Print
 زانا رۆستایی: 140، هێڵی سوره‌ له‌ گفتوگۆی هاوپه‌یمانی لیسته‌ كوردستانیه‌كاندا
Tuesday, June 8, 2010

سازدانی‌: ئومێد تۆفیق

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوی سیاسی عێراقی نوێدا، كورد له‌ رێگه‌ی ئیئتیلاف (هاوبه‌ندی)یه‌كه‌وه‌ دانوسان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی و عه‌ره‌بی ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و ده‌ستنیشانكردنی پێشمه‌رج و میكانیزمه‌كانی گه‌یشتن به‌ خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی 9/5 له‌ هه‌ولێر به‌ ره‌سمی له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ (ئیئتیلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان) راگه‌یه‌نرا، پاش چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌و ئیئتیلافه‌، په‌یڕه‌وی ناوخۆ و به‌رنامه‌ی كاریان ئاماده‌كرد.
زانا رۆستایی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری ئیئتیلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان، له‌م دیداره‌دا باس له‌و ئه‌گه‌رانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ گتفتوگۆ و دانوستانه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و عێراقیه‌كاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن وپێی وایه‌ ئه‌گه‌ر لیسته‌ عێراقییه‌كان لایه‌نی كه‌می داخوازیه‌كانی كورد نه‌سه‌لمێنن، باشتره‌ كورد ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

سبه‌ی: له‌ كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌تان بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لیسته‌ براوه‌كانی‌ عێراق، چ بابه‌تێك ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌یه‌ ‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌تان بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ لیستی عێراقیه‌ یاخود ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئیئتلافی نیشتمانی‌ دانیشتنی بۆ سازبكه‌ن؟
زانا رۆستایی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو كوتله‌كان داده‌نیشین و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بگه‌ینه‌ به‌غداد په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رجه‌م كوتله‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌ یه‌كسانی، پێده‌چێت هه‌ندێك له‌ كوتله‌كانیش خۆیان په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن. بۆخۆشمان وه‌ك وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان له‌ڕوی‌ هونه‌ری ئه‌نجامدانی‌ گفتۆكانه‌وه‌ هیچ گرفتێكمان نیه‌، ئه‌وه‌ی‌ زیاتر مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رنامه‌ی‌ ئیئتلاف بده‌ین به‌ گوێیاندا و دواتر گوێ بۆ راوبۆچونه‌كانی‌ ئه‌وانیش بگرین. ئه‌م گفتۆگۆیانه‌ی‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لیست و كوتله‌كاندا تا ئه‌وكاته‌ی‌ دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌كرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ مه‌به‌ستی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق لیستێك راده‌سپێردرێت، چونكه‌ له‌وكاته‌دا گفتۆگۆكان ده‌چنه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌.

سبه‌ی: ئێوه‌ هیچ سه‌قفێكی زه‌مه‌نیتان داناوه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ له‌ به‌غدا ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن؟
زانا رۆستایی: ئێمه‌ ناتوانین سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ كۆتاییهێنانی‌ گفتوگۆكان دابنێین، به‌ڵكو هه‌لومه‌رجی پێكهێنانی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.

سبه‌ی: پێش ئه‌وه‌ی به‌م نزیكانه‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی‌ ببه‌ستێت، ئایا ئێوه‌ كۆتایی به‌ گفتۆگۆكان دێنن؟
زانا رۆستایی: به‌ڵێ‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ پێش یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ گفتوگۆكان بهێنین، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر كوتله‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان رێكبكه‌ون له‌سه‌ر راسپاردنی لیستێك بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی ئایینده‌ی‌ عێراق، ئه‌وكات ره‌وتی گفتوگۆكانمان كه‌شێكی جددیتر له‌ خۆ ده‌گرێت.

سبه‌ی: یه‌كێك له‌ خاڵی‌ گفتۆگۆكانی‌ ئێوه‌ له‌ به‌غدا ماده‌ی‌ 140 ده‌بێت، ئایا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لیسته‌ی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق پێكدێنێت، چ جۆره‌ ئالیه‌ت و به‌ڵێن و گره‌نتیه‌ك داوا ده‌كه‌ن؟
زانا رۆستایی: له‌ كاتی‌ هه‌ر رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ لیسته‌ عێراقیه‌كاندا بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی‌ 140، پێویسته‌ كۆتاییه‌كه‌ی‌ به‌ نوسراو و دۆكۆمێنت بێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ به‌ڵێنی‌ سه‌رزاره‌كی رازینابین. بێگومان یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌ به‌لامانه‌وه‌ مه‌به‌سته‌، ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگاوی‌ پراكتیكی بنرێت له‌لایه‌ن ئه‌و لیسته‌ی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق پێكدێنێت، بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌كه‌. دیاره‌ له‌ رابوردودا چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌ نراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ زه‌مانه‌تی ته‌واوكردن و جێبه‌جێكردنی یه‌كجاری وه‌ربگرین، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی‌ سیاسی هه‌بێت، كه‌متر له‌ ساڵێك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماده‌كه‌دا ماوه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.

سبه‌ی: جگه‌ له‌ مادده‌ی‌ 140، جێكردنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو وه‌زاره‌تی به‌رگری‌ و دواتر ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ رابوردو خاڵی‌ ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بون، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تین له‌ به‌رنامه‌ی‌ گفتوگۆی‌ وه‌فده‌كه‌تان له‌ به‌غدا. ئایا ئه‌گه‌ر له‌م خاڵانه‌وه‌ گفتوگۆكانتان ده‌ستپێبكه‌ن، چ ئومێدێكی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجام؟
زانا رۆستایی: له‌ دانوستاندا دان و وه‌رگرتن هه‌یه‌. مه‌رج نیه‌ هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی‌ ئێمه‌ داوای‌ ده‌كه‌ین سه‌ربگرن، به‌ڵام هیچكام له‌و خاڵانه‌ش له‌ به‌رنامه‌ی‌ گفتۆگۆكانی‌ ئێمه‌دا هه‌یه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 ئاڵۆز نیه‌، بێگومان ئه‌ویش رێ و شوێنی‌ خۆی‌ هه‌یه ‌و به‌ پابه‌ندبون و رێزگرتنی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان گرفتی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

سبه‌ی: ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێ كه‌ له‌ كاتی‌ گفتوگۆكانتاندا ده‌كرێت له‌ داواكاری‌ و مه‌رجه‌كانتان سازش بكه‌ن؟
زانا رۆستایی: ئێمه‌ خاڵه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌ وه‌ك كارتی دانوستان داناوه‌، سه‌رو خواریشمان له‌ ناویدا بۆ خۆمان دیاریكردوه‌، واته‌ لای‌ خۆمان ئه‌وه‌ ده‌زانین له‌ كوێ ده‌ستپێده‌كه‌ین و له‌ كوێشدا كۆتایی پێدێنین.

سبه‌ی: له‌ به‌رنامه‌ی‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌كانتان خاڵی‌ سور بۆ كام له‌ مه‌رجه‌كانی‌ ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان دانراوه‌؟
زانا رۆستایی: ماده‌ی‌   140 یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ گفتوگۆكانماندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازشی لێناكه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گره‌نتی رون و گرنگمان ده‌ست نه‌كه‌وێت بۆ جێبه‌جێكردنی، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شداری نه‌كه‌ین له‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا.

سبه‌ی: رێژه‌یه‌كتان دیاریكردوه‌ بدرێت به‌ كورد له‌ پۆسته‌كانی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق؟
زانا رۆستایی: داواكاری‌ ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ 25% سه‌رجه‌م پۆست و دامه‌زراوه‌كانی‌ عێراق بدرێ‌ت به‌ كورد هه‌ر له‌ حكومه‌ته‌وه‌ تا سوپا و سه‌رجه‌م ده‌زگا و كۆمیسیۆنه‌ عێراقیه‌كان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر شتێكی باشتر بێته‌ پێشه‌وه‌ ده‌گونجێت به‌ كه‌متر له‌و رێژه‌یه‌ رازی بین، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و رێژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داواكاریه‌ به‌راییه‌كانی‌ ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كان كه‌ له‌ كاتی‌ گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌ن و كوتله ‌و لیسته‌ عێراقیه‌كان كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كات.

سبه‌ی: وه‌ك پێكهاته‌كانی‌ ناو ئیئتلافی‌ لیسته‌ كوردستانیه‌كان له‌ نێوان خۆتاندا چ پێوه‌رێكتان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و ئیمتیاز و پۆستانه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا وه‌ریده‌گرن؟
زانا رۆستایی: به‌ مادده‌یه‌كی رون و ئاشكرا له‌ ناو به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كاندا ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا ده‌درێت به‌ كورد، به‌ ئیستحقاقی هه‌ڵَبژاردن و رێكه‌وتن دابه‌ش ده‌كرێت و هه‌ر لایه‌نه‌و به‌پێی‌ قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ پشكی به‌رده‌كه‌وێت.

سبه‌ی: هیچ سیسته‌مێكی تر نیه‌ بۆ بۆ دابه‌شكردنی ئیمتیازه‌كان جگه‌ له‌و خاڵه‌ی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ ئیتئلافی لیسته‌ كوردستانیه‌كاندا دیاری‌ كراوه‌؟
زانا رۆستایی: ده‌گونجێت به‌ سیسته‌می خاڵ ئه‌و ئیمتیازانه‌ دابه‌شبكرێن وه‌ك له‌ كاتی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا ئه‌و سیسته‌مه‌ پیاده‌ ده‌كرێت‌، بۆ نمونه‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك 3-4 خاڵی‌ بۆ داده‌نرێت و هه‌ر خاڵێكیش یه‌كسان ده‌بێت به‌ كورسیه‌كی ناو په‌رله‌مان. ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ حكومه‌تی رابوردودا په‌یڕه‌و كراوه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ حكومه‌تی ئایینده‌شدا پیاده‌ ده‌كرێت‌.

سبه‌ی: ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هیچكام له‌ لیسته‌كاندا نه‌گه‌شتنه‌ رێكه‌وتن، چ ئه‌گه‌رێك دێته‌ ئاراوه‌؟
زانا رۆستایی: ئه‌گه‌ری‌ رێكه‌وتنمان زۆره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا رویدا نه‌گه‌شتینه‌ هیچ رێكه‌وتننامه‌یه‌ك و ئه‌و لیستانه‌ی‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین ئاستی‌ خواره‌وه‌ی‌ داواكاری‌ و مه‌رجه‌كانی‌ ئێمه‌یان قبوڵ نه‌كرد؛ ئه‌وه‌ وه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ وه‌فده‌كه‌دا هه‌یه‌ ئه‌نجامی وتوێژ و دانوستانه‌كان ده‌هێنینه‌وه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و ئه‌وكات له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاشكرادا په‌رله‌مان تاوتوێی‌ ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌كات و وه‌ك مه‌رجه‌ع بڕیاری‌ كۆتایی ده‌دات.

سبه‌ی: پێده‌چێت ئۆپۆزیسیۆنبون قبوڵ بكه‌ن له‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا؟
زانا رۆستایی: ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌شی هه‌ره‌كه‌می داواكاریه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ به‌شداری‌ نه‌كردنمان پێ باشتره‌.

سبه‌ی: له‌ وڵاتێكی وه‌ك عێراق كه‌ فره‌ ئه‌تنیك و مه‌زهه‌به‌ و بیركردنه‌وه‌ی‌ تائیفی تێیدا زاڵه‌، تا چ ئاستێك به‌شداری‌ نه‌كردنی كورد له‌ حكومه‌تی داهاتودا كارێكی ته‌ندروست ده‌بێت؟
زانا رۆستایی: به‌شداری‌ نه‌كردنی كورد له‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی‌ سیاسی دروست ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ ناكرێت حكومه‌تێكی عێراقی‌ به‌بێ كورد پێكبهێنرێت، راسته‌ له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ ده‌توانرێ‌ ئه‌و كاره‌ بكرێ‌ به‌ڵام له‌ روی‌ واقیعیه‌وه‌ كارێكی مه‌حاڵه‌، چونكه‌ كاره‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌ڕێوه‌ ناچێت و له‌ ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیشدا كێشه‌ی‌ بۆ دروست ده‌كات.

Sbeiy.com © 2007