Print
 په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ره‌و چی‌ هه‌نگاو ده‌نێت؟
Saturday, June 12, 2010

راپۆرتی‌: چاوان عه‌لی‌

سێ‌ هه‌فته‌ی‌ تر په‌رله‌مانتاران، (60)رۆژ پشو وه‌رده‌گرن له‌كاتێكدا ته‌نها دو هه‌فته‌ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌م وه‌رزه‌ی په‌رله‌ماندا ماوه‌ و پێده‌نێنه‌ وه‌رزێكی‌ دیكه‌ی‌ پشوی‌ هاوینه‌وه‌، چاودێران ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای‌ په‌رله‌مان ده‌گرن كه‌ تا دێت كاری‌ په‌رله‌مان به‌ره‌و سستی‌ ده‌ڕوات. 

په‌رله‌مان له‌ (9) مانگی‌ رابردودا ته‌نیا (4)یاسای‌ په‌سه‌ند كردوه‌، له‌وانه‌ (یاسای‌ بودجه‌ی‌(2010) و یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و ده‌سته‌ی‌ پاراستنی‌ ژینگه‌ ‌و ده‌سته‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان)، له‌ كاتێكدا ده‌یان پڕۆژه‌یاسا هه‌ن كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ ‌و لای‌ حكومه‌ت گیریانخواردوه‌.

به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، په‌رله‌مانتاران له‌ساڵێكدا، چوار مانگ له‌ پشودا ده‌بن: (1/1 بۆ 1/3)‌و ( 1/7 بۆ 1/9) به‌وپێیه‌ش سێ‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتو، په‌رله‌مانتاران (60)رۆژ ده‌چنه‌ ناو پشوه‌وه‌.

په‌رله‌مانێكی‌ لاواز

په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتو، حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی‌، به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌ ئه‌دای‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێت ‌و ده‌ڵێت: "له‌م ماوه‌یه‌دا، كاره‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌ سستی‌ ‌و لاوازی‌ به‌ڕێوه‌چون ‌و له‌ ماوه‌ی‌ (9) مانگی‌ رابردودا، نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست به‌ كار ‌و ئه‌ركه‌كانی‌ هه‌ڵبسێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌گه‌ر كاری‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌راورد بكه‌ین به‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، ته‌نانه‌ت به‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ خولی‌ رابردوش، ئه‌م په‌رله‌مانه‌ سست ‌و لاواز بوه‌ ‌و وه‌ك پێویست رۆڵی‌ نه‌بینیوه‌ ‌و ده‌یان پڕۆژه‌یاسا هه‌ن كه‌ تا ئێستا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان بۆ نه‌كراوه‌".

 به‌ڵام، له‌به‌رامبه‌ردا قادر حه‌سه‌ن قادر، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانی‌ (كه‌ له‌59 كوسی‌ پێكدێن) پێیوایه‌: "په‌رله‌مان، له‌ (9)مانگی‌ رابردودا هێنده‌ی‌ پێی‌ كرابێت، كاره‌كانی‌ ئه‌نجامداوه‌ ‌و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوه‌".

"سه‌رۆكایه‌تی‌، كار بۆ لاوازكردنی‌ په‌رله‌مان ده‌كات"

له‌ناو فراكسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا بۆچونێكی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌، سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان، به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ لاوازكردنی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كات.

 عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوری‌، په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان، جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ كه‌ سستی‌ ‌و لاوازیی‌ په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ رابردودا، ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ‌و په‌رله‌مانتاران به‌ كارێكی‌ دیكه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ بوبن كه‌ له‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ گرنگتر بێت، به‌ڵكو به‌ به‌رنامه‌ ‌و به‌ مه‌به‌ست له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كار بۆ لاوازكردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌م خوله‌ كراوه‌ كه‌ تێیایدا ئۆپۆزسیۆن بونی‌ هه‌یه‌. 

 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان، گومانیشی‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ تاكلایه‌نه‌ ئه‌م كاره‌ بكات ‌و ده‌ڵێت: "گومانیش هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌پشت سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌، یه‌كێتی‌ ‌و پارتی ده‌ستیان له‌م لاوازكردنه‌دا هه‌بێت تا په‌رله‌مان كارا نه‌بێت ‌و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ حكومه‌ت ده‌ربخات".

بونی‌ ئۆپۆزسیۆن

هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران، كه‌میی‌ ده‌ركردنی‌ یاساكان له‌م خوله‌دا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ بونی‌ ئۆپۆزسیۆن ‌و گفتوگۆی‌ زۆر له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكان، قادر حه‌سه‌ن پێیوابو: ئه‌زمونی‌ بونی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌ماندا، ئه‌زمونێكی‌ نوێیه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و راهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاتیش به‌ بونی‌ ئۆپۆزسیۆن ‌و بونی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ زۆر ‌و به‌رده‌وام له‌سه‌ر خال به‌خاڵی‌ پڕۆژه‌یاساكان، ره‌نگه‌ هۆكار بوبن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پڕۆژه‌یاسای‌ كه‌م له‌م ماوه‌یه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌ماندا ده‌رچوبێت، هه‌روه‌ك هیوادارین، له‌ داهاتودا ئۆپۆزسیۆن كاراتر بێت ‌و ئه‌ركی‌ خۆی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ كاری‌ ئۆپۆزسیۆنیدا ببینێت   ‌و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ سنگێكی‌ فراوان ‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئیجابی‌ ته‌ماشای‌ ئۆپۆزسیۆن بكات ‌و هه‌ردولا یه‌كتر قبوڵ‌ بكه‌ن.

په‌رله‌مانێكی‌ كارتۆنیی‌

په‌رله‌مانتارانی‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌و بڕوایه‌دان كه‌ به‌رده‌وام بونی‌ ئه‌م دۆخه‌، زیان به‌ سیستمی‌ سیاسیش ده‌گه‌یه‌نێت ‌و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌م ئاقاره‌دا بڕوات، ئه‌وا په‌رله‌مان ده‌بێته‌ په‌رله‌مانێكی‌ كارتۆنیی‌، چونكه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی‌ دڵخۆشكه‌ر نه‌بوه‌. 

عه‌بدوڵڵای‌ مه‌لا نوری‌، نیگه‌رانیی‌ خۆی‌ پیشاندا له‌ سستی‌ لیژنه‌كان، به‌ تایبه‌ت لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ كه‌ نه‌یوێراوه‌ به‌دواداچون بۆ دۆسیه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكات ‌و وه‌زیرێك بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان بكات، كه‌ له‌م كاته‌دا به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تیی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان ‌و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانیش ده‌پرسێت، ئایا ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌، له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م (9)مانگه‌دا هێنده‌ بێكێشه‌ بوه‌ كه‌ یه‌ك وه‌زیر بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان نه‌كرێت؟

حكومه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ كه‌موكوڕییه‌كان

له‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌ماندا، نزیكه‌ی‌ (20) پڕۆژه‌یاسا له‌لای‌ حكومه‌تن ‌و تائێستا ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان نه‌كراونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌، (9) پڕۆژه‌یاسایان كه‌ پابه‌ندبونی‌ داراییان تێدایه‌ ‌و په‌رله‌مان ره‌وانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كردونه‌ته‌وه‌ تا له‌ روی‌ داراییه‌وه‌ تێبینییه‌كانی‌ بخاته‌ڕو، له‌گه‌ڵ‌ (10)پڕۆژه‌یاسای‌ دیكه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ ‌و حكومه‌ت كێشاونیه‌ته‌وه‌ ‌و تا ئێستا ره‌وانه‌ی‌ نه‌كردونه‌ته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌، د. ئه‌حمه‌د وه‌رتی‌، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌، وتی‌: "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ رابردودا، ته‌نیا گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی‌ لای‌ حكومه‌تن ‌و نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بكردایه‌، ئه‌وا ژماره‌یه‌كی‌ باش پڕۆژه‌یاسا به‌ڕێ‌ ده‌كران".

Sbeiy.com © 2007