگه‌یاند: پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق كاتێكی زۆری پێویست نییه، وتیشی: "ره‌نگه به‌منـــزیكانه هه‌ردو ئیئتلافی شیعه له باره‌ی دیاركردنی یه‌ك پاڵێوراو بۆ ئه‌و پۆسته رێكبكه‌ون، یاخود ژماره‌یه‌ك پاڵێوراو دیاری بكه‌ن و به كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی كوتله‌كانییان كه‌سێكێك ده‌ستنیشان بكه‌ن".
تاڵه‌بانی له‌و لێدوانه‌یدا، به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌سعود بارزانییه‌وه، رایگه‌یاند: پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عێراق ته‌نها مافی شیعه‌كانه، به‌و پێیه‌ی زۆرنه‌ی خه‌ڵكی عێراق پێكده‌هێنن.
له رۆژنامه‌ی (حه‌یات) رۆژی 29/5 به‌هه‌مان شێوه جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: “سه‌رجه‌م كوتله سیاسییه براوه‌كانی عێراق پێیانوتوم كه له‌م قۆناغه‌دا زه‌روره جارێكی تر پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌رگرمه‌وه"، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت تاڵه‌بانی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان، راسته‌وخۆ گفتوگۆی كردوه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار.
په‌راوێز:
http://sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=27145&cat=2
http://www.radionawa.com/Detail.aspx?id=14751&LinkID=67
http://peyamner.com/details.aspx?l=1&id=184061
http://sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=26765&cat=1
http://sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=25968&cat=1
http://sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=428&cat=2
http://international.daralhayat.com/internationalarticle/146350